هەڵەبجە عەلی كیمیایی بەسە ؟ …… ئاسۆعەبدوللەتیف
ئەوە بیست ساڵ تێپەری بەسەر شەهیدكردنی شاری هەڵەبجەو پێنج ساڵیش تێپەری بەسەر لە گۆرنانی سیستمی فاشی بەعس و چەندساڵێكیشە دادگایی بكوژانی هەڵەبجەیە و تاقە نوێنەرێكمان لەو دادگاییەدا نییە، خەریكە هەڵەبجە ئەبێتە توراس و كەلەپور كەچی نە ئاوەدانی ئەكەنەوە نە تۆڵەیەكی سیاسی بۆ ئەكەنەوە نە بەڵێنەكەی خۆشیان ئەبەنە سەر بە لەسێدارەدانی عەلی كیمیایی لە ناو هەڵەبجەدا، ئەم ووتارە لە یادەوەری كیمیاییباراندا وەڵامدانەوەی ئەو كەسانەیە كە ئاگایان لە ئازاری شار نییەو خۆیان لێ بۆتە مرۆڤدۆست و بۆ هەندێ مەرامی تایبەت و ئایدۆلۆژی، بازارگەرمی ئەوە ئەكەن كە باش نییە عەلی كیمیایی لە هەڵەبجە لە سێدارە بدرێ، رای منیش لەسەرەتاوە ئەوەیە باشترین دیاری بۆ هەڵەبجەو تۆخكردنەوەی یادەوەرییە جەرگبرەكانی فیستیڤاڵ و دروشمبازی و گریان نییە، بەڵكو هێنانی عەلی كیمیاییە بۆ هەڵەبجە لە قەفەزی ئیتیهام و رسواییدا، ئەوەش دواپلەی رەزالەت و سەركزی بەعسیەكانەو لەگۆڕنانی بەشێكی شۆفێنیزمی عەرەبییە لە خاكی هەڵەبجەدا، ئیدی پێویست ناكات بەناوی كولتوری لێبوردەیی و ئاشتی و مرۆڤپەروەری كوردییەوە كە وەهمە، لە خۆمانەوە كارەساتێكی گەورەی وەكو هەڵەبجە هەراج و هەرزانفرۆش بكەین، هەندێ لەو قەڵەمانەی كە ئێستا بازارگەرمی حیزبی لەو پرسە ئەكەن و بوونەتە هیومانیزم و لێبوردە، لە سەروەختی جەنگی ناوخۆی كوردیدا "قەڵەم قەساب" بوون و قەڵەمەكانیان تا دوا سنور بەرانبەری ئەبڕی، بەجێهێنانی ئەو پرۆسەیە لە هەڵەبجە ئەگەرچی دەسەڵاتی كوردی بۆی بەپەرۆش نییەو كەسایەتیەكی وەك "دوكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح" بە زمانی خۆی بەڵێنی بە خەڵكی هەڵەبجە دا وەلێ نازانم بۆچی بەڵێنەكە ناباتە سەر، بەڵام پەیام و وانەیەكی كرداریشە بۆ هەر زڕە دیكتاتۆرێك كە بیر لە ئەفسانەی خۆ سەپاندن بكاتەوە بەسەر خەڵكی هەژاردا و نەدەبوو كەسایەتیەكی وەك دوكتۆر بەرهەم دەست لەو خەون و بەڵێندانەی هەڵگرێ،
حزب فێری یاریەكی زۆر ترسناك و شەرمهاوەر بووە بەوەی كە هەر كارێك كە خۆی پێی نەكرا خێرا گەندە قەڵەمەكانی ئەخاتە كار تاوەكو، قومارەكە هەر چۆنێك بێت بباتەوە یان بەلای خۆیدا بیشكێنێ، حیزب دەزانێ بە هێنانی عەلی كیمیایی بۆ هەڵەبجەو ئیعدامكردنی لەو شارە وێرانەدا و لەناو تەپوتۆزی شارو هاتنی دەیان كەناڵ و میدیاو سەدان رۆژنامەنوس و خەڵكانێكی سیاسی و حیزبی بۆ هەڵەبجە بە قورسی و نەنگی ئەشكێتەوە بەرووی دەسەڵاتی كوردیدا چونكە هیچی بۆ ئەو شارە نەكردووە، دەسەڵات نایەوێت گوێ بۆ ئەو نەغمەیە بگرێ كە بەرپرسیارێتی ئەو قەنارەیە لە ئەستۆ بگرێ و ناخوازێ عەلی كیمیایی لە هەڵەبجەدا بەر تۆڵە بكەوێ و بە دیوەكەی تریدا شكستی ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارە بۆ دونیا دەركەوێ، ئەوەتا مالیكی بە زمانی خۆی ئەو پێشنیارە ئەخاتە بەردەم بەرپرسانی كوردو ئەوانیش پشتگوێی ئەخەن، سەیرە عەرەبەكان لە ئێمە بەپەرۆشترن؟! دیارە لەو پرۆسەیەدا رووە ناشیرینەكانی وێرانەیی ئەو شارەو كزۆڵی و بێنانی و هەژاریی دانیشتوانە قوربانیدەرەكەی هەڵەبجە بۆ جیهان دەرئەكەوێت و ئیدی ئەزانرێت حكومەت و حیزب و دەسەڵاتی كوردی دوای سەدام و دوای راپەرین، دوای ئەو هەموو داهات و پارەو ئیمتیازە، دوای سەردانی كۆڵن پاوڵ و رایس و جەعفەری و مالیكی و هاشمی چ كەمتەرخەمییەكیان نواندوە بۆ هەڵەبجە؟ هەندێ قەڵەمی سەیر بەدی ئەكەین كە دیارو ئاشكرایە ئەو قەڵەمانە لەلایەن كێوە دنە ئەدرێن و كام كورەی ئاگر جۆش ئەدەن، كە گوایە ئەمانە ناخوازن (عەلی) لە هەڵەبجە لە سێدارە بدرێ بەو بیانوەی بەعسیەو گڵاوەو خاكی هەڵەبجە پیس ئەكات و بۆكورد خراپەو بڵاوكردنەوەی كولتوری خوێن و توندوتیژیەو عەرەبمان لێ ئەخرۆشێ، وەك ئەوەی كورد تائێستا توندوتیژو خوێنرێژ نەبوبێ لە جەنگەكانی براكوژیداو قەت عەرەبی لێ نەخرۆشابێ و هەمیشە بە ئاوی شیرین شەڕی كردبێ؟! وەك ئەوەی كە ژمارەیەكی زۆر شەهیدو كەمئەندامی شەڕی ناوخۆمان نەبێ و فایلمان وەك سویسراوسوید بێت؟ وەك ئەوەی كە دەیان جەولە شەری خوێناویمان نەكردبێ لە هەڵەبجەو بە چەكی پیس گڵاومان نەكردبێ؟ ئەم قەڵەمە دنە دراوانە كە دیوی ناوەوەی دەسەڵات خۆیەتی دەڵێن لەباتی ئەو سێدارەیە پێویستە شەقام و خانوەكان پەرە پێبدەن و ماڵەكان ئاوەدان بكەنەوەو ژیارو شارستانیەت و شیعرو موزیك و شانۆ بگەرێتەوە بۆ ئەو شارە؟ ئەمە راستە بەڵام كەی و چۆن و ئەو قسەیە بۆ كێ ئەكەن؟ بۆ كەڕەكان یان كوێرەكان یان گێلەكان؟! ئەوانەی ئەو قسە پوچگەرایە ئەكەن خۆزگە ئەوەندەش جورئەتیان هەبایە رەخنەیەكی ئاوەدانكردنەوە بدەن لە رووی سەرۆكی حیزبەكانیان و شەرمەندەیان بكەن بە وێرانی هەڵەبجە و برسێتی دانیشتوانەكەی؟ ئەرێ دەمیان بۆچی بۆ ئەو(سێدارەیە كە نەكرێ لە هەڵەبجە) گەرم و بۆ ئەم (رەخنە لە نا ئاوەدانی هەڵەبجە) سارد وەك دەمی مردوو؟ لەراستیدا ئەو گەندە قەڵەمانەی كە خۆیان لێ بۆتە قەڵەمی هیومانیزم و مرۆڤپەروەرو دیموكرات و لیبراڵ، زۆر بێئاگاو بێ ئەزمونن و هیچ لە مێژووی گەلانیش نازانن و بێ ئاگاشن لە ئازاری ئەو شارەو رەنگە هەندێكیان دوای كیمیایی بارانی ئەو شارە شەهیدە پێیان ئەتك و شەرمیش بوبێت شەوێك لە هەڵەبجە بخەون و هەناسەیەك لەهەوای ئەو شارە هەڵمژن نەوەك ببورێنەوە بە بۆنی كیمیایی، ئاخر رۆژنامەنوس و نوسەرمان هەبوو كە لەكاتی ڤیستیڤاڵەكاندا ئەهات بۆ هەڵەبجە ئاوی مەعدەنی لەگەڵ خۆیدا ئەهێناو ئاوی هەڵەبجەی لا ژەهراوی بوو!! هەیانبوو دەستە سڕی ئەگرت بە لوتیەوەو عەینەكیش بۆ چاوەكانی!! مەسئول هەبوو ئەیووت(هەڵەبجە بەعەمەل نەماوە) وەك ئەوەی هەڵەبجە خۆی بووبێتە مادەی سام و موشیع و سیانید، ئەمانە بایی تۆزێك مەعریفەی سیاسیان نییە كە هەست بەوە بكەن ئەمە نە كولتوری توندوتیژی و نە تۆڵەیە و بەڵكو ئیجرائاتێكی یاساییە و یەكێكە لە پرەنسیپەكانی دەوڵەتی یاساو دیموكراتیك و خەونێكە تا هەموومان بزانین لەو شوێنەی تاوان ئەكەیت بەرانبەر خەڵك، چاوەروانبە هەر لەو شوێنەش سزاكەی بچنیتەوە، ئیتر بۆچی ئەمە بپێچرێ بە كۆمەڵێ وەهم و لاوازی و غەیبوبە و لامان وابێ كورد باشترین دەوڵەتی دیموكراتی و لیبراڵی و ئینسانی پەیرەو ئەكات، ئەوانەی كە نایانەوێ عەلی كیمیایی ببرێتە هەڵەبجە با لە سوچێكی راپۆرتەكەی "هیومان رایتس ۆچەوە" نیگایەك بگرن لە زیندانی و گرتوخانەكانی ناو ماڵی كوردی و بزانن چی ئەخوێننەوە لە كولتوری تۆڵەو توندوتیژی و كارەساتباری، ئاخر هەڵەبجە وەكو خزمەتگوزاری نییە، چانسی تۆڵە سەندنەوەی بدەنێ و بهێڵن ئەم وێسگە مێژوییە بەرێكات و بیقۆزێتەوەو خۆی پیشانی رای گشتی جیهانی بدات كە ناكرێ شارێ كە خاوەنی گەورەترین كارەسات بێت كەچی بەو وێرانەییەوە بژی و ئاووكارەباوو خەوو خۆراكی نەبێ، زۆرمان ووت بۆ ئاوەدانكردنەوە دادی نەبوو؟ووتمان نامانەوێ پەرلەمان بمانخەنە سەر ئێران دادی نەبوو؟ مینۆمێنت سوتاو نەفرەت لە وێنەی شەهیدەكانیشمان كرا هەر دادی نەبوو؟ موقاتەعەی دەنگدانمان كرد دادی نەبوو؟ بە زبری و توڕەییش لەبەردەم سەرۆكدا لە قەڵاچوالان رەخنەمانگرت هەر دادی نەبوو؟ رۆژنامەكانمان بە نارەزایەتی و ئیعتراز رەش رەش كردەوە دادو بێدادی نە بوو؟ ئێستاش ئەتانەوێ كام شەفاعەت بۆ عەلی كیمیایی بكەن تو ویژدانی نوستوتان؟ بۆیە هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان لە هەر كات زیاتر وەك جولەكە پێویستییان بەوە هەیە تۆڵەیەكی سیاسی و مەعریفی و هەژێنەری قوڵ بكەنەوەو جارێكی دیكە كێشەی هەڵەبجە بەنێودەوڵەتی بكەنەوە و لە بێدەنگی و پەراوێزی كوردی و عەرەبی رزگاری بكەن، تا هەڵەبجە بیسەلمێنێت ئێستاش سومبولەو رۆحی نەتەوەی كوردەو هیچ پێویستی بە حیزب و بەو قەڵەمە وەعزنوسانەش نییە؟ بەڵام تەنها ئێوە راست ئەكەن ئەی گەنجانی شارە هەمیشە تەنهاكەم، ئێوە داهاتووی شارو جڵەوگیری مێژووی هەڵەبجەن، ئێوە نوسەری بە هەڵوێست و نوسەرەوەی تەئریخی شەهامەت و سەرمایە رەمزیەكەی هەڵەبجەن توڕەییتان مانای قوڵی شەرعیەت و مانای كارەساتباری و بێكەسی هەڵەبجە ئەگەیەنێت، دڵنیابن توورەییشتان بۆ سوتاندنی مینۆمێنتی شەهیدان ماناو مەغزای جوانی خۆی هەبوو دڵنیا بن ئێوە تەنها نین (كەس بۆی نیە بەناوی هەڵەبجەوە بریار بدات) ئەمە بەیاننامەی نەوەیەكی گەنج و توڕەو سەرچڵ و خوێنگەرم و هەڵوێستدیدە بوو كە دەستەیەك لە گەنجانی رۆشنبیر چەند مانگێ لەمەوبەر لەمەو بەر ئاراستەی میدیاو رای گشتی كوردستانی و عێراقیان كرد تا عەلی كیمیایی بكوژ لە خاكی خۆیان و لە هەڵەبجە لە سێدارە بدرێ و تۆڵەی هەموو ئازارەكانی لێبكرێتەوە، جوانترین دێڕی ناو ئەو بەیاننامەیە ئەوەبوو (ئەم تۆڵەیەش تۆڵەى تاكەكەس نییە و كەس خاوەنى نییە نەتەوەیەك نەبىَ و تۆڵە لە كەسێكیش ناكرێتەوە كەلتوور و نیزامێكى دیكتاتۆر نەبىَ) بەراستی ئەم چەند دەستەواژە سەنگین و بە حیكمەت و ووردبینە ئەگەر گەنجانی هەڵەبجە نەیانكردایە و سیاسیەك بیكردایە دڵنیام ئەبووە مادەو كەرەستەی نوسینی دەیان ووتارو لێكدانەوەی سیاسی و رۆشنبیریی، هەر واشە بریار بۆ هێنان یان نەهێنانی عەلی كیمیایی بكوژو جەللاد تەنها بۆ هەڵەبجەییەكانە و تكایە با كەس هەڵوێستی چەوری پێوە نەخوات و خۆی لێ ببێتە سیكولارو لێبوردەو فریشتە وەك لە لایەن هەندێ نوسەری بێ هەڵوێستەوە بەدی ئەكەین، تۆڵە لەو بكوژە لە ناو هەڵەبجەدا تۆڵەیەكی خێڵەكی و دەمارگیرانەو نەزانانە نییە وەك هەندێك نوسەری فیكر موعەللەب، تەفسیری نالۆژیكی بۆ ئەكەن، ئەوەندەی تۆڵەو رۆحێكی هۆشیارانەی نەتەوەیی و جەماعیانەی نەتەوەی كوردەو تۆڵەیە لە كەلتورو نیزامێكی سامناك كە 35 ساڵ عیراقی دوچاری نەهامەتی و سامناكی كردبوەوە، ئەم بەیاننامەیەی گەنجانی هەڵەبجە بەو توڕە بوونە جوان و بەو فەنتازیا شۆرشگێرییە و بەو لیاقەتە حەماسیە مایەی شانازییە بۆ نەتەوەی كورد كە نەوەیەكی هۆشیاری وای هەیە كە رازی نابێت مێژووی كارەساتەكانی هەر پڕبن لە پاڵەوان و قارەمانی كوژراوو لە سومبول و قوربانی و لە خوێن و تراژیدیا بەبێ ئەوەی تۆڵەیەكی پیرۆزو سزایەكی عادیلانەی تێدابێت، ئەم تۆڵەیە تۆڵەیە لە سیستم لە فاشیزم لە عروبەیەكی كوێر كە 35 ساڵ هەڵەبجەو كوردستانی رەتاند، لێرەدا ئەم پرسە تەواو پرسێكی كوردی و هەڵەبجەییانەیەو هیچ میانەیەكی نییە لەگەڵ پرسی نەبوونی تەساموح و ئاشتی و گڵاوكردنی خاكی نیشتیمان، بگرە ئەو تۆڵەیە تۆڵەیەكی شاریانەو عەقلانیانەیە بە ئاراستەی سیستماتیككردنی یاساو دەسەڵاتی دادوەریدا تا ئیدی بۆ هیچ دیكتاتۆرێكی خۆسەپێن نەبێت بیر لە جینۆساید یان پاكتاوی رەگەزی بكاتەوە، ئەم سێدارەیە تەواو نیشتیمان و مێژووی هەڵەبجە رەنگینتر ئەكات كە چەند گەلێكی زیندوی هۆشیارو توڕەیە بەدوای مافەكانیدا، ئەوەی كە دەیەوێت بە كەیسی هەڵەبجەوە دەرسی تەساموح بڵێتەوە و هەڵوێستی ناهەڵوێستی بفرۆشێ بە تەحەدداوە با بێت خەستەخانەیەك دروست بكات لە هەڵەبجە، جسرێك لە جسرەكانی سلێمانی و هەولێر بە دیاری بۆ هەڵەبجە بێنێ؟ یان بەسەرۆكەكەی بڵێ بەراست سەرۆك كوا بەڵێنەكانتان بۆ هەڵەبجە؟ ئەو بەناو نوسەرانەی كە نایانەوێت عەلی كیمیایی ببرێتە هەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی كە نەژیاون لەو شارەو هەست بە ئازارەكانیشی ناكەن، هەمانكات ناشزانن چەمكی جەللادو قوربانی چییە و تێش ناگەم بۆچی تێكەڵیان كردووە بە چەمكی خێڵ و تۆڵە؟ ئەی دادگاو سزاو چەمكی دادوەری لە كوێدا جێ ئەكەنەوە؟ ئەی هەڵەبجە دوای سەدام و عەلی كیمیایی تۆڵەی خۆی لە كێ بستێنێ و هانا بۆ كێ بەرێت؟ ئێستا وێستگەیەك هاتۆتە پێش و جارێكی دیكە كەیسی هەڵەبجە خراوەتەوە بەرباس و دەوڵەتی عیراقیش وەئاگا هاتۆتەوە و جیهانیش ئاگاداری ئەم پرسەن، كەچی خەریكە هەندێ خەڵكی نا هوشیارو هەڵوێستلەق و بیركول، شتەكان ئاوەژوو بكەنەوە، بۆیە باشترین دیاری بۆ رۆحی شەهیدان و بەرزراگرتنی یادەوەری كیمیابارانی هەڵەبجە تۆڵە كردنەوەیە لە عەلی كیمیایی پاشان ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە كە مافێكی سەرەتایی خەڵكەكەیەتی.
توڕەیی گەنجانی هەڵەبجە لە یەكێك لە خۆپیشاندانەكاندا