Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
ئه‌نیتا ئێسپیندار ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی سرووشتی ژاکاوی کوردستان ده‌بووژێنێته‌وه‌

ئه‌نیتا ئێسپیندار ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی سرووشتی ژاکاوی کوردستان ده‌بووژێنێته‌وه‌

Closed
by March 12, 2008 گشتی

ده‌نگه‌کان……

(ئه‌نیتا ئێسپانده‌ر) هونه‌رمه‌ندێکی ناسراوی دانمارکییه‌ و دۆستی کوردیشه‌. له‌ کاره‌کانیدا بایه‌خێکی گه‌وره‌ به‌ سرووشت ده‌دات، نه‌ک به‌ مانای کۆپیکردنی ئه‌و سرووشته‌، به‌ڵکو له‌ ڕێگای ڕه‌گه‌زه‌کانی شێوه‌کاری و ده‌ربڕینه‌ قووڵه‌کانییه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک مانای دیکه‌ به‌و سرووشته‌ ده‌به‌خشێت. ئه‌و سیمبۆل و ده‌لاله‌تانه‌ ده‌مانخه‌نه‌ به‌رده‌م ئیشکالیه‌تی زمانی شێوه‌کارییه‌وه‌. که‌م جار له‌ناو ئه‌و سرووشته‌دا چالاکییه‌کانی مرۆڤمان به‌رچاو ده‌که‌وێت، چونکه‌ (ئه‌نیتا ئێسپانده‌ر) وه‌کو له‌و نامه‌یه‌یدا بۆ گۆڤاری هه‌ناری ناردووه‌، پێی وایه‌ مرۆڤ زۆر جار دڵڕه‌قانه‌ سرووشت بۆ قازانجی به‌رته‌سک به‌کار ده‌هێنێت، نه‌وه‌ک بۆ به‌خته‌وه‌ریی هه‌مووان. له‌م نامه‌یه‌یدا ده‌ڵێت: (دوو جۆر مرۆڤ له‌ناو سرووشتدا هه‌ن. به‌شێکیان ده‌یانه‌وێت‌ سرووشت بۆ گه‌وره‌کردنی شارستانییه‌ت به‌کاربهێنن و به‌شێکیشیان بۆ هێشتنه‌وه‌ی جوانی. زۆر جار ئه‌و شارستانیه‌ته‌ ناتوانێت هیچ جوانییه‌ک به‌ سرووشت ببه‌خشێته‌وه‌، له‌ کاتێکدا له‌سه‌ر پایه‌یه‌ک بنیات ده‌نرێت، که‌ قازانجه‌. ئه‌و قازانجه‌ش ئێمه‌ وه‌کو میوانێک بۆ ناو سرووشت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. کاته‌کانمان بۆ دیاری ده‌کات. له‌ ڕێگای کۆمپانیا بازرگانییه‌کانی ڕاگوازتنه‌وه‌وه‌‌ بلێتمان پێ ده‌فرۆشێت و خۆی ڕێنماییمان ده‌کات). ده‌توانین بڵێین جه‌سته له‌ناو تابلۆکانیدا ته‌نها فێڵێکه‌ بۆ زه‌قکردنه‌وه‌ی زیاتری خود، که‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌و خوده‌ی له‌ناو سرووشتدا جێگیر کردووه‌. ده‌بێت هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌ربخه‌ین، که‌ (ئه‌نیتا ئێسپانده‌ر) مامه‌ڵه‌یه‌کی ڕۆمانسیانه‌ی رووت له‌گه‌ڵ سرووشتدا ناکات، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ڕێگای به‌کارهێنانی ره‌گه‌زه‌کانی شێوه‌کارییه‌وه‌ سرووشت ده‌کاته‌ پرسیاری ئه‌قڵ و تێڕامان، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ له‌سه‌ر حیسابی ڕه‌هه‌نده‌کانی جوانکاریی بێت‌. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌ هۆشیارییه‌کی گه‌وره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌نگدا ده‌کات، به‌ڕاده‌یه‌ک وامان لێ ده‌کات بڵێین ئه‌و ڕه‌نگانه‌ ناوه‌وه‌ی که‌سه‌کانن. ئه‌م پڕۆسێسه‌ ڕێک له‌وه‌ ده‌چێت (ئه‌نیتا ئێسپانده‌ر) به‌و مه‌رجه‌ ڕێگای مرۆڤ بدات له‌ناو سرووشت ده‌رکه‌وێت، یان بۆ ناو سرووشت بگه‌ڕێته‌وه‌، که‌ بۆ ڕه‌نگ بگۆڕێت. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت، که‌ مرۆڤ ته‌نها کاتێک له‌گه‌ڵ سرووشتدا راستگۆیه‌، که‌ له‌ ڕێگای خوده‌وه‌ تیایدا ده‌ژی و ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی ڕه‌نگدا ده‌کرێت باوه‌ڕ به‌ پاکیزه‌یی مرۆڤ بهێنین، وه‌کو خۆی هه‌ر له‌و نامه‌یه‌یدا، که‌ بۆ گۆڤاری هه‌ناری ناردووه‌ ده‌ڵێت: (کاتێک تۆ له‌ناو سرووشتدا نامێنیت، ئه‌وه‌ له‌ناو خودی خۆت و له‌ناو مێژووی خۆتدا نامێنی. من پێم وایه‌ کورد هه‌ر ده‌بێت وه‌کو سه‌ره‌تای بووژانه‌وه‌ی خۆی له‌ سرووشته‌وه‌ ده‌ست پێبکات. ئه‌وه‌ وه‌کو ئه‌وه‌یه‌ له‌ناخی خۆیه‌وه‌ ده‌ستی پێکردبێت، چونکه‌ سرووشت دڵی کورده)‌. ڕه‌نگ لای ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ له‌ جووڵه‌یه‌کی دینامیکانه‌ی سه‌یر دایه‌، هه‌ندێک جار تووڕه‌ و سه‌رشێت و هه‌ندێک جار هێمن ده‌ره‌دکه‌وێت. ڕه‌نگ له‌وه‌ ده‌رده‌چێت، که‌ ته‌نها له‌ ئاستی بینیندا هه‌ستی پێ بکه‌ین، به‌ڵکو ده‌گاته‌ ئاستی گێڕانه‌وه‌ و خۆی به‌ره‌و بیستن ئاراسته‌ ده‌کات. لێره‌شدا خۆی له‌ به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک خوێندنه‌وه‌ی جیاوازدا ده‌کاته‌وه‌.
بایه‌خی ده‌نگه‌کان به‌ (ئه‌نیتا ئێسپانده‌ر)ی هونه‌رمه‌ند ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، که ئه‌و‌ له‌ کاتێکدا ئیعتبار بۆ سرووشتی ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، که‌ هه‌موو هه‌وڵه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ بۆ وێرانکردنی ئه‌و سرووشته‌ن، به‌ڵکو ده‌نگه‌کان به‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆی بایه‌خی به‌ هونه‌ری شێوه‌کاری داوه‌، که‌ زۆر جار له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ک بێت ئه‌و هونه‌ره‌ له‌ناو ڕۆشنبیریی ئێمه‌ فه‌رامۆش کراوه‌ و هه‌قی خۆی پێ نه‌دراوه‌. گرنگیدانی ده‌نگه‌کان به‌ (ئه‌نیتا ئێسپانده‌ر) هه‌مان گرنگیدانه‌ به‌ هونه‌رمه‌ندانی وه‌کو (شه‌ماڵ عادیل سه‌لیم)، (دارا ئارام)، (مه‌دحه‌ت کاکه‌یی)، (سامان قادر)، (کاکه‌ی)،(عه‌بدولموته‌ڵیب گه‌ردی) و زۆری دیکه‌.
بۆ زیاتر ئاشنا بوون و ناسینی خانم ئه‌نیتا سه‌ردانی ماڵپه‌ره‌که‌ی بکه‌ن:
http://www.anitas-akvareller.dk

Previous
Next