بۆ کوشتن..؟!! ….. کامەران عەزیز
کوشتن بۆ تۆقاندنی تاکێک یان گروپی لایەنی بەرامبەری ڕاستەوخۆ و ئامادەبوی دژ بە دەسەڵاتە ، کوشتن بۆ سەلماندنی بون و وجودی خودی دەسەڵاتە دژ بە بەرامبەری ناڕازی و قبوڵنەکەر، وە رازی کردنی ئەم دژە بەرامبەرە بە بون و وجودی دەستەڵاتی خۆیی و مانەوەی بەرامبەر بە بچوکی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی دەسەڵاتداردا.. کوشتن بۆ پاراستنی بونی هاوسەنگی بەرز و نزمی خودی دەستەڵاتە بەرامبەر بە تاک و گروپی ژێر باڵی دەستەڵات، کوشتن و پیشاندانی توانای هێزی خوێن ڕشتن، بۆ سەلماندنی وەزن و هێزی دەسەڵاتە بەرامبەر بە توانای یاخیبونی دژە بەرامبەرەکانی وەک( کۆمەڵگا بە گشتی، ڕێکخراو وگروپەکان، تاکە هوشیار و بە ئیرادەکان) .
ئامانج لە خوێن ڕشتندا هەوڵێکە بۆ بە دەستهێنانی زەمانەت و ئارامی و خۆ دەربازکردن لە بونی فۆبیایەک، کە لە دژە بەرامبەردا بونی هەیە و هەستی پێ دەکرێت، خودی کاری خوێن ڕشتن بۆ بەرامبەری بکوژ و دەستەڵاتخواز بۆ ڕێگا گرتنە لە سەلماندنی بونی بەرامبەر..خودی کوشتن دەتوانێت ترسێک بهێنێتە بون بۆ سڕینەوەی هێزی وەهمی ترسێکی دیکە، کە لە هەمان کاتدا لە تەن و جەستەی بەرەی کوژراودا لە بەرامبەر دەستەڵاتداراندا بونی هەیە … !! واتا کوشتن دەتوانیت لەیەک کاتدا هەم ترس لە گەڵ خۆیدا ببات و بکوژێت وە هەم ترس لەگەڵ ڕوودانیدا بهێنێتە بونەوە .
کوشتن لە یەک کاتدا هەوێنی سڕینەوەی ترسێکی جوت جەمسەرییە..،وە لە هەمان کاتدا سەرچاوە و هەوێنی لەدایکبوی ترسێکی نوێیە بە تایبەت لە بەرە دژ بەیەکەکاندا .. ،کەواتە هیچ کوشتنێک نییە خاوەنی وەهمی ترسێکی چەند جەمسەری نەبێت .. هیچ کوشتنێک ناتوانێت بەبێ بونی ترسێک ڕوو بدات ، لە هەر ئاستێکدا بێت ، گەر تەنها گەرایەکیش بێت بۆ مرۆڤانی بکوژ…!! کەواتە ترس و کوشتن لە فەزای کوشتن و بونی دەستەڵاتێکی بکوژدا بەبێ یەکتر بونیان نییە و بە بێ بوونی یەکتر هیچیان ناتوانن لە ڕووی مادی و مەعنەویەوە بۆشایییەک داگیر نەکەن.. ترس و کوشتن لە زەمینەیەکی دیاری کراودا لە نێو هەست و شعوری مرۆ دژ بە یەکەکاندا هاوتای یەکە و هەر یەکەیان بە دوای پلانی کوشتنی ئەوی دیدا دەگەڕێت..! واتا کوشتن لە بەرامبەر ترسی بکوژێکدا بونی هەیە .. وە ترسیش لە بەرامبەر توانای هەڕەشەی کوشتنی بکوژێکدا دەتوانێت تارمایی دەربکەوێت و بونی تۆقێنەری خۆی بسەلمێنێت…!
هیچ وەهمی ترسێکیش بەبێ بونی تەنێک و جەستەیەکی مادی زیندوو و بزوێنەر ناتوانی وجودی خۆی بسەلمێنێ و ترس لە هەست و شعوری دژە بەرامبەردا دروست بکات و گاریگەری خۆی دابنیت…! دەسەڵات بە پیشاندانی بەندە تیرۆریستەکانی، بە هێزی چەکدار و سەربازی، بە زۆری و بەهێزی چەکەکانی وەک فرۆکە و موشەک و زرێپۆش ..هتد، ترس لە هەیکەلی دەستەڵاتیدا دروست دەکات، وە دیسان هەر دەسەڵاتیشە کە ترس لە توانا و ئیرادەی کۆمەڵگا و هاوڵاتیاندا دەبینێت، لەو کاتەی کە کۆمەڵگا بە گشتی و هاوڵاتیانی هۆوشیار بەفەردی ڕووبەڕووی دەستەڵات دەوەستنەوە و دژ بە دەستەڵات هاوار دەکەن و دەنگ بەرز دەکەنەوە. بۆیە کوشتن سەرەتا بە لە ناچون و وون کردنی ترس لەسیمای جەستەی زیندوو و ئەکتیڤی جەستەی مرۆکان و هاولاتیانی یەکگرتووی دژە بەارمبەردا دەست پێ دەکات، بە ڕێگای جۆرا و جۆری وەک ( کوشتنی شاراوە و ئاشکرا ، زیندان کردنی شاراوە و ئاشکرا ، فڕاندن، بزرکردن..تۆقاندن..دەستەمۆکردنی ئیرادەی مرۆکان..فێڵ کردن و خڵەتاندن و بەلاڕێ بردنی مرۆکان..هتد).
تێبینی: ئەم وتارە بۆ یەکەم جار لە ئاوێنەی ژمارە (٢٧١)دا لە ڕۆژی ١٩-٤-٢٠١١ لە لاپەڕە ١٢ دا بڵاو کراوەتەوە…