دوایین پیری نالی ناس كۆچی دوایی كرد
مارف خه‌زنه‌دار
نه‌یماوه غه‌یری زیكرێكی یا صه‌بوور
له كۆتایی ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ( قورسیشه منداڵیی و هه‌راشیم بخرێته سیاقی سه‌ده‌ی رابردوه‌وه ) یه‌كه‌م جار چوومه ماڵی دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار ، به بێجامهیهكهوه سه‌رقاڵی باخچه‌ی ماڵه‌كه‌ی بوو ، بۆ منی تازه هه‌راش ، دانیشتن له‌گه‌ڵ پیاوێكی له چه‌شنی دكتۆر مارفدا كه مه‌له‌وانێكی شاره‌زای به‌حری نالی و ناسراوترین روناكبیری هه‌ولێر و به‌رگریكارێكی له‌سه‌ر هه‌قی ره‌مزی نافیع و كوردایه‌تی كارێكی تا بڵێی مایه‌ی كامه‌رانی بوو ، دوای ئه‌وه‌ی به ده‌م قسه‌وه هه‌ندێ بێڵكاریمان له باخچه‌كه‌ی كرد ، چوومه‌وه ژووره پڕاوپڕ له كتێبه‌كه‌ی ، هه‌ر زوو سیحری ئه‌و ژووره دایگرتم ، منێك له‌گه‌ڵ دوو برا و دوو خوشك له ژوورێكدا ده‌خه‌وتین ، زۆر جار له حه‌وشه‌دا كتێبم ده‌خوێنده‌وه و زوو زووش باوكم له كتێبه‌كه‌ی دادهبڕاندنم له‌وه‌ی كاسبیه‌ك بكه‌م باشتره ، له پڕ كه‌وتمه ناو به‌هه‌شته‌كه‌ی ئهلیجێری دانتی ، كه‌وتمه ناو بۆنی كتێبان ( كه دواتر زانیم بۆنی كتێبخانه زۆر له بۆنی ناو كڵێسا ده‌چێت ) . من گه‌نج بووم و ئه‌ویش له‌وسه‌ری هه‌موو بابهتهكان هاتبۆوه ، من باسی شۆفهڵێكم ده‌كرد كه پێویسته هه‌رچی ئه‌دیبی كورده رایماڵێ ، ئه‌ویش خه‌می ئه‌وه‌ی بوو كه نالی چه‌ند به‌یتی مولهمهعی هه‌یه . من پێم وابوو كورد پاكترین میلله‌تی مێژووه و ئه‌و پێی وابوو نه‌ته‌وه شه‌قاوێك ئه‌ولاتری عه‌شیره‌ته ، من خوێن گه‌رم بووم و ده‌مویست له‌ناو شاعیرانی گه‌ڕه‌كی كوراندا یه‌كه‌مین بم و ئه‌و هێشتا سیحری جوانییه‌كانی سان بترسبۆرگ به‌ری نه‌دابوو . پێویسته بڵێم كه من زۆر قه‌رزاری دكتۆر مارفم ، هه‌میشه ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی بۆ من كراوه بووه ، قه‌ت ره‌زیلی نه‌كردووه له وه‌ڵامێك كه پرسیاره‌كه‌ی خه‌وی لێسه‌ندووم ، یه‌كه‌م كه‌س بووه ده‌ستی گرتووم له تێگه‌یشتنی كلاسیكی كوردی ، لێكدانه‌وه‌ی به نرخ و ناوازه‌ی هه‌بوو بۆ شیعری نوێی كوردی سه‌رده‌می عه‌بدوڵڵا گۆران و نه‌وه‌كه‌ی . زۆر جار به‌یه‌كه‌وه ده‌چووینه گه‌ڕه‌كه‌كانی ته‌عجیل و عه‌ره‌بان و بیرێژێ و یه‌كه یه‌كه نه‌خشه‌ی كۆنی هه‌ولێری پێده‌ناساندم ، باسی شه‌تڵه خاسی له شوێنانێك ده‌كرد كه ببووه كتێبخانه و په‌نجه‌ی بۆ كۆڵانێك راده‌كێشا كه كاتی خۆی كارێز بووه ، ناوی ئه‌و ماڵه ده‌گمه‌نانه‌ی پێده‌ناساندم كه له ساڵانی چله‌كاندا به كوردی له ماڵه‌وه قسه‌یان ده‌كرد ، باسی قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی سۆفیگه‌ری و شیعری ئۆتۆماتیكی سۆفیه‌كانی مێژووی ئیسلامی بۆ ده‌كردم كه پێش چه‌ندین سه‌ده له خۆرئاواییه‌كان نوێگه‌رییان داهێناوه ( ئه‌و نوێگه‌رییه‌ی كه له سه‌ده‌ی بیستدا خۆرئاواییه‌كان پێوه‌ی ده‌نازن !) له رێی ئه‌وه‌وه من كتێبی ( عروج ) ی محێدین بن عه‌ره‌بی و ( الامتاع والموانسه ) ئه‌بی حه‌ییانی ته‌وحیدی و (فن الهوا ) ی ئۆڤید و ( كۆمیدای ئیلاهی ) ئهلیجێری دانتیم خوێنده‌وه ، له ماڵه‌كه‌یدا به‌دیع باباجانم ناسی ، هه‌رده‌م سفره‌ی خواردن و سفره‌ی زانست و سفره‌ی كتێب بۆ هه‌مووان واڵا بوو ، خانه‌واده‌یه‌كی هه‌بوو له ئاو پاكتر و له حه‌لوا نه‌رمتر ، زۆر باسی نووسینه‌وه‌ی یاداشتمان ده‌كرد ( خۆشبه‌ختانه له‌م ساڵدا به هیممه‌تی دكتۆر شوان یابه ، یاداشته‌كانی دكتۆر له دوو توێی حه‌وت به‌رگدا به ناونیشانی چاپ ده‌كرێت و بڵاوده‌بێته‌وه ) بیرمه هه‌ندێ كتێبی یاداشتیشم پێدا كه پێم وابوو سوودیان ده‌بێ ، له‌وانه ( راپۆرت بۆ گریك ) نیكۆس كازانتزاكیس . دواتر به‌هۆی كارێكه‌وه لێكدابڕاین ، هه‌میشه‌ش دانم پیاناوه كه ئه‌و دابڕانه ئه‌نجامی هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ی من بوو ، من خه‌تابارم له‌وه‌ی دوو كتێبی دكتۆر مارفم فه‌وتاند ، گه‌نج بووم هه‌ر هێنده له دنیا ده‌گه‌یشتم ، ده‌ربه‌ست نه‌بووم به دنیا و رهفیقایهتییهوه ، دوو كتێبه‌كه‌م فرۆشت و كتێبی ( فی ساعه النحس ) گابرێل گارسیا ماركیزم پێكڕی ( كه ئێستاش لای من خۆشه‌ویسترین رۆمانه ) هه‌رچه‌نده ئه‌مه شه‌فاعه‌تم بۆ ناكات له فه‌وتاندنی دوو به‌شه‌كه‌ی ( تاریخ المانیا الهتلریه ) و چه‌ندین جاریش داوای لێبووردنم بۆ ناردووه و هه‌موو جارێكیش به دڵه گه‌وره‌كه‌ی له رێی كاك دكتۆر شوان یابه‌وه په‌یامی بۆ دناردم و گوتبووی ( كتێب به قوربانی ته‌ڵعه‌ت بێ ، به‌ڵام با بیبینم و بێته لام و سه‌ردانم بكات ) ، من بوومه منداره سلێمانی و به‌دیار ئه‌زمڕه‌وه رۆژانم ده‌گوزه‌راند و ئه‌ویش هه‌ر له ماڵه روناكهكهی له گه‌ڕه‌كی روناكیدا مایه‌وه ، بۆ زیاتر له پانزه ساڵ ده‌چێ من له قسه و زانست و كه‌سایه‌تی ناوازه‌ی دكتۆر مارف دوورم و رووم نه‌بوو چاوم به چاوی بكه‌وێته‌وه ، به‌ڵام خه‌فه‌تم له‌وه‌دایه كه مرد و پێم نه‌گوت چه‌ندم خۆشویستووه ، مرد و وه‌كو پێویست داوای لێبووردنم لێنه‌كرد ، هیتله‌ر ته‌نیا جوله‌كه‌كانی نه‌سوتاند ، په‌یوه‌ندییه جوانه‌كه‌ی من و دكتۆر مارفیشی سوتاند ، مێژووی ئه‌ڵمانیای هیتله‌ری ، مێژووی نێوان من و دكتۆر مارفیشی كاول كرد ، چه‌ند حه‌ز ده‌كه‌م رۆژگار بسوڕێته‌وه و ده‌ست بۆ ئه‌و دوو كتێبه نه‌به‌م ، رۆژان بێته‌وه و خاكهناسێك بگرم و له باخچه‌كه‌یدا باسی جۆره‌كانی شه‌راب و شیعری نالی و په‌نجا فلسه‌كه‌ی محه‌مه‌د مه‌ولود مهم بكه‌ینه‌وه ( ئه‌مجاره‌یان شه‌رت بێ قسه له قسه‌ی نه‌كه‌م و ته‌نیا سه‌ر راوه‌شێنم ) .