Skip to Content

Friday, September 13th, 2024
چیرۆك: تـابلۆی مرۆڤێكی نـامۆ

چیرۆك: تـابلۆی مرۆڤێكی نـامۆ

Closed
by March 14, 2008 ئەدەب

كه‌ریم تاقانه‌……

هاوینه‌.. گه‌رمای هاوین له‌م وڵاته‌، مرۆڤ ده‌توێنێته‌وه‌.. له‌سه‌رخۆ به‌نێو شه‌قامه‌ قه‌ره‌باڵغه‌کانی شاردا ده‌سووڕێته‌وه‌.. نامۆیه‌. نامۆیی، هه‌نگی شیله‌ هه‌ڵمژه‌‌و به‌ سه‌ر ڕوومه‌ته‌ گه‌شه‌که‌یه‌وه‌ نیشتۆته‌وه‌… به‌ ده‌م ڕێپێوانه‌وه‌، سه‌رنجی ده‌ور‌و به‌ری خۆی ده‌دا‌و له‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ ورد ده‌بێته‌وه‌..
– دایه‌..! دایه‌..!
کچێکی هه‌شت، نۆ ساڵان شان به‌ شانی دایکی ڕێ‌ ده‌کا‌و قسه‌ی بۆ ده‌کا.. له‌نێو قسه‌کانی‎دا، جاره‌ جاره‌ به‌ نازه‌وه‌ وشه‌ی (دایه‌) دووپات ده‌کاته‌وه‌.
ئه‌م وشه‌یه‌ ده‌یهه‌ژێنێ‌. له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئازارێکی سه‌خت‌و کوشنده‌ ده‌کا. (دایه‌! بریا ڕوخسارم دیبای.. بریا بمزانیبا کۆشی تۆ چه‌نده‌ گه‌رم‌و شیرینه‌.. ئــاخ!.. ئه‌و کاته‌ ته‌مه‌نم چوار ساڵ بوو.. به‌ڵێ‌.. که‌ دایکم له‌ کیس چوو، چوار ساڵان بووم. هیچ شتێکیم بـیر نایه‌ته‌وه‌.. نه‌ ده‌نگی پێکه‌نینی، نه‌ ڕه‌نگی چاوه‌کانی.. ئای که‌ سه‌خته‌…) له‌ولایه‌وه‌، چه‌ند هاوڕێ‌یه‌ک گه‌رمی وتووێژن‌و له‌مه‌ڕ فیلمێك که‌ له‌ سینه‌مادا دیتوویانه‌، قسه‌ ده‌که‌ن‌و.. پێ‌ده‌که‌نن.
هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵده‌کێشێ‌. (سینه‌ما..! به‌ڵێ‌، شوێنی حه‌سانه‌وه‌‌و زاخاودانی مێشکه‌.. به‌ڵام.. من ناخی خۆم سینه‌مایه‌‌و.. به‌ سه‌دان فیلم‌و وێنه‌ی له‌ خۆدا جێ‌ کردۆته‌وه‌.. سینه‌ما! ئه‌من له‌ هۆڵی سینه‌مای ناخی خۆم‎دا داده‌نیشم‌و کات وه‌ سه‌ر ده‌به‌م… به‌ڵام پێکه‌نین، له‌و کاته‌وه‌ی به‌ ناخی خۆدا شۆڕ بوومه‌ته‌وه‌، چه‌شنی باڵنده‌یه‌کی سه‌رلێشێواو له‌ شه‌قه‌ی باڵی داوه‌‌و هێلانه‌ی دڵی به‌ جێ‌هێشتووم…)
هه‌روا ده‌سووڕێته‌وه‌.. کچێکی شۆخ‌و شه‌نگی به‌ره‌و ڕوو دێ‌.. باڵای نه‌مام‎ئاسا‌و ڕوخساری گوڵ‎ڕه‌نگی کوڕه‌، په‌پووله‌ی حه‌ز‌و ئاره‌زووی کچه‌ ڕاکێش ده‌کا. ده‌که‌وێته‌ خۆ‌و ده‌بینێ‌ کچه‌ چاوی لـێ‌ گیـر کردووه‌. (کچێ‌! به‌و شێوه‌یه‌ لێم مه‌ڕوانه‌..! من‌و تۆ ئاسمان‌و ڕێسمانمان نێوانه‌.. من ئه‌و گوڵه‌ نیم، هه‌نگی حه‌زی تۆ شیله‌م هه‌ڵمژێ‌.. من مرۆڤێکی هه‌تیوم.. بێ‌ماڵم‌و ئه‌وه‌تا سه‌رگه‌ردانم‌و شوێنێك نامگرێته‌ خۆی.. ڕه‌نگه‌ سبه‌‌و دوو سبه‌، ئێره‌ش به‌ جێ‌ بێڵم‌و بڕۆم.. ئه‌و کات خوا ده‌زانێ‌، که‌ی‌و له‌ کوێ‌دا ده‌گیرسێمه‌وه‌.. کچی جوان!.. تووخوا بمبووره‌…)
ماندوێتی به‌ ڕوخساریه‌وه‌ دیاره‌. له‌ دوکانێکی مۆتافرۆشی نێزیک ده‌بێته‌وه‌. ده‌چێته‌ ژووره‌وه‌‌و داده‌نیشێ‌.. داوای مۆتایه‌ک ده‌کا. کابرای مۆتافرۆش دانه‌یه‌کی بۆ تێ‌ده‌کا. نه‌ختێکی لـێ‌ده‌خوا.. مه‌لی بیـر‌و خه‌یاڵی ده‌فڕێ‌، ده‌فڕێ‌، دوور، دوور ده‌فڕێ‌..- براله‌، مۆتاکه‌ت توایه‌وه‌.. بۆ نایخۆی..؟!
ڕاده‌چڵه‌کێ‌ و.. ده‌بینێ‌ مۆتا چۆڕاوگه‌ی به‌ستووه‌.. سه‌یری کابرای مۆتافرۆش ده‌کا‌و سووکه‌ بزه‌یه‌کی به‌رامبه‌ر ده‌نوێنێ‌.. پاشان زمانێك به‌ ده‌ست‌و په‌نجه‌‌ی‌دا دێنێ‌و ده‌ست به‌ خواردنی پاشماوه‌ی مۆتاکه‌ ده‌کا. (کاکی مۆتافرۆش! من ده‌مێ‌ ساڵه‌ له‌ ناخه‌وه‌ وه‌ک ئه‌م مۆتایه‌ ده‌توێمه‌وه‌‌و ده‌بم به‌ ئاو.. خۆزگه‌م به‌ خۆت!.. تۆ به‌ سه‌ر‌و سیماته‌وه‌ دیاره‌ که‌یفت سازه‌‌و له‌ هیچت که‌م نییه‌…! كێ ئاگای له كێ‌یه‌…؟)
هه‌ڵده‌ستێته‌ سه‌ر پێ‌‌و دێته‌ ده‌ره‌وه‌.. به‌ره‌و نێو خه‌ڵکه‌که‌ شۆڕ ده‌بێته‌وه‌‌و.. تێکه‌ڵیان ده‌بێ‌؛ به‌ڵام.. سه‌ری هه‌ر دیاره‌…!

 (سوید- سوێدرهامن)
*تێبینی: ئه‌م چیرۆكه‌م ساڵی 1997 نووسیوه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی تۆزێك پیا هاتمه‌وه‌و ورده ‌ده‌سكارییه‌كم كرد، بڵاوم كرده‌وه‌.. ك. تاقانه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.