
سیحری گێڕانه‌وه ….. حه‌مه مه‌نتك
سیحری گێڕانه‌وه
له‌چیرۆكی (گێڕانه‌وه جیاوازه‌كانی نه‌فخی ئیلاهی) (عه‌تا محه‌مه‌د)دا
حه‌مه مه‌نتك
زۆرجاران له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانێك، یان چیرۆكێكدا پرسارێك به مێشكمدا دێت، ئایا مرۆ بۆچی په‌نا بۆ ته‌كنیكی گێڕانه‌وه ده‌بات؟ ئایا گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێك چ سیحرێكی تێدایه؟ دیاره ئه‌م پرسیاره خوێندنه‌وه و وه‌ڵامی زۆر هه‌ڵده‌گرێت. ڕه‌نگه یێكێك له وه‌ڵامه‌كانی ئه‌وه بێت، بۆیه مرۆ په‌نا بۆ گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ژیانی ده‌بات تاكوو نه‌مری به‌خۆی ببه‌خشێت. له‌وێدا ده‌نێو گێڕانه‌وه‌كاندا مرۆ ده‌توانێت به‌نه‌مری بمێنێته‌وه.تاكوو بوونی خۆی بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌نێو كتێباندا بهێڵێته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌گه‌مه‌یه‌كی نووسینی دابنێین، ئه‌و گه‌مه‌یه له‌نێو پانتایی زماندا به‌ڕێوه ده‌چێت، بۆیه زمان ڕۆڵێكی مه‌زن له‌گێڕانه‌وه‌دا ده‌بینێت. كاتێك باس له‌سیحری گێڕانه‌وه ده‌كه‌م مه‌به‌ستم فۆرمه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی ئێستای چیرۆك و ڕۆمانه. هه‌رچه‌نده له‌كۆندا گێڕانه‌وه بوونی هه‌بووه، مرۆ بۆ به‌نه‌مركردنی بوونی خۆی په‌نای بۆ بردووه، مامه‌ڵه‌كردن ده‌گه‌ڵ ته‌كنیك و فۆرمی گێڕانه‌وه‌ی ئێستا زۆر جوداوازه ده‌گه‌ڵ فۆرمی گێڕانه‌وه‌ی پێشتر بۆیه سیحری گێڕانه‌وه‌ی تێدا چێژدارتره، لێ ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه (هه‌زار و یه‌ك شه‌وه)، (كلیله و دمنه)، ( شیرین و خوسره‌و) ڕۆمانه‌كانی به‌لزاك، چیرۆكه‌كانی پۆكاشیۆ و …تاد چێژی گێڕانه‌وه‌یان تێدا نییه. گێڕانه‌وه‌كان لای (گابریل گارسیا ماركیز، گوینته‌ر گراس، ماریۆ ڤارگاس یۆسا، نه‌جیب مه‌حفوز، كافكا، ئه‌مین مه‌علووف…تاد) زۆر جوداوازه له‌لای ڕۆماننووسانی سه‌ده‌ی ڕێنسانس و دواتر، ئه‌م جوداوازییه لایه‌نی زمانیش ده‌گرێته‌وه.
( گێڕانه‌وه جیاوازه‌كانی نه‌فخی ئیلاهی) چیرۆكێكی (عه‌تا محه‌مه‌د)ه، له ژماره(94) مانگی یه‌كی 2011دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. هه‌ركه‌سێك خوێنه‌رێكی جددی چیرۆكی كوردی بێت، شاره‌زای زمان و ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی (عه‌تا محه‌مه‌د)ه. ئه‌م چیرۆكنووسه به‌رده‌وام ده‌نێو فه‌نتازیادا ده‌ژییه‌ت. له‌م چیرۆكه‌دا چیرۆكنووس جوداوازی نێوان دوو شتمان بۆ ده‌كات. هه‌ردوو شته‌كه له‌م چیرۆكه‌دا ه‌ركی گێڕانه‌وه‌یان پێ سپێرداوه. ئه‌وانیش ئاوێنه و كتێبن. چیرۆكنووس مه‌به‌ستی له ئاوێنه‌ی ئاسایی نییه كه ده‌نێو ماڵه‌كان بوونیان هه‌یه، به‌ڵكوو مه‌به‌ستی ئه‌و ئاوێنانه‌ن كه له‌مێژوودا ئاوێنه‌ی سیحراویی بوونه. ئه‌و ئاوێنانه‌ی زۆر شتیان گێڕاوه‌ته‌وه، یان هه‌واڵی دووریان نیشانداوه ئێستا ته‌نیا ناویان وه‌كوو مێژوو ماوه‌ته‌وه. لێ كتێب تاكوو ئێستا هه‌موو گێڕانه‌وه‌كانی پاراستووه، چونكوو ئه‌ویش ئه‌ركی گێڕانه‌وه‌ی مێژوو و ئه‌ده‌ب و زانسته‌كانیتره. چیرۆكنووس به‌شێوه‌یه‌ك له‌م چیرۆكه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كتێبدا ده‌كات، كه كتێب ئاوێنه‌یه‌كه بۆ مرۆیه‌كان(خوێنه‌ر). مرۆ ده‌توانێت خۆی له‌نێویدا بدۆزێته‌وه. كتێب جێگای ئاوێنه سیحراوییه‌كان گرتۆته‌وه. كه‌واته كتێب خاوه‌نی سیحری گێڕانه‌وه‌یه. گێڕانه‌وه‌یه‌ك مرۆ ده‌توانێت خۆی تێدا بئافرێنێته‌وه، واته به‌پێی پێناسه‌كه‌ی (ئیكۆ): ” ئه‌ده‌ب مۆدێلێك له ڕاستیمان ده‌داتێ كه زۆر خه‌یاڵییه”1 كه‌واته كتێب ده‌توانێت وامان لێبكات ڕووداوه خه‌یاڵییه‌كانی ناوی به‌ڕاست تێبگه‌ین و باوه‌ڕیان پێبهێنن، هه‌رچه‌نده ڕووداوه‌كان سنووری خه‌یاڵ و فه‌نتازیای ببڕێت. كاتێك ڕۆمانێكی سه‌ر به‌ڕێبازی ڕیالیزمی سیحری ده‌خوێنینه‌وه چه‌ندان ڕووداوی فه‌نتازی تێدان و باوه‌ڕیشیان پێده‌هێنین و لامان ئاسایین. ئه‌مه‌ش سیحری زمانی گێڕانه‌وه‌مان پێ نیشانده‌دات. (عه‌تا محه‌مه‌د) له‌و چیرۆكنووسانه‌یه زۆر به‌سانایی فریومان ده‌دات و باوه‌ڕمان پێده‌هێنێت، بۆیه ” گه‌مه‌ی زمان له پێناو گه‌مه‌ی زماندا نییه، به‌ڵكوو له پێناوی گه‌یاندنی هزر و واتادایه” 2 چیرۆكنووس ده‌توانێت ئه‌و سیحره به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رز بۆ گه‌یاندنی بیرۆكه‌كه‌ی، بۆیه ده‌بێت زۆر شاره‌زا بێت له‌گه‌مه‌ی زماندا. چونكوو زمان ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه زۆر به‌زه‌حمه‌ت ڕام ده‌كرێت.
من نامه‌وێت باس له‌وه بكه‌م، ئه‌م چیرۆكه باس له‌چ ده‌كات، چونكوو ئه‌مه به‌ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گر و لێكۆڵه‌ر نازانم، هه‌روه‌ها ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گر له‌وه‌دا كورت ناكه‌مه‌وه ته‌نیا ده‌ستنیشانی كه‌موكورتی ده‌ق به‌كات، به‌ڵكوو كردنه‌وه‌ی كۆدی ده‌قه‌كان توانایی ئه‌و ڕه‌خنه‌گره ده‌رده‌خات. بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر ده‌قێكی تر بخوڵقێنێت، ده‌نا ته‌نیا دووپاته‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان بابه‌ت ده‌بێت. بۆیه به‌كردنه‌وه‌ی كۆده‌كان و چوونه نێو كه‌لێنه‌كانی ته‌كنیك و هونه‌ری گێڕانه‌وه خوێنه‌ر هه‌ستده‌كات ئه‌وه ده‌قێكی تر ده‌خوێنێته‌وه جیا له‌و ده‌قه‌ی له‌سه‌ر نووسراوه.
تاكه كۆدی ئه‌م چیرۆكه له ده‌رخستنی سیحر و جوانی هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دایه، چونكوو گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی كردنه‌به‌ری رۆح به‌به‌ر باڵنده‌ی له قوڕ دروستكراو له‌لایه‌ن عیساوه. ئه‌م چیرۆكه له هه‌ر ئینجیلێكدا به‌شێوه‌یه‌ك ده‌گێڕدرێته‌وه و هه‌وره‌ها له‌قورئانیش به‌شێوه‌یه‌كی جیا له‌هه‌موویان ده‌گێڕدرێته‌وه، ئه‌م گێڕانه‌وه جوداوازانه وا ده‌كه‌ن گومان و پرسیار لای خوێنه‌ر دروستبكه‌ن، به‌مه‌ش كاریگه‌ریان له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و هزری خوێنه‌ر ده‌بێت وه‌ك له چیرۆكه‌كه‌دا هاتووه” به‌ڵام بوونی ئه‌م باڵندانه ته‌نها له‌چه‌ند ریوایه‌تێكی ناو كتێبه‌كاندا، گومان له بوونیان دروستده‌كات و چه‌ند بازنه‌ی گێڕانه‌وه‌كانیش زیاتر بێت، ئه‌وه‌نده جیاواز ده‌بێت و گومانه‌كان زیاتر ده‌كات، چونكه ئه‌و باڵندانه ته‌نها له‌ناو كتێبه‌كاندا هه‌بوون” 3 دروستبوونی گومان و پرسیار له‌لای خوێنه‌ر كاریگه‌ری شێوازی و جۆری گێڕانه‌وه‌كه نیشانده‌دات. هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌كیش گه‌ڕانێكه به‌دوای دروستكردنی واقیعێكیتره، جودا له‌و واقیعه‌ی تێیدا ده‌ژیه‌ت. بۆیه كاتێك سه‌یری ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی ئافراندنی رۆح به‌به‌ر باڵنده قورینه‌كان له‌لایه‌ن عیساوه ده‌كه‌ین ده‌نێو ئینجیله ساخته‌كان و قورئان، هه‌ریه‌كه‌یان ده‌هه‌وڵدابووه به‌پێی زه‌مه‌ن و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كاته به‌دوای واقیعێكی نادیاردا بگه‌ڕێت، یان دروستكردنی واقیعێكی تر، بۆ نموونه له ئینجیلی تۆمای ساخته له‌وێدا یه‌سوع باوكی هه‌یه و ناوی (یوسف)ه، كه‌چی له ئینجیلی (ژیانی یه‌سوع به‌عه‌ره‌بی)دا، یه‌سوع باوكی نییه، هه‌روه‌ها له‌قورئانیشدا عیسا باوكی نییه و به روحی خودا ناوده‌برێت و ته‌نیا ده‌گوترێت عیسای كوڕی مه‌ریه‌م. ده‌بینین هه‌ریه‌كه‌یان گێڕانه‌وه‌یه‌كی جوداوازی یه‌ك بابه‌تمان بۆ ده‌گێڕانه‌وه و هه‌ریه‌كه‌یان چێژی خۆی هه‌یه. بۆیه خوێنه‌ر مافی خۆیه‌تی گومان له‌و گێڕانه‌وانه بكات، بۆچی ده‌نێو گێڕانه‌وه‌كاندا هه‌یه؟ بۆچی عیسا له‌هه‌ندێكیان باڵنده ده‌ئافرێنێ و له‌هه‌ندێكی تر ئاژه‌ڵیش ده‌ئافرێنێ؟ دواجار ئه‌م پرسیارانه‌ی كه خوێنه‌ر دروستی ده‌كات هه‌وڵی خوێنه‌رن بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌داوی زیاتر، چونكوو كه‌وتۆته نێو سیحری گێڕانه‌وه.
له‌هه‌موو ئه‌و گێڕانه‌وانه‌دا هه‌ست به‌مه‌زنی كتێب ده‌كه‌ین. چونكوو كتێب ده‌مانخاته سه‌ما، له‌گه‌ڵ خۆی ده‌مانبات و سه‌فه‌رمان پێده‌كات. خوێنه‌ر له‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆمانێك ، چیرۆكێك زۆرجار خۆی ده‌نێو ڕۆمانه‌كه، چیرۆكه‌كه ده‌دۆزێته‌وه. ده‌بێت به‌به‌شێك له‌كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه، ئه‌م هه‌ستكردنه‌ی به‌بوون به‌به‌شێك له‌فه‌زای گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانێك، چیرۆكێك بێگومان كتێبه وامان لێده‌كات. هه‌رچه‌نده ئه‌و ڕووداوانه له‌وپه‌ڕی خه‌یاڵ و فه‌نتازیا پێكهاتبن. ئه‌م چیرۆكه ئه‌و سیحره‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، چونكوو خوێنه‌ر هه‌ستده‌كات له‌و كاته‌دا ژیاوه كه ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌ی تێدا ڕوویداوه. كاتێك ڕۆمانی (دایك)ی (مه‌كسیم گۆركی) ده‌خوێنینه‌وه هه‌ستده‌كه‌ین ئێمه‌ش له‌ڕووداوه‌كان به‌شدارین، ده‌روون و هه‌ستمان ده‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان به‌رز و نزم ده‌بنه‌وه، ته‌نانه‌ت هه‌ستده‌كه‌ین له‌و كاته‌دا ئێمه ئافرێندراوین” دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستنووسه‌ی مه‌حوی به‌ڵخی بۆی هێنام، كه وه‌ك وتم كه‌سێكی ئه‌ندێشه‌كراوی كتێبێكم بوو به‌پێی ئه‌و مێژووه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستنووسه‌كه نووسرابوو ده‌گه‌ڕایه‌وه ساڵی 1851، گومانی ه‌وه ده‌كرد كه ئه‌مه مه‌حوی به‌ڵخیه منی به‌رجه‌سته‌كردووه تا ده‌ستنووسه دۆزراوه‌كانیم پێبنووسێته‌وه، به‌و پێیه‌ی له‌گه‌ڵ داخستنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌دا منیش بۆ هه‌تا هه‌تایه وه‌ك باڵنده‌كانی یه‌سوع له‌چاو ونده‌بم و فه‌رامۆش ده‌كرێم”4 كه‌واته خوێنه‌ر تاكوو له‌خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكێك به‌رده‌وام بێت ئه‌وا له‌ژێر كاریگه‌ری سیحری گێڕانه‌وه‌كه‌دا ده‌بێت، هه‌ر كاتێك له‌خوێندنه‌وه‌ی ته‌واو ده‌بێت ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو واقیعه‌كه‌ی خۆی و كاریگه‌ری سیحره‌كه‌ی له‌سه‌ر نامێنێت.كه‌واته ده‌نێو گێڕانه‌وه‌كاندا هه‌ست به‌بوونی خۆمان ده‌كه‌ین. له‌م چیرۆكه‌دا وه‌كوو گوتمان چه‌ند گێڕانه‌وه‌یه‌ك بوونی هه‌یه. به‌مه‌ش هه‌ست به‌بوونی چه‌ند گوتارێكی جوداواز ده‌كه‌ین. گوتاری سه‌ره‌كی رۆح كردنه‌به‌ری باڵنده قوڕینه‌كانه له‌لایه‌ن عیساوه، هه‌مان بابه‌ت به‌چه‌ند گوتارێك گێڕدراوه‌ته‌وه، هه‌ر گوتارێكیش به‌ته‌كنیك و شێوازی جودای گێڕانه‌وه گێڕدراوه‌ته‌وه، بۆیه هه‌موو گوتارێكی جوان پێویستی به ته‌كنیكی هونه‌ری به‌رز هه‌یه.
چیرۆكنووس له‌م چیرۆكه‌دا گه‌مه‌یه‌كی زمانیمان له‌گه‌ڵ ده‌كات، به‌و پێیه‌ی (عه‌تا محه‌مه‌د) زۆر بایه‌خ به‌زمانی فه‌نتازی ده‌دات، به‌م كاره‌شی سیحری گێڕانه‌وه‌ی خۆی به‌سه‌ر خوێنه‌ر جێده‌هێڵێت. به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر هه‌ست به‌خۆی بكات ڕۆده‌چێته نێو فه‌زای ڕووداوه‌كان. خۆی به‌یێكێك له كه‌سایه‌تییه‌كانی ده‌زانێت.بۆیه تواندنه‌وه‌ی واقیع به‌و شێوه‌یه ده‌نێو فه‌نتازیا و خه‌یاڵدا هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندی خۆی ده‌وێت.
كه‌واته گێڕانه‌وه ه‌و توخمه جوانه‌یه، مرۆ بۆ ئاینده‌ی خۆی ڕووداو و ڕابردووی خۆی پێده‌گێڕێته‌وه هه‌روه‌كوو پێشتریش گوتم بۆ به‌نه‌مركردنی خۆیه‌تی. له‌شێوازی گێڕانه‌وه‌ش كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت ئه‌م چیرۆكه ته‌كنیكی گێڕانه‌وه له‌نێو گێڕانه‌وه‌ی به‌كابردووه، هه‌روه‌ها بۆ گێڕانه‌وه‌كانی سوودی له‌چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ئایینی وه‌رگرتووه به‌شێوازه فه‌نتازیاكه‌ی خۆی گێڕاوییه‌ته‌وه، جوانترین فیكره‌ش له‌پشت ئه‌م گَڕانه‌وانه‌دایه، ئه‌ویش سیحری كتێبه. چونكوو كات و شوێنی گێڕانه‌وه بۆ مرۆ كتێبه‌كانه، ئه‌و كتێبانه‌ی مێژووی مرۆیایه‌تی ده‌گێڕنه‌وه، ئه‌گه‌ر نا مرۆ تاكوو ئێستا بێ مێژوو و ڕابردوو ده‌مایه‌وه. كه‌واته ئه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه پێمانده‌ڵێت كتێبه ئایینیه‌كان یێكێكن له‌میرایه‌ته‌كانی مرۆیایه‌تی، بۆیه ده‌كارێت سوودیان لێوه‌ربگیرێت بۆ داهێنانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری. ئه‌مانیش پڕن له‌بیر و خه‌یاڵی جوان، فه‌نتازیا. (عه‌تا محه‌مه‌د) له‌و چیرۆكنووسانه‌یه هه‌میشه له‌و دنیایه‌دا ده‌ژیه‌ت و سوود له‌و كه‌له‌پووره وه‌رده‌گرێت. له‌رێگای ئه‌وزمانه تایبه‌تییه‌ی خۆی چیرۆكه‌كانی پێده‌گێڕێته‌وه، هه‌ر سیحری ئه‌و كتێب و ده‌ستنووسانه‌شه سیحریان له (عه‌تا محه‌مه‌د) كردووه. ئه‌ویش بۆ به‌نه‌مركردنی خۆی خۆی ده‌نێو ئه‌و نووسینانه‌دا دۆزیوه‌ته‌وه. كه‌واته لێره‌وه‌ده‌توانین ئه‌و سیحره له‌سه‌ر چیرۆكنووس بدۆزینه‌وه، ئه‌ویش جوانی و چێژی ئه‌و سیحره له ڕێگای گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی به ئێمه ده‌به‌خشێت.