Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەمساڵ هەڵەبجە یادى (5001) شەهید دەكاتەوە

ئەمساڵ هەڵەبجە یادى (5001) شەهید دەكاتەوە

Closed
by March 14, 2008 گشتی

   لاوك عەبدوڵڵا……
 هەڵەبجە برێنێكەو هەرگیز لەیاد ناچێت.ئازارێكەو دوژمن لە ناخماندا چاندی، ئێستاش و دەیان ساڵی دیكەش بۆنی كیمییایی لە لوتماندا هەر بۆ سۆى دێت، فرمێسكى منداڵێك بەدیار تەرمی باوكییەوە، یان هی دایكێك بەدیار گیان كێشانى جگەرگۆشەكەیەوە، وشك نەبووەتەوە كەلە ساتەوەختى مەرگییدا شاهیدى ئەو كارەساتەیەو هیچیشی لە دەست نایەت و دواتر روحى ئەمیش بە دواى ئەودا داى لە شەقەى باڵ، زۆر ئازیزو خۆشەویست بە تنیشت یەكەوە ئەم دونیا ناخۆشەیان جێهێشت. بە خودا باشیانكرد ئەم جیهانە پڕ ناسۆرەیان جێهێڵا.
 ئەوە بیست ساڵە یادى ئەم كارەساتە دەكرێتەوە، هەژدە ساڵیشە كورد خاوەنى دەستەڵاتەو هەڵەبجەى هەر پێتەواو چاك نەكرایەوە، تا كار گەشتە رادەیەك ئەو جەماوەرەى لە بەعس راپەڕین  لەئەمانیش راپەڕین و داواى خزمەتگوزارییانكرد، باشترین وەڵامیش لەلایەن حكومەتى كوردستانەوە گوللە بارانكردنى خەڵكى هەڵەبجەبوو، ئەوانیش بەردێكیان خستە سەر مەڵۆكەى بەعس و لاوێكى ترى ئەم شارەیان شەهید كرد، لەوەش خۆشتر فەرمانى لە سێدارەدانیشیان بۆ رۆڵەكانى ترى ئەمشارە شەهیدە دەردەكرد، گوایە بە دەستى دەرەكى یان لایەنی تر راپەڕیون! ئاخر خۆ بەعسیش هەر بەو بیانووە رۆڵكانى كوردى دەكوشت، هەر بەو بیانووەش هەڵەبجەى بە گاز خنكان، من دڵنیام ئەگەر برادەرانى خۆمان كیمیاییان هەبوایە بۆ هەڵەبجە دەیانكردە دیاریی، هەروەكوو چۆن فیشەكیان بۆ كردنە خەڵات، بزانین ئەمساڵ و چەند ساڵى تریش حكومەتى هەرێم، ئیدارە كۆنەكەى سلێمانى بە تایبەت، چیان بۆ دەكات، ئەوەى دەبێت بوترێت ئەوەیە ئەمساڵ هەڵەبجە یادى (5000) شەهید ناكاتەوە، بەڵكوو یادى (5001) شەهید دەكاتەوە، ئەو یەك شەهیدە ش (كوردە)ى لاوبوو كەكورد كوشتى، پێشینان دەڵێن: دەستێك زاڵم بیبڕێت خوێنى لێنایەت، ئەى ئەوەى دەستەڵاتى كوردى بیبڕێت چى؟! گرنگ ئەوەیە ئەمساڵ هەڵەبجە یادى پێنج هەزارو یەك شەهید دەكاتەوە، خوا دەزانێت تا چەند ساڵى تر دەیگەیەننە چەند؟
 دەخوازم ئیتر  بەهەر ناوو بیانووەیەك بێت دەستەڵاتى كوردى كەسى تر نەكوژێت. هەڵەبجەش هەمیشە لە قوربانیداندا نەبێت و برنەكانى ساڕێژببێت، كەلاوە كانى ئاوەدان بكرێتەوە، چى تر نانى پێوە نەخورێت.
 
 
Lawk88@gmail.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.