Skip to Content

Wednesday, May 8th, 2024
دار …. به‌ندی عه‌لی

دار …. به‌ندی عه‌لی

Closed
by May 15, 2011 هۆنراوە

ئه‌شێ وه‌ستایه‌کی نه‌جاڕ
بێشکه‌یه‌کی لێ دروستکا
که‌شتیه‌کی بێ چارۆکه‌ی ئه‌فسوناوی
له‌ئۆقیانووسه‌ ڕوونه‌که‌ی مناڵیداو
بۆ ئه‌و خه‌ونه‌ بێگه‌ردانه‌ی
لێواو لێون له‌به‌رائه‌ت
هه‌رواش ئه‌شێ ، گۆچانێ بێ
له‌پاییزی ته‌مه‌نماناو له‌و ڕۆژانه‌ی
گه‌ڵای زه‌ردی یادگاریمان
لێ ئه‌وه‌رێ
وه‌ک هاوڕێیه‌کی به‌ئه‌مه‌ک
کێوی هه‌زار به‌هه‌زاری خه‌مه‌کانمان
بۆ هه‌ڵگرێ
 هه‌رواش ئه‌شێ ، مێزو کورسی و
ته‌خته‌ی ڕه‌شی ئه‌و پۆله‌ بێ
له‌یه‌که‌مین به‌ربه‌یانی مه‌عریفه‌وه‌
له‌وڕۆژه‌وه‌ی که‌دارا دوو داره‌که‌ی دی
هاوسه‌فه‌ری گه‌شه‌ی هۆش و هزرمانه‌
تائه‌و ڕۆژه‌ی
زه‌نگی کۆتایی دوا وانه‌ی
قوتابخانه‌ی ژیان لێئه‌دا

هه‌رواش ، ئه‌شێ
هاوڕێیه‌کی له‌خۆبوردووی به‌جورئه‌ت بێ و
له‌شه‌وێکی بێپایانی زستانێکا
که‌ته‌نانه‌ت ددانی فریشته‌کانی میهره‌بانیش
له‌سه‌رمانا جێڕه‌یان دێ
ئه‌و گڕ له‌به‌ده‌نی خۆی به‌ردا
تا چه‌قه‌ڵه فرسه‌تپه‌رسته‌کانی کزه‌و
زوقم و شه‌خته
زه‌فه‌ر به‌روحی له‌رزیوی ئێمه‌ نه‌به‌ن
دار ، له‌هه‌موو ئه‌م تابلۆیانه‌یا جوانه
ته‌نیا له‌و ساته‌یا نه‌بێ
ئه‌بێ به‌تووڵی قه‌فه‌س و له‌نێویدا
مه‌لێکی مه‌ئیووسی ئه‌سیر
   چریکه‌ی جودایی ئه‌چڕێ 

.. به‌هاری 2011

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.