له‌دوای خۆپیشاندانه‌کانه‌وه : کام پرۆژه ؟
ئه‌گه‌رخۆپیشاندانه‌کانی کوردستان کۆتایی هاتبێت ، یان کۆتای‌یان پێهێنرابێت ، به‌ڵام هێشتا کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و ئه‌زموونه که‌ی له نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆندا له بازنه‌ی قه‌یران ڕزگار نه‌کردووه‌و هێشتا هه‌مووو پرۆژه جیاوازه‌کان به ته‌نیا وه‌کو تاکه به‌دیل بۆ ئایینده‌ی کورد‌و ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه له خۆ ئه‌دوێن. ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی دوو مانگ خۆپیشاندان نیشانیداین ئه‌گه‌رچی ته‌نها له به‌شێکی دیاری کوردستاندا له‌خۆی دوابێت ، وێنای سه‌رجه‌م جوگرافیایه‌کی کوردیه که له ساتی که‌وتنه بازنه‌ی ناچاری خود حوکمڕانیه‌وه تا ئه‌م ساته وه‌خته له قۆناغی سیسته‌مێکی قه‌یراناوی تێ نه‌په‌ڕیوه. سه‌رباری کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو توخمه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی نوێ و به‌کاربردنی له ئه‌زموونه‌که‌یدا، به‌ڵام نه‌یتوانیوه تائێستا خودی ئه‌و ئه‌زمونه له ناسه‌قامگیری ده‌ربازبکات و سیمای سیسته‌می پێ ببه‌خشێت و نه‌یتوانیوه به‌ده‌ر له پرۆژه لێك جیاواز‌و دژ به‌یه‌که‌کان بۆ شێوازی بنیاتنانه‌وه‌ی بونیادی ئه‌و سیسته‌مه، پرۆژه‌یه‌کی هاوبه‌ش له نێوان ئه‌و هێزانه‌دا کۆکاته‌وه و ململانێ و جیاوازیه‌کانیان له ژێر چه‌تری یه‌ک شێوه‌ده‌سه‌ڵاتیدا ڕێک خات که به‌رجه‌سته‌کاری یه‌ک خیاتاب و یه‌ک شوناس بێت. ئێستاش دوای خامۆشبونی خۆپیشاندانه‌کان و مانه‌وه‌ی کێشه‌و قه‌یرانه‌که وه‌کو خۆیی و هه‌میشه بابه‌تی لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زمونه ناسه‌قامگیره ، دووباره خۆمان له‌به‌رده‌م پرۆژه جیاوازه‌کاندا ئه‌بینینه‌وه که هیچ لایه‌کیان به ته‌ینا نه ئه‌توانێت ببێته فۆرمی ئه‌و سیسته‌مه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌م قه‌یرانه ده‌رباز بکات وه نه هیچ کامێکیشیان ئه‌توانێت نه به ڕێگاو میکانیزمه سیاسیه‌کان و نه به‌جه‌نگ و کوشتاریش یه‌کێک له لایه‌نه‌کان ڕه‌تبکاته‌وه‌و په‌راوێزی بخات . بیر خستنه‌وه‌ی نائارامی ئه‌م ئه‌زموونه له ژێر سایه‌ی ململانێ و ڕکابه‌ری و شه‌ڕی ناخۆی نێوان هێزه سه‌ره‌کیه‌کانی به‌ڵگه‌ی ئه‌وه ده‌ر‌ئه‌خه‌ن که هێشتا ئه‌م ئه‌زمونه به گوتاری جیاوازی هێزو لایه‌نی لێک داپچراوو ی خێڵ و ناوچه ی جوگرافی لێکدابڕاو له‌خۆی ئه‌دوێت . هێشتا پرۆژه‌کانی له نێوان ئه‌و سنووره جوگرافیانه تێ ناپه‌ڕن که له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵگری خواستێکی لۆکالین بۆ سه‌پاندنی وه‌کو فۆرمێکی گشتی و سه‌رتاسه‌ری.
تائێستا ئه‌و ئارامییه ڕووکه‌شیه‌ی که تارمایی شه‌ڕی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و پێکدادانی هێزو ناوچه جیاوازه‌کانی دور خستۆته‌وه خۆی بریتیه له پیاده کردنی فۆرمی سیسته‌مێکی نائارام و هه‌میشه هه‌ڕه‌شه لێکراو به‌ره‌و نادیار که هیچ شتێک گارانتی ئه‌و به‌رده‌وام بوونه‌ی ناداتێ تا زه‌مه‌نێکی بێ کۆتایی . له پاڵ پرۆژه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا که هه‌ڵگری نائارامی کۆمه‌ڵگه‌و دوور خستنه‌وه‌یه‌تی له سیسته‌م بوون له فۆرمی ڕێککه‌وتنێکی ستراتتیژیدا که‌ته‌نها جۆرێکه له بێدرا نه‌کردنه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کان و دوور خستنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م شوناسی کوردی له بوونی به‌یه‌ک سیسته‌م به دابه‌شکردنی له نێوان دووبونیاده ده‌سه‌ڵاتی جوگرافی لێکدابڕاودا و به ڕووکه‌ش له فۆرمی یه‌ک شێوازه ده‌سه‌ڵاتدا، له دوای خۆپیشاندانه‌وه پرۆژه‌یه‌کی دی ده‌رکه‌وت که به ناوی پرۆژه‌ی ئۆپۆزیسیۆن له خۆی ئه‌دوێت وه‌کو به‌دیل و ڕزگارکه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له‌و قه‌یرانه، که ئه‌میش له کاتێکدا ته‌نها به گوتاری داڕماندن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ته‌واوی سیسته‌مه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات له خۆی ئه‌دوێت، به‌ڵام ناتوانێت له‌سه‌ر ئاستی پراکتیکدا نه‌ک تیۆری، شێوازێکی دیار و به‌دیلی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نیشان بدات که جێگه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی وائاڵۆزو لێکجودا بگرێته‌وه. چونکه هه‌موومان له ڕووی تێۆری و ئایدۆلۆژیا‌و لێکدانه‌وه‌ی چه‌مه‌که‌کانه‌وه له داڕشتنی ئاسایی و ساده‌ی ئه‌و پێکهاته ده‌وڵه‌تیه ده‌سگاییه تێئه‌گه‌ین که پێویستمان پێیه‌تی ، به‌ڵام له به‌رجه‌سته‌کردنیدا له نێوان ئه‌و کاراکته‌ره کوردیانه‌ی ئه‌بنه داڕێژه‌ری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کوردی که هێشتا خۆی ئیشکالیه‌تی پێکدادان ونه‌گونجانی ئه‌و بونیاده ده‌سه‌ڵاتیه نوێیه‌ی له‌گه‌ڵ بونیاده مێژویی و تایبه‌تمه‌نده‌کانی خۆیدا هه‌یه که ڕێگره له به‌شێکی سه‌رخستنی ئه‌و پرۆسه‌ی بوون به‌ده‌وڵه‌تی ده‌سگاییه.
که‌واته له‌دوای خۆپیشاندانه‌کانه‌وه ، چ پرۆژه‌یه‌ک ئه‌توانێت ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه له نائارامی و ئه‌و ڕۆحه شه‌ڕانگێزو دوژمنانه‌یه‌ی نێوان هێزه‌کانی ڕزگار بکات که هه‌موو هه‌ڵگری گوتاری ڕه‌تکردنه‌وه‌ی یه‌کدین؟ وانه‌یه‌ک که خۆپیشاندانه‌کان پێی ووتین ئه‌وه‌یه که سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌قه‌یران و ئیشکالیه‌تی سیسته‌م بووندا ئه‌ژی و ئه‌م شێوازه ده‌سه‌ڵاته له‌گه‌ڵ هه‌میشه په‌ره‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و په‌لهاویشتنی په‌یوه‌ندیه ناوخۆیی و ده‌ره‌کیه‌کانی و گه‌شه‌سه‌ندنی پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌ییه‌کانی ناوی و قه‌به بوونی په‌یوه‌ندیه ئابوریه‌کانی و به پێداویستی به ده‌سگایی کردنی پێکهاته ئیداری و ده‌سه‌ڵاتیه‌کانی و دواجار به له‌به‌ر چاو گرتنی گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که‌ش و ئه‌و مه‌رجانه‌ی که به‌سه‌رخودی ئه‌و شێوه حوکمڕانیانه‌دا ئه‌یسه‌پێنێت ، له پاڵ ده‌رکه‌وتنی نه‌وه‌یه‌ک که ناتوانێت به بێ ده‌نگی سه‌یری ئه‌و سستیه‌ی ڕه‌وتی کۆمه‌ڵگه‌و پێکهاته‌کانی بکات که‌له‌گه‌ڵ خواست و مه‌زنبوونی ئه‌م و تێڕوانینی خێرا‌و هه‌میشه خۆنوێکه‌ره‌وه‌ی بۆ دنیا یه‌ک ناگرێته‌وه ، سیسته‌مێکی وا تا چه‌ندیش شه‌رعیه‌تی خۆی له پشت بونیاده کۆمه‌ڵایه‌تیه کلاسیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیه‌وه نمایشبکات، ناتوانێت تا ئه‌به‌د به‌رده‌وامی به‌خۆی بدات و ئه‌گه‌ر خۆی نه‌خاته پرۆسه‌یه‌کی جیدی له ئه‌زمون تێپه‌ڕاندنه‌وه به‌ره‌و سیسه‌تمی سه‌قامگیری ده‌سه‌ڵاتی و یان خۆی نه‌کاته به‌شیک له‌و جووڵه مێژووییه‌ی جیهانگیری که تیایدائه‌مڕۆ ته‌واوی توخمه‌کانی سیسته‌مێک له سیاسه‌ته‌وه تاوه‌کو ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتور پێکه‌وه بونیادێکیان هه‌ڵچنیوه‌و پێکیشه‌وه پێش ئه‌که‌ون یان دائه‌ڕمێن ، ئه‌وا ئه‌میش ئه‌بێت چاوه‌ڕوانی ساته‌وه‌ختێکی مێژوویی هه‌ره‌سهێنانی خۆی بکات . ناکرێت سیسته‌مێک دڵی به‌وه خۆشکات که به پێکهێنانی ده‌سه‌ڵاتێکی ڕووکه‌شی دیموکراسی وحکومه‌تێکی هێشتا له په‌راوێزدا ناسراوو نیشاندانی په‌رله‌مانێکی گوێ ڕایه‌ڵ ، ئیدی پرسیاره‌کان له سه‌رچاوه‌ی پێکهاته‌ی خۆی دوور خاته‌وه که ته‌نها هێزێکی که‌مینه‌ی بنه‌ماڵه‌یی و ناوچه‌یی هه‌ردوو پایه سه‌ره‌کیه‌که‌ی بوون به سیسته‌م که سیاسه‌ت و ئابوریه له خۆیدا چرکاته‌وه . که دواجار هه‌ر ئه‌مه‌یه مانای سیسته‌م له‌و ده‌سه‌ڵاته ئه‌سه‌نێته‌وه‌و خودی خۆشی ئه‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر مانه‌وه‌و ئایینده‌ی خۆی.
له‌لایه‌کی دیه‌وه ، خۆپیشاندان وانه‌یه‌کی فێر کردین که ئه‌شێت له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کوردی‌دا که‌له مێژووییه‌که‌یدا له جه‌نگه ناوخۆییه بێهوده‌کانی و ئاشتبوونه‌وه ناچاریه‌کانی زیاتر هیچی تر نابینین، دیالۆگ تاکه ڕێگه‌ی دۆزینه‌وه‌و گه‌ڕان به‌دوای پرۆژه‌یه‌کدا بێت که تیایدا به‌ر له‌هه‌موو شتێک شوناسی کوردی بنیاتبنێته‌وه ، پاشان بنه‌ماکانی ئه‌و شێوه ده‌سه‌ڵاته داڕێژێت که تیایدا هه‌موو هێزو پێکهاته‌کانی بتوانن ململانێیه‌کی ئاشتیانه‌ی تێدا بکه‌ن .
خۆپیشاندان ئه‌گه‌ر ڕووداوێکی خۆڕسک بووبێت یان به‌رنامه‌داڕێژراو ، به ساته‌وه‌ختێکی مێژوویی دائه‌نرێت که دووباره کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی خسته‌وه به‌رده‌م پرسیارکردن له خودی خۆیی و له شوناسی و له شوێنی له جوگرافیایه‌کی گه‌مارۆداروو هه‌ڕه‌شه لێکراو که هێشتا ئه‌م تیایدا ئاماده نه‌بووه له قۆناغی ئه‌زموون بوون تێپه‌ڕێت و هێشتا فۆرمێکی ده‌سه‌ڵاتیی به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌ی خۆی نماییش نه‌کردووه ، که له یه‌ک پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا باوه‌ڕی ئه‌وی دی بۆ خۆی به‌ده‌ست بهێنێت.
خۆپیشاندان له زیدنوو کردنه‌وه‌ی پرسیاری کوردبوون و ئایینده‌ی خۆی به‌و شێوازه نائارامی و ناسه‌قامگیریه سه‌رکه‌وتنێکی به‌ده‌ستهێناو ده‌ستکه‌وتێکه بۆ ئه‌م ساته‌وه‌خته که به‌هۆیه‌وه سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆن و پێکهاته‌کانی دی کۆمه‌ڵگه خۆیان بکه‌نه به‌شێک له‌و پرسیاره‌و گه‌ڕان به‌داوی وه‌ڵامه‌که‌یدا .
له خۆپیشاندا ستراتیژی ئۆپۆزیسیۆن شکستی هێنا که بریتی بوو له‌وه‌ی له ڕێگه‌ی ڕیکخستنی توڕه‌یی خه‌ڵک و هه‌ژاندنی شه‌قامه‌وه پرۆژه‌ی به‌دیلی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای کوردی بخاته پراکتیکه‌وه ، به‌واتایه‌کی دی ئۆپۆزیسۆن شکستی هێناله‌وه‌ی ناڕه‌زایی شه‌قام بگۆڕێت بۆ شۆڕش و پرۆژه‌ی گۆڕانی ڕیشه‌یی کۆمه‌ڵگه له ڕێگه‌ی داڕمانی پایه سه‌ره‌کیه‌کانی و دووباره بنیاتنانه‌وه‌یه‌وه ، واته ئۆپۆزیسۆن نه‌یتوانی له شه‌قامدا شۆڕش بخوڵقێنت و به‌ڵکو شه‌قام خۆی نه‌بووه بنه‌مای شۆڕش و هیچ توخمێکی ئه‌و چه‌مکه‌ی له‌خۆیدا کۆنه‌کرده‌وه، وه ئۆپۆزیسیۆن له‌وه‌دا شکستی هێنا که له‌ده ره‌وه‌ی پرۆسه‌و میکانیزمه دیموکراسیه‌کانی ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه بتوانێت ده‌سه‌ڵات و پێکهاته‌کانی بخاته حاڵه‌تێکی قه‌یرانی سه‌رتاسه‌ری و ئیفلیج بوونه‌وه تا خۆی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ی به‌دیلی ئۆپۆزیسیۆندا ، به‌ڵکو تا چه‌ند ئۆپۆزیسیۆن پێداگری له‌سه‌ر سست بوون و نه‌مانی ده‌سه‌ڵات ئه‌کرد، هێنده زیاتر ده‌سه‌ڵات به هه‌موو هێزو پێکهاته‌کانی خۆیه‌وه له‌به‌رامبه‌ر ستراتیژ‌و پرۆژه‌ی ئۆپۆزیسیۆندا خۆی ڕاگرت. به‌ڵام ئه‌مانه مانای ئه‌وه نییه که سیسته‌مه‌که له‌قه‌یراندا ناژی ، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن شکستی هێنابێت له خوڵقاندنی شۆڕشدا به‌ڵام له زه‌قکردنه‌وه‌ی قه‌یرانی سیسته‌مه‌ده‌سه‌ڵاتیه‌که‌ی کوردستاندا ده‌سکه‌وتێکی به‌ده‌ستهێنا که خودی ده‌سه‌ڵاتیشی خستۆته به‌رده‌م پرسیاری خۆبنیاتنانه‌وه له شێواز‌و فۆرمێکی دی‌دا که‌سه‌رجه‌م پێکهاته‌و هێزه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی تیایدا به‌شدار بن . من پێم وایه ئه‌مه سه‌رکه‌وتنێکی ده‌نگی شه‌قامه که به کپ کراوی نه‌مایه‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی هێناوه‌ته سه‌ر یه‌که‌م هه‌نگاوی گۆڕان و چاکسازیه‌ک که ته‌نها له به‌ڵێن و ده‌سکاریه ڕووکه‌شه‌کاندا نه‌مێنیته‌وه ، به‌ڵکو ببێته هه‌نگاوێکی به‌رجه‌سته‌ی ده‌ستکاری کردنی ڕیشه‌یی و بونیادیانه‌ی زۆر له پایه‌کانی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی و ئابوری ده‌سه‌ڵات ، به‌ڵام به به‌شداری کردنی گشت پێکهاته‌کان له‌و پرۆسه‌یه‌دا . لێره‌وه خۆپیشاندانه‌کان له‌هه‌مان کاتدا که سه‌رکه‌وتنی چه‌مکی دیالۆگی به‌سه‌ر هه‌موو کاراکته‌که‌راکاندا سه‌پاند وه‌کو تاکه ڕێگه‌یه‌کی چاره‌سه‌ر بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ، به‌ڵام له هه‌مان کاتیش‌دا شکست و مه‌رجی وه‌لاخستنی هه‌ردوو پرۆژه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنی وه‌کوتاکه به‌دیل سه‌پاندووه ، وه‌کو هه‌نگاوی سه‌ره‌کی بۆ چوو‌نه ناو مێژوویه‌کی دیه‌وه.
واته پرۆژه‌ی ئۆپۆزیسیۆن که خاڵه سه‌ره‌کیه‌کانی بریتیه له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و له‌گۆڕنانی سه‌رجه‌م سیسته‌مه ده‌سه‌ڵاتیه‌که‌ی ئێستای کوردستاندا به هه‌نگاوی ده‌ستپێ کردن و مه‌رجی چوو‌نه ناو پرۆسکه‌وه ، پرۆژه‌یه‌که ئه‌وه‌نده‌ی که له‌لایه‌که‌وه له واقیعی ئێستای کوردی و پێکهاته ده‌سه‌ڵاتیه‌که‌ی نزیک نابێته‌وه هێنده‌ش زیان به به‌رجه‌سه‌ته‌بوونی خواسته‌کانی خۆی ئه‌گه‌یه‌نێت و ڕێگاکانی له خۆ دواندنی لێ دوور ئه‌خاته‌وه . شکستی ئۆپۆزیسیۆن له خۆپیشاندانه‌کاندا هه‌قه ببێته وانه‌یه‌ک بۆ ئۆپۆزیسیۆن که خودوورخستنه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی سیاسی و له‌و هه‌ل و مه‌رج و پێکهاته ده‌سه‌ڵاتیه‌ی سیسته‌می سیاسی کوردستانی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه ، ته‌نها ده‌رگا داخستنێکه له‌سه‌ر خۆی و خۆ فڕیدانه ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و جووڵه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی ئێستای کورد که تیایدا پێکهێنانی شوناسی خۆی پیاده ئه‌کات ، ئه‌مه له کاتێکدا که ئۆپۆزیسیۆن خۆی ئه‌زانێت ده‌سه‌ڵات توانای هه‌یه تا ساتی به‌رده‌وام بوونی ئه‌م شێوازه حوکمکردنه‌ی که دواجا ته‌نها خودی خۆی ببێته هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌کی له‌سه‌ر خۆی ، به بێ ئۆپۆزیسیۆن پرۆسه سیاسی و ئابوری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداریه‌کانی کۆمه‌ڵگه به‌رده‌وامی پێ بدات . بۆیه گه‌ڕانه‌وه بۆ دیالۆگ له ناو سنوره‌کانی مومکینی سیاسه‌تدا هه‌لێکه بۆ ئۆپۆزیسیۆن که ببێته به‌شدراێکی جیدی دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هه‌موو شانه سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ، ئه‌ویش له لایه‌که‌وه به چوو‌نه ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه وه‌کو کاراکته‌ری چالاک و خاوه‌ن پرۆژه‌یه‌کی بنیاتنه‌ر بۆ ئایینده و پراکتیککردنی گۆران له‌ناو خودی ئه‌و سیسته‌مدا نه‌ک له‌ده‌ره‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی داخوازی له ڕیشه‌وه هه‌ڵته‌کاندنی به بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئامرازێکی دی هه‌بێت بتوانێت ببێته جێگره‌وه‌ی . بۆ نموونه کاتێک ئۆپۆزیسیۆن داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌ت و هه‌موو دام و ده‌سگا ئه‌منی و پێشمه‌رگه‌یی و ڕاگه‌یاندنه‌کانی و دانانی حکومه‌تێکی بێ لایه‌ن ئه‌کاته مه‌رجی سه‌ره‌کی ده‌رباز بوون له‌و قه‌یرانه ، ئه‌مه خۆی ئه‌و هێزانه ی ئۆپۆزیسیۆن ڕووبه‌ڕووی دژه ڕاکانی خۆیان ئه‌کاته‌وه به‌وه‌ی که حیزب به هه‌موو شانه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا شۆڕ بۆته‌وه و هیچ شتێک نییه له ژیانی کۆمه‌ڵدا به حیزبی نه‌کرابێت. که‌واته له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که حیزب نه‌ک هه‌ر ته‌نها ئامرازێکی ململانێ و ڕێکخستنی کۆمه‌ڵ بێت ، به‌ڵکو خۆی بووبێته هه‌ڵگری فۆرمی کۆمه‌ڵگه به هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه ئیدی چ حکومه‌تێکی بێ لایه‌ن له ناو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی وا به‌حیزبی کراودا دروست ئه‌کرێت وه چ حکومه‌تێکی بێ لایه‌ن ئه‌توانێت له ژێر سێبه‌ری ئه‌و کۆمه‌ڵگه حیزبیه‌دا حوکم بکات و له قه‌یرانی بێ سیسته‌می ڕزگاری بکات؟ که‌واته له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م خواسته یۆتۆپیه‌وه ، تاکه چاره ئه‌وه‌یه که هه‌موو پێکهاته‌و هێزه‌کان خۆیان ببنه به‌شێک له ده‌سه‌ڵات و به‌شێک له پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی که ته‌نها له پرۆژه‌یه‌کی ده‌سته‌جه‌معیدا دێته دی . پرۆژه‌یه‌ک که ئۆپۆزیسیۆن نه‌یتوانی نه به ڕێگه‌ی ناڕه‌زاییه دیموکراسیه‌کان و نه به پێداگری له‌سه‌ر عینادی سیاسی و نه به شکستی له خوڵقاندنی شۆڕشدا به‌دی بهێنێت . له لایه‌کی دیشه‌وه خۆپیشاندان ئه‌و قه‌یرانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نیشاندا که ئه‌ویش واته ده‌سه‌ڵات ئه‌شێت له حاڵه‌تی ئێستایدا و له فۆرمی ستراتیژی دوو هێزی سیاسی لێک نه‌چووو ناکۆکدا که یه‌کیان گرتووه له‌سه‌ر خه‌فه کردنی ناکۆکیه‌کانیان ، بتوانێت ده‌سه‌ڵات پیاده بکات ، به‌ڵام له لایه‌که‌وه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته تووشی قه‌یران و ئیشکالیه‌تی بێ سیسته‌می بووه‌و له لایه‌کی تریشه‌وه هه‌میشه له ژێڕ هه‌ڕه‌شه‌ی داڕماندایه ، و جگه له‌مانه‌ش له ئێستادا که باس له چاکسازی و گۆڕان و بنیاتنانه‌وه‌ی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی ده‌سگایی و کۆتایی هێنان به په‌رت بوونی ئیدرای و گه‌نده‌ڵی ئه‌که‌ین ، ئه‌وا خۆپیشاندان ئه‌و ڕاستیه‌ی پێ ووتین که ئه‌م دوو هێزه به ته‌نیا و به یه‌ک پرۆژه‌ی خۆیانه‌وه ناتوانن ئه‌و پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌یه ئه‌نجام بده‌ن و به‌جێ هێشتنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له‌م ساته‌وه‌خته مێژوویه‌دا که کورد له‌به‌رده‌م پرسیاری خود بنیاتنانه‌وه‌دایه به‌ته‌نیا بۆ ئه‌و دوو هێزه مه‌ترسیه‌که بۆ سه‌ر ئاینده‌ی ئه‌وان و کورد که تیایدا هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌کانیش به‌شدار ئه‌بن له دواخستن و دوورخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی له خود ڕێک خستن له فۆرمێکی شوناسی یه‌ک نه‌ته‌وه‌یی و یه‌ک ده‌سه‌ڵاتیدا.
ئه‌م دوو هێزه ناتوانن به ته‌نیا ئه‌م ساته مێژوویه‌ی ئێمه بنیات بنێن به‌ڵکو ئه‌وه پرۆسه‌یه‌کی ده‌ست جه‌معیه‌و پێویستی به به‌شداری کردنی گشت هه‌یه به پێكهاته کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مه‌ده‌نیه‌کانه‌وه .
داڕشتنی بونیاده سیاسی و ده‌سگاییه‌کان و شێوازی ده‌سه‌ڵاتی حوکم له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا به تایبه‌تی وه‌کو کورد که هێشتا له قۆناغی گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و فۆرمه‌و پێکهێنانیدایه، له پرۆسه‌یه‌کی ده‌سته‌جه‌معیدا به‌رجه‌سته ئه‌کرێت که تیایدا نه‌ک ته‌نها ده‌سه‌ڵات به‌ڵکو ئۆپۆزیسیۆن و هه‌موو پێکهاته مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵاتیه‌کانیش ماف و ئه‌رکی به‌شدرای بوونیان له‌و پرۆسه‌یه‌دا هه‌یه ،چونکه لێره‌دا پرسیاره‌که گۆڕینی ده‌سه‌ڵات و یان به چه‌مکه دیموکراسیه‌که‌ی ده‌ستاو ده‌ستپێ کردنی نییه له نێوان هێزه سیاسیه ڕکابه‌ره‌کاندا ، به‌ڵکو پرسیاره که بریتیه له خودی بنیاتنانی شێوازی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته که ئه‌بێته چه‌ترێکی ئارام له ئایینده‌دا بۆ پراکتیککردنی ئه‌و ململانێ سیاسیانه. ئه‌وه‌ندی هه‌یه ئێمه هێشتا خاوه‌نی چه‌ترێکی سیاسی ئارام و ماڵێکی یه‌کگرتوو و نین که تیایدا دوور له مه‌ترسیه‌کان دروشمی ڕوخاندنی یه‌کدی به‌رزکه‌ینه‌وه ، که له پرۆسه سیاسیه ئارامه‌کاندا دروشمێکی ڕه‌واو ستراتیژیه. ئومێد ئه‌که‌ین دوا وانه‌ی خۆپیشاندان ببێته هه‌نگاوی پێکهێنانی ئه‌و چه‌تره ئارامه بۆ گشت .