زنجیرە دراماى ئارەزوو
…. بەرهەمی هونەریی نوێی ئەرسەلان دەروێش
بۆ روناكى خستنە سەر بە پرسى باوكسالاریی و ئەو ستەمكارییەى دەرهەق بەئافرەت دەكرێت لەكۆمەڵگەى كوردەواریدا و بە پشتیوانى سەرۆكایەتى حكومەتى كوردستان ، دەرهێنەری ناسراو ئەرسەلان دەروێش چەند هەفتەیەكە تۆماركردنى دیمەنەكانى زنجیرەدراماى ( ئــــــارەزوو ) ى لە شارى سلێمانى دەستپێكردووە ، ئەم بەرهەمە لە نووسین و سینارێۆى هونەرمەند عەباس عەبدولڕەزاق-ە و نواندنى كۆمڵێك لە ئەستێرەكانى دراماى تەلەفزیۆنى كوردییە لەوانیش هونەرمەندان : ئەحمەد سالار، تەها خەلیل، عومەر دڵپاك ، یونس حەمەكاكە ، سوهەیلە حەسەن ، نەرمین كاوانى ، ئسماعیل قادر ، ئاشتى عوسمان دانش ، عەبدولقادر مستەفا ، یاسین بەرزنجى ، زاهیر عەلى، ئاشنا رەئوف ، بان غازى ، نیشتمان عەبدوڵڵا،كانیاو محمەد ، كاردینا محەمەد ، سروە عەبدولرەحیم ، تاریق عەلى ، ئەحمەد رەفیق ، حەمەسەعید ئیبراهیم ، راستى یاسین ، سازكارتەها، وئەحمەد ئیبراهیم و چەند ئەكتەرێكى تر. لەپشتى كامیراشەوە هونەرمەندان : ع ج سەگرمە بۆ كاریدانانى میوزیك و رزگارمەحموود وەك یایدەدەرى دەرهێنەر و هێڤى عەزیز وەك وێنەگرتن و مۆنتاز بەشدارن سەرەڕاى دەستەیەكى تر لە هونەركارانى بوارەكانى تردراماكە لەوانیش : ئەڤین غەریب ، دانا سەڵاح ، هێمن نەوزاد، پێشەوا عومەر ،سەركەوت حەمەسعید .
ئەرسەلان دەروێش لە وتەیەكى كورتدا دەربارەى ئەم بەرهەمە تازەیە وتى :
زنجیرەدراماى ئارەزوو كارێكى هونەریی كۆمەڵایەتییە ،لەشەش ئەڵقەى تەلەفزیۆنى درێز پێك دێت ،تەواوى ئامادەكاریمان وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانى بە شێوازێكى شیاو لە رووى هونەرییەوە بەتایبەتى كە دەستەیەكى ناسراو و بەئەزموون لەهونەرمەندانى كوردستان لە شارى سلێمانى بەشداری تیادا دەكەن ،دیمەنەكانى ئەم زنجیرەیە لە گوندى چنگیان و دەشتى كۆیە و ستۆدیوَیكى بچكۆلانەى شانۆى سالار تۆماردەكرێت ، بە پێویستى دەزانم سوپاسى سەرۆكایەتى حكومەتى كوردستان و وەزارەتى دارایی بكەم
كە پشتیوانیان لەم بەرهەمەكردووە ، هەروەها سوپاسى براى هونەرمەند هەڵكەوت زاهیر راوێزكاری هونەریی سەرۆكى حكومەتى كوردستان و تەلەفزیۆنى پەروەردەیی سلێمانى و تێكرای هونەرمەندە بەشدارەكان دەكەم بۆ ئەو دڵسۆزییەى سەبارەت بە بەرهەمهێنانى ئەم زنجیرەیە نواندویانە . هیوادارم كارەكە لەرووى هونەریی و ناوەرۆكەوە شایستەى بایەخپێدانى جەماوەرى كوردستان بێت.