سه‌ره‌تا ديالۆگ هه‌بوو
به‌ڕۆژ ئاکره‌یی زێتر وه‌ک شاعیر له نێو ئێمه‌دا ناسراوه، (ئێمه لێره‌ين) به کوردی يێكه‌مين به‌رهه‌می چیرۆکیه‌تی. من ئاگاداری ئه‌وه‌م ناوبراو یێک بووه له‌و که‌سانه‌ی له کن هۆشه‌نگ گوڵشیری وانه‌ی له باره‌ی چیرۆکه‌وه خوێندووه. بێگومان ئه‌وه‌یش کاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌ڕۆژ به جێ هێشتووه. نووسینی چیرۆک له کن گوڵشیری هه‌روا ساده و ساکار نه‌بووه، به‌ڵکوو وردی و ته‌کنیکی زۆری به کار بردووه. واته ئه‌وه‌ی لای گوڵشیری گرنگ بووبێ، ته‌کنیک بووه، نه‌ک تێمای چیرۆک. بێگومان تێمای گرنگيی خۆی هه‌یه، لێ تێما ئه‌وه‌نده زۆره ده‌کارێت هه‌موو چرکه‌یێکی ژیانمان، دانیشتنمان، هه‌ڵسانمان، تووڕه‌بوونمان، بیرکردنه‌وه‌مان…تاد بکه‌ین به تێمای چیرۆک، به‌ڵام ئه‌وه گرنگه به چ ته‌کنیکێک به چیرۆکی ده‌که‌ین. به هونه‌ریکردنی چیرۆک له ڕێی ته‌کنیکه‌وه به ئه‌نجام ده‌گات، ئه‌وه‌يش بێگومان شارهزایيی خۆی ده‌وێت. هه‌موومان ده‌زانین گوڵشیری تاقه‌تێکی له ڕاده‌به‌ده‌ری بۆ گوێگرتن له چیرۆکان هه‌بوو، ته‌نانه‌ت کاتی وا هه‌بووه خه‌ریکی ماڵبارکردن بووه و له‌به‌ر ده‌ركه گوێی له چیرۆک خوێندنه‌وه گرتووه. ئه‌مانه هه‌موويان کاریگه‌رییان ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی له کنی وانه‌ی چیرۆکیان خوێندووه.
زنجیره‌چیرۆکی (ئێمه لێره‌ین) سه‌ره‌تا به فارسی نووسراوه، پاشان نووسه‌ر خۆی دانيشتووه و به کوردی کردووه. به‌ڕۆژ دوو به‌رهه‌می چیرۆکی هه‌ن (ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم) هه‌ردووکیانی به فارسی نووسیون. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی سه‌ره‌وه تازه به کوردی کراوه و له لايه‌ن ده‌زگه‌ی ئاراسه‌وه له چاپ دراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه له ژێر نێونیشانهکهیدا نووسراوه: (کۆمه‌ڵه‌چیرۆک)، ئه‌مه‌يش به ڕای من هه‌ڵه‌یێکی گه‌وره‌یه و غه‌درێکه هه‌م له به‌رهه‌مه‌که و هه‌م له چیرۆکنووسیش کراوه، چونکوو ئه‌م به‌رهه‌مه زنجیرهچیرۆکه، نه‌ک کۆمه‌ڵه‌چیرۆک. چیرۆکه‌کان هه‌موویان وه‌کوو فیلمێکی سینه‌مایی پێوه‌ندییان به یێکه‌وه هه‌یه. بۆیه ده‌کارا ده‌زگه‌ی ئاراس پێش چاپبوونی به‌رهه‌مه‌که نیشانی چیرۆک‌نووس یان که‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕی له‌و بواره دابایه، بۆوه‌ی سرنج و تێبینیی خۆیان له باره‌وه نووسیبا. من دڵنیام که‌سانێک له‌و چاپخانه‌یه کار ده‌که‌ن و بڕیار له‌سه‌ر چاپبوونی ئه‌و به‌رهه‌مانه ده‌ده‌ن كه چ پێوه‌ندییه‌کیان به ئه‌ده‌به‌وه نييه، چ جای شاره‌زايی له‌مه‌ڕ چیرۆک و ته‌کنیکی چیرۆکه‌وه. بۆیه ئه‌و ده‌زگه‌یه و ته‌واوی پهخشگهكانی تر ده‌بێ له بیری ئه‌وه‌دا بن، چه‌ند لێژنهیێکیان هه‌بێ، وه‌کوو لێژنه‌ی چیرۆک و ڕۆمان، لێژنه‌ی شیعر، لێژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه…تاد، ئه‌ندامانی ئه‌و لێژنانه ده‌بێ له‌و بوارانه‌دا که‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕ بن. بۆ نموونه ده‌بێ لێژنه‌ی چیرۆک و ڕۆمان چه‌ند ئهندامێکيان هه‌بێ، كه له چیرۆک و ڕۆماندا شاره‌زا و پسپۆر بن، مه‌رجیش نییه ئه‌و ئه‌ندامانه که‌سانی ئه‌کادیمی بن، به‌ڵکوو که‌سانی به ئه‌زموونمان له‌و بوارانه‌دا هه‌ن.
له‌م زنجیرهچیرۆکهدا گێڕه‌ره‌وه که‌سێکه له خانه‌ی په‌ککه‌وتان کار ده‌کا. ئه‌ویش به بردنی خواردن و سه‌ردانیکردنیان بۆ ماڵی هه‌ریێک له‌و په‌ککه‌وتانه، ئه‌م کاره‌یشی وه‌کوو کارمه‌ندێکی حکومیی ده‌کا. ماوه‌ی کاره‌که‌ی (٨) کاتژمێره، له کاتژمێر (٨،٣٥ تا ١٦،٣٥) خوله‌ک. ڕۆیشتنی بۆ ماڵه‌کان به نۆبه‌ته، واته به پێی خشته‌یه، هه‌رچه‌نده هیچ ئاماژه‌یێک به خشته نه‌دراوه. من لێره‌دا نامهه‌وێ تێمای چيرۆكه‌كان به‌ر باس بده‌م، چونکوو هه‌موو چیرۆکه‌کان یێک گێڕه‌ره‌وه و تێمايان هه‌یه، ئه‌ویش خزمه‌تکردن و یارمه‌تیدانی په‌ککه‌وتانه. ئه‌وه‌ی به لای ئێمه‌وه گرنگه، ئه‌وه‌يه كه به‌ڕۆژ له‌م چیرۆکانه‌دا چ ته‌کنیکێکی به‌کار بردووه.
نێونیشانی كتێبه‌كه (ئێمه لێره‌ین) ده‌نگ و هاواری هه‌موو ئه‌و پهککهوتانهیه، که ده‌نگیان به‌رز ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وان له ماڵێک له ماڵه‌کانی ئه‌و شاره‌ن و پێویستیان به یارمه‌تییه، وه‌رام و هاوارێکه بۆ سه‌لماندنی بوونی خۆیان، چونکوو ئه‌وان له لایه‌ن کوڕ و کچ و خێزانیانه‌وه فه‌رامۆشکراون، ته‌نانه‌ت له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌یشه‌وه. له ڕێی ئه‌م هاواره ده‌یانه‌وێ بوونی خۆیان بسه‌لمێنن، لێ ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره، ئه‌وه‌يه، ئاخۆ ئه‌م هاواره ده‌بێته سه‌لمێنه‌ری بوونی ئه‌وان؟ به واته‌یێکی تر، که‌س گوێی له هاواری ئه‌وانه؟ که‌س ئه‌و ده‌نگه‌ی ئه‌وان ده‌بیستێ؟ ئه‌گه‌ر ده‌یبستن به پیر ئه‌م ده‌نگانه‌وه ده‌چن؟ ئێمه ده‌بینین که‌س هه‌ست به بوونی ئه‌وان ناکا. گێڕه‌ره‌وه که سه‌ردانیان ده‌کا، ته‌نێ بۆ مه‌به‌ستی کارکردنه، ئه‌و وه‌کوو کارمه‌ندێک کاره ده‌کا، دواتر له ڕێی ئه‌وه‌وه ئێمه گوێمان له‌و هاواره‌ی ئه‌وان ده‌بێ. گێڕه‌ره‌وه له ڕێی ته‌کنیکی دیالۆگه‌وه، هه‌موو ڕوویێکی ژیان و هاواری ئه‌وانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. خاوه‌نی ئه‌م ده‌نگانه کۆمه‌ڵگه به ته‌واوی په‌راوێزی خستوون، ئه‌وپه‌ڕی ناڵه و کڕوزانه‌وه‌ی ئه‌وانه بۆ یارمه‌تی خواستن، به‌ڵام له‌و وه‌رامه‌ی ئه‌واندا هه‌ست به‌وپه‌ڕی دووریی ئه‌و که‌سانه ده‌که‌ین، چونکوو ئه‌و په‌ککه‌وتانه، ته‌نێ له لایێنی خواردن و خواردنه‌وه‌وه کێماسییان نییه، به‌ڵکوو له لایێنی ڕۆحی، کۆمه‌ڵایێتی و ده‌روونييه‌وه هه‌مان گرفتیان هه‌یه. ئه‌وان زۆر له خه‌ڵک و کۆمه‌ڵه‌وه نزیکن، به‌ڵام که‌س هاواری ئه‌وان نابیستێ، ئه‌مه‌يش به‌شێکی بۆ ئه‌و که‌شه‌ی مرۆڤی ئێستا تێی که‌وتووه ده‌گه‌ڕێته‌وه، که نێویان ناوه، مۆدێڕن و ته‌کنه‌لۆژیا و جیهانگه‌رایی.
له‌م زنجیرهچیرۆکهدا ئه‌وه‌ی وه‌کوو ته‌کنیک به‌کار بردراوه، پرسیاره. هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی گێڕه‌ره‌وه سه‌ردانیان ده‌کا، هه‌ڵگری چه‌ند پرسیارن، چونکوو ئه‌و که‌سانه له نێو پرسیاری به‌رده‌وامدا ده‌ژین. له گه‌ڵ ڕابردوو و بيرهوهريی خۆیاندا ده‌ژین. هه‌ر له یێکه‌م چیرۆکدا تووشی پرسیاری (کێیه؟) ده‌بین، به‌درێژاییی زنجیرهچیرۆکهکه پرسیاری ( کێیه؟ تۆ کێی؟… تاد) ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه. ئه‌مه‌يش بونیادی چیرۆکه‌که به‌هێز ده‌کا، به‌و مانایه‌ی دیالۆگ درووست ده‌بێ، له‌وێشه‌وه شاره‌زای باری ده‌روونیی که‌سه‌کان ده‌بین و هه‌ست به نامۆییی ئه‌و که‌سانه ده‌که‌ین. ده‌بینین هێندێکیان شڵه‌ژانی ده‌روونیان پێوه دیاره، ئه‌مه‌يش بۆ ئه‌و تهنیایيیهی تێیدا ده‌ژین ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ریێک له‌و که‌سانه ده‌ردێکی هه‌یه و پێوه‌ی ده‌ناڵێنێ، ئه‌م ناڵاندنه بۆ لاوازیی پێوه‌ندیی کۆمه‌ڵایێتی له دنیای مۆدێڕن‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه.
بونیادی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆکانه له‌سه‌ر ديالۆگه. ديالۆگ ته‌کنیکێکی گرنگه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یێکی هونهریيانه مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵدا بکرێت. باختین ديالۆگ به بنه‌ڕه‌تێکی سه‌ره‌کیی ڕۆمانی فره‌ده‌نگی داده‌نێ، هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی ئێمه به‌رباسمان داوه زنجیرهچیرۆکه، لێ چیرۆکه‌کانی نێو ئه‌م زنجیرهيه ڕایه‌ڵێکی گشتی به یێکهوهیان ده‌به‌ستێته‌وه. ته‌کنیکی دیالۆگ زۆر لایێنی کاره‌کته‌رمان بۆ ئاشکرا ده‌کا، هه‌ر له باری ده‌روونييه‌وه بيگره تا ئاستی ڕۆشنبیری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری. دیالۆگ گۆکردنێکی هونهریيانهیه بۆ ده‌رخستنی ڕاستيیهکان له چوارچێوه‌یێکی جوانیناسانه‌دا، ڕه‌نگه ئه‌و ديالۆگه زۆر سادهيش بێ، لێ کاریگه‌ريی خۆی هه‌یه. کاتێک ئه‌و ده‌نگانه به هۆی ته‌کنیکی ديالۆگه‌وه له گه‌ڵ یێکدا ده‌که‌ونه په‌یڤین، هه‌ر ده‌نگه و ته‌عبیر له بۆچوونی خۆی ده‌کا. گێڕه‌ره‌وه له گه‌ڵ یازده که‌سی جوایه‌ز له ڕووی ده‌روونییه‌وه ده‌که‌وێته ديالۆگ، زۆربه‌ی ديالۆگهکانیش له‌سه‌ر پرسیار هه‌ڵچنراون، ئه‌مه‌يش تاکهڕێیه بۆوه‌ی بتوانین زانیاری له باره‌ی ئه‌و که‌سانه‌وه‌ی ئاخاوتنیان له گه‌لدا ده‌کا وه‌ده‌ست بخه‌ین، چونکوو له ديالۆگدا هه‌ر په‌یڤێک ده‌بێته زه‌مینه بۆ په‌یڤی دوای خۆی، واته هه‌ر په‌یڤێک په‌یڤی تر به‌داوی خۆیدا ده‌هێنێ، لێرهوهيش چیرۆک‌نووس ته‌کنیکی فره‌ده‌نگی پێڕه‌و کردووه، هه‌رچه‌نده ئه‌م ته‌کنیکه زێتر بۆ ڕۆمان ده‌گونجێ، چونکوو پانتاییی ڕووداوه‌کان، کاره‌کته‌ره‌کان زێتره وه‌ک له چیرۆک، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆکانه له چیرۆکی تر جوایه‌ز ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه‌يه: ڕایه‌ڵێکی گشتی هه‌موو چیرۆکه‌کان به یێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، وه‌کوو فیلمێکی سینهمایيیه، هه‌ست ده‌که‌ین چیرۆک‌نووس کامێرایێکی له ده‌سته و به زنجیره ئه‌م ڕووداوانه‌مان پیشان ده‌دا، بۆیه ده‌ڵێم ته‌کنیکی فره‌ده‌نگی به‌کار بردووه. ده‌بینین گێڕه‌ره‌وه ئه‌و ده‌سته‌ڵاته ڕه‌هایه‌ی نییه، تا ڕووداوه‌کان، کاره‌کته‌ره‌کان به‌ڕێوه ببا، به‌ڵکوو خۆیشی ده‌نگێکه، کاره‌کته‌رێکه له نێو کاره‌کته‌ر و ده‌نگه‌کانی تردا. کاره‌کته‌ره‌کان خاوه‌ن ده‌نگ و بۆچوونی خۆیانن، هه‌رچه‌نده له ڕووی ده‌روونییه‌وه زۆربه‌یان شڵه‌ژانی دهروونیيان پێوه دیاره، له‌وێوه کاره‌کته‌ره‌کان سه‌ربه‌خۆییی په‌یڤینی خۆیان هه‌یه.
له به‌شی (سێزده و پێنج خوله‌ک)دا له لاپه‌ڕه (٥٣) هه‌ست ده‌که‌م چیرۆک‌نووس که‌وتووه‌ته نێو هه‌ڵه‌یێکی گێڕانه‌وه‌وه، کاتێک ده‌ڵێت:
((وا هاتم ئێستا ده‌یکه‌مه‌وه.))
له‌سه‌ر پلیکانه‌کان ئه‌م پێ و ئه‌و پێ ده‌که‌م. ده‌زانم گۆچانه‌که‌ی ده‌ستاوده‌ست ده‌کا و تا قورسایییه‌که‌ی ده‌خاته سه‌ر پێیه‌که‌ی تر شتێک ده‌ڵێ…))
ده‌بینین گێڕه‌ره‌وه له‌پشت ده‌ركه وه‌ستاوه و چاوه‌ڕێی ده‌ركه کردنه‌وه‌یه، کاره‌کته‌ری به‌رابه‌ری لێ دیار نییه، هێشتایش ده‌ركه نه‌کراوه‌ته‌وه، گێڕه‌ره‌وه که کاره‌کته‌ری لێ دیار نییه، چۆن ده‌زانێ گۆچانه‌که‌ی ده‌ستاوده‌ست ده‌کا، یان هه‌ر چه‌ند ڕسته‌یێک دواتر ده‌ڵێت: (ئێستا قورسایییه‌که‌ی خستووه‌ته سه‌ر پێیه‌که‌ی تر و ده‌ست هه‌ڵدێنێ.) ئه‌مانه له ڕووی قه‌ناعه‌تپێکردنی خوێنه‌ره‌وه کاریگه‌ری ده‌بێ، واته خوێنه‌ر قه‌ناعه‌تی له کن لاواز ده‌بێ، چونکوو گێڕه‌ره‌وه کاره‌کته‌ری لێ دیار نییه، چۆن له‌ودیو ده‌ركه‌وه ده‌زانێ گۆچانه‌که‌ی ده‌ستاوده‌ست ده‌کا، یان قورسایی ده‌خاته سه‌ر پێیه‌که‌ی تری. گێڕه‌ره‌وه، گێڕهرهوهیێکی هه‌مووشتزان نییه، تا بێژین ئاگاداری هه‌موو تشتێکه.
لایه‌نێکی جوانی ئه‌م زنجیرهچیڕۆكه ئه‌وه‌یه، کاره‌کته‌ره‌کان نه نێویان هه‌یه، نه به ڕاناویش دیارکراون، ته‌نێ له چیرۆکی (نۆ و بیست خوله‌ک)دا که کاره‌کته‌ر به (مادام) نێو ده‌هێندرێ، هه‌روه‌تر له چیرۆکی (یازده و پێنج خوله‌ک)دا کاره‌کته‌ر به (کاپتێن) نێوی ده‌هێندرێ. ده‌نا له هه‌موو چیرۆکه‌کانی تر کاره‌کته‌ره‌کان ته‌نێ ده‌نگن، یێکسه‌ر به‌شدار ده‌بن له دیالۆگدا و له‌وێوه هه‌ست به بوونیان ده‌که‌ین. ئهمهيشیان هه‌روه‌کوو ته‌کنیک به‌کار بردراوه، ناسنامه و که‌سایه‌تی هه‌ر یێکهیان ئاشکرا نییه. چیرۆک‌نووس ئیشی له‌سه‌ر که‌سانێک کردووه که یێک خه‌میان هه‌یه، ئه‌ویش پهراوێزکردنیانه، کۆمه‌ڵێک پرسیاریان هه‌یه، به‌ڵام که‌س گوێیان پێ نادا، که‌س وه‌رامێکی بۆ ئه‌وان پێ نییه، که‌س ده‌نگیان نابیستێ. ئه‌م کاره‌کته‌رانه به درێژاییی ڕۆژ و شه‌و ته‌نیان، ته‌نێ ئه‌و کاتانه نه‌بێ که گێڕه‌ره‌وه سه‌ردانیان ده‌کا، بۆیه‌يش چیرۆک‌نووس ته‌نێ ده‌نگی بۆ داناون، چونکوو ئه‌وان وه‌کوو بوونێکی فیزیکی له یادکراون، ته‌نێ ده‌نگیان بۆ ماوه‌ته‌وه، له ڕێی ئه‌م ده‌نگه‌وه هاوار ده‌که‌ن: ئێمه لێره‌ین. تاکه‌که‌س گوێی له ده‌نگيان بێ، گێڕه‌ره‌وه‌یه. له به‌شی کۆتاییدا ئه‌و پرسیاره ده‌کا: (کوێ؟) لهوێوهيش گێڕه‌ره‌وه ده‌هه‌وڵدایه ده‌نگی تر بدۆزێته‌وه.