
نەزەند بەگیخانى لەدیدارێكى تایبەتدا:
لە پرۆسەى نووسینى شیعر بەزمانى ئینگلیزى، من فێرى سادەیى بووم لەداهێنانى شیعریدا
ئامادەكردنى: ئیدریس عەلی….
نەزەند بەگیخانى لەپێشەكى كتێبى شیعرى خۆیدا بەناوى" زەنگۆڵى وتن" ئاماژە بەسەرەتاى نووسینى شیعرى خۆى دەكات‌و دەڵێت" من لەتەمەنى چواردە ساڵییەوە شیعر دەنووسم، بەڵام لەكۆتایى هەشتاكانەوە بلاو دەكەمەوە" نەزەند هۆكارى ئەم بڵاونەكردنەوەش بۆ هەڵوێستى تایبەتى خۆى دەگێڕێتەوە كە نەیویستووە لەرۆژنامەو گۆڤارەكانى بەعسدا نووسین‌و شیعرەكانى بلاو بكاتەوە.
نەزەندى شاعیر كە ئێستا لەئەوروپا دەژىو زۆربەى شیعرەكانى بەزمانى ئینگلیزى دەنووسێت، لەلایەن رەخنە گرە ئەوروپاییەكانەوە گرنگى پێدەدرێتو بەچاوێكى تایبەتەوە دەڕواننە شیعرەكانىو قسەى لەسەر دەكەن، لەم رێگەشەوە ئەم شاعیرەمان توانیویەتى لەنێوەندى ئەدەبى بیانی‌دا ببێتە دەنگێكى كوردانە.. نەزەند بەگیخانى خاوەنى سىَ دێوانى شیعرى كوردییە" زەنگۆڵى وتن"یش، دواین دیوانیەتى كە لەلایەن چاپخانەى رەنجەوە چاپ‌و بڵاوكراوەتەوە، لەم دیوانەدا كۆمەڵێك تێكستى شیعرى دەخوێنرێتەوە كە پێشتر بەزماى ئینگلیزى نووسراون، دواتر لەلایەن خودى شاعیرەوە كراونەتەوە بەكوردى، لەگەڵ كۆمەڵێك شیعرى نوىَ.. هەر لەم دیوانى شیعرییەدا چەند باس‌و لێكۆڵینەوەیەك بلاوكراوەتەوە كە نووسەرانى بیانى‌و كورد لەسەر شیعرەكانى نەزەند نوسیویانە، لەوانەش (ریچارد مەكەیین) كەشاعیرو وەرگێڕێكى دیارى ئینگلیزە، كەئاماژە بەكاریگەرىو ئاست بەرزى شیعرەكانى نەزەند دەكات‌و دەڵێت" لەناو شیعرەكانى نەزەند بەگیخانیدا زەمەن هەڵدەقوڵىَو رووبار‌ى منداڵى ئەو دەبێتە دیجلەى پڕ تەوژمو دواتر لەقەراغى ( لواغ)و كەنارەكانى ئۆقیانووسى ئەتلەنتیك لەمەنفا خۆى دەبینێتەوە" نووسەرو رووناكبیرى كوردیش ئەحمەدى مەلا لەكورتە باسێكى خۆیدا لەسەر شیعرەكانى نەزەند دەڵێت" یەكێك لەسیما بەرچاوەكانى شیعرى نەزەند، كێشەكانى زەمەنە" دواتر ئەحمەدى مەلا بەوردىو وشیارییەكى زۆرەوە شۆڕدەبێتەوە ناو لایەنەئیستاتیكىو هونەرییەكانى شیعرەكانى نەزەندو وەك دەنگێكى شیعرى جدى‌و ئامادە باسى دەكات‌و بەشاعیرێكى سەركەوتووى وەسف دەكات.
سەبارەت بە كتێبى زەگۆڵى وتن چەند پرسیارێكمان لەرێگەى ئیمەیلەوە ئاراستە كرد، ئەگەرچى ئەم جۆرە گفتوگۆیانە ئەگەر رووبەروو نەبێت جۆرە ساردییەكیان پێوەدیارەن بەڵام بەهۆى ئاستى رۆشنبیرى وەلامەكانییەوە نەزەند گەرمو گوڕییەكى داوە بەم چاوپێكەوتنە.
پرسیار: هه‌ندێک له شیعره‌کانت له دیوانێکی پێشووتدا بڵاوبوونه‌ته‌وه و له‌م تازه‌یه‌دا دووباره بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام به ده‌ستکارییه‌وه. ئه‌م پرۆسه‌ی ده‌ستکاریکردنه لای خۆت چۆن لێکده‌ده‌یته‌وه، ئایا په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه که دواتر له‌و ده‌قانه‌ت رازی نه‌بوویت و که‌موکوڕیت تێدا بینونهتهوه؟
وەلام: له راستیدا ئه‌مه شتێک بوو به بێ پلان و بیرلێکردنه‌وه دروستبوو. بۆ ئاماده‌کردنی دیوانی زه‌نگوڵی وتن، ده‌بوایه شیعره کۆنهكانم دووباره تایپ بکه‌مه‌وه، له کاتی تایپکردنهوهیاندا سه‌ره‌تا خۆم وه‌کو خوێنه‌رێکی هۆشیار و دوور له‌و مه‌ودا زه‌مه‌نیه‌ی که شیعره‌که‌ی لێبه‌رهه‌م هاتووه بینی، خوێنه‌رێک که زۆرجار جار ده‌قێک ده‌خوێنێته‌وه و ده‌یه‌وێ زیاتر بچێته ناویه‌وه، تێکه‌ڵی بێت و له‌گه‌ڵ هێما و ئیماژ و ئاماژه و ریتمی شیعره‌که بجوڵێته‌وه و سه‌ما بکات. ئالێره‌دا هه‌ستم کرد ریتم و فۆرم و ئیماژهكان به ته‌واوی ته‌با نین له‌گه‌ڵ جوڵه‌ی ئه‌و سه‌مایه. جالێره‌دا هۆشیاریی من وه‌کو داهێنه‌ر خۆی ره‌پێش کرد و بردمیه ناو خولیای ئه‌وه‌ی که ده‌ست له شیعره‌که بده‌م و بیهێنمه ئاستی جووڵه و سه‌مای ئێستا، خولیای ئه‌وه‌ی که به رووانینێکی نوێوه رۆبچمه ناو گۆشه و رووبه‌ری ده‌قه‌که و جوانتری بکه‌م. من له‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌ستم به ئازادییه‌کی پڕ نه‌شئه ده‌کرد چه‌شنی کۆرێگرافێک (مامۆستای بالیا و هونه‌ری سه‌ما) ده‌ستم له جه‌سته‌ی شیعره‌که ده‌دا به ئامانجی گونجاندنی له‌گه‌ڵ ریتم و رووانین و رووبه‌ری ئێستا. یا چه‌شنی مۆسیقا ژه‌نێک که له کاتی تهئلیفکردنی پارچه مۆسیقایه‌ک کۆمه‌ڵێ ئامێری وه‌ک پیانۆ و فلوت و که‌مانجه و گیتار له‌به‌رچاو ده‌گرێت و مۆسیقاکه به‌پێی ئاوازی تێکه‌ڵاوی سه‌رجه‌م ئه‌و ئامێرانه داده‌ڕێژێ. به‌ڵام کاتێ گوێی لێده‌گرێ و ده‌بێته پانتاییه‌ک و مۆسیقاکه‌ی ده‌ڕژێته ناو، زیاتر ده‌توانێ هه‌ڵیسه‌نگێنێ و ده‌ستکاری بکات، یا به لابردنی هه‌ندێ له ئامێره‌کان ته‌نکتر و سووکتر و سافتری بکات. له‌وانه‌یه له کۆتاییدا بڕیار بدات پیانۆ و فلوته‌که، یا به‌ته‌نها پیانۆکه بهێڵێته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی ئاوازه‌که بگۆڕێ. من پێکچوونێکی زۆر له نێوان مۆسیقا و شیعر و تابلۆدا ده‌بینم. له‌م پرۆسه‌یه‌دا هۆشیاریی شاعیر وه‌کو خوێنه‌ر و داهێنه‌ری ده‌ق ئاماده‌ییه‌کی زۆری هه‌یه و خودیش هاوتا و له یه‌ك کات له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی ده‌قه‌که‌دا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کات. به‌رای من ئه‌م هۆشیارییه، واته هۆشیاریی من وه‌کو خوێنه‌ر و وه‌کو داهێنه‌ر، له کاتی نووسینی ده‌قه‌که که‌متر ئاماده‌یه.
پرسیار: ره‌خنه‌گرێکی به‌ریتانی له‌سه‌ر شیعره‌کانی تۆ ده‌ڵێت: "نه‌زه‌ند ژیانی خۆی ته‌رخانکردووه بۆ گه‌ڕان به‌دوای دادوه‌ری بۆ میلله‌تی کورد و ئه‌وانه‌ی مافیان پێشێڵ کراوه. ئه‌و باوه‌ڕی وایه که به‌خته‌وه‌ری مافی هه‌مومانه و به دڵنیاییه‌کی پڕ له هۆشیارییه‌وه ئه‌و چه‌مکه ده‌وروژێنێ". پێتوایه ئه‌مه تا چه‌ند راسته، ئایا وه‌زیفه‌ی شیعر ئه‌وه‌یه عه‌داله‌ت له کۆمه‌ڵگه‌دا به‌رپابکات و دیسان رۆبچێته ناو چه‌مک و تێزه ئایدیۆلۆژییه‌کانه‌وه؟
وەڵام: ئه‌و وته‌یه هی سسته‌ر وهندی بێكێته، ره‌خنه‌گری به‌ناوبانگی هونه‌ری له به‌ریتانیا. ئه‌و شیعره‌کانی من ئاوا ده‌خوێنێته‌وه. دوای ده‌رچوونی دیوانه‌که‌م، رادیۆی بی بی سی فۆری به‌ریتانی من و وهندی بێکێت و چه‌ند نووسه‌رێکی دیکه‌ی ئینگلیزی داوه‌ت کرد بۆ گفتوگۆکردن له به‌رنامه‌یه‌کی یه‌ک سه‌عاتی له‌مه‌ڕ چه‌مکی به‌خته‌وه‌ری. من له‌وێدا شیعری "ده‌نگ" و "کۆڕی به‌خته‌وه‌ری له وێڵز" م خوێنده‌وه و له گفتوکۆکردنیشدا قه‌ناعه‌تی خۆم ده‌ربڕی به‌وه‌ی که به‌خته‌وه‌ری خاسیه‌تی جینی و بایۆلۆژی نیه و ئه‌گه‌ر توانا و قه‌ناعه‌تمان هه‌بوو کاری له‌سه‌ر بکه‌ین و هه‌روه‌کو ده‌لای لاما ده‌ڵێت عه‌قل و هۆشمانی له‌سه‌ر رابهێنین، ئه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌زموونی سه‌خت و پڕ له ئازاره وجودیه‌کان، سه‌ره‌ڕای و مه‌رگی ئازیزان، ده‌توانین پێی بگه‌ین. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به رووانینهوه هه‌یه بۆ شته‌كان، بۆ جیهانی ده‌وروبه‌رمان، بۆ ژیان. دیاریکردنی مه‌به‌ست له ژیان و کرده‌ی داهێنان چێژێکی بێئه‌ندازه‌مان پێده‌به‌خشن و ئه‌مه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی توانای مرۆڤدا نیه. دواتر وهندی بێکێت شیعری " ده‌نگ" ی هه‌ڵبژارد بۆ ئهنتۆلۆژیایهكی شیعری ئینگلیزی به ناوی "دێره ئیلهامبه‌خشه‌کان". له پێشه‌کی ئه‌نتۆلۆژیاکه باسی شیعره‌کانی من ده‌کات و له‌وێوه باسی مه‌به‌ست له داهێنان له لای من ده‌کات. ئه‌مه له لایه‌ک، له لایه‌کی دیکه، کاتێ تۆ سه‌ر به ئێتنیک و مێژوویه‌کی جیا بوویت و به‌زمانێکی وه‌کو ئینگلیزی خۆت ده‌ربڕی و خۆت نووسیه‌وه، خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گرانی ئه‌و وڵاته سه‌یری فۆرمی شیعری تۆ ناکه‌ن، چونکه ده‌شێ کۆمه‌ڵی شاعیری هاوچه‌رخ و سه‌ر به کۆمه‌ڵێ باکگراوند و نه‌ته‌وه‌ی جیا هه‌مان فۆرمی شیعری به‌كاربهێنن. ئه‌وه‌ی تایبه‌تی تۆ دیاری ده‌كات لێره مێژوو و ئه‌زموونی تایبه‌تی تۆیه له‌و فۆرمه‌دا. ئه‌وان له‌ناو دێر و ئیماژ و وشه و ریتم به‌دوای منی کورد و ژن و په‌نابه‌ر و هه‌ڵگری ئازاره‌کانی سه‌ر به ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌گه‌ڕێن و له‌وێوه داهێنانی شیعریی من هه‌ڵده‌سه‌نگێنن. ئه‌مه رووانینی ئه‌وانه بۆ هونه‌ر. رووانینی شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند دانابڕێت له‌و مێژووه تایبه‌ته که مرۆڤی داهێنه‌ر و هۆشیار له یاده‌وه‌ری تاکه‌وه ده‌یگوازێته‌وه بۆ ناو یاده‌وه‌ری گشتی و ده‌یهێنیته ئاستێکی گه‌ردوونی. بۆیه له حاله‌تی دیوانی "زه‌نگوڵی وتن" دا، دیوانه‌که وه‌کو زمانحاڵێکی ئه‌نفال و هه‌له‌بجه له رادیۆی بی بی سی و په‌رله‌مانی به‌ریتانی و کۆڕه شیعرییه جیهانییه‌کاندا پێشوازی لێ‌کرا. به‌ڕای من شیعر هیچ وه‌زیفه و ئایدیۆلۆژیایه‌ک هه‌ڵناگرێ، به‌ڵام په‌یامێکی ئینسانی له‌ناوه‌وه ده‌چڕێ که به شێوازی جیا جیا ئینسانیه‌تی خوێنه‌ر ده‌بزوێنێ و روونینیان له‌مه‌ڕ ده‌قه‌که دیاریده‌کات.
پرسیار: ئه‌و شیعرانه‌ی به زمانی ئینگلیزی نووسیوتن، کاتێ کراونه‌ته کوردی هه‌مان رۆحی نه‌مری و به‌های جوانکاری خۆیان پاراستووه یاخود تووشى كرفت بوویت؟
وەلام: دڵنیانیم که شیعری وه‌رگێڕدراو بتوانێ سیمای جوانکاری و مۆسیقای ده‌قی یه‌كه‌م بپارێزێت. به‌ڵام که شاعیر خۆی ته‌رجه‌مه‌که بکات، ئه‌وه خاسیه‌تی خیانه‌ت له ده‌ق که‌متر هه‌ستی پێده‌کرێ. ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌که‌م له‌به‌رئه‌وه‌یه که شاعیری وه‌رگێڕ، وه‌کو داهێنه‌ری ئه‌و به‌رهه‌مه ئازادی زیاتره له وه‌رگێڕێکی ناداهێنهری ده‌ق؛ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم که شاعیر ده‌توانێ و ئازادی ئه‌وه‌ی هه‌یه مه‌سافه دروست بکات له نێوان ده‌قی وه‌رگێڕدراو ده‌قی داهێنراودا. من که له رابردوو چه‌ند شیعرێکی بۆدلێر و ئێلیهتم وه‌رگێڕاوه هه‌ست به جیاوازییه‌کی زۆر ده‌که‌م له‌م کرده‌یه‌دا، واته له کرده‌ی وه‌رگێڕان وه‌کو داهێنه‌ری ده‌ق و وه‌کو وه‌رگێڕی ده‌قی داهێنه‌رانی دیکه. پاشان هه‌موو زمانێک و کولتوری شیعریی هه‌ر ووڵاتێک تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه. له کولتوری ئه‌ده‌ب و شیعری فه‌ڕه‌نسیدا فیکری ئه‌بستراکت باوی هه‌یه، به پێچه‌وانه‌وه له کولتوری شیعری ئینگلیزی‌دا ئایدیای کۆنکریت زیاتر باوه، به رادده‌یه‌ک که ئه‌بستراکت ناتێگهییشتن دروست ده‌کات. ئه‌مه‌ش بێگومان له فۆرم و مه‌غزای شیعریدا ره‌نگ ده‌داته‌وه. له کرده‌ی وه‌رگێڕانیشدا ته‌نها زانینی زمان به‌س نیه بۆ گه‌یاندنی مه‌وداکانی ده‌ق، به‌ڵکو ناسینی کولتوری فیکری و ئه‌ده‌بی ئه‌و وڵاته پێویسته. ئه‌گه‌ر رسته به‌ناوبانگه‌که‌ی هۆڵده‌رلین بێنینه‌وه یاد که ده‌ڵێ "شاعیر جوانیی زه‌مین کۆده‌کاته‌وه"، ئه‌وه ئه‌م جوانیه له هه‌موو زمانێکدا نه‌خش ده‌بێ، به‌ڵام به‌ڕای من هیچ زمانێک به‌قه‌د زمانی دایک وه‌ڵامی ئه‌م جوانیه ناداته‌وه. له‌وانه‌یه چاوی خوێنه‌ریش باشترین ئاوێنه بێت بۆ دیاریکردنی جیاوازیی نێوان شیعره وه‌رگێڕدراوه‌کانم و ئه‌و شیعرانه‌ی که راسته‌وخۆ به کوردی نووسیومن
.
له پرۆسه‌ی نووسینی شعر به زمانی ئیگلیزی، من فێری ساده‌یی بووم له داهێنانی شعریدا. ئه‌م ساده‌ییه‌ش، هه‌روه‌کو له پێشه‌کی دیوانهکهمدا ده‌ڵێم، "به مانای ئه‌وه نا که به زمانی رۆژانه یا میدیا و مێژوو فۆرمی شعریی دابڕێژم، به‌ڵکو به‌و مانایه‌ی که قووڵی و تێگه‌ییشتنی فراوان مه‌ودای ده‌ربڕین ئاسانتر ده‌که‌ن و ساده‌یش له فۆڕمی نوێی شعریی ئینگلیزی‌دا سه‌ر به‌و ره‌هه‌نده‌یه. له‌کاتی وه‌رگێڕانی شعره ئینگلیزییهکانم، من هه‌وڵمداوه ئه‌م ساده‌ییه بپارێزم".
پرسیار: له کاتی وه‌رگێڕانی شیعره‌کانتا بۆ زمانی کوردی، تا چه‌ند توانیوته بچیته‌وه ناو هه‌مان ئه‌و چرکه‌ساته‌ی که ده‌قه‌که‌ت به ئینگلیزی تێدا نووسی، به کورتی ئایا سه‌خت نیه شاعیر بچێته‌وه سه‌ر خه‌یاڵ و مه‌زاج و له‌حزه‌یه‌کی به‌سه‌رچوو؟
وەڵام: ده‌ق دوای نووسینی ده‌بێته به‌رهه‌مێکی سه‌ربه‌خۆ و دابڕاو له داهێنه‌ر، به‌ڵام وه‌رگێڕانی له لایه‌ن نووسه‌ر و شاعیره‌وه ده‌یباته‌وه تخوبی ده‌ڤه‌ری جاران، ئه‌گه‌ر بۆ ساتێکیش بێت، وه‌کو خه‌ون شاعیر یا نووسه‌ر له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌ره‌وڕووی دیمه‌نێکی مێژووی خۆی یا پارچه‌یه‌ک له ژیانی ده‌بێته‌وه، به‌ڵام وه‌کو خودێکی جیا لێی نزیک ده‌بێته‌وه. بیریشمان نه‌چێت، چه‌ند شیعرێکی دیوانه ئینگلیزییه‌که‌م له کوردییه‌وه وه‌رگێڕدراون. له هه‌ردوو حاله‌تدا هۆشیاری به‌رامبه‌ر به سووڕی زه‌مه‌ن، به ره‌هه‌نده نادیاره‌کانی رابردوو و به‌رده‌وامی له پانتایی ئێستادا ئاماده‌ییه‌کی زۆری هه‌یه. ئه‌مه‌ش هه‌ستی جیاجیا ده‌وروژێنی له‌ناو مرۆڤ که رووانینی ئێستامان زیاتر له رووانینی سه‌ر به رابردوومان نه‌خشی ده‌کات. گه‌ڕانه‌وه له رێگای ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه بۆ رابردوو له زۆر رووه‌وه له خه‌ون ده‌چێت. کرده‌ی داهێنان خۆی ره‌هه‌ندێکی خه‌ونئامێزی هه‌یه. ده‌زانی شیعری "حیکایه‌ته‌کانی نه‌نکم" چۆن هاته وجود؟ نیوه‌شه‌وێک خه‌ونم ده‌بینی به برای جوانه‌مه‌رگم قوباد و فه‌زای منداڵی و نه‌نکم، له ناکاو گوێم له ده‌نگی گریانی کوڕه‌که‌م بوو که ئه‌و کات ته‌مه‌نی سێ ساڵ بوو. یه‌کسه‌ر راپه‌ڕیم و چووم بۆ ژووره‌که‌ی، بینیم کوڕه‌که‌م زۆر به‌قوڵی خه‌وتووه. گه‌ڕامه‌وه ژووره‌که‌ی خۆم و بیرم له خه‌ونه‌که ده‌کرده‌وه، له‌و گریانه؛ ئه‌وه گریان نه‌بوو، چونکه کوڕه‌که‌م به قوڵی و هێمنی خه‌وتبوو، به‌ڵکو ده‌نگێک بوو بانگی کردم بۆ به‌جێهێنانی کارێک، بۆ داهێنانێک. ئه‌وسا قه‌ڵه‌مم ده‌رهێنا و شیعره‌که‌م نووسی که به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌کات:
له‌سه‌ر پانتایی نادیاریت
په‌نجه‌ره‌یه‌ك كرایه‌وه
په‌نجه‌ره‌یه‌ك به ئه‌ندازه‌ی شادبوونه‌وه به یه‌کتری
په‌نجه‌ره‌یه‌ك به ئه‌ندازه‌ی دیدارێ
له‌گه‌ڵ جاران و
لێژبوونه‌وه بۆ ناو عیرفانی حیكایه‌ته‌كانی نه‌نكم
کاتێ ئه‌و شیعره‌م وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی ئینگلیزی چوومه‌وه ناو ئه‌و شه‌وه و لای ده‌نگ و خه‌ونه‌که، به‌ڵام وه‌کو نه‌زه‌ندی ئه‌وکات نا، به‌ڵکو وه‌کو نه‌زه‌ندی ئێستا، نه‌زه‌ندی کاتی وه‌رگێرانی شیعره‌که. ئه‌مه‌ش واته شیعره‌که وه‌کو ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی که له‌به‌رده‌سته و هاتۆته وجود داگیرت ده‌کات نه‌ک ئه‌و ئه‌زموونه. به هه‌مان شێوه، شیعری "کۆڕی به‌خته‌وه‌ری له وێڵز" له کۆڕێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌مه‌ڕ چه‌مکی به‌خته‌وه‌ری چرۆی کرد. له کاتی وه‌رگێڕانی شیعره‌که بۆ کوردی، رووخساری ئه‌و ده‌روونناسه ئینگلیزه‌ی که به گوێگرانی کۆڕه‌که‌ی ده‌وت، "له کاتی یه‌ئس و بێئومیدیدا سه‌ردانی گۆڕستان بکه‌ن" ده‌هاته‌وه یادم، به‌ڵام به هۆشیارییه‌كی جیاواز و تێکه‌ڵ به پانتایی و جووڵه و ریتمی شیعره‌که وه‌کو به‌رهه‌مێکی سه‌ربه‌خۆ.
پرسیار: له‌ناو دنیای شیعره‌کانتا خه‌می ئینسانیه‌ت به تۆخی ره‌نگی داوه‌ته‌وه. به‌گشتی ئینسان ره‌گه‌زێکی سه‌ره‌کی و پاڵه‌وانی چیڕۆکه‌کانی ژیانی تۆن و ئه‌مه‌ش رایکردووه تا ئه‌ندازه‌یه‌ک له حاله‌ته سروشتی و رۆحیه‌کان دابڕێیت، ئه‌م هاوکێشه‌یه لای خۆت چۆن پێناسه ده‌که‌یت؟
وه‌ڵام: پێمخۆشه وشه‌ی "تا ئه‌ندازه‌یه‌ک" ت لێره به‌كارهێناوه که رووانین و راگهیاندنهکهت رێژه‌یی ده‌کات، په‌نجه‌ره‌یه‌ك ده‌کاته‌وه بۆ گومان، ئه‌مه‌ش بۆ مرۆڤ پێویسته، به تایبه‌تی بۆ هونه‌رمه‌ند و شاعیر و نووسه‌ر. دڵنیایی ره‌ها ، هه‌روه‌کو ڤۆلتێر ده‌ڵی "ئه‌گه‌ر گومان حاله‌تێکی نابووتی ده‌روونی بێت، ئه‌وه دڵنیایی گه‌مژه‌ییه".
ئه‌م پرسیاره ده‌مانباته‌وه لای چه‌مکی شیعر و مانا که من له چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی قسه‌م له‌سه‌ر کردووه، من باس له رۆلی خوێنه‌ر ده‌که‌م له دیاریکردنی مانای شیعر به گوێری رووانین و هۆشیاری شیعریی و مه‌ودای جوانکاری و ئه‌زموونی تایبه‌تی خۆی. ده‌شێ تۆی خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گر ئینسانیه‌ت وه‌کو سیمایه‌کی سه‌ره‌کی شیعره‌کانی من ببینیت، به‌ڵام که‌سێکی دیکه له‌وانه‌یه دیارده‌ی رۆحانیه‌ت ئیبراز بکات.
"بێگومان کاتێ بۆ یه‌که‌م جار شیعرێک ده‌خوێنینه‌وه به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێین که ئه‌و شیعره چی ده‌ڵی؟ چ حاله‌تێکی ئینسانی یا ئازار و خه‌مێکی وجودی ده‌وروژێنێ؟ یا به‌ره‌وڕووی چ پرسیارێکمان ده‌کاته‌وه؟ لێره‌دا پێویسته بۆ ناو ئیماژ و ئاماژه و هێما و ریتمی شیعره‌که لێژبینهوه تا له ناو خانه و چینه غامز و فرهمهوداکانیدا بگه‌ینه پرسیارێک یا چه‌ند مانایه‌كی پێشنیارکراو."
من که شیعر ده‌نووسم خۆم ده‌نووسمه‌وه، منێکی هه‌ستیار و هۆشیار به‌رامبه‌ر به مه‌رگ و ئازاره وجودیه‌كان. داهێنه‌ری ره‌سه‌ن ده‌توانێ ئه‌م هۆشیاری و هه‌ستیاریه‌ی تاک بکاته گوزاره له هه‌موو ئه‌وانه‌ی که سه‌ر به هه‌مان خه‌م و ئازار و هۆشیاری و مێژوون، واته ئه‌وانیش خۆیانی تێدا ده‌دۆزنه‌وه. ئه‌مه‌ش سیمایه‌کی گه‌ردوونی ده‌دات به ده‌ق که ته‌نها به رۆح ده‌پێورێ. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم من "به‌سه‌ر زه‌مینی رۆحدا" راده‌بوورم و له دووره‌وه خۆم ده‌بینم، له‌ودیو رووی ته‌نکی ئه‌و خوده‌ش ژنه ره‌شپۆشه‌کانی وڵاته‌که‌م، دوعا و هێشو و فاتیمه‌کان، منداڵه‌کانی هه‌ڵه‌بجه و نه‌وزاد و نیهاد و قوبادی برام و عومه‌ری خاوه‌ره‌کان ده‌بینم. بۆ گه‌یشتن به‌و خوده، من له‌سه‌فه‌ردام، ده‌په‌ڕمه‌وه بۆ ئه‌ودیو، ئاوه‌ژوو ده‌بم، ده‌گه‌م به‌ودیوی شته‌کان. ئه‌ودیوی وشه و له‌ش و باکان، من له گه‌شتێکدام که دوای ته‌واوبوونی به‌خۆم، به مرۆڤ ده‌گه‌مه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ من ئه‌وپه‌ڕی رۆحانیه‌ته.