Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
قائیمقام و تەلەفزیۆنى نەورۆز و چۆمان

قائیمقام و تەلەفزیۆنى نەورۆز و چۆمان

Closed
by March 18, 2008 گشتی

 روونكردنەوەیەكى پێویست،
 ■ كەمال چۆمانى
 هەفتەى رابردوو تەلەفزیۆنى نەورۆز دیدارێكى لەگەلأ قائیمقامى قەزاى چۆمان سازكرد و لەگەڵیشیدا میواندارى رۆژنامەنووسێكیشى كردبوو، تەلەفزیۆنى نەورۆز وەك دەڵێن تەلەفزیۆنى هەموو كوردانە و بنیاتنەرەو پێشكەوتوو خوازە و رەخنەگرە و تەلەفزیۆنى هەموو ماڵێكە و ئەو قسە سواوانە زۆر دەبیستین، بەڵام بەداخەوە كە هیچى وانییە، ئەو تەلەفزیۆنەش بەدەر نییە لە هەیمەنەى حیزب بەسەریدا وەك هەموو دەزگا راگەیەیاندنە حیزبییەكانى تریش ئەو هەیمەنەیان خۆشدەوێت، هەرچەندە گومان لەوەدا نییە كە ئەو تەلەفزیۆنە حكومەت بەڕێوەى دەبات و حكومەتیش حزب، بەڵام وا خۆیان دەردەخەن كە حكومین نەوەك حیزبى. ئەوەى لێرەدا گرنگە باسكردنى نەورۆز نییە چونكە زۆرى دەوێت و ئەگەریش هەر وا بێهێزبێت ئەوا زیانى زیاترە نەوەك سوود، نازانم ئەو هەموو پارەیەى بۆ بۆ سەرف دەكەن؟ گەر هەر وا بمێنێتەوە پێشنیار دەكەم دایخەن و بودجەكەشى بدەنە دایك شەهید و هەژار و ئەو هەموو لێقەوماوانەى ئەو ووڵاتە، بۆیە وا پێویستە بەڕێوەبەرانى نەورۆز بیرێك لە ستراتیژى تیڤیەكەیەیان بكەنەوە و هەوڵێكى جددى بدەن بۆ بەرەو پێش بردنى، وە پێشنیاریش دەكەم بە سەدا پۆینتى ئەو پارەیەى دەدرێتە ئەو هەموو دەزگا ئیعلامى حیزبى و حكومیانەى تەنها خەریكى شاردنەوەى ناشیرینییەكانن، بودجەیەكیش تەرخان بكرێت بۆ گروپى رەهەندییەكان بۆ ئەوەى گۆڤارى گەورە و بە پێز و پڕ هزرى رەهەند ببینینەوە، بەهەر حالأ لێرە جێنابێتەوە خوێندنەوەیەك بۆ ئەو دەزگایانە بكەین بەڵكو دەمانەوێت بە كورتى لەسەر ئەو چاوپێكەوتنە بووەستین و بەچەند كورتە قسەیەك پەیامێك بۆ قائیمقام و نەورۆز بنێرین، لەبەر ئەوەى بەرنامەكە زۆر سادە بوو بۆیە منیش دەمەوێت زۆر سادە بنوسم و تەنها قسەى خەڵك بگێڕمەوە بۆتان،  ئەوەى گرنگە نازانم ئەو دوو بێژەرە بەڕێزە كەى هاتنە چۆمان و تا كێشەى خەڵك بزانن و چەند رۆژ  بە ناو گەڕەكە قوڕاوى و لیتاویەكانى چۆماندا سوڕانەوە و چەند پرۆژەیان دیت كە ماوەكەى 90 رۆژ بوو ئێستا پێنج ساڵە تەواو نەبووە، چەند زبڵخانەیان لەناو شاردا دیت و چەند پڕۆژەى سەقەتیان دیت و چەند خانووى قوڕ و چەند پردى تەواونەكرا و و چەند قوتابخانەى بێپەنجەرە و چەند گوندى بێ نەخۆشخانەو مزگەوت و چەند گوندى بێ رێگا و چەند هەژار و دایك شەهیدى كڵۆلیان بینى، ئەرآ خانمەكەى پێشكەشكار توخوا تۆ قەت چۆمانت بینیوە؟ ئەى براى پێشكەشكار تۆ دیارە تەنها ئەو رووبارانە سەرنجیان راكێشاوى نەك خەمى خەڵك، براكەم گەر سەردانى شوێنێكت كرد هەر خۆشیەكانى مەبینە بەڵكو بڕۆ ناو خەمەكانى ئەو جڤاكە، براكەم زۆر بەسادەییت بۆ دەنووسم چونكە دەمەوێت وەك تیڤیەكەتان بابەتەكەم سادە و ساكار بێت، من نازانم ئێوە چەند خەڵكى ناو چۆمانتان بینى، بەڕێزان بینیتان خەڵكى سۆران تێلیفۆنى دەكرد و مەدح و سەناى قائیمقامى دەكرد ئاخر ئەوان با بچن باسى خەمى شارەكەى خۆیان بكەن نەك شارى من بەو هەموو كەموكوڕیانەوە لەپێش چاوى خەڵكى تر بكاتە نیۆڕك، ئا بیرمهاتەوە هەر بەڕاست ئەوە چۆن بوو چۆمانتان بیركەوتەوە؟ خۆ من دڵنیام ئەگەر باڵەكایەتى و چۆمانییەكان وەك هەندێك شوێنەكانى تر جەلاد و بكوژو كۆنە جاشى سەردەمى بەعس بوونایە ئەوا ئێستا بارودۆخمان بەم شێوەیە نەدەبوو، بەڵام بە شانازیەوە دەیڵێم هیچخاوەن فایلێك و كۆنە بەعسیەكى عەیار بیستو چوارمان نەبووە، خاوەنى چەندان شەهید و شانازین بەڵام ئێستا ئێوە دەتانەوێت وا لەخەڵكانى تر بگەیەنن كە چۆمان لەهەموو شوێنیك زیاتر شتى بۆ كراوە، دەتانەوێت ئەوەى بۆمان كرایە بیكەنە شانازى و پێمان بفرۆشنەوە نا نا قائیمقام و نەورۆز و ئەوانى تر ئێمە بە مافى خۆمانى دەزانین، ئەوەش بزانن هێشتا بە قەد دڵۆپی خوێنى شەهیدێكیشمان بۆ نەكراوە، ئاى ئەزانن ئێمە چیمان بەخشیوە لە پێناو ئەو كوردستانە شیرینەى ئێستا نوخبەیەكى سیاسى <گەندەلأ> لەپێش چاوى زۆر كەسیان خستووە، ئەزانى چ قارەمانێكمان هەبووە بۆ ئەو گەلەمان بەخشیوە و شانازیشى پێوە ناكەین چونكە ئەو شەهیدانە بۆ ئەوەیان نەكردووە ئێمە شانازیان پێوە بكەین ئەوان بەدواى نیشتمان بوون، ئەزانن یەكەم پێشمەرگە و یەكەم تەقە و یەكەم شەهیدى دواى نسكۆى 75 چۆمانى بوون؟ ئەى بۆ بەرنامەیەك بۆ ئەوە سازناكەن؟ توخوا ئێوە دەزانن چۆمان دەكەوێتە كوآ؟ وابزانم ئەو زانیاریانەتان هەر لە قائیمقامەوە وەرگرتبوو! ئآ قابیلە ئەویش شتى ناتەندروستتان پێبلێت؟ ئێوە ئەوەتان بیر چووە ئەو چۆمان و باڵەكایەتییە هەر هەمووى شەهید و بریندار كراوە؟ باشە كامە قەزاى كوردستان بوو بە تەواوى كاول بوو؟ ئەرآ بۆ رۆژێكیش ریپۆرتاژێك ناكەن و بە حكومەت بڵێن ئەو دەڤەرە هەمووى وێران كراوەوە ئێوە بتوانن ئاوەدانى بكەنەوە؟ زۆرم لایە بەڵام هەموو شتێك بە جارێك ناگوترێت، ئەى قائیمقام وامزانى شاعیرە ئاوا كەوتبووە جوانكردنى چۆمان، بە دڵنیایى چۆمان و دەڤەرەكەى جوانە نەك پڕۆژەكانى، من یەك پرسیارى سادەم هەیە لە قائیمقام ئەكرێت پێمبڵێت كامە پڕۆژە لەكاتى خۆیدا جێبەجێبووە؟ گەر پڕۆژەیەك هەیە ئەوا من ئامادەم داواى لێبوردن بكەم لەسەر ئەو بابەتە سادەیەم، سادە وەك بەرنامەكەى نەورۆز تى ڤى لەگەلأ جەنابتانا؟  بەڕێز قائیمقام تۆ بەم جۆرە سەركەوتن بەدەست ناهێنیت؟ من پۆلى پێنجەمى ئامادەیى بووم بەڕێزت هاتییە چۆمان ئەوكات ووتت چۆمان دەبێت بكەمە ستۆكهۆڵم، بەڕێزەكەم كوا ستۆكهۆڵمەكە، هێشتاش ماوەت ماوە و دەتوانى لێرەوە دەست پێبكەیتەوە و ئەوەى ماوە بەجوانى بەڕێوە ببەیت، لەمەو دوا بەهارەو خەڵكى خۆى دێتە چۆمان و بە چاوى خۆى ئەو ناوچەیە قارەمانە دەبینێت بۆیە پێویست ناكات ئێمە لەسەری بووەستین خۆ رۆژنامەنووسەكانى ئێرەش بایی ئەوەندەیان ریپۆرت و هەوال و ریپۆرتاژ كردووە خەڵكى بزانن چى دەگوزەرێت لەو دەڤەرەدا. هەرچەندیشە ئێمە ناڵێین هەمووى خەتاى ئێوەیە بەڵكو حكومەتى هەرێم یان راستتر بڵێم یەكێتى و پارتى دەبێت حیسابێكى تایبەت بۆ چۆمان و باڵەكایەتى بكەن، بەڕێزەكان كامە سەركردەى ئەو كوردستانە هەیە هەناسەى ئیسڕاحەتى و خۆشى لەو چۆمانە هەڵنەكێشابێت، ئێرە هەم دەڤەرى بارزانییە و هەمیش هى تاڵەبانى، هەروەك چۆن مەحمود عسمان و هەموو سەركردەكانى تریش، ئەوەى باڵەكایەتى داویەتى لە پێناو كوردایەتى ئەوەندە دێنێت هەرچى هەیە بۆى بكرێت، ئاخر من نازانم چیمان بۆ كراوە كە لێمان زیادبێـت، ئەو رۆژە پیرێژنێك ووتى هێشتا چۆمان وەك زەمانى قەدیمى لێنەهاتیتەوە، باڵەكایەتى لە مێژووى بزافى رزگارى خوازى كوردیدا خاوەنى پێگەى خۆى بووە، خەڵكەكەى قوربانى داوە بۆیەشە دەبێت هەموو شتێكى بۆ بكرێت.
 
chomani_85@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.