
سایكۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات‌و جه‌ماوه‌ر…5
– ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌بژێر
– جه‌ماوه‌ری مێگه‌ل
– شوێنكه‌وتنی بێ مه‌رج
حزب و ده‌سه‌ڵاته تۆتالیتارییه‌كانی وه‌ك كۆمۆنیزمی ستالینی و نازی ئه‌ڵمانی و فاشی ئیتاڵی و به‌عسی عه‌ره‌بی سۆشیالیستیی، هه‌ریه‌كه‌یان له‌سه‌رده‌م و رۆژگارێكدا دروستبوون و ده‌ركه‌وتن، هه‌ریه‌كه‌شیان به‌پاڵپشتی هێزێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ریی ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته ده‌ست، بۆنموونه (حزبی كۆمۆنیستی سۆڤیه‌ت كه له‌ساڵی 1898) له رووسیادا ودامه‌زراو له‌دووباڵی سه‌ره‌كی (به‌لشه‌فیك- زۆرینه، مه‌نشه‌فیك- كه‌مینه) پێكهات، پاشان له‌ساڵی 1903 له له‌نده‌ن كۆنگره‌یان به‌ست، له‌م كۆنگره‌یه‌دا به‌ته‌واوی جیاوازیی كه‌وته نێوان ئه‌و دوو باڵه‌وه كه هه‌ریه‌ك له (لینین)و (ترۆتسكی) لایه‌نگری به‌لشه‌فیك و مه‌نشه‌فیك بوون، لینین پێیوابوو ده‌بێت ئه‌ندامێتی له‌و پارته‌دا ته‌نها بۆ ئه‌و كه‌سانه‌بێت كه توانای شۆڕ‌شیان هه‌بێت، به‌ڵام ترۆتسكی پێیوابوو هه‌ركه‌سێك لایه‌نگری له شۆڕشبكات به‌رابه‌رایه‌تی حزبی كۆمۆنیست، ئه‌وا ده‌بێت رێگه‌ی پێبدرێت ببێته ئه‌ندام.. به‌م شێوه‌یه ئه‌م دوو باڵه له‌گه‌ڵیه‌كدا ناكۆك بوون، به‌ڵام هیچ كامیان ئاماده‌نه‌بوون ئه‌و حزبه دابه‌شبكه‌ن بۆ دوو حزب، چونكه هه‌ریه‌كه‌یان خۆیان به خاوه‌نی ئه‌سڵی حزب و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكیشیان به‌ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیان ده‌زانی.
حزبی فاشی ئیتاڵیش كه له‌ساڵی 1914 له‌لایه‌ن (مۆسۆلینی)یه‌وه دامه‌زرا، به‌پشتیوانی هێزێكی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ساڵی 1922 ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست.
له‌ناوه‌ڕاستی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوویش له‌سه‌رده‌ستی (هیتله‌ر) حزبی نازی دامه‌زرا.. له‌ساڵی 1928 له‌هه‌ڵبژاردنی گشتیی ئه‌ڵمانیادا توانی 12 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست بهێنێت، له‌هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1932دا توانی (230) كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستبهێنێت.
ساڵی 1933 هیتله‌ر بوو به راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، دواتر هه‌ڵبژاردنێكی گشتیی ئه‌نجامدراو حزبی نازی نزیكه‌ی (17.250.000) ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌مه‌ش زۆرینه‌ی ره‌های كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی بۆخۆی مسۆگه‌ركرد( ).
سه‌باره‌ت به حزبی به‌عسی عه‌ره‌بیش به‌هه‌مانشێوه‌یه كه ئێمه له‌به‌شه‌كانی تری ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م حزبانه ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ده‌ست، نه‌ك هیچ به‌ڵێنه‌كانی خۆیان نه‌برده سه‌ر، به‌ڵكو به ناشرینترین شێوه كه‌وتنه سه‌ركوتكردن و بێده‌نگكردنی جه‌ماوه‌رو دواجاریش هه‌وڵی به‌مێگه‌لكردنی كۆمه‌ڵگه‌یاندا، بۆیه جه‌ماوه‌ر له‌سیستمی تۆتالیتاریدا له‌ڕووی ئه‌رك و فه‌رمانه‌وه ته‌واو جیاوازه له‌هه‌ر سیستمێكی تر، به‌تایبه‌تی سیستمی دیموكراسی.
جه‌ماوه‌ر له‌سیستمی دیموكراسیدا ئه‌ركێكی فره‌و هه‌مه‌لایه‌نی له‌ئه‌ستۆدایه، چونكه جه‌ماوه‌ر راسته‌وخۆ رۆڵی هه‌یه له‌دروستكردنی سیستمی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا، هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه جه‌ماوه‌ر هێزێكی زیندوو و چالاك و كاریگه‌ره له‌كۆمه‌ڵدا.
له‌دنیای دیموكراسیدا، ئه‌گه‌رچی به‌ڕواڵه‌ت وادیاره كه جه‌ماوه‌ر جێبه‌جێكاری فه‌رمانه‌كانی ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام له‌بناغه‌دا، به‌هۆی میكانیزمه‌كانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانی ئازاده‌وه به‌شداریی به‌رده‌وام و چالاكانه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌كاری سیاسی‌دا، هه‌رخۆشی داڕێژه‌ری یاساكانی ده‌وڵه‌ت و بڕِیارده‌ری كاری سیاسییه.. چونكه جه‌ماوه‌ر له‌سیستمی دیموكراسیدا بوونه‌وه‌رێكی گوێڕایه‌ڵ و ملكه‌چ و گرگن نییه، وه‌ك له سیستمه دیكتاتۆر‌و تۆتالیتاره‌كاندا ئه‌و رۆڵه‌ی پێده‌گێڕن.
له‌سیستمی تۆتالیتاریدا، جه‌ماوه‌ر نه‌ك هه‌ر توانای قسه‌كردن و راده‌ربڕین و به‌شداریی كاری سیاسی و ده‌ركردنی بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌تی نییه، بگره ئامڕازێكی بێ رۆحه‌و ده‌سه‌ڵاتداری تۆتاریتار وه‌ك هه‌ر كاڵایه‌كی تر به‌كاری ده‌هێنێت..
له‌حاڵێكی ئاوهادا جه‌ماوه‌ر چ له رووی پێكهاته‌ی مرۆیی و چ له رووی زۆری ژماره‌وه، جگه له مێگه‌لێكی به‌شه‌ری هیچی دی نابێت.
ئێستا بابپرسین: بۆچی سیستمی تۆتالیتا‌ر هه‌وڵی به‌مێگه‌لكردنی كۆمه‌ڵگه ده‌دات؟ پڕۆسه‌ی به‌مێگه‌لكردن چه‌ند پێویسته؟ چۆن ده‌توانێت دروستی بكات؟ ئه‌و فاكته‌رانه چین كه جه‌ماوه‌ر ناچار ده‌كه‌ن كه ببن به مێگه‌لێكی ناكاراو ناكاریگه‌ر له كۆمه‌ڵدا، جه‌ماوه‌ر خۆی له‌م پڕۆسه‌یه‌دا چه‌ند به‌رپرسیاره؟ له‌سایه‌ی به‌مێگه‌لكردنی كۆمه‌ڵگه‌دا چاره‌نووسی‌و ئاینده‌ی مرۆڤ به‌ره‌وی كوێ ده‌ڕوات؟ ئه‌مانه‌و چه‌ندین پرسیاری تر پێویسته وه‌ڵام بدرێنه‌وه.
سیستمی تۆتالیتا‌ر كاتێك هه‌وڵی به‌مێگه‌لكردنی كۆمه‌ڵگه ده‌دات، باش ده‌زانێت كه ته‌نها له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌توانێت ته‌واوی خواست و ئایدیاكانی خۆی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵدا پسه‌پێنێت، چونكه جگه له‌م رێگه‌یه مه‌حاڵه بتوانرێت بنه‌ماكانی ئایدۆلۆژیای تۆتالیتاری له‌كۆمه‌ڵدا جێگایان ببێته‌وه، چونكه فكرێكه هیچ ده‌ره‌تانێك بۆ ژیان و هیچ به‌هایه‌ك بۆ مرۆڤ ناهێڵێته‌وه بۆ بیركردنه‌وه، یان ته‌عبیركردن له‌ئیراده‌و بوونی خۆ..
مرۆڤ له‌سایه‌ی ئایدیا‌و ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاردا ئه‌وه‌نده‌ی رۆڵی ئامێرێكی بێ‌گیان و مردوو و مجرۆ ده‌بینێت نیو ئه‌وه‌نده بوونه‌وه‌رێكی هۆشیارو خاوه‌ن قسه‌و ئیراده نییه.
بێگومان پڕۆسه‌ی به‌مێگه‌لكردنی كۆمه‌ڵگه هه‌روا گه‌مه‌یه‌كی شێتانه، یان بیانوویه‌كی منداڵانه، یان حه‌زێكی سه‌رپێیی نییه، له پڕێكدا له‌لای سه‌ركرده، تۆتالیتاره‌كانه‌وه دروستبێت، نه‌خێر، به‌ڵكو ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش وه‌كو هه‌موو ره‌فتاره‌كانی تری تۆتالیتاریزم بنه‌مایه‌كی فكری هه‌یه‌و سه‌رچاوه‌كه‌ی بۆ تێڕوانینی ئه‌وان بۆ تاك و كۆمه‌ڵگه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
تۆتالیتاره‌كان له‌بناغه‌دا، بڕوایان به‌هێزی جه‌ماوه‌ری نییه، كه له‌سایه‌یدا سیستمی سیاسی بێته‌به‌رهه‌م، به‌و مانایه‌ی جه‌ماوه‌ر داڕێژه‌رو بڕیارده‌ری سیاسه‌تی وڵات بێت.
بێگومان ئه‌م دیده بۆ جه‌ماوه‌رو بۆ ده‌سه‌ڵات ره‌گێكی قوڵی فكری مێژوویی هه‌یه، سه‌ره‌تاكه‌ی بۆ فه‌یله‌سووفه‌كانی یۆنانی كۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ریه‌ك له ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆ بڕوایان به جیاوازیی مرۆڤ هه‌بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتداری و حوكمگرتنه‌ده‌ست، ئه‌وان بڕوایان وابوو مرۆڤ كه له‌دایك ده‌بێت، له سروشتی خۆیدا ئه‌وه‌ی بۆ دیاریكراوه كه تاقمێك ده‌بێت حوكمڕانی بكات و زۆربه‌ی زۆری كۆمه‌ڵگه‌ش فه‌رمانه‌كانی ئه‌و پێڕه كه‌مه جێبه‌جێ بكه‌ن.
(ئه‌رستۆ) سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته ده‌ڵێت: (به‌پێی یاسای سروشت، دوو جۆره مرۆڤ هه‌یه، كه‌سانێ كه به‌هۆی توانای فیكری و هزریانه‌وه (ئه‌مانه فه‌رمانڕه‌واكانن) كه‌سانێكی دی كه به‌هۆی جه‌سته‌ییه‌وه ئه‌و نه‌خشانه جێبه‌جێده‌كه‌ن (ئه‌مانه فه‌رمان به‌سه‌رداكراوه‌كانن) گروپی یه‌كه‌م به‌گوێره‌ی یاسای سروشتی كه‌سانی ئازادن و گروپی دووه‌م كۆیله‌ن)( ).
ئه‌فلاتونیش پۆلێنكارییه‌كی تایبه‌تی بۆ كۆمه‌ڵگه كردووه‌و پێیوایه كه كۆمه‌ڵگه له‌سێ چین پێكدێت:
(1-ئه‌وانه‌ی سروشت به‌شێوه‌یه‌ك خولقاندوونی كه بۆ كاركردن ده‌ستبده‌ن، نه‌ك فه‌رمانڕه‌وایی.
2-ئه‌وانه‌ی بۆ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌ستده‌ده‌ن، به‌مه‌رجێك له‌ژێر چاودێری و ئاراسته‌كردنی كه‌سانی تردابن.
3-ئه‌وانه‌ی شیاون بۆ له‌ئه‌ستۆگرتنی گه‌وره‌ترین ئه‌ركه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی، وه‌ك ده‌ركردنی بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ره‌نگڕێژكردنی هۆیه‌كان ودیاریكردنی ئامانجه‌كان)( ).
ئه‌فلاتوون روونی ده‌كاته‌وه كه چۆن مه‌عریفه‌ی راسته‌قینه ناسینی ئایدیاكانه، چونكه جیهانی ئایدیا جیهانێكی نه‌گۆڕه، هه‌روه‌ك چۆن فه‌یله‌سووفه سروشتییه‌كان گوتبوویان جیهانی ئه‌زموونی و جیهانی ده‌ره‌وه به‌رده‌وام له‌گۆڕاندان و ئه‌و شته‌ی كه له گۆڕاندا بێ جێی متمانه نییه، كه‌وابوو مه‌عریفه‌ی راسته‌قینه، ناسینی ئایدیاكانه ،چونكه جیهانی ئایدیا جیهانێكی نه‌گۆڕه . هه‌روه‌ك چۆن فه‌یله‌سوفه سروشتییه‌كان گوتبویان جیهانی ئه‌زموونی‌و جیهانی ده‌ره‌وه به‌رده‌وام له گۆڕاندان‌و ئه‌وشته‌ی كه له گۆڕاندا بێت جێی متمانه نییه . كه‌وابوو مه‌عریفه‌ی راسته‌قینه ناسینی رایه نه‌گۆڕه‌كانه كه بریتییه له ئایدیاكان، به‌هه‌وڵ و كۆششی عه‌قڵی و فه‌لسه‌ف ده‌توانین جیهانی ئایدیاكان به‌ده‌ست بهێنین. ئه‌وكه‌سه‌ی كه بگاته ئه‌م قۆناغه و مه‌عریفه‌ی راسته‌قینه به‌ده‌ستبهێنێت ده‌توانێت باشترین كۆمه‌ڵگه دروستبكات، لێره‌وه‌یه كه حكومه‌تی فه‌یله‌سووفه‌كان وه‌ك باشترین جۆری حكومه‌ت دێته ئاراوه.
به‌م شێوه‌یه ئه‌فلاتوون پێیوابوو كه (به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت نه‌ك ته‌نیا كاری زۆرینه‌ی خه‌ڵك نییه، به‌ڵكو ته‌نها كاری ئه‌وكه‌سانه‌یه كه له‌مباره‌یه‌وه خاوه‌نی توانایی و پسپۆرین…)( ).
له‌دوای ئه‌مانیش چه‌ندین فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ند هه‌مان بۆچوونیان پشتڕاست كردووه‌ته‌وه.
سه‌ركرده تۆتالیتار‌و ناسیۆنالیسته توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك ستالین و مۆسۆلێنی و هیتله‌رو میشێل عه‌فله‌ق و ساتع ئه‌لحوسه‌ری و زه‌كی ئه‌رسوزی و چه‌ندانی تریش به‌سوود وه‌رگرتن له تێزه فكرییه‌كانی ئه‌و فه‌یله‌سووفانه، بنه‌مای فكره‌كانی خۆیان داڕشت.
(مۆسۆلێنی به‌ئاشكرا دژی یاسای ژماره‌و چه‌ندایه‌تی هاووڵاتیان بوو، پێیوابوو كارێكی ره‌وایه گه‌ر كه‌مینه‌یه‌كی فاشیست ده‌سه‌ڵاتی خۆی بسه‌پێنێ به‌سه‌ر زۆرینه‌دا، به‌هه‌مان شێوه هیتله‌ر پێیوابوو مه‌حاڵه پیاوه گه‌وره‌كان له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌وه بێنه سه‌رحوكم، ده‌یوت، مێژووی جیهان به‌رهه‌می كه‌مینه‌كانه..
فاشیست و نازییه‌كان هه‌میشه ته‌ئكیدیان له كه‌مینه‌یه‌كی ده‌سته‌بژێر ده‌كرده‌وه كه پێیوسته حوكمی زۆرینه بكات)( ).
به‌عسیش وه‌ك حزبێكی ناسیۆنالیستی توندڕه‌و به‌هه‌مانشێوه سه‌باره‌ت به پڕۆسه‌ی حوكمڕانی بڕوای ته‌واوی به‌ده‌سته‌بژێر هه‌بوو و به‌گومانه‌وه له جه‌ماوه‌رو هێزی جه‌ماوه‌ری ده‌ڕوانێت. جه‌ماوه‌ر له‌لای به‌عس وه‌كو هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی تۆتالیتاری تر نابێت پشتی پێببه‌سترێت له‌دیاریكردنی حوكمڕاندا، چونكه جه‌ماوه‌ر هێزێكی په‌رش و بڵاوو ناڕێكخراوه، ئه‌وه‌ی ده‌توانێت كه جه‌ماوه‌ر رێكبخات و ئاراسته‌یان بكات ته‌نها چه‌ند كه‌سێكی له‌خۆ بوردوون… له‌م باره‌یه‌وه (میشێل عه‌فله‌ق) دامه‌زرێنه‌ری حزبی به‌عس ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی كه به‌عس ئاواتێتی و خه‌باتی بۆ ده‌كات بنیادنانی ده‌وڵه‌تێكه كه سه‌ركرده‌كانی پێكهاتبێت له‌و تاكانه‌ی كه به‌هه‌موو له‌خۆبوردنێكه‌وه ئه‌ركی رزگاركردنی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب له‌گه‌نده‌ڵی و تێكشكاندن جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.. ئه‌و تاكانه‌ی كه مه‌ناعه‌یان له‌دژی دوو شت وه‌رگرتووه، یه‌كه‌م، دژی ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه زۆربه‌ی زۆری نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب تووشی بووه، دووه‌م، دژی ئه‌و دوژمنه‌ی كه به‌رپرسیاره له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشیانه. ئه‌و كه‌سانه‌ی كه چالاك و خه‌باتگێڕن، ئه‌و تاكانه‌ی كه بریتین له هه‌ڵبژارده‌یه‌ك نموونه‌ی تۆوی (هێزی شاراوه) یان (گورج و گۆڵی شاراوه) نه‌ته‌وه‌ییان تیادایه كه كراون به سه‌ركرده‌و له سروشتیاندا دوورن له‌و خۆپه‌رستییه‌ی كه نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب تیایدا نوقم بووه‌و توانای قوربانیدان له‌پێناوی خزمه‌تی په‌یامی نه‌مر هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه بدرێته ده‌ستی ئه‌م ده‌سته‌بژێره، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه نییه كه ئه‌م كه‌مایه‌تییه پێكهاتووه له ناوكی نه‌ته‌وه له دۆخه پوخته‌كه‌یداو باوه‌ڕی هه‌یه به‌په‌یامی نه‌مر، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌شه كه زۆربه‌ی زۆری نه‌ته‌وه كه هه‌ر له سروشتیشدا توانای تێگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی نییه، كۆی كۆمه‌ڵ یاسای خۆی هه‌یه، هه‌ر كۆمه‌ڵێكیش سروشت و غه‌ریزه‌ی خۆی پاڵًنه‌رێتی له‌به‌رز راگرتنی دیارده‌و رواڵه‌ت و ناونیشان و سیفاته گشتییه‌كاندا چونكه كۆ سیفه‌تی زیره‌كی و هه‌سته‌وه‌ریی و توانای رۆچوونی تاكی نییه)( ).
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین جه‌ماوه‌ر لای ده‌سه‌ڵاتداری تۆتالیتا‌ر ئه‌و هێزه‌یه كه ده‌بێت رامبكرێت و بۆ ئه‌و شوێنه ئاراسته بكرێت كه نه‌ته‌وه، یان راستتر وایه بڵێین: حزب ده‌یخوازێت.
حزبه تۆتالیتاره‌كان چۆن دروستبوون و به چ میكانیزمێك جه‌ماوه‌ری مێگه‌لیان دروستكرد؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ناچارین ئاماژه بۆ ئه‌و شكسته سیاسی و عه‌سكه‌ریی و رۆحییه بكه‌ین كه له جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مدا به‌ر هه‌ریه‌ك له ئه‌ڵمانیاو ئیتاڵیا كه‌وتن، له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی جه‌نگدا نه‌خشه‌ی سیاسی و وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌ستكاریی كرا‌و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی و خواستی براوه‌كانی شه‌ڕ جارێكی تر كێشرایه‌وه، هه‌ریه‌ك له ئه‌ڵمانیاو ئیتاڵیا هه‌ستیان ده‌كرد له‌و نه‌خشه نوێیه‌دا شكۆ‌و كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان شكێنراوه، بۆیه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك كه‌وتنه هه‌ڵپه‌ی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی كه به‌هۆی جه‌نگه‌وه له‌ده‌ستیان دابوو، سه‌ركرده عه‌سكه‌رییه‌كان و تیۆرسێنه ناسیۆنالیسته توندڕه‌وه‌كان كه‌وتنه بزواندنی هه‌ستی جه‌ماوه‌ری وڵاته‌كه‌یان بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان كه كه‌وتبوه ژێر ده‌ستی براوه‌كانی شه‌ڕه‌وه، سه‌رئه‌نجام توانینان سۆزی جه‌ماوه‌ریی بۆخۆیان رابكێشن و به‌سوود وه‌رگرتن له پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی، له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست، ئیدی نه‌ك خزمه‌تی جه‌ماوه‌رییان نه‌كرد، به‌ڵكو زۆر دڵره‌قانه كه‌وتنه سزادان و له‌ناوبردن و به‌مێگه‌لكردنی كۆمه‌ڵگه، یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌ركه‌وتنی ئه‌و حزبانه، په‌یوه‌ندیی راسته‌وخۆیان به جه‌ماوه‌ری ئه‌و وڵاتانه‌وه هه‌بوو، واتا ئه‌گه‌رچی جه‌ماوه‌ری ئه‌و وڵاتانه قوربانی یه‌كه‌می حزبه تۆتالیتاره‌كانن، به‌ڵام هه‌ر خۆشیان به‌شێك له‌به‌رپرسیاریه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاریان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، چونكه له‌هه‌ر جێگه‌یه‌ك جه‌ماوه‌ر هه‌بێت و له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك له‌هۆیه‌كان ئاره‌زوویه‌كی زۆری رێكخستنی سیاسی تیادا به‌دی بكرێت، بزووتنه‌وه تۆتالیتاره‌كانیش ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانیان هه‌یه، هه‌میشه‌ش له‌ناو جه‌ماوه‌ردا بۆ ئه‌وكه‌سه فه‌رامۆشكراوانه ده‌گه‌ڕێن كه بێ ئینتیماو بێ شوناسن.
(بزووتنه‌وه تۆتالیتاره‌كان له‌و رێكخستنه جه‌ماوه‌رییانه‌وه دروست ده‌بن كه خه‌ڵكانی په‌رشوبڵاوو گۆشه‌گیر له‌خۆ ده‌گرێت.. له‌راستیدا سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه تۆتالیتاره‌كان پێشئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست كاریان له‌سه‌ر چه‌مكی دڵسۆزی كردووه، به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌رله‌وه‌ی رێكخستنه‌كانی وڵات به‌كرده‌وه بكه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتیان ئه‌و خواستانه گه‌ڵاڵه ده‌كرێ كه رێكخستنه‌كانیان له‌كاتی گونجاوو دیاریكراودا توانای هه‌یه سه‌رجه‌م ره‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی بگرێته‌وه)( ).
له‌لای ده‌سه‌ڵاتداری تۆتالیتا‌ر (حزب) ئه‌و میكانیزمه‌یه كه ده‌توانێت ده‌سته‌مۆی بكات، (حزب) له‌لای جه‌ماوه‌ری فریوده‌ری سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتا‌ر ئه‌و فریادره‌سه‌یه كه له‌توانایدایه كه‌رامه‌تی روشاوو له‌كه‌داریان بۆ به‌ده‌ستبهێنێته‌وه‌و خاوێنی بكاته‌وه، بۆیه لێره‌وه پاراستن و به‌رگریكردن له‌حزب له‌لای جه‌ماوه‌ری مێگه‌لی ده‌بێته به‌رگریكردن له‌شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی چونكه پێشتر وا تێگه‌یه‌ندراون كه حزب له‌بناغه‌دا ئه‌ركی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ره‌سه‌نایه‌تی و پاراستنی پیرۆزی و سومبوله‌كانی نه‌ته‌وه‌یه.
له‌حاڵێكی ئاوهادا ئاساییه كه پێگه‌و شوێنی حزب نه‌ك هه‌ر له‌سه‌رووی جه‌ماوه‌ره‌وه‌یه، به‌ڵكو له‌سه‌رووی یاسا‌و ده‌وڵه‌تیشه‌وه‌یه ، هه‌ربۆیه جگه له‌ماڵی حزب ، هیچ جێگه‌و شوێنێكی ئه‌مین بۆ خه‌ڵكی له‌ده‌ره‌وه‌ی حزب نامێنێته‌وه…
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه نایانه‌وێت بێنه ناو ماڵی حزبه‌وه، ئه‌وا كه‌سانی گومانلێكراون و ده‌بێت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك سزا بدرێن، لێره‌وه به‌حزبیكردنی كۆمه‌ڵگه ده‌ستپێده‌كات، له‌م قۆناغه‌دا (حزبی تۆتالیتا‌ر پێویستی به‌وه نامێنێت به‌رنامه‌ی كاری حزبی بخاته به‌رده‌م ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی تا قایلیان بكات به‌نیازو پلانه‌كانی، چونكه قایل‌بوون خواستی مرۆڤه ئازاده‌كانه، نه‌ك مرۆڤگه‌لێك كه ته‌نها خه‌میان ئه‌وه‌یه دڵسۆزی خۆیان بۆ حزب بسه‌لمێنن، له‌م نێوه‌نده‌دا سه‌ركرده‌ی تۆتالیتا‌ر هێنده‌ی په‌نا بۆ فه‌رمان و كاری مه‌یدانی ده‌با، هێنده په‌نا ناباته به‌ر رازیكردنی شوێنكه‌وتوانی و هه‌رگیز ده‌رفه‌تی وتووێژ‌و قایلكردنی فیكری ناهێڵێته‌وه، چونكه له‌كاتی تێڕامان و وتووێژدا مرۆڤه‌كان ده‌بنه‌وه به‌خۆیان و توانای نه‌یارییان تێدا دروست ده‌بێت، به‌ڵام له‌كاتی فه‌رمانده‌ركردندا مرۆڤه‌كان ده‌بنه‌وه به‌به‌شێكی زۆر بچووك له‌ماشێنێكی به‌كۆمه‌ڵدا، كه مرۆ به‌ته‌نهاو له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ماشێنه هیچ به‌هایه‌كی نییه‌و بوونه‌وه‌رێكی بێقیمه‌ته)( ).
له‌سیستمی تۆتالیتاردا راسته حزب له‌سه‌نته‌ردایه‌و ده‌بێت ته‌واوی كۆمه‌ڵگه له‌ده‌وری بئاڵێن و ببن به‌قوربانی، به‌ڵام له‌ناو حزبیشدا بۆ ئه‌ندامه‌كان چه‌ندین پله به‌ندی و بازنه‌ی گه‌وره‌و بچووك هه‌ن، بۆیه سه‌ره‌نجام حزبیش ئه‌و ماڵه ئه‌مینه نابێت بۆ ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری حزبی، نه‌ك هه‌ر ناتوانن ئاسووده‌و ئارام بژین، به‌ڵكو له‌وپه‌ڕی دردۆنگی و گومان و دڵه‌ڕاوكێدا چاودێری یه‌كتری ده‌كه‌ن، كێ به‌ركێ له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێ كه كێ له هه‌ر كه‌سێك زیاتر دڵسۆزی رابه‌ره… چونكه رابه‌ر له‌م قۆناغه‌دا له‌لوتكه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتدایه‌و له‌و به‌رزییه‌وه چاودێری هه‌مووان ده‌كات، دواجاریش به‌شێوه‌ی جیاجیا سزای هه‌مووان ده‌دات.
(رابه‌ر) ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه له‌قه‌باره‌و بارستاییدا وه‌كو مرۆێكی تر وایه، به‌ڵام له‌لای ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری مێگه‌لی، حزب جه‌سته‌یه‌كی گه‌وره‌و زه‌به‌لاح و سامداره، جه‌ماوه‌ریش به‌و گه‌وره‌ییه‌وه له‌لای رابه‌ر بچووك ده‌بنه‌وه‌و وه‌كو مێگه‌ل بۆ مه‌رگ، یان بۆ ئه‌و شوێنه‌ی خۆی ئاره‌زووی لێیه‌تی و ئاراسته‌یان ده‌كات و لێیان ده‌خوڕێت!!
————————————
*مامۆستا له‌زانكۆی سلێمانی.
سه‌رچاوه‌كان:
(1)موریس دیفرجیه، الاحزاب السیاسیه، ترجمه علی مقلدو عبدالحسن سعد، دار النهار للنشر، بیروت، گ4، 1982، ص272-273.
(2) سیفن ئێرگ لیدمان، مێژووی بیروباوه‌ڕی سیاسی، وه‌رگێڕانی عه‌لا نوری و دلێر میرزا، له‌بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی وه‌رگێڕان، سلێمانی 2004-ل38.
(3)جورج سباین، تگور الفكر السیاسی،ترجمه حسن جلال العروسی،كتاب الاول،دار المعارف بمصر،گ، 1971، ص 65.
(4)كه‌مال پۆلادی، مێژووی هزری سیاسی له رۆژئاوا، وه‌رگێڕانی ئازاد وه‌ڵه‌د به‌گی و سیروان زندی، به‌رگی یه‌كه‌م، له‌بڵاوكراوه‌كامنی ده‌زگای موكریان، هه‌ولێر، 2004، ل 44.
(5) د. شاهۆ سه‌عید، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 60.
(6) میشێل عفله‌ق، فی سبیل البعپ ، بیروت، گ 14، 1975، ص 41.
(7) هانا ئارێنت، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 96-97.
(8) د. شاهۆ سه‌عید، هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل68.