Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
ئافات … سمكۆ محه‌مه‌د

ئافات … سمكۆ محه‌مه‌د

Closed
by August 19, 2011 ئەدەب

 

پێشكه‌شه‌ به‌ (ئازادسوبحی)

له‌درزی ده‌سته‌كانته‌وه‌ ده‌تبینم
ده‌ته‌وێ‌ له‌باخچه‌كه‌ی باوكته‌وه‌
رۆژه‌ وه‌رزی ره‌نگاو ره‌نگ بچنی
ده‌ته‌وێ‌ ده‌رفه‌تێك وه‌رگری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌
كه‌مێك دوور كه‌ویته‌وه‌ له‌و قسه‌ باوانه‌ی كه‌ زاكیره‌ی مناڵیت ده‌خنكێنێ‌
من حه‌وت شه‌و جارێك له‌گه‌ڵ كتێبێكتا سه‌فه‌ر ده‌كه‌م
وه‌ك مناڵێكی به‌دفه‌ڕ له‌حزه‌كانت كۆده‌كه‌مه‌وه‌
تكایه‌ بمبه‌وه‌ سه‌ر رێگایه‌ك
دابه‌شم بكاته‌وه‌ سه‌ر به‌رزه‌خی گریان و پێكه‌نین
له‌و رۆژه‌وه‌ی باوكم مردووه‌
دایكم گرمۆڵه‌ بووه‌ و قسه‌یه‌كی بۆ نه‌كردووم
هیچ نه‌بێ‌ ده‌ستم به‌رێ‌ ده‌نگم ناتگاتێ‌
له‌ترسی كورد تۆنی ده‌نگم گۆڕاوه‌
شه‌و نیه‌ كه‌سێك له‌گۆڕستانه‌وه‌ زه‌نگم بۆ لێنه‌دا
حه‌سره‌تم بۆ خوێنی كاڵی هاوڕێكانم و
شاده‌ماری گرژ و ئاوساوی دووژمنه‌كانم زیاتره‌
له‌و دونیایه‌ی كه‌لێم بۆته‌ هه‌نجیرێكی رزیو
خه‌ڵك رۆژانی هه‌فته‌ شه‌ویلاگه‌یان كه‌ف ده‌گرێ‌ و
ئێوارانی هه‌ینیش دیانبینم مان ده‌گرن
ده‌ستێك ده‌ستێكی تر ده‌شكینێته‌وه‌
ره‌نگه‌ تۆ نه‌یانبینی
تكایه‌ به‌و چاویلكانه‌وه‌ مه‌ڕوانه‌
كه‌ته‌نها كه‌تتانی ته‌نك و قه‌دیفه‌ی نه‌رم ده‌بینێ‌
وه‌ره‌ ده‌رێ‌ و ته‌ماشای هێرشی كولله‌ بكه‌
ئه‌وانه‌ی كه‌له‌پاش شاكوولله‌ی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ رێده‌كه‌ن
شه‌وان كوپه‌ زێر ده‌ژمێرن 
به‌رۆژیش شیعر ده‌نووسن
ته‌ماشای روخساری تێكچڕژاوی ئه‌و حه‌شاماته‌ بكه‌
چۆن له‌یه‌كتر ده‌چن
وه‌ختێك ماندوون و ده‌یانه‌وێ‌ له‌ ژێر سێبه‌ری خۆیاندا
پشووه‌یه‌ك بده‌ن
كه‌س ناتوانێ‌ له‌قسه‌ی باو دوور بكه‌وێته‌وه‌
وه‌ك ته‌مبه‌ڵێك به‌یه‌كتر ده‌ڵێن لاچۆ له‌به‌ر سێبه‌ره‌كه‌م
باو باوی ده‌ست شكانه‌وه‌یه‌
نه‌وره‌سه‌ سپیه‌كان ده‌چریكێنن تۆفان هات
مه‌له‌وانه‌كان هاوار ده‌كه‌ن زریان هات
خوشكه‌ ره‌شپۆشه‌كانم ده‌قیژێنن ئافات هات
سوڵتانیش چاوقایمانه‌ له‌سه‌ر زگی نیشتیمان راكشاوه‌
سه‌ری له‌ئێمه‌ش شێواندووه‌
شقارته‌یه‌كم به‌رێ‌ با ئاگرێ‌ بكه‌مه‌وه‌
بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر پشتی تراویلكه‌ راكشاون
توڕه‌بوونێكی خۆتم به‌رێ‌
بۆ ئه‌و حه‌شاماته‌ی كه‌ناوێرن به‌دیار ئه‌م شه‌پۆله‌ توڕانه‌وه‌
مۆزیك بژه‌نن
وڕێنه‌یه‌كی خۆتم به‌رێ‌ بۆ ئه‌و ره‌شه‌با توڕه‌یه‌ی
وه‌ختێك خۆی ده‌كێشێ‌ به‌دار ته‌لێكدا و چۆله‌كه‌یه‌ك ده‌كوژێت
گۆرانیه‌كی حوسێن عه‌لی بڵێ‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ی
ئه‌سكه‌میلی مێرده‌كانیان له‌نێو قوڕدا ده‌چه‌قێنن
چاوڕوانی پیاوێكی گرگن ده‌كه‌ن
كاتێك له‌بازاڕ دێنه‌وه‌ مشتێك گڵه‌ سه‌ریان به‌دیاری بۆ ده‌هێنن
له‌ته‌نیایی خۆته‌وه‌
قسه‌یه‌كیش بۆ ته‌نیایی من بكه‌
ئه‌و كاته‌ی بیر له‌ جوانێك ده‌كه‌یته‌وه‌ كه‌ له‌كونی درگاكانه‌وه‌
ته‌ماشای ته‌نیایی خۆی ده‌كات
تۆ جارێك تامی شیلاوی كانییه‌كت كرد
روبارێكت له‌ده‌ستدا
ده‌ستت بۆ ره‌زێك برد
له‌ته‌مه‌نی ترێت كه‌مكرده‌وه‌
بیرت له‌تۆڵه‌ سه‌ندن كرده‌وه‌
ته‌نهایی له‌نێو دووكه‌ڵی جگه‌ره‌یه‌كدا    
غه‌یبی كردی
بیرمه‌ جارێكیان گووتت
ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌دوای
بێده‌نگ بوونی منه‌وه‌
نه‌مه‌ست بوون نه‌ گریان
ناوێرن و دارشه‌ق و به‌ڕماڵه‌كانیان
له‌ژێر دارێكی وشكهه‌ڵاتوو فڕێبده‌ن
له‌ترسی ئه‌وه‌ی بزر بن
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌خه‌جاڵه‌تی ناكێشن به‌رامبه‌ر دڵۆپێك ئاونگ
وه‌ختێك له‌سه‌ر سنگی گه‌ڵایه‌كی رزیو ده‌خزێ
له‌گغ و گاڵی مناڵێكی لاڵ خه‌مناكتره‌
وه‌ختێك پرسیار ده‌كه‌ن و ده‌ست بۆ ئاسمان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌
چه‌ند شایه‌تێكی ترسنۆك له‌سوچی كۆڵانێكدا راوه‌ستان و دیكۆمێنته‌كانیان له‌باخه‌ڵ ناوه‌ و هیچ نادركێنن
حه‌وت شه‌و جارێك سه‌ردانی نیشتیمان ده‌كه‌ن
عابایه‌كی ره‌شیان داوه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكدا
ئه‌و شه‌وانه‌ی كه‌ زاهید و عاریف
گێل و جاهیل پێكه‌وه‌ ره‌سم ده‌گرن
له‌گه‌ڵ نه‌فامێكیشدا خۆیان ده‌كه‌ن به‌خوا
**************
ده‌ستم به‌رێ‌ و له‌كه‌لی شه‌یتان وه‌ره‌ خوارێ‌
وه‌ك ناچی بۆ سلێمانی و هه‌ولێر
وه‌ره‌ بابچین بۆ كه‌ركوك
له‌دووره‌وه‌ بۆنی عه‌تری مناڵیمان بكه‌ین
له‌و رۆژه‌وه‌ی  له‌ “ته‌په‌” پاشقولیان لێگرتووم
پاسكیله‌كه‌م بزر كردووه‌
هه‌رزه‌كاریم به‌پێڵاوێكی لاسیك و كراسێكی شڕه‌وه‌ ده‌به‌م بۆ به‌رده‌م “خانه‌قا”
تۆش وه‌ره‌ پیاسه‌یه‌كی “ئازادی” بكه‌
منیش سمكۆڵان ده‌كه‌م بۆ “خاسه‌”
یارمه‌تیم بده‌ سه‌عاتی سفری گریان ده‌ست پێنه‌كاته‌وه‌
جوتێك خوشكی بێ‌ ئه‌مه‌ك
وێنه‌ی ئێمه‌یان له‌جانتاكانیان هه‌ڵگرتووه‌
به‌چه‌كوچ به‌ربوونه‌ته‌ جه‌سته‌مان
من خه‌ریكم پارچه‌ شكاوه‌كانی خۆم كۆده‌كه‌مه‌وه‌
تۆش به‌دارشه‌قه‌كه‌ته‌وه‌ سه‌رێكی یانه‌كه‌ی جاران بده‌
با هاوڕێكانیشت هه‌ر خه‌ریكی ئه‌وه‌ بن
پوله‌كه‌ له‌كراسی شاژنه‌كانی سوڵتان بكه‌نه‌وه‌ و
بیخه‌نه‌ ده‌فته‌ر شیعری كچه‌كانیانه‌وه‌
تاجی سه‌ری سوڵتان ماچ بكه‌ن و
بیخه‌نه‌ دۆڵابی كوڕه‌كانیانه‌وه‌
بیر له‌چی ده‌كه‌یته‌وه‌
ئه‌رێ‌ زانیوته‌ كه‌سێك هه‌بێ‌ له‌ژووره‌كه‌ی خۆیدا
بیری له‌خه‌ساندنی خۆی نه‌كردبێته‌وه‌
كه‌سێكت بینیوه‌ له‌نێو حه‌وشه‌كه‌ی خۆیدا
ته‌ماشای به‌رزی دیواری نه‌كردبێت
كه‌سێك هه‌یه‌ له‌قرچه‌ی نیوه‌ڕۆی هاویندا
له‌سه‌ربانی خۆی نه‌خه‌وتبێت
چه‌ند كه‌ست بینبیوه‌
له‌وێستگه‌یه‌كدا پێكه‌وه‌ گۆرانی بڵێن
بۆ گوێ‌ ناگری له‌و قه‌له‌ ره‌شانه‌ی ده‌قیڕێنن قیامه‌ت هات
له‌و شوانه‌ بێ‌ كه‌پنه‌كانه‌ی هاوار ده‌كه‌ن بوركان هات
له‌خوشكه‌ ره‌شپۆشه‌كانم كه‌ فیزاح ده‌كه‌ن مه‌رگ هات
من خه‌ریكم رۆژه‌كانی تۆ ده‌نووسمه‌وه‌ بۆ وه‌رزه‌كان
بۆ ئه‌وانه‌ی داڕه‌ڕای كه‌پرێكیان پێ‌ ناكرێ‌ 
كه‌چی تازیه‌ بۆ نیشتیمان داده‌نێن
نیشتیمانێك له‌ دووره‌وه‌ له‌كچێكی ئه‌فوسوناوی ده‌چێت
له‌نزیكیشه‌وه‌ له‌قه‌یره‌یه‌كی سه‌ماكه‌ر و رووت و بێ‌ حه‌یا
چاوی شین و ره‌ش و مه‌ڕی ئه‌بڵه‌ق ده‌كات
ئه‌و چاوانه‌ی واده‌زانن
ئه‌گه‌ر كوێرن بن و گوچان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌گرن
سۆفیه‌ك هه‌یه‌ ده‌ستیان ده‌گرێ‌
پێ خاوس بن و پێڵاو له‌پێ‌ نه‌كه‌ن
شێخێك هه‌یه‌ قالییان بۆ راده‌خات
گه‌ر بۆنی دارگوێز نه‌كه‌ن
شاژنی سوڵتان لێوی پێ‌ سوور ده‌كات
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای سیحری تاڤگه‌یه‌ك نه‌كه‌ن
زه‌لكاو زۆربه‌یان له‌قورگی خۆیدا نوقم ده‌كات
گه‌ر له‌هه‌ر له‌حزه‌یه‌كدا ئاڵایه‌ك هه‌ڵده‌ن
سرودێك بنووسنه‌وه‌ و بیده‌نه‌ مناڵه‌كانیان
نیشتیمانیان هه‌یه‌
****************
ده‌ستم به‌رێ‌ برا
گره‌ و له‌سه‌ر رۆحی خۆم ده‌كه‌م
ته‌نهایی ده‌عبایه‌كی ترسناكه‌ و هیچ تابلۆیه‌كی نه‌بینیوه‌ و
وڕكی له‌چاویلكه‌كه‌ی تۆ گرتووه‌
بونه‌وه‌رێكی ترسناكه‌ له‌پێش مه‌سیحه‌وه‌ نه‌فره‌تی لێكراوه‌
ته‌ماشای ئه‌و دێو زمه‌یه‌ مه‌كه‌ له‌نێو كتێبه‌كانت خه‌وتووه‌
شیعرێك بنووسه‌ “بریتی” تیا نه‌بێت
بریتی له‌گه‌ڵ مه‌یته‌رێكدا ده‌خه‌وێ‌
جگه‌ له‌ مردووه‌كان
له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تر قوماری نه‌كردووه‌
ده‌مه‌وێ‌ به‌رده‌وام بم له‌گه‌ڵتا
هه‌نیه‌ی خۆم
فرمێسكی خۆم
لوێچێ‌ له‌خوێنی خۆم
له‌سه‌ر ده‌ستی نیوتن له‌یه‌كتر جیا ده‌كه‌مه‌وه‌
له‌به‌ر چاوی تۆ
باسكی خۆم
په‌نجه‌كانی خۆم
قاچی خۆم
له‌سه‌ر ده‌ستی فیساگۆرس پێكه‌وه‌ كۆده‌كه‌مه‌وه‌
تۆش له‌ده‌فته‌ری ماتماتیكی منداڵێكدا بۆ مامۆستای بنووسه‌وه‌
ئه‌و ده‌فته‌رانه‌ بدڕێنه‌ كه‌ پێرسته‌كه‌ی پڕه‌ له‌ ئافات
ژماره‌كانیشی به‌شه‌ڕده‌
ئه‌و ده‌فته‌رانه‌ بسوتێنه‌ كه‌ له‌ده‌فته‌ر چه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندێكی ترسنۆك ده‌چێ‌
ئه‌و ژماره‌ كۆنانه‌ بخه‌ چوارچێوه‌یه‌كی زیوینه‌وه‌
كه‌له‌ده‌ست ژماره‌ ناحه‌زه‌كانی ماتماتیك راده‌كه‌ن
حیكمه‌تی ئه‌م ئافاته‌
مه‌ستێكی دیكه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی تۆ تۆبه‌ ده‌كا
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.