فاشیزم بە خۆڕایی بۆ هەموو هاوڵاتیان !
ئەرشیفی سایتی دەنگەکان 2005
لە ڕۆژی 9 ئایاری ساڵی 1950 یەکێک لە ڕۆژنامەکانی تورکیا ، وێنەی دایکێکی بڵاوکردەوە ، لەم وێنەیە دایکەکە لافیتەیەکی بەرزکردۆتەوە ، کە لێ ی نووسراوە (( کوڕەکەی من نازم حیکمەت لە بەندیخانەدا مانی لە خواردن گرتووە ، منیش دەمەوێ وەکو ئەو بمرم )) .
دایکی شاعیری پایە بەرز نازم حیکمەت ، قەت نەیدەزانی دەسەلاتی سیاسی لە تورکیا ، هەر بەبەند کردنی کوڕەکەی واز ناهێنێ ، بەڵکو پاش چەندین ساڵ زیندانی و سەرکوت ، کوڕەکەی نەفی دەکەن و هاوڵاتی بوونی لێ دەستێنەوە ، ئەم هاوڵاتی لێ سەندنەوەیە درێژەی دەبێ ، تا لە ژێر فشاری جەماوەری و ڕۆشنبیری لە ناوەو دەرەوەی تورکیا ، حکومەتی تورکیا دوای 39 ساڵ لە مردنی نازم حیکمەت ئینجا هاوڵاتی بوونەکەی دایەوە !
دایکی نازم حیکمەت نەیدەزانی ، مان گرتن لە خواردن لە نێو بەندیخانەکانی تورکیا تا سەدەی بیست و یەک درێژەی دەبێ و ژمارەی لە برسا مردووی ئەم مانگرتنانە ، لەگەڵ ژمارەی کوژراوی نێو بەندیخانەکان لە کاتی ناڕازایەتی بەرامبەر ئیدارەی بەندیخانەکان ئەوەندە ڕوو لە سەر دەبێ ، کە لایەکی ڕێکخراوی (ئەمنیستی ئەنتەرناشیۆناڵ) بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکا .
نازم حیکمەتیش ئەگەر تا ئێستا لە ژیان بووایە ، دەیبینی ئایدیۆلۆژی فاشیزم و سیستەمی میلتاریزم لە تورکیا لە ئەزمونی خۆیدا تەنیا بە لێسەندنەوەی هاوڵاتی بوون و بەندیخانە واز ناهێنێ ، بەڵکو لە وەڵامی خواستی جەماوەری خەڵکی کورد بۆ لابردنی ستەمی میللی ، بەجیا لە هێرشی بەردەوامی سەربازی ، لە پاڵیدا بۆ فشار هێنانی زیاتر دەچێ کتێبی فاشیستی دژ بە زیاتر لە 20 ملیۆن لە هاولاتی و لە دانیشتوانی ئەم وولاتە بڵاو دەکاتەوە،کتێبێک کە بریتی یە لە کۆمەڵکوژی مەعنەوی میللەتێک ، هێرشێکی پڕ لە نەعرەتەی شۆڤینیستی بۆ سەر( بوون و نەبوون )ی میللەتێک لەم جوگرافیایەدا !
لە تورکیا هەموو شتێک بە پارەیە ، تەنانەت مردنیش پارەیەکی وا زۆری تێدەچێ ، کە زۆربەی هاوڵاتیان ی هێڵی هەژاری بە تایبەتی لە شارە گەورەکان بە کۆمەکی شارەوانی نەبێ شوێنێکیان بە درێژی مەترێک و و دووان بۆ شاردنەوەی تەرمی کەس و کارەکانیان پێ ناکڕدرێ .
هەموو بەیانیان دەوڵەمەندەکانی لێ دەربچێ ، دەنا ئەم وولاتە دەستی لە سەر دڵیەتی بۆ عیبارەتی ” زام گالدێ ” کە عیبارەتێکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی شت ومەک و دابەزینی بەهای پارەی ئەم وولاتە بە کاردێ . لەمێژووی تازەی ئەم وولاتە قەت شتێکی بە سوود بە سەر جەماوەردا بە خۆڕایی دابەش نەکراوە ، قەت بیستوتانە کتێبەکانی یەشار کەمال و عەزیز نەسین و نازم حیکمەت بە خۆڕایی بە سەر هاوڵاتیان دابەش کرابێ ؟؟
بەڵام دڵ گەورەیی دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیا بۆ بڵاو کردنەوەی تازەترین کتێبی فاشیانەی دژ بە میللەتی کورد لە تورکیا لە ئاستێکدایە کە هاوڵاتیان بە خۆڕایی دەتوانن دانەیەک لەو کتێبەیان دەست بکەوێ . کتێبەکەی حکومەت کەبە ناوی (( ئێمە هەموومان وەکو یەکین )) بڵاوی کردۆتەوە ، یەک پەیامی سەرەکی هەیە کە بڵێت : ئێمە هەموو وەکو یەک نین !
لە پێناسەکانی ئەم کتێبەدا هاتووە :- (( مێژووی کورد لە تاریکیدایە )) هەروەها (( زانستە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو مێژوو ، جوگرافیا ، ئەتنۆگرافی و شوێنەوارناسی و ئانتڕۆپۆلۆژیا بچووکترین ئاماژە بە بوون و بە مێژووی کورد ناکە ن ))
ئەم عیبارەتە بەتاڵ و دیماگۆجانە ، پێدەچێ لە لایەن مێژوو نوسێکی زۆر بێ بەهرە نووسرابێت . بەڵام ، گریمان ئەو قسەیە ڕاستەو مێژوو نووسی مەعاش خۆری فاشیزم ڕاست دەکا . گریمان یەک ئاماژەی نووسراو لەم دونیایە نیە بۆ مێژوو بۆ هەبوونی کورد لەم ناوچەیە . بەڵام ، خۆ بە قەد باڵای پاشماوەی کەلاوەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ، لە هەموو بوارەکانی زانستی مێژوو ئەنترۆپۆلۆژیا، ئاماژە هەیە بۆ مێژووی پڕ لە تاریکستانی چوار سەدەی خوێناوی ئەم ئیمپراتۆریەتە، کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێدەکا تا دەگاتە تا بەلقان ، لەم مێژووە بە قەدەر ژمارەی تانکەکان و تۆپەکانی سوپای ئێستای تورکیا ، کتێب و بەڵگەنامەو دۆکیۆمێنت هەیە لە سەر جینۆسایدی ئەرمەن . دەقاتی ژمارەی کوژراوی سەربازی شەڕی چەکداری لە کوردستان و دەقاتی ژمارەی سیڤیڵی کوژراوی کوردو تورک ، لێکۆڵینەوە هەیە ، لەسەر شکستی ئەم جۆرە لە سیستەمی حوکمڕانی .
چەندین لایەنی دەولی بە تایبەتی یەکیەتی ئەوروپا ، ئاماژە بۆ ڕێگاچارەی دیموکراتیانە دەکەن بۆ لابردنی ستەمی میللی لە سەر کورد لە تورکیا ، نەسیحەت و هەڕەشە لەدواخستنی پڕۆسەی ئەندامێتی لە یەکێتی ئەورپا بۆ ژەنەڕاڵەکانی تورکیا دەنێرن ، وەڵامی تورکیاش تەنیا ئەوەیە : لەپاڵ سەرکوتی سەربازی ، دێ لەکتێبی پووچدا ، باوەڕی فاشیستی دژ بە میلەتێک ، بە خۆڕایی بە سەر هەموو هاوڵاتیان دابەش دەکا !
ڕزگار عومەر
orezgar@yahoo.ca