مالێک له گریان….. یونس.م
(پێشکه‌شه به‌و قاچاخچێی ئێمه‌ی گه‌یانده ئوروپا)
مژێکی قوڵی له سیگاره‌که‌ی دا،سه‌ری له به‌ر خۆی نابو
ئه‌ڵۆ…کاکه گیان کاکه،ده‌ڵێن سیگار زۆر ده‌کێشی ؟باوه‌ر بکه زۆر خراپه.باشه تۆ ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌یده‌ی به سیگار بیده به شتێکی تر‌و بیخۆ.
پشکۆ ده‌زانی دوێنی رۆژنامه‌ی ژیان بابه‌تێکی دورو درێژی له سه‌ر زیانی سیگار کێشان بڵاو کردبۆوه؟ده‌زانی چی نوسیبۆ؟
هه‌ی ماڵته هه‌ی ئه‌و هه‌مۆ سیگاره چی یه ده‌یکێشی؟
مامۆستا لێم گه‌رێن با به دڵی خۆم بکێشم.
ده‌نگی مناڵێک که له خواره‌وه یاری ده‌کردو قیژاندی وه‌خۆی هێناوه.
سه‌رێکی راوه‌شاند.
با بڵێن باشه،ئه‌ی چی بکه‌م؟هه‌ر چه‌ند پێم وایه وا نییه وابێ ،به‌ڵام سیگار له ده‌رد و مه‌راقت دور ده‌کاته‌وه.نازانم چی یه ئه‌و ده‌عبایه وه‌ک به‌له‌مێک وایه هه‌ر بیکێشه‌و له ئاواته ته‌م گرتۆکانت نزیک ده‌کاته‌وه‌و له رابردوو تا دێ دورت ده‌کاته‌وه.
وه‌ک ئه‌وه‌ی له ئاواته ته‌م گرتۆکانی تۆزێک نزیک بوبێته‌وه مژێکی قوڵتر له جارانی له سیگاره‌که‌ی دا و هاوکاتیش ئاخێکی که له زه‌مه‌نێکی دورتره‌وه ده‌هات هه‌ڵکێشا ودووکه‌ڵی سیگارو ئاخ وه‌ک شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی تیژرۆ ده‌رونیان تاو ده‌دا به‌ره‌و ئاواته‌کانی.
روانییه خواره‌وه،ئاخر ئه‌وان له قاتی 8 ی بینایه‌کی 17 نۆهۆمی ده‌ژیان و ئه‌و ده‌بو بۆ جگه‌ره کێشان بێته سه‌ر باڵکۆنه‌که. مناڵه‌کان سه‌ر قاڵی یاری کردن به به‌فر بوون. 6 رۆژی بۆ سه‌ری ساڵی نوێ مابو. من له سه‌ده‌می مناڵی هیچ شتێکم بیر نه‌ماوه جیا له‌و رۆژه‌ی که خه‌ته‌نه‌یان کردم و باوکم مرد.
هاوکات ده‌نگی ده‌قینه‌وه‌ی ته‌ره‌قه‌یه‌ک که مناڵه‌کان ته‌قه‌ندیانه‌وه‌و ده‌نگی هاوسه‌ری که وتی پشکۆ موبایله‌که‌ته وه‌خۆیی هێناوه.
مژێکی له جگه‌ره‌که‌ی دا‌و کۆنچکه‌ی خسته ناو گوڵدانه شکاوه‌که‌وه.
ئه‌ڵۆ ،پشکۆ
سڵاو ئاغای پشکۆ من سامۆئێل راوێژ کاری کۆمه‌ڵایه‌تی له بنکه‌ی تندروستی "فیتیا"م.
به‌ڵی به‌ڵی ،سڵاو ئاغای دوکتور.
پشکۆ گیان حالت چۆنه؟
باشترم زۆر سپاس.
پشکۆ گیان بۆیه کاتم گرتی ویستم ئه‌وه‌ت پێ بڵێم،چاوم له لیستی کاتی چاوپێکه‌تنه‌کان کرد تۆ بۆ 10 یه‌نیواری سه‌عات 11 لای من کاتت هه‌یه،به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌و رۆژه من لێره نیم،تۆ ده‌توانی رۆژی دواتری سه‌عات 5/3 دوانیوه‌ڕۆ بێت بۆ لام؟
زۆر باشه کێشه نییه وا ده‌که‌م دوکتور گیان.
ده‌ی باشه با کاتت نه‌گرم کاتێکی خۆش.
خۆشتر،ماڵ ئاوا.
پشکۆ کێ بوو؟
ئه‌وه دوکتوره راوێژکاره‌که بوو،ده‌ڵی کاتی هاتنت بۆلای من بۆ رۆژێک دواخراوه.
…دوکتوری چی؟ئه‌وه چه‌ند جار چوم بۆ لای ،هه‌ر وه‌ک خۆمم.ده‌زانی چی یه من ده‌زانم خۆم خۆم ده‌ردم چییه و ده‌رمانیشم چییه.
ده‌ردی من ته…ن… هه‌ر ده‌ڵێـم دووباره ناچمه‌وه بۆ لای به‌ڵام ناتوانم.هه‌ست ده‌که‌م ئه‌گه‌ر چومه لایی و هاتمه‌وه تۆزێک سه‌رم سوک بووه له رێگاش باشتر ده‌رۆم.دواتر وه‌ک خۆم لێدێته‌وه،به‌ڵام ناچارم چی بکه‌م.هه‌مو جاری که ده‌چمه لای له ناخه‌وه ده‌گریم و ئاخ هه‌ڵده‌کێشم.نازانم بۆ وا بێ باوه‌ر بوم.به هه‌مو که‌س ،نازانم ،نازانم…
ئه‌ری پشکۆ ئه‌وه ئه‌و ورته ورته‌ت له چییه؟
ها کوا ؟هیچ.
ده‌زانی ده‌ڵێن چۆپی سی دی تازه‌ی ده‌رکردووه.گۆرانی خۆشی وتوه.
کێ ده‌ڵێ؟
که ته‌له‌یفونم بۆ کوردستان کرد وتیان.
ئه‌ی له‌یلا؟
باسی ئه‌ویان نه‌کرد.
کوردستان،ئای کوردستان …بۆ من بویت به تاڵترین بیره‌وه‌ری.کوڕه کوردستانی چی،باشتره بڵێت گۆڕستان،گۆڕستانی زێندۆکان.
ده‌زانی له چی ده‌چێ؟له ئیستیگای شه‌مه‌نده‌فه‌ر بۆ گۆڕ.نازانم بۆچی ناگوڕدرێ؟ئه‌و خه‌ڵکه سه‌ره‌یان بۆ به‌ستۆ؟من حه‌ز ناکه‌م بگه‌ڕێمه‌وه.ده‌زانی بۆ؟
چونکه ده‌زانم بچمه‌وه شانم ده‌شکێ و لاقه‌کانم ئیسقانه‌کانی ورد ده‌بن،چونکه دووباره ده‌بێ ئه‌و هه‌مۆ بێره‌وه‌رێ تاڵه ئه‌و هه‌مۆ فرمێسکه و ئه‌و هه‌مۆ حه‌سره‌ت و ئه‌و هه‌مۆ ئاخه له کۆڵ نێمه‌وه.نا،نا من نامهه‌وێ گرده‌نشین بم.
چییه دیسان سیگار کێشان؟ماڵته له دوره‌وه بۆنی سیگارت لێ دێ. ده واز بێنه چیت کرد به سیگار کێشان.
ئاخ تۆ که‌ی ده‌زانی من چیم و چۆنم؟
شتێک به سه‌ر شانت داده له باڵکۆنه‌که سه‌رمات ده‌بێ.هه‌ر ئه‌وه‌مان که‌مه با ئه‌ویش زیاد بێ.
من که‌سێکم به‌ڵام له هه‌مان کات دا سێ له‌ت.دڵم ئه‌وه‌تا ئه‌وه له کوردستانه‌وو سه‌رم خستۆته سه‌ر رانی دایکم و شانه‌یه‌کی داری دوو ده‌مم پێیه‌و زولفه سپێکانی بیوه‌ژنێتی شانه ده‌که‌م.
گوێ بۆ حه‌یرانی ئازار و لاوکی هه‌نیسکه‌کانی هه‌ڵده‌خه‌م و بۆ ئه‌و پێره ته‌واره ده‌گریم.
قاچه‌کانیشم لێره‌ن و له به‌یانی تاکو شه‌و دره‌نگان هه‌ر به دوای قه‌تاردا ڕاده‌که‌ن.
سه‌ریشم ده‌بینم له داهاتومه.به دایمی مه‌سته.هه‌میشه بیره‌یه‌کی فاڵکۆنی 5/3 ده‌رسه‌دی به ده‌سته‌وه‌یه قومێکی لێ ده‌داوو جڕتێک لێ ده‌دا.رۆژ تا ئێواره و ته‌نانه‌ت شه‌و له خه‌ویشا له به‌ر خۆیه‌وه گۆرانی"زێندوم که‌وه"ی له‌یلا ده‌ڵێمه‌وه.
چییه دیسان؟ به‌و قسانه وادیاره کڵۆکۆیی نوسین دایگرتوی؟
با له ئێستاوه پێت بڵێم،هه‌ر چییه‌ک ده‌نوسی شێعره،چیرۆکه که‌یفی خۆته.وه‌ک ئه‌و جاره‌که ناوی من نه‌هێنی.دیسان بڵێی هاوسه‌ره‌که‌م به ته‌نیشت ئازاره‌کانمه‌وه داده‌نیشێ و ئاخ هه‌ڵده‌کێشێ.له ته‌نیشت یه‌کتر داده‌نیشین و له یه‌کتر ده‌روانین،هه‌ر له خۆوه بۆ یه‌کتر، ئه‌و بۆ ژانه‌کانی من و من بۆ فرمێسکه‌کانی ئه‌و ده‌گرین.هاوسه‌ره‌که‌م له من ته‌نیا تره.من چاکه دایمه له گه‌ڵ بیره‌وه‌رێکان و ڕابردووم قسه ده‌که‌م و جار جاریش شه‌ریان له گه‌ڵ ده‌که‌م و دوو جنێویش به یه‌کتر ده‌ده‌ین.رۆژێ سه‌د جار شه‌ر ده‌که‌ین و ئاشت ده‌بینه‌وه،به‌ڵام هاوسه‌ره‌که‌م هه‌ر به ته‌نیایه ته‌نیا فرمێسکه‌کانی دڵخۆشیان ده‌داوه، هێنده‌ی هه‌ڵڕشتن ئه‌وانیش نه‌مان.
خه‌ڵکی شتی باش ناڵێ تۆ باسی ژنی خۆت بکه‌یت،به ڕاستی ئه‌و جار قبوڵم نییه شتی وا بنوسی.
خه‌ڵک ،خه‌ڵکی چی؟با بڵێن له‌وه‌ش زیاتر.
ده‌زانی پشکۆ دوێنێ"ئوله برێد" وتی ده‌نگ و باسی کوردستان چییه؟
ده‌ی تۆ وتت چی؟
جا بڵێم چی، هێندێکم قسه بۆ کرد.که باسی ئه‌وێم بۆ ده‌کرد واقی وڕمابو.
ده‌بو بڵێت ئوله خان کوردستانی ئێمه وه‌ک گه‌راج وایه،که‌س بیر له ئه‌وه ناکاته‌وه که دوای سه‌فه‌ره‌که‌ی ئیتر چی.
جا باشه پشکۆ تۆ کوردستانت کردوه به تاریکخانه.واش نییه یه‌کجار.
ئاخر که‌سانی وه‌ک تۆ وایان له‌و وڵاته کرد،هه‌ر وتان به‌س نییه… به هیوا بن باش ده‌بێ. باشه له‌و قسه زلانه گه‌رێ، هه‌سته بزانه کێیه،ته‌له‌یفۆنه‌که زه‌نگ لێ ده‌دات.
گوڵه‌که‌م تا من ده‌چم سیگارێک ده‌کێشم تۆ بزانه کێیه.
هه‌هوووو سیگار کێشان نه‌بڕایه‌وه.ئه‌ڵۆ،ئه‌ڵۆ
ئه‌ڵۆ ئێواره‌تان باش ،من ده‌ریا مه‌له‌کیم له کوردستانه‌وه ته‌له‌یفون ده‌که‌م.ده‌توانم له گه‌ڵ کاک پشکۆ قسه بکه‌م؟ باشه کاکه گیان ده‌قه‌یه‌ک راوسته.پشکۆ وابزانم براده‌ری خۆته له کوردستانه‌وه ته‌له‌یفون ده‌کات بزانه چی ده‌وێ ،خێراکه با زۆری له سه‌ر نه‌که‌وێ.
ئه‌ڵۆ پشکۆ
سڵاو کاک پشکۆ،من ناوم ده‌ریا مه‌له‌کێیه به‌رپرسی به‌شی وتووێژی هه‌فتانه‌ی رۆژنامه‌ی"چه‌مک "م.ژماره‌ی ته‌له‌یفونه‌که‌تانم له کاک نامۆ وه‌رگت…
به‌ڵێ،به‌ڵێ…پێ خۆشحاڵم کاک ده‌ریا گیان
کاک پشکۆ من حه‌فته‌ی رابردوو ده‌مهه‌وێست په‌یوه‌ندیتان پێ وه بکه‌م،به‌ڵام نه‌متوانی.بۆیه له گه‌ڵ کاک کۆچه‌ر ئاواره له سه‌ر سێ چه‌مکی شه‌ر،کورد و عه‌شق وتووێژنم کرد.
به‌ڵێ،به‌ڵێ له سه‌ر ماڵپه‌ری رۆژنامه‌که دیتم.
به خۆشیه‌وه توانیم ئه‌م حه‌وتۆ په‌یوه‌ندیت پێوه بکه‌م.وتووێژی حه فته‌ی ئه‌وجارمان له سه‌ر سێ چه‌مکی تاراوگه،هاوڕێیه‌تی و ته‌نیاییه،ده‌توانی به‌شداری بکه‌یت؟
تاراوگه،هاوڕێیه‌تی و ته‌نیایی،زۆر باشه. من ده‌توانم تا که‌ی وڵامه‌کانت بۆ ئاماده بکه‌م؟ تا 6 رۆژ مۆڵه‌تمان هه‌یه.
زۆر باشه‌کاکه ده‌ریا گیان تۆ ده‌توانی پرسیاره‌کانت بۆ ئی مه‌یله‌که‌م بنێری،ئه‌وه‌ش ئی مه‌یله‌که‌مه
pshko -t@yahoo.com
سپاس کاک پشکۆ
با بۆشت حنجه که‌م نه‌کو هه‌ڵه‌ی بنوسی.پ وه‌کۆ پیشمه‌رگه‌ی بیزار له چه‌ک،س وه‌کۆ سه‌رکرده‌ی درۆزن،هه وه‌کو هه‌وره‌بانی ئایدۆلۆژی
باشه کاک پشکۆ هه‌وره‌بانی ئایدۆلۆژی ده‌بێته چی؟
سه‌رۆکی ک…
ببوره پێم بڕیت.
نا تکایه.ک وه‌کو کوڕه شه‌هید،و وه‌کو واز هێنان له چه‌ک،داشه‌که‌ش وه‌کو پرده‌که‌ی ئیبراهیم خه‌لیل،ت وه‌کو تراویلکه‌ی تاراوگه.
سپاس کاک پشکۆ گیان من ئه‌مشه‌و پرسیاره‌کانت بۆ ده‌نێرم.
باشه کاکه گیان ده‌ستت خۆش بیت، کاتێکی ئارام.
ئارامتر بۆ ئێوه.
چیه پشکۆ بۆ وا داڵغه لیێ داوی،بیر له چی ده‌که‌یته‌وه؟
هیچ چه‌ن پرسیاریان بۆ نا‌ردوم ده‌بێ و‌ڵامیان بده‌مه‌وه.
ئه‌ی هاوار لێره‌ش هه‌مان به‌زم.تۆ له کوردستان وتت چی؟بریاری چیت دا؟ئه‌ی کوا؟ نازانم بۆچی پێم وت باشه پرسیاره‌کانت بنێره.
وازی لێ بێنه و‌ڵامیان مه‌ده‌وه.
ناکری تازه من قه‌ولم پێ داوه،باش نییه.
که‌یفی خۆته،واز له‌و شتانه بێنی باشتره.ئه‌وه‌تا دوای ته‌مه‌نێک چیت حاسڵ کرد،جیا له سه‌ر هێشه‌و دوری له که‌س و کار؟
ده‌زانم به‌ڵام جی بکه‌م هه‌ر ئه‌وه‌م هه‌یه، ئه‌وه‌ش نه‌که‌م ده‌زانی من ده‌مرم،ده‌مرم تێده‌گه‌یی؟
باشه ده‌نگت به‌رز مه‌که‌وه،خۆ ئێره‌ش لای خۆمان نییه.
گوڵه ته‌نیاکه‌م .گوڵه له من یاخی بووه‌که هه‌ر چیه‌ک بکه‌م من بۆ ئه‌وه‌ی ده‌که‌م تاکو هێور ببمه‌وه ده‌زانی ئه‌ویش له به‌ر تۆ‌و ئه‌و کۆرپه‌یه‌ی که له ناو سکت دایه و هاکه ده‌رپه‌رێ.
باشه بێتام،خۆت به‌و قسانه مه‌په‌رێنه‌وه.
ده‌زانی پشکۆ سێ رۆژه نه‌گریاوم،پێت سه‌یر نییه؟
نا چونکه هه‌ر ده‌بێ رۆژێک کۆتایی به گریان بێنێ تا که‌ی شین و ڕۆڕۆ،ئه‌ویش له خۆڕا،چی ده‌که‌یت ده‌بێ له گه‌ڵ ئه‌و ژیانه ڕابێت.
ئاخ ئه‌گه‌ر ده‌مزانی وایه…
واش نییه یه‌کجار،تۆش له من خراپتری ده‌ست به‌رداری رابردوو هه‌ر نابی.من ناچارم ڕه‌نجم بۆ داوه تۆ چی؟
به‌ڵام وا هه‌ست ده‌که‌م له ئێواره‌وه کوڵی گریان دایگرتوم،دڵم په‌له په‌لیه‌تی نازانم له خۆڕا نیگه‌رانم،خۆشم نازانم هی چییه.پشکۆ ده‌ترسم ئه‌وجار بگریم قه‌ت ژیر نه‌بمه‌وه،جا ئه‌و کاتت چی بکه‌م؟
هیچ مه‌که ناوت بگۆڕه به گریان خان.
ئوهۆ تۆ چاره سه‌رم بکه‌یت، له قسه‌ی خۆت ناکه‌وه‌ی.با شتێکم لێ بێت ئه‌و جار ده‌زانی.
باشه تۆ ئیستا وتت باشتر بوم و ئێتر ناگریم بۆ وا زو په‌شیمان بویته‌وه.ده‌زانی من خه‌می خۆمه ئه‌و هه‌مۆ حه‌ز لێکردویی و ته‌له‌یفون کردن و بینه‌وبه‌ره،ئاخرێکه‌ی بۆ من نه‌بویت و ش‌وت به گریانی دراوسێتان کرد،هه‌هه‌هه‌هه‌هه‌هه‌هه‌هه
پێبکه نه.
***
ئه‌ڵۆ مامۆستا ئه‌م کاته‌تان باش.من ده‌ریا مه‌له‌کی له کوردوستانه‌وه کاتان ده‌گرم.
هه‌مۆ کاتێکتان،تکایه کاکه گیان فه‌رمون.
له راستی دا من به‌رپرسی وتووێژی حه‌فتانه‌ی رۆژنامه‌ی چه‌مکم به داخه‌وه ئه‌و روداوه رویی دا ئه‌گینا به‌شدار بوی ئه‌م حه‌فته‌یه‌م کاک پشکۆ بو،به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه ئه‌و روداوه روی دا ،لێری هه‌مومانی توشی حه‌په‌سان کرد.حه‌یف بۆ که‌سێکی وا.
کاک ده‌ریا گیان ئێمه‌ش هه‌مومان به‌راستی به‌و روداوه تاساین به‌ڵام چاره‌نوسه ئێتر چی ده‌کری،کوستێکی گه‌وره بو.
مامۆستا من له جیاتی وتووێژه‌که‌ی کاک پشکۆ ده‌مهه‌وێ ڕاپۆرتێک له‌و روداوه بڵاو بکه‌مه‌وه،ئێوه ده‌توانن یارمه‌تیم بده‌ن؟
به‌راستی ئێمه‌ش شتێکی وای لێ نازانین هه‌ر ئه‌وه‌نده نه‌بێ که زانیاریه‌کان ده‌ریان خستۆ که پێرێ ئێواره واته ئێواره‌ی پێش سه‌ری ساڵ هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌ست ده‌کات به گریان.گریانێکی بێ بڕانه‌وه.ماڵه‌که‌یان پڕ ده‌بێ له فرمێشکی ته‌نیایی ناتوانن بێنه‌ده‌ره‌وه‌و هاواریشیان به گوێ که‌س ناگات. چونکه ده‌نگی ته‌قاندنه‌وه‌ی ته‌ره‌قه‌ی شادی و شڵپه‌ی کردنه‌وه‌ی شه‌راب و شامپاینی خۆشحاڵی و نوێ بونه‌وه ئه‌و شه‌وه لێره هه‌مو که‌سی کاس کردبو.بۆیه ئه‌و شه‌وه هه‌ردوکیان ده‌خنکێن. دیاره هاوسه‌ره‌که‌ی دووگیانیش بوه. تا ئێستا فرمێسکی هاوسه‌ره‌که‌ی رانه‌وه‌ستاوه‌و له وه‌ش ناچێ ڕاوه‌ستێ.
به‌ڵێ مامۆستا گیان زۆر سپاس.به‌ڵام من ده‌توانم ناوتان بێنم و بڵێم ئه‌و زانیاریانه‌مان له تۆ وه‌رگرتووه؟
نا،نا،نا،نا،تکایه ئه‌وه‌یان نا.
زۆر باشه کاتێکی خۆش.
بۆ ئێوه‌ش،سه‌رچاو.
***
سه‌رچاوه‌کان:
١- وانه‌کانی هاورێیه‌تی له نوسینی ژنڕالێک له لاپه‌ڕه‌ی 1377تا 1385 چاپی هه‌شته‌م
2- لاپه‌ڕه‌یه‌ک له فرمێسکه‌کانی ته‌نیایی له نوسینی گریانی هاوسه‌رم
3- مانیفێستی شاخ له نوسینی پێشمه‌رگه‌یه‌کی به‌زیو
4- کۆمه‌ڵێک وتار له نوسینی …
3/3/2008 ستۆکۆڵم