
ئاراسته‌كانی گێڕانه‌وه‌و نووسین له چیرۆكی ئه‌سپیدیلۆن
ئه‌گه‌ر چیرۆك بریتی بێت له گێڕانه‌وه، ئه‌ی گێڕانه‌وه وه‌زیفه‌ی چیه؟ ئاخۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ژیاندا ده‌گێڕدرێنه‌وه چیرۆكن؟ ئه‌ی بۆ نابن به تێكست؟ په‌یوه‌ندی نێوان تێكست و ژیان چیه؟ ئایا گێڕانه‌وه كه‌ناڵی ئه‌و په‌یوه‌ندییه؟ ئاخۆ ژیان گه‌ڕانه به‌دوای گێڕانه‌وه؟ یا گێڕانه‌وه ژیان ئه‌گێڕێته‌وه؟
په‌یوه‌ندی نێوان گێڕانه‌وه‌و ژیان بابه‌تێكه له‌ڕووی ستراتیژه‌وه هه‌میشه په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه، گێڕانه‌وه چیرۆكێكمان پێ ده‌به‌خشێت، به‌ڵام هه‌رچی ژیانه بریتیه له كۆی پرۆسه‌ی ئه‌زموونكردن، واته نابه‌خشێت به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ئه‌زموون ئه‌كرێت، هه‌رچه‌نده ئه‌و دووانه له‌ستراتیژدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌زموون بنیاتنانی مه‌عریفه‌یه بۆ مرۆڤ، وه‌ك چۆن گێڕانه‌وه‌ش له‌ناو چیرۆكدا مه‌عریفه‌ی زهنی به‌رهه‌م دێنێته‌وه، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی ده‌كه‌وێته نێوان گێڕانه‌وه وژیان ئه‌وه ئه‌زموونی چیرۆكه، ئه‌و ده‌مه‌ی گێڕانه‌وه‌كان نابنه تێكست، په‌یوه‌سته به ئاماده‌نه‌بوونی سیستمی ئاماژه‌كاری زمان له‌گێڕانه‌وه‌دا به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاماده‌بوون بریتیه له ئاخاوتن، له‌كاتێكدا ئاخاوتن ته‌نیا لقێكه له‌ناو زماندا، بۆیه په‌یوه‌ندی نێوان تێكست و ژیان نووسینه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌یه، ئه‌و ده‌مه ئه‌كه‌وینه به‌رده‌م ئه‌و ووته‌یه‌ی پۆل ریكۆر به‌وه‌ی: گه‌ڕانه به‌دوای گێڕانه‌وه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت كه گێڕانه‌وه ژیان ئه‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌یه‌ك له‌ناو نووسیندا، ئێمه له‌م ووتاره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین له‌سه‌ر ئاستی گێڕانه‌وه‌و نووسین دوو ئاراسته بۆ خوێندنه‌وه ده‌ست نیشان بكه‌ین، كه له‌بنه‌ڕه‌تدا خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییه بۆ چیرۆكی (ئه‌سپیدیلۆن) ی كاروان كاكه سوور.
گێڕانه‌وه قسه‌كردنێكی هاملێتیه كه نه‌ست تیایدا توانای دواندنی هه‌یه، به‌واتای ده‌بێته كرده‌یه‌كی ڕه‌مزیی بۆ خستنه ڕووی نهێنی شاراوه، ئه‌وه‌ش ده‌ست نیشان كردنی ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ی گێڕانه‌وه‌یه، گێڕه‌ره‌وه وه‌ك هاملێت زهانیه‌كه تووشی ئه‌و دۆخه ده‌روونیه بووه تیایدا له‌ڕێگه‌ی لێكدانه‌وه‌ی قسه‌كانی تێده‌گه‌ین له‌وه‌ی له‌ناو مانا ڕه‌مزیه‌كانی كرده‌ی نه‌ستیداین، گێڕانه‌وه خوڵقاندنی دنیایه‌كه كه وێنه‌ی نه‌ستی كاره‌كته‌ره، ئێمه له‌به‌رده‌م تاكه گێڕانه‌وه‌یه‌كداین، كه گێڕانه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره، كه‌چی ئێمه ڕووبه‌رووی كۆمه‌ڵێك ده‌نگ ده‌بینه‌وه، ده‌نگی كاره‌كته‌ره‌كانی ناو ژیان كه له‌ڕاستیدا ده‌نگی ئه‌وان ده‌نگێكی ڕاسته‌قینه نیه، به‌ڵكو ده‌نگی ناو گێڕانه‌وه‌یه، گێڕانه‌وه‌ش دنیای نه‌ستی كاره‌كته‌ره.
لێره‌دا گێڕانه‌وه خۆی هاو واتا ده‌كاته‌وه به نه‌ستی كاره‌كته‌ر، به‌بێ گێڕانه‌وه له‌ناو ژیانێكی ئاساییداین، ئه‌وه تێگه‌یشتنی كاره‌كته‌ره له‌ناو تێكستدا وای كردووه ژیان به جۆرێكیتر ببێت به گێڕانه‌وه، ئه‌وه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ناو ووته‌كه‌ی پۆل ڕیكۆر سه‌باره‌ت به گێڕانه‌وه، كه ژیان گه‌ڕانه به‌دوای گێڕانه‌وه‌دا، چونكه دنیای تێكست و دنیای نه‌ستی كاره‌كته‌ر دوو دنیای حیاوازن كه به‌ریه‌ك ده‌كه‌ون، ئه‌و دنیایه‌ی حه‌مه عه‌لی شاسواری تیایدا ده‌ژیێت دنیایه‌كی ته‌واو جیاوازه له‌و دنیا نه‌ستیه‌ی زهانیه‌ك تیایدا له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه ده‌یخوڵقێنێت.
ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی نووسینه‌وه گێڕانه‌وه كاره‌كته‌رێكمان پێ ده‌ناسێنێت، لێره‌دا ئه‌و نمونه‌یه‌ی میشێل فۆكۆ وه‌رده‌گرینه‌وه له‌باره‌ی حیكایه‌تی هه‌زارو یه‌ك شه‌وه‌دا ده‌ڵێت “شه‌هره‌زاد تا حیكایه‌ته‌كه بگێڕێته‌وه به‌ره‌و نهێنی مه‌عریفه‌مان ده‌بات” ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ تێگه‌یشتن له په‌یوه‌ندیی نێوان گێڕانه‌وه‌و نووسین، دیاره پرسیاركردن له نووسین، پرسیاره له زانستێكی نوێ له‌ناو زمان، ته‌نیا ئاخاوتن نیه، به‌ڵكو وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد ئاخاوتن بونیادێكی نێو زمانه، بۆیه نووسین وازهێنان نیه له زمان، به‌ڵكو خوڵقاندنه‌وه‌یه‌تی، نووسین تیایدا ده‌بێته گوتارێك بۆ خوڵقاندنی جۆرێك له كرده‌ی ئاخاوتن، كه هه‌وڵی هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی زمانه‌وانی ده‌دات له‌نێو ده‌قی نوسراو.
نووسین هه‌ڵده‌ستێ به نووسینه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه، ئه‌وه‌ش گواستنه‌وه‌ی زمانه له ده‌نگه‌وه بۆ نووسراو، چونكه نووسین ئه‌و سیستمه ده‌نگیه ده‌گوازێته بۆ نێو سیستمێكی عه‌قڵانی، گواستنه‌وه‌یه‌ك ده‌یه‌وێ ئه‌و ڕووه نادیاره‌ی نێو خود ده‌ربخات، له‌ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌ی زمان شاراوه‌كان ده‌رده‌خات، ئه‌وه‌ش لای چیرۆكنووسه‌كه‌مان پڕۆسه‌یه‌ك نیه بۆ ده‌ستكه‌وتنی مه‌عریفه، به‌ڵكو قووت بوونه‌وه‌یه له‌ناو بونیادی زمان، لێره‌دا گێڕه‌ره‌وه له كاره‌كته‌ری هه‌زارو یه‌ك شه‌وه ناچێت وه‌ك فۆكۆ ده‌ڵێت له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه مه‌عریفه‌مان پێ ده‌به‌خشێت، چونكه گێڕه‌ره‌وه‌كه‌ی ئه‌سپیدیلۆن هه‌ڵده‌ستی به گه‌مه‌كردن وئاڵوگۆڕ كردنی ئه‌و بونیاده له‌ناو گێڕانه‌وه، ڕووبه‌ری نووسراو خوڵقاندنی زه‌مینه‌یه‌كه بۆ زمان نه‌ك ده‌رخستنی ئه‌و نه‌زانراوانه بێت كه ئێمه نایزانین، نه‌زانراو شتێك نیه بێته ناو نووسین، ئه‌وه زانراوه نووسین ده‌باته‌وه بۆ ڕابردوو، ڕابردوویه‌ك یۆتۆپیای زمانه مه‌حكومه به كوشتنی، كوشتنێك كوشتنی جه‌سته نیه، به‌ڵكو كوشتنی ڕابردووی ده‌ره‌وه‌ی زمانه، ئه‌وه‌ش تاوانێكه له‌ناو نووسیندا پێی هه‌ڵده‌ستین، كاتێ له چیرۆكه‌كه‌دا كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كیه‌كه‌مان ده‌بینین له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بونیادانه‌یه كه فرمانی پێ ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سێكه مێژووی بوونی له‌ناو نووسین ده‌ست پێده‌كات، مێژوویه‌ك خه‌یاڵ بردنه‌وه‌یه‌تی بۆ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی بوون به كوشتن، ئه‌وه‌ش ڕاكردنیه‌تی له ژیان، بۆ ئه‌وه‌ی نووسین وێنای جیهانێكی تری بۆ بكاته‌وه، جیهانێك له‌ده‌ره‌وه‌ی شكسته خودیه‌كانی ئه‌ودا ده‌ست پێبكات.
كاره‌كته‌ری ناو تێكسته‌كه نایه‌وێ ئه‌و خه‌ونه بگێڕێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه نووسه‌ره له‌ڕێگه‌ی توانه‌وه‌ی خۆیه‌وه ده‌یه‌وێ زمان ده‌قێكیتر بۆ كاره‌كته‌ره‌كه بنووسێته‌وه له‌ڕێگه‌ی خه‌یاڵبردنه‌وه بۆ جیهانێكی نوێ، بۆیه گێڕانه‌وه ده‌یه‌وێ بگه‌ڕێ به‌دوای شوناسی پیاوبوون، ئه‌و شوناسه‌ی له واقیعدا هه‌ست ده‌كات له‌ده‌ستی داوه، گێڕانه‌وه ئاماژه‌كان ده‌گۆڕێت، ئاماژه ده‌نگیه‌كان ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته هۆی شكستی خود، نووسین هه‌موو ئه‌و جیاوازیانه‌ی ده‌نگ ده‌یهێنێت ئه‌ویش توانای خوڵقاندنه‌وه‌ی هه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه زمان ده‌خوڵقێنێت، ئه‌و زمانه‌ش به‌شێكی پێكهاتووه له گێڕانه‌وه، به‌ڵام وه‌ك ئاخاوتن به‌شێك نیه له گێڕه‌ره‌وه، به‌ڵكو جیا ده‌بێته‌وه لێی.
گێڕانه‌وه بۆ كاره‌كته‌ره‌كه‌مان دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تێكه له‌پێناو كه‌سایه‌تیه‌كی جیاواز، بۆیه زمان له‌ناو ده‌ق كاره‌كته‌رێكمان پێشكه‌ش ده‌كات كاره‌كته‌رێكی خه‌ون بینه هێزی خه‌ونی له گێڕانه‌وه‌دایه، ئه‌ویش یۆتۆپیای زمانه كه وێنای ده‌ق ده‌كات، زمان ده‌مانخاته به‌رده‌م مردن، هه‌ڕه‌شه‌ی مردن ده‌گوازێته‌وه بۆ خۆ ئاماده‌كردن بۆ كوشتن، كوشتن خوڵقاندنی په‌یوه‌ندییه له‌نێوان قه‌ڵه‌م وچه‌ك، ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌وه زمان ده‌توانێ قووڵ بوونه‌وه بۆ ناو خۆی وێنا بكات، چونكه په‌یوه‌ندیی به‌و جه‌سته‌یه هه‌یه كه هه‌ڵگریه‌تی “تۆ بێده‌نگبه بووكه شووشه‌ی ناسك.. ئه‌گه‌ر باسی مایۆو ستیانی دایكه قه‌حپه‌كه‌تمان بۆ ده‌كه‌یت بیكه، ئه‌گینا خۆت له‌كارێ هه‌ڵمه‌قورتێنه كه په‌یوه‌ندیی به تۆوه نیه.. ئێمه باسی په‌یوه‌ندیی نێوان قه‌ڵه‌م وچه‌ك ده‌كه‌ین نه‌ك هی دایكت وتیاترۆخانه” لا 106
ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی له‌نێوان ئاخاوتن ونووسراودا هه‌یه په‌یوه‌ندیه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی پێویستیه‌كانی زمانه‌وه‌یه و ته‌نیا به پاشكۆ بوونیه‌تی، به پاشكۆ ناو بردنی ئاخاوتن به واتای گه‌ڕانه‌وه بۆ له‌دایكبوونی زمان، ئه‌وه‌ش ئه‌و ڕووبه‌ره‌یه كه له‌ناو سیستمی جیاوازدا كه‌ناڵی جیاواز درووست ده‌كات، چونكه له‌دایكبوونی زمان له‌دایكبوونی جیاوازییه، جیاوازیی له كه‌سێتی ترسنۆكێكه‌وه بۆ پیاوكوژێك، كه خوازیاره به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بكوژێت.
بۆیه ته‌نیا به گه‌ڕانه‌وه بۆ له‌دایكبوون ده‌توانین زمان بناسین، ئه‌گه‌رچی كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كیه‌كه چه‌نده له‌ناو گێڕانه‌وه هه‌ڵبستێ به نووسینه‌وه‌ی خود، به‌ڵام ئه‌و جه‌سته‌یه‌كه ناتوانێ خۆی خاڵی بكاته‌وه له واقیع، چونكه خاوه‌نی جه‌سته‌یه‌كه هه‌ڵگری یاده‌وه‌ریه‌كی نه‌خۆشه، یاده‌وه‌ریش ناچاری ده‌كات په‌نا به‌رێته به‌ر خه‌یاڵكردن، ئه‌و خه‌یاڵه بۆ نووسه‌ر نووسینه، نووسین خوڵقاندنه‌وه‌ی مانایه‌كی نوێیه، كه ئاماژه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی نووسین له‌ناو زمان هاودژ ده‌كاته‌وه، بۆیه شكستی خود له‌ناو گێڕانه‌وه كۆتایی دێت، نووسین بۆ خود ئارامگه‌یه‌كه تیایدا دڵنیایی پێ ده‌به‌خشێت، به‌مانایه‌كی تر گێڕانه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر دڵنیایی نووسه‌ره، بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌بێته كرانه‌وه‌ی زمان ئاماژه‌كانی گێڕانه‌وه‌یه نه‌ك ئاماژه‌كانی نووسین، ئه‌و زلله‌یه‌ی حه‌مه عه‌لی شاسواری له گازینۆی نووسه‌ران لێی ده‌دات، ده‌بێته ئاماژه‌یه‌ك بۆ زمان، هه‌ر بۆیه زه‌مه‌نی ده‌ق زه‌مه‌نی وێناكردنی پاڵه‌وانه، زه‌مه‌نێك هێلێك بۆ خۆی به‌یان ده‌كات، هێلێك خاڵی نیه له گومان، گومان له‌ناو خه‌یاڵه‌كانی كاره‌كته‌ر كه بۆچی حه‌مه عه‌لی نابێ به باوكی تا ئه‌شكه‌نجه‌ی بدات.
ئه‌و حاله‌ته ماسۆشیه‌ی كاره‌كته‌ر په‌یوه‌ندیی به‌و ڕابردووه هه‌یه كه ده‌یه‌وێ له‌ناو خه‌یاڵ لێی ده‌رباز بیًت، ئه‌و حاله‌ته هاملێتیه ڕزگاربوونه له گوناهێكی ئه‌نتۆلۆژیانه‌ی مرۆڤ، هاملێت ده‌یه‌وێ له‌تارماییه‌كه ده‌ربازی بێت چونكه ئه‌و تارماییه هه‌وڵێكه بۆ ناسینی ڕابردوو بۆ ڕزگاربوونیش ئه‌بێت حه‌قیقه‌ت ئاشكرا بكات، كاره‌كته‌ره‌كه‌ی ناو ئه‌سپیدیلۆن ئه‌ویش گرفتی له‌گه‌ڵ ڕابردوو هه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاملێت له‌ڕێگه‌ی واقیعه‌وه حه‌قیقه‌ت ئاشكرا ده‌كات، ئه‌وا گێڕه‌ره‌وه‌كه‌ی كاروان كاكه‌سوور له‌ڕێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه ئه‌یه‌وێت بگاته حه‌قیقه‌ت، له‌ناو ئه‌و خه‌یاڵه‌ش خه‌ون به‌وه ئه‌بینێته‌وه كه ئه‌و دیسان ئه‌شكه‌نجه بدرێته‌وه، خه‌یاڵی گێڕانه‌وه‌ش ترس و گومانی بۆ درووست ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌ش ڕزگار نه‌بوونه له‌و حاله‌ته به‌وه‌ی ئاخۆ حه‌مه عه‌لی به دایكی ڕازی ده‌بێت.
زمانی گێڕه‌ره‌وه له‌ناو ئه‌و خه‌ونه‌دا ده‌یه‌وێ جیاكاری ته‌مه‌ن له‌نێوان حه‌مه عه‌لی و دایكدا بكات، جیاكاری ته‌مه‌ن كه دایك چه‌ند ساڵێك له‌و گه‌وره‌تره، ئه‌وه سه‌ره‌تای جیاوازیه لای ئه‌و گومانی ڕازی نه‌بوونی حه‌مه عه‌لی ده‌رده‌خات، ئه‌گه‌رچی “دایكم ده‌ست به‌خۆیدا ده‌هێنێت وكه‌شخه‌یه، به‌لاًَم حه‌مه عه‌لی ئه‌وه‌نده سه‌ری قاڵه، ناپه‌رژێت له ئاوێنه‌شدا سه‌یری خۆی بكات.. ده‌موچاوی ترشاو.. قژی بزو ئاڵۆزكاو.. چاوی پیس وڕیپۆقاوی” لا 119
زمان ناتوانێ چاره‌سه‌ری جیاوازی بكات، چونكه په‌یوه‌ندیی به‌دوو ئاستی بیركردنه‌وه هه‌یه، بیركردنه‌وه‌یه‌ك له‌كۆتاییدا ده‌رده‌كه‌وێت، بۆیه له‌ناو زماندا كاره‌كته‌ر پێشبینی ده‌كات كه هه‌موو شتێك بڕاوه‌ته‌وه.. حه‌مه عه‌لی ده‌بێ به باوكی، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ماسۆشیه‌تی كوڕ له‌ناو زمان ده‌رده‌كه‌وێت، باوكی تازه باوكی ناو گێڕانه‌وه بۆی هه‌یه هه‌موو شته‌كانی زه‌وت بكات، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌و بڕوای پێیانه.. خه‌ونیان پێوه ده‌بینێ.. داهێنه‌رانی ناو ئه‌ده‌ب وفه‌لسه‌فه، ئیلیۆت ئه‌و شاعیره‌ی كاره‌كته‌ره‌كه‌مان خه‌ونی پێوه ده‌بینێ، كاتی كاتێ گێڕانه‌وه حه‌مه عه‌لی دێنێته ماڵه‌وه وده‌یكاته مێردی دایكی، ده‌یه‌وێ له‌و شاعیره‌وه ده‌ست پێ بكات “بۆت هه‌یه ئه‌و وێنه گه‌وره‌یه‌ی (ئیلیۆت) به له‌قه له‌تو كوتكه‌یت.. هی (جیمس جۆیس) به كه‌لله ورد‌و خاشكه‌یت ئه‌وه‌ی (دستۆفسكی) به‌میز بشۆیت.. هی (مارسیل برۆست) بخه‌یته ته‌نه‌كه خۆڵه‌كه‌ی به‌ر ده‌رگا.. كتێبی (زه‌رده‌شت ئاوا ده‌دوا) ی نیتچه و (مێژووی سێكس) ی میشێل فۆكۆ و (جیاوازی و دووباره) ی ژیل دۆلۆز…” لا 120
له‌وێشه‌وه ئه‌و مافه‌ی پێ ده‌دات هێرشه‌كانی بگوازێته‌وه بۆ ناو تێكسته كوردیه‌كان، پێی ده‌ڵێ بۆت هه‌یه “دیوانی خانی ونالی بكه‌یت به فرفڕۆكه، چیرۆكه‌كانی شێرزاد حه‌سه‌ن بكه‌یت به سفره‌ی نانخواردن.. به‌كورتی ماڵی خۆته.. خۆت باوك وخۆت خاوه‌نماڵ” لا121
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست بكات كه‌شێك له‌ئارادایه بۆ خوڵقاندنی شه‌ڕ، شه‌ڕێك كۆتایی به بێده‌نگی دێنێت، چونكه ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی نووسین بێده‌نگ ده‌بێت، كاتێ زلله‌ی لێ ده‌درێ، ئه‌وا له دووباره بوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره له‌ناو نووسین بێده‌نگ نابێت، زمان بێده‌نگی ده‌شكێنێت.. شكاندنی بێده‌نگی له‌ئاره‌زووی ماسۆشیانه‌ی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه هاتووه، كه حه‌ز به لێدانی خۆی ده‌كات وڕقی له به‌زه‌ییه، به‌ڵكو نایه‌وێ باوك به‌زه‌یی پێی بێته‌وه، به‌ڵام گێڕانه‌وه له دواجاردا گومانێكی ترمان لا درووست ده‌كات، كه ئه‌وه شه‌ڕی وه‌همی گێڕانه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره، وه‌همێك نه‌ك گێڕانه‌وه توانای نیه ئه‌و كاره بكات، به‌ڵكو ئه‌و خواسته‌ی كاره‌كته‌ر هه‌یه‌تی خواستێكه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته قووڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرێیه‌ی كه كۆمه‌ڵگا شوكردنه‌وه‌ی دایكی به ناپیاوی ئه‌و ده‌گه‌ڕێننه‌وه. گێڕانه‌وه توانای خوڵقاندنی گومانی هه‌یه وده‌توانێ له‌ناو ده‌هلیزه‌كانی خۆیدا ده‌سخه‌ڕۆمان بدات، به‌وه‌ش خه‌یاڵ بردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر له‌ڕزگاربوون له‌خودی تێكشكاوی خۆی ده‌بێت به خوڵقێنه‌ری زه‌مه‌نی جیاواز له‌ناو تێكست، ئه‌وه‌ش خاڵی نیه له گومان.. گومان كردن له په‌یوه‌ندیی حه‌مه عه‌لی به دایك.. كه په‌یوه‌ندیه‌كه له‌خۆڕا سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه، په‌یوه‌ندیه‌كه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و نامه‌یه درووست نه‌بووه كه ئه‌و بۆ حه‌مه عه‌لی نارد، ئه‌و نامه‌یه هیچ شتێكی ئه‌وتۆی له‌ژیانیان نه‌گۆڕی كه ببێته هۆی خوازبێنی، هێنده‌ی په‌یوه‌ندیه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی ئاگاییه‌كانی كاره‌كته‌ره‌وه بوونی هه‌یه “ده‌زانی په‌خشه باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد ئاوا ڕۆژێ له ڕۆژان وا دیواریی ماڵێ كۆمانكاته‌وه‌و ئاوا مناڵی خۆمان ببینین؟ ئاواته‌كانی مرۆڤ كه‌م وزۆر به‌دیدی دێن حه‌مه‌م، به‌ڵام له‌سه‌ر حیسابی ته‌مه‌ن، كوا ئه‌و دانیشتنه‌مان چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوایه” لا 127
كۆچی ئه‌و په‌یوه‌ندییه جگه له قوڵبوونه‌وه‌ی خود له‌ناو ئاماژه‌كانی زمان شتێكی تر نییه، زلله كه ئاماژه‌ی دنیایه‌ك ده‌خوڵقێنێ، دنیای كاره‌كته‌ره‌كان، له به ئاگاهاتنه‌وه.. ئه‌وه حه‌مه عه‌لی نیه كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كیه‌كه‌مان ده‌یكوژێت، به‌ڵكو ده‌نگی دایك یۆتۆپیای كوڕ ده‌كوژێت، كاتێ قسه له شووكردنی به حه‌مه عه‌لی ده‌كات، هه‌موو گومانه‌كان ده‌باته‌وه ناو ڕووی نادیاری زمان، كه نووسین گه‌مه‌یه‌كی زمانه‌وانییه “كه‌ست نه‌دۆزییه‌وه حه‌مه عه‌لی چڵكن نه‌بێت..!؟ چۆنت بیركه‌وته‌وه!؟” جا خۆ ده‌بێ هه‌موو ڕۆژێ شه‌ڕمان بێت..!؟” لا 162
گه‌مه‌ی زمانه‌وانی گه‌مه‌یه‌كه له‌ناو نووسین ده‌یه‌وێ مانای نه‌دۆزراوه ئاشكرا بكات، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی پرسیار بدات، بۆ ئه‌وه‌ش كاره‌كته‌ره‌كه‌مان ده‌یه‌وێ له‌ناو زماندا له‌ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه شه‌ڕێك به‌رپا بكات، شه‌ڕی كوڕێكی ترسنۆك، شه‌ڕێك كه تۆڵه‌كردنه‌وه نیه له چوونه باوه‌شی دایك، چونكه خۆی نامه‌ی نووسی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه بخوڵقێنێت، به‌ڵكو شه‌ڕكردنی له‌سه‌ر ئاره‌زووی ململانێیه بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له واقیع، كه‌چی گه‌مه‌ی زمان له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات، كاتێ حه‌مه عه‌لی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و حه‌زه‌ی كوڕه‌كه ڕه‌فتار ده‌كات، ئه‌و هه‌وڵه ترسنۆكانه‌ی كاره‌كته‌ر شكستێكی تری له‌ناو درووست ده‌كات، شكستی ده‌ره‌نجامه‌كانی گێڕانه‌وه كه ڕۆیشتن له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه ناتوانێ ئاسووده‌ی بكات، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه گێڕانه‌وه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و واقیعه ده‌خوڵقێنێته‌وه، حه‌مه عه‌لی نه‌ك هه‌ر ته‌واو له‌و گه‌مه‌یه‌دا پێچه‌وانه‌ی ئه‌خلاقی خۆی ڕه‌فتار ده‌كات، ئه‌و گه‌مه‌یه حه‌مه عه‌لی ده‌كوژێت، مردنی حه‌مه عه‌لی مردنێكی نێو یاده‌وه‌ری كاره‌كته‌ر نییه، به‌ڵكو مردنێكه زمان له چوونه ناو سه‌مته‌كانی مه‌به‌ستیه‌تی، چونكه ئه‌و مردنه ده‌بێته هۆی خوڵقاندنی پرسیار، پرسیار له‌ناسینی ئه‌و پیاوانه‌ی كه ته‌رمه‌كه‌ی ده‌به‌نه ده‌ره‌وه “به‌ڕاست ئه‌وانه كێ بوون؟! پیاوی گه‌ڕه‌ك نه‌بوون.. له‌كوێ ئێمه‌یان ده‌ناسی” لا 135
پرسیار له‌ناسینی پیاوه‌كان ده‌ڕواته سه‌ر پرسیار له ناسینی حه‌مه عه‌لی، ته‌رمی ئه‌و بردرایه كوێ؟ بۆ گۆڕستان؟ گه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی له گۆڕستانه ئه‌ی بۆچی دایك سه‌ردانی ناكات؟ ئه‌و پرسیاره گومان درووست ده‌كات، گومان له دایك، ئاخۆ ده‌بێ وه‌ك ته‌ختی نووستنه‌كه پیاوه‌كان نه‌یان سووتاندبێت، ئه‌گه‌رچی ناتوانێ گومان له خۆشه‌ویستیان بكات، ئه‌و گه‌مه‌یه له‌ڕێگه‌ی پرسیاری (كێ كوشتی!؟ دایكم بوو!؟) دوو ئاراسته ده‌خاته نێو گریمانی مردن، ئه‌گه‌رچی گێڕانه‌وه له كوشتنی ئه‌و پیاوه مه‌به‌ستی نیه بزانێ ئه‌و چۆن مرد، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ له‌ڕێگه‌ی ئه‌و مردنه‌وه به‌ره‌و پرسیاری یاده‌وه‌ریی بگه‌ڕێته‌وه، بچێته‌وه ناو ڕابردووی كاره‌كته‌ر، به‌و ڕابردووه بدوێت كه شیعری تیا نووسی وكه‌س قبووڵی شیعره‌كانی نه‌كرد.
گێڕانه‌وه زیاد له‌وه ده‌یه‌وێ گومان درووست بكات تا ته‌واو كاره‌كته‌ری چیرۆكه‌كه به‌خته‌وه‌ر بكات، دایك كوڕه‌كه‌ی به (ئه‌سپیدیلۆن) ناو ده‌بات، ئه‌و گیانداره ئه‌فسانه‌ییه ئاوییه‌ی له نه‌هه‌نگ گه‌وره‌تره، گه‌وره‌كردنی قه‌باره‌ی كاره‌كته‌ر گه‌مه‌یه‌كی زمانه‌وانی تره، تا له‌و گه‌مه‌یه‌دا شكسته‌كانی كاره‌كته‌ر بگۆڕدرێت، ئه‌وه‌ش خه‌ونی سه‌ره‌كیه‌تی، خه‌ونی به ئه‌سپیدیلۆن دایك پێشنیاریی ده‌كات، كه له بنه‌ماوه ئاره‌زوویه‌كی كوڕه‌كه‌یه‌تی.
نووسین له‌ڕێگه‌ی ده‌مامكه‌وه هه‌ڵده‌ستێ به پڕۆسه‌ی سازدانی گه‌مه‌یه‌ك، گه‌مه‌یه‌ك گێڕانه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، كه توانای خوڵقاندنی گومانی هه‌یه، ئه‌و گومانه‌ی پرسیاری كوشتن ده‌گۆڕێت بۆ پیلانی دایك له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوانه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی ده‌به‌نه ده‌ره‌وه، دوای حه‌وت ساڵ مێزێك بۆ ماسی خواردن كۆیان ده‌كاته‌وه، ئه‌و داوه‌تكردنه بۆخۆی گومانكردنه له دایك، ئه‌و ژنه‌ی ئه‌و چوار پیاوه‌ی ده‌سخه‌ڕۆدا تا حه‌مه عه‌لی بكوژن وله‌ستایشی ئه‌و كوشتنه‌ش ، هه‌ریه‌كه‌یان بۆ دایك ئه‌توانێ ببێت به حه‌مه عه‌لی، ئه‌وه‌ش گومانكردنه له پاكیزه‌یی دایك، كه پرسیار له كوشتنی حه‌مه عه‌لی ده‌بێ به پرسیار له ڕووداو گه‌لێك كه چوارده ساڵ ده‌خایه‌نێت، ئه‌وسا حه‌قیقه‌تی تاوانه‌كه كه‌شف ده‌بێت، كاتێك پیاوه‌كان ئه‌و ته‌خته نووستنه گه‌وره‌یه دێننه ژووره‌وه كه دایك كڕیویه‌تی، ئه‌وه‌ش حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر ماسی خواردنه‌كه تێپه‌ڕیووه، به‌دوای چوارده ساڵ چاوه‌ڕوانی ئه‌وسا دایك ئه‌و مافه‌یان پێ ده‌دات ته‌ختی نووستنێك هه‌موویان كۆ بكاته‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌بێته پرسیار له‌و سیستمه ئه‌خلاقیه‌ی ماڵ كه دایك به‌ڕێوه‌ی ده‌بات “ئه‌م چوار پیاوه له‌م ماڵه ده‌مێننه‌وه؟! له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌ژین؟! له ژووره‌كه‌ی دایكم ده‌نوون؟! هه‌ر به‌و جله پیس وپۆخڵانه ده‌نوون؟! ژنێ بۆ چوار پیاو؟!” لا152
ئه‌و پرسیارانه ناتوانن بوێری ئه‌وه‌ی لا درووست بكه‌ن كه دایك بكوژێت، ئه‌و چه‌نده به‌دوای وێنه‌ی بوون بگه‌ڕێت، ئه‌و وێنه‌یه‌ی كه له‌و ڕاڤه كۆمه‌ڵایه‌تیه له‌سه‌ر شه‌ره‌ف كۆ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام كاتێ له چوونه ناو زمانی خه‌ونه‌وه ده‌كه‌وێته به‌رده‌م ئه‌و شوناسه‌وه بێده‌نگه، بێده‌نگی ئه‌و وا ده‌كات، برا بچووكه‌كه‌ی كوڕه شه‌رعیه‌كه‌ی حه‌مه عه‌لی ئه‌و دایك بكوژێت، دواتر چوار دۆسته‌كه‌ی دایك بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه دێن ئه‌و بكوژن، ئه‌گه‌رچی له‌و كوشتنه ده‌ربازی ده‌بێت، بۆ شوێنێكی تر سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ، كه شار به‌ته‌واوی گۆڕاوه‌و هه‌موو به گۆزه فرۆشتنه‌وه خه‌ریكن، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و ده‌بێ به پرسیاركردن له یاده‌وه‌ریی، په‌یوه‌ندیی یاده‌وه‌ری به (شوێن) و(گێڕانه‌وه) وجه‌سته‌كانی تری ماڵ، سێ په‌یوه‌ندیی سه‌ره‌كین كه پرسیاریان ئاراسته ده‌كات، شارێك كه قه‌ڵاكه‌ی ده‌كه‌ن به گۆزه‌و گۆزه ده‌بێ به وێنه‌ی شار، وێنه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیی به گێڕانه‌وه‌ی نێوان دایك وكوڕه، ئه‌و وێنه‌یه‌ی دایك به كوڕی به‌خشی، وێنه‌یه‌كه له بنه‌ماوه هه‌ستكردنه به شكستێك هێنده‌ی ڕووخانی قه‌ڵا له‌یه‌كه‌وه نزیكن، ئه‌وه‌ش له‌ناو زهنیه‌تی كاره‌كته‌ر ده‌شوبهێنرێت به وێنه‌ی ئه‌سپیدیلۆن، چونكه ئه‌وه‌ی “هه‌مان بوو.. نه‌مان بوو شارێ، ئه‌ویش له‌سه‌ر پشتی (ئه‌سپیدیلۆن) دامه‌زرا بوو.. (ئه‌سپیدیلۆن) خۆی جولاندوو ووردو درشتی نوقمكرد.. ئێمه‌ی گۆزه‌فرۆش ماینه‌وه (گۆزه، گۆزه، گۆزه) له‌تینوا خنكام تۆزێ ئاوم بده‌نێ (گۆزه، گۆزه، گۆزه) مردن وئابڕوو چوونه من له‌شاری گۆزه‌دا له‌تینوا بخنكێم” لا 161
ئه‌وه‌ش گه‌مه‌یه‌كی زمانه‌وانی نووسه‌ره، كه له‌ڕێگه‌ی دایكه‌وه هه‌موو خه‌یاڵه‌كانی كاره‌كته‌ر ده‌كوژێت وله‌نێو زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه به‌ئاگای دێنێت، له‌و گه‌مه زمانه‌وانییه‌ی كه شوێن به ده‌لاله‌ته‌كان ده‌گۆڕێت، له‌ڕێگه‌ی ده‌مامكێك كه نووسه‌ر به نووسینی به‌خشیووه.
نیهاد جامی