
گه‌ڕانه‌وه‌ی تارماییه‌كانی ژه‌نه‌ڕاڵ
چیرۆك
سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د
راوهستانهكهم راوه‌ستانێكی سه‌ربازییه، جه‌سته‌م لهخاچێكی یه‌ك باڵ ده‌چێت، ده‌ستی چه‌پم به‌له‌شمه‌وه جووت بووه، به‌ره‌و خوار شۆڕبۆته‌وه، قامكه‌كانم له‌خوار كه‌مه‌ره‌وه له ریزی یهكو بۆ ناوه‌وه نوشتاونه‌ته‌وه. ده‌ستی راستم وه‌كو كلكی دووپشك هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ لای سه‌رم. په‌نجه‌كانم كراوه‌یه، بهبرۆو لاچاوی راستمه‌وه له‌نگه‌ری گرتووه. هیچ نابزوێم. به‌وردی لێم بڕوانه، وا ده‌زانی هه‌ناسه‌ش ناده‌م، سه‌رو ملم له بنچكه خڕنووك ده‌چێت، قاچه‌كانم وه‌كو دارێكی ره‌گ داكوتراو قایم‌و مه‌حكه‌م راست‌و ره‌پ له‌جێی خۆیان ره‌ق بوونه..
راوهستانهكهم ته‌واو راوه‌ستانێكی سه‌ربازییه، سڵاوی یه‌كبه‌یه‌كی سه‌ربازه‌كانم وه‌رده‌گرم، كه ده‌سته ده‌سته‌و پۆل پۆل دێنه خزمه‌تم، سڵاوی سه‌ربازی خۆیان پێكهشی ئه‌ستێره درهشاوهكانی سه‌رشانم ده‌كه‌ن, منیش به‌هه‌مان ده‌ستوور به‌بێ ورته‌و جوڵه پێشوازی له سڵاویان ده‌كه‌م، پاشانیش به‌هه‌مان ده‌ستوور سڵاوی پڕ شكۆی خۆمیان ده‌ده‌مێ..
نابێت ببزوێم، چونكه جووڵان له‌م شوێنه‌دا سوكایه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ ئه‌ستێره‌كانی سه‌رشانم.
(شوره‌ییه، بۆ ئه‌فسه‌رێكی ده‌ره‌جه‌داری گه‌وره‌ی وه‌كو من گه‌ر نه‌توانم خۆم رابگرم له پێشوازی رۆژێكی ئاوها مه‌زندا).
(خۆم سه‌ربازه‌كانم راهێناون، هه‌ر خۆشم كردویانم به‌م پاڵه‌وانه‌ی كه ئه‌مڕۆ ده‌یانبینن. ئه‌مه ته‌نها نمایشێكی سه‌ربازی نییه، به‌ڵكو راهێنانو خۆئاماده‌كردنه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵا مه‌رگدا.. نه‌ك ته‌نها ئه‌م چه‌ند ساته كورته، به‌ڵكو ده‌بێت بۆ چه‌ند شه‌وو رۆژ وه‌كو داوڵا بچهقمو نه‌جوڵێم).
(ئینجا چییه، بۆ ناتوانم!).
ئه‌مڕۆ بۆ من رۆژێكی مێژووییه، له‌و رۆژانه‌یه كه پله‌و پایه‌ی سه‌ربازی منی تیا مه‌زنتر ده‌بێت، له‌و رۆژانه‌یه كه كه‌مجار رێده‌كه‌وێت خۆم‌و ئه‌ستێره‌كانی سه‌رشانم هێند رێزلێگیراوبین، وا پۆل پۆل‌و ده‌سته ده‌سته بنیاده‌م به‌جلوبه‌رگی تایبه‌تی سه‌ربازییه‌وه بهڕێدهخهم بۆ ده‌شتاییه به‌رینه‌كان.
ئه‌مڕۆ بۆ من له‌و رۆژانه‌یه ده‌بێت وه‌كو هه‌ل بیقۆزمهوهو له‌ده‌ست خۆمی نه‌ده‌م..
ئه‌مڕۆ رۆژی تۆڵه‌یه، تۆڵه له رۆژانی رابردووم، تۆڵه له باوكم، له‌هه‌موو كه‌س…
به‌ڵام هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م‌و ده‌كۆشم هێز لهقاچهكانم نه‌ماوه، ناتوانم له‌وه زیاتر خۆم به‌پێوه رابگرم، ده‌ستی راسیشم كه هه‌ر بهلاچاومهوهیه، وه‌كو چڵه دارێكی ئاولێبڕاو هێدی هێدی به‌ره‌و كزبوون‌و دابه‌زین ده‌چێت، هه‌ردوو چاوم ته‌واو ماندوو بووه هێنده خێسه‌م لهدهستو قاچی سه‌ربازه‌كان گرتووه، كه چۆن به‌یه‌ك تایمو به‌یه‌ك ئاواز ده‌چنه حه‌واو دێنه خوارێ..
گوێیه‌كانم كپ بوونه، جگه له‌و ئاوازه هیچ ئاوازێكی تر ناژنه‌وم، جه‌سته‌یه‌كی شه‌كه‌ت‌و رهقو راست، تا دێت شلتر ده‌بم، به‌ری دیده‌م لێڵتر ده‌بێت..
له سێبه‌ره‌كه‌ی خۆم راده‌مێنم، ده‌بینم جه‌سته‌یه‌كی كه‌ڵه‌گه‌تی مه‌چه‌ك ئه‌ستووری وه‌كو من، سێبه‌رو تارماییه‌كی باریكه‌ڵه‌ی بنجكی هه‌یه!
ئیتر هێنده‌ی هۆش ده‌ده‌مه سێبه‌ره خڕنوكێكهم، هێنده ئاگام له‌نمایشی سه‌ربازه‌كان نامێنێت، كه ده‌سته ده‌سته‌و پۆل پۆل هه‌ر تێده‌په‌ڕن.
به‌ده‌ست خۆم نییه، لهتارماییه بچكۆلانه‌كه‌م ده‌كه‌ومه تێفكرین‌و موتاڵا. ئیدی من لێره‌به‌دوا جگه لهپهیكهرێكی قوڕین، هیچی تر نیم .. به‌ته‌واوی له‌ده‌وروبه‌رو شوێنی شیاوی خۆم، كه ژه‌نه‌راڵێكی ده‌ره‌جه‌داری گه‌وره‌م داده‌بڕێم… به‌دووی سه‌ره‌داوی ونبووی خۆم ده‌كه‌وم.. زیاتر لهتارماییهكهم ورد ده‌بمه‌وه، ته‌ماشا ده‌كه‌م قورسایی هه‌موو جه‌سته‌م، به ئه‌ستێره‌كانی سه‌ر شانیشمهوه، سێبه‌رێكی منداڵانه، یان راستتر بڵێم (قه‌زه‌م)ی دروستكردووه.. من به‌م مه‌زنی خۆمه‌وه، سێبه‌ری منداڵیم به رۆحێكی زیندوو و به‌جه‌سته‌یه‌كی گرگنه‌وه، به‌ڵام بهدهسهڵاتێكی باڵاوه ئاماده‌یه! به‌ته‌وه‌سه‌وه گاڵته بهشانو شهوكهتو ئه‌ستێره‌كانی سه‌رشانم ده‌كات. به‌ئاشكرا پێم ده‌ڵێت:
(ئه‌مه چییه بۆره‌پیاو، بۆ وا له‌خۆت گۆڕاوی.. وا دیاره خه‌ڵكی وه‌كو من ناتناسن. ئه‌گه‌ر بتناسن ده‌بێت له‌جیاتی سڵاو چیت پێشكه‌ش بكه‌ن؟).
(مه‌گه‌ر تۆ هه‌ر منداڵه ترسنۆك‌و چڵمنو خوێڕییهكهی جاران نیت؟).
زۆری نامێنێت هه‌موو شتێك بشێوێنمو له‌خۆم بگۆڕێم. بهراستو چه‌پدا بكه‌ومه لێدانی سێبه‌ره بێحهیاكهم، به‌ڵام له‌خۆمی تێك نادهمو به‌ئاگا دێمه‌وه.
*
ده‌ستم هه‌ر به‌لا چاومهوهیه، نه‌جوڵاوم، سه‌ربازه‌كانیش هه‌ر تێده‌په‌ڕن.. به‌ڵام وته‌كانی سێبه‌ره‌كه‌م ته‌واو نیگه‌رانی كردوم، به‌جۆرێك هه‌ستده‌كه‌م راوهستانهكهم زۆر شل‌و خاوه‌و له‌ئاستی جێگاكهمدا نییه، كه (سه‌كۆی سڵاوی سه‌ربازییه). نابێت بجوڵێم، زۆر له‌وه ده‌ترسم كه ده‌وروبه‌رو هه‌ڤاڵه‌كانم ئاگایان له‌قسه‌و گوفتی سێبه‌ره‌كه‌م بووبێت. ئه‌و وتانه تووشی شڵهژانو بێئارامییهكی زۆری كردم، زیاتر له‌خۆم نامۆم، هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م شوێنی شیاوی خۆمم لێ ون بووه‌و بۆم نادۆزرێته‌وه، نازانم ئایا هه‌ر به‌ڕاستی من شیاوی ئه‌م شوێنه‌م كه سه‌دان دهستو پێ له‌خزمه‌تی مندا ده‌چنه حه‌واو دێنه خوارێ، سڵاو له ئه‌ستێره‌كانی سه‌رشانم ده‌كه‌ن؟ یان من منداڵه بوده‌ڵه‌و ژێر ده‌سته‌كه‌ی منداڵانی گه‌ڕه‌ك‌و قوتابخانه‌م؟ ئایا من هه‌ر منداڵه ترسنۆكه‌كه‌ی باوكمم؟
ئه‌مانه‌و ده‌یان پرسیاری تر وه‌كو دووپشك جه‌سته سڕهكهم ده‌گه‌زن.. ئه‌گه‌رچی تا ئێره هه‌ر به‌ڕێزه‌وه له خزمه‌تی مهراسیمو نمایشی به‌ڕێكردنی سه‌ربازه‌كاندا راوه‌ستاوم، به‌ڵام ناتوانم به‌سانایی واز له تارماییهكهم بهێنم. یان به‌هه‌ند وه‌ری نه‌گرم، كه وه‌كو جانه‌وه‌رێكی ترسناك لێم په‌یدابووه. زیاتر له سێبه‌ره‌كه‌م راده‌مێنم، به نیگا لێی ده‌چمه پێشه‌وه، ئیتر ئه‌ویش له‌سه‌رخۆو وه‌كو پاروویه‌كی چه‌ورو خۆش قوتم ده‌دات…
*
(من) ده‌بمه‌وه به منداڵه سه‌ر كوێر‌و گێژو حۆلو ترسنۆكه‌كه‌ی جاران..
*
شه‌وێكی كپ‌و قه‌ترانییه، ده‌ڵێی چاوی رووناكی گل بووه، هیچ نابینێت، هه‌موو شتێك به‌تاریكی نمایشی خۆی ده‌كات.
(ئای له سیحر‌و ترسناكی‌و چارهبهدی تاركی!).
منیش له‌و نیوه شه‌وه‌دا، ده‌مه‌وێت بچمه ده‌رێ، نه‌بادا خۆم پیس بكه‌م، میزم دێت. چه‌ند جارێك وه‌كو توڵهسهگی بابرده‌ڵه‌و به‌چكه پشیله‌ی نه‌خۆش دهنوزێمهوه، بانگ له‌دایكم ده‌كه‌م تا بمباته ده‌رێ، هیچ وه‌ڵامێك نییه .. پاشان ده‌ست له‌جێگاكه‌ی ده‌كوتم تا له‌خه‌وی غه‌فڵه‌ت رایپهڕێنم، به‌ڵام دایكم له‌جێگاكه‌ی خۆی نه‌ماوه.. له‌ژێر به‌تانیه‌كه به‌ترسه‌وه دهنوزێمهوه، ده‌ڵێم:
(دایه گیان فریام كه‌وه، به‌م نیوه شه‌وه هانا بۆ كێ به‌رم؟).
( ئه‌ی دایكی میهره‌بانم زۆر ده‌ترسم جنۆكه‌كان تۆشیان فڕاندبێت!).
(دایكه گیان بۆ ده‌نگت نییه؟ له تۆ بترازێ كێ شك ده‌به‌م؟).
(ئه‌دی كێ له‌شه‌وه‌و جنۆكه‌و شه‌وه تاریكه‌كان بم پارێزێت؟).
(ئه‌ی دایكی میهره‌بانم، ده‌تخوا مهڕهنجێو قسه‌بكه، ده‌ستم بگره‌و بمبهدهرێ..).
(من ده‌زانم ئێستا له‌ودیو ده‌رگاكه‌وه پۆل پۆل جنۆكه‌كان خۆیان بۆ له كه‌مین ناوم، له‌چاوه‌ڕوانی مندا بێئۆقره راوه‌ستاون..).
(ئه‌ی دایكی بێده‌نگم، فێرتان كردین، به‌ته‌نها، بهتاركیو چۆڵه‌وانیدا ره‌ت نه‌بین..).
(ده‌ده‌ی دایكی به‌ڕێزم، بمبهدهرێ.. ئه‌گه‌ر نه‌یه‌ی، ئه‌من چی بكه‌م، ئاخر حاڵا وابڕوات هه‌موو شتێك ده‌قه‌ومێت! هه‌موو شتێك له‌ده‌ست ده‌ده‌م.. بۆ به‌یانی خوشك‌و برا بێڕهحمو خائینهكانم تیزم پێده‌كه‌ن, ده‌رپێی میزاویو بۆگه‌نم نیشانی یه‌كدی ده‌ده‌ن، سهرزهنیشتم ده‌كه‌ن).
(زیاتر بچووك ده‌بمه‌وه، ئیدی له‌داخاندا ده‌مرم!).
(دایه گیان، دایكی میهره‌بانم، خۆت ده‌زانیت من وا راهاتووم، ده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌وان كه‌ڕو لاڵا بم‌و نه‌یه‌مه قسه..).
(فریامكه‌وه دایكه گیان، به‌بێ تۆ رێك له‌و به‌چكه پشیله‌یه ده‌چم كه به‌ده‌ستی منداڵانه‌وه گه‌مه‌ی پێده‌كرێت، له تۆ ده‌پرسم جگه له نوزه‌نوز چی له‌ده‌ست دێ؟ هه‌تا رۆژێك له‌په‌ناو پهسێری دیوارێكدا ره‌ق هه‌ڵدێت!).
(ده ب م گ ه ر ێ , دا ی كه گ یا ن)..
*
دایكم نایات، هیچ نابیستێت. له‌پاش تاوێك باوكم دێته سه‌ر سه‌رینه‌كه‌م، به‌هه‌ردوو گوێ راستم ده‌كاته‌وه، تفێكی خه‌ستی گه‌وره ده‌كاته تهوێڵمو بهوتفه روخسارم داده‌پۆشێت ، به‌سه‌رمدا دهشاخێنێت، پێم ده‌ڵێت:
-(سه‌گی له‌سه‌گ بوو، به‌م نیوه شه‌وه بۆ لێم ناگه‌ڕێی كاری خۆم بكه‌م؟ بۆ لێم ده‌بی به‌چه‌ته؟).
دڵڕه‌قانه چه‌پۆكێكی ئاگرین لهروومهتم ده‌دات، هه‌ردووچاوم وه‌كو كوره داده‌گیرسێت، خۆم گرمۆڵه ده‌كه‌م، له‌جێگاكه‌ی خۆم مت ده‌بم، ناخی خۆم دهكروژم، به‌ڵام بڕیاری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌ده‌م…!
بۆ به‌یانی دۆشهكهكهم هه‌ڵده‌خرێت .. دهرپێكهشم بهتهنافهكهوه ده‌له‌رێته‌وه، ده‌له‌نگێته‌وه.
*
(ئای باوكی غهددارم، تۆ خۆت فێرت كردم خۆم له‌تاریكی نه‌ده‌م, پێت ده‌گوتم: تاریكی ماڵی شهیتانو جنۆكانه، وریای خۆتان بن رێ ههڵهنهكهنو نه‌چنه ماڵی ئه‌وان).
(ئه‌ی باوكی بێڕهحمم، ئه‌ی تۆ نه‌تگوت: نه‌كه‌ن سه‌ركێشی بكهنو نه‌فامانه ره‌فتار له‌گه‌ڵا تاریكی‌دا بكه‌ن، ئه‌و شێتانه‌ی ئێوه ده‌یبینن، هه‌موو ئه‌وانه پاڵه‌وان بوون، به فیزه‌وه خۆیان له‌و جه‌نگه‌دا تاقیكرده‌وه، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام هه‌موویان دۆڕان، هۆشیان له‌ده‌ست دا‌و شێت بوو!).
(ئه‌ی باوكی له‌ده‌ست چووم، تۆ ده‌تگوت ترس سه‌رچاوه‌ی ئازایه‌تییه، بۆئه‌وه‌ی ئازابیت، ده‌بێت له‌پێشدا بترسیت!).
(ئه‌ی باوكی دڵڕه‌قم، منیش دێڕ به‌دێڕ فه‌رمایشته‌كانی تۆم كرده خۆراكی رۆژانه‌م. پێ به‌پێ له‌گه‌ڵیاندا گه‌وره بووم، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام جگه له كه‌سێكی بوده‌ڵه‌و سهركوێرو خوێڕیو رقاوی، هیچی دیم لێ دروست نه‌بوو!).
(هۆ باوكی له‌ده‌ست چووم، ئێستا سه‌رێك هه‌ڵبڕه‌و بڕوانه، كوڕه بودهڵهكهت، چه‌ند ئه‌ستێره‌ی له‌سه‌رشان ریزكردووه، چه‌ند مه‌زنه, چه‌ند سه‌ری گه‌وره له‌ئاستیاندا ملكهچو بچووكن).
(به‌ڵێ باوكی زۆردارم، ئێستا ئه‌و رۆژانه‌یه تۆڵه‌ی خۆم له رابردووی بودهڵهم بكه‌مه‌وه!).
(ئه‌ی باوكی نهفامم، جارانێك چه‌ند گێل‌و بچكۆلهبووم، ئێستاكه ده‌بێت چه‌ند هێنده مه‌زن بم!!)
*
پێ به‌پێ خۆم بۆ دواوه دهكشێنهمهوهو به‌تۆبزی له‌قوتی سێبهركهم دێمه ده‌رێ!
*
ده‌ستی راستم هه‌ر بهلاچاومهوهیه، سه‌ربازه‌كانیش ده‌سته ده‌سته هه‌ر ئۆغر ده‌كه‌ن، به‌پێشمدا تێده‌په‌ڕن.
كاسه‌ی سه‌رم له‌شاره زه‌رده‌واڵه‌یه‌كی خاپور ده‌چێت، گیزهو واژهواژێكی جاڕسی لێوه‌دێت.. ئیدی وه‌كو بروسكه چه‌خماخه ده‌داو ئه‌م بڕیاره له‌دایك ده‌بێت:
(ده‌بێت بۆ له‌مه‌ودوا، جگه له گه‌نجه‌كان، هه‌رچی پیرو كهنهفتهو شهلو ئاویلكهو نوقسان هه‌یه.. به‌رگی خاكی بپۆشن‌و خۆیان له‌ڕیزی سه‌ربازیدا ناونووس بكه‌ن، گه‌ر وا نه‌بێت من چۆن له‌مه مه‌زنتر ده‌بم؟ گه‌ر وا نه‌بێت ئه‌م ئاگره داده‌مركێته‌وه، شهڕگهكانیش خامۆش ده‌بن، منیش له‌جاران زیاتر تڕۆر ده‌بم!).
(ئا له‌وێدا حه‌زده‌كه‌م هه‌رچی مرۆڤ‌و گیانداری وشكانی‌و ئاوی هه‌یه كفن پۆش بكه‌م، یا ده‌ست له قوڕقوڕاگه‌ی هه‌موویان گیر بكه‌م‌و هه‌ناسه‌یان لێ یاساغ بكه‌م، پاشان بهپهلهپیتكهیهك وه‌كو شهكرۆكێكی وشكه‌وه‌بوو، سه‌ریان له‌ملیان جیابكه‌مه‌وه، ئینجا كه‌له‌ی سه‌ریان وه‌كو تۆپ به‌ده‌م نووكه شه‌قه‌وه ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ر پێ بكه‌م.).
(له‌ئێستادا كه سهرۆكو ژه‌نه‌راڵی سوپای مه‌رگم، ئاوه‌ها ئاسووده ده‌بم، كه ده‌بینم مرۆڤه‌كان تاقبڕ بوونه‌و.. به‌ڵام هه‌ی هوو! سێبه‌ری منداڵیم بۆته مۆته‌كه‌و لێم جیانابێـهوه. لێم ناگه‌ڕێ تا رهحهتبم! له‌و دووره‌وه، گاڵته‌م پێده‌كات، قاقا پێم پێده‌كه‌نێت، بهچهپۆكێك متم ده‌كات. ئیدی ئه‌ستیره‌كانی سه‌رشانم به‌هانامه‌وه نایه‌ن، هیچ رۆڵێكیان نامێنێ، وه‌كو ئاشی ئاولێبڕاو، ورده ورده لهچهرخهو سوڕان خاوده‌بمه‌وه، تا به‌ته‌واوی له‌جێی خۆم ده‌وه‌ستم، پاشانیش به‌لادا ده‌كه‌وم..).
من به‌م مه‌زنی خۆمه‌وه، به‌خۆمو ئه‌ستێره‌كانی سهرشانیشمهوه زمانم، له ئاقار سێبه‌ری منداڵیم دا لهگۆكهوتووه، ئه‌ویش به‌زمانێكی روون‌و توڕه‌وه به‌سه‌رمدا هاوار ده‌كات، جارێكی دی راپێچم ده‌كات به‌ره‌و ده‌شتاییه‌كانی خۆی‌و له‌كۆڵانه قوڕاوییهكهی منداڵیم فڕێ ده‌دات..
*
منداڵانی گه‌ڕه‌ك، هاوڕێ بێبهزهییهكانم، به ئاره‌زوو خۆیان وه‌كو مزراح دهمسوڕێنن، له‌گه‌ڵا هه‌ر سهرزهنشتو تێههڵدانێكدا خۆم به‌كه‌متر دێته به‌رچاو. رێك له‌و سه‌ره مێكوتانه ده‌چم پێش ئه‌وه‌ی دهستو پێ دهربكهنو فێری باز بازێن بن له‌ئاویان ده‌بڕن، پاشانیش بێنمودو توڕه‌هات ده‌مرن، به‌مردویش ده‌رخواردی مریشك‌و كهڵهشێرو توتهڵهكانیان ده‌ده‌ن!
كسپه له‌ناخم دێت‌و ئه‌م جاره‌ش به‌ڵێنی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌ده‌م.. له‌خانه‌ی مێشكمدا تۆماریان ده‌كه‌م‌و ده‌ڵێم :
(ئه‌ی هاوڕێ بێفهڕو خائینهكانم، بۆ كوێ ده‌ڕۆن، شه‌رته شه‌رتی خودا له‌ده‌ستم رزگار نه‌بن، رۆژێك له‌ڕۆژان تۆڵه‌ی خۆم هه‌ر ده‌كه‌مه‌وه، گه‌ر فریای خۆشتان نه‌كه‌وم دڵنیابن لێتـان ناگه‌ڕێم، منداڵه‌كانتان، رۆڵه تاقانهكانتان ره‌وانه‌ی مه‌رگێك ده‌كه‌م كه تا هه‌تایه پێوه‌ی بتلێنه‌وه)…
*
(من) رقم له‌هه‌موو كه‌سێك ده‌بێته‌وه، ته‌نها هه‌ر خۆم له‌بیره، (من) له‌كه‌س ناچم، كه‌سیش له‌من ناچێت. حه‌زم له‌هاوڕێیه‌تی هیچ كه‌سێك نییه، یان راستتر بڵێم: كه‌س من به‌هاوڕێی خۆی نازانێت. له‌ناو منداڵانی گه‌ڕه‌كدا ترسنۆك‌و بێغیره‌تانه ره‌فتار ده‌كه‌م، ته‌نانه‌ت به‌گومانه‌وه، ده‌ڕوانمه جه‌سته‌و له‌شولاری خۆم، به‌ترسه‌وه سڵی لێده‌كه‌مه‌وه.. هه‌میشه ژێر چه‌پۆكه‌ی منداڵانی گه‌ڕه‌كم…
ته‌نها جارێك چییه نه‌متوانیوه له‌منداڵێك هه‌ڵده‌م، ئه‌گه‌رچی ئه‌و منداڵه بهتهمهنو لهشولاریش له‌خۆم بچووكتر بووبێت. نه‌ده‌بوو راپسكێمو به‌رگی ترسنۆكی‌و بودهڵهییو ساویلكه‌یی له‌خۆم داماڵمو به‌كاڵای ئازایهتیو زیرهكیو چهلهنگییهوه خۆم نیشانی منداڵانی گه‌ڕه‌ك بده‌م.
*
جارێك خۆم له‌و هه‌ورازه دهدهمو خۆم تاقیده‌كه‌مه‌وه، هه‌روا به‌سانایی لێناگهڕێمو ته‌سلیمی خواستی منداڵانی گه‌ڕه‌ك نابم، سه‌ركێشی ده‌كه‌م‌و خۆم ناده‌م به‌ده‌سته‌وه، ده‌زانم ئه‌گه‌ر جارێك، دووجار له‌م كاره‌دا سه‌ركه‌وم ئیتر منداڵانیش سڵم لێده‌كه‌نه‌وه‌و منیش ده‌بمه منداڵێكی ئاسایی..
ئه‌مجاره‌یان به‌هه‌مان شێوه زمانی وان قسه ده‌كه‌م، ئه‌و جنێوه‌ی ده‌یگه‌ێننه دایكم، به‌هه‌مان ده‌ستوور، ره‌وانه‌ی خۆیانی ده‌كه‌مه‌وه.. به‌ڵام ره‌وانه كردنه‌كه هێند ترسنۆكانه ده‌بێت، وشه‌كان له‌نێوان من‌و ئه‌واندا گیانیان ده‌رده‌چێت ته‌پ ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌رزه‌كه!
ئیتر ئه‌وان یه‌ك یهكو دوو دوو بهشهقو چه‌پۆك ده‌كه‌ونه كوتانی سه‌رو گوێلاكمو مار ههنجم ده‌كه‌ن .. ئیتر ببڕای ببڕ ناتوانم له‌ئاقار هیچ منداڵێك بێئه‌ده‌بی ئاوه‌ها گه‌وره بكه‌م . هه‌میشه وه‌كو دیل له‌ئاستیاندا مت ده‌بم ..
بۆیه كوچه‌و كۆڵانم لێده‌بێت به دۆزه‌خ، لهدهقیقهیهكدا چه‌ند جارێك جه‌سته‌م به‌ر گڕیان ده‌كه‌وت‌و قرچه‌قرچ ده‌سوتێ، له‌گه‌ڵا هه‌ر قرچانێكدا من بچووكتر ده‌بمه‌وه، به‌ڵام ده‌ماری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له‌ناخماندا مه‌زنتر ده‌بێت، تا دێت رقئهستورتر داوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌كه‌م، تۆڵه له هاوڕێ، له‌برا، له‌باوك، له‌هه‌موو كه‌س.. ده‌روونم یه‌ك پارچه ده‌بێت به‌ئاگرو نێڵه نێڵا ده‌سوتێت…
*
(من) ئێستا به‌م سوتانه ئاسوده ده‌بم، جه‌سته‌ی سه‌ربازه‌كانم بهخوێنو گۆشت‌و ئێسكه‌وه وه‌كو نه‌وت به‌كارده‌به‌م، ئاگره‌كه زیاتر خۆش ده‌كه‌م، هه‌ر تێر نابم، ناخی هه‌موویان به‌نوكی ده‌رزی كون ده‌كه‌م، به‌دووی رۆژانی منداڵی به‌سه‌رچووی دۆڕاوی خۆمدا ده‌گه‌ڕێم لهناخو جه‌سته‌ی ئێستای ئه‌واندا به‌دی ده‌كه‌م.
*
جه‌سته‌م هه‌ر لهخاچێكی یه‌ك باڵا ده‌چێت، ده‌ستی راستم هه‌ر بهلاچاوی راستمهوهیه، راوهستانهكهم ته‌واو راوه‌ستانێكی سه‌ربازییه، له‌جێی شیاوی خۆمه‌وه له (سه‌كۆی سڵاو)ه‌وه سڵاوی سه‌ربازه‌كانم وه‌رده‌گرم.
من پێم خۆشه هه‌موو شتێك له‌جێی خۆی پێ بگرێت‌و له‌وێنه‌ی سه‌رباز به‌پێشمدا تێبپه‌ڕێت، سڵاو له ئه‌ستێره‌كانی سه‌رشانم بكات، چش له‌وه‌ی له‌ناخیدا چۆن سه‌یرم ده‌كات، گرنگ ئه‌وه‌یه (من) ئێستا به‌خۆمو ئه‌ستێره‌كانی سه‌رشانمه‌وه مهزنمو ئه‌وانیش بوده‌ڵه. له‌گه‌ڵا ره‌تبوونی هه‌ر سه‌ربازێكدا من زیاتر باڵا ده‌كه‌م، ئه‌ستێره‌كانی سهرشانیشم تا دێت دره‌وشاوه‌تر ده‌بێت.
(جا چ ده‌بێت با چاویان به‌ر شه‌واره‌ی ئه‌ستێره رووناكه‌كانی سه‌رشانم بكه‌وێت!).
من له‌و به‌رزییه‌وه وه‌كو چرایه‌كی گه‌ش ههڵكراوم، سه‌ربازه‌كانیش رۆحیان بهمنو ئه‌ستێره‌كانی سه‌رشانم ده‌سپێرن، منیش له‌تۆڵه‌ی دۆڕاوی منداڵیمدا، پێشكه‌شی مه‌رگیان ده‌كه‌م!
*
به‌ڵام، ئه‌م مۆته‌كه‌یه لێم ناگه‌ڕێت، سێبه‌ری منداڵیم هه‌ر گه‌وره نه‌بووه‌و له‌گه‌ڵمدایه.
ئه‌مجاره‌یان وه‌كو ئه‌سپێكی باڵداری زینكراو، ئاماده له‌پێشمدا چوار ناڵه راده‌وه‌ستێت، خهیاڵاو راز‌و ئه‌ندێشه‌كانم بۆ سه‌ر زینی خۆی راده‌كێشێت‌و تێی ده‌ته‌قێنێت …. ده‌مبات به‌سه‌ر شاردا وه‌كو نه‌وڕه‌س ده‌مگێڕێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی په‌یامێكی گرنگم پێ بێت‌و به‌خه‌ڵكی شاری رابگه‌یه‌نم، دواجار له‌به‌رده‌م قوتابخانه كۆنه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی خۆمان دامدهبهزێنێت .. تا حه‌وشه‌ی قوتابخانه به‌ڕێم ده‌كات، ئینجا هه‌ر هێنده‌ی بڵێی یهكو دوو، ئه‌سپه باڵداره‌كه ههڵدهفڕێتو دیار نامێنێت..
*
له‌نێو عهشاماتو شایلۆغانی قوتابخانه‌دا به‌ته‌نها ههڵكوڕماوم، بۆ خۆشم نازانم بیر له‌چی ده‌كه‌مه‌وه، له قوڵایی ناخی لێڵی خۆمدا نقوم ده‌بم، بیركردنه‌وه نییه، به‌ڵكو ته‌سلیم بوونی وزه‌و توانا‌و ئیراده‌یه..
هاوڕێكانم، دوو دوو و سێ سێ، وه‌كو رێچكه‌ی مێرووله به‌یه‌كدا دێن.. ته‌نها من نه‌بێت ته‌ریك‌و ته‌نها خۆم له‌په‌نای دیواره‌كه ناوه، به‌چاوی ئه‌بڵه‌قه‌وه دهمڕوانمه جمه‌ی هامشۆكهران.
زڕه‌ی زه‌نگه‌كه بێدارم ده‌كاته‌وه، به‌په‌له قۆپیو په‌ڕه تیكهتیكهكراوهكانم دابه‌شی گیرفانه خاڵییهكانم ده‌كه‌م .. ئینجا به‌ره‌و ده‌رگای پۆله‌كه به‌ڕێ ده‌كه‌وم، هاوڕێكانم بهنووكهشان ئاودیوی ده‌رگاكه‌م ده‌كه‌ن.. له‌پاش تاوێك، چاودێری پۆل به‌ده‌نگێكی سه‌ربازییانه‌ی نێره‌وه هه‌موومان له‌جێی خۆ قیت ده‌كاته‌وه:
-(هه‌ستن).
ئێمه‌ش وه‌كو په‌یكه‌رێكی قوڕین ره‌ق راده‌وه‌ستین، له‌دوای تاوێك تێڕامان مامۆستا فه‌رمانمان پێده‌كات:
-(دانیشن).
مامۆستا ده‌ست ده‌داته تهباشیرهكهو له‌سه‌ر ته‌خته‌كه ده‌نووسێت:
(پرسیاری یه‌كه‌م: ژیری‌و ئازایه‌تی دوو سیفاتی سه‌ركرده‌ی سه‌ربازین، به‌درێژی باسیان بكه‌ن).
ئه‌م وته‌یه‌ی مامۆستا هێنده‌ی دی كه‌ڕو كاسو كوێرم ده‌كات، له‌وه بێ‌ئومێد ده‌بم كه من نابمه سه‌ركرده، چونكه له‌بری ژیری‌و ئازایه‌تی، دهبهنگیو ترسنۆكی شك ده‌به‌م..
پێم خۆشه، هه‌ر یه‌كسه‌ر له‌جیاتی وه‌ڵام مستێك بسره‌وێنمه ناوده‌می مامۆستا‌و كڕی بكه‌م، به‌ڵام نابێت.. (ئه‌مه پرسیاره‌و وه‌ڵامی دروستی ده‌وێت)، جگه له‌ده‌نگی پێی مامۆستا، كه ئه‌م سه‌رو ئه‌وسه‌ری پۆله‌كه ده‌كات، چ ده‌نگێكی دی نییه .. منیش له‌هه‌لێكدا به‌دوو په‌نجه‌و به‌خشپه قۆپییهكه ده‌رهێنم، وه‌ك نارنجۆكێكی ساز‌و ئاماده لهمستم قایمی ده‌كه‌م، زۆر ده‌ترسم له‌ده‌ستم بترازێت‌و خۆم تووشی قهڵبهیهك بكه‌م، هه‌موو جه‌سته‌م ده‌كه‌وێته له‌رزین، تیكه په‌ڕه‌كه‌ش وه‌كو پشكۆیه‌كی داگیرساو دهستو په‌نجه‌كانم ده‌سووتێنێت..
(من) پاڵه‌وانی ئه‌م جه‌نگه نیم گێژاوێكهو تێی كه‌وتوم, نازانم چۆناهیی خۆمی لێقوتار بكه‌م، ئیدی له‌م ههڵوێستهمدا زیاتر ده‌ركه‌وت كه چه‌ند بوده‌ڵه‌و ترسنۆكم، له‌ئاقار منیش‌دا راستییه‌ك وه‌كو هه‌تاو هه‌ڵهات: (سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كان زرنگو ئازان، چاونهترسو زیتهڵهن!!).. هه‌موو هاوڕێكانم به‌بێ ترس‌و سڵه‌مینه‌وه، ژیرانه خه‌ریكی تاوتوێكردنی پرسیارهكهن، ئیتر هه‌ست ده‌كه‌م له‌ناو كۆمه‌ڵێ سه‌ركرده‌ی سهركهوتوودام، به‌ڵام، (من) زیاتر له‌دیل ده‌چم, نه‌ك قوتابی… له‌م جه‌نگه‌شدا ده‌دۆڕێم…
له‌م كاته‌دا ده‌نگێكی ناوه‌خت وه‌كو زریان هه‌ڵده‌كات په‌خشانی ناو پۆله‌كه ده‌بێت.. به‌ڕێوه‌به‌ره ، من هێشتا له‌ته په‌ڕه‌كه هه‌ر له‌نێو ده‌ستمدایه…
به‌ڕێوه‌به‌ر به‌دووچاوی زه‌قه‌وه خۆی بهمهسیحێكی زرنگ ده‌چووێنێت.. به‌ڵام ئه‌و رێك له‌من ده‌چێت، مه‌سیحێكی درۆزن‌و ترسنۆكه .. وه‌كو قاژو ده‌خوێنێت، به به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه به‌ئامۆژگاری درۆ ماڵێكی پڕ لهتهفره دروست ده‌كات، هه‌موومان تێئاخنێت، خۆشیی له‌ده‌ره‌وه دڵسۆزانه (به‌درۆ) له‌سه‌ر یه‌ك خۆی له‌خاچ ده‌داته‌وه!!
من هێشتا ده‌ستم ده‌له‌رزێت، به‌ڕێوه‌به‌ر دێته سهرمو وه‌كو دووپشك پێوه‌م ده‌دات.. ده‌ستی چه‌پم ده‌گرێت، قۆپییه ئارهقاوییهكه له‌نێو ده‌ستم ده‌رده‌هێنێت.. به‌ڕێوه‌به‌ر به‌ده‌نگێكی نێرانه، وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی جه‌نگ، ده‌نه‌ڕێنێت:
(ئه‌مه چییه خوێڕی؟)
زمانم قفڵا ده‌بێت، وشه‌كان له‌گه‌روومدا ده‌تاسێن، ناتوانم هیچ بڵێم، بهچهپۆكێك چاوه‌كانم ده‌شڵه‌قێنێت دیده‌م تاریك ده‌كات، منیش وه‌كو قوماربازێكی دۆڕاوو موفلیسو بێ زانست، به‌فه‌رمانێكی به‌ڕێوه‌به‌ر له خوێندن ته‌ڵاق ده‌درێم!
وه‌كو گه‌ڵای دارێكی پایز ده‌كه‌ومه سه‌ر شه‌قامه جهنجاڵهكه، بهكزه بایه‌كی نه‌رم، تلاوتل به‌رده‌م كۆگاو جامخانه‌كان، سینه‌ماو مهزاتخانهو مزگهوتو كڵێسا‌و ته‌كیه‌و گه‌ڕه‌ك‌و ماڵا‌و خانهخوێو یاران, ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ر ده‌كه‌م، هیچ یه‌ك له‌مانه نابنه مه‌نزڵگه‌م، ئۆقره‌یان تیا ناگرم!.. دواجار ده‌كه‌ومه زێرابێكه‌وه، ده‌بم به‌هاوڕێی جرجه‌كان!.. وه‌كو مار چه‌ند جارێك كاژ فڕێده‌ده‌م، سه‌ر له‌نوێ به بهرگو سیمایه‌كی تره‌وه خۆم دهنوێنم، سه‌ما ده‌كه‌م، به‌ڵام هه‌میشه بێزار‌و بۆن گرتووم، نامتوانم له‌هیچ ساتێك‌دا سه‌رخه‌وێك بشكێنم، یان خه‌ونێكی په‌مه‌یی ببینم.. هه‌میشه له‌خه‌یاڵی ئه‌وه‌دام چۆن‌و به چ شێوه‌یه‌ك ئه‌م شكستی ته‌مه‌نه دروست بكه‌مه‌وه؟ به‌دووی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره دهكهومو وه‌كو دێوانه دهشتو شار‌و گوند تهی ده‌كه‌م، ئه‌و ده‌سته‌ی برینم ساڕ‌ێژ ده‌كات، ئۆخژن به‌گیانم به‌خشێت (جه‌نگه جه‌نگ!) هه‌ر ئه‌وه سیمای من به‌دی ده‌كات، له‌مه زیاتر ون نابم.. جه‌نگ خۆی ده‌كات بهپهیژهیهكی درێژ‌و له‌به‌رپێم راده‌وه‌ستێت، منیش به‌سه‌ر پشتی ئه‌ودا پله پله سه‌رده‌كه‌وم، ههڵدهزنێمو مه‌زن ده‌بم, تا ده‌ستم ده‌گاته گه‌ردنی ئهستێرهكانو یه‌ك به‌یه‌كیان ده‌هێنمه خواره‌وه، له‌سه‌ر هه‌ردوو شانی خۆم ریزیان ده‌كه‌م.. ئیتر دنیا ده‌بێت بهتاریكستان، رووناكی تیا قاتی ده‌بێت، ته‌نها شه‌وقێك كه هه‌بێت، ئه‌ستێره‌كانی سه‌رشانی من ده‌بێت، منی ژهنهراڵا، ژه‌نه‌راڵی سوپای مه‌رگ!.. له‌سه‌رخۆ دادهبهزمو هه‌موو باخچه‌كانی شار دهكێڵم …
(چی لهجوانیو رهونهقو بۆن‌و به‌رامه‌ی گوڵا بكه‌م، كه بسته خاكێك نه‌بێت بۆ گۆڕستان؟).
(ئه‌دی ته‌رمی سه‌ربازه‌كانم له‌كوێ بنێمه چاڵا؟). (ده‌بێت، كانی‌و گۆلاوهكانیش وشك بكه‌م، چی له سه‌وزه‌ڵانی بكه‌م؟).
(ده‌بێت، گۆڕستانه‌كان زیاتر ئاوه‌دان بكرێنه‌وه!).
*
تا ئه‌م كاته راوهستانهكهم، ته‌واو راوه‌ستانێكی سه‌ربازییه، جه‌سته‌م هه‌ر لهخاچێكی یه‌ك باڵا ده‌چێت، ده‌ستی چه‌پم، راست جووت بووه، به‌له‌شمه‌وه، ده‌ستی راستیشم وه‌كو كلكی دووپشك هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ لای سه‌رم، په‌نجه‌كانم كراوه‌یه‌و هه‌ر بهلاچاوی راستمه‌وه له‌نگه‌ری گرتووه.. سه‌ربازه‌كانیش هه‌ر به‌پێشمدا تێده‌په‌ڕن، سڵاو له‌ئه‌ستێره‌كانی سه‌رشانم ده‌كه‌ن، منیش پۆل پۆل‌و ده‌سته‌ده‌سته به‌خێرایی به‌ره‌و شه‌ڕگه‌كان به‌ڕێیان ده‌خه‌م.. گرنگ نییه، شه‌ڕه‌كان هه‌ر جاره‌و به‌ناوێكه‌وه ده‌ڕازێنمه‌وه، ناوی ده‌نێم شه‌ڕی وڵاتپارێزی، یان شه‌ڕی چینایه‌تی، نه‌خێر كێ ده‌ڵێ شه‌ڕی شهرهفو كه‌رامه‌ت نییه؟
*
(خوێنه‌ری به‌ڕێز، چاكتر وایه پرسێكیش به تۆ بكه‌م، تۆ هه‌رچیت پێ باشه ئه‌من رازیم، ئاوهای ناوده‌نێم..)…
*
به‌ڵام هه‌ی هوو.. هێنده ده‌زانم سێبه‌ره قهزهمهكهم هێنده‌ی قه‌دو باڵای ئێستام باڵای كردووه، مه‌زن بووه.
*
له‌م كاته‌دا، راڕه‌و و نمایشی سه‌ربازه‌كان ده‌بن به‌دوو راڕه‌و، له‌لایه‌ك به‌ره‌و خۆرهه‌ڵات، به‌ته‌واوی جل‌و تفاقی سه‌ربازییه‌وه تێده‌په‌ڕن.. له‌ڕاڕه‌وی بهرامبهریشمهوه، رێچكه‌ی سه‌ربازه‌كان مه‌راسیمێكی تر سازده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م جاره سه‌ربازه‌كان لهتابووتدان، پارچه په‌ڕۆیه‌كیش كفن‌و كاڵای باڵایانه، به‌سه‌ر پشتی ئوتومبیله‌كانه‌وه به‌ره‌و خۆرئاوا ده‌گه‌ڕێنه‌وه.. له‌م كاته‌دا سێبه‌ره باڵا به‌رزه‌كه‌م له‌جێی خۆم داده‌نێم، خۆشم به قه‌ڵه‌مبازێك خۆم ده‌گه‌یه‌نمه راڕه‌وی ئه‌وبه‌ره‌وه، به‌هه‌مان ده‌ستوور به‌شێوه‌ی خاچێكی یهكباڵا راده‌وه‌ستم… راوهستانهكهم ته‌واو راوه‌ستانێكی سه‌ربازییه، سڵاوی سه‌ربازی خۆم ده‌گه‌یه‌نمه یه‌ك به‌یه‌كی سه‌ربازه‌كانی ناو تابوتهكانو به‌ڕێزه‌وه ئه‌مانیش بهڕێدهخهم..