Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
به‌ناز جه‌واد و خامۆشکردنی گۆرانی کابانی گه‌وره‌ ماڵێ

به‌ناز جه‌واد و خامۆشکردنی گۆرانی کابانی گه‌وره‌ ماڵێ

Closed

 

له‌ فیلمی “تێرمینال”دا، “ڤیکتۆر ناڤۆرسکی”، که‌ تۆم هانکس ده‌وره‌که‌ی ده‌بینێ، وه‌ک هاوڵاتییه‌کی سه‌ر به‌ ئه‌وروپای شه‌رقی، رێیلێده‌گیرێت فرۆکه‌خانه‌ی نیۆیۆرک به‌جێبێڵێ به‌ره‌و نیۆیۆرک  چونکه‌ ولاته‌که‌ی له‌ جه‌نگی ناوخۆییدایه‌ و پاسپۆرته‌که‌ی چیدی هیچ قیمه‌تێکی نییه‌. بۆیه‌ ناچار له‌ سالۆنه‌کانی چاوه‌ڕوانیدا، تێرمینالدا ده‌مێنێته‌وه‌ و وه‌ک هاولاتییه‌کی بێ وڵات ژیان ده‌گوزه‌رێنێ. به‌لام مانه‌وه‌ی ڤیکتۆر ده‌ردی سه‌ری بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی فرۆکه‌خانه‌ ده‌خوڵقێنێ، پیاوێک که‌ به‌ شوێن پله‌ و مه‌قامی به‌رزتره‌وه‌یه‌ و خوازیاری کۆتاییهێنان به‌ که‌یسی ڤیکتۆر ناڤۆرسکییه‌وه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م که‌یسه‌ له‌سه‌ر مێزی خۆی لابه‌رێت، ده‌که‌وێته‌ ئامۆژگاری ڤیکتۆر تا له‌ تێرمیناڵدا داوای په‌نابه‌رێتی بکات. ڤیکتۆر ئه‌م داوایه‌ ره‌تده‌کاته‌وه‌و پێێوایه‌ له‌ ولاته‌که‌یدا ئه‌و له‌ هیچ شتێک نه‌ترساوه‌، له‌ جنۆکه‌ نه‌بێت.

هاوکات  “ژیله‌مۆ عه‌بدولقادر به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان له‌ هه‌ولێر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ هیچ كه‌س به‌رپرسیار نیه‌ له‌ سوتانی (به‌ناز) و به‌پێی‌ ئه‌و تۆماره‌ ده‌نگییه‌ی‌ كه‌ له‌ به‌ناز وه‌رگیراوه‌، هۆكاری‌ خۆسوتاندنی‌ ناوبراو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ دانه‌مه‌زراوه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی‌ تر له‌پشت ئه‌و روداوه‌وه‌ نه‌بوه‌”.1

لێکچوونێکی سه‌یر له‌ نێوان هه‌لسوکه‌وتی به‌رێوه‌به‌ری فرۆکه‌خانه‌ی فیلمی تیرمیناڵ و ژیله‌مۆ عه‌بدولقادردا هه‌یه‌. بۆ به‌ریوه‌به‌ری تیرمینالی یه‌که‌م، مانه‌وه‌ی ڤیکتۆر کێشه‌یه‌ و ده‌کرێ که‌سێکی دیکه‌ چاره‌سه‌ری بکات. هه‌ر بۆیه‌ ئاماده‌یه‌ چۆنێتی داوای په‌نابه‌رێتیکردن به‌ زمانێکی ساده‌ بۆ ڤیکتۆر روونبکاته‌وه‌ و ئه‌م که‌یسه‌ بخاته‌ سه‌ر مێزی ده‌ستگای کۆچ.

بۆ به‌رپرسی تیرمینالی دووه‌م، به‌رێوه‌به‌ری نه‌هێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان له‌ هه‌ولێر، ئه‌م که‌یسه‌ ناکه‌وێته‌ سه‌ر مێزی هیچ که‌سێک و که‌سیش لێی به‌رپرسیار نییه‌. ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌کی کۆمه‌لایه‌تی له‌ پشته‌وه‌ بوایه‌، بکه‌وتایه‌ته‌ به‌رده‌ست کابانی گه‌وره‌ماڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان له‌ هه‌ولێر. ئه‌گه‌رچی بێکاری هاوڵاتییان و بێده‌ربایستبوونی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌رانبه‌ریدا، به‌کارهێنانی گه‌وره‌ترین تووندوتیژیی‌ فیزیکی و ده‌روونی و ئابوورییه‌ له‌به‌رانبه‌ر هاوڵاتیاندا.

به‌کارهێنانی چه‌مکی “کابانی گه‌وره‌ماڵ” بۆ به‌ڕیوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان له‌لای منه‌وه‌ هیچ لۆمه‌ و سه‌رزه‌نشتکردنێکی نێگه‌تیفانه‌ی له‌ پشته‌وه‌ نییه‌. به‌لام په‌نجه‌ره‌یه‌کی گه‌وره‌مان بۆ ده‌خاته‌ سه‌رپشت له‌ په‌یوه‌ند به‌ گیانله‌ده‌ستدانی گه‌نجێکی کۆمه‌لگای کوردستاندا، چو‌نکه‌ کاتێک له‌ چاره‌نووسی به‌ناز ورده‌بێته‌وه‌، هه‌ستده‌که‌یت، ئه‌م چیرۆکه‌ تراژیدییه‌، له‌گه‌ل کۆتاییپێهێنان به‌ ژیانی خۆیدا، خه‌ریکه‌ کۆتایی به‌ ژیانی چیرۆکێکی دیکه‌ ده‌هێنێت که‌ حه‌سه‌ن زیره‌ک و زۆرێکی دیکه‌ له‌ گۆرانیبێژانی کورد، له‌ به‌باڵاهه‌ڵدانیدا، به‌ گۆرانییه‌کانی:” کابانی ده‌وله‌مه‌ندی” و ” کابانی گه‌وره‌ ماڵێ”، گوێچه‌که‌ی ئێمه‌یان ئاخنیوه‌. به‌ کورتییه‌که‌ی کۆتایهێنان به‌ چیرۆکی کابانی گه‌وره‌ ماڵبوون وه‌ک شووناسێکی قابیلنه‌گۆڕ له‌ به‌رانبه‌ر بێکاری ژنانی کوردستاندا، جێگای تێرامانی من ده‌بێت بۆ وردبوونه‌وه‌ له‌ که‌یسی خۆسووتاندنی به‌ناز جه‌واد.

ژنانی کوردستان و عێراق، ئه‌گه‌رچی ئاماده‌ییه‌کی به‌رچاویان له‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ئابووریدا له‌سه‌رشان بووه‌، به‌لام هیچ کات بێکاربوونییان وه‌ک کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رنجنه‌دراوه‌. له‌ هه‌ویه‌ و پاسپۆرته‌کاندا، تا ئێستاکه‌ش، له‌ شوناسی کاردا، ده‌نووسرێت “ربه‌ البیت”.
به‌ڵام کابانی ماڵبوون، ته‌نها تێکستێکی ناو ده‌فته‌ری نفوس و پاسپۆرته‌کانی عێراق و کوردستان نه‌بوون، به‌ڵکو ڕه‌زامه‌ندییه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیش له‌ ئاستی کولتوری کۆمه‌لگادا، له‌ پشتییه‌وه‌ ڕاوه‌ستاوه‌. هێنده‌ی من به‌ بیرم بێت، شه‌ره‌ چینایه‌تییه‌کانی کۆمه‌ڵگا بۆ به‌ده‌ستهێنانی کار، هه‌میشه‌ ڕه‌هه‌ندێکی نێرانه‌ی له‌ پشته‌وه‌ بووه‌ و سیمای کرێکار و کارمه‌ند له‌ زه‌ینی کۆمه‌لگادا، سیمای کرێکارێکی پیاوه‌. به‌ جیا له‌و ڕشته‌ جیاوازانه‌ی که‌ به‌ کاری ژنان ده‌ناسرێنه‌وه‌. له‌ خه‌سته‌خانه‌ و قوتابخانه‌ و هه‌ندێک ڕشته‌ی دیدا که‌ تیایدا بالاده‌ستی ژن به‌ جۆرێک بێوێنه‌یه‌ که‌ ئینسان پێیوایه‌ ئه‌و کارانه‌ ته‌نها کاری ژنن‌. کێ سیمای پیاوێکی دێته‌ پێشچاو له‌ باخچه‌ی ساوایاندا. یان کاری سکرتێره‌بوون له‌ دائیره‌یه‌کدا.

به‌ڵام به‌نازی جوانه‌مه‌رگ له‌ گڕله‌خۆبه‌ردانیدا، گڕ له‌ ترادیسیۆنێکی ڕه‌گداکوتاوی کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌دات و کۆتایی به‌ ئه‌فسانه‌ی قبووڵکردنی کولتوری کابانبوونی ناو ماڵ ده‌هێنێت و له‌ بێکاربوونی چه‌ند ساله‌یدا، مردن له‌ به‌رانبه‌ر  بێکاربووندا هه‌لده‌بژێرێ. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ که‌‌ کونجی ناو ماڵ له‌ کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، هه‌میشه باوه‌شی کراوه‌ی خێزان و کۆمه‌ڵگا بووه‌ له‌ به‌رانبه‌ر له‌شکری بێکارانی ژنانی کوردستاندا. به‌وه‌ی کارێکی دیکه‌ هه‌یه‌ ده‌بێ بکرێت له‌ ناو ماڵدا، پرسیاری بێکاری ژنان، به‌ بێ هیچ ده‌ردی سه‌رییه‌ک و جه‌ده‌لێکی سیاسی، ئاراسته‌ی ناو ماله‌کان کراوه‌ته‌وه‌ . له‌ ناو کۆده‌ کولتورییه‌کانی کۆمه‌لگایه‌کی وادایه‌ که‌ کرده‌وه‌ی خۆسووتاندنی به‌ناز، جێگایه‌کی هه‌تا بڵێی گه‌وره‌ داگیرده‌کات.  

به‌ڵام به‌ناز به‌ خۆسووتاندنی، دێت و کۆتایی به‌م حه‌کایه‌ته‌ گه‌وره‌ و درێژه‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌ی کۆمه‌لگای کوردستان ده‌هێنێت. ئه‌و کاری ده‌وێت و کابانبوون و دانیشتن له‌ ماڵه‌وه‌ی پێ شه‌رمه‌. ئه‌و زه‌ربێک به‌سه‌ر شوناسی :”ربه‌ البیت”بوونی پاسپۆرت و هه‌ویه‌ی ئه‌حوالمه‌ده‌نییه‌کاندا ده‌هێنێت و داوا ده‌کات که‌ ده‌شێ ناوی بێکار یان ناونیشانی کارێکی دی، جێگای ئه‌م کابانبوونه‌ بگرێته‌وه‌. یان هه‌ر له‌ بناغه‌وه‌ له‌ شوناسدا بسڕدرێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ ئه‌و هێزه‌ شاراوه‌ و گه‌وره‌یه‌یه‌ له‌ پشت په‌یامی خۆسووتاندنی به‌نازه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌لات ناچارده‌کات وه‌ک کاردانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی، ده‌بێ به‌ تووندی له‌ خنکاندنی ده‌نگی به‌ناز و په‌یامه‌که‌یدا، به‌ حه‌کایه‌تی که‌یسی کۆمه‌لایه‌تییه‌وه‌ بێته‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کان و له‌ به‌های په‌یامی به‌ناز و خۆسووتاندنی ئه‌و که‌مکاته‌وه‌.
ئاخر ده‌سه‌لات ئه‌گه‌ر له‌ باری کولتوری کۆمه‌لگایشه‌وه‌ نیوه‌ی داخوازیه‌کانی کۆمه‌لگای کوردستانی به‌ داخوازی نه‌زانیوه‌ و کونجی ماڵی هه‌میشه‌ باوه‌شئاواله‌ی بۆ ئه‌وان خستۆته‌ سه‌ر پشت له‌ به‌رانبه‌ر بێکاربوونیاندا، ئیتر له‌ دوای مه‌رگی به‌نازه‌وه‌، حه‌کایه‌تی ناردنه‌وه‌ بۆ کونجی ماڵ و قبوڵکردنی کابانبوون له‌ به‌رانبه‌ر بێکاری کچان و ژنانی کوردستاندا، گوێگرانێکی زۆری بۆ په‌یدا نابێت، به‌ تایبه‌ت بۆ نه‌وه‌یه‌کی وه‌ک هاوته‌مه‌نه‌کانی به‌ناز. ئه‌وه‌ ئه‌م ترسه‌یه‌ له‌ یاخیبوونی ئاینده‌ییانه‌ی گه‌نجانی بێکاری کوردستان که‌ به‌ناز له‌ به‌ئاگاهێنانه‌وه‌یدا ڕێنیشانده‌ره‌ و ده‌کرێ ببێته‌ مۆته‌که‌ی سه‌ر سنگی ده‌سه‌لاتی سیاسی کوردستان، بۆیه‌ کاردانه‌وه‌کانی ده‌سه‌لاتی سیاسیی هێنده‌ تووند و به‌ به‌رنامه‌ ده‌چێته‌پێش. 

ڕه‌نگه‌ به‌ناز خۆیشی له‌ گه‌وره‌یی کاره‌که‌ی خۆی و کاردانه‌وه‌که‌ی ئاگادارنه‌بووبێ. ڕه‌نگه‌ ئه‌و هێچ کات به‌ شوێن شوناسی قاره‌مانبوون و ئه‌و ڕۆڵه‌وه‌ نه‌بووبێ که‌ ئه‌م ئاگربه‌ردانه‌ له‌ جه‌سته‌ی خۆ، ئه‌و بکاته‌ پاله‌وانی داوای یه‌کسانیخوازی کۆمه‌لگای کوردستان و له‌ هه‌موو ئه‌و قه‌له‌مبه‌ده‌سته‌ ژن و پیاوانه‌ی که‌ بۆ یه‌کسانی کۆمه‌لگا تێده‌کۆشن، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ بوه‌ستێ. ئاخر به‌ناز و په‌یامی ئه‌و، هێنانه‌مه‌یدانی ئه‌و له‌شکره‌ له‌ ژنانی کوردستانه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ تا به‌ر له‌ خودکوژی ئه‌و، پرسیارییان له‌ په‌یوه‌ندی نێوان بێکاریی و کابانبووندا نه‌خستبێته‌ چوارچێوه‌یه‌کی ئاوا سیاسییه‌وه‌ که‌ به‌ناز کردی. به‌ناز بانگه‌وازکه‌ری مه‌رگی کابانبوون و مژده‌ده‌ری له‌ دایکبوونی ئینسانێکه‌ که‌ ڕزگاربوونی ئابووری خۆی، به‌ به‌ردی بناغه‌ی ئازادبوونی خۆیه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. ئه‌مه‌ ئه‌و سه‌ره‌گێژه‌ و مه‌راقه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات زه‌نده‌قی لێچووه‌ کاتێک پرسیاری بێکاربوونی ژنان، نه‌توانرێت به‌ ئاسانی به‌ ناو ده‌رگای ماڵه‌کاندا رێچکه‌ی ئاسایی بۆ چوونه‌وه‌ ناو ماڵ، وه‌ربگرێته‌وه‌. 

ئه‌گه‌رچی هه‌موو کرده‌وه‌یه‌کی خۆکوژی له‌ دوا په‌یامه‌کانی خۆیدا، له‌ ئومێدنه‌بوون به‌ ده‌ربازببون له‌و دۆخه‌ی ئینسانی تێکه‌وتووه‌ ئیلهاموه‌رده‌گرێ. ئه‌وا ئه‌م خودکوژییه‌ی به‌ناز، له‌و شوێنه‌دا که‌ ئومێده‌کانی به‌ناز ده‌رگاکانی له‌سه‌ر داده‌خرێ، کۆمه‌لێک ده‌رگای ئومێدی گه‌وره‌ ده‌خاته‌ سه‌رپشت له‌ به‌رانبه‌ر هه‌زاره‌ها له‌ گه‌نجانی بێکاری کوردستاندا، به‌ تایبه‌ت کچان و ژنانیاندا. ئاخر ئه‌گه‌ر به‌ناز بێکاربوونی قبولنه‌کرد، ئێمه‌ بۆ بیکه‌ین؟

له‌ ولاتێکدا که‌ وشه‌ی کرێکار و بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری ده‌مووچاوێکی پیاوانه‌ی هه‌یه‌ و تا ئێستاش پاله‌وانێکی وای پێشکه‌شنه‌کردین که‌‌ وه‌رچه‌رخانی گرنگ له‌ کۆمه‌لگادا پێکبێنێت،  به‌ناز دێت دوو چه‌مکی گرنگی بزووتنه‌وه‌ی عه‌داله‌تخوازی پێکه‌وه‌ گرێده‌دات،کردنی بێکاری ژنان به‌ پرسیارێکی گرنگی سیاسیی، زه‌بروه‌شاندنێکی کوشنده‌ له‌ چه‌مکی کابانبوون که‌ سیمای کار و بێکاربوونی ژنانی له‌ چه‌ندین ساڵه‌وه‌ له‌ ژێرخۆیدا شاردۆته‌وه‌. به‌ناز له‌م هه‌نگاوه‌یدا، ژن ده‌خاته‌وه‌ ناو سه‌نته‌ری  ئاڵوگۆڕه‌ گرنگه‌کانی کۆمه‌لگا.
بریا ئه‌و ئێستا له‌گه‌ڵماندا بوایه‌، تا بیبینیایه‌ که‌ کۆمه‌لگا له‌ دوای ئه‌م خۆسووتاندنه‌ی ئه‌وه‌وه‌، بێکاری و بزووتنه‌وه‌ بێکاریه‌که‌ی کۆمه‌لگای کوردستان ، به‌ چ گور و تینێکه‌وه‌ ئیلهام له‌و وه‌رده‌گرن و له‌ به‌رانبه‌ر پرسیار و شه‌ره‌کانی ئاینده‌یاندا  چه‌ند به‌ هێزوتینێکی دیکه‌وه‌ ده‌کرێ ڕابوه‌ستن .  

1. بروانه‌ سایتی سبه‌ی: http://www.sbeiy.com/ku/SEB_Raprsy.aspx?SubjectID=144

به‌کر ئه‌حمه‌د
2011-09-18
Baker.ahmed@telia.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.