تکانی په‌لکه پرشنگه‌کان
ئه‌نوه‌ری ره‌شی عه‌وڵا……
پ
ئه‌ی پێشگفتار…
پۆیلانه‌ی ترپه‌ترپی بارانێکی پڕ تین و تاو
په‌یامبه‌ری خه‌یاڵپه‌روه‌ر…
بشنێ له پای نازی ورشه و پرشه‌ی پرشنگێکی، گیان ههڕهتبووی به‌رهه‌تاو
ئه‌ی پاڕانه‌وه…
مۆسیقای ته‌ڕپۆشی ڕۆحی بێئۆقره‌م
کوا سه‌مای وه‌کوڵ هاتووی بێ ئۆقره‌ی یار..؟
ترپه: خۆزگه‌یه‌که تاسهبهرز،که ڕێبه‌رییه‌کانی ناوه‌وه‌مان ڕه‌نگڕێژی ده‌که‌ن. نه‌ک بۆ چاکبوونه‌وه..
به‌ڵکو بۆ پاکبوونه‌وه له‌و شتانه‌ی عه‌یامێکه خوومان پێوه‌گرتووه!
باران : به‌رده‌که‌ی سیزیفه، له‌سه‌ر ترۆپکی بۆشاییه‌وه گلۆر ده‌بێته‌وه بۆ نێو خه‌ره‌نده‌کانی بۆشایی.
– با – ش له‌وه‌ته‌ی هه‌یه.. بێخهیاڵ له بایه‌خی تانه و ته‌شه‌ر و قسه‌و قسه‌ڵۆکی تیشک و باڵنده‌کان،
بێپه‌روا ئه‌و به‌رده‌ی به‌ربۆته‌وه بۆ بناری زه‌مین ده‌یباته‌وه بۆ ترۆپکی ئاسمان!
پاڕانه‌وه: نزایه‌کی ئابڕوومه‌ندانه‌ی نمهبارانێکه که له نێو خه‌یاڵی خاکێکی بهیاربوودا خۆی ونده‌کات و
له به‌یازی سهوزهڵانیهکدا، زمانی بهخشێنهرانهی خۆی ده‌دۆزێته‌وه!
………………………………………….
پایز
به سه‌مای بێسرهوتی فتیله‌یه‌کی بهسهزوانی،ناو باهۆزێ
سه‌روبه‌ر بهخۆشبێژی تهنیاییهکیش،
که لهبهردهرکهی سه‌فه‌ری سهرههڵهێنانێکدابێ ..سه‌رمه‌ستم من!
لێ..هه‌ر که زانیم گه‌ڵاکان
خه‌ڵاتی بارانه خۆبه‌خشه‌کانن،
هه‌رچیه‌ک پێیاندابووم له خۆم کرده‌وه و به ڕووت و قووتی،
روو زه‌ردانه،داوای گه‌ردن ئازادیم
له پروشهپروشی ئه‌شکی گشت وه‌رزه‌کانیش کرد..من!
سه‌ما: خۆقووتارکردن و پێ دانه‌نانه له‌ملا یان ئه‌ولای ده‌وه‌نه دیارناوهکاندا.. و خۆگورجکردنهوهیه بۆ نێو زیکری به‌رزه‌خێ، که نابێ له‌وێدا.. ته‌نیایی دڵی له ته‌نیاییه‌که‌ی خۆی دابمێنێ و چاویشی له هیچ بترسێ!
من: که‌سێکه له جنسی سهراب.لێ،گوێڕایه‌ڵی گوڵی گوڵشهنێک ده‌بێ.. که جهزبهیهک ده‌به‌خشێته‌وه به ئه‌و وه‌رزه مه‌ستانه‌ی له خه‌راباتی بووندا؛ لالا مووئهکهن!
وه‌رز:گه‌رچی یه‌کێکه له به‌ها جاویدانیهکان،که‌چی به خۆی و رووبهندهکانیهوه راده‌کات بۆ ئه‌وپه‌ڕی نهێنیه‌کان.
…………………………………..
پابه‌ند
بێهۆشه..
به بسکه کهسکوسوورهکهی په‌لکه‌زێڕینه‌یه‌کی بێ سه‌رپۆش،
که له شینکایی ئاسمانێکی لاژوهردی پاکیزه‌دا
دوو ڕکات نوێژ بۆ جادووه‌کانی خۆرباران ده‌کا.
سه‌رشۆڕ و بنباره..
له‌به‌رده‌م ده‌رکه‌وانی جوانیه‌کی بێ‌ناو و
سهرگوڵێکی گرانبه‌های رهزهوانێکدا.
شوکرخوازه..
بۆ قنگهخهوی تاوه ناتاوهی بارانێک
له به‌له‌می که‌تانی شنهبایهکدا.
بێهۆش:له‌رزین به گهشکهبوونێک،واته گڕوگاڵکردن له گردهبایهکدا!
سه‌رپۆش:مانگ حهشهرییانه عه‌بای شه‌و به‌سه‌ردا ده‌دا،هه‌تا ئه‌ستێره جه‌حێڵه‌کان دوای تۆزی پێیه‌کانی بکه‌ون!
جادو:گوێزه‌بانه‌ی ئه‌و خهیاڵپهروهرهیه، مرخێش مرخێش ده‌ڵێت:فێری زمانی مه‌حاڵم بکه‌ن.
ره‌ز:لاشاخی میوه‌یه‌کی دڵته‌ڕی شکۆداره،گه‌ر بتوانی هه‌ڵگه‌ڕێی به شکۆفه‌ی سهرکهشیهکهیدا،ده‌توانی به زمانی پێیه‌کانت تامی بکه‌یت.
ئه‌ی دڵ ئازاد،هه‌ڵکشێ..هه‌ڵکشێ مادامه‌کی دواجار ده‌زانین هه‌موو شتێک ده‌چێته کفنێکه‌وه!
به‌له‌م:گوایه به‌ره‌که‌تێکه، له وه‌سوه‌سه‌و کڵاوکڵاوێنهی نێوان واقیع و خه‌یاڵێکدا که‌وتۆته‌وه،
بۆیه نازدارانه لهبهربهردهمی هه‌ر ئاوێکی ناس و نه‌ناس هه‌میشه به‌نازه‌وه خۆی ئهلهنگێنێ.
…………………………………………
پاساری
له‌وه‌تی هه‌یه په‌یکێکی سوکه‌ڵه خه‌وه..
له نێو هاژه‌و هوژی گشت گه‌ڕه‌لاوژه‌کانی زه‌مانه‌دا،
بێ فه‌رامۆشکردن.. به جۆشیان و جورئه‌تی بێوێنه‌وه
چرپه‌چرپی چراکان له‌گه‌ڵ تاریکی و
ده‌نگی بێده‌نگی گه‌ڵا تهریبووهکان،خۆشخوانانه ده‌چرپێنێته گوێی با
له هه‌ر پایهبهرزییهکیشدا بێت.
په‌یک: ته‌ته‌ری خه‌یاڵه سووسهکهره،به‌د عه‌مه‌ل و بهدمهستهکانه
کاشکای بنپژانی ئهندێشهکانیش ده‌که‌ن.خودایا بیبه‌خشه ئه‌و بهدئهدایه.
چرا:که له بڵندیدایه،خۆرێکی دڵخۆشه..له ناوهختهکاندا بۆ ته‌نیایی هه‌ڵدێت.
له نه‌ویی بوونیشدا،خهتنووسی ئه‌و رستانه‌یه که ته‌نیایی دهیانپهیڤێت!