
به‌بۆنه‌ی دیداری شانۆوه …محه‌مه‌د كوردۆ
من له ساڵی 1984 دا، به هۆی خۆشه‌ویستییه‌كی یه‌كلایه‌نه‌ی هه‌رزه‌كارانه‌وه ده‌ستم به نوسین كرد…تا ساڵی 1986 خۆم زیاتر خوێنه‌ر و ئاگاداری ئه‌و شیعرانه بووم كه ده‌منووسین، له 1986دا هه‌وڵمدا نامیلكه‌یه‌ك چاپ بكه‌م، خۆشبه‌ختانه له به‌غداد رێگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی پێنه‌درا، دواتر زانیم كه نوسه‌ری ئازیز (محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان زه‌نگنه) ئه‌و چاكه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ كردووم، نه‌یهێشتووه به‌و شیعره كاڵ و كرچانهوه خۆم به خوێنه‌ری كورد بناسێنم، بێگومان تا ماوم سوپاسگوزاریم…هه‌ر له‌و كاتانه‌دا له چه‌مچه‌ماڵ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی خوێنگه‌رم و دڵسۆز به جدی خه‌ریكی كاری شانۆیی بوون، ئه‌و كاته ئه‌و براده‌رانه تیپی شانۆی ئه‌زموونییان هه‌بوو،به دڵگه‌رمییه‌كی تێكه‌ڵ له هه‌ستی كوردایه‌تی و عیشقی شانۆوه كاریان ده‌كرد، یه‌كێك له كاره‌كانیان كه له ساڵی 1988 دا، سه‌ره‌تا له چه‌مچه‌ماڵ و پاشان له میهره‌جانی شانۆ له سلێمانی پێشكه‌ش كرا، شانۆیی (وانه‌یه‌ك له بێكه‌سه‌وه) بوو، كه له ئاماده‌كردن و ده‌رهێنانی (سیروان ره‌حیم) بوو، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو، نوسه‌ر و شانۆكاره كورد و عه‌ره‌به‌كانیش به كارێكی جوان و ناوازه‌یان له‌قه‌ڵه‌م دا، له رۆژنامه‌كانی ئه‌و كاته‌دا (هاوكاری، پاشكۆی عێراق، ئه‌لعراق) به كوردی و به عه‌ره‌بی زۆر شتیان له‌سه‌ر ئه‌و شانۆییه نووسی، كه دواتر هه‌موو ئه‌و نووسینانه ئه‌رشیف كران و ئێستایش له ئه‌رشیفی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی كورد، لقی چه‌مچه‌ماڵدا پارێزراون…له بیرمه یه‌كێك له‌و كه‌سانه نوسی بووی ((چه‌مچه‌ماڵ سه‌لمانی هونه‌ر ته‌نها له شاره گه‌وره‌كاندا نییه))…دوای ئه‌و شانۆییه (داستانی مامه یاره) و (گۆرانی خۆرهه‌ڵهاتن) دوو كاری دیكه بوون كه یه‌كه‌میان له ساڵی 1989 و دووه‌میان له ساڵی 1990 دا به‌شداری میهره‌جانی شانۆی كوردی‌یان له سلێمانی پێكرا و ده‌نگدانه‌وه‌یان له شانۆیی وانه‌یه‌ك له بێكه‌سه‌وه زۆرتر بوو، پێشوازی گه‌رمیان لێكرا و زۆر به باشی له‌سه‌ریان نوسرا و به‌باشی هه‌ڵسه‌نگێنران…ئیدی به‌و شێوه‌یه ئه‌و براده‌رانه توانییان میژوویه‌كی جوان و دره‌وشاوه بۆ ڕه‌وتی ڕوناكبیری و به تایبه‌تیش بۆ كاری شانۆیی له چه‌مچه‌ماڵ تۆمار بكه‌ن… بێگومان ئه‌م قسانه به‌و مانایه نین كه به‌ر له‌و كارانه بزوتنه‌وه‌ی شانۆیی له چه‌مچه‌ماڵدا نه‌بوو بێت، نه‌خێر به‌ر له‌و كارانه‌یش چه‌مچه‌ماڵ مێژوویه‌كی له بواری شانۆدا هه‌بووه، به‌ڵام بیره‌وه‌رییه‌كانی من له‌گه‌ڵ ئه‌و كارانه‌دا ده‌ستیان پێ كرد، بۆیه منیش له باسی ئه‌و كارانه‌وه ده‌ستم به‌م چه‌ند دێڕه كرد…وه‌ك ئاماژه‌م پێدا تا ساڵی 1986 من زیاتر خۆم خوێنه‌ر و ئاگاداری شیعره‌كانی خۆم بووم، له ساڵی 1987 دا له ڕێی هه‌ردوو هاوڕێی خۆشه‌ویستم (فایه‌ق نامۆ) و (تالیب عه‌بدولكه‌ریم) ه‌وه په‌یوه‌ندیم به‌و براده‌رانه‌وه كرد، له بیرمه سه‌ره‌تا شیعرێكی خۆم بۆ (سیروان ڕه‌حیم) نارد كه ئه‌و به‌لای منه‌وه زۆرترین ڕۆڵی له‌و بزتنه‌وه شانۆییه‌ی چه‌مچه‌ماڵدا هه‌بوو، به نامه‌یه‌ك وه‌ڵامی دامه‌وه، كه تا ئێستایش نامه‌كه‌م پاراستووه، له نامه‌كه‌دا زۆر هانی داوم و پێی وتووم كه: ((له چه‌مچه‌ماڵدا خه‌ڵكی وا هه‌ن ده‌نگ به‌رز بكه‌نه‌وه هیچیان له خه‌ڵكانی دیكه كه‌متر نییه))…ئه‌و نامه‌یه و هاندانهكانی دواتری ئه‌و براده‌رانه بۆ من زۆر دڵخۆشكه‌ر بوون…هێدی هێدی هه‌ستم كرد منیش ده‌توانم نوسین و به‌رهه‌مه‌كانم بخه‌مه به‌ر ده‌ستی خه‌ڵك…ئه‌وه بوو له نه‌ورۆزی 1988 دا تیپی شانۆی ئه‌زمونگه‌ری چه‌مچه‌ماڵ كۆڕێكی شیعرخوێندنهوهیان ساز كرد و منیش بۆ یه‌كه‌مین جار له ژیانی خۆمدا له‌ڕێی ئه‌و كۆڕه‌وه چوومه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و دوو شیعری تایبه‌ت به نه‌ورۆزم خوێنده‌وه…ئه‌وه یه‌كه‌مین به‌ریه‌ككه‌وتنی من بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا، بێگومان زۆر دڵخۆشی كردم، متمانه‌یه‌كی زیاترم به خۆم لا درووست بوو…دواتر هه‌ر به هاندانی ئه‌و براده‌رانه و به ده‌ستگیرۆیی هاوڕێ و برای شاعیرم (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) یه‌ك دوو شیعری خۆم بۆ پاشكۆی عێراق و بۆ رۆژنامه‌ی هاوكاری نارد،شیعره‌كانم بڵاوبوونه‌وه و زۆر زیاتر دڵخۆش بووم…دواتر به هاندانی (دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ) چیرۆكه شیعرێكم بۆ گۆڤاری (به‌یان) نارد و بڵاوكرایه‌وه و هه‌ستم به لوتكه‌ی دڵخۆشی كرد…ئیدی منیش بووم به به‌شێك له‌و براده‌رانه و له ساڵی 1988دا لقی چه‌مچه‌ماڵی كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی كوردمان دروست كرد كه مه‌ڵبه‌ندی گشتیی له سلێمانییه. ساڵانێك، له چه‌مچه‌ماڵ، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه ڕۆڵی زۆر گه‌وره و دیاری له بزوتنه‌وه‌ی ڕوناكبیرییدا هه‌بوو، ڕۆڵێك ئه‌وه‌نده گه‌وره و دیار و ئاشكرا بوو، هه‌ر كه‌سێك له‌و شاره‌دا ژیا بێت و ئاگاداری ئه‌و رۆژانه بێت ده‌زانێت چ رۆڵێك بووه… خۆی له ڕاستییدا كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان تایبه‌ت بوو به هونه‌ره‌كانی شانۆ و مۆسیقا و شێوه‌كاری و په‌یكه‌رتاشی، به‌ڵام ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ رێكخراوێكی دیكه‌مان نه‌بوو، به‌شی ڕوناكبیریشمان بۆ زیاد كردبوو، كۆڕی ئه‌ده‌بی و ڕوناكبیریمان ساز ده‌كرد، (یوسف له‌تیف) و ( فایه‌ق نامۆ) و من، زیاتر سه‌رپه‌رشتی ئه‌و كارانه‌مان ده‌كرد…هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا و تا ساڵی 1993 یش جگه له‌و كۆڕانه‌ی بۆ شاعیر و نوسه‌رانی چه‌مچه‌ماڵمان ساز ده‌كرد، چه‌ندین كۆڕمان بۆ شاعیران و نوسه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی چه‌مچه‌ماڵیش ساز كرد، له‌و كه‌سانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی چه‌مچه‌ماڵ كه كۆڕی تایبه‌تمان بۆ ساز كردن: (دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ، زاهیر رۆژبه‌یانی، شێركۆ بێكه‌س، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، عه‌بدوڵا په‌شێو) و هتد…له‌و كه‌سانه‌یش كه كۆڕی هاوبه‌شمان بۆ سازكردن: (حه‌سیب قه‌ره‌داغی، ئه‌بوبه‌كر عه‌لی، دلاوه‌ر قه‌ره‌داخی، ئیسماعیل محه‌مه‌د ئه‌مین، ئاوات ئه‌حمه‌د) و هتد…له‌یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانی ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991ی گهلهكهیشماندا كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان تاكه ده‌زگای راگه‌یاندنی ئه‌و شاره بوو، له بیرمه بڵندگۆیهكمان برده سه‌ر قه‌ڵاكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و بڵندگۆیهكمان له‌سه‌ر قهیسهرییهكهی جه‌لال قه‌ساب دانا و بڵندگۆیهكیشمان له باكوری شاره‌كه‌دا جێگیر كرد، ئیدی جگه له خوێندنه‌وه‌ی شیعر و وتار و لێدانی سروودی پڕ جۆشی كوردایه‌تی، به شه‌و و به ڕۆژ جۆره‌ها ئاگاداریمان بۆ خه‌ڵكی شاره‌كه بڵاو ده‌كرده‌وه…من ئێستا كاتێ بیر له‌و ساڵانه ده‌كه‌مه‌وه ده‌یان و سه‌دان بیره‌وه‌رییم تێدا زیندوو ده‌بنه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م بۆنه‌یه زیاتر بۆ شانۆیه، من به‌و چه‌ند وشه‌یه كۆتایی به نوسینه‌كه‌م دێنم، هیوادارم هاوڕێ شانۆكاره‌كانم ڕونكردنهوهی زیاتر بده‌ن و بیره‌وه‌ری زیاترمان بیر بهێننه‌وه…هه‌ر وه‌ك هیواداریشم ئه‌وان ناوی ئه‌و كه‌سانه ببه‌ن كه ڕۆڵیان له بزوتنه‌وه‌ی شانۆیی شاره‌كه‌دا هه‌بووه، هیوادارم هیچ كام له‌و هاوڕێ شانۆكارانهم له‌وه دڵگران نه‌بن كه من نهم په‌رژاوه ناویان ببه‌م، دڵنیام ئه‌و هاوڕێیانه‌م ده‌زانن ئێمه هاوڕێ و هاوكاری رۆژانێك بووین كه ئه‌و رۆژانه له ئاو پاكتر بوون، جگه له خۆشه‌ویستی و هه‌ستی كوردبوون و كوردایه‌تی و عیشقمان بۆ كاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و ڕوناكبیری، هیچ شتێكی دی له نێوانی ئێمه‌دا نه‌بوو…ئه‌و ڕۆژانه نه‌ك له كاتی خۆیاندا سه‌رچاوه‌ی خۆشه‌ویستی بوون له نێوانی ئێمه‌دا، بۆ ئێستا و بۆ هه‌تا هه‌تاییش هه‌ستی خۆشه‌ویستی له نێوانی ئێمه‌دا به زیندوویی ده‌هێڵنه‌وه.
*ئه‌م نوسینه له ژماره (5599) ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ-دا بڵاوبۆته‌وه.