Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ئایا ده‌توانرێت ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رپا بکرێت له‌ نێوان چینه‌ دژ به‌یه‌که‌کانی کۆمه‌ڵگادا؟

ئایا ده‌توانرێت ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رپا بکرێت له‌ نێوان چینه‌ دژ به‌یه‌که‌کانی کۆمه‌ڵگادا؟

Closed
by October 17, 2011 گشتی

مێژوی تا ئێستای مرۆڤایه‌تی، مێژوی به‌ریه‌که‌وتنی چینه‌ دژ به‌یه‌که‌کانی نێو هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک بووه‌، ده‌رئه‌نجامی خودی ئه‌م ناهاوسه‌نگیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌،‌ هۆکاری سه‌ره‌کی بووه‌ له‌ نێو به‌رپاکردنی جه‌نگه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی تا ئێستای ده‌وڵه‌تانی زلهێز و ده‌وڵه‌تانی ژێر ده‌ستیشیاندا. به‌ واتایه‌کی تر ئه‌وه‌ ئه‌و نایه‌کسانیه‌ ئابوری و سیاسیانه‌یه‌ هه‌رده‌م چینی حاکمی چه‌وسێنه‌ری والێکردوه‌ په‌نا به‌رێته‌ به‌ر هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ  بۆ خاڵی کردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوری و سیاسیه‌ی له‌ ناوخۆی وڵاتدا هه‌یه‌تی، خودی ئه‌و چینه‌ ناڕازیه‌ش که‌ ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن چینی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ به‌ ناچاری ڕاپێچی نێو به‌ره‌کانی جه‌نگ، کردوه‌.
 ده‌کرێت قۆناغه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کان به‌ درێژه‌ی خودی جه‌نگه‌کانیانه‌وه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ بسه‌لمێنن، که‌ هیچ کات نه‌توانراوه‌ ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نێوان ئه‌و دوو چینه‌ سه‌ره‌کیه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگادا هه‌یه بچه‌سپێنرێت. هۆکاری ئه‌م نه‌گونجانه‌ش یان خودی ئه‌و ململانێ چینایه‌تیه‌یه‌ که‌ چینی چه‌وسێنه‌ر و زاڵی حاکم تێیدا هۆکاری سه‌ره‌کی نێو کۆی به‌ریه‌که‌وتن و ناهاوسه‌نگیه‌کانه‌. هیچ کات نه‌بوه‌ له‌ به‌رپاکردنی جه‌نگێکدا مه‌سه‌له‌ نیشتمانی و دیفاع کردن له‌ سه‌روه‌ریه‌کانی نه‌ته‌وه‌ و ئاین نه‌کرابێتنه‌ سیمبولی ده‌ستی حاکمان، تا ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ست و نه‌سته‌ لای زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ڕه‌شوڕوت دروست بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاسانی ملی خۆیان بخه‌نه‌ ژێر ده‌ستی فه‌رمانی حاکمانه‌وه‌ و هه‌نگاو به‌ره‌و به‌ره‌ی جه‌نگ بنێن، به‌ڵام له‌ دواساتدا زۆر به‌ ڕوونی ده‌رکه‌وتوه‌ که‌ هه‌ڵگیرسانی ئه‌و جه‌نگه‌ له‌ قازانجی کامه‌ چینی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بوه‌. بۆیه‌ ڕوه‌ ئابوریه‌که‌ بۆخۆی یه‌کێکه‌ له‌و پایه‌ سه‌ره‌کیانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی  چه‌وسێنه‌ر دێن به‌ ناوی گشتیه‌وه‌ باس له‌ داهاتی کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن و به‌ پێی یاساو ده‌ستوری هه‌ر وڵاتێک که‌ هه‌یه‌، وا نیشان ده‌ده‌رێت که‌ گشت له‌و داهاته‌ به‌شدارن و به‌هره‌مه‌ند ده‌بن تێیدا!!!!!! به‌ڵام ئاخۆ ئه‌و وته‌یه‌ ڕاستی ده‌سه‌لمێنێت؟، یان ته‌نها کۆی ده‌ستور و یاساکان به‌پێی قازانجی سه‌ره‌کی ده‌وڵه‌تانی چه‌وسێنه‌ر نوسراونه‌ته‌وه‌؟ ڕه‌نگه‌ زۆرجار وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌ پله‌ی یه‌که‌می خۆشگوزه‌رانی و به‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانی هاوڵاتی بوون بژمێردرێت،  له‌ چاو باقی وڵاتانی دیکه‌دا. خۆ ڕه‌نگه‌ به‌ چاوێکی سه‌رپێیانه‌وه‌ لێی بڕوانرێت وا ده‌ربکه‌وێت، به‌ڵام کاتێک به‌ وشیاریه‌کی سیاسیانه‌وه‌ لێی وورد ببینه‌وه‌ تێده‌گه‌ین، که‌ له‌م وڵاتانه‌ش چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی له‌و په‌ڕی سنوری خۆیدایه‌، به‌رانبه‌ر ئه‌و کۆ به‌رهه‌مه‌ زه‌به‌لاحه‌ی که‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت له‌لایه‌ن چینی کرێکاره‌وه‌، به‌ به‌راورد له‌ ئه‌و ئاسته‌ له‌ به‌ره‌وپێشچونی زانستی ته‌کنه‌لۆژیا و ئه‌و زانسته‌ ئابوریانه‌ی که‌ خێرای به‌رهه‌م هێنانی له‌ چه‌ند قات له‌ سه‌ده‌کانی ڕابردوو بردۆته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌گه‌ر وا نیشان بدرێت که‌ له‌م وڵاتانه‌دا یانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، ئاستێک له‌ پێکه‌وه‌ ژیانی گشتی ده‌بینرێت و مافه‌کانی هاوڵاتی بوون پارێزراوه‌، به‌ڕای من ئه‌گه‌ر کارێکی واش بوونی هه‌بێت، هێشتا نیوه‌ی زیاتری ئه‌و هاوسنگیه‌ له‌سه‌ر حیسابی ئه‌و سه‌دان ملیۆنه‌ له‌ ئینسانی به‌شخوراوی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و ئاسیا و ئه‌فریکایه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ خودی سه‌رانی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانیاندا، نیوه‌ی زیاتری به‌رهه‌می سروشتی ئه‌و وڵاتانه‌ بۆخۆیان قۆرخ ده‌که‌ن و هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی خۆیان خاوه‌نی ئه‌و وڵاتانه‌ش بن. لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌و خاڵه‌یه‌ که‌ بازاڕی ئازاد و که‌رتی تایبه‌ت به‌ شێوازێکی ته‌واو به‌رنامه‌ داڕێژراوه‌وه‌ خۆی ده‌خزێنێته‌ هه‌ر جێگایه‌ک بۆ وه‌ده‌ستخستنی قازانجی زیاتر، له‌ سه‌ر حسابی چه‌وساندنه‌وه‌یه‌کی زیاتری چینی به‌رهه‌مهێنه‌ری کۆمه‌ڵگاوه‌.
ئاستی ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کانی بزوتنه‌وه‌ کرێکاری و مه‌ده‌نیه‌کان له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی دنیادا تا دێت ڕوو له‌ زیاد بوون ده‌کات، قه‌یرانی ئابوری نیزامی سه‌رمایه‌داریش له‌م سه‌رده‌مه‌دا تا دێت قورستر و تۆخ تر ده‌بێته‌وه‌، بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی بانکه‌کانیان هه‌ر وڵاته‌و خه‌ریکی لێسه‌ندنه‌وه‌ و زیاد کردنی باج و بێکار کردنی سه‌دان هه‌زاریه‌ له‌ چینی کرێکار و نابووت کردنی زۆرێک له‌ کارخانه‌ بچوکه‌کانه‌ که‌ به‌رگه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوریه‌ ناگرن، لێره‌دا ده‌بێت بپرسین بۆچی ده‌بێت خه‌ڵکی کرێکار و زه‌حمه‌تکێش باجده‌ری ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابوریه‌ بێت که‌ ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌دار خۆیان به‌رهه‌م هێنه‌ریه‌تی؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر قه‌رار بێت ، ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی بوونی هه‌بێت بۆ چی ده‌بێت خزمه‌تگوزاریه‌ حه‌یاتی و سه‌ره‌تاییه‌کان که‌مبکرێنه‌وه‌، له‌ کاتێکدا تا دێت به‌ هۆکاری جه‌نگ و به‌کارهێنانی بۆمبی  ژه‌هراویه‌وه‌ ئاستی ژینگه‌ پیس بوون له‌ زیاد بوندایه‌و، به‌و هۆکاره‌شه‌وه‌ نه‌خۆشی و په‌تای جۆراوجۆر له‌ زیاد بوندایه‌، که‌ زۆرترینی ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ش به‌ر چینی زه‌حمه‌تکێشی کۆمه‌ڵگا ده‌که‌وێت؟ ئایا سه‌رانی ئه‌م سیسته‌مه‌ ناڕه‌وایه‌ هیچ کات توشی ده‌ردو نه‌خۆشیه‌ک بوون که‌ پێوه‌ی بتلێنه‌وه‌ وه‌ک هه‌ر خێزانێکی هه‌ژار که‌ ده‌یان ده‌رد و مه‌ینه‌تی ڕوی تێکردوون؟ ئه‌وان له‌سه‌ر حیسابی کامه‌ ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌- بوون به‌ ملیاردێر و خۆیان له‌ به‌هره‌مه‌ندترین شێوه‌ی ژیان جێکردۆته‌وه‌؟ ئاخۆ ته‌رخان کردنی ئه‌و داهاته‌ زه‌به‌لاحه‌ی له‌ (چه‌وساندنه‌وه‌ی چینی کرێکاردا وه‌ده‌ستی ده‌خه‌ن) ساڵانه‌ ده‌درێت به‌ دورستکردنی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ پاراستنی گیانی هه‌وڵاتیان و نیشتمانه‌ یان بۆ پاراستنی سه‌رانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره‌؟  که‌واته‌ ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤ و ئه‌و ده‌زگایانه‌ی به‌ حیساب دیفاع له‌ خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ ده‌که‌ن، بۆخۆیان له‌ وه‌همێک زیاتر هیچی تر نین!.
 
تا ئه‌و ساته‌ی سیسته‌می چینایه‌تی حاکمی یه‌که‌می کۆمه‌ڵگا بێت، نه‌یاساکان مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان وه‌رده‌گرن نه‌ ده‌ستوره‌کانیشیان، له‌به‌ر ئه‌و هۆکاره‌ی، ته‌واوی نادادپه‌روه‌ریه‌کان په‌یوه‌سته‌ به‌ مانه‌وه‌ی چینی قازانج په‌رستی حاکمه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا. خودی ئه‌و سوپا زه‌به‌لاح و ئه‌و ده‌زگا جاسوسی و ئه‌منیانه‌ی هه‌یه‌ هه‌ر هه‌مووی بۆ پاراستنی ئه‌و چینه‌ چه‌وسێنه‌ره‌یه‌ که‌ وه‌ک نه‌خۆشی ژێرپه‌نجه‌ به‌ر بونه‌ته‌ گیانی زۆرینه‌یه‌کی به‌رهه‌مهێنه‌ر له‌ کۆمه‌ڵگادا.
 
ناڕه‌زایه‌تیه‌ سه‌دان هه‌زاریه‌کان له‌ کۆی وڵاتانی دنیادا ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌سه‌لمێنن که‌ پێکه‌وه‌ ژیان و دابین کردنی ئارامی و ئاشتی له‌ کۆمه‌ڵگادا ناتوانێت به‌رهه‌م بهینرێت تا ئه‌و ساته‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینێک به‌سه‌ر چینێکی دیکه‌وه‌ هه‌بێت. ئه‌مه‌ هاوکێشه‌یه‌کی ماتماتیکیانه‌ نیه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ ڕاستیه‌که‌ له‌ ئه‌رزی واقیعدا به‌ خوێن و جه‌سته‌وه‌ هه‌ستی پێده‌کرێت. سه‌رانی سه‌رمایه‌دار هه‌رده‌م باس له‌ دیموکراسی و ئارامی ده‌که‌ن، به‌ڵام کام کات بوه‌ خودی ئه‌و سیسته‌مه‌ به‌ کۆی میدیاکارانی درێژه‌پێده‌ری سیسته‌مه‌که‌یان، بێن له‌ چینی ناڕازی کۆمه‌ڵگا بپرسن؛ بزانن دیمکراسی هه‌یه‌ یان چه‌وساندنه‌وه‌ و ناعه‌داله‌تی؟. کامه‌ کات بوه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان به‌ هێزی پۆلیس و داربه‌ده‌ستانیان خه‌ڵتانی خوێن نه‌کردبێت و ده‌یان که‌سیان ڕاپێچی نێو زیندانه‌کانیان نه‌کردبێت. ئاخۆ دیموکراسی به‌و مانایه‌ دێت؟ یان ئه‌وه‌ خودی دیموکراسیه‌تێکه‌ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی که‌رتی تایبه‌ت و سه‌رانی چه‌وسێنه‌ری ده‌سه‌ڵاتداراندایه‌. ئاخۆ گه‌ر مافی مرۆڤ بوونی هه‌بێت، بۆ ناتوانرێت سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتداری سوریا و یه‌مه‌ن و باقی وڵاتانێکی دیکه‌، ڕاپێچی نێو دادگا ی نێو ده‌وڵه‌تی بکات، له‌ کاتێکدا ڕۆژانه‌ ده‌یان که‌سی ناڕازی ده‌کوژن و سه‌دان ئینسانی دیکه‌ش ڕاپێچی نیو زیندانه‌ تاریکه‌کان ده‌کرێن؟  ئه‌گه‌ر مافی هاوڵاتی بوون ئاوا بێت، که‌وایه‌ مافی مرۆڤیش درۆیه‌کی گه‌وریه‌ له‌م زه‌مه‌نی چه‌وساندنه‌وه‌ چینایه‌تیانه‌دا؟
ئه‌م سه‌ده‌یه‌ پێده‌چێت ئاستی به‌رپاکردنی خه‌باتی چینایه‌تی له‌هه‌ر کام له‌سه‌ده‌کانی ڕابردوو زیاتر ده‌رکه‌وێت و بێته‌وه‌ مه‌یدان، به‌هۆکارێک، ئه‌ویش ده‌رئه‌نجامی ئه‌و به‌ره‌و پێشچونه‌ زه‌به‌لاحه‌ی زانستی ته‌کنه‌لۆژیایه‌ که‌ له‌ ژێر ده‌ستی چینی سه‌رمایه‌داردایه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشوه‌چونه‌ مه‌زنه‌ له‌ خزمه‌ت کۆی مرۆڤه‌کاندا بێت، ئه‌وکات زۆر به‌ئاسانی و به‌ گه‌شبینیه‌وه‌ ژیانی کۆمه‌ڵگا هه‌نگاوی زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌نێت. له‌ بارودۆخێکی وه‌ک ئه‌م سه‌رده‌مه‌دایه‌ که‌ قه‌یرانی ئابوری هه‌رچی زیاتر قورسایه‌که‌ی شکاوه‌ته‌ به‌سه‌ر چینی کرێکار و ئینسانی به‌رهه‌مهێنه‌ری کۆمه‌ڵگادا. خودی سیاسه‌تێک که‌ سه‌رانی بۆرژوازی په‌یڕه‌وی لێده‌که‌ن، ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که‌ پێکه‌وه‌ ژیانی دوو چینی دژ به‌یه‌ک له‌ کۆمه‌ڵگادا یانی به‌و مانایه‌ی ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رقه‌رار کات، له‌ درۆیه‌کی مه‌زن به‌ولاوه‌ هیچی تر نیه‌، به‌ڵکو، ئه‌و به‌مانا پێکه‌وه‌ ژیانه‌ش که‌ هه‌یه‌، بۆخۆی له‌ ژێر چه‌پۆکی ترس و داپلۆسین و چه‌وساندنه‌وه‌ی توندایه‌. ئه‌گه‌ر نا پێکه‌وه‌ ژیان کاتێک ده‌توانرێت وه‌دی بهێنرێت که‌ خودی ئه‌و دوو چینه‌ یان خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی، له‌ کۆمه‌ڵگادا نه‌مابێت، ئه‌و کات ده‌توانرێت ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی بڕه‌خسێنرێت. ئاخۆ کارێکی وا ده‌کرێت له‌ ڕووی عه‌مه‌لیه‌وه‌ جێبه‌جێ بکرێت یان ته‌نها وه‌ک تیۆریه‌ک ده‌توانرێت بوونی هه‌بێت؟
 بۆ نابێت یان بۆ ده‌بێت؟
 کاتێک ده‌توانین بڵێین کارێکی وا مه‌حاڵه‌ و ته‌نها له‌ دووتوێی په‌رتوکه‌کاندا ده‌توانێت بوونی هه‌بێت، که‌ ئه‌و چینه‌ی له‌ کۆمه‌ڵگا ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌ قبوڵی ئه‌م ژیانه‌ ده‌ردی سه‌ری و هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌ره‌و نادیارێک هه‌ڵده‌درێت، بکات. ئه‌و کاتیش بێگومانم له‌ وه‌ی چینی چه‌وسێنه‌ر له‌ کۆمه‌ڵگادا له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ چینایه‌تیه‌کانی خۆیاندا، ژیان و گوزه‌رانی زۆرینه‌ به‌ره‌و به‌ربه‌ریه‌ت و دڕندایه‌تی ده‌بات، هه‌روه‌ک ئه‌و مێژوه‌ ڕابردوه‌ی تا ئیستا بینراوه‌. ده‌توانین بڵێین ده‌بێت، به‌و مانایه‌ی ئه‌و واقعیه‌ته‌ی هه‌یه‌ نه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ دوو توێی په‌رتوکه‌کاندا نوسراوه‌ و باس له‌ ژیانێکی یه‌کسان و گونجاو ده‌کات بۆ هه‌موو لایه‌ک، خودی ئه‌رزی واقع ئه‌و بواره‌ ده‌دات له‌ ڕێگای خه‌باتی چینایه‌تیه‌وه‌ دژی چینی ده‌سه‌ڵاتداری کۆمه‌ڵگا، شۆڕشی یه‌کجاری کۆمه‌ڵه‌یه‌تی به‌رپا بکرێت و ته‌واوی ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی وه‌ده‌ستی هێناوه‌ و ئێستا قۆرخ کراوه‌ له‌ ده‌ستی چینێکدا، بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگا و گشت تێیدا به‌هره‌مه‌ند بن. هه‌ر له‌وێدایه‌ ده‌توانرێت ژیانی پێکه‌وه‌ ژیان و ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی دابین بکرێت، نه‌ک له‌ نێو سیسته‌مێکدا ژیان به‌ره‌و به‌ربه‌ریه‌ت ده‌بات!!!!!!!!!!!

تاهیر حاجی حه‌سه‌ن

17/10/2011
فه‌رموون سه‌یری ئه‌م لینکانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ن، بۆ زیاتر خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کۆ ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی له‌ زۆرینه‌ی وڵاتانی دنیادا هه‌یه‌ دژی سیاسه‌تی ئه‌م سیسته‌مه‌ ناڕه‌وایه‌ی نیزامی سه‌رمایه‌داری به‌رپای کردوه‌ دژی چینی به‌رهه‌م هێنه‌ری کۆمه‌ڵگا.
http://www.aljazeera.net/NR/exeres/5CC87F29-C0DC-4A64-81E8-849EC844CFC5.htm?GoogleStatID=20
http://www.daralhayat.com/portalarticlendah/318907
http://www.knwe.org/DirejeHewal.aspx?Jimare=7900&Cor=1&Besh=Hewal

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.