Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
بەهاری عەرەبی لە میسر چووە زستانێکی سەختەوە

بەهاری عەرەبی لە میسر چووە زستانێکی سەختەوە

Closed
by October 29, 2011 گشتی

زۆرێک پێیان وابوو  لابردنی ئەو ڕژێمە خۆسەپێنە ئۆتۆکراتییەی موبارەک و بڵاوبونەوەی شۆڕشەکەی میسر بۆ وڵاتانی تری دورگەی عەرەبی، تێکڕا نیشانە بوون بۆ داهاتویەکی سیاسی گەشتر، بەرفراوانی گۆڕەپانی دیموکراتی و ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ بنیاتنانی بناغەیەکی ئاشتەوانی بۆ پێکەوەژیان لە خۆرهەڵاتی ناویندا، هەر هیچ نەبێت لە میسر کە ناڕەزایەتییەکان شێوەی شۆڕشێکی جەماوەری بەرفراوانیان گرت و سومبولێکی بەهێزتریان دەنواند لەوەی تونس.  وەلێ کوشتن و بڕينی مەسیحییە قبتێکان  یەکشەمەی ڕابردوو بە دەستی هێزە سەربازییەکان ، دەریانخست کە هەلومەرجەکان لە میسر هەموو شتێکن جگە لە گۆڕانکاری دەوڵەت و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بۆ سیستەمێکی دیموکراتی.
  یەکشەمەی ڕابردوو مەسیحییە قبتێکان خۆپیشاندانێکیان سازدا، کە لە ڕێیەوە ویستیان ئاشتیانە ترسی خۆیان دەرببڕن لەو وەلاخستن و هێرشانەی لەلایەن ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە دەکرێتە سەریان، بەتایبەتی لە کاتێکدا کڵێساکانیان کەوتونەتە بەر هێرش و پەلاماری ئەو توندڕەوانە ، لە بەرامبەردا، هێزە سەربازییەکانی ئێستای میسر و پۆلیس بە هەمان چەشنی ڕژێمی پێشوو پەلاماری خۆپیشاندەرانیاندا و وەڵامێکی خوێناویان دانەوە.
هەندێک لە میدیاکان ئێستاش زۆر گەشبینانە هەلومەرجەکان ناودەنێن “بەهاری عەرەبی” ، ئەو شێوە دەربڕین و بەراوردە حەماسییە  بە “بەهاری پراگ” ی ساڵی ١٩٦٨ی چیکۆسلۆڤاکیای جاران، لەڕاستیدا وای کرد ئاسان نەبێت هەلومەرجەکان بێلایەنانە شیبکەینەوە، وای کرد کە نەزانین نزیکەی هەشت مانگ دوای شۆڕشەکە ، ئەمڕۆ ئەو  وەرزی “بەهارەی” پڕ بوو لە گوڵاڵە سوورە و یاخیبوون لە میسر، پێی خستۆتە زستانێکی سەختی پڕ لە ناڕەزایەتیەوە.
وێنەکان تاڕادەیەک سەرسامیان بەدوادا دێت،  گرتە ڤیدۆیەکانی ئەو تانک و زرێپۆشانەی هەفەتەی ڕابردوو دوای خۆپیشاندەران دەکەوتن و بڵاوەیان پێدەکردن ، تەقاندنی ڕومانەی دوکەڵاوی بە ڕووی کۆمەڵێک گەنج کە ئاڵای میسریان دەشەکاندەوە لەگەڵ جاسوسەکانی حکومەتە سەربازییە کاتییەکەی میسری ئێستا،  کە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە ڕێیان پێدەدرا لە خۆپیشاندەران بدەن، تەنها توندوتیژیەکانی ڕۆژانی شۆرشی شوباتی  ئەمساڵی میسرمان بیردەهێننەوە ، کە خۆپیشاندەران ئازایانە بەرگری توندوتیژی هێزە ئەمنیەکانیانیان دەکردو، دەرەنجام دوای ئەوەی ٣٠ ساڵ بە دەستێکی ئاسانین حکومی خۆی بەسەر میسریەکاندا سەپاندبوو، حوسنی موبارەکیان خستە زڵبدانی مێژووەوە.
 توندوتیژیەکانی ئەم هێزە سەربازییە خۆسەپێنەش کە هەڵنەبژێردراوە و  ئێستا حکومی میسر دەکات، وەک ڕژێمەکەی پێشوو دژی دیموکراتییە و خوازستێتی بە زەبر هەموو ئەو قەوارانە تێکبشکێنێت کە لە بەردەم حکومی سەربازی سەپێنراوی ئەودا بەرگری دەکەن، یان وەک قبتێکان بیانەوێت ئاشتیانە ناڕەزایەتی دەرببڕن.
لە شۆڕشەکەیاندا، میسرییەکان دەنگی خۆیان یەکخست بۆ پێشوەچوون بەرەو دیموکراسی، بەڵام ئەمە مەحاڵە لە کاتێکدا دەسەڵاتی سەربازی لەو وڵاتە کۆمەڵانی خەڵک لەسەر هێڵی ئاینی دابەش دەکات. فرەیی  و تێکەڵبوونی هەموو کایە و قەوارە جیاوازەکان دڵی دیموکراسی مۆدێرنە، فرە- کلتووری  گەورەترین لایەنی ئەرێنی کۆمەڵگە نوێخوازەکانە کە دەستپێشخەری دەکات بۆ چەسپاندنی نرخە کۆمەڵایەتیەکانی وەک ڕێز و یەکسانی و قبوڵکردنی یەکتر بە جیاوازییەکانەوە. ئەمانە درووستکەری کەشێکن کە بەردەوامی دەدەن بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی زیندو ،  پێشکەوتووخواز و یارمەتیدەر. وەلێ کاتێک تەماشای ئەو پەلامارە تائیفیە ئاینییە دەکەین بۆ سەر خۆپیشاندەرە مەسیحییە قبتێکان لەلایەن دەسەڵاتە سەربازییە کاتییەکی میسرەوە ، ڕاستەوخۆ تێدەگەین ئەو دەسەڵاتە خۆی وەک فەرمانڕەوای گەلێکی  بە تەنها ئاین ئیسلام دەبینێت، هەروەکو چۆن ڕژێمەکانی پێشووی میسر خۆیان پێناسە دەکرد، بە ڕژێمەکەی موبارەکەوە کە ئەمساڵ لە سەر حوکم لابرا.
لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەنوەر ساداتی سەرۆکی سێهەمی کۆماری میسر،  بۆ ئەوەی پاڵپشتی خەڵک بۆ ئیخوان موسلمین و چەند ڕێکخراوێکی تری پۆپۆلیستی ئیسلامی لاواز بکات، پروپاگاندەی ئەوەی دەکرد کە ئەو “سەرۆکێکی موسڵمانی گەلێکی موسوڵمانە” ، سادات ئەمەی دەگوت و لە هەمانکاتتدا یەکەم سەرۆکی عەرەب بوو بەتەواوەتی و بە فەرمی دەوڵەتی ئیسرائیلی قبوڵکرد، کە سادات تیرۆر کرا لە ساڵی ١٩٨١ و موبارەک هاتە سەر حکوم، ڕژێمەکەی موبارەکیش هەمان یاسای بەرامبەر بە کەمینەکان پیادەکردەوە، ئەمەش لە هەموان زیاتر کاریگەری بەسەر مەسیحییە قبتێکانەوە هەبوو وەک گەورەترین کەمینە لە و وڵاتەدا و زۆرترین قەوارەی مەسیحی لە خۆرهەڵاتی ناویندا.
لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ڕۆمەکاندا و لە پێش هاتنی ئاینی ئیسلام بۆ ناوچەکە ، مەسیحییە قبتێکان زۆرینەی دانیشتوانی میسریان پێکدەهێنا . ئێستا نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ ملیۆنن لە میسر و نزیکەی لە سەدا ١٠%  ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن. هەندێک پێیان وایە کە میسری “ڕەسەن” ئەوانن یان عەرەبن، بەڵام ئەمە دەکەوێتەوە سەر بۆچوونە سیاسیە جیاوازەکان، وەلێ ئەوەی گرنگە  ئەوەیە قبتێکان گەروەترین  میللەتی کەمینەن لە میسری ئەمڕۆدا و گەروەترین کەمینەن لە ناوچەکەدا، کە هەموو فەرمانڕەواکانی میسر پشتگوێیانخستوون. 
تێکڕای ئەو هۆکارانە وایان کرد لە سەروبەندی شۆڕشدا قبتێکان  پاڵپشتی خۆیان بە شکەوە بۆ شۆڕشەکەی شوباتی ئەمساڵ دووپات بکەنەوە، خۆپیشاندەرانی شۆرشیش بۆ ئەوەی بتوانن پاڵپشتی هەموولایەک بەدەستبهێنن، داوای بنبڕکردنی هەموو چەوساندنەوەیەکان دەکرد، مەسیحیە قبتێکانیش ئەمەیان وەک ئەڵتەرناتیڤێک دەبینی، بۆیە چونە “گۆڕەپانی ئازادی” لە قاهیرە و لەتەک موسوڵمانەکاندا دەنگیان یەکست بۆ گۆڕینی دەسەڵات.
ڕۆژانی سەرەتای شۆرش بەڵێنی فرەییان پێوە دیاربوو، بۆ نموونە ڕۆژانی هەینی کە موسوڵمانەکان نوێژیان دەکرد مەسیحیەکان دەوری گۆڕەپانەکەیان دەگرت و  خواردنیان بۆ دەهێنان و بەرگریان لێدەکردن تا نوێژی هەینی تەواو دەبوو، بەهەمان شێوە کاتێک مەسیحیەکان نوێژی بەکۆمەڵیان دەکرد موسوڵمانەکان بەرگریان لێدەکردن و بە چواردەوری گۆڕەپانەکەدا دەسوڕانەوە و چاودێریان دەکردن، بەڵام ئێستا لە سەر دەستی جەنڕاڵەکان کە دەسەڵاتی کاتییان بەدەستەوەیە  ئەو ڕۆژانەی شۆڕش خەریکە دەچنە قۆناغێکی ترسناک و تاریکی دابەشبوونی ئیمانی و تائیفیەوە، بێگومان لە سەر دەستی هەمان ئەو جەنڕاڵانەی دوێنێ کە موبارەک و ڕژێمەکەیان بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ پاراست. ئەو پەلامارە خوێناویەی یەکشەنەی ڕابردووش بۆ سەر مەسیحیە قبتێکان، ئەو ڕاستیەی دووپاتکردەوە، کە ئەم شۆڕشە لە میسر تەواونەبووە و  ئێستا  خەباتی میسرییەکان بۆ دیموکراسی لە نێوان باڵانسی دوو هێزی سەرەکیدایە: ئەوانەی کە قوربانیاندا و خوازیاربوون دیموکراتیەکی فرەیی و بنەڕەتی لە ژێرەوە بنیاتبنێن و ئێستاش هەر لە گۆڕەپانی ئازادیدان   و بەردەوامن لە قوربانیدان، وە ئەو هێزە کۆنەپارێزە دواکەوتانەی ڕژێمی پێشوو کە دەسەڵاتی سیاسی کاتییان بەدەستەوەیە و خوازیاری دووبارە درووستکردن  و ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکن، کە تەنها ترس و تۆقاندن و تیرۆر دسەپێنێت، هاوشێوەی ڕژێمەکەی پێشوو.


ڕۆژ ئەحمەد

لە ژمارە ١٨٣ هەفتەنامەی (رووداو) دا بڵاوبۆتەوە
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.