Skip to Content

Wednesday, August 10th, 2022

بارزانی و نوێکردنه‌وه‌ی متمانه‌ی تورکیا

Closed
by October 29, 2011 گشتی

به‌پێی هه‌واڵه‌کان گه‌ریلاکانی پارتی کریکارانی کوردستان له‌ چاڵاکیه‌کدا 24 سه‌ربازی تورکیان له‌ هێرشێکدا کوشت و ژماره‌یه‌کی زۆریشیان بریندرار کردووه‌. ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ و ئه‌نجامه‌که‌ی رووداوێکی ئاسایین که‌ له‌و جۆره‌ شه‌ڕانه‌دا دێنه‌دی. کوشتنی ئه‌و سه‌ربازانه‌ کارێکی تیرۆریستی نییه‌، به‌ڵکو ئامانجێکی سه‌ربازی ره‌وای لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ی شه‌ڕه‌. کوشتنی ئه‌و سه‌ربازانه‌ لای شۆڕشگێڕه‌ کورده‌کان وه‌کو داستانێکی گه‌وره‌ سه‌یری ده‌کرێت. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و ساتانه‌ی تورکیا شۆڕشگێره‌ کورده‌کان ده‌کوژێ له‌ ئاهه‌نگگێران دایه‌. ئه‌و کاردانه‌وانه‌ نائاسایی نین. تا ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌نجامی له‌و شێوه‌یه‌ش دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌.
تورکیا شۆرشگێڕه‌ کورده‌کان وه‌کو تیرۆریست سه‌یر ده‌کات و ئاماده‌ نییه‌ دانوستانیان له‌گه‌ڵدا بکات. تورکیا ئاماده‌ نییه‌ به‌کرده‌وه‌ دان به‌ بوونی کێشه‌ی کورد له‌ تورکیادا بنێت و دایه‌لۆگ له‌گه‌ڵ کورده‌کان له‌سه‌ر چاره‌سه‌ر  له‌ رێگه‌یه‌کی دیموکراسیانه‌دا بکات. پ.ک.ک چه‌ندینجار یه‌کلایه‌نه‌ شه‌ڕی راگرتووه‌ یا به‌رێگه‌ی دیکه‌ له‌ تورکیا چۆته‌ پێش و داوای چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی کێشه‌ی کوردی کردووه‌، به‌ڵام تورکیا هه‌رگیز ئاماده‌ نه‌بووه‌ ولامی ئه‌و داوایانه‌ بداته‌وه‌ و گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌یه‌ بکات. رژێمی تورکیا له‌ دوای دروستبوونیه‌وه‌ و به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م نکۆلی له‌ بوونی کورد له‌ تورکیا کرد و هه‌وڵی پاکتاوی کوردی له‌رێگه‌ی تاوانی جۆراوجۆره‌وه‌ دا. به‌ درندانه‌ترین شێوه ماوه‌ی 37 ساله‌ چیاکانی کوردستان بۆمباران ده‌کات و ده‌سوتێنێت، تائێستا ئه‌نجامی شه‌ڕه‌که‌ کوژرانی ده‌یان هه‌زار که‌سه‌ له‌ نێویاندا ژماره‌ی خه‌ڵکی سڤیل و بێبه‌رگری که‌ زۆربه‌یان به‌ده‌ستی هێزه‌کانی تورکیا کوژراون زۆرن، به‌هه‌زاران گوند سوتێندراون و له‌گه‌ڵ خاکدا ته‌ختکراون، زیاتر له‌ ملیۆنێک که‌س گونده‌کانیان جێهێشتووه‌ و ده‌ربه‌ده‌ری شاره‌کان بووین. زیانه‌ ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان که‌ به‌ خه‌ڵکه‌که‌ که‌وتوون زۆرن. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ هێرش و ده‌ستدرێژی هێزه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر باشوری کوردستانی ‌بنده‌ستی ئێراق، که‌ زیانی گیانی و ماددی به‌ خه‌ڵک و ناوچه‌که‌ گه‌یاندووه‌. فرۆکه‌ جه‌نگیه‌کانی تورکیا ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر خێزانێکی گوندنشینی بێتاوانی 7 که‌سی له‌ ترومبێکه‌که‌یاندا سوتاند و پارچه‌پارچه‌ی ‌کردن.
کوژرانی سه‌ربازه‌ تورکه‌کان له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی ڕابردوودا تورکیای زۆر نیگه‌ران کردووه‌، تورکیا له‌ پرسه‌ دایه‌ و به‌و باره‌ زۆر نیگه‌رانه‌. تورکیا کاردانه‌وه‌ی خێرای نواند، ده‌ستی به‌ بۆردوومان و هێرش بۆسه‌ر چیاکانی کوردستان کردووه‌. دوای هێرشه‌که‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌په‌له‌ نێچیره‌وان بارزانی (که‌ هیچ پۆستێکی حکومی نییه‌) ناردۆته‌ ئه‌نقه‌ره‌، بۆ دڵنیاکردنه‌وه‌ی تورکیا له‌ پشتگیری و هاوکاری خۆیان له کێشه‌که‌دا. له‌ چاوپێکه‌وتنێکی رۆژنامه‌وانیدا نێچیره‌وان بارزانی گوتی:”هاوبه‌شن له‌گه‌ڵ نیگه‌رانی گه‌لی تورکیا و حکومه‌تی تورکیا… زۆربه‌تووندی ئه‌و کاره‌ مه‌حکوم ده‌که‌ن… سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به‌ ئۆردۆگان کردووه‌ و په‌رۆشی خۆی ده‌ربڕیووه‌… سه‌ره‌خۆشی له‌ خێزانی سه‌ربازه‌کان ده‌که‌ین… ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌کورد نه‌ تورک دایه‌‌… نابێ ئه‌و کرده‌وانه‌ نیوانی گه‌لی تورک و کورد تێک بده‌ن… به‌ تورکیامان گوتووه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ین… باسی هه‌موو رێگه‌ و هه‌وڵێکی هاوبه‌شمان کردووه‌ و له‌هه‌موو روویه‌که‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بین… ده‌ستوری ئێراق قبوڵی ئه‌وه‌ ناکات که‌ خاکی ئێراق بۆ ئه‌و کارانه‌ به‌کار بێت… تورکیا یارمه‌تی ئێمه‌ی زۆر داوه‌… تورکیا له‌ کاتی ته‌نگانه‌دا یارمه‌تی گه‌لی کوردستانی داوه‌… سه‌رۆکی تورکیا هه‌نگاوی بوێرانه‌ی دیموکراسیانه‌ی ناوه‌، با کورده‌کان له‌م رێگه‌یه‌وه‌ سوود له‌م هه‌نگاوانه‌ ببینن”. ئه‌وه‌ کورته‌ی ئه‌و گوتنه‌یه‌ که‌ نێچیره‌وان بارزانی کردی. ورده‌کاری رێکه‌وتنه‌که‌ چی بووه‌، به‌وردی چی گوتراوه‌ و له‌سه‌رچی رێککه‌وتوون، ئه‌وه‌ هه‌ر خۆیان ده‌یزانن، ئه‌وه‌ نهێنییه‌ و وه‌کو رێکه‌وتن و بڕیاره‌کانی پێشووی نێوان بارزانی و تورکیا وادیاره‌ به‌نهێنی ده‌مێننه‌وه‌.
سه‌یری ئه‌و لینکه‌ بکه‌ن:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=8aedb87c
له‌دوای ئه‌و رووداوه‌ به‌هۆی رووداوێکی سروشتیه‌وه‌ زه‌وی له‌رزه‌ ناوچه‌ی وانی باکوری کوردستانی گرته‌وه‌ که‌ زیانێکی مادی زۆری گه‌یاندووه‌ و به‌سه‌دان که‌س بوونه‌ته‌ قوربانی کاره‌ساته‌که‌. تورکیا له‌ چه‌ند رۆژی یه‌که‌می دوای کاره‌ساته‌که‌ هه‌موو هاوکاری و یارمه‌تیه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ره‌تکرده‌وه‌، دوای پێنج رۆژ ئه‌وجا رێگه‌ی هاتنی یارمه‌تیه‌کانیدا!؟ له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌کرا به‌هۆی هاوکاری و یارمه‌تی ده‌ره‌کی ژیانی زۆر له‌ قوربانیان رزگار بکرێت، وادیاره‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش مه‌به‌ستی تورکیا بوو که‌ ئه‌وه‌ نه‌کرێت. تورکیا بێبه‌به‌زیاننه‌ و به‌ رقه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ ده‌روانێت،‌ ئه‌وه‌ جۆره‌ سزایه‌ک بوو به‌سه‌ریدا سه‌پاندن. له‌لایه‌کیتر خه‌ریکی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازییه‌ و دڕندانه‌ هێرشی بۆسه‌ر چیاکانی کوردستان ده‌ستپێکردووه‌، نایه‌وێت پیشێلکاریه‌کانی بکه‌ویته‌ به‌رچاوی ژۆرنالیست و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ رێکخراوه‌ خێرخوازه‌کانی ده‌ره‌وه‌. ئه‌گینا بۆ ده‌ستی هاوکاری ده‌ره‌وه‌ له‌کاتی روودانی کاره‌ساتێکی ئه‌وهادا ره‌تده‌کاته‌وه‌، ئه‌و کاره‌ی تورکیا‌ هیچ پاساویکی بۆ نییه‌. ئه‌و کرداره‌‌ له‌ راستیدا جۆرێکی تیرۆری ستاته‌ دژی ئه‌و خه‌ڵکه‌ قوربانییه‌ تورکیا ئه‌نجامیدا. ئازاری خه‌ڵکی بێتاوان ده‌دات تاکو به‌ مه‌به‌ستێکی دیکه‌ی بگات. له‌لایه‌کیتر تورکه‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌کان له‌ که‌ناڵه‌ ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانیاندا ئه‌و رووداوه‌ به‌ تۆڵه‌ و غه‌زه‌بی خودا بۆسه‌ر کوردان لێکده‌ده‌نه‌وه‌ و هیوا ده‌خوازن ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش وایان به‌سه‌ر بێت! وه‌کو دیاره‌ زۆر کوێرانه‌ ده‌ڕوانه‌ بابه‌ته‌که‌ و هیچ لێکدانه‌وه‌یه‌کی هۆشمه‌ندانه‌ له‌ گوتنه‌کانی ئه‌وانه‌ جگه‌ له‌ ره‌گه‌زپه‌رستی و راسیسزم به‌دی ناکرێت. دیاره‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ سروشتییه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ پۆلیتیک یا کورد و تورکه‌وه‌ نییه‌. هه‌رچۆنیبێ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ دژی تێگه‌یشتنه‌ له‌  کێشه‌ی کورد و تورک، وه‌ باره‌که‌ به‌ره‌و خراپی ده‌بات. ئه‌و گوتنه‌ گشتیانه‌‌ له‌ سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌م، له‌ تورکیای دیموکراسی و ئاشتی ئۆردۆگاندا روو ده‌ده‌ن، ئه‌و ئۆردۆگانه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا سیسته‌می وڵاته‌که‌ی به‌نمونه‌ دینێته‌وه‌ و ده‌یه‌وی بیکه‌نه‌ مۆدێل! سه‌یری ئه‌و لینکه‌ بکه‌ن:
http://tr-tr.facebook.com/video/video.php?v=10150367712002500
ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر چوون و لێدوانه‌که‌ی بارزانی هه‌روه‌سته‌یه‌کی که‌م بکه‌م. نێچیره‌وان وه‌کو نوێنه‌ری سه‌رۆکی هه‌رێم چۆته‌ تورکیا و له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا کۆبۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پیاوه‌ هیچ پۆستێکی حکومی نییه‌، به‌ڵکو ته‌نها برازای مه‌سعود بارزانییه‌. ئایا په‌یوه‌ندی نێوان دوو ولات له‌نیوان بنه‌ماڵه‌ ده‌کرێت یا له‌ نێوان دوو ده‌زگای ستات؟ بۆ که‌سێکی سه‌ر به‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ نه‌بوو، وه‌زیرێکی په‌یوه‌ستدار به‌ بابه‌ته‌که‌ یا سه‌رۆکی حکومه‌ت نه‌چوو بۆ تورکیا؟ ئه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی کردوویه‌تی پێشێلکردنی پره‌نسیپه‌ ستاتیه‌کانه‌ و زاڵکردنی به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماله‌ و پارته‌‌ به‌سه‌ر ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ ستاتیه‌کاندا. ئه‌وه‌ به‌هیچ نه‌زانینی‌ حکومه‌تی هه‌رێمه‌‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردن و کانوندانانه‌وه‌. ده‌رخستنه‌وه‌ی ئه‌و راستیه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌لاتی به‌ڕێوه‌بردن و کانوندانان له‌ژێرده‌ستی بنه‌ماله‌ی ده‌سه‌ڵاتدار دان، هه‌روه‌کو بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و راستیه‌یه‌ که‌ ئه‌وان وه‌کو بنه‌ماڵه‌ و پارت له‌ زووه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا‌ رێککه‌وتوون، ئه‌و رێکه‌وتنه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماکانی پیشوو‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. دیاره‌ کاتێ نێچیر بارزانی ده‌ڵێ تورکیا له‌ کاتی ته‌نگانه‌دا یارمه‌تی گه‌لی کوردی داوه‌، ده‌بێ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بێ که‌ تورکیا یارمه‌تی بنه‌ماڵه‌که‌ی ئه‌و و پارته‌که‌ی ئه‌ویان داوه‌ که‌ له‌ 1994دا له‌مه‌ترسی شکان و له‌ناوچوون له‌ کاتی شه‌ری براکوژیدا رزگاریکردن. ئه‌گه‌رنا تورکیا یارمه‌تی چی کوردی داوه‌، تورکیا ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌یخوازێ هیچ هه‌نگاوێک نانێت.
هه‌روه‌ها گونجاوه‌ بپرسین بۆ وه‌کو پێشوو که‌ هێرشه‌کانی تورکیا ترسی له‌سه‌ر دروستکردن پارله‌مان و سه‌رۆک نه‌یانگوت داوا له‌ ئێراق ده‌که‌ین ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکات؟ به‌لام ئه‌وجاره‌ زیان به‌ تورک که‌وتووه‌ و قوربانیه‌کان خه‌ڵکی سڤیلی کورد نین، به‌ڵکو سه‌ربازی تورکن! ئه‌وجاره‌ سه‌رۆک یه‌کسه‌ر وه‌کو سه‌رۆک هۆزێک برازاکه‌ی خۆی نارده‌ تورکیا و ئاوریشی له‌ ئێراق و به‌غدا نه‌دایه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌یانه‌وێ کارێک سه‌ربگرێت یا ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وا بریاره‌که‌ ده‌ده‌نه‌ ده‌ست پارله‌مان و داوا له‌ ئێراق ده‌که‌ن کارێک بکات! به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌ترسی گه‌رم له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان هه‌بوو، ئه‌وه‌ له‌پێستی مه‌ڕ ده‌رده‌چن و وه‌کو خۆیان ده‌رده‌که‌ون، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان سنوری ده‌سه‌ڵاتی به‌رێوه‌بردنی هه‌رێم ده‌به‌زێنن، هه‌روه‌ها سنوری ده‌سه‌لاتی فیدرالی ده‌به‌زێنن و له‌ئاستی په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتێکی دیکه‌دا گفتوگۆ ده‌که‌ن و رێکه‌وتن ده‌که‌ن. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ ده‌کرێ وه‌کو پێشێلکردنی سنوری ده‌سه‌لاتی ناوه‌ند دابندرێت، به‌لام به‌غدا بێده‌نگه‌. هه‌نگاوه‌که‌ دژی پ.ک.ک یه‌ و له‌گه‌ڵ پۆلیتیکی به‌غدا ته‌بایه، دیاره‌ له‌ئه‌گه‌ری ته‌باییدا ره‌وایه‌ پره‌نسیپه‌کان پێشێلکرێن‌! ئایا ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا له‌وه‌ بێنده‌نگ ده‌بوون ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتێکی دیکه‌ دژی چاڵاکی شۆڕشگێرانی عه‌ره‌ب هه‌لوێستی پیشاندابایه‌ و رێکه‌وتنی بکردبایه‌؟  
نێچیره‌وان بارزانی به‌ناوی گه‌لی کورد ده‌دوێت، که‌سێک که‌ هیچ پۆستێکی حکومی نییه‌ ناتوانێ خۆی وه‌کو نوینه‌ری کورد دابنێت یا له‌و روانگه‌یه‌وه‌ گوتن بکات. ئه‌گه‌ر به‌راستی ئه‌و په‌رۆشی په‌یوه‌ندی نیوان گه‌لی کورد و گه‌لی تورکه‌ ده‌بوایه‌ بێلایه‌نانه‌ گوتن بکات، نه‌ک پشتگیری و ملکه‌چی خۆی بۆ تورکیا رابگه‌یه‌نێت. ئایا به‌رده‌وامی تورکیا له‌ چاره‌سه‌ری میلیتاریانه‌ و ره‌تکردنه‌وه‌ی دایه‌لۆگ کورد و تورک بۆ هه‌واری ئاشتی و ئارامی ده‌بات؟
جگه‌له‌وه‌ واپێناچێ ئه‌و چوونه‌ له‌ پرۆسه‌یه‌کی کراوه‌دا و به‌ئاگاداری حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجام درابێت، ئه‌گه‌ر بێپرسی حکومه‌ت کرابێت، که‌واته‌ حکومه‌ت بۆ ده‌نگی نییه‌ و روونکردنه‌وه‌ نادات. ئه‌گه‌ر حکومه‌ت ئاگاداره‌، حکومه‌ت له‌سه‌ریه‌تی روونکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر چوونه‌که‌ و ئه‌و هه‌لوێسته‌ بدات. چۆن ده‌کرێ له‌ حکومه‌تێکدا که‌ خۆی به‌دیموکراسی ده‌زانێت، کاری ئه‌وها هه‌روا ئاسان تێپه‌ربێت و حکومه‌ت نوقه‌ نه‌کات. ئه‌دی پارله‌مان له‌کوێیه‌؟ بۆ ناپرسن ئه‌ چوونه‌ بۆ و ئه‌و هه‌لوێسته‌ بۆچی؟ به‌داخه‌وه‌ ئه‌و رووداوه‌ بیرختسنه‌وه‌ی ئه‌و راستیه‌یه‌ که‌ نه‌ حکومه‌تی دیموکراسی و نه‌ پرۆسه‌ دیموکراسیه‌ ستاتیه‌کان له‌ کوردستاندا بوونیان نییه‌. بێده‌نگی له‌وباره‌دا واتای ره‌زامه‌ندی ده‌گه‌یه‌ننێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵوێستی خه‌ڵکی کوردستان نییه‌.
له‌راستیدا ئه‌و ڕووداوه‌ بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و فاکته‌یه‌ که‌ نایه‌کگرتوویی، دووبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌ ده‌سه‌ڵاتدا وه‌کو پیشوو به‌رده‌وامه‌ و هه‌رلایه‌ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خێزانی ده‌سه‌لاتدار و پارت به‌بێ گوێدانه‌ حکومه‌ت یا به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌کانی کوردستان هه‌نگاو ده‌نێت. به‌مجۆره‌ نێچیره‌وان بارزانی وه‌کو نوینه‌ری بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی له‌ژێر ناوی نوێنه‌ری سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌وڵی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌لاتدار‌ و پارت ده‌دات. به‌و واتایه‌ ئه‌و کرداره‌ خراپبه‌کارهێنانی پۆستی ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجی بنه‌ماڵه‌ و پارت.
سه‌رۆکی هه‌رێم له‌گه‌لێ بۆنه‌دا گوتوویه‌تی‌ له‌و شه‌ڕه‌دا بێلایه‌نه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌خۆی و برازاکه‌ی پیشانیاندا وێنه‌ی بێلایه‌نی ئه‌وان ناکێشن، به‌ڵکو وێنه‌ی لایه‌نگیری و دووپاتکردنه‌وه‌ی ملکه‌چی ته‌واوی ئه‌وان بۆ‌ تورکیا پیشان ده‌ده‌ن. ئه‌وان پیشتر هه‌وڵیان دا خۆیان له‌ رۆلی هاوکاریانه‌یاندا بشارنه‌وه‌، وه‌کو نوری مالیکی راسته‌خۆ نه‌یانده‌گوت هاوکاری تورکیا له‌ ناوبردنی پ.ک.ک دا ده‌که‌ن. ئه‌گه‌رچی لایه‌نگیری ئه‌وان له‌ تورکیا پێویستی به‌ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی زیاتر نییه‌، چونکه‌ هه‌لسوکه‌وته‌کانیان‌ دژی گوتنه‌کانی خۆیان ده‌وه‌ستنه‌وه‌.
کێشه‌ی کورد له‌ باکور به‌ شه‌ڕ چاره‌سه‌ر ناکرێت، ئه‌و شه‌ڕه‌ی گه‌ریللاکان ده‌یکه‌ن ئه‌نجامی ره‌تکردنه‌وه‌ی دانپێنان به‌ کێشه‌ی کورد و ره‌تکردنه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ده‌رگه‌ی دایه‌لۆگ و دانوستان بکرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر دان به‌ مافی که‌لتوری و رامیاری نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ باکور بنرێت، شه‌ڕ بۆچی ده‌بێت. پۆلیتیکی میلیتاریانه‌ی سه‌رکوتکردن، سوتاندن و له‌ناوبردن له‌ژێرناوی شه‌ڕ دژی تیرۆریزم چاره‌سه‌ر و له‌یه‌کترگه‌یشتن له‌گۆڕ ده‌نێت و مالوێرانی زیاتر له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. ئه‌وه‌ی تورکیا ده‌یکات درێژه‌دانه‌ به‌ پۆلیتیکی نکۆلیکردنی ئازادی کوردان که‌ له‌ بیر و هزری پشووته‌نگانه‌ی ناسیونالیستی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. هاوکاریی مه‌سعود بارزانی و پارتی بۆ تورکیا باره‌که‌ زیاتر به‌و ئاراسته‌ کێورانه‌یه‌دا ده‌بات، ئه‌وه‌ی له‌و ناوه‌ زیانی سه‌ره‌کی به‌رده‌که‌وێت خه‌ڵکی کوردستانه‌. گریمان به‌ هاوکاری بارزانی پ.ک.ک له‌ناوبردرا. کێ براوه‌یه‌؟ ئایا ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورده‌ له‌ تورکیا یا له‌ گۆڕنانی هه‌وڵه‌کانی چاره‌سه‌ره‌؟  به‌ئه‌گه‌ری زۆر پاکتاوی به‌شێکی شۆڕشگێر گه‌وره‌ترین نسکۆ بۆ نه‌ته‌وه‌ی چه‌وساوه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت، له‌به‌رامبه‌ریدا ستاتوسی ولاتی داگیرکه‌ر و چه‌وسێنه‌ر به‌هێزتر ده‌کات، که‌ وایلێده‌کات ده‌ست به‌ پاکتاوی زیاتر و تاوانی زیاتر له‌ ریزه‌کانی گه‌لی چه‌وساوه‌دا بکات. نمونه‌ی زیندوو له‌مباره‌یه‌وه‌ زۆرن، بۆنمونه‌ هه‌ره‌سی شۆرشی  ئه‌یلول و پاکتاوکاریه‌کانی دوای هه‌ره‌سه‌که‌، شکان و پاککردنه‌وه‌ی هێزه‌کانی پیشمه‌رگه له هێرشه‌کانی ئه‌نفالدا له‌‌ 1988 دا و پاکتاوکاریه‌کانی دوای گه‌لکوژیه‌که‌، شکانی شۆڕشگێره‌کانی تامیل له‌ 2009 دا پۆلیتیکی پاکتاوی ره‌گه‌زی دوای ئه‌و تێکشکانه‌ هتد.
کورد به‌و ستاتوس و ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ باشور هه‌یه‌تی ده‌توانێ رۆڵی ئه‌رێنی ببینێ و له‌هه‌مان کاتدا هه‌رگیز کارێ نه‌کات دژی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی کورد بێت. ئه‌وان ئه‌گه‌ر توانایان نییه‌ گوشار بخه‌نه‌سه‌ر تورکیا یا ناوێرن پرسیاری چاره‌سه‌ری کیشه‌ی کورد رووبه‌رووی تورکیا بکه‌نه‌وه‌، لانی که‌م ده‌توانن خراپه‌ نه‌که‌ن و هاوکاری تورک دژی شۆڕشگیڕانی کورد به‌جۆرێ له‌ جۆره‌کان نه‌که‌ن. ئه‌و هاوکاری و هاوده‌ردییه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ تورکیای پیشان ده‌دات، چوونه‌ سه‌نگه‌ری ئاشکرای تورکیایه‌ دژی شۆڕشگێره‌ کورده‌کان، که‌ بێگومان کارێکه‌ دژی ‌ناسیۆنی کورده‌ و کوردستانیان وه‌کو ناپاکی ده‌یبینن. 

    شاخه‌وان شۆڕش
27 ی ئۆکتۆبه‌ری 2011

Previous
Next