Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دوای سەفەر …!….  سەروەر کەریم

دوای سەفەر …!…. سەروەر کەریم

Closed
by November 4, 2011 ئەدەب

شەوان تارماییەکی خەمناکە و
نەوڕەسەکانی کەنار دەریا دەترسێنێ .
نزاکانی زاهید لەخۆیا نغرۆ دەکات و،
ڕووخساری یارمان نیشان نادات …
عەرشی خواوەند خاڵی دەبێت ،
لەپاڕانەوەی عارف بۆ ویساڵی مەعشوق
زەنوێرەکان نائومێدی دایاندەپۆشێ و ،
هیچ کەناریەک ئاواز نابەخشێتە باخچەکان .
کەس بەشوێن هاتنی مانگ دا ناگەڕێ .
ئەوە دوایین ساتی مەئویست بوونەو ،
فەنا بونی کیمیای عەشقە …
ماتماتیکی ناسینی توخبی ئاو ئەزبەرناکرێ و ،
هەموو ژمارەکانمان لێتێک چوو .
ئیدی بەم تەمەنە پڕ حەسرەتەوە ،
هەڵوەدای کام کەنار بم .
عەیامێکە بێ عەبیری یار
بیابانەکانی تەنهایی و سەراب دەبڕین و ،
نەگەیشتینەوە بەویساڵی ئەو .
جەخار … جەخار !
ئەو دەمانەی پاڕانەوەی ئاومان نەناسی موسافیرێکی وێڵ و دۆڕاو بووین و،
کوچەکانی تەنهاییمان تەیدەکرد .
گوێ بیستی لاوانەوەی ئەو مەستە نەبوین ،
کەدوای هەڵدانی چەند پێکێک
بەکوڵ بۆ زەمەنی دووری عەشق دەگریاو،
کەس لەزمانی نەدەگەیشت .
گوێمان بەزیکری ئەو سۆفیانە نەدا ،
لەداخی دووری یار دەست بەرداری بوون و،
مەیخانەکانیان کردە جێ ژوان .
ئەوە قەدەری بونی ئێمەیە !
مەلەوانێکی نەشارەزابین و
کەس نەمانگەیەنێتە کەنار .
ئای زەمەنی دووری ئار ، .
چ کارەساتێکە ژیان بێ بینینی ڕوخسارت .
تازە وادەی لیقا نزیکە لەمحاڵی دیدار .
ئەم مەنفایە بۆتە مەرگی خەون
مرۆڤەکان هەموویان تارمەیین و،
جەستەی بێ هەستیان بەنیو سەقامەکاندا ڕادەکێشن
زەمەنێکە لێرە هەستی ئەڤین نەماوە.
هەموو ڕەنگەکان گۆڕاون ،
کەس خەون بەهاتنی نامەی مەعشوقەوە نابینێ .

هۆڵەندا

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.