جۆگه‌یه‌ك ئاو لایدایه ماڵی ئێمه..!!
ئاماژه به سه‌ردانتان له رۆژی ( بریقه )دا ،
تكایه بۆ ئاگاداریتان ،
ئه‌و رۆژه ..
جۆگه‌یه‌ك ئاو لایدایه ماڵی ئێمه . دره‌خت ریزیان به‌ست ، ده‌ستیان كرد به سه‌ما . په‌ڵه هه‌ورێ ده‌ستی درێژ كرد و ناوچه‌وانی شاخی سڕی . شاخ له خۆشی‌دا ، ئه‌وه‌نده قاقای لێدا ، خه‌ریك بوو بكه‌وێت به ده‌ما . چه‌م چه‌ند خۆی تاودا ، نه‌یتوانی به‌هه‌رده‌كه‌دا سه‌ركه‌وێ ، خه‌ریك بوو شێت بێ ،سه‌ری شۆڕكرد و به‌لاره لار به دۆڵه‌كه‌دا شۆڕ بـووه‌وه .
ئه‌و رۆژه ..
خه‌ریك بوو له شه‌رما ره‌قبمه‌وه . تینوێتی سواغیدام . ره‌نگم وه‌ك ره‌نگی بێده‌نگی ئه‌سمه‌ر هه‌ڵگه‌ڕا . شێتایه‌تی ده‌م و چاوم به‌تاڵ بوو . سه‌رسامی ، سه‌ری زۆر سوڕما و هه‌ر لێم ورد ده‌بوه‌وه ، وای ده‌زانی من تۆپه‌لێك بێداریم . ئه‌وه‌نده پێم له كاری ناڕه‌وا هه‌ڵكه‌وت ، تاكو ورده ورده شێوه‌ی هه‌ورم وه‌رگرت .
ئه‌و رۆژه ..
ده‌مویست خه‌مباری بدوێنم ، به‌ڵكو دڵی نه‌رم بكه‌م و ئاشت بێته‌وه .سه‌ره‌تایه‌ك بۆ له‌خه‌وهه‌ڵسان دانێم . زۆر ده‌ستنوسم ئه‌مدیو ئه‌ودیو كرد ، به نیازی ئه‌وه‌ی پێڕستێ بۆ داستانی خۆڵه‌مێش رێكخه‌م . كه‌وتمه گه‌ڕان به دوای شوێنه‌واری بێكاریدا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌فته‌رێ بۆ داهاته‌كه‌ی بكه‌مه‌وه . به‌ڵام هیچم پێ نه‌كرا ،چونكه هه‌موو شتێك به زستان داپۆشرابوو .
تكایه ، بۆ ئاگاداریتان و ..
ئاماژه به په‌یوه‌ندی ته‌له‌فونیتان له رۆژی ( ره‌ونه‌ق )دا ،
من له ماڵه‌وه هه‌ندێ سه‌رمام كۆكردبوه‌وه ، ئه‌و رۆژه ته‌ماشام كرد رزیوه ، به كه‌ڵكی ئه‌وه نه‌ده‌هات به پۆست‌دا بۆتان ره‌وانه بكه‌م . له‌گه‌ڵ ره‌وانبیژی پاوانخوازیدا كێشه‌م زۆره ، خه‌مساردییش رێنوسی خۆی ساغكردۆته‌وه . بۆیه خه‌ونه‌كانم راخست و له‌سه‌ری دانیشتم ، ده‌ستم كرد به ئێشك گرتنی به‌دبه‌ختی ، ورده ورده گرێ كوێره‌ی به‌سه‌رچووم كۆپی ده‌كرد .
ئه‌و رۆژه ..
ده‌ستی مناڵیی خۆمم گرت . ده‌سته‌كه‌ی ترم خسته‌سه‌رشانی نیشتمان ، هه‌ستم كرد هێشتا له‌بیر چوون به‌ری نه‌داوه ، ناتوانێ چوار وه‌رزه شیر بدات ، نازانێ چوار مشقی دانیشێ و به‌رگی ئازار داكه‌نێ . مایه‌پوچی ده‌ست وقاچی به‌ستۆته‌وه و سه‌ره‌خولێیه‌تی . به فیكه‌ی خۆ به‌كه‌م زانین مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نه‌ڕه نه‌ڕی ده‌ور وبه‌ردا ده‌كات . وادیاره له كۆتایی تونێله‌كه‌دا وه‌ك جاری جاران به دۆڕان خۆمان پاك ده‌كه‌ینه‌وه .
تكایه بۆ ئاگاداریتان ..
ئه‌و رۆژه ، بۆ حاڵی خۆمان زۆر گریام .
بیرم له بیركردنه‌وه‌ی پاشا ده‌كرده‌وه ، بینیم كراسی دابڕانی له‌به‌ردایه ،هه‌وای نه‌فس سه‌ری لێتێكداوه ، شایی و شینی تێكه‌ڵ كردووه ، له‌گه‌ڵ سێبه‌ری خۆیشی ناته‌بایه . ده‌یه‌وێ په‌نا به‌رێته به‌ر بۆسه دانان بۆ به‌خته‌وه‌ری و زه‌بونی ، به‌ڵام بێ پلان و بیركردنه‌وه . ده‌ست بۆ هه‌موو شتیك درێژ ده‌كات و نازانێ له كوێوه ده‌ست پێ ده‌كات ، لێی ده‌پرسم : بۆ وا ده‌كه‌ی ؟ ده‌ڵێ : من باوه‌ڕم به سه‌ره‌تا و كۆتایی نییه ! له كوێ بچڕا گرێی ده‌ده‌م ! خۆت ده‌زانی بیركردنه‌وه په‌تێكی باریك و كرژه ، زوو زوو ده‌بچڕێ و كورت ده‌هێنێ . بێگومان ده‌رئه‌نجام به تۆڕی هه‌ره‌س خۆمان ده‌گرینه‌وه .
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و وێنانه‌ی سه‌ره‌وه
پاڵپشت به‌و بێ تاقه‌تیه‌ی پێمان دراوه ، بۆیه بڕیارماندا دانیشتنی پێنج ئه‌ستێره به‌قه‌دكراوی بهێڵینه‌وه .
له كۆتاییدا ، ئاواته‌خوازم هه‌میشه له بێزاریدا بن ،
به هیوای یه‌كتر نه‌بینین .
تكایه ، بۆ ئاگاداریتان ، له‌گه‌ڵ رێزدا ..
هاوپێچ //
1. فه‌رمانی شیعری ژماره (زع ) له رو/م/س ئا ل ن ،سه‌باره‌ت به ده‌ستگیركردنی پێكه‌نین .
2. نوشته‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ( هه‌نگاونان بۆ دواوه ) ، سه‌باره‌ت به سڕكردنی بردنه‌وه .
3. گرێبه‌ستی ماره‌نه‌بڕینی ( شیرین و فه‌رهاد ) / نوسخه‌ی ئه‌سلی .
4. خشته‌ی خه‌مڵاندنی تێچوونی دروست كردنی هێلكه‌یه‌ك .
5. كۆپی نامه‌یه‌كی ده‌ستخه‌تی ( قه‌یس ) بۆ ( له‌یلا )
6. دوو زه‌رفی گه‌وره بودجه‌ی پوخته نه‌كراو .
7. وێنه‌یه‌كی ره‌نگا وره‌نگی ( مه‌م و زین ) .
8. سی دی كۆنسێرتی خوشك و براكوژی .
9. نه‌خشه‌ی دیزاینی پردی سیرات .
10. شوشه‌یه‌ك بۆنی باوێشك .
11. هه‌ندی گه‌رمای پێچراوه .
12. كیسه‌یه‌ك دۆزینه‌وه .
13. دوو ده‌سك وه‌ڕین .
ئیمزا
ته‌یب جه‌بار
به‌ڕێوه‌به‌ری بارینی شیعر
وێنه‌یه‌ك بۆ /
– به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی به‌هه‌شت / تكایه ، بۆ دیاری كردنی كات و شوێنی شه‌ڕه ته‌قه پاش ته‌واوبوونی به‌رده‌فڕكێ .
– به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی خه‌ون / تكایه ، خه‌ونی سه‌ر رێگاكه هه‌ڵمه‌گرن .
– بــــــــــــه‌شی لـــــه نــــاوبردنی پـــژمین .
– بـــــــــــه‌شی حــــه‌وانه‌وه‌ی زۆرانبـــــــازی .
– هـــــــــــۆبه‌ی په‌یوه‌ندی نه‌كردن به كه‌سه‌وه .
– هـــــــــــۆبه‌ی تــه‌رازوكردنی لـــــــه‌تردان .
– زاڵگـــــــــــه‌ی پشـــــكنینی بــــــــــــــــا .
– زاڵگـــــــــــه‌ی رێگــــای ئه‌وپه‌ڕی دونیــــــا .
– تیپی سه‌ماكــــــه‌رانی مه‌یدانی چاكســـــــازی .
– تیپی گـــه‌شتیــــــــــــــــــــــــارانی دۆزه‌خ .
– ئه‌وانه‌ی ناویان له لیژنه‌ی سه‌رئێشه‌دا نه‌هــاتووه .
– ئه‌وانه‌ی نازانن پێستـــــی تـــه‌م بخــــــورێنن .
– ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌خواردنی گۆشتی بۆمه‌له‌رزه ده‌كه‌ن .
– فایلی كاری دره‌نگانی شه‌و .
– فایلی قســه‌ی نــــابه‌جێ .
– فایلی زمــــانی زه‌رده‌واڵه .
– فایلی شوێن پێی مێرولـــه .
– فایلی چیرۆكی خه‌ســــت .
– فایلی په‌خشـــــانی روون .
– فایلی شیعری ده‌ماوده‌م / تكایه ، پاش بڵاوبونه‌وه‌ی شیعره‌كه له ناو خه‌ڵكدا ، ئینجا هه‌ڵیبگرن .