Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
باخچەی دەوڵەمەندان لە  ئاوێنە  دا

باخچەی دەوڵەمەندان لە ئاوێنە دا

Closed
by November 16, 2011 گشتی

                                          

لە دوای ڕاپەڕینی 1991 دا تا ئەمڕۆ، زمانی میدیای کوردی گۆڕانی گەورەی بەسەرهاتووە . گۆڕانێک لەزماندا کە لەم نووسینە باسی لێوە دەکەین پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە گەشەو گۆڕانکاری ئابوری- کۆمەڵایەتی دوا 20  ساڵی تەمەنی ئەم کۆمەڵگایە هەیە ، هەروەها ڕۆڵی چینی ناوەڕاست و توێژی رۆشنبیر لە پەروباڵ کردنی ئەم زمانە.
عەقڵی پشتەوەی زمانی میدیای کوردی بووە بە ئاوێنەیەک بۆ دووڕویی ، نەک تەنیا بۆ توێژێکی دیاریکراو لە بابەتی ” ڕۆشنبیر ” ، بەڵکو بووە بە مەیدانی  ساغ کردنەوەو بەکارهێنانی هەموو ئەو زنجیرە لە بۆچون وتێڕوانین کە شەرعیەت بە مانەوەو چەق بەستنی کۆمەڵگە دەدا لە یەک ئاراستەو شێوازدا.

ڕۆژنامەو تی ڤیە کوردیەکان(بە چاوپۆشین لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنن یان بەرەی دەسەڵات) بە مەبەست و خاتری ڕۆژ بەڕێ کردن لە گەڵ بارودۆخدا ، زمانێک بە کاردێنن کەهەموو ڕۆژێک سەر لە نوێ، لە جیاتی هۆشیاری وبیرتیژی سیاسی : دەبەنگی بەرهەم دێنن . زمانی ئێستای میدیای کوردی لە بەشێکی بەریندا پەیوەندی بە ڕۆڵی ڕۆشنبیرهەیە لەم بیست ساڵەی دوایدا . داستانی گەورەی توێژی ڕۆشنبیر بریتی بوو لە دامەزراندنی کلتوری سانسۆر لە نێو زمانی میدیای کوردیدا .
باری عەمەلی ئەم کلتورە ، بەهێزکردنی کەشی دژی چەپ بوون و مارکسیزم بوو. بە ئەندازەیەک کە لەم ساڵانەی دوایدا ، کەم کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بە قەدەر کۆمەڵگەی کوردی هان درابێ نەک تەنیا  دژ بە مارکسیزم ، بەڵکو دژ بە هەموو دەستەواژەو زاراوەیەک کە ڕەگی قوڵی لە سیاسەت و سۆسیۆلۆژیدا هەبێت .

عەقڵی پشتەوەی زمانی میدیای کوردی کارگەیەکی ئایدیۆلۆژیە ( بێ گومان بە ئیدیعای بێ بەری بوونی لە ئایدیۆلۆژیا ) ڕاستەوخۆ ڕۆڵ دەگێڕێ لە مانەوەی کۆمەڵگە وەکو خۆی . ئەم زمانە وا سانسۆر کراوەو پەڕو باڵ کراوە کە دێت قسە لەسەر دیاردەیەکی هەستیاری کۆمەڵگە دەکات ڕستە بە ڕستەی دەبێتە گەیاندنی بێ ناوەڕۆکترین پەیام . تاقە پەیامێک کە زۆر سەرکەوتوانە دەیگەینێ بریتیە لە ڕاهێنانی هاولاتیان بە ” ڕازی ” بوونیان بەوەی کە هەیە ، یان بە لاڕێ بردنی حاڵەتی ” ناڕازی ” بوونیان بۆ بێ کرداری وهیچ نەکردن .

هەموو دەزانین نەوەیەکی نوێ لە دەوڵەمەندان لە کوردستان پەیدا بوونە ، توانا ئابوریەکانی ئەم چینە بێ سنوورە . دەم وچاوەکانی ئەم چینە بریتیە لە : سیاسەتمەدار، بازرگان ، مافیا ، سەرۆک عەشیرەت و زۆر جۆریتر لە کەسایەتی . سەرەڕای قوڵ بوونی قڵشتی چینایەتی ، تەشەنەی ئیرەیی و ڕقی کۆمەلایەتی ئەوانەی خوارەوە دژ بەوانەی سەرەوە . بەڵام ، میدیای کوردی بە گشتی و ڕۆژنامەی “ئاوێنە ” بە تایبەتی ،  لەدەرەوەو دوور لەم ڕقە  بەزمانێک دەدوێن کە ” بارودۆخی کۆمەڵایەتی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان ” یان بە تەعبیرێکی تر نێوان (خوارەوەو سەرەوە ) بە فلتەری ئارام کردن ببەن .

لە ڕاپۆرتێکدا کە لەم ڕۆژنامەیە بڵاوکراوەتەوە ، پوختەی ئشێکی بەرچاوی ئەم عەقڵ وفلتەری ئەم کلتورەی سانسۆر ئامادە کراوە . لەم ڕاپۆرتە دەبینین کە چۆن ڕاستیە کۆمەڵایەتی وئابوریە بەڵگە نەویستەکانی ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی چینەکانی خوارەوە کە ڕۆژەکانی تەمەنی لە گەڵ بەڕێ دەکەن ، بە شل وشێواوی لە دەقی هەواڵ یان ڕاپۆرت و ووتارێکی دیاریکراو بە دەستیان دەگاتەوە .
لە ژیانی ڕۆژانەدا : زمانی هاوڵاتیان بۆ تەعبیر لە ڕاستیەکان و تاڵیەکاندا بێ پەردە لە خۆی دەدوێ ، چونکە ڕق و ئیرەیی کۆمەڵایەتی ئەوان بە فلتەر تێ ناپەڕێ . بۆیە زۆر بە ئاسانی لە شارەکانی هەولێرو سلێمانی ناوی گەڕەکە تازەکان جیاوازە لەم ناوە ناسکانەی شارەوانی شار بۆ ئەم گەڕەکانەی هەڵدەبژێرێ . گەڕەکی ” دۆلاراوە و فیرعەونەکان” ناو لێنانێکە گوزارشت لە شێوە ژیانێک و ریفاهێک دەکا کە لەگەڕەکەکانیتر دەست ناکەوێ . لە پشتی ئەم ناو لێنانە ” ڕقێکی کۆمەڵایەتی ” بە شێوازی سادەوهەرە خاوەکەی خۆی ، خۆبەخۆیی لە جموجۆڵ دایە و دابەش بوون بۆ ( ئەوان ) و (ئێمە ) کورتکراوەی دوو ناسنامەی کۆمەڵایەتین بەیانی دوو شێواز لە ژیان دەکەن .

کە لەسەرەو باسی ” سانسۆر” و فلتەرمان کرد ، ڕەنگە وا بێتە بەرچاو کە ئێمە باس لە کابرایەک دەکەین لە ژورێک دا دانیشتووە مقەسێکی گەورەی بە دەستە ، ڕستەو پەرەگراف لەم وتارو ئەو نووسین دەبڕێ ! ئەم ئەم وێنەیە وەکو تەعبیرێک لە سانسۆر لە زۆربەی بڕگەکانی مێژودا ڕاستە . بەڵام : لێرە دەمانەوێ لە جۆرێکی تر لە سانسۆر بدوێین ، لێرە دەمانەوێ باس لەو جۆرە لە سانسۆر بکەین کە بووە بە عادەت و بووە بە شێوازی قسە کردن ونووسین .
ئەم جۆرە لە سانسۆر پێویستی بەوە نیە کابرا عەینەک لە چاوەکە دامەزرێنین ومەعاشی بۆ ببڕینەوە . چونکە ڕۆشنبیری کورد میکانیزمێکی دروست کردووە کە پێویست بەم وەزیفەیە نەبێت و سانسۆریش ئیشی خۆی بکات . توێژی ڕۆشنبیر لە ساڵی 1991 وە ، زەربەی کاریگەری لە زمان وەشاندوەو خاڵی کردوە لەو پێکهێنەرانەی کە یارمەتی هۆشیار کردنەوە بدات . ئەم گورزە لە زمانی کوردی وای کرد سانسۆر بەبێ فشار ، ببێ بە چوارچێوەیەک لە شێوازی ئاخاوتن ، ببێ بە جۆرێک لە دونیا بینینی بەرتەسک .
ئەم زمانە پرەنسیبێکی نەنووسراوی بە هێزی دروست کردوە کە هەموو ئیلتیزامی پێدەکەن کاتێ پەنا بۆ نووسین دەبەن . هەموو ئەو کەسانەی کە ئیش لە رۆژنامەکان دەکەن چ وەکو : خاوەن گۆشە ، هەواڵنێر ، ووتارنووس ، رێزێک لە چەمک وتێگەیشتن وڕستەو تەعبیر هەیە تەرکیان کردوە بەکاری ناهێنن . وەکو ئەوەی ئەم حاڵەتەی ئێستا زۆر سروشتی بێ ، نەک ئەو دەمانەی پێش دروست بوونی ئەم کلتورە کە زمانی کوردی پڕ بوو لەو تەعبیرو دەستەواژانەی کە ڕەگیان هەیە لە شی کردنەوەو دونیا بینین و لێکدانەوەی بیری چەپ لە بەرامبەر کۆمەڵگەو سیستەم .

لە ئەمڕۆی کوردستاندا : پرۆسەی بە (هەواڵ کردنی ) ڕاستیەکانی ژیان ، هەستی پێبکەین یان نا ، ئینکاری لێبکەین یان قبوڵی بکەین، هەمووی لە ژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیای باو یان بە واتایەکی تر ئایدیۆلۆژیای ” ڕێگە پێدراو ” بەڕێوە دەچێ . ژیانی ڕۆژانە هەر لە ڕوداو تا کارەسات تا دەگاتە بارودۆخی کۆمەڵایەتی دەوڵەمەندەکان ، خۆڕسکانە لە زمانی میدیاوە بە دەستکاری وەکو مۆرفین دەگاتەوە بە دەستی مرۆڤە ئاسایەکان بۆ درێژە پێدان بە هێشتنەوەیان وەکو بونەوەری بێ دەسەڵات لەبەرامبەر ژیانی خۆیان .
هەر ئەم مرۆڤە ئاسایانە کە بە هۆی سەختی سیستەم وجەنجاڵیەکانی ژیان بەستراونەتەوەو دوورن لە ڕێکخراوبوونی کۆمەڵایەتی یان سیاسی ، ئەگەرئەم کایە کۆمەڵایەتیە یان ئەم زەمینە سیاسیەیان بۆ دروست بێت خۆیان ئەم هەواڵ وزانیاریانە (ئەگەر تەنیا بەشێوەی گێڕانەوەش بێت) بە یەکتری بگەینن زۆر سادقانەتر دەیگوازنەوە ،  لە ئەنجامدا بەرگریەک ، ناڕازایەتیەکی  سادە یان گەورەی لە بەرامبەردا نیشان دەدن .

       زمان وەک چوارچێوەی وێنەکانی ژیان

زمانی مرۆڤ بە دابڕاوی لە هەر ڕەخنەیەکی سیاسی یان فیکری ، خۆی دەرگیری چەندین گرفتی بنەڕەتییەو کەم  و کوڕی زۆرە . کە دەشڵێم زمان مەبەستمان هەموو زمانە باو و ڕەنگاو ڕەنگەکانی مرۆڤایەتیە بە گشتی . چونکە زمان لە بەر توانا کەمەکانی بۆ گواستنەوەو دۆکۆمێنت کردنی ژیان ، فەرامۆش کردنێکی خۆڕسکانە تیایدا ئیش دەکات .
 ئەم فەرامۆش کردنە ” هیگڵ ” وەکو یەکەی( توندوتیژی) لە زماندا پێناسەی دەکا کە بەشێک لە حەقیقەت دەکوژێ  . لە ئەمڕۆدا ئەم حەقیقەت کوشتنە کاریگەریەکەی زۆر قوڵتر دەبێ کاتێ جووت دەبێت لە گەڵ بەرژەوەندو نیازێکی سیاسی یان چینایەتی .

ئەگەر نموونەیەک لە دەرەوەی کۆمەڵگەو سیاسەت باس بکەین بۆ ئەم سانسۆرە بە کردەوەی زمان لە بەرامبەر حەقیقەتدا ، قسە کردنە لەسەر سروشت وەکو خۆی . بۆنموونە چەند وێنەیەک لە وەرزەکان  بەمەبستی گەیاندن .
شوێن کردنەوەی وەرزێک لە نێو زماندا تاقی کردنەوەیەکی سەختە کە تواناکانی زمان ئیحراج دەکا . گواستنەوەی گرمەی هەورەکان ، بۆنی تایبەتی ئاو و هەوا ، خوێن گەرمی مرۆڤەکان لە بەهاردا ، تامی سێبەر لە وەرزی هاوین ، دڵتەنگیەکانی پایز ، بۆنی نانی گەرم لە زستان ، هەموو ئەوانە تەنیا بەشێکی زۆر بچووکی وەکو خۆی دەتوانێ بگوازرێتەوە بۆ چوار چێوەی زمان .

داهێنانی زۆربەی رۆمان نووسەکاندا لەوەدایە ، کە ئەوان جیاواز لەو مرۆڤانەی پیشەیان نووسین و ئەدەب نییە ، ئیشێکی زۆر لەسەر ئەم گواستنەوەیە دەکەن و سەرکەوتن بەسەر زمان تۆمار دەکەن . ئەنجڵز سەبارەت بە بەرهەمەکانی (بەلزاک) دەڵێ :(ئەوەندەی لە ڕۆمانەکانی بەلزاک شارەزای داڕمان وخۆرئاوابوونی چینی بۆرژوازی بووم لە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی یان ئابووری فێری نەبووم ) ، لینینش ( دوژمنی گەورەی ڕۆشنبیرانی کورد) سەبارەت بە ڕۆمانی (دایک)ی مەکسیم گۆڕکێ دەڵێ : ئەم رۆمانە پێنچ ساڵ شۆڕشی بردە پێشەوە .

لە زمانی ئێستای میدیای کوردی و نێوەندی ڕۆشنبیراندا بە پێچەوانەی ئەم جۆرە لە دا‌هێنان و زەفەر بردن بە زمان ، گرەو لەسەر سەرکەوتن نیە بەسەر مەحدودیاتی زمان ، بەڵکو پێشبڕکێیە لەسەر بەهێزکردنی ڕەگەزەکانی حەقیقەت کوشتن وسانسۆرلەم زمانە .

زمان وسیاسەت

لە دەیەی نەوەدەکاندا ، لە چالاکیە ڕۆشنبیری وسیاسیەکانی کوردستان ، کاتێ مارکسیستێک دەهاتە سەر مایکرۆفۆن (بە لۆژیک یان بێ لۆژیک قسەی کردبا) ئەنجامەکەی هەمان شت بوو . چونکە لەم نێوەندەی ناوی ڕۆشنبیرانە ” نەفرەت ” لە دەنگی چەپ ، هەمیشە پێش” گوێ گرتن ” کەوتووە . لە زۆربەی حالەتەکاندا گیرکردن لە دەمی ئەم کەسە مارکسیستە لە خۆزگەو خەیاڵی بەشی زۆری  ڕۆشنبیران بوو.
 ئەم نێوەندە گەورەترین درۆ و تاوانی دژ بە کۆمەڵگەو بە حەقیقەت لەو ساتە تۆمارکرد کە مارکسیستەکانی کوردستانیان بە ئیسلامیەکان شوبهاند . ئەمە لوتکەی “سانسۆر کردن” بوو ، کە مارکسیستەکانی لە چوارچێوەیەک  لە گەڵ بکوژانی خۆیان ڕیز کرد . ڕەونەق کردن و ڕەواج پێدانی ئەم تەشبیهە دبەنگ و بێ ڕووە ، ساڵێک بەر لە تیرۆر کردنی یەکەم کۆمۆنیست دوای ڕاپەڕینی 1991 دەستی پێکردو تا ئەمڕۆش دەبەنگانەتر لە دەیەی نەوەدەکان باوەشێن دەکرێ . بەڵام ، مێژوو ئەم تەشبیهەو ئەم درۆیەی بە ئاسانی ریسوا کرد . چونکە بینیمان نوخبە هەرە دیارەکانی رۆشنبیرانی کورد لە  2010 و 2011لەگەڵ یەکگرتوویی ئیسلامی وکۆمەڵی ئیسلامی بوون بە یەک دەنگ ، بۆ نۆرماڵ کردن و سەپاندنی خۆدەرخستنەکانی دین  ، وەکو ناسنامەی کۆمەڵگەی کوردی .

ژمارەی نەوەی تازەی مارکسیستەکانی کوردستان زۆر کەمە ، کە ڕەنگە کەمتر بێ لەسەدا 1% کۆی سەرژمێری کۆمەڵگەی کوردستان . ئەم کەمایەتیە هیچ هێزێکی سەربازی و ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی وایان نیشان نەدا کە هەڕەشەو نوزەیەک لە نزیک بونەوە لە دەسەلاتی سیاسی دروست بکەن . ئەی ئەم هەموو ڕقە چی بوو دژ بە وان ؟ پەیوەندی دیالیکتیکانەی ئەم ڕقە چی بوو لە گەڵ ئەم زمانەی ئەمڕۆ لە میدیای کوردی و لە نێو توێژی ڕۆشنبیران بە کاردێت ؟
کەمایەتیەکی زۆر کەمی کۆمەڵگەی کوردی ئەوەندی دەهێنا لەلایەک دەزگا جاسوسیەکانی دەسەڵات لێیان بکوژن ، لەلایەک مەلاکان فەتوای کوشتنیان بدەن ، لە لایەک نیوەندی رۆشنبیران بە هەموو توانایەکی لەبار دژایەتیان بکەن ؟
نێوەندی ڕۆشنبیران ، دژی ئەو کەمایەتیە نەبوون چونکە مەترسی ئەوەیان بێت کە  مارکسیستەکان دەسەڵاتی سیاسی وەربگرن . ئەوان دژی ئەو کەمایەتیە بوون ، چونکە : (بەزمانێک دەدوان زمانی باو ، زمانی ڕێگە پێدراونەبوو ) زمانێک نەبوو  یارمەتی پڕۆژەو خەونەکانی چینەکانی سەرەوە بدات بۆ گواستنەوەی کوردستان بۆ پلەو پایەی هەرێمێکی سودمەندو چالاک لە پەیوەندیە ئابوریەکان . زمانێک نەبوو لە دەوری وەهمی ” دیموکراسی ” بەڵێن بە ژیانێکی باشتر بدا.
مارکسیستەکان ئەمڕۆ و ئەو دەمە بە زمانێک دەدوان ، لە گوێ ی زۆربەی نوخبەی چینی ناوەڕاست و ڕۆشنبیران  زمانێکی ووشک و ڕەقە . ئەوان زۆر بێتاقەت دەبوون بەم زمانەو ناچار دەهاتن ناتۆرەیان لەدژی بەکاردێنا بە مارکسیستەکانی دەووت : دەروێش ، ئایدیۆلۆژیست هتد . ئەوان دەیانویست ئەم دەنگە کپ کەن . چونکە پێچەوانەی تموحاتی ئەو چین و توێژانە بوون کە لە نەوەدەکاندا خەونیان بە کوردستانی ئەمڕۆ دەبینی .

لە ئەمڕۆی نووسینی ئەم ووتارە ساڵی 2011 دا ، بەشی زۆری خەونەکانی چینی سەرەوەو ناوەڕاست هاتۆتە دی . لە باری ئابوریەوە  :-
 وا کوردستان بەشێکی زیندووە لە چالاکی ئابوری ئیقلیمی و جیهانی . بەپێی دوا ئامارەکانی ئەمساڵ ئاڵ و گۆڕی بازرگانی نێوان کوردستان و تورکیا ساڵانەخۆی لە 18 ملیار دۆلار دەدات . لەگەڵ ئێران نزیکی 10 ملیار، لەگەڵ چین نزیکی2 ملیار . 1800  کۆمپانیای بیانی لە کوردستاندا کاردەکەن. بازاڕی هێزی کار ئیعتیمادی سەرەکی لەسەر ئەو کرێکارانەیە کە لەدەرەوەی کوردستان هاتوون و هێنراوان . جموجۆڵ وشەپۆڵێکی گەورەی بیناسازی و بازارێکی فراوانی کڕین وفرۆشتنی زەوی وزار خانوبەرە هتد لە ئارادایە.
لەباری سیاسیەوە :-
 بەشی دووەمی ئەم خەونە ، بە شانۆگەری ” دیموکراسی ” بە دابەش کردنی چینی دەسەڵاتدار بۆ (ئۆپۆزسیۆن و حکومەت ) ئەلگۆیەکی دروست کردووە بۆ خەفە کردنی تووڕە بوونە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان و لەباربردنیان لە ڕێگەی شەڕە پەڕۆ و سندوقەکانی دەنگدان .

ئەم واقیعە پر بە پێستی تموحی توێژی ڕۆشنبیرە . کە لەڕێگەی ڕەخنە گرتنی نیوەچڵ لە کەم کوڕیەکانی ئەم بارودۆخە ، دەتوانێ ڕۆڵ بگێڕێ و سودمەند بێ لە ڕێگەی هەڕاج کردنی تواناکانی دروست کردنی خیتابی سیاسی ، سەودا کردن و فرۆشتنی خۆپیشاندانەکان لە نێو ژوورە داخراوەکان، یان ئاراستە کردنی ڕوداوەکان و تەقینەوەکانی توڕەیی خەڵک بە شێوازێک کە لە کۆتاییدا  کۆمەڵگە هەروەکو خۆیەتی و ڕۆشنبیریش ناوبانگی زیاتری پەیدا کردووە .

    دەوڵەمەند و ڕابواردن

 ئەم بارودۆخەی کوردستان کۆمەڵگەی گۆڕیوە ، کاریگەری لەسەر چینە کۆمەڵایەتیەکان و هەڵس وکەوت باری کەسێتی و سایکۆلۆژی داناوە بە تایبەتی چینی دەوڵەمەند . ڕیفاهو دەست ڕۆیشتن وشێوازەکانی تەوزیف کردنی ئەم توانا ئابوریە خۆی لەزۆر ڕەفتاردا دەنوێنێ لە بابەتی ” ڕابواردن ” بە شێوە هەرە فراوانەکەی .

ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری ئاوێنە دەیەوێ لە چوارچێوەی هەمان ئەو” زمانە بەتاڵە ” لەسەر ژیانی ئێستای دەوڵەمەندان بدوێ ، کە شوێن بۆشی کردنەوەیەک نەهێڵێ نزیکایەتی لەگەڵ ئەو زمانە چینایەتی ومارکسیستە هەبێ کە لە نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆ شێلگیرانە قاچاغ دەکرێ .
بۆیە  لە کۆتایی ئەنجامگیریە کارتۆنیەکانی ئەو راپۆرتەی ئاوێنەدا ، وەکو بەروبومی ئەقڵ و زمانی سانسۆر، زمانی گلەیەکانی سەردەمی “دیموکراسی” ، دەگەینە ئەنجامێک کە لە کوردستان دوو جۆر دەوڵەمەندمان هەیە :-
 دەوڵەمەندی باش ، کە ڕانابوێرێ و ئیلتیزامی بە خێزان هەیە . دەوڵەمەندی خراپیش ، کە لەگەڵ سۆزانی و لەش فرۆشی خۆماڵی و بیانی رادەبوێرێ و لە ڤێلای تایبەت لە باخچە گەورەکانی دەرەوی شار دوور لە چاوی هاوسەرو خێزانەکانیان .

ئەم ڕاپۆرتەی ئاوێنە نایەوێ بڵێ کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی چینایەتیە . نەبادا هێنانەوەی ئەم دەستەواژانە بۆ نێو زمانی میدیا  ” ئارامی کۆمەڵایەتی ” نێوان دەوڵەمەندان وچینەکانی خوارەوە لە چواچێوەی هەمان بارودۆخ بترازێنێ .
 ڕۆشنبیر دەیەوێ زمان و ئایدیۆلۆژی لیبرالیزمی نوێ وبازاڕی ئازاد جێگیر بکا . بۆ ئەم مەبەستە لەو حالەتانەی کە ناچاریشە ڕاپۆرت لەسەر توانای بێ سنوری ئابوری و ژیانی دەوڵەمەندان بنوسێ ، بە جۆرێک دەینوسێ کە دەبێتە سوکە گلەیی وتێکەڵێک لە مۆرال ودین لە بەرامبەر تاکێک یان نوخبەیەک لە چینی دەوڵەمەند کە بە ” ئیلتیزام ” و بە ئەخلاقەوە سود لەم سامانە خەیاڵیانە نابینن !
واتا کێشەی ئەسڵی دەوڵەمەند بوون و سامانی خەیاڵی نییە ، کێشەکە بە پێ ی ئەم مەنتیقە شێوازی سوود بینینە لەم سامانە . ئەی ئەگەر بێت و دەوڵەمەندەکانی کوردستان گشتیان لە بواری کۆمەڵایەتیەوە ( ئیلتیزامی خێزانیان هەبێت ، بڕوایان بە ڕابواردن لەگەڵ ئافرەتی لەش فرۆش نەبێت ، مەشروب و مەی نەخۆنەوە) ئەو کاتە ئەو رەخنەو راپۆرتانە چەندە سوک وچروک دەردەچن ؟

لە پەرەگرافێکی ئەم راپۆرتەدا هاتووە :

((یەکێک لەو بازرگانانەی مۆبایل و پیداویستە کارەباییەکان ، کە لە سیتەک ڤێلایەکی لەسەر 1500 مەتر دووجا دروستکردووەو باخێکی فروانیشی لە گەڵدایە . کەسێکی زۆر نزیک لەو کەسەوە ئاماژەی بەوەدا کە ژن و ماڵ ومنداڵەکەی بێئاگان لەو شوێنە کە 45 دەفتەری تێچووە . شوێنەکەی کردووە بە شوێنی کات بەسەربردن وڕابواردنی خۆی . ئەو کەسە سەبارەت بەو باخە هەندێ زانیاری دا بەو مەرجەی ناوی ئاشکرا نەبێت ! )) – هێڵی تەئکید هی منە-
 هەروەها لەشوێنێکی تری ئەم ڕاپۆرتەدا هاوسەری یەکێک لەم جۆرە دەوڵەمەندانە دەڵێت :-
(( خۆزگە هەر نەبوون بوینایە )) .
دوو خاڵ لەم قسانەی سەرەوە یارمەتیمان دەدات زمان و ئەقڵی پشتەوەی ئەم جۆرە لە دونیا بینین و ڕاپۆرت نووسین بدەینە بەر لێکۆڵینەوە . یەکەم ، بەو ” کەسە ” نەناسراوە دەست پێدەکەم کە ئەو زانیاریانە دەڵێت بە مەرجێ ناوی نەهێنرێت .
کارەساتە : حەقیقەتی ژیانی کۆمەڵایەتی کە هەمووان دەیزانین هەر لە ڕابواردنی دەوڵەمەندەکانەوە بگرە تا دەگاتە قوڵ بوونی جیاوازی چینایەتی ، وەکو حەقیقەتی ئۆبژیکتیڤ و بەڵگە نەویست دەستکاری دەکرێت ، ئەوەندە تەنک و بێ نرخ دەکرێ ، کە تەنیا بە یەک بوار ، چەشنی بڵاوبونەوەی هەواڵ لە دێهاتەکانی سەردەمی فیودال بە بواری ((ووتی ، دەڵێن ، ووتیان)) پێمان دەگات .
ئەقڵی سانسۆر وسەرسام کردن و تەشویق کردنی خوێنەر بەشتی پووچ ولاوەکی ، زۆر دەبەنگ خۆ دەنوێنێ کاتێ دەیەوێ ڕاستیە زانراوەکانی دەوربەری ژیانی کۆمەڵایەتیمان لە ڕێگای بە ” نهێنی ” کردنەوەیان بەسەرمان ساغ بکات.

دووەم خاڵ کە جێگای سەرنجە، کاتێک هاوسەری یەکێک لەم دەوڵەمەندانە دەڵێت :-
 ((خۆزگە هەر نەبوون بووینایە )) و دواتر ڕاپۆرتەکە چەند پەرەگراف بە دورو درێژی لەسەر ئەم ئافرەتەو بابەتی ئەم هاوسەرانە دەدوێ کە ناچارن تانە لە مێردەکانیان بدەن و خەم دەخۆن کە مێردەکانیان خەریکی ڕابواردنن .
 دیسان کارەساتە : لە نێوان خۆزگەی سەدان هەزار ئافرەت و پیاو منداڵی ئەم کۆمەڵگایە کە دەخوازن ” هەبوون بوونایە ” تەنیا خۆزگەی یەک دانە ئافرەتێک دزە دەکاتە نێو ڕاپۆرتێک کە مێردە دەوڵەمەندەکەی خەریکی ڕابواردنە .

گەڕانەوەی مارکسیزم بۆ نێو زمانی سیاسی وکۆمەڵایەتی

مارکسیستەکان نابێ چاوەڕوانی ئەوەبن چینی دەوڵەمەندو ڕژێمە سیاسیەکان قبوڵیان بکەن و بە گوڵ پێشوازیان لێبکەن ، ئەمە قەت ڕوونادات . مارکسیستەکانی کوردستان ئەگەر لەهەر بڕگەیەکی مێژوو نووزەیەک لە ئومێدیان بەرامبەر توێژی ڕۆشنبیر هەبووبێ ، ئەمڕۆ ڕێک کاتی دابڕانە لەو ئومێدە ئایدیال و بێ سەمەرە .
زمانی سیاسی مارکسیستەکان و شێوازی دونیا بینیان کۆمەکی راستەوخۆ دەکا بۆ ئاراستە کردنی ڕق و نەفرەت لە بەرامبەر ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی . دابەش کردنی دەوڵەمەندان بۆ ” بە ئەخلاق ” بێ ” ئەخلاق ” ڕەنگە بابەتێک بێ توێژی ڕۆشنبیرو میدیای کوردی حەزبکەن بەو زمانەی خۆیان ، بەو کلتوری سانسۆرەی خۆیان ئیشی لەسەربکەن .
 ئیشی مارکسیستەکان وەڵامە بە دابەش بوونی کۆمەڵگە بۆ دەوڵەمەندو هەژار . مارکسیستەکان نابێ چاوەڕوانی ڕوخسەتی تیۆری بن لە دەمی ڕۆشنبیران ، نە دەبێ کاریشیان ئەوەبێ قەناعەتیان پێ بێنن. کۆمەڵگە موڵکی ڕۆشنبیرو جیهان بینیە تەسک و بەرژەوەند خوازەکەی ئەو نیە . کۆمەڵگا موڵکی بەرپرسیاریەتیە لە نەهێشتنی جەورو ستەمی ئابوری و سیاسی . مارکسیستەکان زۆر بە جدی دەبێ ئیش لەسەر تێکشکاندنی ئەو ” گەمارۆیە ” بدەن کە ڕێگە لەوە دەگرێ زمان و جیهان بینی مارکسیزم ببێتە بەشێکی خۆڕسکی سیاسەت کردن لە نێو کۆمەڵگەی کوردی .

 بۆ کەسی مارکسیست لە ئەمڕۆی دونیادا ، ڕێز گرتن لە ڕەوا بوونی خۆی لە بواری گەڕانەوە بۆ نێو زمانی سیاسی بە عەمەلی لەو چرکەوە دەست پیدەکا ، کە بایی نووکە دەرزیەک ڕێز بۆ کلتوری سانسۆرو گەمارۆی نێو زمانی میدیاو ڕۆشنبیر دانەنێت .

مارکسیستەکان دەتوانن و لە دەستیان دێ لە ڕێگەی تێکشکاندنی مەحدودیاتی زمانی سیاسی ، نەفرەتی چینایەتی بەرەو ڕوون بونەوەو رەخنەی راستەوخۆ ببەن . ئەوان دەتوانن کۆمەک بە چینەکانی خوارەوە بکەن تابگەن بە ڕۆژگارێک ،  لە بەرامبەر خۆشگوزەرانی چینەکانی سەرەوە وەکوشیعرەکەی ( ڤیکتۆر گارا) بچنە پشتی دورشمی : یان هەموومان ، یان هیچمان !

 ڕزگار عومەر
orezgar@yahoo.ca
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.