
هایدگه‌ر و ئامرازگه‌لی لێکدانه‌وه له شیڕۆڤه‌ی به‌رهه‌ڵستکاریدا
په‌ر هه‌رنگرێن
وەرگێڕانی لە سویدییەوە: سیاوه‌ش گۆده‌رزی
تێبینی وەرگێڕ:
پێموانییە ئەوەندە لە کوردستان باسی هایدگەر دەکرێ بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک سوید باسی بکرێ. ئەمە بە شێوەیەکی پارادۆکساڵ بەو مانایە نییە لە کوردستان هایدگەر باش دەناسن و لە سوید نایناسن. بەڵکوو سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە لە کوردستان لە مێژە خوومان بە نەخۆشییەکی خەراپ گرتووە ئەویش ڕیزکردنی ناوی فەیلەسووف و بەلێشاو چەمکی فەلسەفی و کۆمەڵناسییە لە وتار و ئاخافتنەکاندا، بۆ ئەوە ڕادەی ڕۆشنبیری خۆمان تاقی بکەینەوە. لە سوید لە مەجالی ئاکادێمی و لێکۆڵینەوە نەبێ وەک نموونە جارێک ناوی هایدگەر ناوکەوێتە نێو ناوان، یان ڕەنگە لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ئاساییەکاندا هەر نەشزانن هایدگەر بەری چ دارێکە. وەرگێڕانی ئەم وتارە ڕامان و تێڕوانینی نووسەر و لێکۆڵەرەوەیەکی سویدییە بە ناوی پەر هەرەنگرێن لە سەر چەمکی “ئامرازگه‌لی لێکدانه‌وه” لای هایده‌گه‌ر وەک کەرەستەیەک بۆ لێکدانەوەو شیکاری تیۆری به‌رهه‌ڵستکاری.
کاتێک ئێمه له گه‌ڵ شتگه‌لێک سه‌روکارمان په‌یدا ده‌بێ و ده‌مانهه‌وێ له ژێر ڕکێفماندابن حه‌وجێ نییه حه‌تمه‌ن ئه‌و شتگه‌له له وشیاریماندا هه‌بن به‌ڵکوو ئه‌و شتگه‌له بۆخۆیان هه‌ن. هه‌تا که‌متر بیر له چه‌کوشلێدان بکه‌ینه‌وه به هه‌مان شێوه‌ش ساناتر چه‌کوشه‌کان ده‌وه‌شێنین.
ئێمه لێره‌دا به هۆی ئامرازه لێکدانه‌وه‌ییه به ناوبانگه‌که‌ی هایدگه‌ر ده‌توانین جیاوازی له نێوان ئامراز و شتگه‌لدا دابنێین و بزانین شته‌کان که‌ی له وشیاری ئێمه‌دا هه‌ن. کاتێک چه‌کوشێک به‌کارده‌برێ، ئه‌و له نێو ده‌ستدایه و دوورە له وشیاری .
ئه‌وه‌ی که لای ئێمه بوونی هه‌یه ئه‌وه‌یه که چه‌کوشه‌که شکاوه یان ئه‌وه ئێمه نازانین به‌کاری به‌رین. لێره‌دا کێشه و پێچه‌ڵپێچییه‌یه‌ک سه‌رهه‌ڵده‌دا. شته‌کان له خۆیان به‌رهه‌ڵستکاری نیشان ده‌ده‌ن و پێویسته ئێمه‌ش بیریان لێبکه‌ینه‌وه. به‌رهه‌ڵستکاری ئامراز و ماتریا ده‌بێته هۆی زه‌حمه‌تی.
وشیاری و بوون له ناوه‌وه سه‌رهه‌ڵناده‌ن به‌پێچه‌وانه له زه‌حمه‌تی شته‌کانه‌وه وه‌دیدێن .
لێره‌دا چه‌کوش به هۆی زه‌حمه‌تییه‌کانییه‌وه بۆ ئێمه بوونی هه‌یه . ئه‌مه به‌و مانایه‌یه که ئێمه له میانه‌ی زه‌حمه‌تییه‌کاندایه که وشیاری له سه‌ر ئامراز و مه‌تریا وه‌ده‌ستدێنین. ئه‌وه‌ی که ته‌نیا ئێمه به قووڵی تێیده‌فکرین، ئه‌و کێشه‌یه‌یه که پێوستمان به چاره‌سه‌رییه‌که‌ی هه‌یه. ئه‌وه‌ی که به‌و هۆیه‌وه دێته نێو وشیاری ئێمه‌وه. زه‌حمه‌تییه‌کان، کۆسپه‌کان ده‌بنه هۆی ئه‌وه وشیاری ئه‌و شیانه‌ی وه‌هه‌وێڵ بکه‌وێ که شته‌کان له چوارچێوه و جیهانی خۆیاندا ببینین.
ئه‌وه‌ی که کۆسپ و زه‌حمه‌تی نییه له وشیاری ئێمه‌دا جێگه‌ی نابێته‌وه‌و له جیهانی تایبه‌ت به خۆی دایه. چه‌کوش و ئامرازێک که ئێمه که‌ڵکیان لێوه‌رده‌گرین ته‌نیا له نێو چوارچێوه و پێوه‌ندییه‌کانی خۆیاندا مانا ده‌ده‌ن و ده‌کار ده‌بردرێن. ئه‌وه ئه‌م چوارچێوه‌و پێوه‌ندییانه‌یه که ده‌بنه جیهانی چه‌کوش.
لێکدانه‌وه‌ی هایدگه‌ر له سه‌ر چه‌کوش و کارکردی چه‌کوش ده‌کرێ له سه‌ر له‌شه‌کانی ئێمه‌ش وه‌ڕاست گه‌ڕێ. به هاویناندا من دانسی ساڵسا ده‌که‌م. ڕێ ده‌که‌وێ ئه‌و کاتانه‌ی که من بیر له هه‌نگاو یان بزواندنی پێیه‌کانم ده‌که‌مه‌وه، ڕاست له‌و ده‌مانه‌دا دانسه‌که‌م لێ تێکده‌چێ و ڕیتمی هه‌ڵپه‌رکێکه‌م لێکده‌بچڕێ. یه‌که‌م ڕاهێنان و کۆرسی ساڵسام له بیره. ئه‌و کاتانه به وشیاری و له ڕووی بیرکردنه‌وه‌و پێیه‌کانم ده‌جووڵاند. من ده‌مه‌ویست تێبگه‌م و حاڵی ببم که چۆن هه‌نگاوه‌کان هه‌ڵده‌گیردرێن و سوڕانی ساڵسا ده‌کرێ. به‌ڵام هه‌تا کاتێک خۆم له بیرکردنه‌وه‌ی جووڵان و بزاوتنی هه‌نگاوه‌کانم ڕزگار نه‌کرد ئه‌وه فێری دانسی ساڵسا نه‌بووم. ساڵسا زانستێکی تاکییه‌تی نییه. ساڵسا پێکه‌وه له گه‌ڵ که‌سانی دیکه، له گه‌ڵ مۆسیقا و له گه‌ڵ که‌شوهه‌وای شوێن ده‌کرێ، ساڵسا له خۆیدا ته‌نیا له جیهانی ساڵسادا مانا ده‌دا و ده‌کرێ.
شته‌کان له گه‌ڵ یه‌کتری تێکه‌ڵن، به‌ڵام هه‌رکامه‌و کارکردێکی خۆی هه‌یه و له گه‌ڵ ئه‌وی دیکه و شته‌که‌ی دیکه مانا ده‌دا. ئه‌م تێکه‌ڵبوونه له نێویه‌کتردایه که “جیهان”ی فه‌لسه‌فی هایدگه‌ر پێکدێنێ. له‌و جیهانه‌دا جه‌سته یان شتی تاکییه‌تی بوونی نییه. ئه‌وان وه‌ک ئه‌تۆم بوونیان نییه. هاوڕێ له گه‌ڵ بیری دێلووز ده‌توانین بێژین کرده‌وه‌کان، له‌ش و جه‌سته‌کان و شته‌کان پێکه‌وه ده‌بنه هۆی سازبوونی مولوکول و زه‌حمه‌تییه‌کان.
ڕاستی له ته‌نیشتمانه‌وه نییه
هایدگه‌ر سه‌ری له‌وه سوڕ ده‌مێنێ که بۆچی فه‌یله‌سوفێک ده‌بێ خۆی به ئه‌رکدار بزانێ که ڕاستی له شێوازی هه‌بووندا به ئێمه بناسێنێ. ئه‌م ڕوانگه‌ی هایدگه‌رە ده‌کرێ ئاواش بخوێندرێته‌وه که دیسان ناکرێ ڕاستی له وشیاری گرێ بدرێ و بوترێ وشیاری ڕاستی ده‌بینێته‌وه. که له جیهان بژی و پێکه‌وه بژی پێش له هه‌موو شتێک به‌و مانایه که خۆت له ناوشیاریدا دێڵیته‌وه.
که پێکه‌وه کار بکه‌ی، پێکه‌وه له سیاسه‌تی گۆڕانی کۆمه‌ڵگادا به‌شدار بی، پێکه‌وه به‌رهه‌ڵستکاری بکه‌ی یان ئه‌وه هامووشۆ و تێکه‌ڵیت پێکه‌وه هه‌بێ، هه‌موو ئه‌مانه پێویستیان زیاتر به دووره‌په‌رێزی هه‌یه هه‌تا نزیکایه‌تی. سیاسه‌ت، به‌رهه‌ڵستکاری و هاوبه‌شییه‌تی کاتێک که‌وتنه سه‌ر ڕه‌وتی ئاسایی ئه‌وه له هه‌مانکاتدا ورده ورده ده‌بنه هۆی ناوشیاری و دووره‌په‌ڕیزی ئێمه له‌وان.
له کاتێکدا پێوه‌ندییه‌کان به‌باشی نه‌چنه پێش، شته‌کان بشکێن و خه‌راپ بن و هاوبه‌شییه‌تی ئێمه ببێته هۆی به‌رهه‌ڵستکاری ئه‌وه ناوشیاری له سه‌ر ئه‌و شتانه جێگەکه‌ی له گه‌ڵ وشیاری ده‌گوڕێته‌وه.
سیاسه‌ت ته‌نیا به‌مانای وشیاری سیاسی نییه. به‌رهه‌ڵستکاری ته‌نیا به مانای ڕاگوێزرانی زانیارییه‌کان له سه‌ر زوڵم و نه‌هامه‌تییه‌کانی جیهان نییه. به‌ڵێ ڕاسته که ئێمه بڕه جارێک تووشی هه‌ڵه ده‌بین و پێویستمان به ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کان هه‌یه. له‌و کاته‌دا ئێمه بۆ ماوه‌یه‌ک هه‌تا هه‌ڵه‌کان ڕاست ده‌که‌ینه‌وه، وشیاری وه‌ده‌ست دێنین و به‌ڵام دواتر که هه‌ڵه‌کانمان خسته پشته‌وه‌ی خۆمان جارێکی دیکه ئه‌وه تووشی ناوشیاری ده‌بین.
بزووتنه‌وه گه‌لی و جەماوەرییەکان و گرووپە بەرهەڵستکارییەکان هێندێک جار لە گرینگی دان بە زانیاری و لەو سۆنگەشەوە وشیاری زێدەڕۆیی دەکەن. ئەوان هەوڵ دەدەن خەڵکی بخەنە بەر ڕەهێڵەی زانیاری لە سەر هەموو کێشەکانی جیهان و ئەو کێشانەی کە ئێستا چارەسەرکردنیان لە شیان و توانای ئێمەدا نییە. لێرەدایە ئەوان بیر‌و فەلسەفەی هەر گرینگی هایدگەر لە بیر دەکەن. سیاسەتێکی سەرکەوتوو ئەوە نییە کە ئێمە تەنیا وشیاری کاتی بە خەڵکی بدەین. وشیاری باشە بەڵام نابێ کاتی بێت. کاتێک ئێمە کۆسپمان دەکەوێتە ڕێ، کاتێک کێشەی سیاسیمان بۆ دێتە پێشێ و پێویستە بە ئامرازی سیاسی چارەسەری بکەین، ئەوە ڕاست لەو کاتانەدایە کە پێویستی بە وشیاری خۆی بەرجەستە دەکا. لێرەدا وشیاری لە ڕێگای ئاکتۆرە سیاسییەکانەوە ناگوێزرێتەوە بەڵکوو وشیاری لە ناخی خودی کێشەکانەوە یان بەرهەڵستکارییەکانەوە سەرچاوە دەگرێ.
کار و چالاکی وەک بنەما بۆ بەرهەڵستکاری
ئامرازی لێکدانەوەی هایدگەر بە زۆری بۆ دابڕان لە هەبوون لە فەلسەفەو زانست‌دا کەڵكی لێوەرگیراوە. بەڵام من لەو باوەڕەدام کە بە هۆی هەمان ئامرازی لێکدانەوەی هایدگەر دەتوانین خۆمان لە گرینگیدانی زێدەڕۆیانە بە زانیاری و تێکۆشانی سیاسی و بەرهەڵستکاری داببڕین. هەمان ئامرازی لێکدانەوەی هایدگەر پێویستە بۆ ئەوە پێداچوونەوەیەکیشمان هەبێ لە سەر وشیاری بۆ چێ‌کردنی بیروڕای گشتی.
ئامرازێکی یەکجار گرینگ و پڕبایەخ بۆ کاری سیاسی و بەرهەڵستکاری کار و چالاکییە. چالاکی لە خۆیدا دەبێتە هۆی لەبیرچوونەوەی خودی زانیاری. چالاکی لە پلەی یەکەمدا بە مانای لە هەوێڵ خستنی زانیاری نییە بەڵکوو ونکردنی زانیارییە. چالاکی زەین و بیر و وشیاری ئێمە لە هەبوون و زانیاری دەپارێزێ.
لە پرۆسێسی گۆڕانی کاری سیاسی‌دا تووشی کۆسپ و کێشە دەبین، هێندێک جار هەڵە و کەموکۆڕییەکانی ڕابردوو لە ڕاستکردنەوەی هەڵەکاندا یارمەتیمان دەدا. زانیاری دەبێتە وشیاری. بەڵام کاتێک کێشەکان چارەسەر بوون ئەوە وشیاری وردە وردە دادەتەپێ. واتە جارێکی دیکە ناوشیاری لە سیاسەتدا دەستپێدەکاتەوە.
هایدگه‌ر: بەجیهانیبوون و بەناوچەییبوون
لێکدانەوەی هایدگەر لە سەر مەودا و نزیکی، هەرە کەرەستەی باشە بۆ لێکدانەوەو لێکۆڵینەوە لە سەر ڕۆڵ و گرینگی ئینتەرنێت و موبایل بۆ بەرهەڵستکاری و چالاکییەکان. لێرەدا با کەمێک بە چاویلکەی هایدگەرەوە بڕوانین بۆ ئەوە زیاتر گرنگی جیهانی دیژیتاڵمان لە چالاکی سیاسی‌دا بۆ دەربکەوێ.
کەمپیوتەر، تۆڕی ئینتەرنێت، بڵیندگۆ و پرۆگرامگەلی کەمپیوتری ئێستاش هەروەک چاویلکەکەی هایدگەر وان. کاتێک بە هۆی سکایپەوە (جۆرێک پێوەندی دیمەن و دەنگ لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە، وەرگێڕ) لە گەڵ هاوڕێم میکایل چالاکی مافی مرۆڤ کە لە وڵاتی گواتمالا لە شاری گواتمالا سیتی لە دەفتەرەکەی دانیشتووەو منیش لە دەفتەرەکەی خۆم لە هامارکولە (سوید) پێوندی دەگرم، هەمان تیۆری هایدەگەر وەڕاست دەگەڕێ. من لە دەفتەری هامارکولە دانیشتووم. لە نێوان من و میکایلدا ٧ کاتژمێر مەودا هەیە. بەو حاڵەشەوە میکایل لە شاشەی کەمپیوترەکەوە کە وێنەی میکایل نیشان دەدا، زیاتر لە منەوە نزیکترە. هەروەها دەنگی نزیکترە لەو بڵیندگۆیەی بە کەمپیوترەکەوە پەیوەست کراوەو دەنگەکە لەوێوە دێ.
ساڵی ٢٠٠٥ من لە گرووپێکی بەرهەڵستکاری کە تەیمانی فابریکای چەکی ناو‌کی لە ئاڵدرماستۆنی ئێنگلتەرە قرتاند بەشداریم کرد. ئێمە ١١ کەس بووین سەر بە ٥ نەتەوەیی جیاواز. لە پشتەی تەیمانەکە ئێمە بە شێوەی سیمبۆلیک نەمامی دارمێو و هەنجیرمان چاند. ئێمە گیراین بەڵام دوای ٣٦ کاتژمێر ئازاد کراین. لە چاوەڕوانی مەحکەمەدا ئێمە گەڕاینەوە وڵاتەکانی خۆمان: ترینا بۆ ئوسترالیا. توماس، مارتین و من بۆ گوتەنبۆرگ و ستۆکۆڵم لە سوید. ئەندامانی دیکەی گرووپ بۆ هولاند، ئیرلەند و شاری جیاوازی دیکەی ئینگەلتەرە گەڕانەوە. ئێمە لە ڕێگای ئیمایل و سکایپەوە پێوەندیمان دامەزراند و لە پرۆتۆکۆلی مەحکەمە و چۆنییەتی بەرگری لە خۆمان قسەوباسمان کرد. زۆر جار ڕێدەکەوت کە من و توماس لە مایورنا و لە هامارکولە لە پشت شاشەی کەمپیوترەکانمان دادەنیشتین و لە هەمان ڕێگای سکایپەوە دەماندی کە تریناش لە ئوسترالیا لە پشتەی کەمپیوترەکەی دانیشتووە. جیاوازییەکە ئەوە بوو کە ئەو لە کاتی نانخواردنی بەیانیدا و ئێمە لە کاتی خۆئامادەکردن بۆ خەوتندا بووین. ئێمە هەر سێکمان پێکەوە قسەمان دەکرد و لە دەنگووباسی ئەندامانی دیکەی گرووپ و خۆئامادەکاری بۆ مەحکەمە ئاگادار دەبووین. هاوبەشییەتی، پشتگیری و هاوخەمییەتی بۆ یەکتری لە ڕێگایەکی یەکجار دوورەوە کە بە هۆی شاشەی کەمپیوترەوە نزیک ببۆوە، بۆ ئێمە مسۆگەر ببوو.
بە پێی تیۆری هایدگەر شیانێکی زیاتر بۆ سیاسەتی ناوچەیی پێشهاتووە، لەوەی کە هەتا ئێستا ئێمە زانیومانه و پێی ئاشنا بووین. به‌ناوچه‌ییبوونی سیاسه‌ت و به‌رهه‌ڵستکاری هێندێک جار ته‌نیا تایبه‌ت بووه به ناوچه یان هه‌رێمێکی دیاریکراو. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا حاڵه‌تێکی تایبه‌ت به ناوچه‌ییبوونه. به‌رهه‌ڵستکاری له میانه‌ی ڕاهێنان، ئه‌زموونه‌کان و گێڕانه‌وه‌کانه‌وه، له خۆیدا فره‌لایه‌نی ده‌بێ. هه‌ر له‌و سۆنگه‌شه‌وه به‌ناوچه‌ییبوونیش فره‌لایه‌نی ده‌بێ. به‌رهه‌ڵستکاری له خۆیدا له ڕێگای به‌ناوچه‌ییبوونه‌وه ته‌شه‌نه ده‌کا و په‌ره‌ده‌ستێنێ.
کاتێک به‌رهه‌ڵستکاری به جیهاندا بڵاو ده‌بێته‌وه یان شێوازی به‌جیهانیبوون به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ، ئه‌مه له خۆیدا به‌و مانایه نییه که به‌ناوچه‌ییبوون کز و لاواز ده‌بێ. به‌پێچه‌وانه ته‌شه‌نه کردن ده‌بێته به‌ناوچه‌ییبوون و به‌ناوچه‌ییبوون له به‌جیهانیبوونه‌وه زیاتر به‌هێز ده‌بێ. هه‌ربۆیه ئێمه ناتوانین به‌جیهانیبوون و به‌ناوچه‌ییبوون وه‌ک دژبه‌ری یه‌کتری دابنێین.
هه‌ر له‌و سۆنگه‌شه‌وه ناوچه و جیهانیش له خۆیاندا دژبه‌ری یه‌کتری نین. ئه‌وه تێکڕای ناوچه‌کان پێکه‌وه‌یه که جیهان پێکدێنن. جیهان سندووقێک نییه که شته‌کانی تێدا جێگربووه، جیهان سندووقێکه که شته‌کان له گه‌ڵ یه‌کتری پێوه‌ندییان هه‌یه و جیهان پێکدێنن.
هایدگه‌ر دوو لایه‌نی دژبه‌ر ڕه‌د ده‌کاته‌وه‌و له ڕوانگه‌ی تیۆری سیاسی خۆیه‌وه وشیاری و بوون له گه‌ڵ یه‌کتری گرێ ده‌دا. هه‌روه‌ها هایدگه‌ر ڕوانگه‌ی باوی خه‌تی له سه‌ر هۆکار و کارتێکه‌ری ڕه‌د ده‌کاته‌وه‌و وشیاری له پێشه‌وه‌ی کرده‌وه داده‌نێ. ئه‌مه به هیچ جۆرێک به‌و مانایه نییه که هایدگه‌ر وشیاری و بوون له په‌رواێز ده‌خا. بوون و دوورایه‌تی، وشیاری و ناوشیاری به‌شگه‌لی گرینگی به‌رهه‌ڵستکاری و تێکۆشان یان ئه‌کتیڤیسمن. به‌ڵام ئه‌و بیره خه‌تییه سیاسییه که زانیاری و وشیاری پێش له کرده‌وه داده‌نێ ده‌بێ له گه‌ڵ بیر و ڕوانگه‌یه‌ک که ڕوونی ده‌کاته‌وه به‌رهه‌ڵستکاری سیاسی و گۆڕانی سیاسی چۆن وه‌دیدێن، جێگۆڕکێیان پێ‌بکرێ.
سه‌رچاوه‌کان:
Martin Heidegger, Being and Time, trans. J. Macquarrie, Robinson E., Harper & Row, ١٩٦٢, p ٩٨.
Martin Heidegger, Being and Time, Blackwell Publishing, ١٩٦٢, p ٢٠٠.
Martin Heidegger, Being and Time, Blackwell Publishing, ١٩٦٢, p ١٠٣.
Martin Heidegger, Being and Time, Blackwell Publishing, ١٩٦٢, p ٢٠٠.
G. Harman, ”Technology, objects and things in Heidegger”, Cambridge Journal of Economics, ٢٠٠٩, p ٤.
پڕۆفایل، په‌ر هه‌ره‌نگرێن كێیه؟
په‌ر هه‌ره‌نگرێن یه‌كێك له دامه‌رزێنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی به‌كارنه‌هێنانی توندوتیژییه له سوید. هه‌م وه‌ك نووسه‌ر، هه‌م وه‌ك لێكۆڵه‌ر و هه‌م وه‌ک خه‌باتکاری به‌کرده‌وه كه‌سایه‌تییه‌كی ناوبه‌ده‌ره‌وه‌ی سویدییه. دوکتۆرای له سۆسیۆلۆژی هه‌یه. له ساڵی ١٩٨٤وه له تێكۆشانه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی به‌كارنه‌هێنانی توندوتیژی له گۆڕه‌پانی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌شداری كردووه. له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ماوه‌ی ١٥ مانگ له‌به‌ر تێكۆشانی دژ به دروستكردنی رۆکێتی پرشینگی دووی چه‌كی ناوكی له فلۆریدا بۆ ماوه‌ی ١٥ مانگ زیندانی كراوه. له کۆتایی هه‌شتاکان فڕۆکه‌یه‌کی شه‌ڕکه‌ر که قه‌رابوو له ئاڵمانیا‌وه بگوێزرێته‌وه بۆ تورکیا و له شه‌ڕی کوردستاندا به‌کار ببرێ، تێکشاندووه. هه‌تا ئێستا ٩ کتێبی نووسیووه که دوایین كتێب ناوی (خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی: دیالۆگێكێکه). یه‌کێک له کتێبه‌کانی به ناوی “ڕێنمایی خه‌باتی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی” له لایه‌ن سیاوه‌ش گۆده‌رزی، وەرگێڕی ئەم وتارە، وەرگێڕدراوەتە سه‌ر زمانی کوردی و بۆ جاری یەکەم له سوید لە ساڵی ٢٠١٠ لە چاپخانەی ئاپێک و بۆ جاری دووەم لە هەولێر لە چاپخانەی ئاراس لە ساڵی ٢٠١١چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه.
تێبینی:
ئه‌م وه‌رگێڕانه له دواژماره‌ی هه‌ناردا بڵاوکراوه‌ته‌وه.