شه‌ڕ له‌سه‌ر ده‌رگا ئاسنینه‌كه
كه‌سی یه‌كه‌م له‌به‌ر ده‌رگا ئاسنین‌و گه‌وره‌كه‌دا وه‌ستاوه‌و ده‌ڵێت”ئێره وڵاتی گوڵ‌و خاوه‌ن شاری خه‌ون‌و هاوڵاتی پڕ له‌خه‌ونه‌كانه، قه‌واره‌یه‌كی ساده‌و نوێ، خاوه‌ن هه‌زاران دوژمن، هه‌میشه له‌سه‌ر لێواری روخانه، بێده‌نگبه‌و ئاگات له‌خۆت بێ گوڵه‌و نه‌یوه‌رێنی، هه‌رگیز نه‌ڵێی خه‌زانه،ئاگاداربه ده‌بێ بڵێی گوڵێكی جوانه‌و ئینجا بیخه‌یته ناو ئینجانه”!!. له‌ته‌ك ده‌رگا ته‌خته‌و ساكاره‌كه‌شدا كه‌سی دووه‌م وه‌ستاوه‌و ده‌ڵێت “ئێره وێرانستانه، وڵاتی ده‌ردو خه‌مانه، نه‌كه‌ی له‌ده‌رگا گه‌وره‌كه به‌یت،چون رێگاكه‌ی دڕكاوییه‌و دروستكراوی گه‌نده‌ڵانه، شاری بێ میروحاكمانه، نابێ ئاوا بڕوا‌و به‌ته‌نها له‌ره‌گ هه‌ڵته‌كاندنی ده‌رمانه”.
ئه‌م دوالیزمه هه‌میشه وێنای ره‌ش‌و سپی یان به‌هه‌شت‌و دۆزه‌خ، یاخود دوو جه‌مسه‌ری پێكناكۆكمان ده‌خاته به‌رده‌م، هاوشێوه‌ی یان له‌گه‌ڵمی یا دژمی، ده‌نگم پێبده‌یت ئازایت‌و بشیده‌ی به‌وانی تر ترسنۆك‌و نا ئینسانی، هه‌رچییه‌ك له‌ولا رووبدات درۆیه‌و ئه‌وه‌ی ئه‌ملاش راست.!!. واته به‌رده‌وام دووره له گه‌ڕان به‌دوای رێگه‌چاره‌ی دیكه، دووره له شێوازی سێیه‌می نه ره‌ش نه سپی.
مه‌به‌ست لێره‌دا خزانه نێو كێشه‌و ململانێ جیاوازه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگایه به ئامانجی تاووتوێكردن یان لانیكه‌م وروژاندنێكی سه‌رپێیانه‌یه بۆ به‌كردار چوونه ناو كه‌شێكی راسته‌قینه‌و دوور له هه‌ستی خۆسه‌پاندن‌و خۆ به جاویدانزانیی، كه‌سێك كه هه‌رگیز به‌خه‌یاڵیدا نایه‌ت رۆژێك بێت كورسییه‌كه‌ی جێبێڵێت، له راستیدا كه‌س بیر له رۆیشتن نه‌كاته‌وه ده‌بێ له‌م دۆخه‌دا سیاسه‌تكاره‌كان له‌به‌رچاویان بێ، هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی بچوكیان ره‌نگه ببێته مایه‌ی رۆیشتنی یه‌كجاره‌كیان.
دیاره گه‌ڕان به‌دوای ئیداره‌دان یان چاره‌سه‌ركردنی ململانێكانی ناو كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌كاندا، جگه له‌وه‌ی پێویستی به گیانی لێبورده‌یی‌و خۆنه‌ویستی هه‌یه، بوێریی‌و راستگۆیی‌و بیركردنه‌وه‌ی حه‌كیمانه‌شی پێویسته.
بۆ ئه‌وه‌ی وردتر مه‌به‌ستی ئه‌م نوسینه بپێكین ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه بۆ درێژه‌ی ده‌مه‌ته‌قێیه‌كه، كه‌سی دووه‌م كائینێكه راسته‌وخۆ له وه‌ته‌ره هه‌ستیاره‌كان ده‌دات‌و ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ی به‌رامبه‌ره‌كانی بژیێت، له‌مه‌شدا هه‌قی خۆیه‌تی، به‌ڵام گرفته‌كه له‌وه‌دایه به‌شێك له كاراكته‌ره‌كانی ژێر ده‌ستی، ئه‌وه نین، بتوانن حه‌قیقه‌ته‌كان بگه‌یه‌نن، كاراكته‌رانێكن ده‌یانه‌وێ به‌ده‌ستی پڕ له حه‌قیقه‌ته‌وه بێنه ناو شار، به‌ڵام كه ده‌گه‌ن‌و ده‌بینن حه‌قیقه‌تی تر‌و تێگه‌یشتنی دیكه هه‌ن، وه‌ك پاسه‌وانه كۆنه‌كانی به‌ر ده‌رگا ئاسنه‌كه ده‌رده‌كه‌ون‌و رێگه ناده‌ن یان حه‌زناكه‌ن پاسه‌وانی دیكه هه‌بن.
كه‌سی یه‌كه‌م (پاسه‌وانه پیره‌كانی به‌ر ده‌رگا ئاسنینه‌كه) به‌رده‌وام به‌م شێوازه وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت “ئه‌وه‌ی له گه‌رده‌لولدا له‌دایكبووبێت له شنه بایه‌ك ناترسێت زیانی پێبگه‌یه‌نێت”.
ده‌مه‌ته‌قێیه‌كه نمونه‌ی تێكهه‌ڵچڕژانی دوو كائینی پارادۆكس، دوو روئیای په‌ڕگیر، به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ده‌ن زه‌مه‌ن له چركه‌ساتێكی دیاریكراودا بوه‌ستێ، ئه‌م دوو بۆچونه به‌ئه‌نقه‌ست دژیه‌ك بووه، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه به‌رده‌وام ده‌ویسترێت له‌سنوره‌كانی بیركردنه‌وه‌دا چه‌قبه‌ستوو بین، زۆر به ده‌گمه‌نیش رێكده‌كه‌وێت، كه‌سێكی تر بدۆزیته‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌مه‌ته‌قێكه‌دا دوو قسه‌ی خێر بكا.
له‌راستیدا پێویستیمان به كه‌سێكه پێمان بڵێت” رێگا به‌ره‌و وڵات، نه گوڵڕێژه‌و نه دڕكڕێژه، نه به‌هه‌شت‌و نه‌دۆزه‌خه، مانه‌وه‌مان به‌ند نییه به‌به‌رده‌وامی خراپه‌كاری‌و قه‌ده‌ریشمان نابێ بدرێته ده‌ستی نادیاره‌وه، وڵات نه به دروشم به‌ڕێوه‌ده‌چێت نه به‌وته‌ی جوان‌و شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان، به‌ڵكو ئه‌میش كائینێكی زیندووه‌و پێویستی به خۆراك‌و هه‌ناسه‌دانه، هه‌روه‌ها پێویستی به چاودێری ته‌ندروستی‌و پارێزگارییه له گه‌رما‌و سه‌رما‌و قسه‌ی ده‌رو دراوسێ!!!”.
جه‌مال پیره