
سه‌رۆکی ئه‌کادیمیای کوردی و پرسی زمانی ڕه‌سمی کوردی
له باره‌ی زمانی ستانداردی یه‌کگرتووی کوردییه‌وه تا ئێستا گه‌لێک باس‌وخواس کراوه، کۆمه‌ڵیک بۆچوون و ڕای جیاواز خراونه‌ته ڕوو. هه‌ندێک پێیان باشه که ئه‌م له‌هجه کوردییانه وه‌ک زمانی دایک بۆ خوێندن به‌کار بێن، هه‌ندێکی دی پێیان وایه که زمانی کوردی له نێوان ئه‌م دوو له‌هجه سه‌ره‌کییه، کرمانجی باکور و کرمانجی ناوه‌ڕاست ده‌بێ به زمانێکی جووت ستاندارد، هه‌ر بۆیه ده‌بێ زمانی کوردی جووت ستاندارد بێ. هه‌ندێکی دی پێیان وایه که هه‌ر هه‌موو له‌هجه کوردییه‌کان وه‌ک یه‌ک بۆ خوێندن و په‌روه‌رده به‌کار بێن، ئه‌م گروپه دروشمی یه‌کسانی شێوه‌زاره‌کانیان به‌رز کردۆته‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ک باوه‌ڕیان به زمانی یه‌کگرتووی کوردی نیه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو ڕایانه، بۆچوونێکی چه‌سپاو هه‌یه که داوای زمانێکی یه‌کگرتووی کوردی ده‌کات له سه‌ر بنه‌ڕه‌تی ئه‌و زمانه ستاندارده‌ی که بۆ ماوه‌ی سه‌ت ساڵێکه له کوردستانی باشور خزمه‌ت ده‌کرێ و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کرێ، پێویسته بکرێ به زمانێکی ڕه‌سمی و سه‌رانسه‌ری بۆ ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان، له هه‌مان کاتدا هه‌ر ئه‌م زمانه کوردییه به هه‌موو له‌هجه‌کانی دیکه‌ی کوردی به وشه موتوربه بکرێ. له‌پاڵ زمانی ستانداردیش له‌هجه‌کان فه‌رامۆش نه‌کرێن، له بواری هونه‌ری و ئه‌ده‌بی درێژه به‌مانه‌وه‌ی خۆیان بده‌ن. وه‌ک هه‌مان ڕه‌وشی زمانی عه‌ره‌بی که یه‌ک زمانی ستاندارد و کۆمه‌ڵێک له‌هجه‌ی هه‌مه‌چه‌شنی ئاخاوتنی هه‌یه.
له ئاست ئه‌م هه‌موو دابه‌ش بوون و پاشاگه‌ردانییه زمانییه له‌م به‌شه‌ی کوردستان، ئه‌وه‌ی تا ئێستا وه‌ک پێویست هه‌ڵوێستی نه‌بووه، ده‌سه‌ڵاتی کوردی خۆیه‌تی به پله‌ی یه‌که‌م، چونکه ئه‌و به‌رپرسیاری یه‌که‌مه بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌یه، که‌چی ده‌سه‌ڵات نه‌ک هه‌ر هه‌وڵی یه‌کگرتنی زمانی نه‌داوه، به‌ڵکو ئه‌وه حکومه‌تی هه‌رێم خۆی ئیجازه‌ی داوه به له‌هجه‌کان بخوێندرێ و کتێبی په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه‌کان به له‌هجه‌کان چاپ ده‌کات و به‌سه‌ر قوتابییان دابه‌شی ده‌کات، به مانایه‌کی دی حکومه‌تی هه‌رێم خۆی ڕه‌واج به چه‌ند زمانی ده‌دات له بۆ کورد. دووه‌م ده‌زگا که ده‌بوایه هه‌ڵوێستێکی جدی و چاڵاکی هه‌بێ و بڕیاڕی یه‌کلاکه‌ره‌وه بدات، ئه‌کادیمیای کوردییه، که تا ئێستا وه‌ک پێویست ئه‌و ده‌وره‌ی بۆ زمانی کوردی نه‌بووه، وه‌ک ئه‌کادیمیا زمانییه‌کانی وڵاتانی دی بۆ زمانه‌که‌یان هه‌یانه.
به‌مدواییه سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ئه‌کادیمیای کوردی به‌ڕێز د. نوری تاڵه‌بانی له چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی چاو‌دێر له ژماره‌ی ڕێکه‌وتی 17-10-2011 باسی ئه‌وه ده‌کا که زمانی کوردی له‌به‌رده‌م مه‌ترسی دایه به هۆی به‌کارهێنانی کۆمه‌ڵێک وشه‌ی بێگانه و نادروسته‌وه. که‌چی سه‌یره سه‌رۆکی ئه‌کادیمیا باسی ئه‌وه ناکا که زمانی کوردی به‌هۆی به‌کارهێنانی ئه‌و هه‌موو شێوه‌زارانه‌وه ڕوو به ڕووی مه‌ترسییه‌کی زۆر قوڵ و ترسناک ده‌بێته‌وه. له وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی که هه‌ورامی و زازای و كهڵهوڕییهكان گله‌یی ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه شێوه زاره‌كانیان فه‌رامۆشكراون؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: ” پێموانیه ئه‌و دوو شێوهزاراوه په‌راوێز خرابن، هه‌میشه له‌ئه‌نجومه‌نی ئه‌كادیمیا باس له‌وه كراوه كه منداڵی كورد ده‌بێت به‌و زمانه‌ی له‌ماڵه‌وه قسه‌ی پێده‌كات بخوێنێت، ئه‌گینا سه‌ری لێده‌شێوێت. به‌ڵام ده‌بێت كارێكی واشبكرێت زمانێكی ره‌سمی دروستبكرێت.” وه‌ڵامه‌که‌ی د. نوری تاڵه‌بانی، دوو ده‌سته‌واژه‌ی ته‌واو دژ به‌یه‌ک له خۆ ده‌گرن، له سه‌ره‌تادا ده‌ڵێ منداڵ ده‌بێ به زمانی ماڵه‌وه بخوێنێ، له‌پاشان ته‌ئکید له‌سه‌ر زمانی ڕه‌سمی ده‌کاته‌وه. ده‌ی ئه‌گه‌ر منداڵی کورد به‌م هه‌موو له‌هجه کوردییه جۆراوجۆرانه‌ی ماڵه‌وه بخوێنێ، ئه‌وه هیچ گومان له‌وه‌دا نیه که له پاشهرۆژ ئێمه ده‌بین به خاوه‌نی کۆمه‌ڵه زمانێک بۆ په‌روه‌رده و خوێندن له قوتابخانه‌کان، ئیدی نه‌ک هه‌ر نابین به خاوه‌ن زمانێکی ڕه‌سمی یه‌کگرتوو، به‌ڵکو ده‌بێ له هه‌ر ناوچه‌یه‌ک کۆمه‌ڵێک زمانی ڕه‌سمیمان هه‌بێ. وه‌ک ئه‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆ له‌بادینان هه‌یه که ئه‌و له‌هجه‌یه بۆ په‌روه‌رده و ئیداره به‌کار دێت، له هه‌ورامانیش هه‌مان به‌رنامه‌یان بۆ له‌هجه‌که‌یان هه‌یه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ش بێت که له‌سه‌ره‌تاکانی خوێندن بۆ چه‌ند قۆناغێک به له‌هجه بخوێنن ئه‌وجا به زمانی ستاندارد، ئه‌مه‌ش هیچ سوودێکی نیه بۆ منداڵ که چه‌ند ده‌رسێک به له‌هجه بخوێنن، نه هیچ خزمه‌تێکیش به زمانی ستاندار ده‌کات و نه له هیچ وڵاتێکیش شتی وا هه‌یه. ئه‌مه ده‌کرێ بۆ ئه‌و که‌مه نه‌ته‌وانه باش بێ، وه‌ک مافی خوێندن به زمانی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان که له نێو وڵاتێکی نه‌ته‌وه‌یی دیکه‌وه ده‌ژین، بۆ نمونه وه‌ک تورکمانه‌کان و ئاشورییه‌کان که له‌گه‌ڵ کورد ده‌ژین، ده‌کرێ ئه‌و مافانه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر بکرێ. به‌ڵام هه‌رچی له‌هجه کوردییه‌کانه، ئه‌وانه له‌هجه‌کانی زمانێکن که زمانی کوردییه، موڵكی نه‌ته‌وه‌ی کورده، بۆیه زۆر نابه‌جێیه ئه‌و له‌هجه کوردییانه وه‌ک زمانی په‌روه‌رده و خوێندن به‌کار بێن. ئه‌گه‌ر ئه‌کادیمیای ئه‌مه به‌رنامه‌ی بێ و ئه‌مه تێڕوانینی بێ بۆ زمانی کوردی، ئه‌وا له‌م ڕێیه‌وه هه‌وڵی به زمانکردنی له‌هجه کوردییه‌کان ده‌دات، که ئه‌مه‌ش له پاشه‌ڕۆژ کۆمه‌ڵه زمان و کۆمه‌ڵه نه‌ته‌وه‌یه‌ک دروست ده‌بێ. بۆ زمانی ڕه‌سمی یه‌کگرتووش که سه‌رۆکی ئه‌کادیمیا ده‌یه‌وێ دروستی بکات، ده‌بێ هه‌ر له ئێسته‌وه ده‌ستی لێ بشوات. هه‌ر وه‌ک ئه‌مڕۆ ده‌بینین که سه‌ره‌تا پڕ مه‌ترسییه‌کانی ئه‌و قه‌یرانه زمانییه له کوردستان خۆی نیشان داوه و زه‌نگی خه‌ته‌ری لێداوه.
له کام وڵاتی عه‌ره‌بی، هه‌ر له خه‌لیجه‌وه تا ئۆقیانوسی ئه‌تڵه‌سی، به زمانی ماڵه‌وه ده‌خوێندرێ؟ که ئه‌و هه‌موو له‌هجه هه‌مه‌چه‌شنه‌ی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن له وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان ئازادی و دیموکراسی نیه، با سه‌یرێکی ئه‌وروپا بکه‌ین. له‌م ئه‌وروپایه له نێو جه‌رگه‌ی دیموکراسیه‌ت و مافی مرۆڤ، مافی زمانی، مافی زمانی دایک، له کام وڵاتی ئه‌وروپا منداڵ به زمانی ماڵه‌وه ده‌خوێنێ؟ زمانی ستانداردی خوێندن له هیچ وڵاتێک زمانی قسه کردنی ماڵه‌وه نییه، زمانی خوێندن، زمانێکی پته‌و و یه‌کگرتووه و به ستاندارد کراوه، ئیعتیباری هه‌یه بۆ خوێندن، قوتابی له قوتابخانه‌کان و زانکۆکان ده‌یخوێنن، به‌هایه‌کی زانستی و مه‌عریفه‌یی هه‌یه، زمانی سه‌رچاوه و کتێبه.
له به‌ریتانیا له نێو ئینگلیز زمانه‌کان چه‌ندین له‌هجه‌ی هه‌مه‌چه‌شن و هه‌ندێک له‌هجه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ش هه‌یه که له ماڵه‌وه و له‌ده‌ره‌وه قسه‌ی پێده‌کرێ، وه‌ک له‌هجه‌ی یۆرکشایه‌ر Yorkshire له باکوری رۆژهه‌ڵاتی ئینگڵاند، که ئه‌سڵه‌که‌ی ده‌چێته‌وه سه‌ر ئینگلیزی کۆن و نه‌رویجی کۆن، له‌هجه‌ی لانکشایه‌رLancashire له باکوری رۆژئاوای ئینگڵاند، هه‌ندێک له‌هجه‌ی پرژوبڵاویش هه‌یه که تێگه‌یشتنیان زۆر زه‌حمه‌ته: بۆ نمونه سکاوس Scouse له لیڤه‌رپول، کۆکنی Cockney له رۆژهه‌ڵاتی له‌نده‌ن، له‌هجه‌ی جیۆردی Geordie له ناوچه‌ی تاینیساید له باکوری رۆژهه‌ڵاتی ئینگڵاند، که هه‌ریه‌کێک له‌م له‌هجانه له ڕووی وشه و فۆنه‌تیک و مۆرفۆلۆژی و ته‌نانه‌ت ڕێزمانیش له‌گه‌ڵ زمانی ستانداردی ئینگلیزی جیاوازییان هه‌یه، که‌چی تائێستا ئاخێوه‌رانی ئه‌و له‌هجانه داوای مافی خوێندنیان به‌م له‌هجانه نه‌کردووه، هه‌رگیز ئیدیعای ئه‌وه‌شیان نه‌کردووه ک ده‌یانه‌وێ به زمانی ماڵه‌وه‌یان منداڵه‌کانیان له قوتابخانه بخوێنن، چونکه گوایه، ئه‌گه‌ر به زمانی ئینگلیزی ستاندارد بخوێنن، ئه‌وا سه‌ریان لێده‌شێوێ. ئه‌م له‌هجانه ته‌نها بۆ ئاخاوتنه به هیچ شێوه‌یه‌ک له بواری په‌روه‌رده و خوێندن به‌کار نایه‌ن، هه‌ندێک جار بۆ گۆرانی به‌کار دێن یان له هه‌ندێک بواری دیکه‌ی هونه‌ری، چونکه ئه‌مانه به به‌شێکی زمانی ئینگلیزی داده‌نرێن و ئاخێوه‌رانیان له رووی ئه‌تنیکی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ئینگلیزن. به‌ڵام له پاڵ ئینگلیزه‌کان له به‌شی رۆژئاوای به‌ریتانیا له هه‌رێمی وێڵز، زمانی وێڵزی هه‌یه که زمانێکی ته‌واو جیاوازه له‌گه‌ڵ ئینگلیزی، له خێزانی زمانه کێلتییهکانه Celtic Languages که له به‌ریتانیا مافی خوێندن و به‌کارهێنانی پێدراوه، ئه‌مڕۆ ئه‌م زمانه به‌رده‌وام له په‌ره‌سه‌ندن و بوژانه‌وه‌دایه، له سه‌رتاسه‌ری ئه‌و هه‌رێمه، ڕێگا و بان و شوێنه ئیدارییه‌کان به‌و زمانه نووسراوه چونکه وێڵزه‌کان وه‌ک سکۆتی و ئێرله‌ندی به نه‌ته‌وه ئینگلیز نین و زمانه‌که‌شیان ئینگلیزی نیه، هه‌ر بۆیه به پێی مافی ئازادی زمانی له‌م وڵاته دیموکراسییه، ئازادی به‌کارهێنانی ده‌سته‌به‌ر کراوه. ئه‌مه پرۆسه‌ی به دیموکراسی کردنی زمانه که له به‌ریتانیاو وڵاته ئه‌وروپییه‌کانی دی پیاده کراوه، نه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له کوردستانی باشور به ناوی مافی مرۆڤ و دیموکراسی زمان و مافی زمانی دایک، له‌هجه کوردییه‌کان له بواری خوێندن به‌کاردێن، که به‌مه‌ش زه‌برێکی کوشنده له زمانی کوردی و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌درێ. جێگه‌ی داخه که له کوردستان له ژێر ئه‌م دروشم و ناوانه زمانی کوردی به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌برێ و ئه‌م هه‌موو زمانه بۆ کورد دروست ده‌کرێ. لای زۆر که‌س، له‌وانه‌ی که داوای ئازادی به‌کار هێنانی له‌هجه ده‌که‌ن، له ناشاره‌زایی و بێئاگاییه‌وه، مافی زمان بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ له‌هجه‌کانی زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، تێکه‌ڵ کراوه. بۆ نمونه زۆر جار باسی ئه‌وه ده‌کرێ که بۆچی تورکمانه‌کان و ئاشورییه‌کان به زمانی خۆیان ده‌خوێنن و که‌چی له‌هجه‌یه‌کی کوردی وه‌ک بادینی یان هه‌ورامی بۆیان نییه به له‌هجه‌که‌ی خۆیان بخوێنن..! کاتی ئه‌وه هاتووه که چیدی ئه‌م ناوانه نه‌کرێن به ئامرازێک بۆ دابه‌شکردنی زمانی کوردی به‌سه‌ر له‌هجان، با ته‌ماشایه‌کی بارودۆخی زمانه‌کان بکه‌ن له وڵاته دیموکراسییه‌کان.
زمانی دایک له هه‌موو وڵاتێک زمانی ڕه‌سمی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی ئه‌و وڵاته‌یه، هه‌رگیز له‌هجه یان زمانی ماڵه‌وه ناگرێته‌وه، که ده‌ڵێن جالییه‌ی عه‌ره‌بی له ئه‌وروپا به زمانی دایک ده‌خوێنن، واته به‌و زمانه ڕه‌سمی و ستاندارده عه‌ره‌بییه ده‌خوێنن که پێیده‌ڵێن عه‌ره‌بی (فصحی)، هیچ عه‌ره‌بێک نه له ناوه‌وه‌ی وڵات و نه له‌ده‌ره‌وه به له‌هجه ناخوێنن. کاتی ئه‌وه‌ش هاتووه که ئه‌کادیمیای کوردی خۆی یه‌کلا بکاته‌وه بۆ زمانی کوردی چی ده‌وێ، ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێ منداڵانی کورد له قوتابخانه به زمانی ماڵه‌وه بخوێنن، ئه‌وا ده‌بێ زمانی یه‌کگرتوو و ڕه‌سمی کوردی له‌به‌رنامه‌ی کاره‌کانیان لابه‌رن، ئه‌گه‌ر زمانێکی یه‌کگرتووی کوردیشیان گه‌ره‌که که هه‌موو کوردێک له قوتابخانه‌کان له‌م هه‌رێمه پێی بخوێنن، ئه‌وا ده‌بێ واز له زمانی ماڵه‌وه بێنن، زمانێکی کوردی ستاندارد هه‌یه به وشه و موفره‌داتی هه‌موو له‌هجه‌کانی دی به‌هێزی بکه‌ن و ده‌وڵه‌مه‌ندی بکه‌ن.
ئه‌مڕۆ زمانی کوردی له‌م هه‌رێمه به قۆناغێکی زۆر ناسک و پڕ مه‌ترسی تێده‌په‌ڕێ، پێویستی به ده‌سه‌ڵاتێکی بوێر و شاره‌زا و نیشتیمانی و کوردانه هه‌یه که ئه‌م مه‌سه‌له‌یه یه‌کلا بکاته‌وه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش له ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حکومه‌ت دایه، که تا ئێستا وه‌ک پێویست ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه زمانی کوردی‌یان نهکرۆدته خه‌می خۆیان. سپاردنی ئه‌م کاره به نه‌وه‌ی دوارۆژ، وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم ئیشاره‌تی پێدا له لێدوانه‌که‌ی له ناوچه‌ی سۆران، ئه‌مه چاره‌سه‌ر نه‌کردنی کێشه‌که‌یه، ڕاکردنه له به‌رپرسیاره‌تی مێژوویی ئه‌م پرسه ستراتیجییه بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه ئه‌م پرسه یه‌کلانه‌کرێته‌وه، به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه و پته‌وی بۆ دانه‌ندرێ، به بێ پلان و پرۆژه به ئه‌وه‌ی دوارۆژی بسپێری و به‌و هیوایه‌ی ئه‌وان زمانی یه‌کگرتوومان بۆ دروست بکه‌ن، ئه‌وا نه‌وه‌ی دوارۆژ نه‌ک هه‌ر ناتوانن ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکه‌ن، به‌ڵکو به ڕاده‌یه‌ک بۆیان سه‌خت و دژوار ده‌بێ، به ناچاری ده‌بێ ئه‌و واقیعه قبوڵ بکه‌ن که ئه‌و له‌هجانه زمانی سه‌ربه‌خۆن و پێویسته له هه‌موو بوارێک به‌کار بێن، هیچ گومان له‌وه‌دا نیه، نه‌وه‌ی دوارۆژیش ئۆباڵی ئه‌م پاشاگه‌ردانی و دابه‌ش بوونه زمانییه، ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه، گله‌یی له چینه رۆشنبیره‌که‌ی و ده‌سه‌ڵاته حوکمڕانه کوردییه‌که‌ی ده‌کرێت، که له ئاست زمانه‌که‌یان که‌مته‌رخه‌م و خه‌مسارد بوونه.
سوداد ڕه‌سول
sudad.rasool67@gmail.com
• ئه‌م وتاره له گۆڤاری سڤیل ژماره 110 ی ڕێکه‌وتی 3 – 12 – 2011 بڵاو کراوه‌ته‌وه.