خونچه وشه و خونچه مانا
په‌یامی شیعر وه‌ك هه‌ویرێكه بۆ دروستكردنی سه‌دان جۆری خواردن. شیعر خۆ هه‌ڵواسینه به تیشكه‌كانی په‌لكه‌زێرینه، شیعر نووسینه‌وه‌ی پیاسه‌كانی به‌ر بارانه, خه‌ون تاكه شوینگه‌ی باڵاكردنی شیعره, له ئاوسبوونی عیشق هه‌میشه وه‌چه‌ی شیعر ده‌كه‌وێته‌وه, منداڵه‌كانی عیشق جارێكی دیكه، خولیاكانی شیعر ده‌به‌نه‌وه لوتكه‌ی چیاكان و نزیك سنوره‌كانی به‌هه‌شت و به‌رده‌م تڕاویلكه‌كانی بیابان. شیعر هه‌رده‌م نزیكمان ده‌خاته‌وه له سه‌رسامبوون به هه‌بووه‌كان. كاری شیعر ئه‌وه‌نییه ژماره‌كان كۆبكاته‌وه به‌ڵكوو كۆده‌كانی ئه‌وین شیده‌كاته‌وه. ئێمه هه‌رگاڤ له به‌رده‌م خواستی شیعردا ڕووتده‌بینه‌وه. په‌یامی شیعر به‌پله‌ی یه‌كه‌م مرۆڤدۆستییه. شیعر قه‌ت هانمان نادا باس له‌ناشیرینكردنی یه‌كتر بكه‌ین, شیعر هه‌رگیز فێرمان ناكات دڵره‌ق بین به‌رامبه‌ر به جوانییه‌كانی ژیان. شیعر فێرمان ده‌كات جیاوازی نێوان شه‌ونمی گه‌ڵاو فرمێسكی دایكێك نه‌كه‌ین. شیعر به‌رباسدانی نازه‌كانی مانگه‌شه‌وه, شیعر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پێده‌شتی جوانیه وشكبووه‌كانه. شیعر شۆربوونه‌وه‌یه به ڕه‌گی پرسیار و گومان.
له ماوه‌ی ڕابردوودا سێ دیوانی شیعری (مه‌سعوود په‌ریشان) چاپكران, ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی به چاپ گه‌یاندوون, به‌رهه‌مه‌كان له‌ژێر ناوی(مانگه‌شه‌و , هه‌رزه‌یی و وه‌رزی جوامێری,خونچه شیعره‌كانی مه‌سعوود په‌رێشان).ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌مه‌وێت چه‌ند سه‌رنجێكی هه‌مه‌لایه‌نی له‌باره‌وه بڵێم، ته‌نها دیوانی(خونچه شیعره‌كانی مه‌سعوود په‌رێشان)ه, شاعیر له‌م دیوانه‌دا كورته شیعره‌كانی خۆی بڵاوكردۆته‌وه كه به خونچه شیعر ناوی بردوون, له‌كۆی هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌دا چه‌ندین ته‌وه‌ر و باسی جیاواز ده‌بینرێن كه له‌پشت ماناكانی ئه‌و خونچه شیعرانه‌وه وه‌ك نهێنییه‌كی ئاسان خوێنه‌ر ده‌توانێت ده‌سته‌مۆیان بكات. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وی له‌باره‌یه‌وه بدوێم چه‌ند ته‌وه‌رێكه, (پرسی شیعر ، زمانی شیعر، فۆڕمی شیعر) ئه‌مانه به‌یه‌كه‌وه به‌رهه‌مێكی ناوازه ده‌خوڵقێنن. ناكرێت شیعرێكی جوان بنووسین كاتێ یه‌كێك له‌م سێ پرسه فه‌رامۆش بكه‌ین. هه‌ر چه‌نده بیروڕای جیاواز و قسه‌ی زۆر هه‌یه سه‌باره‌ت به‌هه‌ریه‌كیك له‌مانه, به‌ڵام من هه‌وڵده‌ده‌م به‌كورتی سه‌رنجه‌كانم له ڕوانگه‌ی ئه‌م سێ بنه‌مایه‌وه بخه‌مه‌ڕوو. ئه‌گه‌ر له فۆڕمی شیعره‌كانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین, پێویسته بڵێین فۆڕمی شیعری یه‌كێكه له بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی داهێَنانی شیعر. شاعیران به‌درێژایی مێژوو له هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوون كه فۆڕمی جیاواز ببه‌خشن به‌شیعر, هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌ڕابردوودا تا نها بینراوه چه‌نده‌ها جۆر فۆڕمی شیعری له‌سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان دا بووه‌ته مۆدێلی شیعری. ئه‌وه‌ی گرینگی فۆڕمی شیعری ده‌رده‌خات ته‌نها ته‌كنیكی داهێنه‌رانه‌ی نووسه‌ر نییه, به‌ڵكوو، ئه‌و مه‌یله‌یه كه فۆڕمه‌كه نیشانی ده‌دات بۆ زۆرترین چێژی شیعری، یاخود زۆرترین مانای شیعری. ئه‌گه‌ر زۆر دوورنه‌كه‌وینه‌وه له‌بابه‌تی سه‌ره‌كی چه‌ند شتێك به‌ڕوونی ده‌رده‌كه‌ویت. به‌بۆچوونی من فۆڕمی گفتوگۆ یه‌كێكه له فۆڕمه ئالۆزه‌كان كه‌به‌رده‌وام ئیشكالی شیعربوون و شیعرنه‌بوونی له‌سه‌ره, به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی تێكسته فه‌لسه‌فیه‌كانی ئه‌رستۆ و سوقرات و ئه‌فلاتۆن و یارانیان له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی یۆنان و ڕۆما بریتیبوون له گفتگۆ و دایه‌لۆگ(وێڕای ئه‌وه‌ی بیروڕایه‌ك هه‌یه ده‌ڵێت: ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه له‌و گفتوگۆیانه‌دا سنوریان تێكه‌ڵكراوه). ئه‌و گفتوگۆیانه هه‌رگیز به فۆڕمی شیعری ئه‌ژمار نه‌كراون . هه‌روه‌ها به‌پله‌ی یه‌كه‌م داهێنه‌ری ئه‌و فۆڕمه نووسینه كه شێوازی گفتوگۆیه بۆده‌رخستنی پرسێكی فه‌لسه‌فییه كه له‌ئه‌نجامی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌ی دوور‌و درێژ و به‌رده‌وام و دواتر گه‌یشتن به وێستگه‌یه‌ك كه لوتكه‌ی قه‌ناعه‌ته بۆ گفتوگۆكه‌ران . ئه‌مه جگه له‌و فۆڕمه گفتوگۆییه‌ی كه له چیرۆك و ڕۆماندا هه‌یه كه به‌بڕوای به‌نده ئه‌و فۆڕمه بنه‌چه‌كه‌ی له چیرۆكه‌وه هاتووه‌ته ده‌ره‌وه و دواتر ئه‌و فۆڕمه بۆ ناو پرسه فه‌لسه‌فیه‌كان دزه‌ی كردووه. ئه‌گه‌رچی له شیعره‌كانی دا په‌رێشان خۆی یه‌كلاینه‌كردوه‌ته‌وه بۆ فۆڕمێكی دیاریكراو چونكه له‌ناو ئه‌و شێوازه گفتوگۆیه‌ی نێوان ڕاناوه‌كانی (ئێمه و ئه‌وان و من و تۆ)، فۆڕمی جیاواز ده‌بینم كه به‌شێكییان نزیكن له فۆڕمی گێرانه‌وه. هه‌روه‌ها گفتوگۆ به‌شێوه‌یه‌كی ڕووت هه‌ستی پێده‌كرێت, شاعیر به‌رده‌وام ئه‌و گفتوگۆیه ده‌خوڵقینی و به‌رامبه‌ر ده‌خاته په‌یڤین. زۆرێك له‌و خونچه شیعرانه هه‌ڵگری فۆڕمی دایه‌لۆگیین, بۆیه ئه‌و بابه‌ته كه‌مێك له‌شعیردا سه‌رنجراكێش نییه, وه‌لێ زۆر شاعیری جیهانی و ناوخۆیی شیعری گفتوگۆئامێزی له‌و جۆره‌یان هه‌یه, به‌ڵام به‌بۆچوونی به‌نده شیعر واباشه جوانییه‌كانی خۆی بپارێزێ و له شێوازی گفتوگۆ دووركه‌وێته‌وه, باشتر وایه شیعر به‌فۆڕمێك بنووسرێت كه له‌نێوان هه‌موو شێوازه‌كان چاوشاركێ هه‌بێت, واتا گشگیری گرینگه نه‌ك گفتۆیه‌كی ڕووت وه‌ك ئه‌وه‌ی په‌رێشان ده‌ڵێت:
یه‌كێك پرسی: مامه حه‌مه كاممان شێتین
ئه‌ویش گوتی:ئه‌وه‌ی به‌شێتێك بڵی شێت
گوتی ئاخر من له‌وه‌ته‌ی هه‌م ده‌تناسم
گوتی:سه‌یره
من بناسی و خۆت نه‌ناسی …….
لاپه‌ره50
یاخود گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت:
به‌دڵم گوت: ڕوو له‌كوێ كه‌م
گوتی: بۆ یه‌كه‌م ژوانگه
گوتم: ئێستاكه وێرانه
گوتی:بیكه به‌نزارگه …… لا13
ئه‌مه وه‌ك دوو نموونه گه‌رنا به‌شێكی شیعره‌كانی په‌رێشان فۆڕمی گفتووگۆن, ئه‌مه‌ش جێگه‌ی قسه‌كردنی زیاتره.به هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی زۆر به‌لامه‌وه سه‌رنج ڕاكێشه پرسی بابه‌ته شیعیریه‌كه‌یه، نه‌ك فۆڕمی شیعره‌كه، وێرای نكووڵی نه‌كردن له‌به‌رامبه‌ر گرینگی فۆڕم وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه ڕوونمانكرده‌وه,به‌ڵام به‌گشتی شاعیر له‌رێگه‌ی په‌یڕه‌وكردنی چه‌ند فۆڕمێكی جیاوازه‌وه تاراده‌یه‌ك شیعریه‌كانی خۆی بردوه‌ته لوتكه‌ی ویست. ئه‌وه‌ی كه ناكرێ له‌بابه‌تی فۆڕمی شیعره‌كانی په‌رێشان له‌بیر بكرێت ئه‌و كێش و ئاوازه‌یه كه له‌زۆرینه‌ی شیعره‌كاندا رێچكه‌ی شیعری كلاسیكمان بیرده‌خاته‌وه. ئه‌و نه‌رمه ئاواز و قافییه‌یه‌ی كه په‌رێشان به‌كاری هێناوه به‌بۆچوونی من مامناوه‌ندییه‌كه له‌نێوان شیعری ئازاد و شیعری كلاسیك, په‌رێشان یه‌كه‌م شاعیر نییه به‌و فۆڕمه ده‌نووسێت به‌ڵكوو زۆر شاعیریدیكه‌ش مه‌یلیان له‌م شێوازه‌یه، به‌تایبه‌ت په‌شێو و دڵشاد مه‌ریوانی و….هتد
پرسی شیعر زۆر گرینگه, مالارمیه‌ی شاعیر چه‌ندین ساڵ له مه‌وبه‌ر وگوتویه‌تی: ” شیعر هزر و واتا نییه, به‌ڵكوو مۆسیقایه”. به‌ڵام من له‌ته‌ك ئه‌و وته‌یه‌دا كۆك نیم و بڕوام وایه شیعری بی هزر وه‌ك خانوویه‌كی به‌تاڵ وایه, كه له‌ده‌ره‌وه زۆر جوان و قه‌شه‌نگ و ڕازه‌وه‌یه به‌ڵام له ناوه‌وه پڕ له دڕك و شتی بێ سوده و كه‌س ناتوانێت تێدا بژێت و سودمه‌ند بێت.
هه‌ڵبژاردنی پرسێكی ئاڵۆزی فه‌لسه‌فی جێگه‌ی تێرامانی گه‌وره‌یه, زۆر جێگه‌ی تێفكرینه ئه‌گه‌ر شیعر له‌یه‌ك كاتدا خاوه‌نی ناسكی و پرسێكی باڵا بێت, واتا شیعر هه‌ر ئه‌وه نییه كه به وشه‌ی ناسك بنووسرێت , به‌ڵكوو پێویسته شیعر له‌پاڵ وشه‌ی جه‌ززابدا مانایه‌كی قووڵ بخاته چاو و دڵی خوێنه‌ره‌وه, هه‌ر له یه‌كه‌م خوێندنه‌وه‌دا عه‌شقێك ببه‌خشێت به خوێنه‌ر, كه ئه‌و عه‌شقه بێ خواستی بێت خودی وشه‌كان و ناوه‌رۆكی شیعره‌كه ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نێته خوێنه‌ر. له شیعره‌كانی په‌رێشان به‌ڕوونی دیاره كه پرسی جۆراو جۆر هه‌یه. ڕامانی من بۆ دواترین په‌رتووكی شیعری مه‌سعوود په‌رێشان, به‌بی گومان و بیركردنه‌وه‌ی قووڵ تێپه‌ڕی, كاتێ له خویندنه‌وه‌ی شیعره‌كان ده‌بوومه‌وه گومان و بیركدنه‌وه‌م خه‌وتبوو, بێگوومان هیچ پرۆژه‌یه‌كی نووسین بێ ڕه‌خنه نییه, تێكستی باش ئه‌وه‌یه كه خویندنه‌وه‌ی جیاواز بگریته‌خۆی, هه‌روه‌ها پرسیار و گومان بخوڵقینی بۆ چاو و دڵی خوێنه‌ر, به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه پرسی زۆرینه‌ی شیعره‌كان كۆمه‌ڵایه‌تی و ناوخۆیین, ئه‌وا پانتای گرتنه‌خۆی زۆرێك له بیروڕا جیاواز و گشتییه‌كانی كه‌مكردۆته‌وه.
هه‌روه‌ها به‌شێكی كه‌م له‌م كورته شیعرانه هه‌ڵگری په‌یامێكی گشتین بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی, ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه بیڵێم، بیركردنه‌وه‌ی شاعیر ته‌واو گیری خواردوه له‌و ژینگه‌یه‌ی كه ئێستا تێدا ده‌ژێت و له ڕابردوودا تێدا گه‌وره بووه, پرسی سیاسی‌بوون و هه‌ستی ناسیۆنالیزمی لای شاعیر به فراوانی به‌هه‌ند وه‌رگیراوه, شاعیر بۆ زۆرینه‌ی ڕووداو و بابه‌ته سیاسییه‌كان قسه‌ی خۆی هه‌یه, وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌شیعره‌كانی(باوه‌نور,نه‌ورۆز,سه‌روبه‌ر گه‌ڵوو, قه‌ندیل ,پشتئاشان ,كه‌ركوك ,قاسمه‌ره‌ش ,قۆریتان ..تاد). ئه‌م نموونانه به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی فیكری شاعیری پێ واڵا بكرێت. خاڵێكی تر كه جێگه‌ی ئه‌وه‌یه باسبكرێت ئه‌و خۆویستیه‌یی شاعیره له ناو شیعره‌كاندا, شاعیر به‌رده‌وام له‌شیعره‌كاندا راناوی (من), به‌كارده‌هێنیت, به‌كارهێنانی ئه‌م ڕاناوه زۆر هه‌ستیاره, چونكه به‌هۆی ئه‌و ڕاناوه‌وه زۆرشت ئاراسته وه‌رده‌گرێت و شاعیریش قسه‌ی زاڵ ده‌خاته مێشكی خوێنه‌ر, من بروام وایه پێویسته به‌كه‌می ئه‌و راناوه به‌كاربێت بۆ ئه‌وه‌ی شاعیر به‌شێوه‌یه‌كی پاسیڤ ده‌ركه‌وێت, ئه‌و پاسیڤییه هه‌م بۆ شاردنه‌وه و جوانكردنی هه‌ندێ ته‌لیسم و هه‌ندی هێڵی په‌نهان , به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌و خونچه‌شیعرانه‌ی په‌رێشان ده‌یبینم زیاتر نووسینه‌وه‌ی ڕابردوو و شانازیكردنه به( من) واتا شاعیر خۆی, هه‌ستێك له‌ناخی شاعیردا هه‌یه كه به‌هۆی ئه‌و راناوه‌وه ده‌ركه‌وتووه, ئه‌و هه‌سته‌ش لای هه‌موو مرۆێ هه‌یه لێ له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی دیكه جیاوازه, من به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر لای په‌رێشان هه‌ست پێده‌كه‌م, ئه‌ویش هه‌ستی (خود باڵایی – انا الاعلی), ئه‌م هه‌سته‌ش له‌زۆر باردا باش نییه.بۆ نمونه شاعیر له‌م دێرانه‌دا:
*من به‌فریكی نه‌توایه‌وه‌م…….لا51
*له‌و ئامێزه حه‌سره‌تییه‌ی من…. لا56
*دۆڕان ناچێته نێو هه‌گبه‌ی به‌رده‌وامیم ….لا68
ته‌نانه‌ت له شیعری ((په‌رێشان بوون)). لا67, شاعیر به‌ته‌وای باڵای خۆی ده‌نوسیته‌وه.
هه‌روه‌ها له‌به‌شێ كورته شیعره هاودژه‌كان تۆختر ئه‌و خۆ باڵاییه ده‌رده‌كه‌وێت وه‌ك:
*بوونه‌وه‌ر جارێ دێته گۆ
من دوو جاران
جارێك به‌ده‌نگ و ڕه‌نگی خۆم
جارێكی دی به‌ده‌نگ و ڕه‌نگی هه‌مووتان …لا 76
یا خود ده‌ڵێـت:
*كێ گره‌و له زمانی من ده‌باته‌وه…لا98
*من تراویلكه‌ی بێ واده و كات و ساتم……لا98
*كراسێكی سوورم له‌به‌ره
*له‌هیچ به‌ره‌یه‌ك ناترسم….لا101
هه‌روه‌ها له‌م كۆپله شیعره‌دا شاعیر له‌باسی خۆیدا ده‌گاته لوتكه و ده‌ڵێت:
دوێنی خۆمم نه‌ده‌ناسی
ئه‌مرۆ دارێكم گه‌وره‌و پڕ
دوێنی تاكێكی ته‌نها بووم
ئه‌مرۆ دارستانێكی چڕ …لا78
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه به‌رباسی بده‌ین زمانی شیعری په‌رێشانه, ئه‌و شاعیرێكه تا دوا سنوور به وشه‌ی ساده و به‌زمانێكی ساده ده‌نووسێت, ئه‌و وشانه‌ی په‌رێشان ده‌یانكاته شیعر به‌هره‌مه‌ندی ده‌وێت ئه‌گینا ئه‌و وشانه به‌به‌رده‌وام له‌ناو گفتوگۆی ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌موو تاكێكی ئه‌م وڵاته‌ن, به‌بۆچوونی من خاڵی به‌هێزی په‌رێشان به‌توانایی و به‌هره‌ی شاعیربوونی له ساده‌یی زمان و وشه‌كانیه‌تی, ئه‌و هه‌رگیز خوینه‌ر ماندوو ناكات و چێژێكیش ده‌دات به‌خوینه‌ر له‌ڕیگه‌ی تێكهه‌ڵكێشكردنی ئاوازێكی نیوه كلاسیك و نیوه‌ئازاد, ئه‌و له‌م نێوه‌نده‌دا ده‌یان وشه‌ی ساده‌ی ته‌ژی له مانا به گه‌ڵای جوانی هه‌ڵده‌واسێت. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌وه‌ی من به‌رچاوم كه‌وتبیت له‌م په‌رتووكه شیعریه‌ی په‌رێشان , چه‌ند ڕه‌خنه‌یه‌كه سه‌باره‌ت به خاڵبه‌ندی و لایه‌نی ڕێزمانییه كه گرینگه شاعیر ژیرانه له‌ته‌ك ئه‌و بابه‌تانه مامه‌ڵه‌بكات و زۆرترین گرینگی‌یان پێبدات.وه‌ك ئه‌وه‌ی، ده‌ڵێت:
*خودا كه هه‌ژاری دروستكرد.
لێره‌دا (هه‌ژار) ناوه,( هه‌ژاریی) درووسته .. لا 64
*یه‌كێك پرسی: مامه حه‌مه كاممان شێتین..لا 50
*به‌دڵم گوت:ڕوو له‌كوێ كه‌م…..لا13
ئه‌م دوو ڕسته‌یه نیشانه‌ی پرسی ده‌وێت
له‌هه‌مان شیعر ده‌ڵێت:
گوتی:سه‌یره
من بناسی و خۆت نه‌ناسی
ئه‌م دوو دێره پێویستیان به‌نیشانه‌ی سه‌رسوڕمانه.
ئارام شێخ وه‌سانی
هه‌ولێر