
له نێوان (دوكتۆر گلاس) و (تاوان و سزادا)
له ڕۆمان دا زۆرجار بیرۆكه و فیكر و ته‌نانه‌ت ته‌كنیك و ستایلی هاوشێوه دووباره ده‌بنه‌وه. بیروڕا سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته دوو لایه‌نه‌یه, به‌شێك خه‌ڵك به‌رهه‌مه‌كان به داهێنان ناو نابه‌ن و به‌ڵكوو به‌لاسایكردنه‌وه ئه‌ژماری ده‌كه‌ن, به‌شێكیش له خه‌ڵك و نووسه‌ران بڕوایان وایه كه كێڵگه‌ی ئه‌ده‌ب موڵكی هیچ كه‌سێك نییه و ده‌كرێت به ستایلی یه‌كتر و به فیكری یه‌كتر كاریگه‌ربین و شتی جیاواز به‌هۆی ئه‌و كاریگه‌ر بوونه بخوڵقێنین. به‌دیدی من تێفیكرینی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م ته‌ندرووستتره,وه‌لێ ده‌بێت ئه‌وه‌ش ڕه‌چاو بكرێت كه زۆر به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی هه‌یه ده‌قاوده‌ق له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه كۆپییه, ئێمه قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و جۆره نییه به‌ڵكوو مه‌به‌ستمان كاریگه‌ر بوونه. ڕۆمانی (تاوان و سزا) ی دیستۆفیسكی یه‌كێك له‌شاكاره هه‌ره جوانه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره و دنیای ڕۆمان. نووسه‌ر به‌ڕوونی له‌م ڕۆمانه‌دا ئیش له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و فه‌لسه‌فی ده‌كات. پرسی كوشتنی پیره‌ژنێكی سوخۆر گرێیه‌كی گه‌وره‌یی ڕۆمانه‌كه‌یه. ڕه‌وایه‌تی به‌خشین به كوشتن و دواتر جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كوشتنه هه‌ڵه‌یه نه‌ك تاوان, بازنه‌یه‌كی فیكری لای هه‌موو بخوێنێك دروست ده‌كات. ڕاسكۆلینكۆفی پاڵه‌وانی (تاوان و سزا) گومانێك لای هه‌موومان چێ ده‌كا ئه‌ویش ئه‌وه‌یه : ئایا ده‌كرێت هه‌ندێك مرۆڤ به‌هۆی نامۆڕاڵی له ئه‌خلاقیان یاخود به‌هۆی ڕێزنه‌گرتن له‌سروشت و جوانی ژیان حوكمی ئه‌وه‌یان به‌سه‌ردا بدرێت كه بمرن به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و مردنه هیچ ده‌رونێك ئازار بدات؟ ڕه‌نگه كاره‌كته‌ری ڕاسكۆلینكۆف و فیكری ڕه‌وایه‌تی به‌خشین به‌كوشتن له( تاوان و سزا) نه‌گه‌یشتبێته كۆتای, به‌ڵكو ئه‌وه ته‌نها سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ وروژان و نووسینگه‌لێكی دیكه له‌و باره‌یه‌وه, به‌تایبه‌ت شیكردنه‌وه‌ی كۆده ئه‌خلاقییه‌كانی ئه‌م بابه‌ته, هه‌یمه‌نه‌و ئه‌همیه‌تێكی باڵای هه‌یه.
2
كاتێك دیستۆفیسكی له‌ساڵی 1881كۆچی دوای ده‌كات, نووسینه‌كانی ناوبانگی زیاتر و شڕۆڤه و خویندنه‌وه‌ی جیهانی له‌خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه. ئه‌ده‌بی كۆمه‌ڵگه‌ی سویدی وه‌ك به‌شێك له كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژئاوا له‌بابه‌تی شیكاری فیكر‌و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب , خاوه‌نی نووسه‌ری هه‌ڵكه‌وتوون. نووسه‌ر هه‌یه ته‌واوكه‌ری نووسه‌رێكی دیكه‌یه. بنووس هه‌یه له‌ژێر كاریگه‌ری جۆره ئایدیا و تێڕامانێكی سنووردار به‌رهه‌می باڵا ده‌ئافرێنێت. (یه‌ڵمار سۆدێرباری) نووسه‌رێكی سویدییه, ئه‌و ته‌مه‌نی دوانزه ساڵان بوو كاتێك دیستۆفیسكی كۆچی دوایكرد.چوارده ساڵ پاش مردنی دیستۆفیسكی,واتا له‌ساڵی 1905ڕۆمانێكی بڵاوكرده‌وه به‌ناوی(دوكتۆر گلاس), ئه‌م ڕۆمانه به‌یه‌كێك له‌كاره هه‌ره به‌پێزه‌كانی نووسه‌ر ئه‌ژمار ده‌كرێت كه له‌كۆمه‌ڵگای سویدی و به‌شێكی ئه‌وروپاش ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو. ئه‌م ڕۆمانه به‌هه‌مان بیرۆكه‌ی كاریگه‌ربوون, به بیركردنه‌وه له دۆزینه‌وه‌ی (ڕه‌وایه‌تی به‌خشین به‌كوشتن) ده‌ستپێده‌كات. بیرۆكه‌ی كاره‌كه زۆر نزیكه له بیرۆكه و ڕامانی دیستۆفیسكی, ئه‌وه‌ش به‌شاراوه‌یی نه‌ماوه‌ته‌وه به‌ڵكوو ئه‌و كاریگه‌ر بوونه لای نووسه‌ر جێگه‌ی شه‌رم و شاردنه‌وه نییه و خۆی ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه كاریگه‌ر بووه به كاره‌كته‌ری ڕاسكۆلینكۆفی (تاوان و سزا). نووسه‌ر ئه‌و ڕامان و شڕۆڤه گه‌وره‌یه‌ی كه ڕۆمانی (تاوان و سزا) وه‌خۆیده‌گرێ وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆكاره‌كه‌ی به‌كاریده‌هێنێت. لێره‌وه بابه‌تی كاریگه‌ربوون به‌ته‌واوی ده‌سه‌لمێت. ئه‌وه‌ی گرینگه شێواز و زمانی نووسینه. ده‌كرێت ئێمه له بیرۆكه‌و ڕامان كاریگه‌ربین به‌یه‌كتر به‌ڵام بابه‌تی لێهاتووی زمان و ده‌ربڕین كاریكی ئه‌سته‌مه. ئه‌وه‌ش به‌و ماناییه‌ی كه ده‌بێت بنووس خاوه‌نی زمان و شێوازی خۆی بێت بۆ ده‌ربڕین و گه‌یاندنی فیكره‌كان. یالمار له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی سویدی گه‌وره بووه. كاریگه‌ره به ژینگه‌یه‌كی جیاواز له ڕوانگه‌ی سه‌ده و ده‌وروبه‌ر . ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ده‌كرێ تێرامان و بیركردنه‌وه كاریگه‌ربن به‌ڵام نه‌شیاوه زمان و شێوازی ده‌ربڕین كۆپی بكرێت.
3
دوكتۆر گلاس پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه بیرۆكه‌ی كوشتنی قه‌شه‌یه‌ك له‌ناخیدا ڕۆژ دوای ڕۆژ دنه‌ی ده‌دات. كوشتن به هه‌موو ڕه‌هه‌ندێكییه‌وه تراژیدیایه, وه‌لی لای دكتۆر گلاسی (یالمار) و ڕاسكۆلینكۆفی (دیستۆفیسكی) هه‌وڵێك هه‌یه بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده تراژیدیه‌كانی كوشتن . له‌تاوان و سزادا پاڵه‌وان پیره‌ژنێكی سووخۆر ده‌كوژێت ڕه‌وایه‌تی كوشتنه‌كه‌ش بۆ خوێنه‌ر ڕوونده‌كاته‌وه. دوكتۆر گلاس له‌ڕیگه‌ی پیشه‌ی دوكتۆرییه‌وه به خێزانی قه‌شه (گریگۆریوس) ئاشنا ده‌بێت. دواتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌بێته پزیشكی خێزانی ئه‌و ماڵه ئه‌وا زۆرینه‌ی نهێنیه‌كانی ئه‌و ماڵه ده‌زانێت, دوكتۆر ده‌زانێت كه قه‌شه ئافره‌تێكی زۆر به‌ته‌مه‌ن له‌خۆی بچوكتری كردۆته هاوسه‌ری خۆی و به‌رده‌وام ئازاری ده‌دا. ئه‌و چاودێری ئه‌و ئازارانه ده‌كات, وێرای ئه‌وه‌ی كه عه‌شقێكی نووستووش له‌دڵیدا به‌خه‌به‌ردێت به‌رامبه‌ر به خاتوونی قه‌شه‌كه. ئیتر ڕووداوه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن تاوه‌كوو دوكتۆر ده‌گاته ئه‌و بڕواییه‌ی كه بۆ ئه‌وه‌ی به‌و عه‌شقه‌ی بگات ده‌بێت قه‌شه بكوژێت. له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌و ڕامان و دایه‌لۆگێكی فراوانی نێوان خودی دوكتۆر و ده‌روونی دوكتۆر, ئه‌و بڕیاره جێ به‌جێ ده‌كات و به‌هۆی حه‌بێكی كوژه‌ره‌وه قه‌شه ده‌كوژێت, له كۆتایشدا ئه‌و ئامانجه‌ی بێ به‌ها مایه‌وه و هه‌رگیز خاتوونی قه‌شه نه‌بووه واقیعێك له‌ژیانی ئه‌ودا و له‌م كاره‌دا هیچی بۆ نه‌مایه‌وه. ئه‌وه گرێی سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌یه زۆر به‌كورتی. لێره‌وه یه‌كسه‌ر ده‌توانین قسه له‌سه‌ر زۆرێك میتۆدی هاوبه‌ش بكه‌ین له‌نێوان ئه‌م كاره‌ی (یه‌ڵمار) و (دیستۆفیسكی).هه‌روه‌ها بۆ نووسه‌رانی كورد ئه‌وه باشترین نموونه‌ی كاریگه‌ربوونی ئه‌ده‌به به‌ئه‌ده‌بێكی دیكه, به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بڵێت یه‌ڵمار دزی ئه‌ده‌بی كردووه. به‌داخه‌وه له كوردستان ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك كاریگه‌ر بێت به نووسه‌رێكی دیكه و فیكر و بیروڕای كه‌مێك درێژه‌دان و ئیشكردن بوو به‌ئاراسته‌ی فیكری هاوشێوه, ئه‌وا تۆمه‌تی جۆراوجۆر و ناپه‌سه‌ندی ئاراسته ده‌كرێت, كه له‌دنیادا ئه‌وشتانه به‌م ته‌رزه‌ی لای خۆمان نییه.
4
بۆ ئه‌وه‌ی قسه بكه‌ین له‌سه‌ر ڕه‌وایه‌تی به‌خشین به‌كوشتن ده‌بێت به‌ر له‌هه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌ك ئاخفتن له‌باره‌ی مۆراڵه‌وه بكه‌ین. لێره‌وه به چه‌ند پرسیارێك باسه‌كه ده‌وروژێ, ئایا كرده‌ی كوشتن به‌گشتی كرده‌یه‌كی نامۆڕاڵییه؟ یاخود ده‌كرێت هه‌ندێك جۆر كوشتن هه‌بن له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی مۆڕاڵدا؟ ئایا خودی مۆڕاڵ ئه‌وه ده‌هێنێت كه بكرێته به‌هانه‌ی سه‌ندنه‌وه‌ی ڕۆح له‌مرۆڤێك كه تۆ پێت نه‌به‌خشیووه؟ ئه‌گه‌ر به‌كورتی وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێك له‌وانه بده‌ینه‌وه ده‌گه‌ینه چه‌ند ڕاستییه‌ك وه‌لێ ناگه‌یینه وه‌ڵامی بنبه‌ست بۆ ئه‌م پرسیارانه, چونكی ئه‌و بابه‌تانه تائێستاش به‌كراوه‌یی ماونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی تائێستا وتراوه له‌باره‌ی مۆڕاڵی ئه‌و جۆره كوشتنه‌ی كه له ڕۆمانی (تاوان و سزا و دوكتۆر گلاس)دا هه‌یه شتێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه نییه جگه له بیروڕایه‌ك كه ده‌كرێت په‌سه‌ند بێت یاخود ناپه‌سه‌ند. له ڕۆمانی تاوان و سزا بابه‌تی كوشتن و مۆڕاڵی كوشتن به‌بابه‌تێكی ئیمانی ده‌به‌سترێته‌وه. به‌ڵام له ڕۆمانی دوكتۆر گلاسدا تێگه‌یشتن له‌مۆڕاڵ له ڕوانگه‌ی كه‌سه‌كان ده‌بێته بنه‌ما بۆ ڕه‌وایه‌تی به‌خشین به كرده‌ی كوشتن, ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی دوكتۆر گلاسیش ناتوانێت له‌به‌ر هه‌ندێ بابه‌تی ئیمانی هه‌ڵبێت به‌ڵام به‌بۆچوونی گلاس, یاسا ڕێگری ته‌واو له‌و كاره ده‌كات به‌هه‌ر به‌هانه‌یه‌ك بێت,به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت(هیچ مرۆڤێكی به‌ویژدان لێ ناگه‌ڕێ یاسا بڕیار له‌سه‌ر شێوازی ڕه‌فتاری بدات).لا 104
ئه‌گه‌رچی له ڕۆمانه‌كه‌ی( یالمار) به‌كه‌می بابه‌تی ویژدان و ئیمان به‌رباسدراوه به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ڕسته‌یه‌كیش بێت هاوڕابوونی خۆی ده‌رخستووه له گفتوگۆ ئیمانییه‌كه‌ی ڕاسكۆلینكۆف.
ئه‌خلاق و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌خلاق به‌گشتی یه‌كێكه له‌بابه‌ته ئاڵۆز و سه‌رنجكێشه‌كانی دنیای نووسین. له فیكری یالماردا ئه‌خلاق له ڕه‌وشێكی ناجێگر دایه. ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ی كه له‌كاتی كرده‌ی كوشتنی كه‌سێك جۆره مۆڕاڵكمان هه‌یه و له‌كاتێكی دیكه‌دا مۆڕاڵكی تر.هه‌روه‌ك ده‌ڵێت(مۆڕاڵ له ڕه‌وشێكی بزۆزدایه,مۆڕاڵ هه‌تا له‌و ساته وه‌خته خێرایانه‌ی ئێمه له دنیادا ده‌ژین ڕووبه‌ڕووی گۆڕانكاری دیار بۆته‌وه),هه‌ر له‌هه‌مان لاپه‌ردا بیروڕاكانی نووسه‌ر سه‌باره‌ت به مۆڕاڵ تۆختر ده‌بن و ده‌ڵی:(مۆڕاڵ تێڕوانینی خه‌ڵكانی تره له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه كه‌چی ڕاسته) لا105.
نووسه‌ر به‌باشی ته‌وزیفی بابه‌تی مۆڕاڵ ده‌كات له‌پێناو ڕه‌وایه‌تی به‌خشین به‌كرده‌ی كوشتن. ئه‌م وته‌یه‌ی سه‌ره‌وه مانای ئه‌وه‌یه كه مۆڕاڵی كرده‌ی كوشتنی قشه‌یه‌كی سته‌مكار به‌سه‌ر ئافره‌تێكه‌وه مۆڕاڵكی درووسته.له‌لایه‌كی دیكه‌وه نووسه‌ر به‌ڕوونی مۆڕاڵ وه‌ك پاڵپشتیه‌ك بۆكرده‌كه به‌كار ده‌هێنێت. ده‌كرێت ئێمه به‌هۆی ئه‌و ڕێپێدانه مۆڕاڵیانه‌ی خۆمان چی به‌باش ده‌زانین بیكه‌ین. وه‌لێ ئه‌وه‌ی به‌گرینگی ده‌مێنیته‌وه ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌وه تاچه‌ند ڕاسته كه مرۆڤ ئه‌وه‌نده خۆویست بێت مانای مۆڕاڵ له‌خۆیدا كۆتای پێبهێنیت. ئه‌و بابه‌ته فیكرییه‌ی زۆر به‌باشی لای نووسه‌ر جێگه‌ی گومان و گفتووگۆیه. نووسه‌ر گفتوگۆیه‌كی دروستكردووه له‌نێوان پاڵه‌وان و ده‌روونی پاڵه‌وان.به‌رده‌وام بیركردنه‌وه‌ی پاڵه‌وان بۆكوشتنی قه‌شه بیركردنه‌وه‌یه‌كی دایه‌لۆگئامێزه هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه ده‌گاته بڕوای ئه‌وه‌ی كه كرده‌ی كوشتنی قه‌شه بۆ به‌دیهاتن و لادانی سته‌م له‌سه‌ر ژیانی كه‌سێكی دیكه كرده‌یه‌كی ئه‌خلاقی ڕه‌وایه. نووسه‌ر خۆی ئه‌وه ناشارێته‌وه كه نایه‌وێت پاڵه‌وانه‌كه‌ی وه‌ك پاڵه‌وانه‌كه‌ی دیستۆفیسكی له‌دوای كرده‌ی كوشتنه‌كه‌وه بكه‌وێته ژێر تارمای و عه‌زابی بیركردنه‌وه له‌و تاوانه, ته‌نانه‌ت له ڕۆمانی دوكتۆر گلاسدا ناوی ڕاسكۆلینكۆف هاتووه. جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه كه ده‌كرێ مرۆڤێكی جیاوازتر له پاڵه‌وانی (تاوان وسزا) هه‌بێت و به‌قه‌ناعه‌ته‌وه كرده‌ی كوشتن ئه‌نجامبدات و ترسیشی له خه‌ون و ته‌لیسمی بیركردنه‌وه‌ی دوای كوشتنه‌كه نه‌بێت.له ڕۆمانی (دوكتۆر گلاس) نووسه‌ر ئه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه ژیانی مرۆڤایه‌تی به‌ده‌ر نییه له بیرۆكه‌ی تێنه‌گه‌یشتن له‌دنیا و ئه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت(ئه‌ی ژیان من تێت ناگه‌م).ئه‌وه‌ی زۆر به‌لای منه‌وه جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر له‌پاڵ ئه‌م چیرۆكه‌دا به‌های ئه‌خلاق كه‌مده‌كاته‌وه و بێ باوه‌ڕی خۆی له‌مه‌ڕ ئه‌خلاق و داونه‌ریت ده‌رده‌بڕێت.
5
له ڕۆمانی (دوكتۆر گلاس), عه‌شق و خۆشه‌ویستی وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی سه‌ره‌كی ئه‌نجامدانی كرده‌ی كوشتنه‌كه ده‌بینرێن. ڕۆماننووس له‌سه‌ره‌تاوه كاره‌كته‌ره‌كه‌ی به‌جۆرێك نیشانده‌دات كه كێشه‌ی ئه‌وینی هه‌یه. ئه‌و ئه‌گه‌رچی پێشتر ئه‌زموونێكی ڕاسته‌قینه‌ی عه‌شقی نییه, كه چی له‌ناكاوێكدا وه‌ك عاشقێكی تاك لایه‌نه ده‌كه‌وێته بیركردنه‌وه, پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه ده‌ڵێت(هیچ شتێك وه‌ك ئه‌وه مرۆڤ سوك و بچوك ناكاته‌وه كه سوڕ بزانێت كه‌س عاشقی نییه)لا75 .
ئه‌و ته‌رزه تێڕامانه له عیشق مرۆڤ هانده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی خولیا و مه‌یلی بكه‌وێته گه‌ڕان بۆدۆزینه‌وه‌ی حاڵه‌تێك له عاشقبوون.ئه‌و وته‌یه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌یه كه‌كه‌س عاشقی نییه, زۆرجار مرۆڤ كه كه‌وته حاڵه‌تی خۆ به‌كه‌مزانین ئه‌وا په‌نا ده‌باته به‌ربیركردنه‌وه‌ی جۆراوجۆر.ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه لای من وه‌ك خوێنه‌رێك جۆرێك له بێماناییه(ئه‌بسێردتی), ئه‌م بێماناییه له‌ژیان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بدا له‌سه‌رده‌می نووسه‌ره مه‌زنه‌كانی قوتابخانه‌ی ئه‌بسێرد كه به ڕابه‌رایه‌تی (ئه‌لبیرت كامۆ وسارته‌ر و ساموێل بێكت, یوژین یونیسكۆ..تاد) ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا.لێره‌دا ته‌نها ویستمه بڵێم كوشتنی قه‌شه له‌پێناو خۆشه‌ویستیه‌كی تاك لایه‌ن و ناگه‌ره‌نتی جۆرێكه له بێمانایی.وه‌لێ ئه‌وه له دیووێكی چیرۆكه‌كه‌وه به‌ڵام گه‌ر له دیووی مۆڕاڵ و بیركردنه‌وه نه‌ریتخوازییه‌كان, ئه‌وا بێمانایی نییه به‌ڵكوو به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركێكی ژیانه. لێره‌شدا به‌هه‌مان شێوه‌ی به‌راوردكاری ڕابردوو جارێكی دیكه كاره‌كته‌ری ڕاسكۆلینكۆف و دوكتۆر گلاس ده‌كه‌ونه‌وه به‌رواردكاری. ڕاسكۆلینكۆف له‌پێناو ئیمان و دادوه‌ری و مۆڕاڵدا كرده‌وه‌ی كوشتنه‌كه ئه‌نجامده‌دات, كه‌چی لای گلاس كوشتن له‌پێناو عه‌شقێكی شه‌رمنانه‌ی تێكشكاوه و بێ ئه‌نجامه, ئه‌وه‌ش خاڵی جه‌وهه‌ری جیاوازییه‌كانه كه ڕاسكۆلینكۆف سزاده‌درێت وه‌ك جۆرێك له عه‌داله‌ت به‌ڵام دوكتۆر گلاس به‌بێ هیچ سزایه‌ك ده‌مێنیته‌وه.بابه‌تێكی دیكه‌ی گرینگ له‌ڕۆمانی دوكتۆر گلاس قسه‌كردنه له‌باره‌ی به‌خته‌وه‌ری, گه‌ڕان و به‌رباسدانی به‌خته‌وه‌ری و به‌ستنه‌وه‌ی به بابه‌تی خۆشه‌ویستی و خۆشگوزه‌رانی ژیان واتاگه‌لێكی زۆر ده‌گه‌یه‌نێت. نووسه‌ر له‌باره‌ی به‌خته‌وه‌رییه‌وه ده‌ڵێت:( به‌خته‌وه‌ری ده‌ره‌نجامی شتێكه كه هه‌ركه‌سێك له‌هه‌لومه‌رجێكی خۆیدا زێده خواستراوه بۆی).لا88
هه‌روه‌ها له تێڕامان و وردبوونه‌وه‌یه‌كی تردا له‌باره‌ی به‌خته‌وه‌رییه‌وه دوكتۆر ده‌ڵیت:( ڕه‌نگبێ به‌خته‌وه‌رییه قووڵه‌كه دواجار له‌و وه‌همه‌دا بێت كه مرۆڤ به‌دوای به‌خته‌وه‌ریدا نه‌گه‌ڕێت).لا89
ئه‌م دوو تێڕامانه له‌باره‌ی به‌خته‌وه‌ری كلیلن بۆ كردنه‌وه‌ی باسێكی مه‌زن سه‌باره‌ت به به‌خته‌وه‌ری, دواجار ئێمه كه كرده‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامده‌ده‌ین دابه‌شده‌بین بۆ دوالیزمییه‌كی ڕه‌ها,كه به‌خته‌وه‌ری و به‌دبه‌ختییه, هه‌وڵی پله‌یه‌كی ئێمه‌ش گه‌ڕانه به‌دوای به‌خته‌وه‌رییه‌كدا كه نازانین چۆنه. هه‌روه‌ها كێشه‌ی كوشتنی قه‌شه له (دكتۆر گلاس) و كوشتنی پیره‌ژنه‌كه له ( تاوان و سزا)دا هه‌وڵه بۆ دۆزیینه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌رییه‌كی شاراوه‌و وده‌روونی.
ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه بیڵیم سه‌باره‌ت به وه‌رگێڕی كوردی ڕۆمانه‌كه‌یه. ڕۆمانه‌كه له‌لایه‌ن (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی)ی ئه‌ده‌بدۆست, له‌سویدییه‌وه به‌كوردی كراوه. من تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له وه‌رگیرانه‌كه و زمانی وه‌رگێڕ ڕازیم. هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ئاره‌زوو ده‌كه‌م ئه‌و وه‌رگێڕانانه بخوێنمه‌وه كه ئه‌دیبه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن, چونكه دڵنیا ده‌بم له جوانی زمان و جوانی وشه‌كان.
نووسینی/ ئارام شێخ وه‌سانی
Aram_msh@yahoo.com
سه‌رچاوه:
1.ڕۆمانی (تاوان و سزا) وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه/ڕه‌ووف بێگه‌رد/ده‌زگای سه‌رده‌م
2.ڕۆمانی(دوكتۆر گلاس) وه‌رگێڕانی له سویدییه‌وه / دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی/ده‌زگای ئاراس/2009