
هه‌رێمی كوردستان ناوێكی گه‌وره‌و ناوه‌ڕۆكێكی پڕ له‌كێشه‌و قه‌یران
گیانی شه‌ڕه‌نگێزی به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌م له‌ناخی هه‌موو مرۆڤێكدا هه‌یه , به‌ڵام گه‌ر زه‌مینه‌ی بۆسازبكرێ زیاتر گه‌شه‌ده‌كات و ئه‌و مرۆڤه ده‌چێته‌ناو كه‌وڵی گورگه‌وه‌و ده‌بێته جانه‌وه‌رێكی هێره‌شبه‌ر , ده‌سه‌ڵاتی كوردیش له‌وه‌تی حوكمی وڵاتی كه‌وتۆته ده‌ست هه‌میشه خه‌ریكی زه‌مینه سازكردنه بۆ ڕاهێنانی هه‌ندێك كه‌س و لایه‌نگری خۆی له‌سه‌ر كلتورێكی قێزه‌وه‌ن , كه گیانی شه‌ڕه‌نگێزی و هێره‌ش بردن و تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌و سوتاندن و تاڵانكردنی دام و ده‌زگاو باره‌گای حیزبه‌كانه , بێگومان ئه‌وه‌ش ده‌قاوده‌ق زیندوو كردنه‌وه‌ی كلتوری به‌عسه , چونكه به‌عسییه‌كانیش هه‌مان ڕه‌فتاریان به‌رانبه‌ر به نه‌یاره‌كانی خۆیان ده‌كرد , كه بریتی بوو له موڵك و ماڵ سوتاندن و تێكدانی گوند‌و به‌تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی , ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌دوای ڕاپه‌ڕینی 1991 به‌تایبه‌تیش له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێڕاقدا ده‌بوا هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشانی بۆ ئه‌وه بوایه كه ئه‌و نه‌ریته پیسه ئه‌و كلتوره قێزه‌وه‌نه له‌زه‌ینی خه‌ڵكدا بسڕێته‌وه , ده‌بوا خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه بوایه‌و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای له‌سه‌ر هۆشیاری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئینتیمای نیشتمانی په‌روه‌رده كردبا , نه‌ك ڕك و كینه له‌ناخی خه‌ڵكدا بچێنێ و خه‌ڵك سه‌رقاڵ بكات به‌شتی بێ به‌هاو دور له‌هه‌موو داب و نه‌ریتێكی كورده‌واری , ئه‌وه‌ی له‌بادینان ڕوویدا من دڵنیام چه‌ندین جاری دیكه‌ش ڕوو ده‌داته‌وه , چونكه عه‌قڵه‌كان ئه‌وه‌نده گه‌شه‌یان نه‌كردووه تا بتوانن ته‌جاوزی ئه‌م حاڵه‌ته بكه‌ن , ده‌سه‌ڵاتی كوردی هێشتا له‌حاڵه‌تی نه‌ش ونما كردندایه‌و نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی كه بتوانێ ئیداره‌ی خۆی به‌ڕێك وپێكی بكات , چونكه له‌سه‌رده‌می شارستانیه‌ت و عه‌وله‌مه‌و ته‌كنۆلۆژیای پێشكه‌وتوودا هێشتا وه‌ك مرۆڤی ناو ئه‌شكه‌وت و جه‌نگه‌ڵه‌كان بیرده‌كاته‌وه , بۆیه له‌ڕابردووشدا له‌چه‌ندین ده‌رفه‌تی زێڕیندا نه‌یتوانیوه وه‌كو میلله‌تانی ده‌وروبه‌رمان كیانێك بۆخۆی دابین بكات , به‌تایبه‌تی له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌مبراتۆریه‌تی عوسمانی‌دا , ئه‌گه‌ر چاوێك به‌مێژوودا بگێڕین ده‌بینین كه سه‌رۆك هۆزو میره‌كانی كورد قه‌ت رۆژێ له‌رۆژان له‌گه‌ڵ یه‌كتر ته‌با نه‌بوونه , میرنشینی سۆران و میرنشینی بادینان هه‌میشه دژایه‌تی یه‌كتریان ده‌كرد , یه‌كێك پاڵی دابووه ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئه‌وه‌ی تر پاڵی دابووه ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی , هۆكاره‌كه‌شی هه‌مووی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئێمه سه‌ركرده‌یه‌كی دبلۆماسیمان نیه , به‌ڵكو سه‌ركرده‌كانمان خاوه‌ن تفه‌نگ و خه‌نجه‌رن و هه‌ر به‌زمانی تفه‌نگ و خه‌نجه‌ر بیرده‌كه‌نه‌وه بۆیه حاڵی ئه‌م میلله‌ته واخۆشه , ئه‌وه‌ی له‌بادینان ڕوویدا له‌عه‌قڵیه‌تی ئه‌و تیره‌و هۆزانه ده‌چێت كه كاتی خۆی له‌سه‌ر سه‌گێك یان له‌سه‌ر ماینێك به‌شه‌ڕ ده‌هاتن و چه‌ندین كه‌سیان له‌یه‌كتری ده‌كوشت , ئه‌وه عه‌قڵی سه‌رۆك هۆزو تیره‌و قه‌بیله‌كان بوو نه‌ك عه‌قڵی سه‌ركرده سیاسییه‌كان , به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ڕووده‌دات نازانم چ ناو ونیشانێكی بۆ بدۆزینه‌وه , مه‌گه‌ر شاعیر‌و رۆمان نووسه‌كان ناو و نیشانێكی بۆ بدۆزنه‌وه , ئاخرهێشتا ڕووی نه‌داوه له‌تاریخی میلله‌تا سه‌ركرده‌یه‌ك دژی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی سیناریۆ دروست بكات و ئاژاوه له‌نێوان پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بخولقێنێ , فتیله دروستكردن له‌نێوان یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و برا مه‌سیحییه‌كان , فیتنه‌یه‌كی زۆر له‌وه گه‌وره‌تره كه ده‌سه‌ڵات بیری لێ كردۆته‌وه , چونكه زه‌قنه‌بوتێكه ده‌كرێته قوڕگی كۆمه‌ڵگاكه‌مان به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه , به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی كوردی زۆر دوربین نه‌بووه‌و عه‌قڵی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بڕكردووه , وای زانیوه سیناریۆكه به چوارپێنج ڕۆژێك ته‌واو ده‌بێت و مه‌رامه‌كه‌شی دێنێته‌دی , ئێستاش كه شته‌كه ڕوویداوه كێشه‌كه به‌داوای لێبوردنێك و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی باره‌گاكان چاره‌سه‌ر نابێت , كێشه‌كه به‌وه كۆتایی نایه كه به‌دوای تاوانباراندا بگه‌ڕێن بۆ دۆزینه‌وه‌یان , به‌ڵكو ده‌بێ به‌دوای ئه‌و عه‌قڵه دواكه‌وتووانه‌دا بگه‌ڕێن كه ده‌سه‌ڵاتدارن و خه‌ڵك ئاراسته ده‌كه‌ن بۆ كاری واقێزه‌وه‌ن , بۆئه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی یان لێ بسه‌ندرێته‌وه‌و خه‌ڵكی شیاو له‌جێگایان دابنرێت , ده‌بێ ئه‌و عه‌قڵه دواكه‌وتووانه بدۆزرێنه‌وه كه خه‌ڵك ئاراسته ده‌كه‌ن بۆڕێگای چه‌وت , تا ئه‌و عه‌قڵه دواكه‌وتووانه چاوساغی ئێمه‌بن رۆژمان هه‌ر ئه‌م رۆژه ڕه‌شه‌ده‌بێ , ده‌بێ كۆمه‌ڵگا به‌هه‌موو چین و توێژه‌كانیه‌وه بێته ده‌نگ و چیتر به‌وه ڕازی نه‌بێ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی حیزبی و پراگماتیزمی یاری بكه‌ن به‌چاره‌نووسیان , چیتر به‌وه ڕازی نه‌بن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبێك یان چه‌ند كه‌سێك ئاینده‌یان بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه , ئێستا هه‌زاره‌ی سێیه‌م و سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مه جێی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه كه مرۆڤ له‌نێو قه‌فه‌س دابێت و نه‌توانێ به‌ویستی خۆی جوله بكات و وه‌كو خه‌ڵكی تر گه‌شه‌بكات و به‌هره‌و تواناكانی خۆی بخاته گه‌ڕ , ئه‌م میلله‌ته خاوه‌ن داب و نه‌ریت و به‌هایه‌كی به‌رزه , ڕابردوویه‌كی پاك و پڕ له‌سه‌روه‌ری هه‌یه , بۆچی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبێك و چه‌ند ده‌سه‌ڵاتدارێك له‌به‌رچاوی خه‌ڵك و ڕای گشتی جیهانه‌وه ناشیرین بكرێ , پێویسته ده‌سه‌ڵاتداران هۆشیان بێته‌وه به‌رو ویژدانیان بجوڵێت و چیتر له‌سه‌ر جه‌سته‌ی ئه‌م میلله‌ته خۆیان قه‌ڵه‌و نه‌كه‌ن , چونكه په‌ندێكی كوردی هه‌یه ده‌ڵێ جام كه پڕبوو لێی ده‌ڕژێ , لێره‌دا ئه‌وه‌ی زۆر جێی سه‌رنج و نیگه‌رانی خه‌ڵكه ڕۆڵی لاوازی حكومه‌ته , حكومه‌ت چ له‌ڕووداوی 17ی شوبات و چ له‌ڕووداوی بادینان هه‌ڵوێستێكی جه‌ریئانه‌ی نه‌بوو , به‌ڵكو نه‌یتوانی دوو قسه‌ی حه‌ق بكات , دیاره ئه‌م حكومه‌ته ته‌نها حكومه‌تی باج و ده‌رامه‌ته , ته‌نها سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه بزانێ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی چه‌ندی ئیش كردووه باج و ده‌رامه‌ت چه‌ندی ئیش كردووه گومرگی سنوره‌كان چه‌ندی ئیش كردووه , هه‌رچه‌نده گومرگی هه‌ندێك له‌سنوره‌كان سه‌ربه حیزبن و حكومه‌ت ناتوانێ ته‌ماشاشیان بكات , قوڕبه‌سه‌ری ئه‌م میلله‌ته له‌وه‌دایه كه حكومه‌ت له‌بن باڵی حیزبدایه , كاروباری ئه‌م وڵاته هه‌مووی له‌بن ده‌ستی حیزبدایه‌و حكومه‌تیش وه‌كو پۆلیس ته‌نها ده‌بێ فه‌رمانه‌كان جێبه‌جێ بكات , ئاخر ئه‌وه چ حكومه‌تێكه كه سه‌رۆكه‌كه‌ی به‌قه‌د مه‌سئولێكی ئاسایش ده‌سه‌ڵاتی نه‌بێت كه‌س گوێی لێ نه‌گرێت ,
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم ئه‌م كورده بێ سه‌رپه‌رشته ئه‌م كورده هه‌ژاره چه‌ند له‌و ڕێبواره ده‌چێت كه ساڵه‌های ساڵه له‌نێوان شارێكی تاریك و شارێكی وێراندا هاتوچۆ ده‌كات و ڕۆشناییه‌ك نیه به‌رپێی ڕوناك بكاته‌وه , بۆیه هه‌نگاوه‌كانی به‌ئاراسته‌ی خه‌راپدا ده‌چن كه به‌ویستی خۆی نیه , ئه‌م كورده چه‌ند له‌و سیزیفه ده‌چێت كه ساڵه‌های ساڵه به‌رده‌كه به‌رز ده‌كاته‌وه‌و به‌رله‌وه‌ی بگاته لوتكه لێی گلۆر ده‌بێته‌وه , واتا به‌هه‌موو مانایه‌ك ئه‌م كورده بێ سه‌رپه‌رشت و بێ نه‌وایه .
نه‌جات ئه‌سپینداره‌یی
najataspindary@hotmail.com