زمانی جه‌سته، به‌شێکی زیندووه له زمانی گێڕانه‌وه
نازانم بۆچی ئێمه‌ی چیرۆک‌نووس و ڕۆماننووسانی کورد، به‌و ڕاده‌یه له زمانی جه‌سته‌دا کۆڵین؟ خۆ هه‌موومان ئه‌و ڕاستییه ده‌زانین، که به‌شی هه‌ره گرینگی پێوه‌ندی، گوتوبێژ، گۆڕینه‌وه‌ی سۆز‌و هاوده‌ردی له‌نێوان به‌ره‌ی مرۆڤدا، له ڕێی ئاماژه و جووڵه‌ی ئه‌ندامانی جه‌سته‌وه‌یه. چونکه زمانی جه‌سته زانیاریی پتر له‌سه‌ر کاره‌کته‌ر به‌ده‌سته‌وه ده‌دات هه‌تا زمانی وشه. زمانێکی ڕوونتر، ڕه‌وانبێژتریشه. که‌واته کاریگه‌ریشی له‌سه‌ر که‌سی به‌رانبه‌ر پتره. کلیلی که‌سیه‌تی تاکیش، به‌ڕاده‌ی یه‌که‌م، له جووڵه و ئاماژه‌کانی چاویدایه. مرۆڤ ده‌توانێت به‌هۆی جه‌سته‌یه‌وه، ڕاستگۆتر و پتریش گوزارشت له خۆی بکات، تاکو به گفتوگۆی زاره‌کی.
هه‌رچی زمانی جه‌سته‌یه، که‌متر ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریی خزمایه‌تی و براده‌رایه‌تی و باوه‌گۆدانه‌وه‌ی (مجاملة) درۆوه. چونکه جه‌سته دووڕوویی و ماستاوکردن و ڕووپامایی ساخته بۆ به‌رانبه‌ر ناکات. جه‌سته زمانێکی ڕاستگۆی هه‌یه. خۆی گوت‌وبێژی نێوان دڵدارو دولبه‌ره‌کان زیاتر له‌ڕێی زمانی جه‌سته‌وه‌یه.
ئێمه کاتێک ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ ئاشنایه‌کدا ڕاده‌وه‌ستین و ده‌که‌وینه گفتوگۆ، جه‌سته‌مان پتری پێیه بۆ ده‌ربڕین و وتن هه‌تا قسه‌کانمان. ئه‌وه‌ی وا جه‌سته به‌و جوڵه‌و ئاماژه بێده‌نگانه‌ی خۆی ده‌ریده‌بڕێت، ڕاستیی ناخی ورووژاوی خۆمانه، نه‌ک ئه‌وه‌ی وشه‌کان ده‌یگه‌یه‌نن. وێڕای ئه‌وه‌ی، بڕێک جاران، ئه‌و وشه گۆکراوانه‌ی، که ئێمه به‌شوێن یه‌کدا ده‌ریانده‌په‌ڕێنین، وه‌ک نێوه‌ڕۆک شپرزه‌ن و پڕیشن له هه‌ڵه‌ی زمان، له‌کاتێکدا زمانی جه‌سته به‌هه‌ڵه‌دا ناچێت. لێره‌دا دێڕه شیعرێکی فۆلکلۆریم بیردێته‌وه، که ده‌ڵێت: ((به‌ده‌م جوێنم پێ ده‌دا، به چاو پێمده‌ڵێ وه‌ره!)) جار هه‌یه مرۆڤ هه‌ر به سه‌یرکردنێکی خێرای به‌رامبه‌ره‌که‌ی زۆر شتی پێده‌ڵێت. ئه‌وه چاوه ئه‌وه‌نده زمانی پاراوه.
مرۆڤ له شێوه‌ی وه‌ستان، دانیشتن و جووڵه‌ی جه‌سته‌یدا؛ له چرچولۆچی هه‌نیه‌یدا، له پێکدادانی ڕوویدا، له ئاماژه‌ی ده‌ست و لێو و چاوانیدا، ده‌توانێت زۆر نهێنیمان بۆ بدرکێنێت و به جوانییش گوزارشت له خۆی بکات. ئایا ده‌ستی نووقاوه و به مسته‌کۆڵه بووه، یان کراوه‌یه و ئاوه‌ڵا، هێمن و ڕیلاکسه، یان گرژه؟ به چ ئاراسته‌یه‌ک په‌نجه‌کانی ده‌ستی ده‌جووڵێنێ؟ هه‌ڕه‌شه ده‌کات و په‌نجه‌ی شایه‌تمانی ڕاده‌وه‌شێنێ؟ وه‌ک جنێو به‌کاریانده‌هێنێت، یان جوڵه‌ی په‌نجه‌کانی ئاسایی، هارمۆنی و نه‌رمونیانه؟ هه‌ندێک جاران مرۆڤ خۆنه‌ویستانه، به په‌نجه‌کانی جمێنی وه‌ها ده‌دات، ڕه‌نگه له‌ڕووی نه‌یه‌ت، یان پڕکێشی نه‌کات به‌زار ده‌ریبڕێت.
ئایا ئه‌و مرۆڤه‌ی ده‌ته‌وێ بیناسی، یان بیخوێنییه‌وه، ئارام له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی دانیشتووه و پاڵی لێداوه‌ته‌وه، یان ته‌نیا نیوه‌ی سمتی له‌سه‌ر کورسییه‌که‌یه‌تی، وه‌ک عوده‌ی کوڕی سه‌ددام حسێن؟ ئایا ده‌سته‌کانی له‌سه‌ر باڵه‌کانی کورسییه‌که‌ن، یان شۆڕی کردوونه‌ته‌وه؟ کراونه‌ته‌وه یان کردوونی به مشت؟ ئه‌دی لاقه‌کانی چلۆن داناوه؟ جووتی کردوون یان تاقوفیق ڕایگرتوون؟ ئایا له دۆخی کرژی و ئاماده‌باشیدایه و له‌وه‌دایه بته‌قێته‌وه و بۆ به‌رانبه‌ره‌که‌ی هه‌ڵسێته‌وه؟ یان باسکه‌کانی له‌سه‌ر سینه‌ی تێکپه‌ڕاندووه و خۆی کڵۆمداوه، وه‌ک ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت، له‌م پرسه گرینگه‌دا، که ئێوه به‌جیددی گه‌نگه‌شه‌ی ده‌که‌ن، منی تێدا نیم و ئاگره سووره له خۆم دووره؟
تۆنی ده‌نگی هێمنه، یان گڕ و به‌رزه؟ له تافی قسه‌کردندا خێرایه، په‌له‌په‌ل ده‌وێت، تووشی هه‌ڵه‌ی زمان ده‌بێت و تێکه‌ڵی ده‌کات، یان ڕه‌وان گوزارشتده‌کات؟ وه‌ختێک قسان ده‌کات ڕووی لێته و چاوی بڕیوه‌ته چاوت، یان کاتێک قسه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌کات چاوی داخستووه، یان چاوی بڕێوه‌ته جێیه‌کی دیکه و ڕووی لێ وه‌رگێڕاوی؟
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌گه‌ر هاتو جووڵه‌ی جه‌سته و قسه‌کانی تاک، دژبه‌یه‌ک بوون، ئه‌وه سوور بزانه، که جووڵه‌ی جه‌سته‌ی، قسه‌ی ناخیه‌تی و حیساب بۆ زمانی جه‌سته‌ی بکه، نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی وا زاره‌کی ده‌ریده‌بڕێت. واته کاتێک باوه‌ڕ به قسه‌کانی بکه، که له‌گه‌ڵ جووڵه‌ی جه‌سته‌یدا هاوئاهه‌نگ بوون. ئه‌وه‌نده هه‌یه، مرۆڤ هه‌تا پتر بچێته نێو ته‌مه‌نه‌وه، به گرانتر جووڵه و ئاماژه‌کانی ده‌خوێنرێنه‌وه. وه‌لێ مه‌رج نییه هه‌موو نووسه‌رێکیش له زمانی جه‌سته حاڵی ببێت، ئه‌وه بۆیه وه‌ک پێویست له چیرۆکی کوردی‌دا به‌گه‌ڕنه‌خراوه.
هه‌موو ئه‌و ئاماژانه‌ی پێشتر باسمکردن و زۆری دیکه‌یش، که به‌سه‌ر یه‌که‌وه زمانی جه‌سته پێکدێنن، جه‌سته‌یش شه‌رم له که‌س ناکات و هیچ نهێنییه‌ک له‌لای خۆی ناشارێته‌وه. وه‌لێ له‌م ڕووه‌وه ده‌توانم بڵێم، چیرۆکی کوردی به‌گشتی، په‌ی به‌م زمانه ڕه‌وانه نه‌بردووه و له ده‌قه‌کاندا شتێکی ئه‌وتۆت به‌رچاوت ناکه‌وێت.
با نموونه‌یه‌ک بهێنمه‌وه. مرۆڤ زاره‌کی ده‌توانێت بڵێت: (من تینووم نییه) وه‌لێ کاتێک سه‌رنجی زمانی وشک و لێوی وشکهه‌ڵاتووی ئه‌و که‌سه‌ت دا، درۆکه‌یت بۆ ئاشکرا ده‌بێت. یان کاتێک یه‌کێک ده‌ڵێت: (گه‌رمام نییه) به‌ڵام وه‌ختێ دڵۆپی ئاره‌قه‌ت بینی تک تک به لاجانگیدا داده‌خزێن، بۆت ڕوونده‌بێته‌وه، که درۆ له‌گه‌ڵ خۆی و له‌گه‌ڵ تۆیشدا ده‌کات.
تۆ ده‌توانیت له ڕێی جووڵه‌ی جه‌سته‌وه به‌رانبه‌ره‌که‌ت بخوێنییه‌وه و له مه‌رام و مگێزیشی تێبگه‌یت. یان به جووڵه‌ی جه‌سته‌دا ئه‌و نامه‌یه‌ی بۆتی ده‌نێرێت بخوێنییه‌وه. له‌ڕاستیدا نه‌ک هه‌ر ڕه‌وتوڕۆین و جووڵه، به‌ڵکو ڕاوه‌ستانیش به شێوه‌که‌یدا ده‌خوێنرێته‌وه و شرۆڤه‌ی بۆ ده‌کرێت.
وه‌کوتر جه‌سته‌ی مرۆڤ گرنگترین و له‌پێشترین فیگه‌ره، یان که‌ره‌سه و ئیکۆنه بۆ گوزارشت و گێڕانه‌وه‌ی کۆمیدیا، نوکته‌و سه‌ربورده. ئایا تۆ سه‌رنجی (چارڵی چاپڵن)ت داوه چۆن به‌ته‌نیا له‌ڕێی هه‌ڵسوکه‌وت و جووڵه‌ی جه‌سته‌یه‌وه، حیکایه‌تمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه و ده‌مخاته قاقای پێکه‌نین؟ خۆ ئه‌و له فیلمه‌کانیدا گوت‌وبێژی نییه. ئه‌گه‌رچی ئه‌و، وه‌ک ئه‌کته‌رێک له سه‌رده‌می سینه‌مای بێده‌نگدا ده‌رکه‌وتووه، وه‌لێ ئه‌و به جووڵه‌ی جه‌سته‌ی خۆی، ڕه‌وانتر له زمانی گوت‌وبێژی ئاسایی ڕووداو و حیکایه‌تمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌کته‌ری ناوبراو به‌ڕستێک وشه ئه‌و حیکایه‌تانه‌ی بگێڕایه‌ته‌وه، هه‌م ئه‌و کاریگه‌رییه به‌هێزه‌ی له‌سه‌ر بینه‌ر نه‌ده‌بوو، هه‌میش بۆ غه‌یری ئینگیلیز پێویستی به وه‌رگێران (سه‌بتایتڵ) ده‌بوو. به‌ڵام زمانی جه‌سته جیهانییه و هه‌موو لایه‌کمان، به که‌ڕ و لاڵه‌کانیشه‌وه، لێی حاڵی ده‌بین.
سه‌ما، زمان و نمایشی جه‌سته‌یه له‌وپه‌ڕی ڕه‌وانبێژی، وزه، چالاکی و دره‌وشانه‌وه‌ی خۆیدا. جه‌سته له‌ڕێی سه‌ماوه، ده‌کارێ له هه‌موو جۆره ده‌سه‌ڵاتێک یاخی ببێت و گوزارشت له ئازادی، خۆشه‌ویستی، جه‌نگ و تووڕه‌یی و… تاد بکات. ڕه‌نگه نهێنییه‌کی گرینگم نه‌درکاندبێت ئه‌گه‌ر بڵێم، زۆرێک له سه‌ماو هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردی، به‌رله‌وه‌ی سه‌مابن، مانۆری سه‌ربازی و ئاماده‌کارین بۆ جه‌نگ و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه.
هه‌روه‌ک جه‌سته ده‌توانێت به‌هۆی جووڵه و ئاماژه‌وه، به‌زمانی خۆی، که ڕه‌وانتره له زمانی گێڕانه‌وه و زمانی شیعریش، مه‌زنترین دراما‌و کاره‌سات بگێڕێته‌وه. له تافی سه‌مادا، ئه‌ندامانی جه‌سته، ده‌ست و پێیه‌کان و که‌مه‌ر، ڕۆحسووکانه ده‌سووڕێن و ده‌جووڵێن و به‌رز به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌کشێن و ده‌ڕه‌قسێن. وه‌لێ ڕۆح له قووڵایی ده‌روونه‌وه ده‌په‌یڤێ. ده‌شێ هه‌ندنێک جاران سه‌ما، جا به تاک بێت یان به کۆ، نامه‌یه‌کی سۆفییانه‌ی نوورانی به بینه‌ران ڕابگه‌یه‌نێت. یان بێهووده‌یی ژیان بدات به‌با. دیاره سه‌مایش ته‌کنیکی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، که ئه‌ندامانی ئه‌و جه‌سته حاڵ لێهاتووه، له هه‌ڕه‌ت و ته‌شقی دسه‌ڵاتی خۆیدا، به هاوئاهه‌نگی و هاریکاری له‌ته‌ک یه‌کدا ڕایده‌په‌ڕێنن.
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن