Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
دیمانه‌ی خه‌بات عارف له‌باره‌ی وه‌رگێڕانه‌وه‌

دیمانه‌ی خه‌بات عارف له‌باره‌ی وه‌رگێڕانه‌وه‌

Closed

حه‌مه‌ مه‌نتک:  مامۆستا شوکر مسته‌فا بۆ کاری وه‌رگێڕانی خۆی ده‌ڵێت: ”من له‌ پێشان دێم لاپه‌ڕه‌یێ، دوو لاپه‌ڕه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ و چاکی تێده‌گه‌م ئه‌وجا ده‌قه‌که‌ له‌ پێش چاوم لا ده‌ده‌م. که‌ له‌ مێشکم نه‌خش بوو دێم به‌ کوردییەکه‌ی خۆمی داده‌ڕێژمه‌وه‌، زۆرجار کوردییه‌که‌ی خۆم پێچاتره‌” واته‌ وه‌رگێڕان لای مه‌لا شوکر جۆره‌ دانانێکه‌ نه‌ک وه‌رگێڕانێکی خواسایی، وه‌رگێڕان لای تۆ چۆنه‌ و چۆن ده‌که‌وێته‌وه‌؟

خه‌بات عارف:  ئێستا ناچمەوە سەر ئەوەی مامۆستا مەلا شوکر، ئەو پیاوەی کە نابێت خۆی و هەوڵەکانی، هەرگیزاوهەرگیز، لە بیر کەسمان بچنەوە، لە چ پێوەندییەکدا ئەو قسەیەی کردووە و دڵنیاشم، وەک هەمیشە، بەوپەڕی وردی و وریاییەوە، ئەو قسەیەی کردووە؛ بەڵام ئەوەی ئەو لەو پێوەندییەدا دەیڵێت بەشێک لە کاری وەرگێڕانە و بەشێکی کەمیش. منیش هەندێک جار بەو شێوەیەی مامۆستا کار دەکەم و ــ لێرەدا بە هیچ جۆرێک مەبەستم لە بەراوردکردن نییە ــ ئەمیان بە تایبەت لەگەڵ وەرگێڕانی بابەتە ئەدەبییەکاندا دێتەوە، بەڵام قەت کوردییەکەی خۆمم پێ چاکتر نییە و نابێت پێم چاکتر بێت، چونکە من وەک وەرگێڕ بەرپرسم لە بەرانبەر ئەوەدا کە بابەتێک وەک خۆی، ئەگەر لە توانستمدا بێت و بکرێت، وەربگێڕێم و لەوەیش زیاترم لێ داوا ناکرێت. دەبێت وەرگێڕانەکە بە کوردییەکیش بێت، کە بەر لە هەر کەسێک، خۆم تێی بگەم و پێم کوردییەکی ڕەوان بێت. هەندێک جاری تریش وەرگێڕان، لای من، بەو بارەدا دەشکێتەوە و شکاوەتەوە کە دوای خوێندنەوە و لێتگەیشتنی بابەتێک، دێم و دیسان بڕگە بڕگە بابەتەکە دەخوێنمەوە، چونکە ئێستا لە بیری وەرگێڕانیدام و ئیتر لە بەرەوە، دێڕ بە دێڕ، وەریدەگێڕم و دوای لێبوونەوەیش لە بڕگەیەک، بەبێ ئەوەی کارم بە نێوەڕۆک و داڕشتنی بابەتەکەوە هەبێت و بیری لێ بکەمەوە، وەرگێڕانەکەی خۆم دەخوێنمەوە، بۆ ئەوەی بزانم کوردییە یا نا. ئەگەر کوردی بوو، کوردییەکی خۆش! ئەوە دەگەڕێمەوە سەر بابەتە سەرەکییەکە و بەراوردییان دەکەمەوە بۆ ئەوەی دڵنیابم کە هیچ وشەیەکم لە بیر نەکردووە یا بە هەڵە وەرنەگێڕاوە. ئەمجا دوای دڵنیابوون، بەردەوام دەبم و کە هەموو بابەتەکەیشم بە تەواوی وەرگێڕا، دیسان هەمان بەراورد دەکەمەوە و ئەو هەڵەوپەڵە و کەموکووڕییانە بژار دەکەم کە لە وەرگێڕانەکەمدا هەن و دەرئەنجامیش بۆ ماوەیەک لای خۆم دەیهێڵمەوە، بۆ ئەوەی دواتر بگەڕێمەوە سەری و بیخوێنمەوە. ئەمجا ئەگەر بە تەواوی بە دڵم بوو، پێش بڵاوکردنەوەی، ئەگەر بۆم بڕەخسێت، پێشانی هاوڕێیەک یا چەند هاوڕێیەکی دەدەم و دوای ڕەچاوکردنی تێبینی و سەرنجەکانی ئەوان بۆ بڵاوکردنەوەی دەنێرم. ئەمیشیان بە ترس و لەرزێکەوە کە تا ئەو کاتەی وەرگێڕانەکەم دەخوێنمەوە، دەستم لەسەر دڵمە! ڕەنگە تۆ خۆیشت بزانیت ئەو ترس و لەرزە لە چییەوەیە و لەبەر چییە! سەیرکردنێکی ئەو شتانەی بە کوردی بڵاو دەکرێنەوە، ڕەوایی ئەو ترس و لەرزە دەسەلمێنێت. ئەمجا ئەگەر ڕاستیشت دەوێت، پێم وا نەبووە و نییە کە وەرگێڕان دانان بێت. وەرگێڕان لە باشترین حاڵەتدا نووسینەوەی نووسینی کەسانی ترە و تەنیا داوایەکیش کە لەو نووسینەوەیە دەکرێت ئەوەیە ڕەوان و خۆش بێت و خەڵک دوای خوێندنەوەی چەند دێڕێک بێزار نەبن و لەگەڵ خوێندنەوەکەیاندا بەردەوام بن!

حه‌مه‌ مه‌نتک: ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی نووسینی که‌سانی تر بێت، ئایا ئه‌مه‌ کار ناکاته‌ سه‌ر شێوازی نووسه‌ر، یان ئازادیی ورده‌ ده‌سکاریکردن بۆ وه‌رگێڕ ڕه‌وایه‌ که‌ شێوازه‌که‌شی ده‌گرێته‌وه‌؟

خه‌بات عارف: ئەگەر ئێستا لەسەر ئەوە ڕێک بین کە وەرگێڕان نووسینەوەی نووسینی کەسانی ترە، دەگەین بەو ئەنجامەیش کە نووسینەوەی نووسین، ئەگەر لە سەرەتا و لە هەوڵە سەرەتاییەکانی وەرگێڕانیشدا نەبێت، لەگەڵ بەردەوامبووندا، بە ناچاری، وەرگێڕ دەخەنە سەر ڕاستەڕێی بەکارهێنانی چەند شێوە یا شێوازێک و ئیتر لە بەرەوە نووسینەوەکانی ئەو وەرگێڕە لای خەڵک بەو شێوە و شێوازانەدا دەناسرێنەوە. شێوە و شێوازیش تا چەند لە شێوە و شێوازی نووسینە سەرەکییەکەوە نزیک بن، هێند زیاتر وەرگێڕان بەرەو ڕاستەڕێ و ئامانجی خۆی دەبەن، کە ئەوانیش ڕێی گەیشتنە بەرەو وەرگێڕانێکی، ئەگەر کرا و لە توانستدا بوو، کتومتی بابەتە سەرەکییەکە. لێرەیشدا بەڵام، دەبێت ئەوەمان هەر لە بیر بێت کە وەرگێڕ لە زمانێکی ترەوە وەردەگێڕێت و خەریکە بە زمانی بۆوەرگێڕدراو دەنووسێت، بۆیە دەبێت و مەرجی سەرەکییە کە زمانی نووسینەکەی خۆش و ڕەوان بێت. ئاشکرایشە ئاست و دەستەڵاتشکان بەسەر توانست و بارهێنانەکانی زماندا لە وەرگێڕێکەوە بۆ وەرگێڕێک دەگۆڕێن و ئەمانەیش بە جێی خۆیان، پێکەوە، بەشێک لەو شێوازە پێک دەهێنن کە تۆ لە پرسیارەکەتدا ئاماژەت پێ کردووە. هەر ئەمەیشە کە جۆرە ئازادییەک، نەک ئازادیی وردەدەستکاری، بۆ وەرگێڕ دەهێنێتە ئاراوە بۆ ئەوەی بتوانێت، ئەگەر نەیتوانی کتومت شێوازی نووسەر بەسەر وەرگێڕانەکەیدا بسەپێنێت، شێوازێک بدۆزێتەوە کە تا ڕادەی لە توانستدا بوون نزیک بەو شێوازە بێت کە نووسینەکەی پێ نووسراوە. ئەمەیش بەرانبەر بە وردەدەستکاری نییە و بۆ وەرگێڕ نییە وردەدەستکاری بکات، بە تایبەت ئەگەر ئەو وردەدەستکارییە ببێت بە هۆی گۆڕینی نێوەڕۆک یا مانای نووسینەکە. ئێمە زۆرجار دەبینین هەمان وەرگێڕ، دیسان بەپێی توانست و دەستەڵاتشکان بەسەر ڕێزمان و زمانی بۆوەرگێڕدراودا، لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێک چەند شێوازێکی وەرگێڕان بە کار دەهێنێت. ئەمانەیش جیاوازی و جۆراوجۆریی بابەتە لێوەوەرگێڕدراوەکان دەیانسەپێنن و لە دەسەڵاتی وەرگێڕ خۆیدا نییە. ئەوەی لە دەسەڵاتی ئەودایە، ئەوەیە کە دەزانێت و هۆشیارە بە جیاکردنەوەی شێوازە جیاوازەکان و دەستەڵاتیشی هێند بەسەر زماندا دەشکێت کە لە خزمەتی دۆزینەوەی خەسڵەتە تایبەتەکانی ئەو شێوازانەدا بە کاری بهێنێت. نەک هەر ئەمە، بەڵکو زمان هێند وریایانە لە خزمەتی دۆزینەوەی کون و کەلەبەرەکانی ئەو شێوازە جیاوازانەدا، بەپێی جیاوازیی بابەتەکان، بە کار دەهێنێت؛ کە ئەنجام شێوازی وەرگێڕانی ئەوی پێ دەناسرێتەوە. ئەمانە پێکەوە، لە چاوی منەوە، چەند خەسڵەتێکن لە کۆخەسڵەتەکانی وەرگێڕانی چاک و سەرکەوتوو و هیی تریش هەن.

حه‌مه‌ مه‌نتک: زۆربه‌ی وه‌رگێڕه‌کانمان یان زمانزان “به‌ مانای زانستی زمان”، یان کوردیزان نین. به‌ ڕای تۆ زانینی ئه‌م دووه‌ پێکه‌وه‌ لەڕێی به‌کاربردنی ده‌ وه‌رگێڕاندا تا چه‌ند خزمه‌ت به‌ زمانی کوردی ده‌کات؟

خه‌بات عارف: کوردیزانییەکە لە زمانزانی ”بە مانای زانستی زمان” و هەرچی مانایەکی تریش کە لەوێدا جێی دەبێتەوە گرنگترە. مەبەستم لەم قسەیە ئەوە نییە لە نرخی زمانزانی و جێوڕێی گرنگی ئەو لە وەرگێڕاندا کەم بکەمەوە، بەڵام کەم وەرگێڕ هەن، بە مانا زانستییەکەی زمانزانی، زمانزان بن. هیچ خەوش و کەموکووڕییەکیش لەمەدا نابینم و نییە و زمانزانی مەرجێک لە مەرجەکانی وەرگێڕان، چ وەرگێڕانی باش چ خراپ، نییە؛ بەڵکو ئەرکی سەرەکیی وەرگێڕ گەیاندنی نێوەڕۆک و شێوازی بابەتێکە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر و شارەزاییش لە دیوە دیار و نادیارەکانی ئەو دوو زمانەدا و دەستەڵاتشکان هەروەها بەسەر هەردووکیاندا کاری وەرگێڕ بە جێیەک دەگەیەنێت کە لە ئاکامدا هەم خۆی پێی خەنی دەبێت و هەم ئەوانەیش ”زمانیان زیاتر دەپژێت!” و دڵیان دەکرێتەوە کە دواتر بابەتەکە دەخوێننەوە. ئەمە دەڵێم و لەوەیش دڵنیام کە ئەگەر هات و ئەو دووە پێکەوە؛ کوردیزانی و زمانزانی، لە وەرگێڕێکدا هەبن ئەوە لە چاکە و ”خێر و بەرەکەت!” زیاتری لێ نابێتەوە. هەر ئێستا کە نەختێک زیاتر بیر لە پرسیارەکەت دەکەمەوە، ئەوەم بە بیردا دێتەوە و دڵنیاتر دەبم لەوەی کە ئەوانەی تا ئێستا توانیویانە خزمەتێک بە زمانی کوردی بکەن، هەر ئەوانە بوون کە کوردیزانێکی چاک بوون، بە تایبەت ئەوانەی کە کوردیزانییەکەیان لە سنووری شێوەزارێک زیاتری تێپەڕاندووە. ئەمیان لە جێی خۆیەوە و لە جێیەکی تریشەوە کاری ئەو کەسانە بووە و دەبێت بە بنکە و پێگەیەک کە لە ئەنجامدا تاڕادەیەک گوڕوتینێکی بە تۆژینەوەی زمان و هەروەها بە زمانزانیش داوە و دەدات. کەواتە زمانزانییەکە بە دوای کوردیزانییەکەدا دێت و دیسان کوردیزانییەکە سەرەکییە بۆ هەردووکیان، بەڵام با ئەوەیش لە بیر نەکەین کە کوردیزانیش لە ئەمڕۆدا نابێت و ناکرێت هەر لەو سنوورەدا بهێڵرێتەوە کە تا ئێستا پێمان گەیشتووە. دەمەوێت بڵێم: ”ئەوەی زارەکی و نووسینەکی بۆمان ماوەتەوە، لەمەودوا ئیتر بەشمان ناکات و بەسمان نییە. ڕێک بە پێچەوانەوە، ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە سەردەمی بانگەشەی مردن یا نەمانی زمانەکانە و دەبێت، ئیتر لە ڕووی ناچارییەوە بێت یا هەڵبژاردەی خۆمان، لەسەر ئەو کوردیزانییەی جاران هەڵچنین و لەگەڵ داواکانی ئەمڕۆدا بیگونجێنین، دەنا لە زۆربەی بوارەکاندا دادەمێنین، دوا دەکەوین و دەبینە هەڵگرانی ڕێڕەوی کەونارایی و کۆنەخوازی و لە تۆیش ئاشکرایە و لە منیش، کە لەمەدا تەنیا بەجێمان و نەمان دەکەوێتەوە و هیچی تر.” بە کورتییەکەی و کوردییەکەی: ”یا نەمان، یا زمان!” کەواتە: ”ئێمە هەر هەموومان، وەرگێڕان و نووسەران و ئەوانی تریش لە بەردەم دوو ئەرکی سەرەکیداین -ئەمە بێجگە لە کۆمەڵێک ئەرکی تر- هەم گەیاندنی ئەو کوردییەی کە بۆمان ماوەتەوە و هەم هەڵچنین و پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئەو کوردییە.” ئەمجا ئەمەمان چەند و چۆن پێ دەکرێت، دیسان لە چاوی منەوە، هەر کوردیزانییەکە بنکە و پێگەیە و دەبێت لەوێوە پێ هەڵگرین و هەر لەوێیشەوە لە هەوڵ و پلوپای ئەوەدا بین لە ئەمڕۆ و داهاتوودا شتێک بە شتێک بکەین و لەمەیش زیاتر شتێکی تر بە هانامانەوە نایەت، ئەگەر بڕیارە و دەمانەوێت خزمەتێک بە زمانی کوردی بکەین.


حه‌مه‌ مه‌نتک: باست له‌وه‌ کرد نابێت هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و کوردییه‌ی که‌ بۆمان ماوه‌ته‌وه‌ کار بکه‌ین، چونکو له‌ پێشکه‌وتنی بواره‌کانی ژیان جێ ده‌مێنین، به‌ ڕای تۆ زمانی کوردی له‌ ئاست چه‌مکه فیکری و فه‌لسه‌فییه‌کاندا هه‌ژاره‌؟ ده‌بینین له‌ وه‌رگێڕانی کتێبه‌ فیکری و فه‌لسه‌فییه‌کاندا چه‌ندان وشه و زاراوه‌ داتاشراو و دروستکراون، ئه‌م وشه‌ و زاراوانه‌ تا چه‌ند خزمه‌تیان به‌ زمانی کوردی کردووه‌؟

خه‌بات عارف: زمانی کوردی لە ئاست چەمکە فکری و فەلسەفییەکاندا نەک هەژار، بەڵکە زۆرجاران دەستەوسان و لەویش زیاترە. ئەمە دەڵێم و دڵنیایشم لەوەی کە هەر ئێستا ”پادشایانی ڕووتوقووت!” هەندێکیان لەم قسەیەم تووڕە دەبن، هەندێک زویر و هەندێکیشیان پێیان وایە ”فەرمایشت!” دەدەم، بەڵام چ خەم! خەمی من ئەمیان نییە و ئەمەیە: ”ئێمە ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت، زمانیش وەک هەموو شتێکی تر لە گۆڕانی بەردەوامدایە و لەسەر گۆڕانی خۆی بەردەوام دەبێت، دەبێت نە خۆمان لەو گۆڕانە نەبان بکەین و نە چاوی خۆمانی لە ئاستدا ببەستین. ڕووتین ئیتر!” خۆنەبانکردن و چاوی خۆ بەستن، لە دڵی خۆ خۆشکردن بە کۆن و لە جێی خۆدا ڕاوەستان و ”خۆپۆشتەبینین!” زیاتر، بە هیچی ترمان ناگەیەنن. تۆ دەزانیت، منیش و لە کەسیش شارراوە نییە کە زۆربەی چەمکە فکری و فەلسەفییەکان، تا دوێنێ و تا ئەمڕۆیش، نەک بە زمانەکەی ئێمە نامۆ بوون و نامۆن، بەڵکە هەر نین و نەیشبوون. –ئەم قسەیەیش دیسان خەڵکانێکم لێ ”خۆش!” دەکات، بەڵام دیسان چ خەم! نین و نەبوون و ئەم نەبوونییەش تا ئێستا، لە ناچاریدا، بە دوو جۆر چارەسەر کراوە. یەکەمیان: ئەو چەمکانە خۆیان لە زمانەکانی تردا چۆنن، هەر ئاوهایش، کوتومت، بۆ نێو زمانی کوردی ڕاگوێزراون و لەمەیشدا چ دەستڕەنگینی و کارامەیی و لێزانی و ”گۆڕان!”ێک نییە، یا من کوێراییم داهاتووە و نایبینم! خراپ لێم تێ مەگە و مەگەن، بەوپەڕی بەئاگاییەوە ئەمە دەڵێم: ”کوردەکانی تورکیا لەمەیاندا دەستڕەنگترین و کارامەترین و لێزانترین و ”بگۆڕ!”ترین کوردن!”. دووەمیشیان: پەنابردنە بەر داتاشین و دروستکردن بووە و تا ئێستایش هەروەهایە، لە لایەن ئەو کەسانەوە کە لە بوارە جیاجیاکانی زمان و وەرگێڕاندا کارا بوون و کاران. ئەگەر دانەتاشن و دروست نەکەن، ئەی چی بکەن!؟ ئەمجا هەندێک لەو دروستکردن و داتاشینانە جێی خۆیان کردووەتەوە و هەندێکیش نا. بە دڵنیاییەوە، ئەوانەیان کە جێی خۆیان کردووەتەوە، ئەوانەن – ئەگەر لە بەراییشدا وشک و برینگ بەر هەستەکانمان کەوتبن و تا ئێستایش بکەون – بەڵام هەر ئەوانەن و ئەوانە بوون کە لە کانیاوی ڕوون و ڕەوانی زمانەکەیان خواردووەتەوە و ئەنجام پێی سەوز و گەورە بوون و ئێستا، لێیان بە ئاگا بین یا نا، زۆربەمان بە کاریان دەهێنین و ئێمە و زمانەکەشیان دەوڵەمەند کردووە و ترسمان لە بەکارهێنانیان شکاوە. ئەوانی تر بەڵام، کە دەستیاوی داڕشتن و دروستکردنی ناشییانەن و ڕەگوڕیشەیان ناچێتەوە سەر مێرگی پاراوی زمانەکە خۆی و ئەگەر، لە ئێستادا هەندێکمان بە کاریشیان بهێنین، لە داهاتوویەکی نزیک یا دووردا، کە باشتر لێیان تێدەگەین و پێیان ئاشنا دەبین، ئیتر دەستیان لێ هەڵدەگرین و ئەوان دەمرن و ئێمەیش و ئەوانەی کە دوای ئێمەیش دێن، دێن و کارێکیان بە مردوو نییە و بە دوای زیندوودا دەگەڕێن. لەمەدا ئێمەیش چارمان ناچارە و ئەوانی دوای ئێمەیش هەروەها. شتێک، هەر شتێک، کە لەسەر بنجی خۆی نەڕوێتەوە، وشک دەبێت. پێم وا نییە، قسەیەکی خراپم بە نموونە هێنابێتەوە!، ئەمەیە کە من پێشتر بۆ ”کارکردن!” لەسەر زمان، چ بە گەیاندنی ئەو کوردییەی کە بۆمان ماوەتەوە و چ بە هەڵچنین و پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی، ئاماژەم پێ کردووە و ئێستایش جەختی لەسەر دەکەمەوە. با ئەمەیش بە بیر خۆم و تۆیشدا بهێنمەوە: ”چەند گوناهن وەرگێڕ و نووسەرانی کورد، کە وەک وەرگێڕ و نووسەرانی نەتەوە ”خواپێداو!”ەکان، نەهاتوون و نایەنە سەر خوانی حازری!” و دەبێت هەمیشە لە ”مریشکەڕەشەوە دەست پێ بکەن!” و بکەنەوە. ئەرێ بە ڕاست، ئەوەی من و تۆ و پێش ئێمەیش قسەیەکیان لێ کردووە و دەیکەین، ڕەگوڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ زەوینەی بەپیت و پاراوی ”زمانپژان!” و بە نووسەر بوون و بە وەرگێر بوون!؟ نەخێر! بەپێی ئەو کەچەئاگادارییەی کە من هەمە، دیسان نەخێر! دەڵێم کەچەئاگاداری، نەک ئاگاداری و بەمەیش نە خۆم ڕادەنێم و نە خۆم هەڵدەنێم، کار و خەمی من شتێکی ترە و هێندە ژیاوم ئەو خەمانەم نەمابێتن، بەڵام کەی و لە چ زەمەنێکدا بڕیارە و بڕیار بووە ”نووسەر” و ”وەرگێڕ” نەیێنە سەر ”خوانی حازری!” لە زمانی کوردیدا نەبێت!؟ دەزانم دڵی هەموومان بەم قسانە گەرد دەگرن، بەڵام ئەمە واقعێکە و هەموو خۆلێنەبانکردن و چاوی خۆ بەستنێک دەشواتەوە. چی بکەم و چی بکەین کە ئێمە، تا ئێستایش، لە بەرانبەر چەمکە فکری و فەلسەفییەکاندا، هەژارین و هەژارانە کار دەکەین و ”دەستمان لە گونان درێژتر!”ە، ئێمە وەهاین و من و تۆیش و هەموو ”خەمخۆرا!”نیش پێکەوە، دەمانەوێت ئەوەی تێیداین و بە دەستیەوە دەناڵێنین بگۆڕین. ”گۆڕان!”؟ خواست شتێکە و ئەوەی لە ئارادایە و هەیە، شتێكی تر. چی بکەین!؟ نە بە من بە تەنیا و نە بە تۆ و نە بە باووپیرانمان بە تەنیا کراوە و نە بڕیاریشە باری هەموو ”ئەرکەکان!” ئێمە بیکێشین! نە ڕەوای هەقیشە بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بە جێی بهێڵین! بە کورتییەکەی: تۆ خەریکیت، ئەوان خەریک بوون و من خەریک و ئەوانی دوای ئێمەیش دێن و خەریک دەبن! ئەمجا ئەگەر بڕیارە، خۆمان نا، زمان نەمرێت؛ دەبێت هەروەها بکەین و نەتەوەکانی تریش، بۆ ئەوەی نەمرن، هەروەهایان کردووە و دەکەن! هەندێک چاوەڕێی دەستەڵاتی سیاسیی کوردین لەم بوارەیشدا ”شتێکمان بە شتێک بۆ بکات!” ئێمەیش چاوەڕێی ”دەستەڵاتی سیاسیی کوردی!”ی بین!؟ نا! ئەگەر لە خەونیشدا ئەو چاوەڕێییەمان هەبێت، دەبێت: ”بێ شێو سەر بنێینەوە!”

حه‌مه‌ مه‌نتک: پۆل ڕیکۆر له‌ کتێبی (ده‌رباره‌ی وه‌رگێڕان)، وه‌رگێڕان به‌ گره‌وێکی سه‌خت، یا تاقیکردنه‌وه‌یێک داده‌نێت، ئایا وه‌رگێر پێویسته‌ چ پرۆگرامێکی ئه‌زبه‌ر کردبێت، یا پشتی پێ ببه‌ستێت -لێره‌دا مه‌به‌ستمان له‌ پرۆگرامی خوێندن نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ وا بزانم له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا زانکۆ و په‌یمانگه‌ی تایبه‌ت به‌ خوێندنی وه‌رگێڕان هه‌ن- تاکو ئه‌و گره‌وه‌ نه‌دۆڕێنێت، یا له‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌ ده‌ربچێت؟

خه‌بات عارف: ڕاستییەکەی پۆل ڕیکۆر ناناسم و کتێبەکەیشیم نەخوێندووەتەوە. لەوەیە ئەمە بە عەیب! لەسەرم حساب بکرێت، کە دەڵێم: ”ناناسم و نەمخوێندووەتەوە!”، چونکە بە دەگمەن نەبێت وشەکانی ”ناناسم و نەمخوێندووەتەوە و لەوانیش زیاتر نازانم”مان بەر گوێ ناکەوێت یا نایانبینین. ئەگەر لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بین، فریای هەموو ناسین و خوێندنەوەیەک ناکەوین و دوابڕاوە ژیان هێندە کورتە، کە هەر بە تەنیا فریای کەمتاکورتێک دەکەوین. بەڵام سەبارەت بەوەی کە ڕیکۆر وەرگێڕان بە تاقیکردنەوەیەک دادەنێت، دەتوانم هەر ئەوەندە بڵێم و ئەمەیش تەنیا بەپێی هەوڵ و خەریکبوونی خۆم لە بوارەکەدا و هیچی تر، کە هەر وەرگێڕانێک بۆ خۆی تاقیکردنەوەیەکە و زۆرجاریش تاقیکردنەوەیەکی سەخت. وەرگێڕ، ئەگەر دەستەڵاتی تەواوی لە هەموو ڕوویەکەوە بەسەر ئەو بابەتەدا بشکێت کە وەریدەگێڕێت، لەو گرەوەدا دەیباتەوە، کە بەر لە هەر کەسێکی تر، لەگەڵ خۆیدا دەیکات و لە تاقیکردنەوەکەیشیدا بەتەواوی سەرکەوتوو دەبێت. ئەگەرنا، یا سەرکەوتوو یا نیمچەسەرکەوتوو دەبێت و پێشم وا نییە دڵی هیچ وەرگێڕێکی ”چاک!” بە نیمچەسەرکەوتن ئاو بخواتەوە. هەر وەرگێڕانێک دەگریت، پەڵەیەک یا چەند پەڵەیەکی کەوتووەتە سەر، بەڵام ئەمەیان گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە هێندە هەڵە و پەڵەی پێوە نەبێت کە کەس نەتوانێت بۆ هیچ نیاز و مەبەستێک سوودی لێ وەربگرێت و وەرگێڕیش، ڕاستییەکەی -ئەگەرچی من بەم قسەیەم نکوڵی لە گرنگیی هیچ پرۆگرام و خوێندنێک ناکەم و دەیشزانم لە وڵاتانی ئەوروپا پەیمانگە و کۆلێژی تایبەت بە خوێندنی وەرگێڕان هەن- دەبێت بەردەوام خەریک بێت، خۆی پێ بگەیەنێت و هەوڵ بدات لە ژیان و کۆمەڵەوە فێر ببێت و هەر ئەوانەیشن کە بەرەو وەرگێڕانی سەرکەوتووی دەبەن. دڵنیام ئەمەی ئێستا دەیڵێم دووبارەکردنەوەیە، بەڵام نە سەری کەس دەشکێنێت و نە زەرەری بۆ پەزیش هەیە: ”ئێمە ئەگەر بمانەوێت، مەبەستمان بێت و لە هەوڵی فێربوونی بەردەوامدا بین، دەتوانین هەموو شتێک لە ژیان خۆیەوە فێر ببین.” سەرباری ئەمەیش، وەرگێڕی ”چاک” بەردەوام لە هەوڵی خۆفێرکردندایە و کردەی وەرگێڕانیش، کردەیەکی بەردەوامە و هەمیشەیش لە بەرەوپێشچوون و گەشەکردندایە و دەیشبێت لەو ڕوانگەیەوە بۆی بڕوانرێت. سەرەتاکان هەرگیز وەک بەردەوامبوون و هەڵکشان و بەرەو لووتکە چوون نین و نەبوون.

حه‌مه‌ مه‌نتک: تۆ کرده‌ی وه‌رگێڕانت به‌ ئه‌زموونه‌وه‌ گرێ دا، من ئه‌وه‌ له‌ مه‌لا شوکور و مام هه‌ژار ده‌بینم، له‌ ئه‌نجامی زۆر گه‌ڕانیان به‌نێو گوند و شاراندا، به‌ڵام  زۆربه‌ی وه‌رگێره‌کانی ئێستامان له‌ ژووره‌وه‌ دانیشتوون وه‌کوو ئامێری کۆپی کتێبان وه‌رده‌گێڕن، تۆ ئه‌م گه‌ڕانه‌ تا چه‌ند بۆ وه‌رگێڕ به‌ پێویست ده‌زانی؟

خه‌بات عارف: ڕاستییەکەی لەوەیە گەڕان، ئەمجا خوێندنەوە و خەریکبوونی بەردەوام، لە هەموو شتێکی تر پێویستتر بن بۆ وەرگێڕ و کاری وەرگێڕان، دەیشزانم ئەمە قسەی من نییە و پێشتر یا لە جێیەک خوێندومەتەوە یا لە کەسێکەوە پێم گەیشتووە، بە تایبەت گەڕان لەو زمانانەدا کە لێوەیان وەردەگێڕین. ئەمجا گەڕان و تێکەڵبوون لەگەڵ خەڵکی خۆماندا، بە تایبەت خەڵکی ئاسایی، لەویش گرنگترە؛ چونکە هەر هەموومان زیاتر لە زمانێکی ترەوە، نەک بۆ زمانێکی تر، وەردەگێڕین و خەریکین زمانی کوردی، ئەگەر بۆمان بکرێت، دەڕەنگێن و بەرەو جێ و کاتێکی تری دەبەین. بەشێکی زۆری وردەکارییەکانی زمانیش لای خەڵکی ئاساییە و دەبێت لەوانەوە فێریان بین! ئەمجا ئەوەی ”لە ژوورەوە دانیشتووین” و خەریکی وەرگێڕانین، گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. گرنگ ئەوەیە چی دەکەین و چۆن دەکەین، چونکە ئێستا لە ژوورەوەیش دانیشین و خەریک بین، دەتوانین بە ئاسانی زۆربەی ئەوەی کە بۆ ئەنجامدانی کارەکانمان پێویستمانە بە دەستیان بهێنن و کەرەستەیش کەم نین. ئەوە نییە، لەبەر ئەو گۆڕانە بنەڕەتییانەی کە بەتایبەت لە هۆیەکانی ڕاگەیاندن و پێگەیشتدا ڕوویان داوە، هەموومان لەسەر ئەوە ڕێکین کە تا دێت دنیا بچووک و بچووکتر دەبێتەوە! کەواتە هەر ئەو گۆڕانە بنەڕەتییانە خۆیان نەختێک کاری هەموومانی، لە هیی ئەوانی پێش خۆمان کە ناچار بە گەڕانی بەردەوام بوون، ئاسانتر کردووە؛ بەڵام وەرگێڕە ”چاک!”ـەکان –خوا ئاگای لێیە، مەبەستم خۆم نییە!- لە ژوورەوە دانانیشن و ”وەک ئامێری کۆپی کتێبان وەرناگێڕن”، چونکە دەزانن کە بەو شێوەیە نە خۆیان بە هیچ دەگەن و نە هیچیش بە خەڵک دەگەیەنن. ئەوان، خەریکی کارێکی ترن و خەم و هەوڵەکانیان لە هیی ئەوانە جیاوازن کە وەک ئامێری کۆپی کتێبان وەردەگێڕن. گەڕانێکی تریش هەیە کە گرنگییەکی بنەڕەتیی بۆ هەموومان، ئەمجا وەرگێڕ بین یا نا، هەیە و نابێت لە بیری بکەین، ئەویش گەڕانە بە وڵاتانی دنیادا و هەر یەکەمان لەگەڵ هەر گەڕانێکدا لە زۆر ڕووە دەگۆڕدرێن و ئەمەیش لە ”خێر و بەرەکەت” زیاتر هیچی تری لێ ناکەوێتەوە.

حه‌مه‌ مه‌نتک:  ئایا ده‌کارێت ئێمه‌ له‌ڕێی وه‌رگێڕانه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و به‌ ستانداردبوونی زمان باوێین؟

خه‌بات عارف: ئەم ”هەنگاو بەرەو بەستانداردبوونی زمان”ـە خۆش نایەتە بەر گوێی من و ئەگەر مەبەستت لە ”زمانی ئەدەبیی یەکگرتوو” یا ”زمانی ستاندارد” بێت، بێ هیچ دڵەڕاوکێ و دڵەلەرزەیەک دەڵێم: ”چ پێویستییەک لە هەنگاو بەرەو بەستانداردکردنیدا نابیم و ئێمە لە دەمێکەوە زمانی ئەدەبیی یەکگرتوومان هەیە و لە دەمێکیشەوە چاکترین و ناوازەترین و باڵاترین نووسینەکانمان هەر بەو زمانە نووسراون و ئێستایش هەروەهایە. ئەوانەی قسەیەکی پێچەوانەی ئەمەیان کردووە و دەکەن، بە تەنیا نیاز و مەبەستی سیاسییان هەبووە و هەیە و هیچی تر.” ئێمە زمانی ئەدەبی یەکگرتوومان هەیە، بەڵام زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی ئێمەیش، وەک هیی زۆربەی نەتەوەکانی تر، کەموکووڕیی تێدا هەبووە و هەیە و دەیشزانم کەموکووڕییەکان کەم نین، بەڵام دەبێت بە هەموومان لە هەوڵی کەمکردنەوە یا نەهێشتنی ئەو کەموکووڕییانەدا بین، نەک ”هەنگاو بەرەو بەستانداردکردنی باوێین”. پێشتر، لەم بارەیەوە، زۆر کەسی لە من شارەزاتر و لێهاتووتر، قسەیان کردووە و ئێستایش دەیکەن و پێویستیش ناکات قسەکانی ئەوان، لێرەدا، بە بیردا بهێنمەوە یا لێیان زیاد بکەم، بەڵام ئەوانەی بەرپرسیارن لە بەرانبەر پرسەکانی زماندا و لە سەروو ئەوانیشەوە دەستەڵاتدارانی کورد، کەی و لە چ زەمەنێکدا گوێیان لە قسەی کارزانان و شارەزا و لێهاتووان گرتووە، یا پێشنیاز و ڕێگەچارەکانی ئەوانیان بە هێند وەرگرتووە؟! ئەمجا وەرگێڕان نا، بەڵام بێگومان هەموو وەرگێڕانێکی ”چاک”، وەک هەر نووسینێکی تری چاک، کۆمەک بە پتەوتربوون و جێگیرتربوونی زمانی ئەدەبیی یەکگرتووی کورد دەکات و یارمەتیی کەمکردنەوە یا نەهێشتنی کەموکووڕییەکانیشی دەدات و ئەگەر وا نەبێت، دەبێت ڕۆڵی وەرگێڕانی چاک لە زماندا چی بێت!


دیمانه‌: حه‌مه‌ مه‌نتک

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.