
شه‌هیدێك ده‌گه‌ڕێته‌وه …. ئارام شێخ وه‌سانی
1
مرۆڤ به‌رده‌وام له‌نێوان شه‌ڕی بیری ڕابردوو‌و داهاتوودایه, ئه‌وه‌ی هه‌رگاڤ ئه‌و ئاگره جۆش ده‌دات ئه‌و فراوانییهیه كه له داهاتوودا هه‌یه له‌هه‌مان كاتدا داهاتوو هه‌رگیز نه‌یتوانیوه وا له‌مرۆ بكات ڕابردوو له‌بیر بكات. قسه‌كردنی مرۆڤ دابه‌شبوونه به‌سه‌ر دوو زه‌مه‌ن, كاتێك له‌ڕابردوو و ئه‌گه‌رێك بۆ داهاتوو. بینین و دووربینی دوو چه‌مكن, بۆ ڕابردوو و داهاتوو . دووربینی به چه‌مكی داهاتوو هه‌ڵواسراوه, بینینش به چه‌مكی ڕابردوو. وه‌لێ ئه‌و دووربینیه‌ی بۆ داهاتوو ده‌كرێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ حیكمه‌تی ڕابردوو بینینێكی مایهبوچ ده‌رده‌چێت. ئێمه به‌رده‌وام ڕابردووی خۆمان ده‌بینین. هه‌روه‌ها دوور بینین به‌رامبه‌ر داهاتوو. قسه‌كردنێكی له‌و جۆره ده‌مانخاته سه‌ر هزراندێكی دوو لایه‌نه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئایا مرۆ چۆن هاوسه‌نگییه‌ك ده‌ستبخات كه ڕابردوو و داهاتوو له‌یه‌ك هاوكێشه‌دا هاوسه‌نگ و ته‌بابن. بیركردنه‌وه‌یه‌ك هه‌یه كه ئێمه‌ی مرۆڤ ئه‌وه‌نده‌ی ئیش له‌سه‌ر داهاتوو ده‌كه‌ین ئه‌وه‌نده گرینگی به‌ڕابردوو ناده‌ین, به‌رده‌وام ڕابردوو وه‌ك كۆگایه‌كه كه دامانناوه ناچین به‌لایه‌وه. ڕابردوو لای ئێمه تائێستاش نه‌بۆته هۆكار بۆ بنیاتنانی ئاینده‌و داهاتوو. ئه‌وه‌ی هاتووه قسه‌یه‌كی خێری له‌م بابه‌ته كردووه,ئه‌ده‌به به‌تایبه‌تی ڕۆمان. من وا هه‌ست ده‌كه‌م بنووسهكانی بواری ئه‌ده‌ب هه‌میشه ڕابردوو داده‌دۆشن. ئیشكردنی ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌نده‌ی ئیشكردنه له‌سه‌ر ڕابردوو نیو ئه‌وه‌نده ئیشكردن نییه له‌سه‌ر داهاتوو.به‌مانایه‌كی تر ,كاری ئه‌ده‌ب بریتییه له ده‌رهێنانی ڕابردوو له كۆگا فه‌رامۆشكراوه‌كان. بنیاده‌م به‌رده‌وام ڕابردووییهك له‌دوای هه‌موو چركه‌یه‌ك جێدههیڵێـت و ده‌یخاته ئه‌و كۆگایانهوه, ئیتر ئه‌ده‌ب دێت كار له‌سه‌ر ئه‌و ڕابردووه ده‌كات كه‌مرۆ فه‌رامۆشی كردووه. قسه‌كردنی ئێمه تایبه‌تمه‌ندی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ڕابردوو بۆ خودی خۆی به‌بێ هیچ ماكیاژێك و نووسینهوهیهك جۆریكه له ئه‌ده‌ب , جۆرێكه له‌ماده‌ی خاوی ئه‌ده‌ب. به‌بڕوای من ڕابردوو وه‌ك نه‌وتی ڕه‌ش وایه بۆ ئه‌ده‌ب.ماده‌كه بۆخۆی هه‌یه و گرینگه, ئه‌وه‌ی دێت ئه‌و ڕابردووه پوخت و به‌هادارتری ده‌كات نووسه‌ران و ئه‌ده‌ب دۆستانن. مێژووی مرۆڤایه‌تی چیرۆكێكی یه‌كجار مه‌زنه كه ده‌كرێت هه‌موو ئهدهبنووسهكانی دنیا كاری تێدا بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی فۆرمه‌كانی ژیان ڕێكبخرێنه‌وه. چه‌ندین شێوه ستایل و هۆكار هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی باس له ڕابردوو بكه‌ین. ڕۆمان خاوه‌ن ستایلی تایبه‌تی خۆیه‌تی بۆ ده‌رهێنان و وه‌گه‌ڕخستنی ئه‌زموون و حیكمه‌ته‌كانی ڕابردوو.
2
ڕۆمانی (مرۆڤێك ناوی له ناواندا نییه) , كه نووسه‌ری به‌سه‌لیقه و تژی هزر (واسینی ئه‌لئه‌عره‌ج) نووسیویه‌تی, ئه‌و یه‌كێكه له بنووسه باشه‌كانی گه‌لی جه‌زائیر, واسینی وا ئه‌م ڕۆمانه‌ی نووسیوه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه په‌یامێك به‌هه‌موو دنیا بگه‌یه‌نێ, قسه‌كردنی ئێمه سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵێك لایه‌نی جۆراو جۆری ده‌ره‌كی و ناوه‌كی ئه‌و ڕۆمانه نییه, چونكه بڕوام وایه هه‌م بهپێشهكییه جوانه‌كه‌ی وه‌رگیڕ و وته‌كانی نووسه‌ر, بوارێكی كه‌م ماوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی قسه له‌لایه‌نه ئاشكراكانی ڕۆمانه‌كه بكه‌یت, به‌ڵام وه‌ك دریدا له‌باسی خویندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بدا ڕوونكردنه‌وه‌ی داوه و ده‌ڵێت(هیچ خویندنه‌وه‌یه‌ك دوا خوێندنه‌وه نییه), بۆیه ئه‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌ی منیش دوا خوێندنه‌وه نییه. ئه‌وه‌ی گرینگه بۆ خوێنه‌ر ته‌نها ئه‌و هزره‌یه كه له‌كاتی خوێندنه‌وه‌دا دروست ده‌بێت و ئه‌وكاتیش بیر‌و ئاوه‌زی هه‌ریه‌كێكمان جیاواز بیرۆكه‌كانی ده‌نه‌خشێنێت و به‌ڕێگه‌ی جۆراوجۆر هاوكێشه‌كان هاوسه‌نگ ده‌كرێن . ئه‌و ڕۆمانه یه‌كێكه له‌و نووسینه جوانانه‌ی كه به‌لای منه‌وه وه‌ك ئه‌وه وایه كه ڕۆمانه‌كه كوردی بێت نه‌ك عه‌ره‌بی. واتا: وه‌رگیڕ (سه‌باح ئیسماعیل) له هه‌ڵبژاردنی كهرهستهكهدا زۆر هۆشقووڵ بووه. هه‌روه‌ها به‌نده تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له زمانی وه‌رگیڕ ڕازیم و هه‌ست به خۆشیی ده‌كه‌م له كاتی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌دا. تا ئێره چه‌ند سه‌ره قه‌ڵه‌مێكی كورت بوو, لێره‌وه ده‌مه‌وێت باس له مۆخی مه‌به‌ستی ئه‌و نووسینه بكه‌م. ئه‌م ڕۆمانه به‌گشتی بریتییه له تێكه‌ڵه‌یه‌ك لهباسوخواسی جوان كه هه‌ریه‌كه‌یان ده‌كرێت چه‌ندین بابه‌تی له‌سه‌ر بنووسرێت. ئه‌وه‌ی به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌م ڕۆمانه‌دا سه‌رنج ئامێزه, گێڕانه‌وه‌ی چه‌رخی ڕابردووه بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له ئێستا و داهاتوو. ئه‌و بابه‌ته بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌یه‌ك شتێكی ڕاسته, كه‌واته نووسه‌ر ژیرانه كاری نووسینی خستۆته خزمه‌ت هه‌موو مرۆڤایه‌تی, نه‌ك ته‌نها كۆمه‌ڵگه‌ی جه‌زائیری. بابه‌تی شۆڕش و به‌رهه‌مه‌كانی دوای شۆڕش وه‌ك كانییه‌ك وایه بۆ سه‌دان بنووسی جیهانی, وه‌لێ كه‌من ئه‌و نووسه‌رانه‌ی توانیویانه بهقهشهنگی ئه‌و دۆخه باس بكه‌ن و حیكمه‌ت و كاریگه‌ری بئافرێنن. له زۆرێك له وڵاتانی دنیا شۆڕش له قۆناغێك له قۆناغه‌كانی دروستبوونی نه‌ته‌وه یا ده‌وڵه‌ت پێویستییه‌ك بووه. له‌زه‌میندا زۆر شت شایه‌نی شه‌ڕ و شۆڕشن هه‌روه‌ك میلان كۆندیرا له‌كتێبی هونه‌ری ڕۆماندا بڕوای وایه ته‌نها دوو شت هه‌ن كه جه‌نگیان له‌سه‌ر ده‌كرێت: وڵات و ئه‌وێن. به‌بڕوای من ئه‌و وته‌یه‌ی كۆندێرا تاڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌گونجێ بۆ زۆرینه‌ی جه‌نگه‌كان. ڕۆمانی ( مرۆڤێك ناوی له ناواندا نییه) قۆناغی دوای جه‌نگ و شۆڕش ده‌گێرێته‌وه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه, ئایا شۆڕش و جه‌نگ تاچه‌ند له‌خزمه‌تی ئامانجه‌كانی قوربانیده‌ران بوون . هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه قوربانی له‌پێناوی ئه‌وین یاخود وڵات له دوای خۆیان چ شانازییه‌كیان بۆده‌مێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر گریمانه‌یه‌ك بكه‌ین و دۆخی مردن له‌حاڵه‌تێكی وا جێگیر بێت كه ئه‌وانه‌ی ده‌مرن بتوانن ئاگاداری دوای خۆیان بن, چی ڕوو ده‌دات؟ به‌بۆچوونی به‌نده ئه‌و بابه‌ته له‌سه‌ر ئامانجی شۆڕش و به‌رهه‌می شۆڕشه‌كانی دنیا گران ده‌وه‌ستێت. شۆڕش و جه‌نگه‌كانی وڵاتان له‌پێناو نیشتیمان, قوربانی له‌ژماره نه‌هاتووی لێكه‌وتۆته‌وه, به‌ڵام پاش هێوربوونه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆخی ئارامیی قوربانیده‌ران به هه‌موو پێوه‌رێك له‌بیركراون. گه‌ڕانه‌وه‌ی قوربانییه‌كی شۆڕشی جه‌زائیر و بینینی دۆخی دوای شۆڕش سه‌رسامییه‌كی گه‌وره دروست ده‌كات. زۆرجار مه‌به‌ست و ئارمانجی پێش شۆڕش و دوای شۆڕش به‌ته‌وای ده‌گۆڕێن ئه‌وه‌ش نیگه‌رانییه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی قوربانیده‌رانه. ئه‌م ڕۆمانه‌ی واسینی په‌رده له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌ڵده‌داته‌وه كه ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر خۆێنی شه‌هیدان هه‌موو جوڵه‌یه‌ك ده‌كه‌ن, مانای چییه؟ ئه‌گه‌ر شه‌هیدان بگه‌ڕێنه‌وه و ئه‌و دۆخه ببینین كه نه‌وه‌ی دوای خۆیان دروستیان كردووه , له بابه‌تی سته‌م و گه‌نده‌ڵی و مۆنۆپۆلی كورسی ده‌سه‌ڵات و ئازاردانی نیشتیمان له هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه,ئه‌وا جارێكی دیكه شۆڕش ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی زۆر گرینگه ئه‌وه‌یه نووسه‌ر ئه‌ده‌بی به‌كارهێناوه بۆگه‌یاندنی ئایدیای بیركردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه حه‌زده‌كه‌ن دوای مردنی خۆیان ببینن,به‌تایبه‌ت شه‌هیدان , ئه‌وان زۆر حه‌زده‌كه‌ن دوای خۆیان ئه‌و نه‌مامه‌ی كه بۆی بوونه‌ته قوربانی ,بیبینن ئاخۆ هاتۆته به‌ر. بیرۆكه‌ی سیاسیانه‌ی ئه‌م ڕۆمانه هاوشێوه‌ی شۆڕش و جه‌نگ و ڕاپه‌رینه مه‌زنه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عیراقه, شۆڕشی جه‌زائیر و ڕاپه‌رینی 1991كوردستانی كه عیراق سه‌دان قوربانی لێكهوتهوه. لێره‌دا ئه‌و شه‌هیده‌ی كه له ڕۆمانه‌كه‌ی واسینی گه‌ڕاوه‌ته‌وه نوێنه‌ری هه‌موو شه‌هیده‌كانی هاو ڕێباز و هاو ئامانجییه‌تی بۆ هه‌موو دنیا. ئێمه‌ی كورد ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌رك و په‌یامه‌ی ئه‌و شه‌هیده‌ی جه‌زائیر وه‌ربگرین ئه‌وا ئه‌و دۆخه سیاسییه ناته‌با و ناجێگیره ده‌بینین كه پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان خه‌باتیان بۆكرد و خۆیان له‌پێناویدا كرده قوربانی. باوكی (حوسێن) ی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌ی واسینی ,باوكی هه‌موو قوربانیده‌رانه له‌پێناو نیشتیمان.
3
ئه‌گه‌ر به‌كورتی كه‌مێك له‌باوه‌شی فیكری ڕۆمانه‌كه‌دا بمێنینه‌وه, ئه‌وا چه‌ندان ڕاستی ده‌دره‌وشێنه‌وه كه هۆكارن بۆ وریاكردنه‌وه و ئاگاداركردنه‌وه‌ی چینی ده‌سه‌ڵات. هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاتن و ئه‌و كه‌سانه‌یان بیرچۆته‌وه كه هۆكاری ودیهاتنی ئازادای بوون.لێره‌وه ئه‌و هزره جارێكی تر خۆی مانیفسَت ده‌كات كه ڕۆمان په‌یامی جۆراوجۆر ده‌گه‌یه‌نێت. له‌م كاره‌ی ئه‌م نووسه‌ره جه‌زائیرییه كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ره به ئه‌ده‌بی فه‌ره‌نسی, نائومێدیه‌كی بابه‌تی وه‌ك سێبه‌ر له‌گه‌ڵ كارهكهتهرهكاندا ده‌ڕوات. ئه‌و نائومێدییه شتێكی گه‌ردوونی نیه, به‌ڵكو كاره‌ساتێكه خودی مرۆڤه‌كان خوڵقاندویانه. خه‌می بنووس ئه‌وه‌یه كه دنیا له‌گه‌ڵ باشتیرینی مرۆڤه‌كانی خۆی ڕاستگۆ نییه. ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌هیده‌ی جه‌زائیر كراوه له زۆرینه‌ی دنیا وێنای هاوشێوه هه‌یه. له ڕۆمانه‌كه‌دا ڕسته‌یه‌ك زۆر دووباره ده‌بێته‌وه (حه‌یف بۆ ئه‌و خوێنه‌ی به‌فیڕۆ ڕۆی, حه‌یف بۆ ئه‌و خوێنه‌ی به با چوو), ئه‌م ڕسته‌یه په‌یامێكی شه‌هیدانه كه ناردوویانه بۆ سه‌رزه‌مین. ئه‌و وته‌یه ده‌رگایه‌كی دووه‌می هه‌یه, ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌رده‌مێكدا گه‌ر شۆڕش به‌هانه‌یه‌كی هه‌بووبێ ئه‌وا ئێستا هیچ هۆیه‌ك نییه كه خه‌ڵك خۆی بكاته قوربانی له‌پێناو نیشتیمانێك كه دوای خۆیان له هه‌موو ئه‌و ئامانجانه لاده‌دات خوێنی بۆ ده‌ڕێژرێت. بۆیه نووسیار له زمانی هه‌موو شه‌هیدانه‌وه ده‌ڵی : حه‌یف كه خوێنی خۆمان كرده قوربانی! واتایه‌كی دیكه‌ی ئه‌م وشانه‌ی ئه‌لئه‌عره‌ج خه‌مێكه كه توانای ئه‌وه‌ی نییه بیگۆڕێت. خه‌مێك كه بۆ بنیاده‌می جه‌زائیر و هه‌موو جیهان یه‌ك جۆره, ئه‌ویش خه‌می فه‌رامۆشكردنی ڕابردووه. نه‌خۆشخانه‌ی جوانكاری له ڕۆمانه‌كه‌دا به‌شێكی فراوانی ئیشه‌كه‌ی ڕۆماننووسه, نه‌خۆشخانه‌كه ئه‌گه‌رچی له‌ژێر ناوی جوانكاریدا مرۆڤ ترۆر ده‌كات و له مرۆڤی ده‌خات. ئه‌ندێشه‌ی نووسیار له بهردهستهكردنی دیمه‌نی نه‌خۆشخانه‌دا هاوشانه له‌گه‌ڵ نیشاندانی كرێتییهكانی دوای شۆڕش. لێره‌دا ویستم هه‌یه ئه‌وه بڵێم, له‌ناو كوردا ڕۆمانووسانمان كه‌مترین سودیان وه‌رگرتووه له‌و ڕابردووه كاره‌ساتبار و خه‌مه به‌ئازارانه‌ی نیشتیمان كه دوای شۆڕش و خه‌بات و قوربانیدانی نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك تائێستا بێ ئاكام ماوه‌ته‌وه. حه‌ق بوو ڕۆماننووسێكی كوردیش شه‌هیدێك زیندووبكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ببینیی كه تا ئێستا كورد نه‌بۆته خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و كیانێكی یه‌گكرتوو.
4
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه بۆ گوتن ئه‌وه‌یه كه ڕۆمانه‌كه‌ی (واسینی ئه‌لئه‌عره‌ج) له ڕوانگه‌ی زمانه‌وانی و تهكنێك , تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه. ڕۆماننووس زۆر جۆر كه‌ره‌سته‌ی له‌به‌ر ده‌سته به‌ڵام نووسیاری سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌یه ئه‌و واقیعه بگه‌یه‌نێته خوێنه‌ر كه ویستییه‌تی, من هه‌ست ده‌كه‌م ڕۆماننووس له‌دیووی دووه‌می ماناكانی ڕۆمانه‌كه‌دا بۆته واعیزێكی به ئه‌زموون. زمان گرینگیه‌كی بێئه‌ندازه‌ی هه‌یه بۆ ڕۆمان, ئه‌و ئه‌گه‌رچی زمانێكی شیعری ئاڵۆزی نییه به‌ڵام نه‌خش و وه‌سف و نموونه و به‌راورد و ورده‌كارییه‌كانی هۆكاری به‌باشی گه‌یاندنی پهیامهكهن. ڕۆماننووس له‌نووسیندا دركی به‌و ڕاستیانه كردووه كه خوێنه‌ر له‌كاتی خوێندنه‌وه‌دا له‌چ شوێنێك ماندوو ده‌بێت و له‌كام په‌ره‌گراف پێویسته ڕووناكایی زیاتری چیرۆكه‌كه ده‌ربكه‌وێت. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ته‌كنیكی ڕۆمانه‌وه ئه‌م كاره‌ی نووسه‌ر زۆر ساده‌یه. نووسیار له‌ڕووی ته‌كنیكه‌وه شتێكی ئه‌وتۆی پێشكه‌ش نه‌كردووه. ڕۆمانه‌كه دابه‌شكراوه‌ته سه‌ر سێ به‌ش و هه‌ندی سه‌ره‌باسی ناوه‌ندی, ئیتر شتێكی دیكه نابینی. به‌ڵام من شك ده‌كه‌م نووسه‌ر به ئه‌نقه‌ست ئه‌و ته‌كنیكه ساده‌یه‌یی به‌كارهێنابێ ئه‌ویش له پێناوی ته‌رخانكردنی هێزی گه‌وره‌ی ڕۆمانه‌كه بۆ گه‌یاندنی فێكری ڕۆمانه‌كه, به‌و هۆیه‌وه نووسیار نه زمانی به‌لاوه گرینگه و نه ته‌كنیكی ڕۆشتنی ڕووداوه‌كان و نه پلانی خستنه‌ڕووی ڕۆمانه‌كه. له‌م كورته نووسینه‌مدا له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆمانه پێویسته حه‌قێك بگوترێ ئه‌ویش ده‌ست خۆشییه له ماندووبوونی وه‌رگێڕ(سه‌باح ئیسماعیل)كه تا ڕاده‌یه‌كی باش له به‌كوردیكردنی ڕۆمانه‌كه سه‌ركه‌وتوو بووه و ده‌زگای ئاراسیش بۆی چاپكردووه.
Aram_msh@yahoo.com