ڕێز له مه‌عریفه، کتێبخانه‌و پرسی خوێندنه‌وه
(1)
بۆچی ئێمه‌ی کورد به‌پیر هزری نوێوه ناچین و وه‌ک پێویست ڕێز له‌کتێب ناگرین؟ پێموایه وێڕای ته‌مبه‌ڵی، که فێری خۆلسته‌نه‌وه‌ی کردووین و حه‌زمان به‌کارکردن نییه، ئێمه‌ی کورد تا ئه‌م دوایییه‌ش، هه‌تا پیشه‌ی چێوداری شاره‌زابووین. فه‌رهه‌نگیشمان زاره‌کی بووه. واته توێژینه‌وه‌مان له هیچ بواریکدا نه‌کردووه. فێری ڕه‌خنه‌گرتنیش نه‌بووین. فه‌رهه‌نگی ئێمه شیعر هۆنینه‌وه‌ی لێ ده‌رچێت، ئه‌ویش دوای گه‌لانی ناوچه‌که ده‌ستمانپێکردووه، ئه‌وه‌ی مایه‌وه زاره‌کی بووه. له‌بری زه‌ین و مێنتاڵ، سۆز باڵاده‌ست بووه، ژانری شیعریش سۆز تێیدا ڕه‌گه‌زی باڵایه. ئێمه ته‌نیا وتاری زاره‌کیمان گومان بردووه. وتاری زاره‌کیش هه‌ر دوای گۆکردنی لهبهینچووه، یان لهیادچووهتهوه. واته باپیرانمان نه‌یانتوانیوه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر وتاره‌کانی خۆیان، تا شرۆڤه‌یان بکه‌ن، هه‌ڵیانبسه‌نگێنن و ڕه‌خنه‌یان لێ بگرن.
تاکی کورد به‌گشتی، ڕێزێکی ئه‌وتۆ بۆ زانست و زانیاری دانانێت. جار هه‌یه، تۆ له دانیشتنێکدا، کۆمه‌ڵێک زانیاریی به‌نرخ و به‌سوود به ده‌وروپشتت ده‌ده‌یت، که ئه‌وان پێشتر له‌و به‌ستێنه‌دا ته‌قه‌ی سه‌ریان هاتووه، که‌چی که‌سیان لێنابڕێن زاره‌کی سوپاست بکه‌ن، وه‌ک ئه‌و پێزانینیهی هه‌ر تاکێکی ئه‌وروپایی له دۆخی وه‌هادا ده‌ریده‌بڕێت. دیاره که سوپاسگوزاری هیچ بڕه پاره‌یه‌کی تێناچێت و به‌خۆڕاییه. له‌کاتێدا ئه‌گه‌ر ئاشنایه‌ک سیگارێکت پێشکه‌ش بکات، یان په‌رداخێک ئاوت بداتێ، تۆ ده‌بێ سوپاسی بکه‌یت و دهیشیکهیت. وه‌لێ کاتێک زانیارییه‌کی به‌نرخی پێده‌ده‌یت. زۆر جار له سۆنگه‌ی بێبایه‌خ سه‌رنجدانی مه‌عریفه و گرێی که‌مسه‌ری و هه‌ستی کێماسییه‌وه، ڕکیشی لێت ده‌بێته‌وه، یان ئێره‌ییت پێ ده‌بات، چونکه تۆ له‌و پتر ده‌زانیت.
ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ی خاوه‌نی سه‌قامگیریی فه‌رهه‌نگی و تایبه‌تمه‌ندیی فه‌رهه‌نگیی خۆی نه‌بێت، ئه‌سته‌مه سه‌قامگیریی سیاسیش به‌خۆیه‌وه ببینێت، چونکه ئه‌و کۆمه‌ڵه، خه‌می په‌رورده‌کردنی تاکه‌کانی له‌ڕووی فه‌رهه‌نگی و مه‌عریفییه‌وه نه‌خواردووه. نه‌ته‌وه‌ی بێ مه‌عریفه و بێ فه‌رهه‌نگیش، تاکی ناخ کولۆر و که‌سیه‌تیی لاواز به‌رهه‌مدێنێ. نه‌ته‌وه‌یه‌ک خاوه‌نی ڕۆڵه‌ی وه‌ها نه‌زان بێت، ده‌شێ هه‌ر کاتێک فشاری توندی بۆ هات، هه‌ره‌سبهێنێت. دیاره که نه‌ته‌وه‌ی بێ مه‌عریفه خاوه‌نی ئاوه‌ز و مێنتاڵ نه‌وبووه، که هه‌ر مێنتاڵ خۆیه‌تی، مشووری ده‌سته‌به‌رکردنی سه‌قامگیری ده‌خوات و هزریش به‌رهه‌مدێنێ. کۆمه‌ڵی نائه‌قڵانی ناتوانێت تا سه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیری بۆ تاکه‌کانی خۆی ده‌سته‌به‌ر بکات.
(2)
کتێبخانه گشتییه‌کانی نیشتمان، بوونه به ئه‌مباری کۆنه ڕۆژنامه و گۆڤار و کتێب، که له‌وێدا تۆز و شێ خواردوونی و خوێنه‌ریان نییه، تاکو لێیان بپرسێته‌وه و تۆزیان لێ بته‌کێنێت. مه‌گه‌ر خوێندکارێک، مامۆستاکه‌ی داوای نووسینی ڕاپۆرتی لێ کردبێت، یان خوێندکارێک، سه‌رقاڵی نووسینی نامه‌ی زانستی بێت، ڕێی بکه‌وێته کتێبخانه‌کان و تۆز له هه‌ندێک له‌و ڕۆژنامه و گۆڤار و کتێبانه بته‌کێنێت.. له سه‌روبه‌ندی تاقیکردنه‌وه‌کانی سه‌ری ساڵیش‌دا، ده‌بنه مه‌کۆی ئه‌و قوتابییانه‌ی، که جێ و ڕێیه‌کی له‌بار بۆ کۆشش کردن گومان نابه‌ن. ئه‌وان دێن تاکو لێره، به وانه‌کانیاندا بچنه‌وه و خۆیان بۆ تاقیکردنه‌وه‌کان ئاماده‌بکه‌ن.
له کتێبخانه گشتییه‌کانی نیشتماندا، هێشتا کتێبه‌کان وه‌ک سه‌رده‌می عوسمانی ڕیزکراون. دیواری به‌رز و ئه‌ستوور له‌نێوان خوێنه‌ر و کتێب‌دا هه‌ڵچنراوه، به‌و واتایه‌ی خوازیاری کتێب بۆی نییه به‌نێو ساڵۆنی کتێبه‌کاندا هامشۆ بکات، تاکو ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت و پێویستی پێیه‌تی خۆی بیدۆزێته‌وه و ده‌ستی بداتێ. ئه‌و هه‌میشه له ده‌ستی دووه‌مه‌وه کتێب ده‌خوازێت. واته ناهێڵن تێکه‌ڵی و ئاشنایه‌تی له‌نێوان تاکی خوێنه‌ر و دنیای کتێب‌دا چێ بێت. ئاخر زۆر گرینگه خوێنه‌ر دیمه‌نی کتێبه‌کان به ڕیزکراوی ببینێ. بۆنیان بکات و ده‌ستیان لێ بدات. واته وا چاکه کتێبه‌کان به‌ر هه‌سته‌کانی بینین و به‌رکه‌وتن (له‌مس) و بۆنکردنی خوێنه‌ر بکه‌ون. له نزیکه‌وه بیانبینێت و لێیان هه‌ڵبژێرێت. له‌گه‌ڵ دنیای کتێب‌دا ڕابێت و هۆگری ببێت. به‌کورتی له نیشتمان، نه کتێبه‌کان ئازادن، نه خوێنه‌ر له ده‌ستنیشان کردن و هه‌ڵبژاردنیاندا ئازاده. به‌ڵکو هه‌ریه‌که‌یان به شێوه‌یه‌ک پابه‌ند کراوه.
یه‌ک له‌باری خوێنه‌ر، به‌و سیستمه کۆنه‌ی له‌ئارادایه، دۆزینه‌وه‌ی کتێبێک کاتی زۆری لێ به‌فیڕۆ ده‌دات. سه‌یره، له ده‌روازه‌ی سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌مدا، هێشتا ناوی کتێبه‌کان له چکمهجهکاندان و له‌سه‌ر په‌نچکه کاغه‌ز تۆمارن. خوێنه‌ر ده‌بێت ئاره‌قی ڕه‌ش و شینیان به‌دیاریانه‌وه ده‌ربدات، تاکو ئه‌و کتێبه‌ی له‌شوێنی ده‌گه‌ڕێت ده‌یدۆزێته‌وه. ئه‌م سیستمه له‌خۆیدا کات و ته‌مه‌ن به‌فیڕۆدانه له سه‌رده‌می خێراییدا. خۆ له ئێستادا به‌ئه‌لکترۆنی کردنی کتێبخانه کارێکی ئه‌وه‌نده گران نییه. بڕه پاره‌یه‌کی که‌می تێده‌چێت. به‌ڵام کارئاسانییه‌کی زۆر بۆ کتێبخانه‌که و بۆ خوێنه‌ر ده‌کات. وڵات یه‌ک وڵاته، که‌چی کتێبخانه‌یه‌ک له سلێمانی ناتوانێت له کتێبخانه‌یه‌کی هه‌ولێر و دهۆکه‌وه کتێب بۆ خوێنه‌رێکی لای خۆی بگوێزێته‌وه و بیخاته به‌رده‌ستی. به‌م پێیه، له نیشتمانه‌که‌ی من، ئه‌وه‌ی کارئاسانی بێت بۆ پرۆسێسی خوێندنه‌وه له‌ئارادا نییه.
ده‌بووایه له شاره گه‌وره‌کانی هه‌رێمدا، هه‌ر گه‌ڕه‌که کتێبخانه‌ی خۆی هه‌بێت و ته‌نسیقیان له‌نێواندا هه‌بێت. وه‌لێ به ڕستێک که‌ونه یاسای شموولی ده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌ر و کارمه‌ندانی ئه‌م ده‌زگه گرینگه به‌ستراوه. ئه‌م کۆنه یاسایه هه‌ر کارئاسانییه‌ک بۆ خوێنه‌ر (که ئه‌و ئامانجی یه‌که‌مه) به یاساشکێنی لێکده‌داته‌وه. بۆیه به‌ڕێوه‌به‌ر و کارمه‌ندانی ئه‌م ده‌زگه‌یه ناتوانن چاکسازیی له کاروباری کتێبخانه‌دا بکه‌ن. خێرخوایهکیش نییه ئه‌م پرسه بگه‌یه‌نێته په‌ڕله‌مان و داوای گۆڕینی یاساکان بکات. به‌کورتی، ئه‌گه‌ر تۆ بۆ یاسای شموولی ده‌گه‌ڕێی، بڕۆ سه‌ری کتێبخانه گشتییه‌کانی کوردستان بده.
ئێمه‌ی کورد به‌هه‌ق و به ناهه‌ق وشه‌ی (پیرۆز) مان له‌سه‌ر زاره. پێموایه ئه‌گه‌ر دیارده‌ی پیرۆز له‌گۆڕێ بێت، ئه‌وا خوێندنه‌وه یه‌کێکه له‌و دیارده پیرۆزانه و پێویسته دایک و باوک و مامۆستا، هانی منداڵان بده‌ن و خۆیشیان ببنه سه‌رمه‌شقیان. سه‌یره، وه‌ک چۆن هامشۆکه‌ری کتێبخانه‌کان له کوردستان که‌من، هامشۆکه‌ری دێرینخانهکان که‌متریشن. جا چونکه له‌سه‌ر ئاستی به‌رزی ده‌سته‌ڵات که‌سانی ڕۆشنبیر که‌من، بۆیه له‌و شوێنانه‌ی بڕیاریان به‌ده‌سته، باسی ئه‌م پرسه ناکرێت و خه‌می لێ ناخورێت. هیچ کاندیدێکیش له سه‌روه‌ختی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌ماندا، ناچێته ژێر باری چاککردنی دۆخی کتێب و کتێبخانه. وادیاره ئه‌وانه‌ی وڵات به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، سهروساختیی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و مه‌عریفه‌دا نییه. ده‌نا بۆ گه‌لی زیندوو، کتێبخانه وه‌رشه‌ی کاره، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هه‌میشه جمه‌ی بێت.
له وڵاتانی ئه‌وروپادا، ڕه‌نگه پێگه‌ی سێیه‌م بۆ مرۆڤ له‌دوای ماڵ و شوێنی کار، کتێبخانه گشتییه‌کان بێت، که خه‌ڵک کاتی خۆیانی لێ به‌سه‌رده‌به‌ن و سه‌ردانی ده‌که‌ن. به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم، کتێبخانه‌کان زۆر له که‌نیسه‌کان قه‌ره‌باڵغترن. له‌ڕاستیدا کاره‌ساتی کتێب کاره‌ساتی خوێندنه‌وه و نووسینه.. له هه‌ندێک وڵاتی پاشڤه‌ڕۆدا، ئه‌منی فه‌رهه‌نگییش هه‌یه، کاریان هه‌ر ئه‌وه‌یه بندێڕی وتارهیل و کتێبهیل بخوێننه‌وه. تاکو ئه‌گه‌ر زیانیان بۆ په‌زه‌کان هه‌بوو، به‌خۆیان و به نووسه‌رانیانه‌وه له‌ده‌میانه‌وه بده‌ن. ئه‌منی فه‌رهه‌نگی کتێب قه‌ده‌غه ده‌که‌ن، گۆڤار داده‌خه‌ن، بۆ شاعیر و نووسه‌ری ئازاد تێدهچێنن. فیلم له سینه‌ماکان ده‌وه‌ستێنن. وه‌لێ دوور له زێده‌گۆیی، ئه‌گه‌ر ئێمه پرۆسێسی خوێندنه‌وه‌مان وه‌لانا، ئه‌وا پرسهیلی هۆشیاری و فه‌رهه‌نگمان وه‌لاناوه.
(3)
پرۆسێسی خوێندنه‌وه، گه‌شه‌ی زه‌ین و بناغه‌ی فێربوونه. خوێندنه‌وه یه‌کسانه به گه‌ڕان به‌شوێن مه‌عریفه‌دا، که ده‌روازه‌یه‌که بۆ ڕزگاری و تێپه‌ڕاندنی په‌تای پاشڤه‌ڕۆیی و جاشایه‌تی و کلکایه‌تی و چه‌پڵه‌ڕێزانی درۆ بۆ ئه‌م و ئه‌و. هه‌رچی نهخوێندنهوهیشه زه‌قترین نیشانه‌ی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ته‌نگژه‌ی هزری و فه‌رهه‌نگییه، له کۆمه‌ڵی ئێستای کورده‌واریدا.. نه‌خوێندنه‌وه له ده‌روازه‌ی ئه‌م سه‌ده نوێیه‌دا په‌تایه‌کی هێنده ترسناکه، له‌جێیه، له‌لایه‌ن ئه‌هلی زانست و فه‌رهه‌نگه‌وه چه‌ندین کۆنگره و سیمیناری له‌سه‌ر گرێبدرێت و له‌وێدا هۆکار و ئاکامه‌کانی بخرێنه ژێر پرس و باسی جیددییه‌وه.
گه‌لی کورد له ناوچه‌یه‌کدا هه‌ڵکه‌وتووه، باپیرانی دانیشتوانه‌که‌ی بۆ یه‌که‌م جار له مێژوودا، هه‌م نووسین و هه‌میش کتێبیان داهیناوه. ئێمه بێ دوودڵی، ده‌توانین به‌ڕێزه‌وه بڵێین، یه‌که‌مین پادشای ڕۆشنبیر له ته‌واوی ناوچه‌که‌ی ئێمه‌دا، ئاشوور بانیپاڵه، که خاوه‌نی مه‌زنه کتێبخانه‌ی خۆی بووه. ئه‌م پادشایه شایسته‌ی ئه‌وه‌یه له‌پێش ده‌روازه‌ی هه‌ر کتێبخانه‌یه‌کی گشتیی عیراقدا، به کوردستانیشه‌وه په‌یکه‌ری نایابی بۆ چێ بکرێت. ئه‌م پادشا نه‌جیبه، له نێوان ساڵانی 1851_ 1845ی (پ. ز.) دا فه‌رمانڕه‌وایی کردووه و پایته‌خته‌که‌ی نه‌ینه‌وا بووه.
سه‌باره‌ت به پێوه‌ندیی نێوان پرسی خوێندنه‌وه و ئاین، وه‌ختایێ مرۆڤ بیری لێ ده‌کاته‌وه، ده‌گاته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئاینی ئیسلام به درێژایی ته‌مه‌نی خۆی به‌ئه‌رێنی کاری له مرۆڤی ناوچه به‌رینه‌که‌ی ئێمه، به‌کوردیشه‌وه نه‌کردووه. چونکه ئاینی ئیسلام به وشه‌ی (إقرأ: بخوێنه) ده‌ست پێ ده‌کات و ده‌پرسێت (هل یستوي الذین یعلمون والذین لا یعلمون). نزای (ربي زدني علما) ده‌کات. به‌م پێیه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵکه‌که‌ی به ڕاستی گوێڕایه‌ڵی هه‌ڤۆته‌کانی ئاینی ئیسلام بوونایه، ده‌بوو ئێستا ناوچه‌که‌ی ئێمه پڕخوێنه‌رترین هه‌رێمی جیهان بوایه. که‌چی ناسراوترین شاعیری عه‌ره‌ب، که ئێستا (سعدي یوسف)ه و چه‌ندین جار خه‌ڵاتکراوه، له نوێترین چاوپێکه‌وتندا، 10.08.2011 ده‌ڵێ: (هه‌شتا کتێبم هه‌یه، چلوسێیان دیوانی شیعرن، له‌هه‌ر هه‌شتایان درهه‌مێک پاره‌م وه‌رنه‌گرتووه، هه‌ر کتێبه، به هه‌زار دانه، له باشترین دۆخدا به دووهه‌زار دانه چاپ بووه.) (1)
وێڕای ئه‌وه‌ی خودی په‌یامبه‌ری ئیسلامیش ده‌ست له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی فه‌رهه‌نگ و مه‌عریفه داده‌گرێت، کاتێک ده‌ڵێت: (من علمني حرفا ملکني عبدا) یان (أطلبوا العلم ولو بالصین).. له‌لای خۆمه‌وه نازانم هۆی چییه ئه‌م ئایه‌ت و فه‌رموودانه تاکو ئێتسا وه‌ک پێویست کاریان له‌و خه‌ڵکه نه‌کردووه، که خۆیان به موسوڵمان ده‌زانن. جێی وتنه به‌ر له نازڵبوونی ئیسلام. له کتێبی ئینجیل‌دا ناڕاسته‌وخۆ باسی ڕۆڵی وشه هاتووه، کاتێک ده‌ڵێت: (في البدء کانت الکلمة) ئاوایه پاشخانی تاکی کورد و ناوچه‌که‌یش، که‌چی ئێستا وه‌ها به‌دیارده‌که‌وێت، که ئه‌وان خاوه‌نی ئه‌م میژووه نه‌بن.
ئه‌گه‌ر به حیساب بێت، کورد خۆی خاوه‌نی سێ دانه کتێبی پیرۆزه. یه‌که‌مینیان، کتێبی ئاوێستایه، که له کۆنیدا که‌س به ته‌واوی مێژووی ده‌رکه‌وتنی نازانێت. ئه‌م کتێبانه له پیرۆزیدا، ده‌یان ملیۆن مرۆڤ بڕوایان پێی بووه و ئێستایش، مرۆڤه‌یلێکی زۆر هه‌ن دڵیان بۆی لێ ده‌دات و شانازی به‌م کتێبانه‌وه ده‌که‌ن.
به‌م دوایییه هه‌موو ئه‌و داهێنانه‌ی، که له بواری پێوه‌ندی و گه‌یاندندا به‌رپابوونه، گه‌یشتوونه‌ته کوردستانیش و تاکی کوردیش ده‌ستی پێیان گه‌یشتووه. ئه‌مه‌یان له‌خۆیدا نیشانه‌ی پێشڤه‌چوونه، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌م فیگه‌رانه بۆ کاری خێر به‌کاربێن.. ئینته‌رنێت نه‌وه‌ی نوێ به‌جۆرێکی دیکه په‌روه‌رده ده‌کات و ڕاده‌هێنێت، که باوکه کۆنه‌پارێزه‌کان پێیان قه‌بووڵ ناکرێت. گرنگترین ئه‌و سیفه‌تانه‌ی، که مرۆڤی هه‌ڵوه‌دای ئینته‌رنێت هه‌یه‌تی تاکایه‌تییه، که ڕێک به‌رانبه‌ر به بڕوابه‌خۆبوون ده‌وه‌ستێته‌وه. که‌چی هێشتا له‌لای ئێمه، نه‌خوێنده‌واریی فه‌رهه‌نگی له‌جێی خۆیه‌تی.
له‌لای خۆمان هێشتا هه‌ر گهندهسوود له ئینته‌رنێت وه‌رده‌گرن. کوا، بۆچی ئه‌وان له فه‌یسبوکدا گفتوگۆی جیددی له‌سه‌ر کتێبه نوێیه‌کان و که‌ڤاڵ و فیلم و شانۆ نایابه‌کان ناکه‌ن؟ بۆچی له‌سه‌ر زانست و هونه‌ر به‌گشتی قسه‌یه‌کیان نییه شیاوی باس بێت؟ داخۆ کورد چه‌ند هه‌زار کتێبی ئه‌لکترۆنیی هه‌یه؟
به‌سه‌رێکی تر، تاکی کورد له چه‌قی وه‌همدا ده‌ژی، کاتێک ئه‌و، سه‌یرکردنی ئینه‌رنێت و ته‌له‌ڤزیۆنی لێ بووه به ئه‌لته‌رناتیڤی کتێب و خوێندنه‌وه. یان با بڵێین، تاکی کورد له‌سه‌ر حیسابی کتێب و پرۆسێسی خوێندنه‌وه مامه‌ڵه له‌ته‌ک ماڵپه‌ڕه‌کان و فه‌یسبوک و… تاد ده‌کات، له کاتێکدا هه‌ر تاکێکی خۆرئاوایی به زیاده‌وه خاوه‌نی هه‌موو ئه‌م ئامرازانه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی پشتی کردبیته کتێب خوێندنه‌وه. بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه‌ی چاخی جیهانگیری، به‌و ڕاده‌یه له‌سه‌ر پرسی خوێندنه‌وه که‌وتبێت و له کتێب ته‌وه‌لای کردبێت.
وه‌ک له نزیکه‌وه ئاگادارم. له خۆرئاودا، له‌ته‌ک ئه‌م هه‌موو ئامرازانه‌دا، به گه‌شتوگوزار و شاره‌یلی یاری، هۆڵهیلی شانۆ و هۆڵی سینه‌مای به نوێترین فیلم… هێشتا بازاری کتێب (بێجگه له کتێبی شیعر) گه‌رمه و کتێبخانه‌کان به خوێنه‌ری منداڵ و جحێڵ و پیر جمه‌یان دێت. ئه‌گه‌رچی ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی لای خۆمان، هه‌موو ئه‌و کارمه‌ندانه‌ی، که‌ناڵه تیڤییه‌کان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، پسپۆڕن و زۆربه‌ی تیڤییه‌کان ئه‌هلین. مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن، ده‌نا حزب هه‌رچی که‌ناڵی میدیایی کاغه‌زی و ده‌نگی و ڕه‌نگی بێت نییه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، هێشتا هه‌ر خه‌ڵک هه‌ن تیڤی به زیاده مه‌سره‌ف و بێ که‌ڵک ده‌زانن و له ماڵیاندا وجوودی نییه. تاکی کوردیش به‌دیار که‌ناڵه خۆجێیه‌کانه‌وه باوێشک ده‌دات و خه‌وه نوچکێیهتی، ئه‌گه‌رچی هه‌ر لهوهیانهوه، که به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، تا ده‌گاته سه‌ر بێژه‌ره‌کان، شتێکی ئه‌وتۆی لێ نازانن شیاوی باس بێت. زیاتر بڕوانامه‌ی حیزبیان له باخه‌ڵدایه تا بڕوانامه‌ی میدیا. زێده‌گۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم، به‌شی زۆری ئه‌وه‌ی، ئه‌و تیڤییانه ده‌یڵێن و پیشانی ده‌ده‌ن، جێی گومانه، به کهشوههوایشهوه.
جێی وتنه به‌گشتی ئه‌دگار و سهروسووهتی مرۆڤی کورد ده‌چێته دڵه‌وه. به‌ڵام نازانم به ڕێکه‌وته یان به ئه‌نقه‌ست، زۆرێک له‌وانه‌ی وا بێژه‌ری تیڤییهکانن، هه‌م له میدیا بێ‌ئاگان و هه‌میش ڕوخساریان شایسته‌ی په‌رده‌ی تیڤی نییه. هه‌ر به ده‌رکه‌وتنیان، بینه‌ر سهتهلایتیشی له‌به‌رچاو ده‌که‌وێت. مێینه‌کانیان، هه‌ر به ماکیاجی نابه‌جێ بینه‌ر جاڕس ده‌که‌ن و مگێزی ئیستاتیکیی بینه‌ری وریا ده‌شێوێنن. جا قسه قسه دێنێت، پێده‌چێت هێشتا له باشووری کوردستان ماکێری تیڤی ههڵنهکهوتبێت، که جیاوازه له ماکێری شانۆ.
نه‌خوێنده‌واریی فه‌رهه‌نگی، به‌ڵایه‌کی سه‌ر به‌فه‌تاره‌ت ده‌ره. له‌خۆیدا له‌ڕیزی گه‌نده‌ڵی و جاشایهتیدایه. یان وه‌ک بازرگانی کردن به ماده هۆشبه‌ره‌کان و به‌کاربردنیان وایه، بگره خراپتریش. چونکه نه‌خوێندنه‌وه دایکی گشت ئه‌و په‌تایانه‌یه، که ناوم هێنان. ئه‌وه‌ی هیچ نه‌خوێنێته‌وه، هیچیش نازانێت. زۆر به ئاسانی دهخاپێنرێت و کڵاوی له‌سه‌ر ده‌نرێت. له جڤاکی وه‌ها ناجۆردا، که خه‌ڵکه‌که‌ی ناخوێننه‌وه، نواندنی هه‌ر چالاکییه‌کی فه‌رهه‌نگی، بریتی ده‌بێت له بێهووده‌یی و به‌فیڕۆدانی ڕه‌نج و کات و داهات. وه‌لێ سه‌رده‌م سه‌رده‌می زانست و زانیارییه. ئه‌وه‌ی له‌م نیعمه‌تانه بێ به‌ش بێت، وه‌ک وته میللییه‌که ده‌ڵێت: سفر له ئه‌مانی خوادایه.. جێی وتنه له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، زۆرن ئه‌وانه‌ی به‌شوێن خوێندنه‌وه‌ی ڕسوایییهکانهوهن، وه‌لێ ڕێژه‌ی به‌کاربه‌رانی به‌رهه‌مه فه‌رهه‌نگییه جیددیییهکان، له کزییان داوه.
(4)
هه‌ڵبه‌ته کۆمه‌ڵی خوێنده‌وار و پڕ خوێنه‌ر، جڤاکێکی ئه‌مینی تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتوو ده‌هێنێته به‌رهه‌م. مه‌زنترین دهستهکهوتیش له‌م سه‌رده‌مه‌دا ڕۆشنبیرکردنی مرۆڤه. تاکی نائاگا، که خۆی مایه‌پووچ بێت، نیشتمانی پێ ئاوا نابێ. ئه‌گه‌ر بته‌وێت ئاستی ژیاری و فه‌رهه‌نگیی میلله‌تێک بزانیت، گه‌ره‌که بچیته بنجوبناوانی، بزانی ڕۆڵه‌کانی ئه‌و گه‌له چی ده‌خوێننه‌وه؟ فه‌لسه‌فه، ڕۆمان، هزر، شیعر؟ ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، ئه‌و توێژه خوێنده‌واره‌ی ئێستای کوردی باشوور، به‌زۆری سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی سه‌ربورده‌ی ڕسوایییهکانن، له گه‌نده‌ڵی و جۆره‌کانی. ئه‌ویش زیاتر له ڕێی ڕۆژنامه‌کانی ئۆپۆزسیۆن و ماڵپه‌ڕه‌کانه‌وه. ئه‌مه دیاردهیهییش واتای خۆی هه‌یه. له‌ڕاستیدا، دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی زه‌ینی خوێنه‌ری ئه‌م ڕۆژگاره‌ی، به‌ڕۆشنبیر و ته‌واوی ڕه‌شه‌خه‌ڵکه‌که‌وه داگیرکردووه. قسه‌ی خه‌ڵک له چایخانه و دانیشتن و شه‌ومیوانی، به‌هه‌ر لایه‌کدا لقوپۆی لێ ببێته‌وه، دواجار هه‌ر دێته‌وه سه‌ر ئه‌م پرسه و کۆتایی پێ نایه‌ت.
خه‌ریکه ڕۆژنامه و ماڵپه‌ڕ ده‌بنه ئه‌لته‌رناتیڤی کتێبه جیددییه‌کان و ته‌نگ به ئه‌ده‌ب و هزر و فه‌لسه‌فه هه‌ڵده‌چنن. واته خه‌ریکه (موهاته‌رات) ڕێ به ئه‌ده‌بی جوان و ته‌واوی ڕشته گرینگه‌کان لێژده‌کات. یان ده‌کرێت بڵێین، به‌گشتی خوێندنه‌وه‌ی ڕسوایییهکان و شه‌ڕه‌جنێو له‌وه‌دایه جێ به فه‌رهه‌نگ لێژبکه‌ن. کێرڤی فه‌رهه‌نگ به گشتی ڕوو له نشێوه. به‌ره‌و ته‌نکاو و کاڵبوونه‌وه ملده‌نێت. وه‌کوتر، ئیته‌رنێت، که ده‌کرێت ببێته که‌ناڵێکی تری ده‌وڵه‌مه‌ند، که‌چی زۆربه‌ی لاوان، به دروستی بۆ خوێندنه‌وه به‌کاریناهێنن. به‌ڵکو ئه‌وان گهندهسوودی لێ وه‌رده‌گرن.
ئاشکرایه که خه‌ڵک له ڕێی پرۆسێسی خوێندنه‌وه‌وه فێرده‌بن، گه‌شه‌ی هزری ده‌که‌ن و زانیاری کۆده‌که‌نه‌وه. به ڕاده‌یه‌ک، دوای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند کتێبێکی ده‌وڵه‌مه‌ند، ئیتر هه‌ست ده‌که‌ن ئه‌وان چیتر مرۆڤه کاڵفامه‌که‌ی پێشوو نین. به‌ڵکو له‌چاو جاراندا هه‌ڵکشاوترن، زه‌ینیان ڕوونتره و چێژیش له خوێندنه‌وه ده‌بینن. به سرووتی خوێندنه‌وه‌ش ڕاهاتوون. دوای ماوه‌یه‌ک له خوێندنه‌وه، له خۆیان ڕاده‌بینن دیارده ئاڵۆز و ههڵایساوهکانی جڤاکه‌که‌یان به زه‌ینی خۆیان شیبکه‌نه‌وه و هه‌ڵبسه‌نگێنن. ڕه‌نگه پێشبینی هه‌ندێک ڕووداو و دیارده‌یش بکه‌ن.
بۆ ئه‌وه‌ی تاک، له‌سه‌ر خوێندنه‌وه ڕابێت و ببێته دۆستی کتێب و فه‌رهه‌نگ، ته‌نیا یه‌ک ڕێگه‌ی له‌به‌ره. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه بێ دابڕان کتێب بخوێنێته‌وه، وه‌ک چۆن لهشجوانێک بێ دابڕان پێویستی به مه‌شق هه‌یه.. دیاره خوێنه‌ری به مشوور و جیددی، له‌گه‌ڵ چوونه پێشه‌وه‌ی ڕۆژگاردا ده‌توانێت خێڕاتر بخوێنێته‌وه. به ئاگاتر کتێب و بڵاوکراوه هه‌ڵبژێرێت. هه‌ر له‌وێشه‌وه ئاسۆی بیرکرنه‌وه‌ی خۆی فراوانتر بکات. ئیتر لێره‌وه، پرۆسێسی خوێندنه‌وه وه‌ک خده‌یه‌کی لێدێت و ناتوانێت پشتی تێبکات.
به‌ڵێ، خده‌ی خوێندنه‌وه‌یش وه‌ک خدهگرتن به وه‌رزشه‌وه وه‌هایه. تۆ بۆ ئه‌وه‌ی ببیته یاریزانێکی سه‌رکه‌وتووی تۆپی پێ، گه‌ره‌که له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه ده‌ستت دابێته ئه‌و یارییه و له سه‌ریشی مکۆم بووبیت و بێ پچڕان هامشۆی یاریگه‌ی تۆپی پێت کردبێت. ئه‌وجا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ت لێ ده‌کرێت، له قۆناغی هه‌رزه‌کاریدا یاریزانێکی سه‌رکه‌وتووت لێ ده‌ربچێت. خوێندنه‌وه‌یش ئه‌و خده جوانه‌یه، ئه‌گه‌ر به منداڵی فێری بووبیت و له‌گه‌ڵیدا ڕاهاتبی، ئیدی پشتی تێناکه‌یت و تا سه‌ر، گه‌ڕان له دووی فه‌رهه‌نگ و زانیاری، ده‌بێته خولیات و عیشقی کتیب له ویژدانتدا ڕه‌گی قووڵ داده‌کوتێ. وێڕای ئه‌وه‌ی خێراییت له خوێندنه‌وه‌دا هه‌ڵده‌كشێ. ئه‌وجا وه‌ک ده‌ڵێن: (ده‌توانی بندێڕی نووسینه‌کان بخوێنییه‌وه) و قسه‌ی خۆت له سه‌ر زۆرێک له‌و به‌رهه‌مانه‌یش هه‌بێت، که ده‌یانخوێنییه‌وه. ده‌شێ له ئاینده‌دا ببی به ڕوونابیرێکی دیاری کۆمه‌ڵی خۆت و خه‌ڵک له‌مه‌ڕ پرسه گرینگه‌کانی ڕۆژ، پرست پێ بکه‌ن و ڕاو بۆچوونهکانیشت به هه‌ند بگرن.
خوێندنه‌وه‌یش چه‌ند ئاستێکی هه‌یه. له خوێندنه‌وه‌ی خوێندکارێکی قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه بیگره، که به‌نیازه فێره زمان ببێت، هه‌تا ده‌گاته ئه‌و خوێنه‌ره‌ی ده‌توانێت توێژینه‌وه له‌مه‌ر ئه‌و به‌رهه‌مانه بنووسێت که ده‌یانخوێنێته‌وه. ئه‌ویش به نیازی تێگه‌یشتنی ورد و چوونه نێو بنجوبناوانی هزری نووسه‌ر، تا ئاستی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی تێزه‌کانی ئه‌و کتێبه.
له‌م ڕووه‌وه، جووته نووسه‌ری کتێبی (چۆن کتێبێک ده‌خوێنییه‌وه) ده‌ڵێن: ((خوێندنه‌وه‌ی کتێب ده‌بێ گوتوبێژ بێت له‌نیوان تۆی خوێنه‌ر و ئه‌وی نووسه‌ردا. وا چاوه‌ڕاون ده‌کرێت، ئه‌مه‌ی دواییان (نووسه‌ر)، سه‌باره‌ت به‌و باسه‌ی وا لێی ده‌کۆڵێته‌وه، له خوێنه‌ر پتری لێ بزانێت. ئه‌گه‌ر وا نه‌که‌وته‌وه، ئه‌وا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ت لێ ده‌کرێت خۆت به خوێندنه‌وه‌یه ماندونهکهیت.)) (2)
له لایه‌کی تره‌وه، ده‌شێ بڵێین: بۆی هه‌یه چه‌مکی خوێندنه‌وه، هینده‌ی مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی خودی مرۆڤ له سه‌ر ئه‌م کۆنه هه‌ساره‌یه کۆن بێت. واته پێش په‌یدابوونی پێته‌کان و پێش سه‌رهه‌ڵدانی پرۆسه‌ی نووسینیش، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان خوێندنه‌وه هه‌ر هه‌بووه.. هه‌ر بۆ نموونه، مرۆڤی کۆن بۆ هه‌ر دیارده‌یه‌کی سروشتی له شێوه‌ی: لافاو، مانگگیران و خۆرگیران و هه‌وره‌بروسکه و… خوێندنه‌وه‌ی ئهفسانهئامێزی خۆی هه‌بووه، که مرۆڤی ئێستا خوێندنه‌وه‌ی زانستی‌یان بۆ ده‌کات. خوێندنه‌وه‌ی ڕاستینهیش، له دۆڵی میزۆپۆتامیا و دۆڵی نیله‌وه ده‌ستی پێ کردووه. واته باپیرانی ئێمه، له ڕیزی ئه‌و گه‌لانه‌دا بوونه، که زۆر زوو ئاشنایه‌تییان له‌ته‌ک پرۆسێسی خوێندن و خوێندنه‌وه‌دا په‌یداکردووه. هه‌رچۆنێک بێت، ئه‌وه‌ی ناخوێنیته‌وه، تاکێکه به‌رانبه‌ر به ئاوه‌زی خۆێشی هه‌ست به به‌رپرسیارێتی ناکات.
سه‌باره‌ت به خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان، (جیرمی هوثورن) له کتێبه‌که‌یدا (ده‌روازه‌یه‌ک بۆ توێژینه‌وه‌ی ڕۆمان) ده‌ڵێت:
((به پێچه‌وانه‌ی شیعره‌وه، که چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک به‌ر له په‌یدابوونی نووسین هه‌بووه؛ تا ئێستایش له فه‌رهه‌نگه زاره‌کییه‌کاندا هه‌ندێک دۆخ هه‌یه، له‌وێدا که‌سانی نه‌خوێنده‌وار کۆده‌بنه‌وه و گوێ له ڕۆمان ده‌گرن، کاتێک بۆیان ده‌خوێندرێته‌وه.. به‌شێکی زۆریش له جه‌ماوه‌ری (چارڵز دیکنز) له‌م جۆره خه‌ڵکه بوونه. له چاخی ڤیکتۆریدا، خده‌ی خوێندنه‌وه، به‌ده‌نگی به‌رز، له نێو خێزاندا، له ئێستا زیاتر بڵاوبووه. وه‌لێ ڕۆمان ژانرێکه، له لایه‌ن که‌سێکی تاکه‌وه ده‌نووسرێت و که‌سێکی دیکه به بێده‌نگی ده‌یخوێنێته‌وه.)) (3)
جێی وتنه، حاڵی حاز له جیهاندا، ژانری ڕۆمان خوێنه‌ری زۆری هه‌یه و له‌په‌ستا ڕۆمانه کۆنه گرینگه‌کانیش، له نوێ چاپ و بڵاوده‌کرێنه‌وه.
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
——————————
سه‌رچاوه:
)1) سعدي یوسف في حدیث عن المکان والشعر والثورة، حوار: عبدالسلام دخان، عماد الورداني، محمد العناز، جریدة القدس العرب و موقع جهة الشعر، 10.08.2011
(2) کیف تقرأ کتابا، تألیف: مورتمیر آدلر و تشارلز ڤان دورن، ترجمة: طلال الحمصي، ط (1)، دار العربیة للعلوم، 1995.
(3) مدخل لدراسة الروایة، تألیف، جیرمي هوثورن، ترجمة: غازي درویش عطیة، دار الشؤون الثقافیة العامة، 1996.
سه‌رنج: ئه‌م بابه‌ته له ژماره (16)ی کۆواری (واته)، کانوونی یه‌که‌می 2011دا بڵاوبووته‌وه.