Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
جێگۆڕکێی ئەستێرەکان …. گۆران رەسووڵ

جێگۆڕکێی ئەستێرەکان …. گۆران رەسووڵ

Closed
by December 25, 2011 ئەدەب

تابلۆکان بۆ رازاندنەوەی دیوارەکان نین، پابلۆ بیکاسۆ زیاتر لە مەبەستێکی لەم وتەیەیدا هەیە و زیاتر لە ئامانجێک دەپێکێ. ئەو پێیوایە جەوهەری هەموو کارێک لەوەدا نییە کە بەو جۆرەی پێی ناسراوە، بەڵکو هەمیشە شتێکی شاراوە دناڤ بەرهەمەکاندا هەیە، لە پشت هەر بۆچوونێکەوە سەرنجێک و رایەکی تر هەیە. بەرهەمێک چەند بۆچوونی جیاواز هەڵبگرێ، ئەوەندە باڵایی دەنوێنێ. بیکاسۆ لەم قسەیەیدا پیرۆزی دەداتە کارەکەی، ئەم پیرۆزیەش لە دوو لایەنەوە دەبینرێ. یەکێکیان وەرگرەکانە کە نابێ کارێک یان بەرهەمی کەسێک تەنیا لە قالبێکدا ببینن و تەنێ لەو روانگەیەشەوە بڕیاری لەسەر بدەن. دووەمیان، کردەی پیرۆزکردن لەلایەن خودی داهێنەرەکان یاخود بکەرەکانە، ئەمەش بەو پێیەی هەمی کارەکی هونەری ئەرکە و بەرپرسیارییەتی لەگەڵدایە.
لە ئەدەبیاتدا هەمان ئەرک و هەمان بەرپرسیارییەتی وجودی هەیە، هەموو بەرهەمێکی ئەدەبی لە کاتێکدا دەکەوێتە خانەی مەزنییەوە کە هەڵگری پەیامێک بێت، گەهاندنا هەر پەیامێکیش ئەرکە. وەک دەزانین کۆنترین ژانری ئەدەبی لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا شیعرە، لە هەموو سەردەم و بارێکدا شیعری کوردی دەنگی خۆی هەبووە بەڵام ئایا ئەو دەنگە دەنگێکی نووساو بووە یان لە ئاستی رووداوەکان و کولتووری نەتەوەییدا بووە؟ کە ئەمەش دیسانەوە هەر مانای ئەرک و وەزیفەی شیعری دگەهینی. ئەگەر ئەرکی شیعریی کوردی تەنیا پێداهەڵگوتن بێ بە زوڵفی یار و گەردنی پڕ خاڵی و لێوە هەنگوینییەکانی، ئەوا چ پێویست ناکا لەمەودوا شیعر بنووسین، چونکە نالی و گۆران و هێمن و گەلێک شاعیری تر لە هەموو سەردەمەکاندا ئەوەیان گەلەک بە جوانی و داهێنەرانەوە بۆ نڤیسووین. دەقی باڵا خۆی لە قاوغی سۆزداری دەردەهێنێ و رەوتێکی هزرییانە دەگرێتە بەر. کرۆکی ئەرکی شیعریش لە نووسینەوەی راستگۆیییانەی ویژدان و بوونی شاعیرەوە دایە. دکارم بڵێم من لە خوێندەوەی کۆمەڵە شیعری (سێبەری خۆتم لێ حەرام مەکە)ی حەمە عەباسدا ئەو راستگۆیییەم بینی. ئەو وەک بڵێی نامە بۆ خودا دەنووسێ وەها خۆی دەنووسێتەوە. ئەز لە زۆربەی شیعرەکاندا ڤێ حەقیقەتە دەبینم کە شاعیر یاداشتەکانی خۆی بێ هیچ پەردەیەک نیشان دەدا.

نوێژێ بۆ مەرگی خۆم و
مەرگێ بۆ نوێژی بێ دەستنوێژیتان
لە دەفتەری با دەنووسم
چوار مەشقی دەمرم و
بە پێوە خۆم دەنێژم ….ل ١٨
زۆرێک لە شاعیران و نووسەران پرۆسەی نووسین وەک کردەیەکی خۆبەتاڵکردنەوە دادەنێن. گەلێک شاعیر شیعر دەکەنە هۆکارێک بۆ خاڵی بوونەوە لە نیگەرانی و بێهەدایی و بەتاڵبوونەوە لەو هزرانەی ناگەنە ئەنجام. وەلێ من پێموایە ئەو جۆرە بەتاڵبوونەوەیە لە نووسیندا بە گشتی و لە شیعردا بە تایبەتی لەو دامرکانەوەیە دەچێ کە کەسێکی گیرۆدە و موعتادی مەی یا ماددە هۆشبەرەکان دوای خواردنەوەی ئەو بڕەی کە دەیەوێ، هەستی پێدەکا. لە کاتێکدا ئەو دامرکاندنەوەیە و خاڵیبوونەوەیە، کاتییە و بەدواشیدا بڕی  ماددەی زۆرتر و پڕبوونەوەیەکی خێراتر و زۆرتری نیگەرانی دادێ.

کە رێگایێ دەستپێدەکا… دەستپێدەکەم
کە رێگایێ کۆتایی دێ… کۆتاییمدێ
گەورەترین دەستپێکردن
لە گەورەترین کۆتایی مارە دەکەم
منداڵێکیان دەبێ ناوی دەنێم مردن ….. ل ٥٠
شاعیر لە زۆربەی شیعرەکانیدا ناتەباییەک یەخەی دەگرێ و بەجۆرێک ناچاریدەکا کە گەمەی پارادۆکسی بکا و پارادۆکس ببێتە هاوبیری. لە شیعری (تاڵنامەی باران)دا گەلێک پارادۆکس دەکەونە بەر چاو، رەنگە شاعیر لە بەدەنگهێنانی پرسیارگەلێکی جیاواز و لە ژاوەژاوی گەڕان بەدوای وەڵامەکانیاندا تووشی ئەو ناتەبایییانە ببێ، ئەمەش بە جۆرێک کە پرسیارەکان بێ ویستی شاعیر لە دایکدەبن و کەللەی سەری پڕدەکەن لە جەنجاڵی و هاتوچۆ.

زەمانی هیچە
تۆ لەم زەمانی هیچەدا باوکایەتیم دەکەیتەچی
من لەم زەمانی هیچەدا
چۆن بکەمە درەختێکی پرچن و
سێبەر لەم بەژنە دەوەنییەت بکەم….. ل ٧٣
ژیان لە کابووسێک زێتر چی تر نییە، ئینسانەکان لەگەڵ گەورەبوونیاندا بەردەوام خەریکی فریودانی خۆیانن. بوون وەڕەسییەکە کە دەبێ بیلاوێنینەوە، ئەو کابووس و وەڕەسییەش مرۆڤ لە گەورەبووندا دەیانگاتێ بۆیە مرۆڤەکان هەمیدەم ئارەزووی گەڕانەوە بۆ منداڵی دەکەن. گەورەکان هەمیشە بەراوردی ژیانی خۆیان و زەمەنی منداڵییان دەکەن. شاعیر لە دەقی (لە منداڵیت دەخۆمەوە) کە بۆ (کریڤ)ی کوڕی نووسیویەتی ئەو تامەزرۆبوونەی خۆی بۆ منداڵییەتی نیشاندەدا، ئەو هەمیشە وەکو وەهمێک دەگەڕێتەوە سەردەمی شتە بچووکەکان و زەمەنی خاوێنی ناخ و دەروون. لێ شاعیر کە لەو وەهمە بە ئاگادێ و دەکەوێتەوە ناو ئەو بوونخراپەیەیی گەورەکان، بێدەنگی وەک چەکێک بۆ بە گژداچوونەوەی نەهامەتی گەورەبوون هەڵدەبژێرێ.

وڵات جگەرەیەکە
سوڵتانێک
دەیسووتێنێ و
هەڵیدەمژێ
لەپی کراوەی سواڵکەران
تەپڵەکن بۆ سۆتەکی ……. ل ٤٣
ئەوەی کە لە شیعردا زێتر سەرنجی خوێنەر رادەکێشی ئەو وێنە شیعریانەن کە بەرهەمی ئەو هەست و ئەندێشە ئاگرینەیەیە کە شاعیر لەناویاندا دەسووتێ. سوریالییەکان وێنە بە یەکەم کەرەستەی زمانی شیعری دەزانن، ئەمەش لە کاتێکدا وێنە شیعرییەکان دەبنە دەنگێکی بەرزی دەقی شیعری و بەدوای وێنەی شیعرییشەوە هزر و زمان و فانتازیا دێن. بۆ ئەوەی بمانەوێ بیرۆکەیەک یا پەیامێکی جوان بگەیەنین پێویستمان بە وێنەیەکی جوانە. لەم کۆمەڵە شیعرانەدا گەلێک وێنەی ناوازە دەکەونە بەرچاو کە شاعیر بە ئایدیایەکی قووڵەوە ئافراندوونی، لێ ئەوەی کە وای کردووە کە ئەو وێنانە دەرکەون ئەو موزیکەیە کە لەنێو شیعرەکاندا هەیە، موزیکێک کە وشەکان و دەربڕیینەکان و پەیوەندی نێوانیان دایانڕشتووە.

مردنت باش ئەی عاشق
من هاتووم بۆ گڵکۆیەکی بێ کێل
منت باش ئەی مەرگ
کە تا ئێستا وشەیەکم نییە بۆ تۆ …… ل ١٤١
(یاما) خوای مەرگی هیندییەکانە، ئەو خوایە دوو رووی هەیە روویەکیان گەش و قەشەنگ، روویەکەی تر ناشیرین و ترسناک. ئەم دوو شێوەیەش دەرهاویشتەی بوون و ئەزەلییەتی راستەقینەی مردنە. مەرگ لە هەندێ کاتدا دۆست و لە هەندێ کاتیشدا دوژمن، حەقیقەتی بوونی مەرگ کە خاڵی کۆتایییە خۆی لە خۆیدا نەهامەتییەکە، لە کاتێکدا مردن وامان لێدەکا کە ئەم ژیانە نەعلەتییەمان بە هەموو مەینەتییەکانییەوە خۆش بوێت و دەستبەرداری نەبین. مرۆڤەکان هەمیشە لە هەوڵی راکردن لە مردنن، خۆفریودان و فێڵکردن لە خۆیان بە چەشنی جۆراوجۆر رێگەیەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەرگ. هەندێک بە سەفەرکردن و هەندێک بە زانست و هەندێکیش بە پەیڕەوکردنی بیروباوەڕە ئایینییەکان کە هەندێک لەو ئایینانە مژدەی ژیان و جیهانی دوایی دەدەن. بەڵام زۆرێک لە نووسەران پرۆسەی نووسین وەک جۆرێک لە رووبەڕووبوونەوەی مەرگ و هەڵاتن لێی دادەنێن. حەمە عەباس لە هەریەک لە شیعرەکانی (گۆرانییەکیش بۆ مردن، مەرگی چوار مەشقی، دڵشکان، بۆ تۆ ئەی مەرگ)دا ئەو دوو روویییە و حەقیقەتەمان پێدەڵێت کە مردن هەمیشە لە نێوان دوو رێگادا دەمانهێڵێتەوە، رێگایەک بۆ چێژ وەرگرتن لە بوون و رێگایەکیش بۆ ترس لە مەرگ.

بەرەو… خۆشم نازانم بەرەو کوێ
وەک زیندەخەو لە مردن دەچم و ناچم
وەک سێبەری کراوەی خۆم لە مرۆڤ دەچم و ناچم
وەک ناخی خۆم لە مەیدانی پیرەشەڕێک دەچم……… ل ٨٢
چەند دەیەیەک دەبێ هەندێک باری وەک دڵەڕاوکێی و گومان و تێکچوونی دەروونی کە تەواو باڵی بەسەر شیعری کوردیدا کێشاوە، ئەم حاڵەتەش بە درێژایی ئەزموونی شیعری کوردی هەبووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رووخانە کولتوورییەی کە لە ئەنجامی داگیرکردن و زوڵمکردن و چەوسانەوە بەسەر نەتەوەی کورد هاتووە. بەڵام رەنگدانەوەی ئەو نیگەرانی و راڕایی و گومانە لە قۆناغە شیعرییەکاندا جیاوازی هەبووە، دەبینی شاعیرانی کلاسیکی ئەوەندە هونەریانە کاریان لەسەر ئەو پرۆسەیە کردووە، بە ئەندازەیەک کە ئەو حاڵەتانە بە ئەستەم خۆیان دەدەن بەدەستەوە و دوای راڤەکردنێکی ورد ئینجا ئەو گومانانە دەدۆزینەوە. بەڵام لە شیعری ئێستادا شاعیر ناتوانێ کۆنترۆڵی ئەو ناهاوسەنگی و ناتەبایییە بکات و ئەو گومانانەی کە هەیەتی لە فۆرمێکی رەمزی یان شێوازێکی فیکری و هەڵگری مانای جیاواز دەرببڕی. رەنگە ئەمەش پەیوەست بێ بە شێواز و تەکنیک و خاسیەتەکانی شیعری نوێ و جیاوز لە خاسییەتەکانی شیعری قۆناغەکانی تر. حەمە عەباس ئەوەندە رۆچووەتە ناو گومان و راڕایییەوە، جگە لە نمایشکردنی گومانەکان وەک خۆیان، نەیتوانییەوە فۆرمێکی تر ببخشێتە ئەو گومان و راڕایییانای کە وایان لێکردووە (دێکارت)یانە هەمیشە بە گومانەوە بهزرێ و بپەیڤێ و بە گومانەوە بڕوانێتە هەموو شتەکان.

لە بزربوونی خۆماندا بزر دەبین
ناگەینە سەرەداوێکی سۆراخ
لە دۆزینەوەی ئەواندا بزر دەبین
ناگەینە بڵند گۆی مزگەوتێکی بێ منارە
ئۆهـ…. دیسان دەشکێم و دەبمە چەند پارچە….. ل ١٢
گەڕان بەداوای بووندا هەمیشە وەک چەمکێک بووە کە نووسەران و شاعیرانی دونیا بەشێک یان هەموو تەمەنیان بۆ دۆزینەوە یان تێگەیشتن لە مانای بوون تەرخانکردووە، زێدەگۆیی ناکەم ئەگەر بڵێم مەحوی یەکەم شاعیری کورد بووە لەناو فەلسەفەی بوونگەراییدا ژیاوە، (چیبکەم نە ئەو کەسەم کە کەسم لا بێ لەلا بەکەس/ خۆشم نەگیمە ئەو کەسە ئەو من بکا بە کەس) ئەم دوو دێرە گەواهی ئەوە دەدەن کە مەحوی چۆن بەدوای بووندا گەڕاوە. ئەم فەلسەفەی بوونگەرایییە مرۆڤ لەسەر شیکاری بەردەوام رادێنێت، هەموو ئەوانەی کە بەدوای بوونایەتیدا دەگەڕێن، وردبینانە دەڕوانە یەک بەیەکی چرکەکانی زەمەن. لەم کۆمەڵە شیعرەدا پارچەبوونی شاعیر لە نێوان بوون و نەبووندا و نەگەیشتن بە واقیعێکی رەها دەبیندرێ و لە هەندێ دێری شیعرەکاندا هانکە هانکی هەناسەکانی ماندوویەتی شاعیر لە گەڕان بەدوای بوونایەتییدا دەبیسترێ. دواجار من لە خوێندنەوەی چەند شیعرێکدا هزرم دەچووەوە لای قسەکەی نیچە: (ئەوەی لە کاتی خۆیدا ناژی، چۆن دەتوانێ لە کاتی خۆیدا بمرێت؟ خۆزگە قەت لەدایکنەبووبام).

دوێنێ بە شەقامێکا تێپەڕی
ئەمڕۆ تەرمەکەی پێدا هاتەوە
تەرمەکان بەڕێوەن
تەرمی هەموومان
چەند کڵۆڵە شەڕ
تەنها ئەو دەمێنێتەوە و نابێتە خاوەنی تەرم…… ل ٨٧
مرۆڤ لەو کاتەی دێتەبوون تا ئەو وەختەی دوا پەتۆ بەڕەڵا دەکا بەردەوام لە سەنگەری جەنگەکاندایە. بینین، بۆنکردن، بیرکردنەوە، چێژ، گەڕان ئەمانە و زۆر شتی تر جەنگی خودین و بەردەوام لەگەڵ مرۆڤەکاندا دەژین، ئەمە جیا لە شەڕ و ئاشووبە ئینسانییەکان کە وەک دەبەنگ لەپای هیچدا دەکەونە لەناوبردنی یەکتر. شاعیر لە هەریەک لە تێکستەکانی (جەنگەکان دواییان نایە، پەراوێزەکانی شەڕ، جوانییەکانی جەنگ) ئەو پاشماوە رووخانییەمان نیشان دەدا کە لە ئەنجامی پێکدادانە وجودییەکان و شەڕی نێوان مەنتیق و نامەنتیقەوە ماونەتەوە. بوون بە هەموو پێکهاتە و ماناکانییەوە جەنگێکە و مردن دایدەمرکێنێتەوە.

ئەی خەرەندە موگناتیسییەکەی
پشت رێگا نشێوەکەی کورتەپیاسەی ئێوارانم…. ل ٧٥
لەم دوو دێرەدا شاعیر وشە سواری وشە دەکا، بە جۆرێک وشەیەک یا زیاتر بارگرانی دەخاتە سەر دێرەکە و دواجار سەر تێکستەکە، لە هەندێ شوێنی تردا چەند شێوە و فۆرمی لەو جۆرە هەن. لە هەندێ شوێنی تردا شاعیر رەچاوی خاڵبەندی و هێمابەندی نەکردووە، وەک ئەوەی کە لەزۆر شوێندا پێویست بە وێرگوڵ یا هێمای سەرسوڕمان یان پرسیار دەکا و لێ نەنووسران و دانەندراون، ئەمەش لەکاتێکدا کە هەموو ئەوانە ئاواز و میلۆدی دەربڕیینەکان و دەقەکە بە گشتی دروست دەکەن. لەگەڵ ئەوانەشدا لە رووی رێنووسییەوە لە زۆر جێگادا هەڵە هەیە و رێنووسییەکی پووخت و جێگیر لە کۆی تێکستەکاندا نییە.
لە دوماهیدا دەمەوێ ئەوە ببێژم کە نووسینی شیعر کردەیەکی خۆنەویستە، لەپڕ و بێ هیچ مۆڵەتێک بیرۆکەکە خۆی دەخزێنێتە ناو ئەندێشەی شاعیرەوە. دوای خوێندنەوەی چەندجارەی تەواوی ئەو کۆمەڵە شیعرە، تێکستەکان لە زەینی مندا بوون بە دوو بەشەوە. بەشی یەکەمیان ئەو تێکستانەن کە رووداوگەلی جۆراوجۆریار بۆ ئافراندنیان لە پشتە، بەشەکەی تریشیان لە ناخی شاعیر و قووڵایی وجوودییەتی مرۆڤبوونی شاعیرەوە سەرچاوە دەگرن، هەمیشە ئەو شیعرانەشی بە جوانی و گەورەیییەوە دەمێننەوە کە لە بەشی دووەمدان.

* سێبەری خۆتم لێ حەرام مەکە، حەمە عەباس، شیعر، لە بڵاوکراوەکانی سەنتەریلێکۆڵینەوەی فیکری و ئەدەبی نما، زنجیرە ١٠٤، چاپی یەکەم ٢٠١١.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.