Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە ستایشی دیموکراتییەتدا

لە ستایشی دیموکراتییەتدا

Closed
by December 29, 2011 گشتی

سیستەمی دیموکراتی لەنێو سەرجەم سیستەمە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی مێژووی سیاسیدا کە لە  بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری و ئیداری کۆمەڵگا جیاجیاکاندا  تاقیکراونەتەوە، هەر لە سیستەمی مۆنارکی و پاشایەتییەوە بیگرە تا دەگاتە سیستەمی نازیزم و فاشیزم و کۆمۆنیزم و تێگڕای سیستەمە دینی و مەزهەبیە جیاجیاکان لە جیهاندا، بە شیاوترین و تەندروستترین سیستەم ئەژمارد دەکرێت. هەڵبەتە لەو ڕوەوە کە  سیستەمی دیموکراتی ئێستا  لە ئاستێکی بەرباڵادا، لە تەواوی جیهاندا ڕووی لە پەرەسەندنە و وەک سیستەمێکی گونجاو و سەرکەوتوو  دەناسرێتەوە تا ئەو ڕاددەیەی کە بۆتە پێوانەی هەڵسەنگاندنی شەرعیەتی حکومەتەکان لە جیهاندا،  واتا ئاستی ڕێز و ئیعتیباری حکومەتەکان لە جیهاندا و لەناو کۆمەڵی نێودەووڵەتیدا بەندە بە ڕاددەی دیموکراتیبونیانەوە!

ئەگەر سەرنج بدەین گرنگترین و سەرسەختترین کێبڕکێکان  لە مێژووی مرۆڤایەتیدا   لە پێناو دیاریکردنی جێگا و  ڕۆڵی خەڵک بووە لە سیاسەتدا بە ئاراستەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتداریێتی  و نەخش و کاریگەری سیاسەتکردن بەسەر کۆی چارەنوسی ژیانی خەڵکەوە، هەر بۆیە لە دونیای ئەمڕۆدا هەر حکومەتێک لەسەر بنەمای سیستەمێکی دیموکراتی بونیادنرابێت، دەکرێت بەو خەسڵەتە گونجاوانە بناسرێتەوە کە بریتین لە حکومەتی خەڵک یان  حکومەتی خواست و متمانەی خەڵک  یاخود حکومەتی یاسا!  ئاشکرایە کە هەریەکە لەو  نازناو یان خەسڵەتانەی ئاماژەمان پێکردن ، تەنیا و تەنیا بۆ دڵنیابوونەوەیە لە یەک خاڵی جەوهەری کە ئەویش عیبارەتە لە نەخشی بنەڕەتی خەڵک لە حکومەتدا. ئەوەش پڕاوپڕی مانا زمانیەوانییەکەی ووشەلێکدراوەکەی  دیموکراتییەتە کە لە  دوو وشەی لاتینی پێکدێت و واتای ” فەرمانڕەوایی خەڵک ” دەگەیەنێت!
واتا لە دیموکراتییەتدا خەڵک لە سۆنگەی هەردوو مافی ئازادی هەڵبژاردن و مافی پرۆتستۆکردنەوە،  نەخشی سەرەکیان هەیە لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیاندا و دەسەڵاتی حکومەت لە ژێر دەستی خەڵک یان نوێنەرەکانی خەڵک دایە، بە پێچەوانەی سیستەمە دیکاتۆریەکانی وەک مۆنارکیەت و فاشیەت و نازیزم و ” کۆمۆنیزمی چەقبەستوو و داخراو ” و سیستەمە دینی و مەزهەبیەکان ، کە تێیاندا کەسێک یاخود گروپێکی دیاریکراو  لە ڕێی پێگەی جوداجودای کۆمەڵایەتی و گروهی و دینی و ناوچەییەوە جڵەوەی دەسەڵاتداریێتی دەگرنە دەست و دەبنە خاوەنی سەرجەم  چارەنوس و دەرامەدو دەسەڵاتەکانی ووڵات و خۆیان بە خاوەنی ”  ڕابردوو و ئێستا و داهاتوی ”  ووڵاتەکە  دەزانن و هەرچی  ڕۆڵی کۆمەڵانی خەڵکیشە هیچ نییە جگە لە ڕۆڵێکی بە پەراوێز بوو نەبێت! لەژێر سایەی ئەو سیستەمانەدا نابەرابەری و نادادپەروەری پەتایەکی هەمیشەیی  بەربڵاوەو تەواوی ووڵات و سەرجەم بوارە جیاجیاکانی گرتۆتەووە و کۆمەڵانی خەڵکی بەگشتی لە ڕەزالەتێکی سیاسی ، کۆمەڵایەتی، ئابوری..هید ی قوڵدا دەژین و هەر پەرچەکردارێکیشیان لە بەرامبەر بەو چارەنوسە دروستکراوەیان، ڕووبەڕووی گرتن و ڕاوەدوونان و گوشتن دەبنەوە.

گومانی تێدا نییە کە لە دونیای سیاسی نوێدا، واتا لە دونیایەکدا کە تەکنۆلۆگیا و شۆڕشی زانیارییەکان کردویانەتە گوندێکی بچوک و لەو سۆنگەیەوە ئاستی ئاگایی و  هۆشیاری خەڵکی لەڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و زانستی ئیداری و بەڕێوەبردندا تا ڕاددەیەک  بەرزبۆتەوە کە شایانی بەراوردکردن نییە لەگەڵ  ڕابردوودا، ئامانج لە دامەزراندنی حکومەتەکان  هیچ نییە جگە لە کارکردن بە ئاراستەی فەراهەمکردنی ڕیفاهیەت و ئاسایشی گشتی هاوڵاتیان و باوەڕبوون بە پاراستنی  ماف و ئازادییە گشتییەکان.  سیستەمی دیموکراتی  بەهۆی ئەوەی کە یەکەی حکومەت وەک ئامرازێکی قودرەتمەند بۆ دابینکردنی ڕیفاهیەتی گشتی و ماف و ئازادیەکانی خەڵکی دەبینێ ،  دەچێتە خانەی تاقانەترین سیستەمی چەسپیوو مەشروعەوە. چونکە هاوکێشەی وەرگرتنی قودرەت لە خەڵک و بەکارهێنانەوەی ئەو قودرەتە لە خزمەتی خەڵکدا هاوکێشەیەکی هاوسەنگە و ناچێتە خانەی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی هیچ لایەک، بە پێچەوانەوە ڕێگا لێژ دەکات لەبەردەم ڕۆنان و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیکەی وەک  یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هتد…..
ئاشکرایە کە سیستەمی دیموکراتیش خاڵی نییە لە خاڵی لاواز و پڕکەماسی! بۆ نمونە زۆرێک لە ڕووی سیاسییەوە  پێیانوایە کە ئەو سیستەمە ناتوانێت ڕێگا لە ئۆلگاریشی و سیستەمی نوخبەسالاری بگرێت کە لە ئەنجامدا دیسان دەسەڵات دەکەوێتە دەست کۆمەڵە کەسانی دیاریکراوەوە،  هەڵبەتە ئەو پرسیارە زیاتر پرسیاری ئەو کۆمەڵگایانەیە کە دیموکراتیەت تێیاندا چەسپاوەو لە سیستەمێکی  دیموکراتی دامەزراو و چەسپاو بەهرەمەندن، دیارە  من وایدەبینم کە ئەو خاڵە کەماسییەیە واتا ” سیستەمی نوخبەسالاری ” وەک دیاردەیەکی ناو کۆمەڵگا دیموکراتیە گەشەسەندووەکاندا،  لە ڕێگای ئاگایی و ووریایی خەڵکەوە کەمڕەنگ دەکرێتەوە، خەڵک شانبەشانی مێدیا هەمیشە وەک چاوێکی کراوە  چاودێرن بەسەر کارو جوڵانەوەی حزب و پەرلەمان و  حکومەتەکاندا و دەرفەت بەهیچ لادانێکی نایاسایی و نا ئەخلاقی نادەن کە بە دژی خواست و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵانی خەڵک بێت!  بەڵام لەو  کۆمەڵگایانەی کە تازە سەروکاریانە لەگەڵ دیموکراتیەتدا و تازە خەریکن دەست بۆ پیادەکردنی ئەو سیستەمە دەبەن، بۆ وێنە لە عێراق ، ئەفغانستان و لەمەوبەدواش، کۆمەڵگا تازە ئازادبووەکانی  ووڵاتانی عەرەبی  کە هێندە نییە لەدەست دیکتاتۆریەت ڕزگاریان بووە، دەستڕاگەیشتنیان بە دیموکراتیەت بە هەنگاوێکی ئیدیئال دەبینن و ئەو ئیمکانیاتەی کە دیموکراتیەت پێشکەشیان دەکات بۆیان ئارەزویەکی گەورەیە، لەو ڕووەوە نیشاندانی کەماسییەکانی سیستەمی دیموکراتیەت لەو کۆمەڵگایانەدا جێگای باس نییە!
گرنگی و زەرورەتی سیستەمی  دیموکراتی  لەو کۆشەنیگایەوە  جێگای سەرنجە کە دەسەڵات  پەیوەست دەبێتەوە بە خەڵک و مەحکومە بەوەی کە هاوتەریبی خواست و ئیرادەی خەڵکی بێت! لە ڕاستیدا  دیموکراتییەتی ڕاستەقینە و تەندروست  ئەو بۆشاییە ناداتە دەستەوە کە گروپێک یان پارتێکی سیاسی  لە ڕێی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتەوە، خەڵك یان بەشێک لە خەڵکی بێبەش بکەن لە ماف و ئەرک و داخوازییەکانیان بە بیانوی جیاوازی فکری، ئینتیمای سیاسی،  ئەتنیکی و نەژادی یاخود ناوچەیی، بە پێچەوانەوە سیستەمەکە بۆخۆی نەخشەڕێگایەکە بۆ سنوردارکردن و کۆنتڕۆڵ کردنی دەسەڵات تا  بەهیچ شێوەیەک و هیچ کاتێک بە ئاراستەی ئیستیبداد و قۆرغکاری و سەرکوتی بەشێکی خەڵکی لە پێناو بەشێکی دیکەی خەڵکیدا نەڕوات.
لێرەدا پرسیاری هەرە گرنگ و جەوهەری بۆ هەموولایەک ئەوەیە کە ئایا چ نەخشەڕێگایەک یارمەتیدەری دامەزراندن و پیادەکردنی سیستەمی دیموکراتییە؟ یاخود چۆن دەتوانین سیستەمی دیموکراتی قودرەتمەند بکەین و چۆن دەتوانین بیپارێزین؟ ئاشکرایە دیموکراتییەت تەنیا و تەنیا بە ئاگایی و هەستیاری خەڵکی لەمەڕ چارەنووس و داهاتووی سیاسی خۆیان و ئاستی جیددییەتیان لە بەرامبەر ماف و ئازادییەکانیان دەتوانرێت بونیاد بنرێت و بپارێزرێت.
 قۆناغی دامەزراندنی سیستەمی دیموکراتی پەیوەستە بە بەشداری ئاگایانە و ئەکتیڤانەی کۆمەڵانی خەڵک لە پرۆسەی چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا. واتا وریایی و چاوەدێری وردی خەڵکی، بەسەرجەم گروپ و ڕێکخراوە پیشەییەکان، بەسەر هەرچی ئەوەی لە کۆمەڵگادا ڕوودەدات و ئەگەری هەیە ڕووبدات، فاکتۆری بنەڕەتی دامەزراندن و بەهێزبوون و پاراستنی دیموکراتییەتە. لەو ڕووەوە  ڕۆڵی خەڵکی لە سیستەمە دیموکراتییەکاندا ڕۆڵێکی بێئەندازە هەستیار و جیددییە، دیسان چ لە قۆناغی دامەزراندنی سیستەمەکە و چ لە قۆناغی پاراستن و بەردەوامی  و بەهێزبوونیدا.
تێگەیشتنی خەڵک لە قودرەت و لە ڕۆڵی خۆی خاڵێکی جەوهەری و گرینگە، بەوەی کە خەڵک بزانێت چ ڕۆلێکی میحوەری و حەیاتی لەسەرشانە بە ئاراستەی چارەنوسی سیاسی خۆیان، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا، دیموکراتییەت زەرورەتی خەڵکە  بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕابەرایەتیکردنی  دەسەڵاتی سیاسی لە بەرژەوەندی خەڵکدا.


کازم بیتوێنی

Kadhmomer77@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.