Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
چى هەیە و چى نییە ؟

چى هەیە و چى نییە ؟

Closed
by March 31, 2008 گشتی

     نووسینى / حەسەن بەلاسم
وەرگێڕانى/ تاهیر عەبدولواحید…..

 چى هەیە  ؟  چى نییە ؟
 قۆڵێك لێرە ، و لەخۆدان لەوىَ .
 چى هەیە ؟ چى نییە ؟
 لێرەخوێن ، و لەوێش پرتەقاڵ.
 چى هەیە ؟ چى نییە ؟
 تابوتەكەى هێند سوكەڵە بوو بە سەرشانیانەوە، بەشێوەیەك رەشەبایەك دەیتوانى لەگەڵ خۆى هەڵیبگرێت و بیبات بەرەو رووبارەكە، بەڵام ئەوان بردیان بۆ گۆڕستانەكەى شارى نەجەف، لەنێو تابوتەكە چیدى تیا نەبوو جگە لە قۆڵى راستى كە كوترابو بە وێنەى دڵێكى خۆشەویستى و تیرێكى گەورە كە دڵەكەى بڕیبو، دواى ئەوەى كە ماشێنە مینرێژكراوەكە لەنێو بازاڕەكەدا تەقیبۆوە هەر ئەوەندەى لێمابۆوە، ،لەوكاتەدا كابراى فرۆشیار كیلۆ پرتەقاڵەكەى بۆ دەكردە ناو كیسەكەوە. میوەفڕۆشەكەش كەللەى سەرى لەگەڵ هەنارەكان گلۆر بوبۆوە،، قۆڵى پیاوەكەیان كفن كرد و لەنێو گڵدا بەخاكیان سپارد، لەهەمان شەودا كرمێك پلانێكى توندوتۆڵى داڕشت
  بۆ خواردنى دڵەكەى سەر قۆڵى، بێئەوەى تیرى سەر دڵەكە بشكێنێت، سەرەتا كرمێكى عەمامەبەسەر باسى لە بڕوابوون بە گەروەیى و شكۆى خودا كرد، دواتر كرمێكى شاعیر قەسیدەیەكى پیاهەڵدانى بەخۆڵ و بە عەدەم دا خوێندەوە، دواتر كرمێك كە هەڵگرى بڕوانامەیەكى جیهانى بوو لە ئامادەكردنى خواردندا هاتە پێشەوە و زەڵاتەكانى هێنا،، كرمێكى پەراوێز لەماڵ، نغرۆ لە نامۆییدا، وتارێكى گڕاوى نووسى و كرمەكانى ترى تاوانباركرد بە ناپاكى و گۆرانیى پیاهەڵدانى ووت  بە گیانى كرمە بەرگریكارەكان، كرمەكان بۆ ماوەى چەند هەفتەیەكى تاریك و بەرێكى و بە دڵسۆزییەوە قۆڵەكەیان خوارد، دواجار فریشتەكان وەك پیشەى خۆیان  و هەروەك  راهاتبوون دابەزینە خوارەوە،، بەڵام هیچیان بەدى نەكرد،.
 فریشتە خێرخوازەكە نووسى : لێرە بۆنى پرتەقاڵ دێت .
 بەڵام فریشتە شەڕخوازەكە نووسى : ئەمە مرۆڤە و نەوەى خۆتە .
 چى هەیە  ؟ چى نییە  ؟
 پێویستە دادگاى زیاتر پێكبهێنرێت لەبرى چاپكردنى رۆژنامەكان، ئەمە لە كاتێكدایە كە ، داد  كیسەڵێكە تووشى نیوە ئیفلیجى هاتووە.
 چى هەیە  ؟ چى نییە  ؟
 راستە نووسین لۆكەى پزیشكى نییە،، بەڵام مۆرێكە لێكۆڵەرەوەكان دواى هەزار ساڵى تر بەكارى دەهێننەوە، لەرێگەیەوە دەتوانن بۆن بە خەونەكانەوە بكەن و بگەنە بەڵگەى بنەڕەتى لە كێشەى مرۆڤدا.
 چى هەیە  ، چى نییە ؟
 كاتىَ كە من ئەڵێم دوێنىَ شەو بووم بە زەڕافە كەس بڕوام پێناهێنێت، كەچى هەمویان باوەڕ بەوە دەهێنن كە ، ئەم بەیانییە- سەرى مناڵەكە- بە سووتاوى و لێرە و لەوىَ  دەفڕى ،
 چى هەیە  ؟ چى نییە ؟
 لەنێو مۆزەخانەكان ئێسك و پروسكى دەیناسۆر و قاپێكى بەردینى كەڕواوى ئاوخواردنەوە دادەنێین، كەچى رق و كینە و ترسەكانمان لەنێو سندوقێكى شوشەییدا دانەنا تا تەماشا بكرێت و دابنرێت  بۆ وێنە گرتن.
 چى هەیە  ؟  چى نییە  ؟
 شانۆییەكە ناوونیشانى گەردەلولە
 ئەكتەرەكەش مناڵێكى ڕووتە.
 ….بێزاربوین لە چەپڵەلێدان و میزبەخۆدا كردن لەنێو دەرپێكانمان.
 چى هەیە  ؟ چى نییە  ؟
 هیچ شتێك نییە .. جگە لە خوێن ، جگە لە هاوار .
 
     ـــــــــــــــــ                                          
 
 سەرچاوە                                               
 ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
 پێگەى :
www.iraqstory.com
     
tahercen@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.