چیرۆك‌و حه‌قیقه‌ت
چه‌ند سه‌رنجێكی كورت له‌سه‌ر "تیناو چیرۆكه ئه‌ندێشكراوه‌كان"….
ئارام سدیق…..
ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تای پرسیارمان له‌وێوه ده‌ست پێبكه‌ین كه چیرۆك چییه؟ ئه‌وه ده‌ست به‌جێ وشه‌ی "حه‌قیقه‌ت"یش دێته به‌رده‌ممان، یان ڕه‌نگه وه‌ك وه‌ڵامێكی ئاماده خۆی نیشان بدات. با ئێستا بپرسین ئایا چیرۆكنووس حه‌قیقه‌ت ده‌گێڕێته‌وه؟ یان چ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان دووانه‌ی (چیرۆك‌و حه‌قیقه‌ت)دا هه‌یه. پێموایه چیرۆكنووس كاری گێڕانه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت نیه، به‌ڵكو كاری گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه، ڕووداوێك زاده‌ی فه‌نتازیایه، چیرۆكنووس ده‌ستكاری لۆژیك‌و شته ئاساییه‌كان ده‌كات. گه‌مه به وێناكردنه‌كانی ئێمه ده‌كات. شتی نالۆژیكی، نه‌گونجاو، ناواقیعیمان پێده‌به‌خشێت، كه هه‌م هه‌ڵگری حه‌قیقه‌ته‌و هه‌م هه‌ڵگری خه‌یاڵ‌و فه‌نتازیاشه. ڕه‌نگه زۆرجار نزیكبوونه‌وه‌ی چیرۆكنووس له حه‌قیقه‌ت كار بكاته سه‌ر داهێنانی چیرۆكنووس‌و ئه‌م حاڵه‌ته له چیرۆكی كوردیدا زۆر هه‌ستی پێده‌كرێت‌و زۆرجار ده‌بینین ڕۆحی فه‌نتازیاو خه‌یاڵ له‌پێناوی گێڕانه‌وه‌دا، (یان گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوێك وه‌ك خۆی)، یان بڕوابوون به (حه‌قیقه‌تبێژی له چیرۆكدا) ئه‌م حاڵه‌ته‌ی دروستكردووه. ڕاجرز سكۆله‌ری لێكۆڵه‌ر پێیوایه چیرۆك به‌رانبه‌ر واقیع ناوه‌ستێته‌وه، به‌ڵكو ته‌واوكه‌ری واقیعه. لێره‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌ركی چیرۆك گێڕانه‌وه‌و نووسینه‌وه‌ی لاپه‌ڕه په‌نهان‌و شاراوه‌كانه‌و ئه‌وه‌ی مێژوونووس فه‌رامۆشی كردووه كه‌ره‌سته‌یه بۆ چیرۆكنووس.
ئه‌گه‌ر له‌م سه‌ره‌تایه‌وه قسه له ئه‌زموونی "عه‌تا محه‌مه‌د" بكه‌ین، كه له كۆی ئه‌زموونیدا له گه‌مه‌ی به‌رده‌وامدایه له نێوان خه‌یاڵ‌و واقیع. عه‌تا له‌و چیرۆكنووسانه‌یه به‌رده‌وام له گه‌مه‌ی سه‌یرو نوێدایه له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌ت‌و له‌و ئه‌زموونه‌ی خۆیدا هه‌وڵده‌دات گه‌مه له‌ته‌ك مێژوودا بكات‌و ده‌ستكاری حه‌قیقه‌ته مێژووییه‌كان بكات. یان به‌و شێوه‌یه بیانگێڕێته‌وه كه ئه‌و ته‌فسیری بۆی هه‌یه، یان پنتی تر له نێو هه‌ناوی ڕووداوه‌كان كه‌شفبكات.
عه‌تا محه‌مه‌د له كتێبی "تیناو چیرۆكه ئه‌ندێشكراوه‌كان"دا پتر له ده‌ستكاریكردنی حه‌قیقه‌ت نزیك ده‌بێته‌وه‌و له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات وه‌ك (حه‌قیقه‌تبێژی نێو چیرۆك) خۆی بناسێنێت، كه ده‌یه‌وێت چیرۆك بۆ "تینا"ی كچی بگێڕێته‌وه، به‌ڵام كه ده‌چێته نێو فه‌زای چیرۆكه‌كانه‌وه تێده‌گه‌ین عه‌تا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌تدا ده‌كات‌و ده‌یه‌وێت لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو (كه ده‌كرێت وه‌ك لاپه‌ڕه‌كانی حه‌قیقه‌تیش ناوی به‌رین) به چه‌شنێكی دیكه بنووسێته‌وه.
چیرۆكنووس له چیرۆكی (وێنه‌و ئاوێنه-1-)دا ده‌ڵێت "مه‌حاڵه بتوانم دووجار چیرۆكێك وه‌ك خۆی بگێڕمه‌وه". ئه‌مه‌ش ده‌لیله بۆ قسه‌كانی سه‌ره‌وه‌مان كه عه‌تا وه‌ك چیرۆكنووس نایه‌وێت حه‌قیقه‌ت بنووسێته‌وه، چونكه گێڕانه‌وه‌ی دووباره‌ی چیرۆكێك واته به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت كه عه‌تا خۆی له‌مه ده‌پارێزێت.
له چیرۆكی (وێنه‌و ئاوێنه – 3-)دا بیر له ژماره سێ ده‌كاته‌وه، سێ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و وه‌ك چیرۆكنووسێك ده‌یبینێت‌و باس له گرنگی سێ‌و پێگه‌ی سێ ده‌كات له‌نێو ژماره‌كاندا. عه‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بیر له ژماره سێ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و تێكدانی ئه‌و ڕوانینه باوه‌دایه كه ئێمه بۆ (سێ) هه‌مانه ئه‌و ده‌نووسێت "نزیكترین لێكچوون له سێگۆشه‌وه، بازنه‌یه، هه‌ر چۆن (ڕۆیشتن) هاومانایه‌كی تری (هاتن)ه، نه‌وه‌ك دژی بێت". چیرۆكنووس له‌و چیرۆكه‌دا زیاتر له‌و باره‌یه‌وه ده‌دوێت‌و پێیوایه سێگۆشه نزیكترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بازنه‌دا هه‌یه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ڕۆژێك تۆپه‌كانی بلیاردم بازنه‌یی نه‌بینی". تێكه‌ڵكردنی په‌یوه‌ندی نێوان ته‌نه ئه‌ندازه‌ییه‌كان له چیرۆكدا، ئه‌و مانا سادانه ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه كه ئێمه پێشتر بۆ ئه‌و شتانه هه‌مان بووه‌و بیستوومانه. به‌ڵكو بیركردنه‌وه‌ی چركه ساتیانه‌ی چیرۆكنووس له‌و كاته‌دا ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه ده‌توانرێت دنیا به ڕه‌نگی تر‌و له فۆرمی تردا ببینین‌و ده‌كرێت ئه‌و ڕه‌نگ‌و فۆرمانه‌ی شته‌كانی ده‌وروبه‌رمان وه‌ریان گرتووه دروست كراوبن‌و ڕاست نه‌بن. هه‌روه‌ها پێده‌چێت چیرۆكنووس ئه‌وه‌ش بخاته‌ڕوو كه هه‌ر مرۆڤێك ئازاده چۆن فۆرم بۆ شته‌كان داده‌نێت‌و چۆن دنیا ده‌بینێت. ئه‌مه‌ش دیسان به مانایه‌ك له ماناكان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته، چونكه عه‌تا محه‌مه‌د حه‌قیقه‌تی شته‌كان وه‌ك خۆی له‌و چیرۆكه‌دا نابینێت.
"تیناو چیرۆكه ئه‌ندێشكراوه‌كان" له‌و كتێبانه‌یه كه زۆرترین نهێنی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌و خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر چه‌ند جارێك بیخوێنێـته‌وه هه‌ر جاره‌و چێژی زیاتری لێده‌بینێت‌و جوانی زیاتریشی تێدا ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌م كتێبه له‌و كتێبانه‌یه خوێنه‌ری ساده ناتوانێت ڕاوی نهێنییه‌كانی بكات، چونكه خودی ناونانی چیرۆكه‌كان كه هه‌موویان له ژێر ناوی (وێنه‌و ئاوێنه)دان، ئه‌وه نهێنیه‌كه تۆختر ده‌كه‌نه‌وه‌و كه‌شفكردنی په‌نهانه‌كانی نێو ئه‌و تێكستانه ئه‌سته‌متر ده‌كه‌ن.
به ته‌نیا جارێك خوێندنه‌وه‌ی تێكسته سه‌خت‌و پڕ په‌نهان‌و فره‌ڕه‌هه‌نده‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د ناتوانین له گشت ئه‌و گه‌مه‌ی خه‌یاڵ‌و مانایه تێبگه‌ین كه ده‌یانخولقێنێت، په‌ی به‌و هه‌موو جوانی‌و سیحره نابه‌ین كه ده‌یانگێڕێته‌وه، ئه‌و نهێنیانه‌ی كه ئاشكرایان ده‌كات‌و ئه‌و ڕٍووداوانه‌ی به نادیاری ده‌یانهێڵێته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر سه‌ختی ڕووداوه‌كان نیه، به‌ڵكو له‌به‌ر هونه‌ری گێڕانه‌وه‌و ئه‌و قووڵیه‌یه له ده‌ربڕیندا، هه‌روه‌ها ئه‌و كورتبڕیه‌ی كه خه‌سڵه‌تی ئه‌م كتێبه‌و گشت چیرۆكه‌كانی تری عه‌تایه، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت چیرۆكنووس ده‌یه‌وێت له كورتترین ڕسته‌دا زۆرترین مانا بداته خوێنه‌ر.
دواجار ئه‌وه‌ی ماوه بوترێت ئه‌وه‌یه كه ئه‌م نووسینه ناخوازێت هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌و كتێبه به‌سه‌ر بكاته‌وه، چونكه قسه‌كردن له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌م كتێبه‌ی عه‌تا محه‌مه‌د، كه من پێموایه قووڵترین‌و سه‌ختترین كتێبی عه‌تایه ده‌رفه‌تی زیاتری ده‌وێت. سه‌خته له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فره‌ڕه‌هه‌نده. ئه‌وه خه‌مساردیی به مه‌به‌ستی ڕۆشنبیرو ڕه‌خنه‌ی كوردییه كه چیرۆكنووسێكی وه‌ك عه‌تا محه‌مه‌د نزیكه‌ی دوو ده‌یه‌یه به‌رهه‌مه‌كانی به بێده‌نگی تێده‌په‌ڕێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی په‌یمانێك هه‌بێت بۆ بێده‌نگی به‌رانبه‌ر تێكسته ناوازه‌كانی عه‌تا‌و نه‌دیتنی ئه‌و هه‌موو مانا‌و جوانییه‌ی له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌ودایه!.
سه‌رچاوه:
1- عه‌تا محه‌مه‌د " تیناو چیرۆكه ئه‌ندێشكراوه‌كان"، چیرۆك، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، ساڵی (2007)، سلێمانی.
2- راجرز سكۆلز، (چیرۆك، واقیع، حه‌قیقه‌ت)، وه‌رگێڕانی: حیكایه‌تی سه‌رده‌م، گۆڤاری سه‌رده‌م -پاشكۆی حیكایه‌تی سه‌رده‌م، ژماره (7)ئابی (2007).