لاوان هەڵگری تین وتەوژمی نۆی خوازی ومودیرنیزم و تەوقعاتی باڵای ئینسانیین
كاتێك ئەم هەستەیان لەگەڵ ژیانی كۆمەڵگا بەروارد دەكەن و رێگایەك بۆ بەدی هێنانی نابینەوە ناچار بەهەڵهاتنو كۆچ دەبن ئەمە حاڵەتی نەخوازراوی لاوانی كوردستانە
دەقی قسەو باسی دەشتی جەمال لە كۆنفرانسی (تاوتۆێ كردنی رەوشتی گەنج لەكوردستان ) لە هۆلێ چراخان
هەولێر 19-3-2008
بەریزان بە ناوی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە دەرەوەی وولات بەخێرهاتنی گەرمتان لێ دەكەم زۆر سپاسی رێكخراوی توانا سازی لاوان دەكەم بۆ دانانی ئەم كۆنفرانسە تایبەت بەكێشەو گیرو گرفتەكانی لاوان لە كوردستان وە من تقدیرم هەیە بۆ كارێكی لەو شێوەیەی رێكخراوی تواناسازی لاوان پێ هەڵستاوە.. من نامەویت باس لە تاكە تاكەی كێشەو گیرو گرفتەكانی گەنجان بكەم لە كوردستان چونكە پێم وایە لەراپۆرتی رێكخراوی تواناسازی لاوان كە ئامادەی كردوە بەدرێژی باسكرا وە ئەم راپۆرتە كە باس لەگەنج و كۆمەڵگا وپرۆسەكانی خۆیندن و راستیەكانی ژیانی گەنج لەكوردستان و مافی گەنج وەك كەسایەتیەكی كۆمەڵگای كوردستان دەكات گۆشەیەكی گرنگە لە دەیان كێشەو گیروگرفت كە گەنجان بەدەستێەوە دەناڵێنن دەخاتە روو. بەڵام لەسەرەتادا ئەوە بڵێم كەباسەكەم بریتى نییە لە دووبارەكردنەوەی باسى كێشەى لاوان بەگشتى لەكۆمەلگاى كوردستاندا بەڵكو زیاترتیشك خستنە سەر كێشەى كۆچى لاوانە بۆدەرەوە وەك یەكێك لە دیاردەكانى كێشەیەكى گشتى ترى لاوان كە زیاتر پەیوەندی هەیە بەكاری رێكخراوەكەی ئێمەوە بەتایبەت هەروەك ئاگادارن زۆرترین ئەو كەسانەی كە روودەكەنە هاندەران جیلی لاوانن كە داوای پەنابەری دەكەن لە ووڵاتانی ئەوروپا، ئەمانیش كێشەكانیان لەو جێگایەوە دەستپێدەكات كە سنورەكانی ووڵاتانی دراوسێ دەبەزێنن لەگەڵ سەخترین هەڵومەرجی رێگاوبان تا خنكاندن لەدەریاو كەوتنە باندی مافیای وگیروگرفتی مافی پەنابەری بەرەو روودەبن…من لەسەر ئەم بەشە قسەناكەم هەڵی دەگرم بۆ دەرفەتێكی تر قسەو باس لەسەر كێشەكانی پەنابەران و ئاڵووگۆرەكان لەسیاسەتی دژی پەنابەری ووڵاتە ئەوروپیەكان، هەر بۆیە فیدراسیۆن وەك بەشێك لە رووداوەكانی ئێستای عیراقو كوردستان چارەسەی ئەم كێشەیەی بۆ گرنگە لەناوخۆی عێراق تا ئەم بەڵایە لەملی خەڵك بێتەوە.. بۆیە من زیاتر هەوڵ ئەدەم لەسەر هۆكارەكانى رووكردنە دەرەوە و لەسەر رێگا چارەكان و ئەو بەرپرسیاریتی یەی دەكەویتە ئەستۆی دەسەڵات و ئەو كارانەی پێویستە بكرێت بدۆێم :
سەرەتا پرسیارى من ئەوەیە كێشەكە چییە یان بۆچی لاوانی كوردستان شەپۆل شەپۆل كوردستان جێدەهێڵن؟
هەموو دەزانین كە لەدواى راپەرینەوە كۆچى بەلێشاو بە كۆمەڵى لاوانى كوردستان بۆدەرەوەى ولات دریژەى هەیە و رۆژانە هەواڵەكانى دەبیتسن وبگرە رۆژ نیەیە دەروازە وسەرسنوروكانی براهیم خەلیل و مەرزەكانى ئێران نەبێتە مایەى گێرانەوە و گرتنى ژمارەیەك لەلاوان، كەوایە هۆكارى ئەم دیاردەیە چییە؟ بەواتایەكىتر بۆچى لاوان كۆچ دەكەن؟ ئایە ئەوان بێزارن لە ژیانى كۆمەلایەتى خۆیان و نایەنەوێت خۆیان بەبەشێك لەم كۆمەڵگایە بزانن؟ ئەو هۆكارانە چین لاوان والێدەكات لە پەیوەندى كۆمەڵایەتى خۆیان ومیژوویەك لەژیان هەڵكەنى؟ سەرەراى هەموو ئەو هەوڵانەى دەوڵەتانى ئەوروپا كە بۆ بەرگرتن و داخستنى سنورەكانیان بەرووى لاوانى پەنابەرى كوردا پەیرەوی لێدەكەن، سەرەراى گرتن و سنورداشتكردەوە و رەفز و فشار بۆسەر پەنابەرانى كورد وبرینی خزمەتگوزاری و مافی كاركردنو خۆیندن و راگرتنیان ساڵانێكی زۆر لەكەمپ و هایمەكان تەنانەت بەسەر بردنی تەمەنی لاویتی بەدیار مافی پەنابەرێوە لە نیوخۆى وڵاتە ئەوروپایىیەكاندا، سەرەراى هەر سەختى و بیدەرەتانى ومەرگ و مردنێك كەدێتە سەر رێگاى كۆچى لاوان لە رێگاكانی رووكردنە دەرەوەیان كەچى هێشتا دەبیین كۆچى لاوان هەر دریژەى هەیە؟ ئەمە بۆچی وایە یان هۆى ئەمە چییە و چۆن دەبىَ كاربكەین لەراستاى وەڵامدانەوە بەم دیاردەیەدا و چارەسەركردنی؟.. ئەوەى من لێرەدا مەبەستمە ناسینەوەى هۆكارەكان و رێگا چارەكانە…
1- هۆكارەكان:
یەكەم مەسەلە ئەوەیە كە كۆچى لاوانى كوردستان بۆ دەرەوە حوكمێكى ئیختیارى بەخۆیان نییە. باوەرناكەم هیچ كەسێك كەمیژووى ژیانى لە كۆمەڵگایەكى هەبىَ دەست بەردارى بێت ویڵی كات، بۆیە لاوان كاتێك ناچار دەبەن كۆچ بكەن جێگاى سەرزەنشتكردن نین و كۆچیان ئاكامى قەلەقێكى كۆمەڵایەتىیە كە تییدا قەراریانگرتووە. قەلەقێك كەتاكى لاوانى بەو ئەنجامە گەیاندووە كە بێ ئاسۆ و بێ ئایندەى كۆمەڵایتى تیا دەبیننەوە. ئاشكرایە كەلاوان لەهەموو كۆمەڵگایەكى دنیادا هەڵگرى تین و تەوژمى نوى خوازى و مۆدیرنیزم و تەوقعاتى باڵاى ئینسانىییە لاوان حەساترین بەشی كۆمەڵگایە و كاتێك ئەم هەستەیان لەگەل ژیانى كۆمەڵگادا بەراورد دەكەن و رێگایەك بۆ بەدیهێنانى نابیننەوە ناچاردەبن بە هەڵهاتن و كۆچ ئەمە حاڵەتى لاوانى كوردستانیشە. چونكە قەلەقیكى كۆمەلایەتى كەلەئارادایە چارەنووسى ئەوانى لەبێ ئەنجامیدا راگرتووە، ئەوان دەبینن كەمەترسى دەخالەتى دەوڵەتانى وەك توركیاو ئێران حالەتیكى بەردەوامە، لەعیراقیش ئایندە نامەعلومە و جەنگ و كوشتارو نائەمنى و تیرۆر دریژەى هەیە. لە ناوخۆشدا لاوان هەست ناكەن ماف و ئازادىیەكانیان چەسپاوە، لاوانى كچ بەهۆى بیمافىی و ژیانەوەى فەرهەنگى دواكەوتووانەوە ناچار بە خۆسوتاندن دەبن، بەمجۆرەش سیستەمیكى بەریوەبەرایەتى لەكوردستاندا وجودى نییە كە لاوان وەك بنەما لەخۆ بگرىَ و رێگاى كرانەوە و ئازادانەى تاكى ئەوان دابین بكات وئەوان لەرێگاى ئەم ئازادیانەوە بەخۆیەوە رابگرىَ. بارى خۆیندگاكان و زانكۆكان، بارى ئابوورى و پیشكەوتنى كۆمەڵایەتى هەلى پیویست و كافى بۆژیانى ئێستا وداهاتوویان نەداوەتە دەست لاوان بۆیە ئەوان هەمیشە بى سەرمایە و بێ ئومید و بێ ئایندە خۆیان دەبییننەوە و بەم هۆیەشەوە ناچاردەكرێن ولات بەجى بهێڵن.. بەڵام ئەگەر كۆچى لاوان بەرهەمى ئەم قەلەقیە كۆمەلایەتىیە بێت ئایا خودى ئەم قەلەقیە چییە؟ بۆئەمە چەند هۆكارى جوراوجۆر هەیەو دەكرىَ هەر كەسە لە گۆشەیەكەوە بدوىَ و لیستێك هۆكاربژمێرێت، بەڵام ئەوانەى كەبەلاى منەوە سەرەكین و هەرئەوانەش دەتوانى كلیلى ریگاچارەكانمان بداتەدەست لەچەند خاڵێكى سەرەكیدا ئاماژەیان پێدەدەم:
یەكەم: هۆكارى سیاسى: سەرەكى ترین خاڵ لەهۆكارە سیاسیەكاندا نەبوونى دەوڵەتە لەكوردستاندا، كوردستان بەوهۆیەوە نەخۆى دەوڵەتەوە نەبەشێكە لە دەوڵەتیكى دامەزارو هەڵومەرجێگى ناجێگیرى و نادیاری بۆپیكهاتووە و ئەمەش بۆماوەى 17 ساڵە دریژەى هەیە و وەك بنەمایەكى قەلەقى كۆمەڵایەتى رەنگدانەوەى لەسەر ژیانى تاكى كۆمەڵگا هەیە و لەنیویاندا لاوانیش. بەتایبەتى كەئەم نامەعلوم بوون و ناجێگیرەى كوردستان و نەبوونى دەوڵەت حاڵەتێكى ترس ودڵەراوەكىى سیاسى پێكهێناوە وكەس نازانیت داهاتوو رووى لەكوىیە. لەبازرگانانى كوردستانەوە بگرن تا كەسانى سیاسى و تا هەرتاكێَكی سادەى كۆمەڵگا دەزانیت كە كوردستان بەم حاڵەتى فیدرالیزمى دووفاكتۆەوە ناتوانى ژیانیكى جیگیر بۆ كارو كاسپى وژیانی رۆژانە دابین بكات. ئاخر بى هۆنییە كەبەشێكى زۆرى سەرمایەداران كاریان لەكوردستان جێگیرە بەڵام سەرمایەو داهاتیان لە بانقەكانى دەرەوەى كوردستان بەپاریزراوبوون دەبینن و ئامادە نین تەعامول لەگەل بانقەكانى كوردستان بكەن، هۆى ئەمە نەبوونى دەوڵەت و ئەو ناجیگیریەیە هەربۆیە لاوان ناتوانن ئەرزیەتێك ببیننەوە بۆ دامەزراندنى ژیانى خۆیان لەنیو كوردستاندا چونكە داهاتوو بەنادیارى ولیل دەبینن..
نمونەى ئەمە لە زۆر بوارى ژیاندا لەكوردستان ئەبینرێتەوە، سەرگەردانىو هەڵواسراوی كوردستان وا دەكات كە تۆ كاتێك شتێكت نەبوو كە ناوى دەوڵەت بێت ئیتر زۆر بەسادەیى مافى هاوڵاتى بونییشت ئەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، لێرەشەوە دەرگاى گرفتەكان دەكەوێتە سەرپشت، لێرەوە تاك ناتوانآ تەعبیر لە ئارەزووە ئینسانیەكانى خۆى بكات، چونكە ئەو مافەى نیە، ناتوانآ خواستەكانى خۆى بەرز بكاتەوەو ئاڕاستەیان بكات، چونكە جێگایەك نیە خۆى بە بەریرس بزانێ، لەوەڵامدانەوە بەو خواست و داواكارییانە, وە بەوپێیەشى كە وەڵامدانەوە بەخواستو داواكاریەجەماوەریەكان بەگشتى و ئەوانەى لاوان بەتایبەتى، ئەركى دەوڵەتو دامەزراوەكانیەتى، كەواتە لەغیابى ئەو دەزگایانەدا مەسەلەو مافەكانى لاوان ئەبنە قوربانى و لاو ئومێدێكى نامێنێَت بە مانەوەو ژیان لەسایەى وەها هەڵو مەرجێكدا. ڕوەو كۆچى ئەو ژمارە زۆرەى لاوان لە ساڵانى پاش ڕاپەڕین تا ئێستا بەڵگەى ئەو ڕاستیەن، بەڵام ماوەیەكى كەم پاش ڕووخانى بەعس كاتێك ئومێدێك بۆ دامەزراندنى دەوڵەت لەكوردستان یان لەعێراق وەك وەهم كرایە ئومێدى بە شێك لەخەڵكى ئەم وڵاتە، ئەبینین كە ئەو ماوە كەمە مەسەلەى كۆچ بۆ هاندەران تا ئاستێكى زۆر هاتە خوارەو تەنانەت ژمارەیەكیش لە لاوان بەئارەزوومەندانە گەڕانەوە بۆ كوردستان، بەڵام كاتێك ئەو ئومێدە وەك بڵقى ژێر ئاوى لێدێتو ئەتەقآ، ئیتر بازارى تەزویرچىو قاچاخچیەكان گەرم ئەبێتەوەو جمەى دآ، قاچاخچێتى كردن بە ئینسان، بە جەوازو هەموو پێناسو نوسراوە ڕەسمیەكان، كە دەیان كێشەى كۆمەڵایەتى بەدواى خۆیدا هێناوە. ئیدارەكانى هەرێمیش تەنها بەگرتنى قاچاخیەكانو زیندانى كردنى لاوان ئەیانەوآ بەر بەو مەسەلەیە بگرن..
دووەم هۆكارى قانون و مافەكان: لەكوردستانى ئەمرۆدا قانونیك نیە كە ماف و ئازادىیەكانى لاوان بەرەسمی و بەخۆیانەوەگرآیان بداتەوە. بەداخەوە دەسەڵاتیك كەئێستا هەیە یاسایەكى نییە كەلاوان بەئازادییەكانیانەوە ببەستێەتەوە. بالەم بارەوە چەند نمونە بهێنمەوە. مەسەلەى سەرەكى لاوان ئازادىیە، لەپێشیانەوە ئازادى عەشق و پەیوەندى گرتن و هەڵسوكەوتى كەسایەتىیان. تا ئیختیارى شێوەى ژیان و خویندن و جموجوڵى كۆمەلایەتى. كێشەى زەواج بەستنى پەیوەندى، تائیختیارى زانكۆ و پیشەو تەخەسووس ئەمرۆ لە كوردستان هەمووئەمانە بە بریارى حزبەكان و فەرهەنگى دواكەوتوانەى كۆمەلایەتى و مناسەباتى سیاسىیەوە بەستراوەتەوە بەبىَ ئەوەى لاوان رەزامەندیان لەسەربێت. لاویكى كچ وەیا كور ئەگەر بیەوێت پەیوەندى بگرێت جگەلەوەى لەبارى فەرهەنگییەوە دەكەویتە بەر تانەوتەشەر لەبارى یاسایشەوە ئەم هەوڵەى بۆ بەرەسمى نەناسراوە خۆئەگەر بەدواى كورسیەكى زانكۆ و وخویندنى بالادابگەرى وەیا پیشەیەك بەدەست بێنێت دەبىَ سەر بەیەكى لە حزبەكانى نیودەسەڵات بێت وەیا تەزكیەى ئەوانى پىَ بێت تەنانەت ناشتوانێ تعین بێت. سەفەرو هاتوچ و تا دەرهێنانى پاسپۆرت و مانەوە لەسەیرانگاو ئوتیلەكاندا بەتایبەتى بۆلاوانى كچ دەبىَ بە وەلى ئەمرو كەسانى ترەوە گرىَ بخوات.. ئەمە ئیتر لاوان توشى یاخى بوونیكى كۆمەڵایەتى دەكات. لەوەش زیاتر دادگاكان، زانكۆكان، فرسەتەكانى بەدەست هێنانى كارو تەخەسوس، تا دەگاتە ئامادەبوون لەبووارى تەكنۆلۆژیاو بەدەستهێنانى زانستدا هەموویان تەسك كراونەتەوە بۆ نیو دەخاڵەتى ئەحزاب و میانەى نێوان عەشیرەت و هۆكاریك كەلەسەروو یاساوەن. نەبوونى یاسایەك كە زەمانەتى پاراستنى مافو ئازادییەكان بكات، دەرگا ئەكاتەوە بۆ دەخاڵەتى گەورەكانو باوكو وەلى ئەمرى لاوان،لەهەموو بوارەكانى ژیانى لاواندا. ئەمەش وادەكات كە لەلایەك سەربەخۆیى وەك تاكێك لەدەست بدات، لەلایەكی ترەوە وەك كۆیلەیەكى داماوو زەلیلى دەستى ئەو عەقڵیەتەى لێبێت. ئەمەش دیشانەوە هۆكارێكی ترە بۆ یاخى بوونو بیركردنەوە لە تەرككردنى ژیان لەكودستان. و كۆچكردنی.
ئەم بێ قانونیە جگە لەوەى كە عەقڵیەتى گەورەسالارىو عەشیرەتى ئەبوژێنێتەوە، هاوكات كۆنەپەرستىو خورافەو جەهل برەوە پێ ئەداتو ئەوسا لەجیاتى سەنترەكانى لاوانو كردنەوەى دەیان یانەى جۆراوجۆرى هونەرىو زانستىو وەرزشى، دیاردەى حوجرەو كردنەوەى دەرگاى مزگەوتەكان تا نیوەى شەو، كردنەوەى دەیان پەیمانگاى شەریعەو دینى، برەوە پەیدا ئەكەنو دیاردەى حیجابو ڕیش بەردانەوەو شەڕواڵى كولأ پەرەئەسەنێت، نمونەى ئەمەش هەر ئێستا لەناو گەڕەكە هەژار نشینەكاندا بەزەقى دیارەو بە ئەندازەیەكى گەورەش ئەودیاردەیە خەتەرناك ئەبینم. وە مەعلومیشە كە كام حزبو بزووتنەوەى كۆمەڵایەتى سوودى لەم وەزعیەتە بینیوە؟ مەبەستم ئەحزابە ئیسلامیەكانە، تائەگاتە ڕەوتو تافمە ڕاسیستەكان كە خەریكە ئەوانیش ئەبنە دیاردە.
سیهەم هۆكارى ئابوورى: بیكارى و نەبوونى زەمانەتى كار سەخرتین هۆكاریكن كەپاڵ بەلاوانەوە دەنێن. بەهۆى ئەوەى كەبەرنامەیەك نییە بۆ راكێشانى لاوان لەبووارەكانى كارگێرى و وەبەرهەمیهناندا لاوان ناچارن ولات بەجىَ بهێڵن. ئەوەى كە ئەمرۆ بەریوەدەچێت هەمان پاشماوەى سیستەمى بەریوەبەرایەتى وكارگیرى و وەدەستخستنى فرسەتەكانى كارو تەخەسوسى رژێمى پیشووە.. ئەمە لەكاتیكدایە كوردستان 17 ساڵە بەكردەوە سەربەخۆیەو دەتوانرا نمونەیەكى كارگێرى و وەبەرهەمهینانى كۆمەلایەتى بخریتە كارەوە. زۆرن ئەو لاوانەى دواى تەواوبوونى خویندن و بەدەست هێنانى شەهادە بووارى خۆیان دەگۆرن و بەناچارى مل بە جۆرە كارێك دەدەن كە خۆیان هەڵیان نەبژاردووە و لەگەڵ سەلیقەو زەوقیاندا نایەتەوە.. برواتان بێت هەیە دەرچووى پیمانگاى هۆنەرەجوانەكانە وئێستا كارى شۆفیرى دەكات، هەیە دەرچووى پەیمانگاى پزیشكىیەو ئێستا لەبازارى دۆلارەكەدا خەریكى ئالو وێرى دراوە.. ئاخر ئەمە چ ئەنجامێكى دەبىَ بۆئەو لاوانەى ئاوایان بەسەر هاتووە جگەلەوەى بیر لە شوین وریگایەكى تربكەنەوە. لێرەدا با لەو لاوانە بگەریین كە نوقسانیان هەیەو كۆمەڵگا حسابى تاكى ناتەواویان بۆدەكاو كەچى دەسەڵات هیچ وەڵامیكى بۆیان نییە…..
ئەم مەسەلە ئابوریانە لەتەواوى بوارەكاندا ڕەنگدانەوەى هەیە، بەو مانایەى كە هیچ زەمانەتێكى تەندروستى بۆ لاوان نیە، هیچ زەمانەتێكى بێكارى نیە، سەرجەم بیمەكان لەكوردستانو عێراق وەك ناویش دیار نین، ئەمە وادەكات كە لاو یان هەرتاكێكى ئەم كۆمەڵگایە هەرگیز نەتوانآ لەگەلأ ژیانى كۆمەڵایەتیدا تێكەڵاو بێتو بمێنێتەوە، ئەوەندە مل بە مانەوەى خۆى لەكوردستان ئەداتـ تا هەلێكى بۆ بڕەخسێتو بڕوات، جا ڕەنگە ئەو هەلە ببێتە مایەى گیان لەدەستدانى، بەڵام هەر ئەوڕیسكەى بەژیانەوە پێ باشترە لە مانەوە لەبێمافىو نەبوونىو ژێردەستەیى گەورەكانودەسەڵات.
چوارەم: هۆكارى فەرهەنگى وپەروەردەیى و فیركردن وراگەیاندن:
لاوان یەخسیركراون بەدەستى فەرهەنگى دواكەوتووانە، تێكەڵاو بوونى كوڕانو كچان یەكێكە لەسەرەتایترین مافەكانى ئینسان، كەچى لەكوردستان فەرهەنگى زالأ نەك هەر ڕێگەى پێنەداوەن بەڵكو تەحقیرى كردوە" كوڕان لەناو كچانە دایكى قالۆنچەكانە" هەروا قسەیەكى ڕاگوزەر نیەو بزووتنەوەى كۆمەلایەتى ڕۆژانە دەمەزەردى ئەكاتەوە. هەر خودى ئەم فەرهەنگە داڕزیوە كراوتە یاساو نەریتى كۆمەڵایەتىو ڕێگەى گرتوە بە سەفەر، جل لەبەركردنى ئازادانە، قژ بەردانەوە یان تاشینى، سەفرەو دانس… ئیتر لاو كە هەموو ئەو ئارەزووانەی كەهەیەتى لێى بێبەشت كرد، مانەوەى سەیرە، نەك پرسیار لەهۆكارى ڕۆیشتنى.
و نەبوونى بوواریكى پەروەردەیى و فێركردنى ئازاد و هەروەها راگەیاندنێك كەهێشتا لاوان لە ژیانى رابردوودا رادەگەرن و هێشتا بەراوردەكان لەگەل زەمانى حكومەتى بەعسدایەو هیچ ئومێدێكی روولەپیش بۆهاندانى لاوان لە راگەیاندنەكانى دەسەلاتدا نابینرىَ.. ئەمانەش پێچەوانە لەگەل خەسڵەتى روولەپێش و هاوچەرخانەى روحیەتى لاواندا..پاش 17 سالأ لەحاكمیەتى ئەحزابی دەسەلاتدار كەچى هێشتا دین نەك هەر لەپرۆسەى خویندن جیانەكراوەتەوە،بەڵكو بۆ زۆر كێشەی كۆمەڵایەتی وەك كوشتنی ژنان وەیان تیرۆر و ئەمنیتی خەڵكی كوردستان خێرا یەكەمین شت دەسەڵات دەگەرێتەوە بۆ مەلاكان و مەرجەعە دینییەكان و هەموو ئیمكانیتو بوجەیەكیان خراوەتە خزمەتەوە..
چارەسەرەكان:
بەلام رێگاچارەچییە؟
یەكەم: دەبىَ كوردستان ببێتە دەوڵەت وەرێگا چارەیەكی ریشەی وەك هەردەوڵەتانێكى تری دنیا و لەم هەڵواسراوى و ناجێگریەى و حاڵەی لەبەریەك رۆیشتوەی ئێستا دەرچێت و بچێتەنیو یاساو قەوانینى نیو دەوڵەتى یەوە و وەك دەوڵەتێك ئیعتبارو بوونى بۆبكرێت…
لەڕووى سیاسیەوە: كار بۆ جیاكردنەوەى كوردستان و پێكهێناى دەوڵەتێكى سەربەخۆ لەكوردستان، ئەویش لەپێناو دەركێشانى كۆمەڵگا لە سەرگەردانىو بێمافى هاوڵاتیانى، هەروەها تا كاتى بەدیهاتنى ئەمە، ئەبێت كار بكرێت بۆ ئامادەكردنى كۆمەڵگا بۆ ئەو جیاییە
دووەم: تا ئەوكاتەى ئەو خاڵەى سەرەوە بەدى نەهاتووە ئەركى دەسەلاتدارانە كە بەفەورى چاكسازی بكات یاسایەكى مۆدرن و دەستورێكى سكولار كەماف و ئازادىیەكانى هاوڵاتیانى دانیشتووى كوردستان بەدور لەناسنامەى ئاینى و رەگەزى و نەتەوەیى دابریژىَ و مافى تاكى كۆمەڵ لەپێشیانەوە لاوان بەرەسمى بناسینێت. بەم جۆرەش یاسا سەروەربێت و دەخاڵەت و بەشداری ئەحزاب و پیاوانى ئاینى و بەرپرسیارانى حزب و سەرۆك عەشیرەت لەژیانى رۆژانەى خەڵك و یاسا و قەزا و زانكۆكان و ناوەندەكانى كارگیرىدا بنە بر بكرىَ و بوواریان پێنەدرێت كە ماف و كارو شێوەى ژیانى لاوان دیارى بكەن. وە لەنێوەشدا سەرجەم مافو ئازوادییەكانى لاوان بەتایبەت ئەوانەى كە لەولاتانى پێشكەوتوو بۆ لاوان بەڕەسمى ناسراون لێرەش بەڕەسمى بناسرێنو ئەمە بەڕەسمى بڵاو بكرێتەوە.
سیهەم: دەبى كۆچ قانونى بكرێتەوە. كە ئەمەش لە راپۆرتەكەی رێكخراوی تواناسازی لاوان باسكراوە.. یانى دەبىَ ئازادى سەفەرو كۆچ بۆدەرەوەى وڵات بۆلاوانى 18 سال بەرەسمى بناسرێت و لەم بارەوە دەبى ئاسان كارى بكرێت لە بەدەست هێنانی پاسپۆرت و مەرجەكانى پەرینەوە و بەدەستهێنانى كورسى زانكۆكانى خویندن لەدەرەوە. لاوان لەباتى ئەوەى ناچار بكرێن بەر ێگاى قاچاغ وهەڵهاتن ، دەبىَ رێگاى قانونى ورەسمىیان لەبەردەم دابكرێتەوە و سەردان بۆولاتانى دەرەوە ئاسایى بكرێتەوە، تا هیچ خولیایەكى خەیالاوى و بیبنەما لەبەردەم ئومیدەكانى لاواندا نەمینىَ..
چوارەم: هەل رەخساندنى بووارى كار بۆلاوان و كردنەوەى دەزگاى تەخەسوسى و زانستى و تەكنۆلۆژى بۆهەموو لاوان بۆئەمەش كردنەوەى مەكتەبەكانى كارگێرى و وەبەركارنان و پەیمانگا هۆنەرى وزانستى و وەرزشىیەكان تا لاوان بتوانن سەرگەرم بن و دەرگاى ئومید و بەهرەیان لەبەردەمدا ئاوەڵا بێت.
پینجەم: خەم خواردنى و بەدەنگەوەچوونی خێراى لاوانێك كە كەم ئەندامن و گێرانەوەى ژیانى ئاسوودەیى و موعتەبەر لەكۆمەڵگادا بۆیان ئەمەش لەرێگاى چەندین پرۆژەى پسۆرى بۆ هاوكارى وبزواندنى بەهرەى لاوانێك كە كەم ئەندامن وەیان هاوكاری بۆ لاوانێكی كەم ئەندام كە دەتوانن كێشەكانیان لە دەرەوەی ووڵات چارەسەر بكرێت..
لەڕووى یاساییەوە:
1-سەرجەم ئازادییەكانو خواستو ئارەزوە ئینسانیەكانى لاوان بكرێنە یاساو سزا بۆ ئەوانەى كە بەهەر بیانویەكەوە بێت سەرپَچى لە شكاندانى یاساكەدا ئەكەن.
2-سەرجەم مافو بیمە كۆمەڵایەتیەكانى، وەك بیمەى بێكارى، بیمەى پەروەردەو خوێندن، بیمەى تەندروستى، دەستڕاگەیشتن بە هۆكارەكانى سەرگەرم كردنى لاوانن بكرێنە یاساو ڕابگەیەنرێن.
1. لە ڕِووى كۆمەڵاتیەوە: سەرجەم ئەو كۆسپو قەیدو بەندانەى كە ڕێگرن لەبەردەم ژیانێكى ئازادو ئینسانى بۆ لاوان، وەلانرێنو تەواوى مافو ئازادییەكانى لاوان لەڕێگەى یاسا و لەڕێگەى ووشیار كردنەوەوە بكرێنە فەرهەنگو عەقڵى گشتی. سزا بۆ پێشێیكاران دابنرێت.
لە كۆتایدا من پێشنیار دەكەم بۆ كۆنفرانسەكەتان دەزگایەك كە لەخودى لاوان دابمەزرێت بۆ متابەعەو ڕەوتى چوونە پێشەوەى هەڵومەرجى لاوان.. دەكرێ ناوی (دەزگای چاودیری لاوان..یان هەر ناوێكی تر ، وەئەركى ئەوە بێت كە پێشێلكاریەكان بخاتە بەردەم دەزگاكانى ڕاگەیاندنو لەگەلأ ئیدارەدا لەپەیوەندیدا بێت بۆ دۆزینەوەى ڕێگاچارە بۆ گرفتەكان. وە مافى ئەوەى ببێت كە لە كۆبونەوەكانى ئیدارەو پۆستە باڵاكانى وڵات بەشدار بێت، وە ئەم دەزگایە لەڕێگەى هەڵبژاردنێكى ئازادانەوە دابمەزرێتو میكانیزمەكانى دامەزراندنى بەلاوان بگەیەنرێت.
هاوكات ئەم دەزگایە دەتوانێ دەزگایەكی موعتەبەر بێت بەدور لەدەستیوەردان و تیكەڵكردنی ئایدولۆجی و حزبی لقی هەبێ لە شارو شارۆچكەكان راپۆرتی بۆ هەموو لایەك بڵاوبكرێتەوە..دەتوانێ دەوری هەبێ لە كردنەوەی سەنتەرەكانی لاوان تا دەیان چالاكی جۆراو و پێشبركێ…
ئەوەش بڵێم رێكخراوی ئێمە فیدراسیۆن ئامادەین لەسەر ئەم خاڵانە لەگەل رێكخراوەكانی لاوان وهەڵسوراوانی مەیدانەكانی لاوان تەنانەت حكومتى هەرێم هەر لایەنیكىتر بەرنامەریژى بكەین و ئەو پرۆژانە بخەینە روو كە لاوان بەرەو ئیستقرار و ئیعتمادكردن بەكۆمەڵگاكەیان دەگێرێتەوە بخەینەبەر پراتیكەوە…
بەسوپاسەوە