دیالۆگ … نیگار عنایهتی
دیالۆگ (Dialog) وشەیەکی لێکدراوی لاتینییە و لە دووبەش پێکهاتووە: (Di، یانی دوو) و (Log، یانی پهیڤین). لهباری قامووسییهوه، دیالۆگ بەواتای وتووێژ دێت کە لەنێوان دوو یان زیاتر لهدوو کهسدا دەتوانێت بکرێت.
نیگار عینایهتی
دیالۆگ مکانیزمی بە رێکخستن کردنی کۆمەڵگایە. لێنین لە زۆربەی وتارەکانیدا ئاماژەی بە بەرێکخستن کردنی کۆمەڵگا دەکات و لەو باوەڕەدا بوو کە بە بەرێکخستن بوونی کۆمەڵگا، شۆڕشەکان سەردەکەون. بەڵام رێزدار عەبدوڵا ئۆجەلان لە سەر وتەکانی لێنین ئاماژە بەوە دەکات کە بەر لە رێکخستن کردنی کۆمەڵگا پێوستە کۆمەلگا پەروەردە بکرێت و فۆرمۆلێکی سێ قۆناغی دەست نێشان دەکات، کە پێکهاتووە لە پەروەردە، رێکخستن، چالاکی، کە خالێ بنهڕهتیی هەر پەروەردەیەک لە دیالۆگدا تێپەردەبێت.
ئهگهر دیالۆگ و دانوستاندنهکان فراوان نهکرێن و پرهنسیپهکانی دیموکراتی لهکاتی دیالۆگدا بهبنهما نهگیرێن، ئهوا ئهو دیالۆگانه ئاشتییهکی سهقامگیر و گۆڕانکاریی ریشهیی و چاکسازیان لێ ناکهوێتهوه.
* مێژووی دیالۆگ
کاتێک ئاوڕ لە مێژوو بدرێتەوە، دەردەکەوێت کە قۆناغەکانی تێکهەڵچوونی نەتەوەکان لەسەر هێڵێ هێزی جەستەو باهۆ بوون. ململانێ لەسەر هێزی جەستەیی و کوژرانی مرۆڤ. پێکهەڵپڕژانی پاڵەوان یان سوپاکان. دەکرا پاڵەوانی دوو سوپای دژ بەیەک زۆرانیان بگرتبایەو پاڵەوانی سەرکەوتوو، سوپا و نەتەوەی سەرکەوتووی لێ دەکەوتەوە، پاڵەوانی دۆڕاو ئاکامهکهی دەبووە دۆڕانی سوپاو نەتەوەی دۆڕاو.
پاش ئەو قۆناغەی مێژوو قۆناغێکی نوێ هاتە ئاراوە، ئهویش قۆناغی پیشەکاری و ئاکامەکەی شارەستانیەتی پیشەکاریی بوو. ئەم قۆناغەش بەرێژەی خەڵکی زۆرو هێزی کارهوه دەناسرێتەوە. دەکرێت بڵێین کە قۆناغی پیشەکاریی هەمان رێڕەوی هێزی جەستەیی گرتەبەر کە لە ئاکامی دەستبەسەرداگرتن بەسەر مادەی خاوو داگیرکاریی وڵاتان بەهۆی هێزی سەربازییەوە روویدا. بەڵام قۆناغی حازر بازدانێکی سەیرو سەمەرەی رووهپێشی لەچاو قۆناغەکانی ئاماژەپێکراو هەبوو. دەکرێت ئەم قۆناغە بە قۆناغی کامپیوتێر ناودێر بکرێت کە دەرئەنجامەکەی تەقینەوەی زانیاریی بوو. لەم قۆناغەی ژیانی مرۆڤدا تازەگەری و سودوەرگرتن لە زانایی دەورێکی سەرەکیی دەگێڕێت. “تافلێر” سەبارەت بە سەردەمی زانیاریی دەڵێت کە کارێکتەرانی سەرەکیی سەردەمی ناوبراو نووسەران و زانایان و هونەرمەندان و رۆژنامەوانانن کە ئەمەش بەخێرایی و بە گۆڕینەوەی زانیاری و تازەگەری و خزمەتگوزاری و هتد لەنێوان مرۆڤەکاندا پێش دەکەوێت. رووخانی دیوارەکانی زانیاری و گەشەی خێرای پیشەی پێوەندیەکان وادەکات کە “کەس/ لایەن” بیەوێ و نەیەوێ دەکەوێتە نێو پێوەندیەکی تانوپۆئاساوە. لەوهدەچێت تەنیا رێگا ئەوە بێت کە بەشێوەیەکی رەسمی “کەس/ لایەن” بکەوێتە نێوان دیالۆگی فەرمی و جێگیرەوە. یان ئەوەی کە بەشێوەی قۆناغە کۆنەکانی مێژوو کە پێشتر باسی هات، هێزی جەستەیی سوپا وەگەڕ بکەوێت. بۆیە بیرکردنەوە لە دیالۆگ و بەکردەوەکردنی دەکرێت لە سەردەمی هەنووکەدا ڕێگایەکی باش بێت. باشترە بگوترێ کە دیالۆگ جۆرێکە لە دەستکەوتی هێز بۆ ئەوەی “کەس / لایەن” لە پێوەندیی تاکڕەهەندی و تاک جەمسەری رزگار ببێت و هەنگاو بنێتە نێو پرۆسەی پێوەندیی کارلێکەوە.
بیرمەندان کاتی هاتنەئارای دیالۆگیان بۆ ئەو سەردەمانە گەڕاندۆتەوە کە زمان دروست بوو. ئەوکاتەی کە مرۆڤ هێماکانی بە مەبەستی لێکتێگەیشتن بەکار هێنا و بووە هۆی هاتنەئارای رەوتێک کە دواتر ناوی دیالۆگی بەسەردا بڕا. بە گەشەسەندن و بەرفرەبوونەوەی کۆمەڵگاکان شێوازی دیالۆگ لەم تاکڕەهەندیی خوێندنەوەیە دەرباز بوو و واتای چەند لایەنیی بە خۆیەوە گرت. بەمجۆرە کە دیالۆگ تەنیا بە مانای هێنانەسەر زمانی خواستەکان و پێوەندییەکی سادە نیە. دیالۆگ بابەتێکی زانستی، فەلسەفی، مێژوویی، دیالەکتیکی رۆژانەیە. دیالۆگ بنچینەی دامەزراندنی پێوەندیەکانە، نەک تەنیا لە نیوان مرۆڤەکاندا بەڵکو، لە نێوان مرۆڤ و سروشتیشدا. کەواتە دیالۆگ دەتوانێت بە سیگناڵ، نیشانە، جوڵە و تەنانەت چاو لە چاو کردنێکیش بکرێت.
* دیالۆگ لە فەلسەفەدا
“ئەرەستوو” فیلوسوفی یونانی ئاماژە بە گرینگیی زانست دەکات و دەڵێ دەبێ دەسەڵات بکهوێته دهستی ئهو کهسانهی کە خاوەنی زانست و هێزی قسەکردنن. مەبەست لە ئاماژەدان بەم وتەیە گرینگیی هەبوونی توانای قسەکردنە کە چۆن مرۆڤەکان دەتوانن قەناعەت بە یەکتری بهێنن لە نێو هەڤپەیڤینێکدا.
زۆر کەس پێیان وایە کە دیالۆگ تەنیا قسەکردنە لەنێوان دوو کەسدا. بەڵام لە زانستی فەلسەفەدا دیالۆگ تەنیا قسەکردن نییە، لەزۆر بابەتدا جیاوازیی هەیە لەنێوان دیالۆگ و پەیڤیندا. کاتێک وشەی دیالۆگ دەبیسترێ پێش هەموو شتێک زەینی مرۆڤ بۆ ئەوە دەچێت کە هەڤپەیڤینێک لەنێوان دوو کهس یان لایەن یان کۆمەڵ و هتد هاتۆتە ئاراوە. چونکە مرۆڤ بۆ پێکهێنانی دیالۆگ زیاتر کەڵک لە میکانیزمی زمان وەردەگرێ. بۆیەش زوو زەین بۆ ئەوە دەچێت کە رهنگه ئهم زاراوەیە به مانای قسەکردن بێت. بەڵام هەموو قسەکردنێک دیالۆگ نیە.
یەکێک لە هۆکارەکانی بەمرۆڤبوون و سەرهەڵدانی شارستانییەت، لە ئاکامی دیالۆگەوە بەدیهات. کاتێ کە مرۆڤەکان هێماکانیان ناسی و واتایان بۆ دۆزینەوە و پێوەندیان لەگەڵ یەکتردا سازکرد، کەوتنە ڕەوتێکەوە کە دواتر زانست ناوی لێنا دیالۆگ. هەر ئەو رەوتەش بوو کە مێژووی مرۆڤایەتیی هەتا ئێستای تۆمار کردووە..
دیالۆگ خاڵێکی بنەڕەتییە لە هەبوونی مرۆڤەکان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. بەواتایەکی دیکە مرۆڤ کاتێ بەکۆمەڵگا دەبێ کە دەکەوێتە نێو رەوتی دیالۆگەوە. هەبوونی مرۆڤ لەنێو ژیانی کۆمەڵایەتیدا گرێدراوی دیالۆگی رۆژانەیە.
* بهدیهاتنی دیالۆگ لە حاڵەتی دیالەکتیکیدا
کاتێک تێز و ئانتیتێز یەک دەگرن، سەنتەزێک ساز دەبێت، ئەو سەنتێزە دەبێتە بەرهەمی ئەو دیالۆگە. بەڵام لەم حاڵەتە دیالەکتیکەدا ئانتیزێز، تێز لە نێو نابات، بەڵکو تێز و ئانتێتیز لەنێو فۆرمولێکی کوانتۆمیکدا یەکتری تەواو دەکەن و سەنتەزێک لە هەردوو لایەن درووست دەبێت. بە واتایەکی دیکە کاتێک دوو فکر یان دوو ئایدی رێک دەکەون بۆ ئامانجێکی دیاریکراو، نەک تەنیا یەکتری رەت ناکەنەوە، بەڵکو لە ئەنجامدا دەسکەوتیشیان دەبێت و دەکەونە نێو خانەی دیالۆگەوە. کەواتە لە دیالۆگدا هەر دوولایەن وەک خۆیان دەمێننەوە و دەبنە یارمەتیدەری یەکتری بۆ بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەش. لە سۆنگەیەکی دیکەوە بۆ دیالۆگ “من- کەس/ لایەن” ئەوە دەزانێت کە “تۆ_کەس/ لایەن” بوونێکی هاوئاست دەبەخشێت بەخۆی، واتە لەم کردە دیالەکتیکیەدا “تۆ – کەس/ لایهن”، لە خۆیدا “من – کەس/ لایهن” سازدەکات و بەپێچەوانەوە.
من- کهس/ لایهن = تۆ – کهس/ لایهن
زۆربەی قوتابخانە فهلسهفییهکان دیالۆگیان شی کردۆتەوە. هەر کام لەو قوتابخانانە توانیویانە خوێندنەوەیەکی تایبەتیان بۆ دیالۆگ هەبێت. هەروەها ئایینیش تێڕوانینێکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ دیالۆگ.
– لە قوتابخانەی پۆزیتیڤیزمدا کە لە فکریەتی ئیدیالیزمەوە سەرچاوەدەگرێ، مرۆڤەکان بە ئۆبژە دادەنرێت و چوارچێوەی دیالۆگی بۆ گروپێک، نەتەوەیەک، لایەنێک، پۆلبەندی دەکات و حاڵەتیکی نەگۆڕی بۆ وەبەرچاو دەگرێ، بەڵام بەشێوەیەکی زانستیانە دەیخوێنێتەوە. لە نێو ئەم قوتابخانەیەدا هەموو کۆمەڵگاکان، پۆلینبەندیی دەکرێن و چوارچێوەی فکریەت و دیالۆگ لەگەڵ ئەم کۆمەڵگایە و چینهکانانیدا بە شێوازێکی نەگۆڕ پێک دێت. بۆ نمونە، کاتێک باسی نەتەوە دەکرێت بەگشتی دەینرخێنێت، وەکوو کورد کە هەموو باشن یان خراپن. رەشن یان سپی.
لە قوتابخانەی فەلسەفیی هێرمۆنۆتیک و هومومانیزمدا دیالۆگ بۆ ئاستی تاکە تاکەی مرۆڤەکان دادەبەزێنرێت و پێیانوایە کە شێوازی دیالۆگ لە مرۆڤێکهوه بۆ مرۆڤێکی دیکه دەگۆردرێت و هیچ پۆلبەندیەک بۆ دیالۆگ دانانێن. مرۆڤەکان وەکوو هەبوونێکی سۆبژەکتیڤی دەنرخێندرێت و لە چوارچێوەیەکی ریالیستیدا لە بابەتەکان نزیک دەبێتەوە. ئەم قوتابخانە فەلسەفییە هاوکات لەگەڵ قوتابخانەی ئیندوالیزم، شێوازی دیالۆگ بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی دەروونی ئێستا و پێشینەی مرۆڤەکان دیاری دەکات.
لە قوتابخانەی کۆلەکتیڤیزمدا دیالۆگ لە چوارچیوەیەکی گشتیدا دەنرخێنریت کە مرۆڤەکان، کۆمەڵگاکان و بیروڕای گشتی، هەڵدەسەنگێندرێت و سەنتەزی بیروڕاکان لە ئەنجامی دیالۆگە پێکهاتووەکان بەکار دەبرێت، بەسەرنجدان بە فکری نەرێنی، ئەرێنی و بێ لایەنی لە بابەتێکدا. کەواتە کۆلەکتیڤیزم بۆ هەبوونێکی کۆلەکتیڤ لە دیالۆگ کەڵک وەردەگرێت هەتا یەک بەیەکی بۆچوون و فکرەکانی نێو کۆمەڵگا کۆبکاتەوە و لە ئەنجامی فاکتۆری بەدەستهاتوو، مەبەستی خۆی دیاریی بکات. لەم قوتابخانەیەدا بەسەرنجدان بە فکریەتی هۆلیزم و پۆزەتیڤیزم، میکانیزمی دیالۆگ پێش دەکەوێت.
دیالۆگ لە پلێنۆمدا پەرەدەستێنێت. پلێنوم واتای گشتی هەیە، لەکاتیکدا نوێنەرانی گەل لە مەجلیسێکدا کۆدەبنەوە، دەتوانین بڵێین کە ئەوە لە پلێنومدا کۆدەبنەوە و لەسەر بابەتیک مشتومڕ و گفتوگۆ دەکەن.
* دیالۆگ و ئایین
هەروەکو باسمان کرد ئایینیش وەکوو باقی قوتابخانە فهلسهفییهکان دەپەرژێتە سەر دیالۆگ و تێروانینێکی جیای بۆ ئەم چەمکە هەیە. لەنێو ئاییندا دیالۆگ واتای نامێنیت. مرۆڤ لەگەڵ خودای خۆی دەکەوێتە قسەکردن و دەپارێتەوە و کردارە ئایینییەکان پەیڕەو دەکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا وەڵامێکی ئۆبژەکتیڤی وەرناگرێت، لەبەر ئەوەی خودا لەگەڵ ئەو کەسە قسە ناکاتەوە. دوولایەنیی لەئارادا نییە و تهنیا لایەنێک دەپەیڤێ، کەواتە ئەمە ناچێتە خانەی دیالۆگەوە. هەر وەکوو ئاماژەی پێکرا دیالۆگ لە کردەوە و دژکردەوە یان وتووێژ لە نێوان دوو لایەندا بەدی دێت. بەمجۆرە لە نێو ئاییندا هەر قسە هەیە و وەڵامێک نییە. کەواتە لە ئاییندا شێوازێکی مۆنۆلۆگە. بەلام تیۆریی مێتافیزیک بەم وتوووێژە لە ئایین دەڵێ دیالۆگ. لە نێو ئەندێشەی مێتافیزیکیدا ئەم حاڵەتە بە دیالۆگ دادەنرێت کە لەگەڵ هەبوونێکی فکریی میتافیزیکی لە پێوەندی دایە و لە شوێنیکی دیکەدا وەکو ئیلهام وەڵامی خۆی وەردەگرێتەوە و پەیوەندییەک ساز دەکات.
لە نێو شێوازەکانی دیالۆگدا شێوازێکی کەشمان هەیە کە لە سێ بەش پێک دێت، پێمانێکی سێ قۆڵییە کە بە تریۆلۆگی ناسراوە. تریۆلۆگی ستروکتورێکی سێ گۆشەییە و لە سێ لایەنەوە، بابەتێک هەڵدەسەنگێندرێت و پەیمانێک دەبەسترێت. لە ئاییندا ئەم شێوازە هەیە لە نێوان خودا و پەیامبەر و مرۆڤدا. لەم نێوانەدا پەیمانێکی سێ قۆڵی دەبەسرێت.
* توانستی دیالۆگ
وشەی دیالۆگ هەڵگری دوولایەنە کە تانوپۆ و تەواوکەری یەکترین. واتە “فکر” و “کردەوە”. کاتێک لە “وشە” لایەنی “فکر” دابماڵدرێت و تەنیا “کردەوە” وەبەرچاو بگێردرێت و پێداگریی لەسەر بکرێت ئیدی “وشە” بەرەو رەهەندی “کردەوەخوازی”ی دەچێت. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر وشە تەنیا ببێتە هەڵگری لایەنی ئەندێشە و کردەوەی لێ بستێندرێتەوە، دیالۆگ دەبێتە گەمەیەکی بێ ئەنجام. بەواتایەکی دیکە هیچکام لە لایەنەکانی ئەندێشە و کردەوە ناکرێ ببێتە قوربانیی ئەوی دیکە.
* گرینگی هەبوونی دیالۆگ
لە کۆمەلگایەکدا کە دیالۆگ سەربەستانە بەدی بکرێت ئەو کۆمەڵگایە پێشکەوتنی مەزن بە خۆیەوە دەبینێت و ئەو کۆمەڵگا بەرەو دیموکراتبوون دەروات. دیالۆگ بۆ شەڕی دەسەڵات نیە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتە لەپێناو بەرژەوەندیی ئەو کەسانەی کە لەم میکانیزمە کەڵک وەردەگرن. دەکرێت بڵێین کە دیالۆگ پردی نێوان بەیەکگەیشتنی فکرەکانە. هەروەکوو لە سەرەوەش ئاماژەی پێکرا دیالۆگ میکانیزمێکە بۆ بەدەستهێنانی سەنتێزی فکرەکان، کەواتە لە رێگای دیالۆگەوە فکرەکان بەیەک دەگەن و دەستکەوتیشیان دەبێت. ئامانج بۆ هەموو مرۆڤێک گرینە. کاتێ مرۆڤ ئامانجێک بۆخۆی دیاریی دهکا بەو واتایەیە کە دەبێت هەموو کاناڵەکان تاقی بکاتەوە ههتا بەو ئامانجهی خۆی بگات. لێرەدا دیالۆگ یەکێکه لەو کاناڵانهی کە دەکرێت بەکار بهێندرێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کە مرۆڤ دەیەوێت پێی بگات.
بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک، پێویستە کە هەموو لایەنە کۆمەڵایەتیەکان بەیەکەوە پێشبکەون، ئەوەش پێویستیی بە شۆرشێکی زێهنیەتی هەیە. هەر بۆیەش دیالۆگ دەتوانێت رێگایەک بێت بۆ بەدیهێنانی ئەم شۆڕشە. فیلوسۆفی ئاڵمانیی “مارتین بوێر” لە پەرتوکێکی خۆیدا بەنێوی “رێگایەک بەرەو یۆتۆپیا” ئاماژە بەوەدەکات کە کۆمەڵگا بەردەرام پێویستیی بە شۆرش هەیە و هەروەها ژیانی راستەقینە هەمووی لە کۆبوونەوەدا واتای ههیه.
هابرماس فیلەسوفی ئاڵمانی لە بابەت دیالۆگ و کۆمونیکاسیۆن، لێکۆلینەوەیەکی زۆری کرد. جێی ئاماژەیە کە هابرماس لە کاتی شەڕی دووهەمی جیهانیدا دەژیا، کاریگەریی ئەو سەردەمە بەروونی لەسەر بیرو بۆچوون و لێکۆڵێنەوەکانیدا رەنگی داوەتەوە. هابرماس لەبابەت گفتوگۆ لە نێوان کۆمەڵگادا باس لەوە دەکات کە پێویستە ئاستی زانیاریی کۆمەڵگا ئەوەندە لەسەرێ بێت کە دەرک بە شێوازەکانی دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و کۆمینیکاسیۆن بکرێت. کاتێک کۆمەڵگا بەم چەمکە نائاشنا بێت، ئەوکاتە ئەو کۆمەڵگایە لە قەیرانێکی دژواردا دەژی. هابرماس هەروەها ئاماژە بە هەردووک شەڕی جیهانی دەکات و دەڵێ، ئەگەر مرۆڤەکانی ئەم سەردەمانە، ئاستی زانیاریان لەسەرێ بوایە و شێوازەکانی دیالۆگیان ناسیبوایە، ئەوکات نە شەڕی یەکەمی جیهانی دەکرا و نە شەڕی دووەمی جیهانی. هاوکات هابرماس ئاماژەی بە هەڵخەڵەتانی مرۆڤەکان دەکات و دەڵێ دەسەڵاتداران بە پروپاگەندەکردن بۆ داسەپاندنی فکریەتی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا پەنا بۆ هەموو ناڕاستیەک دەبەن. ئەگەر بێت و ئاستی زانایی مرۆڤەکان بەرز بێت، ئەوکات تاکەکان راستیەکان لە چەوتەکان هەڵدەوەژێرن و رێگا راستەکە هەڵدەبژێرن و فریوی ناڕاستیەکان ناخۆن. هاوکات هابرماس خەفەت بۆ سەردەمی نازیستی دەخوات و باس لەوە دەکات کە چۆن دەسەڵاتداران مرۆڤەکانیان بۆ ئامانجە چەوتەکان بەکار دەهێنا و دەیانکردە قوربانی.
* پرهنسیپەکانی دیالۆگ
پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای دیالۆگ دامەزراون. واتە دیالۆگ بابەتێکی کۆمەڵایەتیی و لەهەمانکاتیشدا میکانیزمی بەیەک گەیشتنی فکرەکانە و هەڵگری کۆمەڵێک پرێنسیپی تایبەت بەخۆیەتی. دیالۆگ بنچینەی رێکخستن و بە سازیکردنی کارەکانە کاتێک دیالۆگ بهواتای خۆی خۆدەگرێت کە لایەنەکانی ئامادە لە دیالۆگدا پرێنسیپەکانی بپارێزن. بهشێک لهو پرێنسیپانه بریتین لە:
• تۆلەرانس.
• نەبوونی پێش گریمانە.
• زانیاریی پێویست لەسەر بابەتی دیالۆگ.
• هاوئاستبوونی لایەنەکانی بەشدار لە دیالۆگدا.
• خۆپاراستن لە هەرچەشنە خۆداسەپاندنێک.
• لەباربوونی زەمینەی دیالۆگ.
• لەبەرچاوگرتنی کات و شوێنی دیالۆگ.
• رێزگرتنی لایەنەکانی بەشدار لە دیالۆگدا.
• پێویستبوونی ناسینی کەس/لایەن، ئاگاداربوون لە بیرو بۆچوونی خود و بەرامبەر.
• وەبەرچاوگرتنی ئازادی لە فکر و بیرکردنەوە و هەڵبژاردنی لایەنەکانی دیالۆگدا.
• وەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیەکانی لایەنەکانی بەشدار لە دیالۆگدا.
• باوەڕهێنان بە بنەمای دیالۆگ بەجێی دوژمنایەتی و تێکهەڵچوون.
• قبووڵکردنی هەبوونی بیروڕای جیاواز.
بۆچی دیالۆگ
نهگۆڕبوون لهدنیای بگۆڕی خێرادا خهسارێکی مهزن به تاک و کۆمهڵگا و کولتوور دهگهیهنێ. لهم دنیا بگۆڕهدا دیالۆگ وهکو پێویستییهک بۆته ههوێنی پێشکهوتن و لهبهشێک له کۆمهڵگا و شارستانییهت و کولتوورهکاندا رهنگیداوهتهوه. گۆرانکارییهکانی چاخی حازر لهچوارچێوهی کولتوور و شارستانییهتێکی داخراودا ناگونجێ و هیچ کام له پێوهرهکانی کۆمهڵگای چهقبهستووش ناتوانێ ههلیسهنگێنێ. خواست و مهیلی کۆمهڵگاکان گۆڕانی بهسهرداهاتووه و پێ بهپێی پیشکهوتنهکان زێدهتر و بهرفراوانتر بۆتهوه. بۆ نموونه که چاو لهچاخی پیشهکاریی بکهین، لایهنهکانی ئهو سهردهمه له ههموو بوارهکانی کۆمهڵایهتی، ئابووری، زانستی و سیاسیی…. لێکبدهینهوه، گۆڕانکارییهکی مهزن هۆکاری بازدانی سهرلهبهری کۆمهڵگای مرۆڤیی بووه له ژیانی چاخی تاریکیی سهدهکانی ناڤیندا. کۆڕانکارییهک ههموو بوارهکانی کۆمهڵگای گرتهوه که ههمووشتێکی ههر له بناغهوه ههڵتهکاند. که دهکرێ دهست بخرێنه سهر گۆڕان له سیستمی باوهرمهندیی جهماوهر، گۆڕانی چینهکانی کۆمهڵگا، گۆڕان سهبارهت به بایهخه ئهوپهڕ مادییهکان، سهرهاڵدانی تهڤگهڕی نوێی کۆمهڵایهتی، گۆڕان لهجۆری روانین له ئایین و دروستبوونی لقه جۆراوجۆرهکان و ههروهها ههر لهم بوارهدا لێکدانهوهی نوێ بۆ ئایین کرا. بهم پێیه گشت ئهو گۆڕانکارییه بنچینهییانهی به درێژایی مێژوو به تایبهت پاش سهدهکانی ناڤین سهرلهبهری کۆمهڵگای مرۆڤیی گرتهوه. له رێی دانوستان و پهیوهندییهوه هاتنهئاراوه. کاتێ دانوستان پهیوهندیی یان بهواتا زانستییهکهی دیالۆگ سهردهگرێ که لایهنهکان له رووبهڕوبوونهوه لهگهڵ یهکتریدا کهم تازۆر کۆمهڵێک رهگهز له یهکتری وهردهگرن. ههر بهوجۆرهی سیستم یان سیستمهکان له رووبهڕوبوونهوه لهگهڵ سیستم یان سیستمهکانی دیکهی دهورووبهری له سهر یهکتری کاریگهرییان دهبێ و بهپێی رادهی دانوستاندنهکانی نێوان خۆیان کهم تازۆر گهشه دهکهن. بهوردبوونهوه له کۆمهڵگا و کولتوورهکانی دوور یان نزیک و له رووی نیشانهناسییهوه بخوێندرێنهوه، زۆربهی شێواز، ئایین، داب و نهریت، نیشانه کولتوورییهکان له باقی کۆمهڵگا شارستانییهکاندا دهبیندرێ، ئهمه ئاماژهیهکی راستهوخۆیه بهو راستییهی که کۆمهڵگا و کولتوور شارستانییهتهکان بهردهوام کاریگهرییان له سهر یهکتریدا ههیه. رهنگبێ ئهم کارتێکردنانهش له بواری تهواو جیاوازدا رهنگ بداتهوه.
پهڕاوێز:
* ئهم وتاره بهراییهکی کورته بۆ کتێبێک له ژێر ناوی (دیالۆگ) که ئامادهی چاپه..