Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
حزب و حیزبییه‌كان ژیانیان لێ‌ نه‌گریس كردووین..!!

حزب و حیزبییه‌كان ژیانیان لێ‌ نه‌گریس كردووین..!!

Closed
by January 18, 2012 گشتی

ئه‌و سیاسه‌ته‌ی دیكتاتۆر له‌م وڵاته‌دا ره‌نگی بۆ رشت و جێبه‌جێی كرد، بریتی بوو له‌: بێنرخكردن و بێهێزكردنی مرۆڤــ و ونكردنی له‌ هه‌ڵدێر و سه‌رابی ژیانیدا، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیای حیزبی و فه‌وتاندنی عه‌قڵ وهێزی مه‌عریفی بیركردنه‌وه‌ی ئینسانه‌وه‌ بوو..
دیكتاتۆر هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دابوو مرۆڤێكی خاڵی له‌ رۆحی پاك و ویژدانی مرۆڤایه‌تی و ئه‌خلاقی به‌رز ده‌سته‌به‌رببێت،ده‌یوست مرۆڤێك ئافه‌ریده‌ بكات سیخناخ بێت له‌ چاوچنۆكی و پاره‌په‌رستی وبێویژدانی.. بێبه‌ها و بێئامانج و بێهووده‌و سه‌رخۆش و جاسوس و به‌ره‌ڵا بێت..
مرۆڤێك خه‌ون وخوێنده‌واری وخولیای نه‌بێت بۆ ژیانی ئایینده‌و بیر له‌ گۆڕان و پێشكه‌وتن نه‌كاته‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌، ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌و عه‌قڵی بێسه‌روبه‌ره‌ و بێبه‌رنامه‌ له‌گه‌ڕدایه‌و هه‌ركه‌س بۆخۆی و بازاڕو گوزه‌رانی به‌ره‌ڵا به‌ركه‌ماڵه‌و درێژه‌پێدانی به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤێكی گه‌نده‌ڵ ودزو درۆزن ونه‌خوێنده‌وارو بازاڕیی له‌ئارادایه‌.. بۆ پاسادانی ئه‌م وته‌یه‌مان: ئه‌وه‌تا خوێندن و بڕوانامه‌و كایه‌ی رۆشنبیری به‌گشتی، هیچ به‌هاونرخێكیان نه‌ماوه‌،به‌ پێچه‌وانه‌وه‌جێی ریسوایی زۆرینه‌ن، زانكۆ كه‌ پایه‌دارترین مینبه‌ری رۆشنبیری وزانستیه‌،ئه‌مێستاكه‌ شوێنی ده‌رهاویشتنی جه‌هل ونه‌زانی وكاڵفامیه‌،كه‌ ئه‌مه‌ش كاره‌ساته‌ و بێهوده‌یی ستایلی ژیانمان نومایشده‌كات..
هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی توێژو چینه‌كان رووده‌كه‌نه‌ بازاڕو كاسبیكردنی ئازادو بوونه‌ته‌ فرۆشیارو بازرگان،ئه‌مه‌ش رێخۆشكه‌ره‌ بۆ پێگه‌یاندنی تاكێكی غه‌ریزی و ناڕۆشنبیرو بێئامانج و چاوچنۆك كه‌ ته‌نها له‌خشته‌بردنی كڕیارو ڕێزنه‌گرتن له‌ مرۆڤـ پیشه‌یه‌تی..
تاكێكه‌ خێڵه‌كی وسوننه‌تی ودواكه‌وتووتره‌، غه‌ریزه‌وئاره‌زووی ئاژه‌ڵیانه‌ وبه‌رژه‌وه‌ندیی ماددی ده‌یبات به‌ڕێوه‌. ئه‌م ره‌وشه‌ بۆ وازهێنان له‌ خوێندنی زۆرینه‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و هیچ لایه‌ن و وه‌زاره‌تێكیش سزاو غه‌رامه‌یان بۆ ئه‌م دیارده‌یه‌ دانه‌ناوه‌..هه‌رچه‌نده‌ بڕوانامه‌ هه‌یبه‌تی خۆی له‌ده‌ستداوه‌،به‌رپرسێك یان خزمێكی ده‌ هێنده‌ی بڕوانامه‌دارێك مووچه‌و ده‌رامه‌تی ده‌ستده‌كه‌وێت(كه‌ داشنامه‌زرێت)..
لایه‌نێكی دیكه‌ی بێهوده‌یی ژیانی زۆربه‌مان بێبه‌رنامه‌ییمانه‌ له‌ زۆربه‌ی جومگه‌كانی ژیاندا، بۆ وێنه‌: پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری به‌شێوه‌یه‌كی عه‌شایری ونه‌ریتییانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ین..په‌له‌ده‌كه‌ین له‌ زه‌واج و له‌ ته‌ڵاقدانیشدا.. سنووردانانێن بۆ منداڵخستنه‌وه‌و له‌ په‌روه‌رده‌كردنیاندا زۆر دواكه‌وتووین.. سه‌عاته‌كانی ئیشكردن وپشوودانمان تێكه‌ڵوپێكه‌ڵن.. سه‌یران وگه‌شتوگوزارمان مه‌ده‌نییانه‌ نییه‌.. له‌پاكوخاوێنیدا، خۆپه‌رستین و كۆمه‌ڵگاو ژینگه‌مان پیس و بۆگه‌نه‌!
هه‌موو ئاره‌زوویه‌كمان له‌ موڵكدارێتیدا كۆبووه‌ته‌وه‌، وه‌كیتریش رژدو پیسكه‌ین وده‌ستی هاوكاریكردنمان بۆ هه‌ژار كورته‌و به‌و كه‌سه‌ ڕاده‌بوێرین كه‌ دێته‌لامان و داوای یارمه‌تیده‌كات.. له‌ولاشه‌وه‌ خوویه‌كی زۆر ترسناكمان به‌ مه‌یخواردنه‌وه‌و جگه‌ره‌و نێرگه‌له‌و تریاك كێشانه‌وه‌ گرتووه‌و خه‌ڵكانێكی زۆر ئالووده‌ن به‌ قوماركردنه‌وه‌و ته‌له‌فزێۆنه‌كانیشمان جێی قومارخانه‌یان گرتۆته‌وه‌و تاكه‌كان هانده‌ده‌ن ئالووده‌تربن و زیاتر شه‌یداو كۆیله‌ی پاره‌بن نه‌ك خولیای زانست و مه‌عریفه‌و ئیشكردن و كارامه‌یی بن..
 بێهوده‌یی ژیانمان له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ نێو ئاریشه‌ زۆره‌كاندا دووچاری نه‌خۆشی ده‌روونی بووینه‌ته‌وه‌..ئه‌وه‌تا ئامارێك ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن عێراقی دووچارن به‌م حاڵه‌تانه‌وه‌و له‌وپه‌ڕی نائومێده‌ی و بێهوده‌ییدا ده‌گوزه‌رێن..چونكه‌ ژیانی ئه‌م نیشتمانه‌ هه‌ناسه‌سارده‌ به‌م ده‌موده‌سته‌ خۆشنابێت، ژیان له‌م زێده‌ وێرانه‌دا بۆ نزیكه‌ی هه‌زار كه‌سێك خه‌مڵیوه‌و ملیۆنه‌هاكه‌ی تری دانیشتوان له‌ بێهوده‌یی و نه‌هامه‌تیدا نه‌مری ونه‌ژی ده‌ژین، چونكه‌ ئه‌وه‌ی حوكمی ژیانمان ده‌كات سیستمێكی فه‌راهه‌مكردوه‌ كه‌ تیایدا: یاسا سه‌روه‌ر نییه‌، یه‌كسانی به‌ركه‌ماڵ نییه‌، دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ونه‌ و نایه‌ته‌دی، خزمه‌تگوزاری وه‌كو مه‌كره‌مه‌و خێرپێبه‌خشین به‌ نیوه‌چڵی پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتی پله‌ سفر ده‌كرێت!
به‌نرخترین و به‌ به‌هاترین سامان له‌سه‌ر رووی زه‌ویدا مرۆڤه‌..چ جای ژیانه‌كه‌ی!
  وه‌لی له‌م وڵاته‌داو به‌ درێژایی مێژوو: به‌رپرس و چه‌كه‌كه‌ی له‌سه‌رووی یاساو ده‌وڵه‌ت و ته‌وقه‌سه‌ری مرۆڤه‌وه‌ بوون.. مرۆڤ و خه‌ون و ژیانی له‌ژێر پێی به‌رپه‌سی حیزبیه‌وه‌ بوون.. نیشتمانی وه‌ها نه‌گریس و به‌دبه‌خت،  نه‌ ژیان و نه‌ ئومێدو نه‌ خۆشی تیا نه‌بووه‌ بۆ مرۆڤه‌ دڵ مردووه‌كه‌ی خۆی،  كه‌چی ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتی سه‌ر گۆی زه‌ویه‌و دیاره‌ هه‌رئه‌وه‌ش هۆكاری بێبه‌ختی مرۆڤه‌كه‌یه‌تی!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.