Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەو دەمەی جەنگ كۆتایی دێت.

ئەو دەمەی جەنگ كۆتایی دێت.

Closed
by April 2, 2008 گشتی

كامەران سوبحان……

ئەم مانشێتە پەرەگرافێكی دەرهێنەری ناوداری شانۆیی (پیتەر بروك)ە لە كتێبی (پانتایی بۆش) بەكاریهێناوە، بۆخوێندنەوەی قۆناغە جیاوازەكانی پاش جەنگی جیهانی و بارودۆخی شانۆ لەو چركەساتانەدا، لای من ئەو پەرەگرافە بە هەمان سیاق نەهاتوەوە، ئەو چەند جارەی ئەو كتێبەم خوێندوەتەوە یادەوەریم بە ڕێچكەو گۆشەنیگایەكی تردا ڕۆشت، لای من تەنها ئەو دەمە جەنگ كۆتایی دێت كە بۆچونە دژەكانمان لە گفتوگۆیەكی جدی و لە هۆڵە تاریكەكانی نمایشدا بخەینە ڕوو، هەر وەك چۆن ئەو كاتانەی خەریكی دانان و جێگیركردنی ڕوناكی نمایشەكەمانبوین لە هۆڵەكەدا، دیمەنی ئەو چركەساتەی ئێمە لە دیمەنی كۆتایی ئەو جەنگە دەچێت كە برووك باسی كردووە، ئەكتەرێك لەوسەر تەختەی شانۆوە دانیشتوەو دەموچاوی لكاندووە  بە دیوارەكەوە، ئەم دیالۆگەی (ویلی) بیكێت دەڵێت: (ئەمڕۆ رۆژێكی زۆر خۆشدەبێت، هەموو گۆرانی وتنێك پێویستە لە دڵەوە سەرچاوەبگرێت، من هەمیشە شتێك لە ناخەوە پاڵم پێوەدەنێت و پێم دەڵێت گۆرانی بڵێ) كچە هاوڕێكەی تریشمان بە ڕوخسارێكی تێكشكاوەوە لەبەردەم دەرهێنەردا وەك سەربازێك ئەمسەرەو سەری پێدەكات، (ئێ… باشە تۆزێك ڕوناكییەكە كەم بكەرەوە، با ئەو ڕەشاییەی ناخی (ویلی و وینی) زیاتر نیشان بدرێت)، ئەمە دوا ڕستەی دەرهێنەربوو بە كە بە دەنگێكی بەرز بەو كوڕە قوڕبەسەرەی وت، كە بەشێكی زۆری ژیانی لە ناو ئەو هۆڵەدا بردە سەر بۆ روناككردنەوەی نمایشەكانی ئێمەیە، بەڕێوبەری شانۆ و چەند هاوكارێكی تریشمان لە پشتەوەی دواوەی شانۆ لە بێئیشیدا جارێكیتر ئەو جەنگانەیان هێنایەوە كە رۆژانی پێشتر لە مەیخانەو لە چایخانەكاندا كردبویان، پاشتر (وینی) لە پشتەوەی تەختەی شانۆ بە دەنگێكی تێكشكاو چەند جارێك ئەم دیالۆگەی رۆڵەكەی دەڵێتەوە:(ملم شكا، یادەوەریم وردو خاش بوو، هێندە گوێم لەو قسە هیچوپوچانەبوو، لە قسەی ئەوانەی لە بێئیشیدا دەمانخەنە جەنگێكی كۆتایی نەهاتوو، پاشتریش بەڕێوبەری بەرهەم وەك بازرگانێكی دۆڕاو، بە خۆی و باوەشێكی جلوبەرگ و قوماش و شەپقەیەكی كۆنی ئیرلەندییەوە دوای سڵاوێكی پڕ لە غرورەوە خۆیكرد بە هۆڵەكەدا، هاتنی ئەو سەرەتای دەستپێكردنی دواهەمین رۆژی پرۆڤەیەو ئاماژەی نزیكبوونەوەی رۆژی نمایشە، پاش تاقیكردنەوەی سەرجەم جوڵەو دیمەن و بەشەكانی نێو نمایشەكە بە جلوبەرگ و لەبەردەمی تیشكی روناكیدا، ئێستا هەموو ستافی نمایش ئامادەن بۆ بینینی نمایشەكە لە سەرەتاوە تا كۆتایی، پاش بێ دەنگییەك و ئامادەبوونی روناكی و دیكۆرو ئەكتەرەكان یەكەم دیالۆگی نمایشەكە بەم شێوەیە دەستیپێكرد(زەنگێك لێیدا، دەنگەكە زیاتر بوو، بۆ ماوەی یەك خولەك بێدەنگی، ئەكتەرەكە لە ناوەڕاستی قوڵایی شانۆدا كەوتووە، سەری بەرزدەكاتەوە نیگاكانی بە تێڕامانەوە دەگرێتە بینەران، دواتر سەری بەرزدەكاتەوە بۆ ئاسمان، ماوەیەك بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، یەكەم رستەی وت: ( رۆژێكی خۆشیتر) یەكەم تیشكی روناكی نمایشەكەی بەركەوت، دووەم رستەو سێیەم رستەو …هتد وترا، بەڵام لەتاریكییەكی بێ روناكیدا، وەك تاریكی ناخی (ویلی و وینی) وەك تاریكی ژیانی رۆژانەمان كارەبای هۆڵەكە بڕا.. ئەو رۆژەی پێش نمایشمان بەو شێوەیە بردە سەر.
 
 
kameransubhan@yahoo.com
 (دوو هەفتە جارێك (كامەران سوبحان لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ دەینوسێت.)
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.