
مێژووی هزری سیاسی له رۆژئاوا
ناوی كتێب:مێژووی هزری سیاسی له‌رۆژئاوا
نووسینی : د.كه‌مال پۆلادی
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه: ئازاد وه‌له‌دبه‌گی- سیروان زندی
ئه‌م كتێبه له‌بنه‌ڕه‌تدا سێ به‌رگه، به‌ڵام ئێمه ته‌نها قسه له‌سه‌ر ئه‌م به‌رگه ده‌كه‌ین كه به‌رگی یه‌كه‌مه.
ناوه‌ڕۆكی ئه‌م به‌رگه باسی هزری سیاسی سه‌رده‌می یۆنانی كۆن و سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ده‌كات.واتا له سۆكۆراتهوه ده‌سپێده‌كات تا ماكیاڤیللی.ئه‌م كتێبه 167لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره گه‌وره‌یه‌و یه‌كێكه له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی.
ئێمه له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین موتاڵای بابه‌ته جۆراوجۆره‌كانی بكه‌ین.
ـــ 1 ـــ
مرۆڤ كه بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، له‌رێگه‌ی عه‌قڵه‌وه جگه‌له‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری، هه‌روه‌ها سروشتیشدا ده‌كات، پاشانیش هه‌وڵی تێگه‌یشتن و گۆڕینی ئه‌و ژینگه‌و سروشته ده‌دات.هه‌وڵی مرۆڤ بۆ گۆڕینی شێوه‌ی ژیان، سه‌رچاوه‌یه‌كی فكری هه‌بوه‌و هه‌یه، له‌قۆناغه سهرتاییهكاندا گۆڕان زۆر سست و له‌سه‌رخۆبووه، به‌ڵام به‌تێپه‌ڕبوونی كات، ئه‌م گۆڕانه خێراتر بووه، شێوازه‌كانی سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی سه‌رچاوه‌ی هزری سیاسی مرۆڤ بوونه.
له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌توانین له‌ساده‌ترین پێناسه‌دا بۆ هزری سیاسی بڵێین:بریتییه له هه‌ر تێڕامانێك ده‌رباره‌ی پرسه سیاسیه‌كان.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه، له‌دێر زه‌مانه‌وه، ته‌نانه‌ت ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت تێكه‌ڵكردنێك له‌نێوان هزری سیاسی و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا هه‌یه و هه‌بووه، به‌ڵام له‌راستیدا دوو شتی جیاوازن و هه‌رگیز ئه‌مه‌یان ئه‌ویان نییه.ئه‌گه‌ر هزری سیاسی بریتی بێت له پرسه سیاسییه‌كان، ئه‌وا فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی بریتییه له توێژینه‌وه‌ی ئه‌و پرسه سیاسییانه به‌شێوازێكی میتۆدییانه.
به‌كورتی بڵێین:هزری سیاسی بوارێكی گشتگیر‌و فراوانه‌و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیش ده‌گرێته خۆی، ده‌توانین زاراوه‌ی هزری سیاسی بۆ هه‌ر فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسی به‌كار بهێنین، به‌ڵام ناتوانین هه‌ر هزرێكی سیاسی به‌فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ناوببه‌ین.
ـــ 2 ـــ
ره‌نگه ئاسان نه‌بێت گه‌ر بمانه‌وێت سه‌ره‌تایه‌كی دیاریكراو بۆ هزری سیاسی مرۆڤ دابتاشین، چونكه زۆرێك له بیرمه‌ندان پێیان وایه كه هزری سیاسی له‌گه‌ڵ له‌دایك بوونی مرۆڤدا له‌دایك بووه، هه‌ربۆیه‌ش گوتراوه(مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی سیاسیه)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باس له هزری سیاسی له‌چوارچێوه‌یه‌كی نوێ و جیا له ئه‌فسانه‌كان بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌رده‌می یۆنانی كۆن كه‌له‌مێژوودا به‌سه‌رده‌می دهوڵتشارهكانی یۆنان ناسراوه.
له‌م باره‌یه‌وه ده‌توانین بڵێن:هه‌لومه‌رجی ژیانی سیاسی لهدهوڵهتشارهكانی یۆنان‌دا، له‌شێوازه گهشهكردووهكهیدا سه‌رچاوه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی هزری سیاسی بووه.
یۆنانی دێرین بریتی بوو له‌و شارانه‌ی كه‌له‌ناو دۆڵه‌كان و كه‌ناری ده‌ریاكان و دورگه‌كاندا هه‌ڵكه‌وتبوو.ئه‌م شارانه له رووی سیاسییه‌وه سه‌ربه‌خۆ بوون، له‌كاتێكدا كه نه‌ریت و دامه‌زراوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هاوبه‌شیان هه‌بوو.له‌پێش ئه‌م مێژووه‌وه، ئه‌م شارانه خاوه‌نی سیسته‌می پاشایه‌تی بوون، به‌ڵام دواتر هه‌ندێ سیسته‌می نوێی وه‌ك(ئهرستۆكراس ـــ خانه‌دانی)و (ئۆلیگارشی ــــ حكومه‌تی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان)و (حكومه‌تی سته‌مگه‌ری)و له‌پاشانیشدا(حكومه‌تی دیموكراسی)یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌م شارانه‌دا پراكتیزه كران.
یه‌كێك له‌گۆڕانه دیاره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی یۆنان ئه‌وه‌بوو كه له‌دوای ئه‌وه‌ی پیشه ده‌ستییه‌كان له‌كاری كشتوكاڵی جیاكرایه‌وه، خه‌ڵكی زیاتر له شاره‌كاندا كۆبونه‌وه، پاشان گرنگییان به‌كاری بازرگانی و پیشه‌سازی پیشه‌وه‌ری دا، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌ره‌و پێشچوونهدا كاری ده‌ریاوانیش گرنگی زیاتری پێدرا. هه‌موو ئه‌مانه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی كهشارهكان ببنه ناوه‌ندێكی به‌هێزی بزاڤی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
ئه‌رستۆكراته‌كان هه‌وڵیان ده‌دا سوود له پێكهاته‌كانی سیسته‌می باوكسالاری خێڵه‌كایه‌تی پێشووی خۆیان ببینن و بیكه‌نه ئامرازی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و خه‌ڵكی له‌كاری سیاسی دووربخه‌نه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا خه‌ڵكی، كه‌به(دیمۆس)ناوده‌بران له‌پێناو ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك داكۆكییان له خۆیان ده‌كرد.
ئیدی لێره‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی یۆنانی له‌ڕووی سیاسی و فكرییه‌وه بووه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی چالاك.
دهوڵهتشارهكانی ئیسپارته و ئه‌سینا گه‌وره‌ترین و دیارترین دهوڵهتشارهكانی یۆنانی كۆن بوون.ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته له‌ڕووی فكری و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه‌وه خاوه‌نی دوو سیسته‌می جیاواز بون.
ئیسپارته، زیاتر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كشتوكاڵی و خاوه‌ن سیسته‌مێكی فه‌رمانڕه‌وایی میانڕه‌و بوو، به‌ڵام ئه‌سینا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خاوه‌ن ژیانی بازرگانی و ده‌ریاوانی و پیشه‌وه‌ری بوو.
ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌م دوو ده‌وڵه‌تشاره هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نی شێوازه جیاوازه‌كانی حكومه‌ت و ئیلهام به‌خشی به‌شه جیاوازه‌كانی هزری سیاسی بوون.
به‌كورتی بڵێین:ئیسپارته نموونه‌یه‌كی دیاری حكومه‌تی ئۆلیگارشی و ئهرستۆكراسی بوون.به‌ڵام ئه‌سینا له سه‌رده‌می گه‌شه‌كردنی خۆیدا نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیموكراسی بوو.
كاتێك ئه‌مه ده‌ڵێین:ده‌بێت بزانین كه جیاوازی ته‌واو هه‌یه له‌نێوان چه‌مكی دیموكراسی سه‌رده‌می یۆنانی كۆن له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئیستادا.
لهدهوڵهتشاری ئه‌سینادا، ته‌نها هاووڵاتیه ئازاده‌كانی ئه‌سینا ده‌یانتوانی به‌شداری كاری سیاسی بكه‌ن، كهلهژمارهدا كه‌مینه‌یه‌كی كه‌می ئه‌سینا بوون و زۆرینه‌ی دانیشتوانی ئه‌سینا مافی به‌شداری كاری سیاسی‌یان نه‌بوو، كه بریتیبوون له كۆیله‌كان و بێگانه‌كان و ژنان.بۆیه به‌دیموكراسی ئه‌سینا ده‌گوترێت(دیموكراسی كه‌مینه‌كان).
كاتێك باس له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی یۆنانی كۆن ده‌كه‌ین، ناچارین ئاماژه به‌ناو و بیركردنه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك لههێراكلیتۆس و سۆكرات و ئه‌فڵاتون و ئه‌رستۆ بكه‌ین، چونكه ئه‌م فه‌یله‌سوفانه رۆڵی دیاریان هه‌بوو له‌گه‌شه‌پێدانی هزری مرۆیی‌دا، نه‌ك ته‌نها بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه، به‌ڵكو ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت، هه‌موو مرۆڤ قه‌رزاری بیر‌و بۆچونه‌كانی ئه‌م فه‌یله‌سوفانه‌ن.
(هیراكلیتووس)یه‌كێك بوو له‌گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفه‌كانی یۆنانی كۆن، كه‌له‌پێش(سۆكرات)ژیاوه.
هیراكلیتووس، له‌سه‌ره‌تادا یه‌كێك بوو له فه‌یله‌سوفه سروشتیه‌كانی.( سروشتیه‌كان)به‌وه ناسراون كه هه‌موو سه‌رنجی خۆیان خستبووه سهرپرسی بنه‌مای شته‌كان، ئه‌مان ده‌یانویست یاسایه‌كی نه‌گۆڕ بۆ سه‌رهه‌ڵدان و له‌ناوچوونی دیارده‌كان بدۆزنه‌وه.
به‌ڵام دواجار(هیراكلیتووس)له سروشتیه‌كان جیابووه‌وه‌و گرنگی زۆری به‌كاروباری ژیان و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤدا، بۆیه ئێستا هیراكلیتووس ئه‌وه‌نده‌ی بهفهیلهسوفێكی سروشتی ده‌ناسرێت، له‌وه زیاتر بههزرڤانێكی سیاسی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
له‌سه‌رده‌می یۆنانی كۆندا، ده‌سته‌یه‌ك له‌مامۆستایان و په‌روه‌رده‌كاران په‌یدابوو كه به(سۆفیستاییه‌كان)ناسران، ئه‌مانیش نه‌خشی دیاریان له‌گه‌شه‌پێدانی فكری مرۆیی‌دا هه‌بوو.هه‌ندێك له سۆفیستییهكان به‌رگرییان له لێكدانه‌وه‌ی ئه‌ریستۆكراتی ده‌كرد، به‌ڵام به‌گشتی پشتگیری‌یان له لێكدانه‌وه‌ی دیموكراتیانه‌ی یاسای سروشتی ده‌كرد.
دیاریترین فه‌یله‌سوفه سۆفیستاییه‌كان، بریتی بوون له(پرۆتاكوراس و هیپیاس)، كه‌هه‌ریه‌كه‌یان تێڕوانینی مرۆییان هه‌بوو بۆ مرۆڤ و بۆ ده‌سه‌ڵات و بۆ سیاسه‌ت.به‌ڵام ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له‌لایه‌ن هه‌ندێ له فه‌یله‌سوفه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، ره‌خنه له بیروبۆچونه‌كانی سۆفیستاییه‌كان گیرا، دیاریترین ئه‌و فه‌یله‌سوفانه(سۆكرات)بوو.
سۆكرات(399-469پ.ز)كه به‌باوكی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان داده‌نرێت، به‌مشتومڕی له‌گه‌ڵ سۆفیستاییه‌كان ده‌ناسرێته‌وه سۆكرات به‌پێچه‌وانه‌ی سۆفیستاییه‌كانه‌وه یه‌كسه‌ر نه‌ریتی ره‌ت نه‌كرده‌وه، به‌ڵكو ویستی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نوێ بونیادی بنێت.
سۆكرات فه‌زیله‌تی سیاسی وه‌ك لقێكی زانست له‌قه‌ڵه‌مدا، له‌و باوهڕادابوو كه‌ده‌بێ پسپۆڕی بكرێته سه‌رچاوه‌ی ویستی سیاسی كۆمه‌ڵگه.
سۆكرات، فه‌زیله‌تی سیاسی به فه‌لسه‌فه‌وه په‌یوه‌ستكرد، له‌كاتێكدا كه ئه‌ریستۆكراته‌كان، فه‌زیله‌تی سیاسی‌یان ده‌گه‌ڕانده‌وه بۆ ره‌چه‌ڵه‌ك.
سه‌ره‌نجام ئه‌م ناكۆكییه بووه هۆی گیان له‌ده‌ستدانی سۆكرات به‌ده‌ستی ئه‌ریستۆكراته‌كان.
ئه‌فڵاتوون (347-426پ.ز)كه قوتابی سۆكرات بوو، درێژه‌پێده‌ری كاره‌كانی مامۆستاكه‌ی بوو، كه‌بریتی بوو له گرێدانی مه‌عریفه‌و ده‌سه‌ڵات له‌یه‌ك بۆته‌دا.
ئه‌فڵاتوون، له‌سه‌رده‌مێكدا ده‌ژیا كه ئه‌سینای ناوه‌ندی رۆشنبیری یۆنان له‌رووی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی و فكرییه‌وه تووشی قه‌یرانێكی گه‌وره هاتبوو.
مردنی سۆكراتی مامۆستا‌و داڕمانی دیموكراسی و هه‌ره‌سهێنانی ئه‌خلاقی و په‌ره‌سندنی تاكگه‌رایی به‌نیشانه‌كانی ئه‌و قه‌یرانه‌ی ئه‌سینا داده‌نرێت.
له‌م باره‌یه‌وه زۆرێك له بیرمه‌ندان ده‌ڵێن:فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتوون بۆ ئه‌وه هاته ئاراوه كه وه‌ڵامی قه‌یرانه سیاسی‌و فكری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌و رۆژگاره‌ی یۆنان بداته‌وه.
ئه‌فڵاتوون له‌و بڕوایه‌دا بوو كه جیهانی (ئایدیا)جیهانێكی نه‌گۆڕه، بۆیه ده‌بێت بكرێته بنه‌مای ده‌سه‌ڵات و كاری سیاسی.ئایدیاش ته‌نها به‌كۆششی عه‌قڵ ده‌توانرێت به‌ده‌ست بهێنرێت.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌یه كهئهفڵاتون بڕوای به‌ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی نه‌بوو، به‌ڵكو بڕوای به حكومه‌تی كه‌مینه‌ی فه‌یله‌سوفه‌كان هه‌بوو.
ئه‌م بیركردنه‌وانه‌ی ئه‌فڵاتون سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت له‌لای زۆرێك له فه‌یله‌سوفه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه ره‌تكرایه‌وه و ره‌خنه‌ی توندیان لێگرت.
دیارترین ئه‌و فه‌یله‌سوفانه‌ش(ئه‌رستۆ)بوو.
ئه‌رستۆ، تیۆری ئایدایی ئه‌فڵاتونی ره‌تكرده‌وه‌و له‌بری ئه‌وه تیۆری جهوههرو هۆكاره چوارینه‌كان(هۆكاری كۆتایی، هۆكاری كارایی، هۆكاری رواڵه‌تی و هۆكاری مادی)ی دانا.
ئه‌و له‌بری تێڕامانی دیالهكتیكیانه ده‌رباره‌ی ئایدیا، رووده‌كاته توێژینه‌وه‌ی ئه‌زموونی و له‌بری گه‌ڕان به‌دوای باشترین ده‌وڵه‌تی یۆتۆپیایی، خه‌ریكی توێژینه‌وه ده‌رباره‌ی چاكترین ده‌وڵه‌ته كرده‌ییه‌كان بوو.
له‌م باره‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین:ئه‌ره‌ستۆ له‌دوو گۆشه نیگاوه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر سیاسه‌ت كردووه، له‌لایه‌ك به‌و جۆره‌ی كه‌هه‌یه، له‌لایه‌كی تریش به‌و جۆره‌ی كه‌ده‌بێ ببێ.ئه‌رستۆ، هه‌م چاكترین ده‌وڵه‌تی یۆتۆپیایی خسته‌ڕوو، هه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی چاكترین سیستمه‌كان له‌هه‌لومه‌رجی دیاریكراودا كرد.
به‌م پێیه بێت ده‌توانین ئه‌ره‌ستۆ به بنیاتنه‌ری زانستی سیاسه‌ت له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین.
هه‌موو ئه‌م مشتومڕه سیاسی‌و فكری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیانه بوون به‌مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه سه‌رده‌می یۆنانی به‌سه‌رده‌مێكی زێڕینی فكری له‌قه‌ڵه‌م بدرێت، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، هیچ فكر‌و ئایدیۆلۆژییه‌كی سیاسی نییه كه له ژێر كاریگه‌ری فكری یۆنانی كۆندا نه‌بێت.
ـــ 3 ـــ
ده‌سه‌ڵاتی دهوڵهتشارهكانی یۆنان چه‌ندین ساڵی خایاند، به‌ڵام به‌داگیركردنی ئه‌سینا له‌لایه‌ن مهكدۆنییهكانهوه، كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی دهوڵهتشارهكان و سیسته‌می دیموكراته‌كانی ئه‌سینا هات.
به‌ڕووخانی شارستانیه‌تی دهوڵهتشارهكانی یۆنان، چاخێكی نوێ له‌ژیانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی رۆژئاوا ده‌ستیپێكرد، كه‌له‌مێژوودا به(چاخی هێلین)ی به‌ناوبانگه.
ئه‌م چاخه به قۆناغێكی تێپه‌ڕبوون له یۆنانی كۆنه‌وه به‌ره‌و جیهانی مه‌سیحییه‌ت به‌ناوبانگه.
سه‌رده‌می هیلینیزم هاوكاته له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی مهكدۆنیاوپهرهسهندنی فه‌رهه‌نگی یۆنانی به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات.
له‌چاخی هێلینیدا چه‌ندین قوتابخانه‌ی فكری سه‌ریان هه‌ڵدا، دیارترینیان بریتی بوو له قوتابخانه‌ی(ئپیكوری و قوتابخانه‌ی ره‌واقییه‌كان)ئپیوكورهكان زیاتر بایه‌خیان به ئه‌فلاتوون ده‌دا و بانگه‌شه‌یان بۆ دووركه‌وتنه‌وه له سیاسه‌ت ده‌كرد و ژیانی سیاسیان بهبارێك ده‌زانی له‌سه‌ر شانی تاك و له‌و باره‌دا بوون كه مرۆڤی ژیر به‌شداری كاری سیاسی نه‌كات، ئه‌وان خه‌ڵكیان فێرده‌كرد كه ملكه‌چی هه‌ر حكومه‌تێك بن كه‌ئاشتی و ئارامی به‌رپا ده‌كات، جیاوازییان له‌نێوان تاكڕه‌وی شایسته‌و دیموكراسیدا نه‌ده‌كرد.
(ره‌واقییه‌كان)قوتابخانه‌یه‌كی فكری تر بوو كهلهچاخی هیلینیدا سه‌ریهه‌ڵدا.
فه‌لسه‌فه‌ی ره‌واقی ده‌كه‌وێته نێوان فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكی یۆنان و سه‌رهه‌ڵدانی ئایینی مه‌سیحییه‌وه.
(ره‌واقییه‌كان)بڕوایان به‌یه‌كسانی مرۆڤ هه‌بوو، بۆیه هیچ كه‌سێكیان به شایسته له‌وی تر نه‌ده‌زانی كه ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، بۆیه پێیان وابوو كه‌ته‌نها خوداوه‌ند شایانی ئه‌وه‌یه كه‌ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر مرۆڤدا هه‌بێت.
لێره‌دا پرسیارێك ره‌وایه بكرێت:ئایا ره‌واقییه‌كان له‌م بیركردنه‌وه‌یاندا مه‌به‌ستیان له‌نه‌مان و داڕوخانی ده‌وڵه‌تی مه‌زنی رۆم بووه؟ زۆرێك له بیرمه‌ندان ده‌ڵێن:نه‌خێر، چونكه ره‌واقییه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك گیانی شۆڕشگێڕیان تیادا نه‌بوو، ئه‌وان ته‌نها بانگه‌شه‌یان بۆ به‌خته‌وه‌ری تاك ده‌كرد، ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه‌ش ته‌نها له‌ڕێگه‌ی كۆنترۆڵكردنی ئاره‌زووه ههستییهكانهوه به‌ده‌ست ده‌هات.
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین چاخی هیلینی كهبهفكری عه‌قڵانی ده‌ستیپێكرد، سه‌رئه‌نجام به‌فكری ئایینی و عیرفانی كۆتایی هات.
ـــ 4 ـــ
ئه‌گه‌ر به په‌یژه‌ی ئه‌م ته‌رزه باسانه‌دا (فكری سیاسی)زیاتر هه‌ڵزنێین، ده‌بێت قسه‌یه‌كیش له فكری سیاسی(رۆم)یش بكه‌ین.له‌سه‌ره‌تادا رۆم دهوڵتشارێك بوو وه‌ك دهوڵهتشارهكانی یۆنان، له‌یه‌كگرتنی چه‌ند هۆزێكی دراوسێ پێكهاتبوو.
له‌سه‌رتادا ته‌نیا بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ریستۆكراته‌كان به‌شدارییان له‌ده‌سڵاتی سیاسی‌دا ده‌كرد، به‌ڵام دواجار هاووڵاتی ئاساییش ئه‌م مافه‌یان به‌ده‌ستهێنا.
رۆمییه‌كان، له‌ڕووی یاساییه‌وه كاری مه‌زنیان ئه‌نجامدا كهلهمێژوودابه(یاسای دانراو)به‌ناوبانگه.له‌ڕاستیدا هزری یاسای دانراو كاتێك دروست ده‌بێت كه سیاسه‌ت له ئه‌خلاق جیا ببێته‌وه و ده‌وڵه‌ت وه‌ك ئۆرگانێكی جودا له كۆمه‌ڵگه چه‌مكێكی ئه‌بستراكت سه‌رهه‌ڵبدات.
له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تشاری یۆنان‌دا، ئایین و ئه‌خلاق و ده‌وڵه‌ت له‌یه‌كتری جیابوون، به‌ڵام له‌دوای روخانی دهوڵهتشارهكان و له‌سه‌رده‌می رۆمییهكاندا ده‌وڵه‌ت و تاك له‌یه‌كتر جیاكرانه‌وه‌و، هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌رك و مافی تایبه‌تییان بۆدانرا.
به‌گه‌شه‌كردنی ره‌وشتی تاكه‌كه‌سی، له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ببێته ته‌وه‌ری هزری یاسایی، تاك له‌چه‌قی هزری یاسایدا جێگیركرا، ده‌وڵه‌ت كه كه‌سایه‌تییه‌كی یاسایی هه‌بوو و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات بوو، پاراستنی مافه‌كانی تاك هۆكاری بوونی ئه‌ویان پێكده‌هێنا.
له‌سه‌رده‌می رۆمییهكانیشدا گه‌لێ بیرمه‌ندو فه‌یله‌سوف ده‌ركه‌وتن، كهبهنووسین و بۆچوونه‌كانیان هزری سیاسیان چڕترو ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد.یه‌كێك له‌و فه‌یله‌سوفانه(سیسرۆن 43-106پ.ز)بوو.
سیسرۆن به‌یه‌كێك له‌لایه‌نگرانی سیسته‌می كۆماری داده‌نرێت، له‌باره‌ی هزری سیاسیه‌وه خاوه‌نی دوو كتێبه(كۆمار)و (یاساكان)، سیسرۆن بڕوای به‌یاسای سروشتی هه‌بوو، ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌فڵاتون و ئه‌رستۆوه له‌و بڕوایه‌دا بوو كه مرۆڤ ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی پله‌و پایه‌و فه‌زیله‌ته‌وه جیاوازییان هه‌یه، به‌ڵام له‌ڕووی جۆره‌وه یه‌كسانن، چونكه هه‌موویان خاوه‌نی به‌هره‌ی عه‌قڵن، بۆیه سیسرۆن سیسته‌می كۆیلایه‌تی ره‌تكرده‌وه و به‌سیستمێكی نادروست دایه قه‌ڵه‌م.
(سێت ئاگۆستین)یه‌كێكی تره له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی كه‌له‌سه‌رده‌می رۆمییهكاندا ژیاوه له‌ڕوی هزری سیاسیه‌وه خاوه‌نی بۆچوونی تایبه‌تی خۆیه‌تی.
(ئاگۆستین)، له‌سه‌ره‌تای لاوی‌دا كه‌سێكی بتپه‌رست بوو، به‌ڵام دوایی بڕوای به ئایینی مه‌سیحی هێناو هه‌تا پله‌ی (ئوسقوف)ی رۆیشت.
ئاگۆستین خاوه‌نی دوو كتێبی دیاره، كه‌بریتین له (دان پێنان)و (شاری خودا).ئاگۆستین به‌خاڵی لێكگرێدانی هزری یۆنانی كۆن و رۆمی كۆن له‌گه‌ڵ هزری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست داده‌نرێت.
ئاگۆستین، ئه‌گه‌رچی وتاربێژێكی مه‌سیحی بوو و چوارچێوه‌ی هزری خۆی له كتێبه پیرۆزه‌كانه‌وه وه‌رده‌گرت، به‌ڵام واقعییانه پرسه سیاسییه‌كانی لێكده‌دایه‌وه.
ئه‌و وه‌ك هزرڤانێكی واقیعی بیری ده‌كرده‌وه، نه‌ك وه‌ك وتاربێژێكی ئامانجگه‌را، بۆیه ده‌توانین بڵێین:ئاگۆستین به‌به‌ردی بناغه‌دانه‌ری جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان سیاسه‌ت و ئایین داده‌نرێت.
ئیمپراتۆریه‌تی رۆمیش، وه‌ك هه‌ر ئیمپراتۆریه‌تێكی تر، له‌دوای چه‌ندین ساڵ له حوكم، له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شایه‌وه و روخا.كاتێك ئه‌م ئیمپراتۆریه‌ته روخا، هۆزه به‌ربه‌رییه‌كان ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر میراتیهكهیدا، له‌م كاته‌دا له‌ڕوی هزرییه‌وه دوو بۆچوونی جیاواز سه‌ریان هه‌ڵدا یه‌كه‌م دونیایی و دووه‌م ئایینی بوو.
جیاوازی نێوان ئه‌م دوو بۆچونه، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، وه‌ك دوو هێڵی ته‌ریب شان به‌شانی یه‌ك هه‌ر درێژ ده‌بنه‌وه، به‌ڵام رۆژ به‌ڕۆژ له‌ئه‌نجامی ململانێی ئه‌م دوو بۆچوونه‌دا هزری نوێ سه‌رهه‌ڵده‌دات و گه‌شه ده‌كات و ده‌پوكێته‌وه و ..هتد.
وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد(ئاگۆستین)سیسته‌می خوایی و سیسته‌می مرۆیی لێكجیاكردهوهو ووتی:بڕواداران هاوكات شوێنكه‌وته‌ی دوو سیستمن، یه‌كه‌م په‌یوه‌سته به شاری سه‌ر زه‌وی و ئه‌ویتر به‌شاری(به‌هشت ـــ ئاسمانی)بڕواداران له‌گه‌ڵ ملكه‌چی شاری زه‌ویدا، ده‌بێ خۆیان له‌گه‌ڵ شاری به‌هه‌شتیشدا رێكبخه‌ن.
به‌م شێوه‌یه، له‌نێوان وته‌بێژانی مه‌سیحیدا، ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و دونیایی لێكجیاكردهوه، به‌ڵام ورده ورده بیرمه‌ندانی مه‌سیحی بانگه‌شه‌یان بۆ ئه‌وه كرد، كه‌به‌ڵێ راسته ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاته له‌یه‌ك جیان، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ئایینی ده‌بێت له پێشتر بێت. ئه‌وه‌بوو له‌دوای ململانێیه‌كی زۆر لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵاتی ئایینی توانییان بگه‌نه لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات و كلێساش شوێنی حكومه‌تی گرته‌وه.
پیاوانی كڵێسا خۆیان به نوێنه‌ری خوا له سه‌ر زه‌وی ده‌دایه قه‌ڵه‌م، هه‌وڵیان ده‌دا ئه‌وه به‌خه‌ڵكی بگه‌یه‌نن، كه‌ئه‌وان فه‌رمانه‌كانی خوا جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌ركه‌سێك سه‌رپێچی له فه‌رمانی پیاوانی كڵێسا بكات، ئه‌وا سه‌رپێچی فه‌رمانه‌كانی خوای كردووه، بۆیه ده‌بێت به مردن سزا بدرێت!
ره‌نگه هه‌ڵه نه‌بین گه‌ر بڵێین:هیچ سه‌رده‌مێك هێنده‌ی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی كڵێسا، سوكایه‌تی به‌ئایینه‌وه نه‌كراوه، له‌ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا دوژمنایه‌تییه‌كی قوڵیش كه‌وته نێوان لایه‌نگرانی زانست و لایه‌نگرانی كڵێساوه.
(ئاكیۆناس)كه‌زانایه‌كی گه‌وره‌ی مه‌سیحی بوو، وه‌ك فریاد ره‌سێك له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌ركه‌وت، (ئاكیۆناس) هه‌وڵی ئاشتبونه‌وه‌ی سیسته‌می خوایی له‌گه‌ڵ سیتمی مرۆیدا دا.
فه‌لسه‌فه‌ی (ئاكیۆناس)سێ سه‌رچاوه‌ی هه‌بوو، (فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیكی یۆنان، بیروباوه‌ڕی ئایینی مه‌سیحی، یاساكانی رۆم).
(ئاكیۆناس)، به تێكهه‌ڵكێشكردنی ئه‌م سێیه، رێچكه‌یه‌كی نوێی له تیۆلۆژیادا كرده‌وه كه كۆكردنه‌وه‌ی عه‌قڵ و شه‌رعی تیا ره‌خسا.
(ئاكیۆناس)لایه‌نگری حكومه‌تێكی ده‌كرد كه پاشاكه‌ی به هه‌ڵبژاردن هاتبێته سه‌ر حوكم، ئه‌م پاشایه ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی وڵات بپارێزێت.
ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تریش، به بۆچوونی (ئاكیۆناس) مرۆڤ بۆ گه‌یشتن به كامڵبوونی خۆی جگه له‌ئه‌ندام بوونی له‌كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی و به‌شداریكردن له دامه‌زراوه سیاسیه‌كاندا، پێویستی به ئه‌ندامێتی كڵێساش هه‌یه، به‌م پێیه كامڵبوونی مرۆڤ به‌ستراوته‌وه به‌ئه‌ندامبوونی له هه‌ردوو كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی و كڵێسادا.
(ئاكیۆناس)به‌م بۆچوونانه‌ی توانی سیستمێكی نوێ له تیۆلۆژیادا بهێنێته ئاراوه كه كۆكردنه‌وه‌ی عه‌قڵ و شه‌رع بوو.له‌سه‌ده‌كانی پاشتردا بۆچوونه‌كانی (ئاكیۆناس) بوون به‌بناغه‌ی چه‌ندین باسی سیاسی و یاسایی كه بنه‌مای تیۆری گۆڕانه هزرییه‌كانی ئه‌وروپایان فه‌راهه‌م كرد له‌سه‌رده‌می رێنیسانسدا.
سه‌ده‌كانی 13 و 14 لوتكه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه و ململانێی نێوان لایه‌نگرانی مه‌رجه‌عییه‌تی كڵێسا‌و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت بوو.له‌م نێوه‌نده‌شدا چه‌ندین فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ند و هزری سیاسی نوێ سه‌ریان هه‌ڵدا.
دیارترین ئه‌و فه‌یله‌سوفانه (دانتی و ژان دوباری و مارسیل و ئۆكام)بوون.
(دانتی 1265-1321)گه‌وره شاعیر و بیرمه‌ندی ئیتاڵی، لایه‌نگری جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بوو له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عییه‌تی ئایینی‌دا.
ئه‌و لایه‌نگری ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی ره‌ها بوو، له‌م باره‌یه‌وه رای سه‌یری هه‌بوو.
(دانتی)له‌و بڕوایه‌دا بوو كه ئه‌گه‌ر پاشا، یان ئیمپراتۆرێك فه‌رمانڕه‌وایی جیهان بكات، له‌م كاته‌دا هیچ شوێنێك بۆ ململانێ و پۆستخوازی نامینێته‌وه كه‌سه‌رچاوه‌ی ناكۆكی‌و دووبه‌ره‌كی بێت، له‌حاڵێكی وادا پاشا جگه له حوكمێكی دادپه‌روه‌رانه هیچ مه‌رامێكی تری نابێت.
ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ی (دانتی) جگه له خه‌یاڵێكی نا واقیعی هیچی دی نه‌بوو.
(ژان دووبیاری)یه‌كێكی تره له‌ره‌خنه‌گرانی میانڕه‌وی بانگه‌شه‌كانی پاپا له‌و سه‌رده‌مه‌دا.
(ژان دووباری)به‌خستنه رووی تێڕوانینه‌كانی ده‌رباره‌ی كار، وه‌كو سه‌رچاوه‌ی موڵكداریی، به‌و جێیه ده‌گات كه نهپاشاكان و نه ئیمپراتۆره‌كان و نه پاپاو كلێسا هیچ كامیان خاوه‌نی وڵات نین، پاشا پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كانه و كڵێساش ئه‌وه‌ی كه هه‌یه‌تی له به‌خشینه‌وه به‌ده‌ستهاتووه و به‌رهه‌می كاری كه‌سانی تره، چونكه ئه‌م كاری بۆ نه‌كردووه، بۆیه به موڵكی هاوبه‌ش ده‌ژمێردرێت.
(مارسیله)كه به‌گه‌وره‌ترین بیرمه‌ندی سیاسی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ده‌ژمێردرێت، خاوه‌نی هزرێكی سیاسی مۆدێرنه.
(مارسیله)بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه فه‌رمانه‌كانی پاپا هیچ ره‌واییه‌كی یاساییان نییه، ته‌نها كاتێك ده‌توانرێت به‌یاسا دابنرێت كه به‌قۆناغی په‌سه‌ندكردن و ده‌نگدانی نوێنه‌رانی خه‌ڵكیدا تێپه‌ڕێ و له‌م رێگه‌یه‌وه فۆرمی پاندراو به‌خۆیه‌وه بگرێ.
(ئۆكام 1280-1329)یه‌كێكی تره له‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی كه بانگه‌شه‌ی بۆ ماف و ئازادییه‌كانی تاك كردووه له‌و رۆژهگارهدا.
(ئۆكام) له‌مافه‌كانی تاكه‌وه ده‌ڕوانێته ده‌وڵه‌ت و ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆمه‌ڵ، ئه‌و بیروباوه‌ڕی كۆمه‌ڵ به‌به‌رهه‌می یه‌ك به‌یه‌كی تاكه‌كان داده‌نێ .به‌م پێیه به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هیچ نییه، جگه له دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كان، ئیدی هه‌ر له‌م روانگه‌شه‌وه ده‌ڕوانێته ره‌وایی ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت.
* * *
ئه‌مانه‌و ده‌یان بابه‌تی فكری‌و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی گرنگی تر له‌م كتێبه‌دا، زۆر بابه‌تیانه خراونه‌ته ڕوو، كه هه‌موویان شایانی خوێندنه‌وه‌و موتاڵای زیاترن.
ئێمه له‌په‌راوێزی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌دا جگه له ده‌ستخۆشی نووسه‌ر و برایانی وه‌رگێڕ و ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی هیچی دی شك نابه‌ین.
خوێندنه‌وه‌ی: سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د