
ماڵی ئێمه …. یاسین بانیخێڵانی
ماڵی ئێمه ناونیشانی نییه
ئه‌گه‌ر جارێک به خه‌یاڵتدا هات
ئه‌گه‌ر جارێک ئێمه‌ت بیرکه‌وته‌وه
ئه‌گه‌ر نائومێدی بۆجارێک ده‌رگای پێگرتیت
ئه‌گه‌ر ویستت له دڵڕه‌قی ژیان تێبگه‌یت و
بزانیت نادادوه‌ری له کوێیه
سه‌ردانمان که
ئێمه ده‌رگامان نییه تا داخراو بێت
ماڵی ئێمه کۆشکێک نییه له گه‌ڕه‌کی فیرعه‌ونه‌کان
خانویه‌ک نییه له شاری خه‌ونه‌کان
ماڵێک نییه له ستی یه‌کان
دووره له بازاڕ و شه‌قامه‌کان
دووره له قوتابخانه‌و باخچه‌کان
ته‌نانه‌ت دووره له ماڵی خوداکان
ماڵی ئێمه له بێده‌نگترین شاره‌کانی دونیایه
ئارامترین گه‌ڕه‌کمان هه‌یه
بێ سرته‌ترین و ساردترین شه‌قام
دراوسێکانمان زۆر میهره‌بانن
له مناڵی ئێمه‌و یارییه‌کانمان تێئه‌گه‌ن
قه‌ت توڕه نابن،
ئه‌گه‌ر گوڵی باخچه‌کانیان هه‌ڵکه‌نین
به‌رد بگرینه ماڵه‌کانیان و
په‌نجه‌ره‌کانیان بشکێنین
قه‌ت توڕه نابن
ئه‌گه‌ر مۆمه‌کانیشیان بکوژێنینه‌وه
ماڵی ئێمه له شاری مردووه‌کانه
گه‌ڕه‌کی ئارامگا
شه‌قامی خوالێخۆشبووان
ئه‌گه‌ر هاتیت
به ته‌نها و بێده‌نگ وه‌ره
ئه‌وان نووستوون
ئه‌وان له خه‌وێکی خۆشدان
زۆر ئارام پاڵکه‌وتوون
تکایه ئه‌گه‌ر هاتیت
زۆر به ئه‌سپایی بێده‌نگ وه‌ره
نه‌با سه‌رسمێک یان کۆکه‌یه
له‌خه‌ویان کا، دابچڵه‌کێن، له‌خه‌و هه‌ستن
یاسین بانیخێڵانی- سویسرا 2012