
بژی خوێندنه‌وه ! …. عه‌دنان که‌ریم
ڕاپۆرتی ساڵی پاری ڕێکخراوی ” گه‌شه‌پێدانی که‌لتووری له ووڵاتانی عه‌ره‌بی ” له‌چه‌ند ڕووه‌وه سه‌رنجی ڕاکێشام و ئیغرای کردم بۆ نووسینی ئه‌م چه‌ند دێڕه.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته هاووڵاتی عه‌ره‌بی له ساڵێکدا ته‌نها 6 کاتژمێر بۆ خوێندنه‌وه ته‌رخان ئه‌کات. هه‌رچی تاکێکی ئه‌وروپیه ئه‌وه 200 کاتژمێر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ته‌رخان ئه‌کات.
لانی که‌م له جیهانی عه‌ره‌بدا ده‌زگایه‌کی وا هه‌یه که له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تانه‌دا سه‌روکاری هه‌بێت و به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و زانیاریه گۆشه‌یه‌ک له ده‌ردێکی کۆشنده‌ی هاووڵاتی عه‌ره‌بی بخاته ڕوو و بهپهنهان نه‌یهێڵێته‌وه. له‌کوردستاندا ده‌یان دام و ده‌زگا هه‌ن بۆ ژماردنی هه‌ناسه‌ی هاووڵاتی و هه‌ر له سه‌ر حیسابی ئه‌ویش بۆدجه‌ی ئه‌و جۆره ده‌زگایانه به‌ڕێوه ئه‌چێت به‌ڵام ئاوڕێک له‌ده‌یان مه‌سه‌له‌ی گرنگی وه‌کوو ڕاده‌ی خوێندنه‌وه لای هاووڵاتی کوردستانی نه‌دراوه‌ته‌وه. هه‌مووشمان ئه‌زانین که ئه‌و جۆره کارانه بودجه و که‌سی پسپۆر و ده‌زگا و ئیمکاناتێکی ئه‌وتۆی ئه‌وێت که ته‌نها و ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی ئه‌رکه‌کانی حکوومه‌تدا جێی ئه‌بێته‌وه.
گه‌ر ڕاده‌ی خوێندنه‌وه له‌ناو هاووڵاتیانی کوردستاندا ( مه‌علوومه که لێره‌دا مه‌به‌ستم به دیاریکراوی کوردستانی عێراقه ) له‌و ڕاده‌یه که‌متر نه‌بێت پێم وانیه باشتر بێت. پێم وانیه که‌س گومانی هه‌بێت سه‌باره‌ت به بایه‌خی قووڵی خوێندنه‌وه. به‌رزی ڕاده‌ی خوێندنه‌وه نیشانده‌رێکی بێئهملاوئهولای ڕادی هۆشیاری هاووڵاتیانی ئه‌و ووڵاته و ئاستی که‌لتووری و شارستانی ووڵاتێک و پێچه‌وانه‌که‌شی هه‌موو مانا پێچه‌وانه‌کانی هه‌یه.
ئه‌وه‌ی ئه‌خوێنێته‌وه له ڕازه‌کانی بوون و گه‌ردوون تێده‌گات ، ئاسانتر ڕاستی و چه‌وتی له‌یه‌ک جیائه‌کاته‌وه، مافه‌کانی خۆی زیاتر ئه‌ناسێت، ڕه‌خنه و موجامه‌له و سه‌رله‌قاندن له‌یه‌ک جیائه‌کاته‌وه ،عه‌قڵی زیاتر بڕئه‌کات و تیژتر و ووردتر ئه‌ڕوانێته دیارده‌کانی سروشت و گه‌ردوون و کۆمه‌ڵ ، خورافه و زانست تێکه‌ڵ ناکات، مێژووه دروستکراوه‌کان به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕ نابن ، پاڵه‌وانه کاغه‌زینه‌کان و که‌سایه‌تیه ڕاسته‌قینه‌کان له‌یه‌ک جودائهکاتهوه، به‌ئاسانی گێژ و گێل ناکرێت، بۆ سه‌ڵماندنی ڕاستیه‌کان و ناسینی چه‌وتیه‌کان په‌نا ده‌باته به‌ر مه‌نتیقی ژماره و داتا‌و فاکت و به‌ڵگه، مێژووی گێڕانه‌وه سهرزارهکیهکان له‌خشته‌ی نابه‌ن ، ئه‌زانێ هه‌ریه‌که له ستیڤ ههوکینگ و ئه‌ریک هۆبسباوم و سه‌دام حوسێن و هیگڵ لیۆناردۆ دیکاپریۆ ومه‌سعوود بارزانی وئهنیشتاین و مارکس وئوسامه بن لادن کێن و به‌چیدا ئه‌ناسرێنه‌وه و …… تاد.
خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر کتێبێک بۆ خۆی که‌ڵه‌که‌کردنێکی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی مه‌ڵۆی فکر و قووڵکردنه‌وه‌ی مه‌وداکانی تێڕوانینی ئاده‌میزاده. گه‌لێکی که‌م خوێنده‌وار و لاواز له‌ڕووی مه‌عریفیه‌وه ، ئاسانتر ملی پێ که‌چ ئه‌کرێت بۆ ده‌سه‌ڵاتداری ناڕه‌وا و چه‌واشه‌کارو به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌سته‌مه هیچ دیکتاتۆرێک و خاوه‌نی هه‌موو ئه‌سبابه‌کانی زه‌بروزه‌نگیش بتوانن له‌درێژماوه‌دا مل به گه‌لێک که‌چ بکه‌ن که خوێنده‌واری و خوێندنه‌وه بووه به به‌شێک لهڕایهڵ و پۆی فکری و فه‌رهه‌نگیی ئه‌و. گه‌لێکی پڕچه‌ک به خوێندنه‌وه ستیڤ جۆبز وسه‌لمان ڕوشدی و به‌رهه‌م دێنێت و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه که‌سایه‌تیه‌کانی وه‌کوو ئوسامه و سه‌دام و خومه‌ینی وقهززافی به‌رهه‌می گێژکردنی گه‌لان و ڕۆشنبیریی داخراو وترادیشیناڵ بوون که خوێندنه‌وه تیایاندا نه‌بووه به ڕه‌وتێکی به‌هێز. دیاره دیوێکی تری ئه‌م باسه جۆری خوێندنه‌وه‌یه نه‌ک ته‌نها خوێندنه‌وه وخوێنده‌واری به گشتی.
گه‌لی میسری ناسراون به‌گیانی قسه‌خۆشی و نوکته‌بازی. بۆ ده‌ربڕینی لایه‌نگری یا دژایه‌تی هه‌ر شت په‌نا بۆ جۆک ئه‌به‌ن. سه‌رده‌می جه‌مال عه‌بدولناسر ده‌ستکرا به که‌مپه‌ینی قه‌ڵاچۆکردنی نه‌خوێنده‌واری ( محو الامیة ) . به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م که‌مپه‌ینه بۆ مۆخ شتنه‌وه‌ی سیاسیی خه‌ڵک به‌کارده‌هێنرا هێنده مه‌به‌ستیان به‌رزکردنه‌وه‌ی ڕادی بیر و هوشیاری خه‌ڵک نه‌بوو. به‌وهۆیه‌وه میسریه‌کان له جیاتی ( محو الامیة ) ئه‌و که‌مپه‌ین و سیاسه‌ته‌ی حکوومه‌تیان ناونابوو ( نحو الامیة ) !!.
له‌زه‌مانی به‌عسیشدا له عێراق قه‌ده‌غه‌کردنی زۆرێک له کتێب وکاسێت و سه‌رچاوی ڕۆشنبیری و هونه‌ری تر به‌شێک بوو له سیاسه‌تێکی سیستماتیکی ئه‌و ڕژیمه بۆ گێژڕاگرتنی خه‌ڵک.به‌ڵام خوێندنه‌وه له عێراقدا ڕه‌وتێکی به‌هێز و ڕیشه‌یه‌کی فراوانی هه‌بوو. توێژی خوێنده‌واری عێراقی له‌ناو کورد و عه‌ره‌بیشدا په‌نایان بۆ دهها شێواز و ڕێگه ئه‌برد بۆ په‌یداکردنی خۆراکی فکری و زهنی و هیچ به‌ربه‌ستێکی دیکتاتۆری ڕژیم نه‌یئه‌توانی پێش به‌و پێویستیه بگرێت. ڕژیم ئه‌یزانی بایه‌خی کتێب و پهڕهکاغهز چیه بۆیه هێنده لێی ئه‌ترسا. ڕۆژێکیان له به‌غدا دوای ده‌وامی زانکۆ له‌گه‌ڵ هاوکلاسێکم به‌دوای تۆمارگایه‌کی شریتی گۆرانیدا ئه‌گه‌ڕاین له ناوچه‌ی ئه‌عزه‌میه . شریته‌که‌ی ئێمه فارسی بوو به‌ڵام کابرای خاوه‌ن تۆمارگا پاش ئه‌وه‌ی هه‌ندێکی لێدا وایزانی کوردیه بۆیه ووتی ڕاوه‌ستن با بزانم ناوه‌که‌ی له لیستی بابه‌ته قه‌ده‌غه‌کراوه‌کاندا نیه که له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشبنیریهوه بۆمان دێت. ئێمه‌ش ووتمان ئه‌وه هی که‌سێکه ناوی حه‌سه‌ن زیره‌که و کاتێک له‌نزیکه‌وه ته‌ماشای لیسته‌که‌مان ئه‌کرد له‌سه‌روویانه‌وه ناوی فه‌ریق حه‌مه‌ساڵح نووسرابوو که نوکتهبازێکی کۆنی سلێمانی بوو که له‌ناو خه‌ڵکدا به فه‌ریقه کوێر ناسرابوو و دیار بوو ده‌زگاکانی ڕژیم ته‌حه‌موولی نوکته‌کانی ئه‌ویشیان نه‌ده‌کرد. !!!!!!
بوونی سیاسه‌تێکی ڕۆشن و بوودجه‌یه‌کی تێروته‌سه‌ل بۆ دابینکردنی کتێب و هه‌موو سه‌رچاوه‌کانی تری زانین و زانست و ڕۆشنبیری و هونه‌ری بۆ هه‌مو که‌س ، له‌شار و لادێ، مافێکی سه‌رده‌میانه‌ی هه‌موو که‌سێک و به‌شێکه له مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ. گه‌ر ویستت ڕاده‌ی باشی و خراپی هه‌ر حکوومه‌ت و کابینه‌یه‌ک هه‌ڵسه‌نگێنیت، بگه‌ڕێ به‌شوێن به‌رنامه‌که‌ی له‌م بواره‌شدا و بزانه سهرجهلهکهی له‌م ڕووه‌وه چی تیایه. ئه‌وه بۆ هه‌موو حیزبێکی سیاسیش ڕاسته ، جا با له ئۆپۆزیسیۆنیشدا بێت ، که ئه‌و له‌به‌رنامه‌که‌یدا چی بۆ ئه‌م بواره داناوه و چی بۆ خه‌ڵک به‌ڕه‌وا ئه‌بینێت.
هه‌ر ئێستا زۆربوونی ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌زانن بودجه چیه و شێوازه‌کانی چۆنه ، فهنکشینی په‌رله‌مان و سیستمی په‌رله‌مانی چۆن چۆنیه، سنووری نێوان ده‌سه‌ڵاته‌کان چۆنه ، مافه‌کانی هاووڵاتی چین و چۆن دابین ئه‌کرێن و چۆن به‌رگریان لێئه‌کرێت، یاساکانی هه‌ڵبژاردنی چۆنن و کام شێوازیان باشه، ده‌سه‌ڵاته‌کانی حکوومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم چین و چۆنن ، میدیا ئه‌توانێ به باری باش یا خراپ‌دا چ ڕۆڵێک بگێڕێت، کۆنتراکته‌کان له‌بواری نه‌وتدا چۆن ئه‌به‌سترێن و به‌قازانجی کێ ئیمزا ئه‌کرێن و ده‌یان دیارده‌ی نوێی تری 10-15 ساڵی ڕابووردوی هه‌رێمی کوردستان ، له بارێکیانهوه ، قه‌رزارباری به‌هێزبوونی دیارده و ” دامه‌زراوه‌ی” (ڕای گشتی ) یه که توێژی خوێنده‌واری ئه‌م ووڵاته‌ی خۆمان نووکی ڕمه‌که‌ی پێکدێنن و بواره‌کانی هه‌ڵمژینی هه‌ناسه‌ی ئازادانه‌یان زیاتر بۆ هاووڵاتی کوردستانی ڕه‌خساندووه.
که‌واته بژی خوێندنه‌وه !!!!!!!!.
عه‌دنان که‌ریم
جه‌نیوه‌ری 2012