Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
سیناریۆی   جه‌هه‌نه‌می تاقیکردنه‌وه

سیناریۆی جه‌هه‌نه‌می تاقیکردنه‌وه

Closed
by January 26, 2012 شانۆ

                          

                                                                              

1… ڕۆژه‌ … قوتابخانه‌یه‌ … ناوه‌وه‌یه‌ .

پۆلێکی قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی کچانه‌ . کۆمه‌ڵێك قوتابی سه‌رقاڵی تاقیکردنه‌وه‌ن و مامۆستا مریه‌می ته‌مه‌ن (46) ساڵ چاودێریان ده‌کات . 
  نیشتیمانی قووتابی ته‌مه‌ن (16) ساڵ زۆر په‌شۆکاو دیاره‌ ، چاودێری مامۆستا مریه‌م ده‌کات. له‌پڕ قۆپیه‌که‌ی که‌له‌سه‌ر پارچه‌ کاغه‌زێکی بچووك نوسیویه‌تی ده‌ریده‌هێنێ و به‌په‌له‌ ده‌ست ده‌کات به‌ سه‌یرکردن و نووسینه‌وه‌ی له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی تاقیکردنه‌وه‌ … به‌ڵام نیشتیمان ڕه‌نگی سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێ … مامۆستا به‌ نێو قووتابیه‌کاندا ده‌سوڕێته‌وه‌ سه‌یریان ده‌کات تا ئه‌و کاته‌ی ده‌بینێ نیشتیمان ڕه‌نگی زۆر سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌.
                                        مامۆستا/
                             ئه‌وه‌چییه‌ نیشتمان بۆ وا ڕه‌نگت
                             تێك چووه‌ و سوورهه‌ڵگه‌ڕاوی؟
                                          نیشتیمان /
                             نا … نا هیچ نییه‌ مامۆستا گیان
                             گه‌رمامه .
                                       مریه‌م /
                            گه‌رمای تاقیکردنه‌وه‌یه‌ … ها
                            ئاده‌ی هه‌سته‌ سه‌رپێ … ئاده‌ی
                            ده‌سته‌کانت بکه‌ره‌وه‌ …. باشه‌
                            دانیشه‌ .
نیشتیمان هه‌ناسه‌یه‌كی ڕزگار بوون ده‌داته‌ وه‌ ، مامۆستا چه‌ندهه‌نگاوێك ده‌نێت و ده‌ڕوات. به‌ڵام له‌پڕ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای نیشتیمان وه‌ك ئه‌وه‌ی بیری که‌وتبێته‌وه‌ که‌ شوێنێکی نه‌پشکنیبێ . ده‌ست ده‌بات بۆپه‌ڕه‌ی تاقیکردنه‌وه‌که‌ی وله‌ناکاو قۆپییه‌که‌ی له‌نێو په‌ڕه‌که‌دا ده‌که‌وێته‌ خواره‌وه‌ . مامۆستا که‌ده‌یبینێت به‌ ده‌نگێکی به‌رز هاوار به‌سه‌رنیشتیماندا ده‌کات وه‌ك ئه‌وه‌ی کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ ڕویدابێ
                                            مامۆستا /
                           ئای ناشرین ئه‌وه‌ قۆپیم لێده‌که‌ی .
له‌ پڕ ده‌ست ده‌داته‌ قشه‌ خاو و درێژه‌ ڕه‌شه‌که‌ی نیشتیمان، ڕایده‌کێشێت و هه‌ڵیده‌سێنێته‌ سه‌رپێ .
                         هه‌ر ئێستا له‌به‌ر چاوم وون به‌و بڕۆره‌
                          ده‌ره‌وه‌.
                          .
نیشتیمان ڕه‌نگی به‌ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕێت و ده‌یه‌وێت داوا له‌مامۆستا بکات که‌لێی ی ببورێت ، به‌ڵام مامۆستا هاوار ده‌کات ،
                         نه‌خێر به‌هیچ جۆرێك ئاماده‌ نیم گوێت 
                         لێ بگرم بێئه‌وه‌ی ووشه‌یه‌ك بڵێی یه‌کسه‌ر
                         بڕۆره‌ ده‌ره‌وه‌.                       
                        
2 … شه‌وه‌ … ماڵه‌وه‌یه‌ … ناوه‌وه‌یه‌ .
ژوورێکی ماڵی نیشتیمانه‌ . باوکی نیشتیمان که‌ ناوی عه‌باسه‌ و ته‌مه‌نی (48) ساڵه‌ له‌به‌رده‌م  سفره‌ی نان خواردن دانیشتووه‌و چاوه‌ڕوانی خواردنه‌ :… نیشتیمان چه‌ند قاپ وکه‌وچکێکی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و دێته‌ ژووره‌وه‌، پاشان له‌سه‌ر سفره‌که‌ دابه‌شی ده‌کات … له‌م کاته‌دا دایکی دێته‌ ژوورێ که‌ناوی نازه‌نینه‌و ته‌مه‌نی (40) ساڵه‌ و سینییه‌ك خواردنی پێیه‌و له‌سه‌ر سفره‌که‌ دایده‌نێت .
                          
                                             عه‌باس /
                        ئه‌وه‌ که‌یوان له‌کوێیه‌ وادیارنی یه‌ ؟
                                            نازه‌نین /
                        نانی خواردو چووه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ
                        سه‌رداری هاوڕێی ی .
پاشان ده‌ست ده‌که‌ن به‌نانخواردن به‌ڵام نیشتیمان هه‌ڵده‌سێ و ده‌یه‌وێت بڕواته‌ ژووره‌که‌ی ئه‌و دیو هه‌ر بۆیه‌ عه‌باسی باوکی ڕایده‌وستێنێت .
                                          عه‌باس /
                        چییه‌ کچێ بۆ کوێ ده‌چی .. ئه‌ی  نان
                        ناخۆی ؟
                                        نیشتیمان /
                        ناباوکه‌ نانم بۆ ناخورێت … تۆزێ
                        ناساغم .
                                         نازه‌نین /
                       به‌یانی چووه‌ ده‌رێ زۆر باش بوو
                       به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی هاتۆته‌وه نه‌خۆشه‌
                        دیاره‌ هه‌ر ئه‌و گرانه‌تایه‌ له‌کۆڵی
                        نابیته‌وه‌ . بابڕوات بحه‌وێته‌وه‌ .
نیشتیمان به‌ بێتاقه‌تییه‌کی زۆره‌وه‌ ده‌ڕواته‌ ژووره‌که‌ی ئه‌ودیو … دایك و باوکیشی له‌سه‌ر نانخواردنی خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن .

3 … ڕۆژه‌ … قووتابخانه‌یه‌ … ده‌ره‌وه‌یه‌ .
حه‌وشه‌ی قووتابخانه‌یه‌ . قووتابیان  به‌شێوه‌ی ڕیز وه‌ستاون وهه‌ر مامۆستایه‌کیش پێشڕه‌وی پۆله‌که‌ی ده‌کات.
به‌ڕێوه‌به‌ری قووتابخانه‌ش که‌ ناوی پرشنگه‌و ته‌مه‌نی (56) ساڵه‌. له‌ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌که‌دا خه‌ریکی  خوێندنه‌وه‌ی ووتارێكه‌ بۆ قوتابیان.
                                         پرشنگ /
                          ئێمه‌ هه‌موو مامۆستایان ئه‌و کاره‌
                          نه‌عله‌تیه‌ قێزه‌ونه‌ ڕسوا ده‌که‌ین
                          که‌ قووتابی نیشتیمان عه‌باس
                          محه‌مه‌د کردوویه‌تی … ئه‌ویش
                        قۆپیکردنه‌ له‌ وانه‌ی جوگرافیا .
                       هه‌ر بۆیه‌ بڕیارماندا به‌ شکاندنی
                       پێنچ ده‌ره‌جه‌ی ڕه‌وشت و ده‌رکردنی
                       بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له‌ قوتابخانه‌و
                       هێنانی باوکی بۆ ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی
                      به‌ خوێندن.  نیشتیمان ده‌بێت ببێته‌
                      په‌ندو عیبره‌ت تاهه‌موو قووتابییه‌ك        
                      وانه‌یه‌کی لێوه‌ فێربێت .
                      ئێستاش با قووتابی نیشتیمان عه‌باس
                      بێته‌ ئێره‌ و هه‌مووتان به‌چاوی خۆتان
                       بیبینن.‌
                      
نیشتیمانی ڕه‌نگ هه‌ڵپڕوسکاو ده‌رون شێواو، به‌ ده‌مووچاوی پڕ گریانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌کێك به‌زۆر هه‌نگاوی پێهه‌ڵبێنێته‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت به‌ره‌و به‌ڕێوه‌به‌ری قووتابخانه‌ . له‌نێو قووتابیاندا ده‌بێته‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ و قسه‌کردن تائه‌و کاته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر به‌سه‌ریاندا هاوارده‌کات
                     بێده‌نگ بن … ئێره‌ قووتابخانه‌یه‌ …
                  
4 … ڕۆژه‌ … ماڵه‌وه‌یه‌ … ده‌ره‌وه‌یه‌ .
حه‌وشه‌ی ماڵه‌وه‌یه‌  .نیشتیمان زۆپایه‌کی نه‌وتی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و دێته‌ حه‌وشه‌و دای ده‌نێت، سه‌ری ته‌نکی زۆپاکه‌ی ده‌کاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی تێبکات .  نیشتیمان ده‌موچاوی دوودڵی و  ترس و بیرکردنه‌وه‌ی پێوه‌ دیاره‌ ، پاشان ده‌چێت بۆ لای ته‌نکییه‌کی گه‌وره‌ی نه‌وت و دۆلکه‌یه‌ك ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌لووعه‌که‌ی و ده‌یکاته‌وه‌  تا پڕ ده‌بێت له‌نه‌وت. نیشتیمان دۆلکه‌ نه‌وته‌که‌ هه‌ڵده‌گری و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆلای زۆپاکه‌ و سه‌یرێکی چوار ده‌وری خۆی ده‌کات تا بزانێ که‌س دیاره‌ ، له‌گیرفانی شقارته‌یه‌ك ده‌رده‌هێنێت و ده‌مه‌که‌ی ده‌کاته‌وه‌ سه‌یرێکی ده‌کات و هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵ ده‌داته‌وه‌ ده یخاته‌ سه‌ر زۆپاکه‌ …. دووباره‌ کۆنترۆڵی چوار ده‌وری خۆی ده‌کات و هه‌رئه‌وه‌نده‌ی بڵێی یه‌ک و دوو نه‌وته‌که‌ ده‌کات به‌ له‌شولارو جه‌سته‌ی پڕ له‌ شه‌رمیدا،به‌خێرایی ده‌ست ده‌بات بۆ شقارته‌که‌ی له‌سه‌ر زۆپاکه‌ داینابوو بۆ چرکه‌یه‌ك ده‌وستێت .
                                           نیشتیمان /
                     هه‌مووتانم خۆشده‌وێت … به‌ڵام چیبکه‌م ؟
                     تازه‌ من ده‌ره‌جه‌ی ڕه‌وشتم لێشکا من
                    قێزه‌وونم له‌لای مامۆستاکان و قووتابیه‌کانی
                    هاوڕێم … ئه‌گه‌ر باوکیشم بزانێ ئه‌وه‌ خوا
                    ده‌زانێ چی ده‌کات … هه‌مووتانم خۆشده‌وێت.
نیشتیمان ده‌نکه‌ شقارته‌که‌ داده‌گیرسێنێ له‌پڕ ئاگر کڵپه‌ ده‌کات و به‌یه‌كجار هه‌موو گیانی ده‌بێته‌ ئاگرو هاوارو قیژه‌ی لێبه‌رز ده‌بێته‌وه‌ .  
           دایکی که‌گوێی له‌هاواره‌که‌ ده‌بێت یه‌کسه‌ر به‌ره‌و نیشتیمان دێت و راده‌کات ئه‌میش هاوارده‌کات و به‌هه‌ر چوار په‌ل ده‌جوڵێ نازانێ چی بکات  به‌خۆیداده‌دات و هاوار ده‌کات ئاگره‌که‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر کڵپه‌ ده‌ستێنێت ….. له‌نێو هاواری کچ ودایك و کڵپه‌ی ئاگردا  ، به‌ته‌نها کادر وێنه‌ ده‌وه‌ستێنێت و ده‌نگی هاوارو قیژه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و چه‌ند ڕستیه‌ك له‌سه‌ر وێنه‌که‌ دێته‌ خوارێ.

         
        *ده‌با چیتر رۆحی تۆڵه‌و شه‌ره‌نگێزی کۆتایی پێ بێت و
        کڵپه‌ی جه‌سته‌ی نیشتمان ببێته‌ وانه‌یه‌کی له‌ بیرنه‌کراوه‌.

      *هۆکاری نه‌بوونی سیستمی  په‌روه‌رده‌ی هاوچه‌رخ
        فاکته‌رێکی گرنگی نوشوستی ئێمه‌یه،له‌پاڵ بواره‌کانی
        ڕامیاری و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا.
   
                                       کۆتایی .

تێبینی / بۆنووسینی ئه‌م سیناریۆیه‌ سوودم له‌ وتارێکی هاوڕێم، مامۆستا شێرزاد حه‌سه‌ن وه‌رگرتووه‌
          له‌گه‌ڵ ڕێزو خۆشه‌ویستیمدا بۆی .

rbahir@hotmail.com ‌‌
‌‌

                       

                                ‌

                          

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.